مۆلێرــمونشکین: ژیانێک بۆ شانۆ، شانۆیەک بۆ ژیان

 

دیدی من

 

دانا ڕەئووف

 

شانۆی “رۆژ” له‌ دوای نمایشکردنی هه‌ردوو شانۆنامه‌ی 1789 و 1793 تووشی ته‌نگه‌ژه‌یه‌کی دارایی، قه‌یرانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری ده‌بن. هه‌ندێک له‌ ئه‌ندام و ئه‌کته‌ره‌کانی واز له‌ شانۆی “رۆژ” دێنن و ئه‌ندامی تازه‌ دێن و ستر‌کتوری شانۆکه‌ گۆڕانکاری زۆری به‌سه‌ردا دێت.

له‌به‌رئه‌وه‌ شانۆی “رۆژ” له‌ ساڵی 1976 دا پشوویه‌کی دوو ساڵی له‌ شانۆ وه‌رده‌گرن، له‌بری ئه‌وه‌ ئاریان مونشکین ده‌که‌وێته خۆئامادەکردن و‌ وێنه‌گرتنی فیلمی (مۆلێر) و له‌ ساڵی 1977 دا ته‌واوی ده‌کات.<١٠> مۆلێر دیارده‌یه‌کی تایبه‌تمه‌نده‌ له‌ مێژووی شانۆی فه‌ڕه‌سی و جیهانیدا، له‌ هیچ سه‌رده‌مێکدا وێنه‌ی نه‌بووه‌، هه‌روه‌ها شانۆکارێکی هه‌مه‌لایه‌ن و گشتگر بووه‌، هیچ که‌سێک تاکوو ئێستا به‌و شێوه‌ سه‌راپاگیره‌ کاری له‌ شانۆدا نه‌کردووه‌. مۆلێر له‌یه‌ک کاتدا خاوه‌نی شانۆ بووه، به‌ مانا مۆدێرنه‌که‌ی ئه‌مڕۆ سه‌رۆکی تیپ بووه‌، ریژیسۆر و ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کی هه‌موو نه‌مایشه‌کانیان بووه‌، به‌ تایبه‌تی کاره‌کته‌ر و فیگوره‌ کۆمیدییه‌کان. ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌ لایه‌ک و له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌، نووسه‌ری ئه‌و شانۆنامانه‌ش بووه‌، که‌ گرووپه‌که‌ی پێشکه‌شی کردوون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ خۆی ئه‌و رۆڵ و کاره‌کته‌ره‌ کۆمیدیانه‌ی بۆ خۆی نووسیون‌.

هۆڵی شانۆی ڕۆژ

فیلمی مۆلێر ته‌نها ژیان و بیۆگرافیای شانۆنامه‌نووس و ئه‌کته‌ری فه‌ره‌نسی (مۆلێر) ناگرێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ فیلمه‌که‌ به‌رجه‌سته‌ی ژیانی ئەم هونەرمەندە هەر له‌ منداڵییه‌وه تا مردنی له‌سه‌ر شانۆ ده‌کات. به‌ڵکو له‌ دیدی خوێندنه‌وه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند و گشتگری زه‌مه‌نێکه‌وه‌، به‌رجه‌سته‌ی ژیانی مرۆڤێکمان بۆ ده‌کات، که‌ به‌ شانۆ و له‌گه‌ڵ شانۆ و له‌ پێناوی شانۆدا ژیاوه‌. هه‌روه‌ها ئاریان مونشکین  هه‌ر له‌م فیلمه‌ درێژه‌‌دا گرفته‌کانی نێوان هونه‌رمه‌ند، ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگا ده‌خاته‌ ڕوو. هاوکێشه‌ی ده‌سه‌ڵات و هونه‌رمه‌ند ده‌بێته‌ خاڵێکی وه‌رچه‌رخان له‌ پرۆسێسی فیلمه‌که‌ و له‌ ژیانی مۆلێر خۆیدا. بێگومان بەستنەوەی ئەم هاوکێشەیە بە تەنگەژە چڕەکانی دەسەڵات و پەیوەندییەکانی بە هونەرمەندانەوە لە ژیانی هونەری فەرەنسای حەفتاکاندا، وای کردووە فیلمی مۆلێر و کارەکتەری مۆلێر بێت بە هێماگەلێکی ئاشکراو لە چەقی ڕووداوەکانی ئەمڕۆماندا بجووڵێتەوە.

له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌، هه‌موو فیلمه‌که‌ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی ژیانی ئاریان مونشکین و شانۆی “‌رۆژ” و مۆلێره‌، له‌ به‌رگێکی تر و له‌ زەمەن و کۆمه‌ڵه‌گه‌یه‌کی جیاوازدا، به‌ڵام به‌ هه‌مان ئامرازه‌کانی هونه‌ر و شانۆوه‌ ده‌رده‌که‌وێته‌وه‌. ئاریان مونشکین دوای چەندین ساڵ، بەم شیوەیە باسی ئەو پرۆژەیە دەکات ( سێ سەد ئەکتەر و هونەرمەند، پێنج سەد دەمامک، هەشت سەد جل و بەرگ و داراییەکی پانزە ملیۆن فرانکی، ئەمە هەر وەک ئەوە وابوو، کە لە هۆلیود کار بکەین. فیلمەکە چوار کات ژمێر درێژ بوو، ئەکتەرەکانیش گرینگترین کاری هەرەوەزی و کۆمەڵکارییان ئەنجام دا. ئەمە بەڕاستی پرۆژەیەکی جیاواز بوو. من دەموویست فیلمێک لەسەر مۆلێر بکەم، لەبەر ئەوەی مۆلێرو گروپە شانۆییەکەی جێگای سەرنجم بوون، هەروەها مۆلێری مرۆڤ. مۆلێری ئەکتەر، نووسەر، ریژیسۆر؛ بوونێک مانای چی دەگەیەنێت، کە لەسەر شانۆو هونەر رۆنراوە، لەسەر هاورێیایەتی، یان نەبوونی هاورێ، خۆشەویستی، پارە، خۆپەرستی، دڵفراوانیی ڕاستەقینە، پێکەنین… ئەو خێزانە سەیرەی، کە شانۆ دروستی کردووە.)

بەشێک لە دیمەنەکانی فیلمەکە جۆرە کەرنەڤاڵێکە، کە بنەماکانی لە داب و نەریتە میللیەکانی چاخەکانی ناوەڕاستی ئەوروپاوە وەرگیراوە. مۆلێر لەم کەرنەڤاڵانەوە، لە ژیانێکی ئاهەنگ سازی سەرشەقام، بەزم و ڕەزمی لێبوک و ئەکتەرە گەرۆکەکانەوە، پشت دەکاتە ژیانە ئارامەکەی خۆیی و خانەوادەکەی، تێکەڵاوی گروپە شانۆییەکان دەبێت و ژیانێکی تر هەڵدەبژێرێت. گروپێکی گەرۆک دروست دەکات، بە شارو گوندو هەڕێمەکاندا دەگەڕێن، شانۆیەکی تراجیدی لە پشت خەندەو پێکەنین و کۆمیدیایەکی قووڵەوە پێشکەش دەکەن.

یەکێک لە جوانترین دیمەنەکانی ئەم فیلمەش ئەوەیە، کە گروپەکە لە دەشتێکدا، لەسەر عەرەبانەیەک نەمایشەکەیان بۆ ئەو بینەرانەی لە دەوریان کۆبوونەتەوە پێشکەش دەکەن. لەپڕ ڕەشەبایەکی توند هەڵ دەکات، پاڵ بە عەرەبانەکەوە دەنێت و بەنێو ئەو دەشت و دەرەدا پاڵی پێوە دەنێت. ئەکتەرەکان بەردەوام دەبن، نەمایشەکەیان ناوەستێنن و بینەرانیش بە دوایاندا ڕادەکەن. تا لە کۆتاییدا بینەران بەدەم قاقای پێکەنینێکی بێ وێنەدا، لەو دەشت و دەرە دەگەنەوە بە شانۆ گەڕۆکەکە.

دوایین پەناگەی شەوی کاروانەکان

مۆلێر توانی ترادیشۆنی شانۆی گه‌ل و میللیی تێکه‌ڵاوی ئه‌ده‌ب و ئه‌ده‌بی شانۆیی بکات و به‌مه‌ش یه‌که‌یه‌کی تری بۆ زمانی شانۆ خوڵقاندووه‌. له‌نێو شانۆی کلاسیکی فه‌ره‌نسیدا ته‌نها مۆلێر به‌م شێوه‌ به‌رفراوانه‌، به‌ دیدی جیاواز و خوێندنه‌وه‌ی نوێ و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو. ته‌نها مۆلێر به‌رگه‌ی گۆڕانکاری و هه‌موو ته‌وژمه‌کانی گرتووه‌، هه‌ر له‌ رۆمانتیک، ریالیزم، ناتورالیزم و تا ده‌گاته‌ سوریالیزم و ئه‌بسوردیزم، به‌ زیندوویی ماوه‌ته‌وه‌ و شانۆنامه‌کانی له‌نێو ئه‌و ته‌وژمانه‌دا جێگاو رێگای خۆیان کردووه‌ته‌وه.‌  ئه‌مڕۆش گرووپه‌ گه‌وره‌کانی دونیا، ریژیسۆره‌ به‌رزه‌کانی جیهان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ل مۆلێر ده‌که‌ن. مۆلێر بووه‌ته‌ سه‌ما، شانۆیه‌کی فیزیکی و پۆستمۆدێرنیزمیش.

ئاریان مونشکین پێناسه‌ی هونه‌ری خۆی له‌ مۆلێرو هەوڵەکانی ئەو بۆ دروست کردنی شانۆیەکی میللیی و گەشتە هونەرییەکانی، هەروەها ئەو ژیانە کۆلێکتیڤەی، کە لەگەڵ ئەکتەرەکانی هەیەتی، دەدۆزێتەوە.

گەشتێک بە جیهانی شه‌کسپیردا

شانۆی “رۆژ” دوای چوارده‌ ساڵ له‌ کاری هه‌ره‌وه‌زی و پرۆژه‌ی راگوزاری و خوڵقانی نه‌مایشی گه‌وره‌ی ئه‌فسوناوی، له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌کانی دەق و شانۆنامه‌ی نووسراوه‌وه‌، پێ ده‌نێته‌ قۆناخێکی نوێی کارکردنه‌وه‌. ئاریان مونشکین له‌ هه‌شتاکاندا، به‌ پێچه‌وانه‌ی کاره‌ راگوزه‌رییه‌کانییه‌وه‌، رووده‌کاته‌ شه‌کسپیر و پرۆژه‌یه‌کی گه‌وره‌ به‌ ناوی (گه‌شتێک به‌ جیهانی شه‌کسپیردا) پێشکه‌ش ده‌کات.

ئه‌م پرۆسه‌یه‌ چه‌ندین ساڵ ده‌خایه‌نێت، کۆمه‌ڵێ شانۆنامه‌ مێژوویی و کۆمێدییەکانی شەکسپیر له‌خۆده‌گرێت، بۆ نموونه‌: ریچاردی دووه‌م، شه‌وی سیازده‌یه‌م، هێنریکی چواره‌م (دوو به‌ش) و هێنریکی پێنجه‌م.

ئاریان مونشکین هه‌ر خۆی، بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ و سه‌رله‌نوێ، به‌ش به‌ به‌ش شانۆنامه‌کانی شه‌کسپیر له‌ ئینگلیزییه‌وه‌ وه‌رده‌گێڕێته‌وه‌ سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی، به‌م شێوه‌یه‌ وه‌رگێڕان و زمانه‌ به‌کارهێنراوه‌که‌ی له‌گه‌ڵ نواندن و وێنه‌ شانۆییه‌کانیدا ده‌گونجێنێت.<١١>

ئاریان مونشکین لە ساڵی ١٩٨١دا سەبارەت بە پرۆژە شەکسپیرییەکەیان ووتویەتی(ئێمە دەمانەوێت، وەک قوتابی و شاگرد بچینە وەرشەی مامۆستاکەمانەوە، تا ئەو ئامرازانەی کە پێویستمانە، بە دەستییان بهێنین بۆ ئەوەی چیرۆکەکانی ئەمڕۆمانی پێ بگێرینەوە.)

ئاریان مونشکین له‌ دوو مانگی یه‌که‌می سه‌ره‌تای ئه‌م کاره‌دا و به‌ هاوکاری شانۆی “رۆژ” شه‌و و رۆژ له‌سه‌ر دوو ئاست و به‌ دوو ئاراسته‌ی جیاواز کاریان کردووه‌، له‌لایه‌که‌وه‌ مه‌شقێکی کرده‌یی و توێژینه‌وه‌ی ئاساییان له‌سه‌ر دیمه‌نه‌کانی ئه‌م شانۆنامانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌ کردووه،‌ که‌ تازه‌ و بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ شانۆی “رۆژ”ه‌وه‌ کردووه‌، له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ گه‌ڕاون به‌دوای ستایل و شێواز و فۆرمێکی تایبه‌ت به‌ خۆیان، به‌ تایبه‌تی له‌ رێگای چه‌ندین مه‌شقی چڕی راگوزارییه‌وه‌، بۆ خوێندنه‌وه‌ و به‌رجه‌سته‌کردنی شه‌کسپیره‌که‌یان.

مۆلێر

مەشقە چڕ و گرانەکانی شانۆیەکی ڕاگوزاری هەمیشە سەرەتایەکی گرینگی هەموو پرۆژەکانیانە؛ وێنەیەک، ڕەوشێک، بیرۆکەیەک، کە لە خودی دیدی کارەکەوە وەردەگیرێت، دەبێتە بنەمایەک بۆ ئاریان مونشکین. لەم ڕووەوە ئەکتەرەکانی شانۆی “رۆژ” چەندین جار دووپاتی ئەوەیان کردۆتەوە، کە ئاریان مونشکین لە کاتی مەشقە ڕاگوزارییەکانیاندا بە توانایەکی ئەفسووناوییەوە گوێیان لێ دەگرێت، سەیریان دەکات، تێیان دەگات، کاریان لەگەڵ دەکات و زەمینەیەکی دەوڵەمەند و پڕ لە حەزی بەردەوامی و ئەفراندنییان بۆ دەخوڵقێنێت.

ئاریان مونشکین دوای چەند مانگێگی چڕی گەڕان بە دوای ستایل و فۆرمێکدا بۆ پرۆژە شەکسپیرییەکەیان، دەگاتە ئەو بەرئەنجامەی ، کە ته‌کنیکی شانۆی کۆنی رۆژهه‌ڵات و مۆدێرنی ئه‌وروپا تێکه‌ڵاو بکات‌: ریچاردی دووه‌م به‌ چاکه‌ت و پانتۆڵه‌وه‌ ده‌رکه‌وتووه‌، به‌ڵام خودی شانۆ و ته‌کنیک و کاره‌ هونه‌رییه‌کان، وه‌ک دیدێکی ریژی له‌ شێوازه‌کانی (نو) شانۆی کلاسیکی کۆنی ژاپۆنی، فۆرمه‌کانی شانۆی ئاسیای ناوه‌راست و شانۆی هیندییه‌وه‌ وه‌رگیراون. بۆ نموونە جەنگاوەرو ئەسپ سوارەکانی چاخەکانی ناوەراستی بەریتانیا ناهێنێتە سەر شانۆ، بەڵکو لەبری ئەوە جەنگاوەرە ژاپۆنییەکان (سامۆرای) دەبنە پاڵەوان و فیگورەکانی شەکسپیر. لەم رووەوە ئینگلتەرای سەردەمی ڕێنسانس-ی لە فۆرمەکانی شانۆی رۆژهەڵات، نو و کابووکی دا تێکەڵاو کردووە.   ئاریان مونشکین دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، کە ئەو کلتوورانەی ترادیشونە شانۆییەکانی خۆیان پاراستووە، بەتایبەتی بە گەرانەوە بۆ بەکارهێنانی دەمامک، زمانی جەستە و ئاماژەکان، شانۆی ژاپۆنی، هیندی، چینی و بالی-یە. لەم شانۆیانەدا ژیانی ئەسپ سوارەکان، کۆمڵگای فیودالیزم، بەهەموو وردەکارییەکانییەوە بەرجەستە دەکرێت. ئەمەش لەگەڵ پرۆژە شەکسپیرییەکەی ئاریان مونشکین یەکی گرتۆتەوە، بە تێکەڵاوکردنیشی لەگەڵ چەمک و تەکنیکەکانی شانۆی ئەوروپی، شەکسپیرێکی تایبەتمەند، کە سەر بە هەموو مرۆڤایەتی، گەردوونی بێت، پێشکەش دەکات.

ریچاردی دووەم و فۆرمێکی ژاپۆنی

شەکسپیر لە ریچاردی دووەم دا، بە شێوەیەکی توندوتیژ باسی پۆلیتیک، دەسەڵات و گەمەی دەسەڵات دەکات. لەلای ئاریان مونشکین-یش دەبێتە جۆرە “سامۆرا”یەکی توڕە، شێتگیر و کەللە ڕەقی فیلمەکانی کۆرۆساوا، ئەم فۆرمەش چەمکێکی ئەزەلی و لەهەمان کاتدا بەرگێکی ئەفسونی بەم فیگورە شەکسپیرییە دەبەخشێت.

ئاریان مونشکین پانتاییەکی فراوانی بۆش بۆ بەرجەستەکردنی ئەم ریچاردە ژاپۆنییە بەکاردەهێنێت، هەر لەم دەروازە بۆشەشەوە دیدە شانۆییەکەی بۆ ئەو خوێندنەوەیە بەرجەستە دەکات. ئاریان مونشکین لەلای ڕاستی شانۆکەوە دوو رارەوی درێژی دروست کردووە؛ لەم رارەوانەوە ئەکتەرەکان دێنە سەر شانۆ، زۆرجار بە گروپی گەورە، وەکوو کۆمەڵە ئەسپ سوارێک، پۆڵە جەنگاوەرێک کە بۆ شەڕ ئامادەن دێنە سەر شانۆ، دوای ئەوە لەسەر پانتاییە بۆشەکە بڵاودەبنەوە، روودەکەنە بینەران و نەمایشەکەیان دەست پێ دەکات.

ئاریان مەنشکین بەشێوەیەکی زۆر دیاری کراو دیکۆر و کەرەستەکانی تری بەکارهێناوە، جەستەی ئەکتەر، وزەی نواندن و دەنگی تەپڵ و مۆسیقا یەکەیەکی گرینگی نەمایشەکەن. هەموو سینۆگرافیاکەش بریتیە لە فەرشێکی ئاوریشمی گەورە، کە وەک فۆندێک بەرامبەر بە بینەران بە قووڵایی شانۆکەدا هەڵواسراوە. لە پشت ئەم فەرشە ئاوریشمییەوە، چەندین فەرشی تر بەسەر یەکتریدا هەڵواسراون، بە درێژایی نەمایشەکە، بە پێی ڕەوشە درامییەکە و گۆرانی دیمەنەکان، ئەو فەرشانەش یەک لەدوای یەک دەکەونە خوارەوە. بەم شێوەیەش ڕەنگ و شێوازی ئەو فۆندانە دەگۆردرێن، هەر فۆندێکیش هێمای خۆی هەڵگرتوە و گوزارشت لە کات و شوێنی جیاوازی خۆی دەکات.

ئاریان موشکین

فۆرمە توندو رێسا جێگیر و دیاری کراوەکانی تەکنیکی ئەکتەر لە شانۆی رۆژهەڵاتدا، چوارچێوە و سترکتورێکی چر و بە پلان دەبەخشێت بە ئەکتەرەکان و ناچاریان دەکات لەو سنورەدا، بە ئاگاییەکی بێ هاوتاو بە دیقەتێکی قووڵ و بە هەستێکی بەرزی نواندنەوە بجوڵێنەوە و مامەڵە لەگەڵ رۆڵەکانیان بکەن. ئەکتەرەکانی ئاریان مونشکین، لە ریچاردی دووەمدا ئەو فۆرمەی شانۆی رۆژهەڵات بەکاردەهێنن، بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی رەهای خۆیان وەک ئەکتەر، لەناو ترادیشونە ئەوروپییەکەی خۆیاندا لەدەست بدەن.  

جووڵه‌ی سه‌مائامێزی ئه‌کته‌ره‌کان زیاتر چووه‌ته‌وه‌ سه‌ر سه‌مای په‌رستگا و سه‌ماکانی دوورگه‌ی بالی، جلوبه‌رگه‌کانیشان له‌ زۆر رووه‌وه‌ له‌ جلوبه‌رگی ترادیشونی وڵاتی تایلانده‌وه‌ وه‌رگرتووه‌.

له‌ شانۆنامه‌کانی تردا هه‌موو جیهانه‌ شه‌کسپیرییه‌که‌یان له‌ دنیای کاره‌کته‌ری لیبووکه‌کاندا به‌رجه‌سته‌ کردووه‌، تەکنیک و چه‌مکی لێبووک بووه‌ته‌ ناوه‌ند، له‌ بیرۆکه‌ی کاره‌کته‌ری لێبووکه‌وه‌ نه‌مایشه‌که‌یان رۆناوه‌. ئه‌وه‌ش به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و سوود وه‌رگرتن له‌ ته‌کنیک و شانۆی کۆمیدیای دیلارتی، ته‌کنیکی چه‌مک و شێوازه‌کانی لیبووکی مۆدێرن. ئەم تێکەڵاوکردنەش لە نێوان تەکنیکی کۆمیدیای دیلارتی و فۆرمی لێبووکەکانی شانۆی مۆدێرنی ئەوروپیدا، بارودۆخێکی تر، تەکنیکێکی جاوازتر و دیدێکی هەمەلایەنە لە پرۆسە شەکسپیرییەکەدا دەخوڵقێنێت. ئاریان مونشکین بەم تێکەلاوکردنە، وێنەیەکی مۆدێرنی سەردەمیانە بە مۆدێل و ستایلە شانۆییەکەی سەردەمی ئێلیزابێس دەبەخشێت.  به‌م شێوه‌یه‌ش شه‌کسپیر له‌ هه‌ردوو ڕووی ناوه‌رۆک و ته‌کنیک و فۆرمه‌وه،‌ له‌ دیدێکی فره‌ کولتوورییه‌وه نزیک دەکاتەوە و لە هەموو جیهانیشدا دەروازەیەکی نوێ بۆ خوێندنەوەکانی شەکسپیر دەکەنەوە. ئاریان مونشکین لەم پڕۆژانەدا بە دوای ئاماژە و جوڵەی دەرەکی وادا گەڕاوە، کە بتوانێت گوزارشت لە هەست و سۆزەکانی ناوەوە بکات.

ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرینگه‌ ئاماژه‌ی بۆ بکرێت ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئاریان مونشکین له‌م پرۆژه‌ مه‌زنه‌ شه‌کسپیرییه‌دا چه‌نده‌ شێواز و فۆرمه‌ میللیی و خۆرهه‌ڵاتییه‌کانی چین و ژاپۆنی به‌کارهێناوه‌، هێنده‌ش له‌ رۆحی ئه‌نتۆنین ئارتۆ و شانۆی توندوتیژ نزیک بۆته‌وه‌، میتۆده‌ گرانه‌کەی به‌کارهێناوه، هێز و وزەیەکی تری نوێشیان لە نێو چەمکەکانی شانۆی ڕۆژهەڵاتەوە بە ئارتۆ بەخشیووە.‌<١٢>

ئاریان مونشکین له‌ نزیکه‌وه‌، به‌ چه‌شنی مایرهۆڵد، گۆردن گریک و برێشت له‌ شانۆی کۆنی ئاسیا و رۆژهه‌ڵاتی کۆڵیوه‌ته‌وه‌، ئه‌م شانۆ دێرینانه‌ش له‌ هه‌موو پرۆژه‌کانیدا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه‌. گه‌شته‌که‌ی شه‌کسپیریش دووپاتکردنه‌وه‌ و قووڵبوونه‌وه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بووه‌ به‌ جیهانگه‌ری شانۆی رۆژهه‌ڵاتدا. <١٣>

هه‌ر له‌م رووه‌وه ده‌توانین دووپاتی ئه‌وه‌ بکه‌ینه‌وه‌، که‌‌ ئاریان مونشکین له‌گه‌ڵ هه‌موو نه‌مایشێکی نوێدا، هونه‌ری شانۆ و ریژی و نواندنی نوێکردۆته‌وه‌، به‌ هه‌موو نه‌مایشێکی شانۆیه‌کی نوێ و مۆدێرنی خوڵقاندووه‌.

پەراوێزەکان

١٠-ئاریان مونشکین له‌ یه‌کێک له‌ چاوپێکه‌وتنه‌کانیدا ده‌ڵێت (من فیلمی مۆلێرم نووسیوه‌ و هه‌ر خۆشم ده‌رمهێناوه‌، به‌ڵام زیاد له‌ دوو سه‌د که‌س ئه‌و فیلمه‌یان دروست کردووه‌.)

١١-شانۆنامه‌ی (شه‌وی سیازد‌ه‌یه‌م) بۆ یه‌که‌مجار له‌ ساڵی 1982  له‌ فێستیڤاڵی ئه‌فینیۆن نه‌مایش ده‌کرێت، دوای ئه‌وه‌ له‌ پاریس له‌گه‌ڵ ریچاردی دووه‌م تا هاوینی ساڵی 1983 به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌هه‌مانکاتدا خه‌ریکی پرۆڤه‌ی هێنریکی چواره‌م و هێنریکی پێنجه‌م ده‌بن.

١٢-شانۆی رۆژ له‌ ساڵی 1984 به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی بیست ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی ئه‌م شانۆیه‌دا، سه‌رله‌نوێ، به‌ شێوه‌یه‌کی ته‌واوه‌تی و گشتگر هه‌موو شانۆنامه‌کانی پڕۆژه‌ شه‌کسپیرییه‌که‌یان له‌ پاریس و له‌ فیستیڤاڵی ئه‌ڤینیۆندا پێشکه‌ش کردووه‌ته‌وه‌.

١٣-له‌ شه‌سته‌کاندا گروپێکی ئۆپێرای په‌کین له‌ چین _ ه‌وه‌ سه‌ردانی پاریس ده‌که‌ن، ئه‌م سه‌ردانه‌ دید و بیروبۆچوونه‌کانی ئاریان مونشکین سه‌باره‌ت به‌ شانۆ، به‌ شێوه‌یه‌کی بنه‌ره‌تی ده‌گۆڕن. ساڵێک دوای ئه‌م نه‌مایشه‌ ئاریان مونشکین سه‌ردانێکی یه‌ک ساڵی بۆ وڵاتانی ئاسیا و ئاسیای ناوه‌ڕاست:  هیندستان، ژاپۆن، که‌مبۆدیا و ڤێتنام … هتد ده‌کات و هه‌ر دوای ئه‌م گه‌شته‌ش شانۆی رۆژ داده‌مه‌زرێنێت.