گفتوگۆی مەریوان هەڵەبجەیی لەگەڵ بی تا مەلەکوتی، بەشی دووەم

دیدی من

مای نەیم ئز لەیلا، یەکەم ڕۆمانی شاعیر و نووسەری فارس بی تا مەلەکوتییە، کە مەریوان هەڵەبجەیی لە زمانی فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی و لە بڵاوکراوەکانی بیستەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژە.

لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا، خوێنەر هەست بە جۆرێک لە ژنانەنووسین دەکات و جوانییەکی تایبەت دەبینێت، کە دوورە لە توندوتیژی و لە کەمترین جێگەی ڕۆمانەکدا دەبینرێت کەسێتییەکان تووشی هەڵچوون یان ڕەفتاری توندوتیژ بن، بەرنامەیەکی تایبەتت بۆ بەدیهێنانی کەشێکی وا هەبوو، یان بە شێوەی نائاگا و لە نەستەوە ئەو کەشە بەرهەم هات؟

وەک فروغ فەڕوخزاد دەڵێت، ”خۆشبەختانە من ژنم”، بێگومان ئەمەش پەیوەندی لەگەڵ نووسینمدا دروست دەکات. وەک ئەوە دەبێت کە ڕەنگی چاوەکانم قاوەییە یان ڕەنگی قژم. باشە، من ژنێکم و سروشیتیشە کە ئەو وشانەی هەڵی دەبژێرم ڕەنگە لە ژنانەبوونی منەوە بن، بەڵام بەرنامەی پێشوەختم نەبووە، بۆ نموونە کەسێتییەکان توندوتیژ بن یان نا، یان زۆر هەڵبچن یان نا، ئەمانە لە ڕەوتی ڕۆمانەکەدا دروست بوون.

یەکێک لە تایبەتمەندییە زۆر باشەکانی ڕۆمانی مای نەیم ئیز لەیلا، زمانە، سەراپا زمانێکی موزیکی، لەگەڵ وشەگەلیک کە لە جێگەی گونجاوی خۆیاندا بەکار هێنراون، ڕیتمێکی تایبەت لە ڕستە و واتاکاندا بەرچاو دەکەوێت. هەموو ئەمانە لە پەنای یەکدا پەخشانێکی جوان و شاعیرانەیان پێک هێناوە، خوێنەر ناچار دەکات هاوڕێی بێت و لەگەڵ یەک بە یەکی کەسێتییەکاندا بژی. پێت وایە هۆکاری سەرکەوتنی ئاستی زمان دەگەڕێتەوە بۆ شاعیری و ئارەزوومەندیت بۆ ئەدەبییاتی کلاسیک، یان هەستیاریی زۆرت لە پەیوەندی لەگەڵ زمان و دیالۆگنووسین لە شانۆ و پێشینەی شانۆیی و ڕەخنەگریت لەو بوارەدا؟  

پێم وایە هۆکارێکی ئەمە بێت من هەمیشە دەربارەى زمان ئەو وشانەی هەڵیان دەبژێرم زۆر هەستیار بووم. ڕیتمی ڕستەکان زۆر بۆم گرنگ بوون، هەروەها کورتییان. دەربارەى فۆڕم زۆر ڕاڕا بووم. هەر لە بنەمادا فۆڕمالیست بووم و دواتر هێدی‌هێدی خۆم چاک کرد. من لە ڕۆمانی مای نەیم ئیز لەیلادا هەوڵم دا لە فۆڕمالیستبوون دوور بکەومەوە، بەڵام هەمیشە بەرانبەر زمانی ڕۆمانەکە ڕاڕا بووم؛ هۆکارێکی تریش ئەوە بوو من هەمیشە عاشقی شیعر بووم، بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ شیعردا گەورە بووم، هەم شیعری کلاسیک، هەم شیعری نوێ. شعر هەمیشە کتێبی پیرۆزی من بووە. من پێش ئەوەی بە شیوەیەکی جدی دەست بکەم بە نووسینی کورتەچیرۆک، شیعرم دەنووسی. لەبارەی دیالۆگنووسینیشەوە، هۆکارەکەی زیاتر لەبەر ئەوەیە، کە زۆر حەزم لە دیالۆگی پینگ پۆنگی و کورت و خێرا و زۆرلێدەر هەیە، چەشنی ئەو دیالۆگانەی لە کورتەچیرۆکەکانی هەمینگوایدا هەیە، دیالۆگی شانۆنامەنووسە گەورەکانی وەک چیخۆفیش. پێم وایە کاریگەریم لەوانە وەرگرتووە، چونکە زۆر ئەوانم خوێندووەتەوە.

کاتێک دەستت بە نووسینی ڕۆمانەکەت کرد، تەنیا بیرۆکەیەکت لە زەیندا بوو و دواتر ڕووداوەکانی تر هاتنە ناو ڕۆمانەکەوە، یان لە سەرەتاوە و پێش دەستپێکردنی ڕۆمانەکە هەموو ڕووداوەکانت لە زەیندا بوون، پاشتر نووسیت؟
من ساڵی ٢٠٠٦دا دەستم کرد بە نووسینی ڕۆمانەکە، هەر ئەو ساڵەی کۆچم کردبوو هاتبووم بۆ ئەمەریکا، ساڵی ٢٠٠٧ تەواوم کرد و خستمە لاوە. ساڵی ٢٠١٠ سەرلەنوێ چوومەوە سەروەختی، لەبەر ئەوەی دەمویست زۆر باش لە زەینمدا جێگیر ببێت. دەمویست ماوەیەک لێی دوور بم  و دواتر بڕۆمەوە و کاری لەسەر بکەم، تا بتوانم باش پاکنووسی بکەم. بڕیاڕ بوو ساڵی ٢٠١٠ دەزگای باران لە سوید چاپی بکات. زۆر مەیلی لە چاپدانی پیشان دابوو، بەڵام بێبەڵێنییان کرد و منیش لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٢دا ئەم کتێبەم دا بە خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی ناکوجا لە پاریس، ئەوانیش هەمان ساڵی ٢٠١٢ چاپیان کرد. سەرەتا کەسێتییەکانم نووسیبوو، واتە لەیلا، یوسف، ناسڕ و تانیام نووسیبوون، تەنانەت سەرەتا زۆربەی کەسێتییە لاوەکییەکانیشم لە زەیندا بوو. گرێچنی سەرەکیی ڕۆمانەکەشم نووسیبوو، تەنانەت پێش ئەوەش دەست بە نووسینی بەشی یەکەم بکەم. بەڵام هەندێک لە چیرۆکە لاوەکییەکان لە پڕۆسەی نووسینی ڕۆمانەکەدا دروست بوون، هەروەها بڕیارم دا کۆتایی یەکێک لە گێڕانەوەکانیش لە پڕۆسەی نووسینی ڕۆمانەکدا بگۆڕم.

چۆن بوو ئەم فۆڕمەت بۆ ڕۆمانەکەت هەڵبژارد، حەڤدە بەشی کورت و سەربەخۆ بە تەکنیکێکی زۆر جوان و تایبەت و سێ کەسێتییەوە، کە بەردەوام گۆڕانیان بەسەردا دێت و هەر یەکەیان بەشێکی ڕۆمانەکە دەگێڕنەوە، جوانیی ئەم چەشنە لە تەکنیک و گێڕانەوە لە چیدا دەبینیتەوە؟

لەبەر ئەوەی پێش نووسینی ئەم ڕۆمانە کورتەچیرۆکم نووسیبوو، هەروەها دوو کۆچیرۆکم بڵاو کردبوونەوە، لە سەرەتاوە دەمویست هەر بەشێک لە ڕۆمانەکە هێندەی کورتەچیرۆکێک شوناسی سەربەخۆی هەبێت، بە جۆرێک بتوانرێت بۆ نموونە ڕۆمانەکە لە کۆتاییەوە یان لە ناوەڕاستیەوە بخوێنیتەوە. بکرێت بەشەکان جێگۆڕکێ پێ بکرێت، پاشوپێش بخرێن و بخوێنرێنەوە. بۆ نموونە، سەرەتا بەشی شەش بخوێنیتەوە، دواتر بەشی دە، پاشان بەشی دوازدە و دوای ئەوە بێیت بەشی یەک بخوێنیتەوە. ڕاستییەکەى هەر بە ئەنقەستیش ڕۆمانەکەم لە کۆتاییەکەوە نووسی، هەر لە سەرەتاشەوە بیرم لەوە کردەوە کە سێ گێڕەرەوەم هەیە، بە سێ دەنگی تەواو جیاواز، زۆریش کارم لەسەر جیاوازیی دەنگ و شێوازی قسەکردنی هەرسێ گێڕەرەوەکە کرد، لەم ڕووەوە هەوڵ و کۆششی زۆرم کرد، پێشم وایە لانیکەم هەوڵ و کۆششێکی شکستخواردوو نەبووە.

 

لە گفتوگۆیەکدا گوتبووت، دەمویست بۆ یەکەم جار بێ هیچ ترس و دڵەڕاوکێیەکی سانسۆرکردنی کتێبەکەم، کتێبێک بنووسم، بەو جۆرەی کە هەیە و بێ هیچ کەموکووڕییەک چاپ بێت، دەکرێت بڵێین یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە بێ سانسۆر نووسراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەست بەوە دەکرێت خودسانسۆرییەک لە ناختدا هەبووە، لە زۆر جێگەدا کەشی گونجاو بۆ بەدیهێنانی دیمەنی ئیرۆتیکیی گونجاو و کاریگەر و بەجێ بەرچاو دەکەوێت، کە بە خێرایی بە لایاندا تێپەڕیویت، بۆ نموونە قۆناغی مێردمنداڵیی ناسڕ لە ئێران و ئەو هەموو پەیوەندییە زۆرەی لەگەڵ کچاندا، پەیوەندیی جۆناتان و لەیلا، ناسڕ و لەیلا، تانیا و بۆن، یوسف و لەیلاپێت وا نییە هۆی ئەم خودسانسۆرییە زۆرە دەگەڕێتەوە بۆ سیودوو ساڵ ژیان لە ناو کلتوورێکی زۆر ئایینی و سانسۆری زۆر لە ئاستە جۆراوجۆر و جیاوازە کۆمەڵایەتی و خێزانی و پەروەردەییەکاندا، کە بووەتە هۆی ئەوەی لە دەرەوەی وڵات و لە ناو کلتوور و ژینگەیەکی تەواو ئازاد و بێ هێج سانسۆرێکدا ناتوانیت لەو ڕابردووە ڕزگار بیت؟ ڕەنگە ئەم پرسە لە ڕۆمانی دووەمیشتدا دووبارە بێتەوە، یان هەوڵ دەدەیت لێی دەرباز بیت، وەک ئەو نووسەرە بە ڕەگەز هیندی و ژاپۆنی و پاکستانییانەی کە چەندین ساڵە جیهانی سێیەمیان بەجێ هێشتووە و چوونەتە ڕۆژئاوا و تەواو بێ سانسۆر دەنووسن، بنووسیت؟

ئەم ڕۆمانە یەکەم بەرهەمی منە کە بێ بیرکردنەوە لە سانسۆر و سانسۆرچی و چاودێری نووسیومە، یەکەم کۆششمە بۆ ئەوەی خۆم لە دەست خودسانسۆری ڕزگار بکەم، بەڵام دەبێت دانی پێدا بنێم خودسانسۆری لەم قسانە ڕەگوڕیشەدارترە، بۆ منێک کە سیودوو ساڵ لە ئێراندا ژیاوم، لەگەڵ ئەو تابۆ و هێڵە سوورانەدا گەورە بووم. دیارە لەو بەرهەمانەشدا کە لە ئێران چاپم کردوون، لە زۆر جێگەدا بە شێوەیەک هێڵە سوورەکانم تێپەڕاندووە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کاتێک دەقێک دەنووسم هەمیشە بیر لەو ساتە دەکەمەوە، کە بۆ نموونە دایکوباوکم خەریکن دەیخوێننەوە، یان ڕەنگە هێشتاش کە هێشتایە تووشی خودسانسۆری بووم وهەم، بەڵام لەپەنای ئەوەشدا مەشق دەکەم بۆ ئەوەی خۆم لە دەست خودسانسۆری ڕزگار بکەم. دەبێت ئەوەش بڵێم من بە ئەنقەست دەمویست هەندێک لەو ڕووداوانە باس نەکەم و بیانهێڵمەوە بۆ خەیاڵ و زەینی خوێنەر، بە مەبەستەوە نەمدەویست بینووسم و باسی وردەکارییەکان بکەم.

چەندە هاوڕای ئەوەی کە تێمایەکی فیمینیستی بەسەر کەشی گشتی ڕۆمانەکەدا زاڵە؟ لە زۆر جێگەدا نەتتوانیوە یان نەتویستووە بێلایەن بیت، دەکرێت بڵێین تا ڕادەیەک زۆربەی پیاوەکانی ڕۆمانەکە باش نین و ژنان بە پێچەوانەی پیاوانەوە وەفادارن، ئەوە پیاوانن بێوەفان، پیاوان ژەنەکان بەجێ دەهێڵن، ئەوە ژنانن زەحمەتکێش و بەوەفا و پۆزەتیڤن، بۆ نموونە یوسف، کە نووسەری ڕۆمانەکەیە، لەیلا تەنیا وەک بابەتێک بۆ نووسینی ڕۆمانەکەی سەیر دەکات و دواتر لەیلا و تانیا بەجێ دەهێڵێت و دەڕوات، جۆناتان عاشقی لەیلا نییە و تەنیا بۆ چەند شەوێک لەگەڵ لەیلا دەبێت و کچێنیی لێ دەستێنێت و دەڕوات، بۆن هەمان کار لەگەڵ تانیادا دەکات و دەڕوات. سەدری لەیلای تەنیا بۆ منداڵ دەوێت، ناسڕ خیانەت لە لەیلا دەکات، فواد پەیوەندیی لەگەڵ ژناندا تەنیا بۆ ناو پێخەف و چێژی سێکسییە و بەس، کریس تەنیا سەگەکەی بۆ گرنگە و دایکی و هەموو ژنانی دەوروبەری لەبەرچاو ناگرێتبەڵام لە هیچ جێگایەکدا نابینین ژنەکان خیانەت بکەن و بە ژیانی خێزانییەوە پەیوەست نەبن و هاوسەرەکانیان بەجێ بهێڵن، بۆچی؟

ڕاستییەکەی ئەوەیە من هێندە شتەکان بە ڕەش و سپی، یان باش و خراپ نابینم، بەو جۆرەی کە ژن و پیاوەکان و بەتایبەتییش بەو چەشنەی تۆ سەیری پیاوەکانی ناو ڕۆمانەکە دەکەیت. ڕەنگە ڕەشترین و تاریکترین کەسێتیی ڕۆمانەکە دایکی لەیلا، واتە خانم بێت. هیچ کام لە پیاوەکانی ناو ڕۆمانەکە کەسی خراپ نین، هەر یەکەیان پیاوانێکن بە باشە و خراپەکانیانەوە. لەگەڵ هەوراز و نشێوەکانی ژیانی مرۆڤێکەوە لە سەرووی ژن و پیاوەوە. لەیلاش مرۆڤێکی کامڵ نییە، چاکە و خراپەی خۆی هەیە. لەیلاش لە کاتێکدا کە هێشتا هاوسەری ناسڕە، عاشقی یوسف دەبێت. بە ڕای من ئاشقبوون بە هیچ شێوەیەک خیانەتکردن نییە. هەر لەبەر ئەمەش ناسڕیش خیانەتکار نییە، چونکە ناسڕیش عاشقی دانیللا دەبێت و یوسفیش بە هیچ شێوەیەک مرۆڤێکی ڕەش و تاریک نییە، مرۆڤێکە دەبێتە هۆی پشکووتن و گەشانەوەی لەیلا و هانی دەدات بڕوات بۆ فێربوونی گۆرانی. ڕاستییەکەى ئەوە یوسفە کە پەڕجووی دەنگی لەیلا دەدۆزێتەوە، بەجێی دەهێڵێت، تا لەیلا بتوانێت خۆی بدۆزێتەوە. کەسێتییە لاوەکییەکانیش بەهەمان شێوە و بەو ڕادەیە نە زۆر ڕەشن نە زۆر سپی، نە زۆر باشن نە زۆر خراپ، فواد بەدوای ژنانەوەیە، بەڵام مرۆڤێکە کاتێک ڕووداوی ١١ی سێپتەمبەر ڕوو دەدات، هێندەی لا قورسە، خۆی فڕێ دەداتە ڕووباری هادسن و دەخنکێت. دواجار من بەو جۆرەی کە تۆ ئاماژەت پێ کرد، سەیری ئەم کەسێتییانە ناکەم.

کلیک لە وێنەکە بکە بۆ خوێندنەوەی بابەتی زیاتری نووسەر:


Mariwan