November 23, 2017

DidiMn Logo

كەيهان کەلهووڕ بۆ جارى پێنجەم پاڵێوراوە بۆ خەڵاتى گرامى

لە لایەن دیدی من 11 months لەمەوبەر

ديدى منروزنامێيێ شەرق

لە فارسييەوە: سەليم جەمال

ئەمە چەندين جارە كە ناوى كەيهان كەلهووڕ، موزيسيان و كەمانچەژەنى ناودارى كورد، لە نێوان پاڵێوراوانى خەڵاتى گرامى دەدرەوشێتەوە، ئەويش بە هۆى ناوازەترين موزيكە جيهانييەكان. هەروەها لە ڕابردوودا كەيهان كەلهووڕ چوار جار پاڵێوراو بووە بۆ ئەو خەڵاتە بڕواپێكراوە، بەڵام ئەم جارەيان بە ناونيشانى ژەنيارى تيمى موزيكى ڕێگەى ئاوريشم لە دوو بەشەکانی موزيكى جيهانى و موزيكى فيلم، بۆ ئەو خەڵاتە پاڵێوراوە. ئەو ساڵانێكە كەمانچەژەنى تيمى موزيكى ڕێگەى ئاوريشمە، بە ڕابەرايەتیى يويوما، ژەنيارى بەتواناى ئامێرى چەلۆ.

لە هەمان كاتدا ئەلبوومى نوێى تيمى موزيكى ڕێگەى ئاوريشم، بە ناوى بەرەو ماڵەوە بانگم بكە، لە نێوان كانديدانى بەشى باشترين موزيكى جيهانی جێگير كراوە. ئەو ئەلبوومە سەركەوتووترين ئەلبوومى ساڵى ٢٠١٦ بوو، لە ستايلى موزيكى تايبەت بە خۆيدا. لە ماوەى ڕابردووشدا توانيبووى پلەى يەكەمى موزيكى كلاسيكى بيلبۆرد بەدەست بهێنێت. ئەلبوومى بەرەو ماڵەوە بانگم بكە لە سیازدە تراک پێك هاتووە، كارى تۆماركردنى ئەو ئەلبوومە موزيكييە لە لايەن كۆمپانياى سۆنى كلاسيكاڵ ئەنجام دراوە. خاڵى ئەرێنىی ئەو ئەلبومە بوونى چەند موزيسيانێكى جيهانیيە، وەک تومانى دياباتێ، ژەنيارى ئامێرى كورا، شوجاعەت حسێنى خان، ژەنيارى سێتار، ديما ئۆرشۆو، گۆرانيبێژى وڵاتى سووريا.

ناوى پاڵێوراوانى ديكەى خەڵاتى گرامى بۆ بەشى باشترين ئەلبوومى موزيكى جيهاني، بەم شێوەيەيە: ئەلبوومى چارەنووس بەرهەمى ژنانى سكۆتلەندى، هەنگاونان لەسەر شوێنپێى باوكانمان بەرهەمى لەيدى سميت، سەرزەمينى ئاڵتوون بەرهەمى ئانوشكا شانكار و ئەلبوومى ماچ بەرهەمى كايتانۆ وێلسۆ و گيلبێرتۆ گيل.

مەڕاسيمى پەنجاونۆيەمين خولى پێشكەشكردنى خەڵاتى گرامى، لە بەرواری ١٢/٢/٢٠١٧ لە لۆس ئەنجلۆسى ویلایەتە يەكگرتووەكانى ئەمەريكا بەڕێوە دەچێت و لە هەمان كاتدا بە شێوەيەكى ڕاستەوخۆ لە كەناڵى سى بى ئێسى ئەمەريكى پێشكەش دەكرێت.

Awards, Grammy, Kayhan Kalhor, Kurdish Music, SaleemJamal,