​ چیرۆک: نووسینی داهێنه‌رانه‌


نووسینی داهێنه‌رانه‌

ئێتگار كێرێت

له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: ژیوار جه‌وهه‌ر

یه‌كه‌مین چیرۆك كه‌ مایا نووسیی، ده‌رباره‌ی جیهانێك بوو تێیدا خه‌ڵكی له ‌بری خستنه‌وه‌ی وه‌چه ‌خۆیان دابه‌ش ده‌كرد. له‌و جیهانه‌دا، هه‌ر كه‌سێك، له‌ هه‌ر ساتێكدا ده‌یتوانی ببێت به‌ دوو كه‌س و هه‌ر کەسێکیان ده‌بوو به‌ نیوه‌ی ته‌مه‌نی خۆی. هه‌ندێكیان له‌ ته‌مه‌نی گه‌نجیدا ئه‌م كاره‌یان ده‌كرد؛ بۆ نموونه‌، كه‌سێكی ته‌مه‌ن هه‌ژده‌ساڵان، دابه‌ش ده‌بوو بۆ دوو كه‌سی ته‌مه‌ن نۆساڵ. ئه‌وانی دیكه‌ چاوه‌ڕێیان ده‌كرد تاکوو له‌ ڕووی پڕۆفێشناڵی و ئابوورییه‌وه‌ جێی خۆیان ده‌گرت و ئینجا له‌ ناوه‌ڕاستی ته‌مه‌نیاندا خۆیان ده‌كرد به‌ دوو به‌شه‌وه‌. ئازایه‌تیی ژنه‌ی ناو چیرۆكه‌كه‌ی مایا دابه‌شنه‌بوون بوو. ئه‌و ته‌مه‌نی گه‌یشتبووه‌ هه‌شتا ساڵ، سه‌رباری گوشاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ به‌رده‌وامه‌كان، پێداگریی له‌سه‌ر دابه‌شنه‌بوونی خۆی ده‌كرد. له‌ كۆتاییی چیرۆكه‌كه‌دا ئه‌و مرد.

چیرۆكێكی باش بوو، جگه‌ له‌ كۆتایییه‌كه‌ی. شتێكی خه‌مهێن له‌ كۆتایییه‌كه‌یدا هه‌بوو، ئاڤیاد وا بیری كرده‌وه‌. خه‌مهێن و چاوه‌ڕوانكراو. به‌ڵام له‌ ڕاستیدا مایا، له‌و خولی نووسینه‌ی كه‌ پێشتر خۆی لێ ناونووس كردبوو، به‌ هۆی كۆتاییی چیرۆكه‌كه‌وه‌ ستایشێكی زۆری كرابوو. مامۆستای خوله‌كه‌، كه‌ وا مه‌زه‌نده‌ ده‌كرا نووسه‌رێكی به‌ناوبانگ بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاڤیاد هیچی له ‌باره‌وه‌ نه‌بیستبوو، به‌ مایای گوت كه‌ كۆتاییی چیرۆكه‌كه‌، یان هه‌ر به‌شێكی بێمانای دیكه‌، شتێكی تێدایه‌ كه‌ خێرا ئاوێزانی ڕۆح ده‌بێت. ئاڤیاد هه‌ستی كرد ئه‌م وه‌سف و ستایشانه‌ چه‌نده‌ مایایان دڵخۆش كردووه‌. زۆر دڵخۆش بوو كاتێك ئه‌مه‌ی به‌ ئاڤیاد گوت. به‌ جۆرێك ئه‌وه‌ی به‌ ئاڤیاد گوت، وه‌ك چۆن خه‌ڵكی ئایه‌تێكی ئینجیل ده‌ڵێنه‌وه‌. ئاڤیادیش، كه‌ پێشتر پێشنیاری كۆتایییه‌كی جیاوازتری كردبوو، بیركردنه‌وه‌كه‌‌ی گۆڕی و گوتی‌ هه‌مووی په‌یوه‌ندیی به‌ چێژی خوێندنه‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ ڕاستیدا ئه‌و زۆر لێی تێ ناگات.

ئه‌وه‌ی كه‌ مایا بڕوات بۆ خولێكی نووسینی داهێنه‌رانه‌، بیرۆكه‌ی دایكی بوو. پێی گوتبوو كه‌ كچی یه‌كێك له‌ هاوڕێكانی به‌شداریی له‌و خولانه‌دا كردووه‌‌ و چێژی زۆری لێ بینیوه‌. ئاڤیادیش پێی وا بوو كه‌ ئه‌وه‌ بیرۆكه‌یه‌كی باشه‌ بۆ مایا، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ و خه‌ریكی ژیانی خۆی بێت. مایا ده‌یتوانی هه‌موو كات له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام لە دوای منداڵ‌لەبارچوونەكه‌یه‌وە، بۆ خوله‌كێكیش چییه‌ له‌ ماڵ ده‌رنه‌چووبوو. هه‌ر كاتێك ئاڤیاد ده‌هاته‌وه‌ ماڵه‌وه‌، ده‌یبینی مایا له‌ ژووری دانیشتنه‌كه‌، له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌كه‌ دانیشتووه‌. نه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌‌، نه‌ سه‌یری ته‌له‌ڤزیۆن ده‌كات و ته‌نانه‌ت ناشگری. كاتێك مایا دوودڵ بوو له‌ چوونی بۆ خوله‌كه‌، ئاڤیاد زانیی چۆن ڕازیی بكات. پێی گوت، ”ته‌نیا جارێك بچۆ، تاقی بكه‌ره‌وه‌، وه‌ك چۆن منداڵێك ده‌چێت بۆ گه‌شتی ڕۆژانه‌.” دواتر ئاڤیاد پێی وا بوو شتێكی بێهه‌ستانه‌ی كردووه‌ كه‌ منداڵی وه‌ك نموونه‌ به‌كار هێناوه‌، دوای ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌ دوو مانگی ڕابردوودا به‌سه‌ریان هاتبوو. به‌ڵام مایا زه‌رده‌یه‌كی كرد و گوتی، گه‌شتی ڕۆژانه‌ له‌وانه‌یه‌ ڕێك ئه‌وه‌ بێت كه‌ پێویستی پێیه‌تی.

دووه‌مین چیرۆك كه‌ مایا نووسیی ده‌رباره‌ی جیهانێك بوو، تێیدا ده‌تتوانی ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه‌ ببینیت كه‌ خۆشت ده‌وێن. پاڵه‌وانی ناو چیرۆكه‌كه‌ پیاوێك بوو كه‌ عاشقی ژنه‌كه‌ی بوو. ڕۆژێكیان له‌ ماڵه‌وه‌، ژنه‌كه‌ی ڕێك به‌ره‌وڕووی ڕۆیشت، ئه‌و په‌رداخه‌ی به‌ ده‌ستییه‌وه‌ بوو لێی كه‌وته ‌خواره‌وه‌ و وردوخاش بوو. چه‌ند ڕۆژێك دواتر، ژنه‌كه‌ی له‌سه‌ر كۆشی مێرده‌كه‌ی دانیشت، له‌ كاتێكدا له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ خه‌وی لێ كه‌وتبوو. هه‌ردوو جاره‌كه‌ به‌ بیانووی جیاجیاوە خۆی ده‌رباز ده‌كرد: شتێكی تر له‌ خه‌یاڵیدا بووه‌، یان كاتێك دانیشتووه‌ ته‌ماشای ئه‌وێی نه‌كردووه‌. به‌ڵام مێرده‌كه‌ی ده‌ست به‌ گومانكردن ده‌كات كه‌ چیدی ئه‌وی خۆش ناوێت. بۆ ئه‌وه‌ی گومانه‌كه‌ی تاقی بكاته‌وه‌، بڕیار ده‌دا كارێكی سه‌خت ئه‌نجام بدات: لای چه‌پی سمێڵی تاشی. به‌ نیوه‌سمێڵه‌وه‌ هاته‌وه‌ ماڵێ و چه‌پكێك گوڵاڵه‌شی به ‌ده‌سته‌وه‌ بوو. بۆ گوڵه‌كان ژنه‌كه‌ی به‌ خه‌نده‌یه‌كه‌وه‌ سوپاسی كرد. پیاوه‌كه‌ هه‌ستی كرد‌ ژنه‌كه‌ی له‌ هه‌وادا بۆی ده‌گه‌ڕێ، له‌ كاتێكدا ده‌یه‌وێت ماچی بكات. مایا ناوی له‌ چیرۆكه‌كه‌ نابوو ”نیوه‌سمێڵ” و به‌ ئاڤیادیشی گوت كاتێك له‌ خوله‌كه‌ به‌ ده‌نگی به‌رز خوێندوویەتییەوە، هه‌ندێكیان گریاون. ئاڤیاد گوتی ”واو”، ناوچه‌وانی ماچ كرد. ئه‌و شه‌وه‌ له‌سه‌ر شتێكی بچووكی بێمانا بوو به‌ شه‌ڕیان. مایا بیری چووبوو كورته‌په‌یامێك، یان شتێكی له‌و بابه‌ته‌ به‌جێ بهێڵێ، ئاڤیادیش ده‌نگی به‌سه‌ردا به‌رز كرده‌وه‌. ئاڤیاد خه‌تابار بوو و له‌ كۆتاییدا پۆزشی هێنایه‌وه‌. ”ئه‌مڕۆ ڕۆژێكی ئێجگار خراپم هه‌بوو،” ئه‌مه‌ی گوت و ده‌ستی له‌ قاچی مایا دا، هه‌وڵی ده‌دا هه‌ڵه‌كه‌ی پینه‌ بكات. ”لێم خۆش ده‌بی؟” لێی خۆش بوو.

مامۆستای خوله‌كه‌ ڕۆمانێك و كۆمه‌ڵه‌چیرۆكێكی بڵاو كردبووه‌وه‌. هیچ كامیان سه‌ركه‌وتنێكی به‌رچاویان به‌ ده‌ست نه‌هێنابوو، به‌ڵام چه‌ند وتارێكی باشیان له‌ باره‌وه‌ نووسرابوو. به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌، ئه‌مه‌ ئه‌و قسانه‌ بوون كه‌ ژنه كتێبفرۆشه‌كه‌ی نزیك ئۆفیسه‌كه‌ وای به‌ ئاڤیاد گوتبوو. ڕۆمانه‌كه‌ زۆر گه‌وره‌ بوو، شه‌شسه‌د و بیستوچوار لاپه‌ڕه‌. ئاڤیاد كتێبی كورته‌چیرۆكه‌كانی كڕی. له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ دایده‌نا و هه‌وڵی ده‌دا له‌ كاتی پشووی نانخواردنی نیوه‌ڕۆدا كه‌مێكی لێ بخوێنێته‌وه‌. هه‌ر ڕووداوێكی ناو چیرۆكه‌كان، له‌ وڵاتێكی بێگانه‌ ڕووی ده‌دا. ئه‌مه‌ جۆره‌فێڵێك بوو، بۆ سه‌رنجڕاكێشان. له‌ به‌رگی پشته‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ نووسرابوو،‌ نووسه‌ره‌كه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك وه‌ك ڕێنیشانده‌ر له‌ كوبا و ئه‌فریقا كاری كردووه‌ و ئه‌م گه‌شتانه‌ی بوونه‌ته‌ ئیلهامی نووسینه‌كانی. هه‌روه‌ها وێنه‌یه‌كی ڕه‌شوسپیی نووسه‌ره‌كه‌ش له‌سه‌ر پشتبه‌رگه‌كه‌ هه‌بوو؛ له‌ وێنه‌كه‌دا، پێكه‌نینی كه‌سێك به‌ ڕووخساریه‌وه‌ بوو كه‌ شانازی به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌كات. نووسه‌ره‌كه‌ به‌ مایای گوتبوو، مایا به‌ ئاڤیادی گوت، كاتێك خوله‌كه‌ كۆتایی هات، چیرۆكه‌كانی بۆ بڵاوكاره‌كه‌ی ده‌نێرێت. هه‌روه‌ها پێی گوت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێویست ناكات مایا هێنده‌ هیوادار بێت، به‌ڵام له‌م ڕۆژانه‌دا بڵاوكاره‌كان نائومێدانه‌ بە دوای به‌هره‌ی نوێدا ده‌گه‌ڕێن.

ده‌ستپێكی سێیه‌مین چیرۆكی مایا پێكه‌نیناوی بوو. چیرۆكه‌كه‌ ده‌رباره‌ی ژنێك بوو كه‌ پشیله‌یه‌كی بووبوو. پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌ مێرده‌كه‌یه‌تی و گومانی هه‌یه‌ پشیله‌كه‌ له‌ ئه‌و بووبێت. پشیله‌یه‌كی گورپه‌، كه‌ له‌سه‌ر ته‌نه‌كه‌خۆڵی ‌ژێر په‌نجه‌ره‌ی‌‌ ژووری نووستنی ژنومێرده‌كه‌، ده‌خه‌وت. هه‌موو جارێك به‌ فیزێكه‌وه‌‌ سه‌یری پیاوه‌كه‌ی ده‌كرد، كه‌ بۆ فڕێدانی خۆڵه‌كه‌ ده‌چووه‌ خواره‌وه‌. له‌ كۆتاییدا شه‌ڕێكی دژوار له‌ نێوان پشیله‌ و پیاوه‌كه‌دا به‌رپا بوو. پیاوه‌كه‌ به‌ردێكی گرتبووه‌‌ پشیله‌كه و پشیله‌كه‌‌ش به‌ گاز و چڕنووك وه‌ڵامی دابووه‌وه‌. پیاوه‌ زامداره‌كه‌ له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی و پشیله‌كه‌، كه‌ ژنه‌كه‌ شیری پێ ده‌دا، به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی ده‌رمانی دژه‌هاری بۆ پیاوه‌كه، چوون بۆ نه‌خۆشخانه‌‌. پیاوه‌كه،‌ شه‌رمه‌زار و زامدار، هه‌وڵی ده‌دا نه‌گری، له‌ كاتێكدا چاوه‌ڕێ بوون. پشیله‌كه‌ له‌ كاتێكدا هه‌ستی به‌ ئازارچه‌شتنه‌كه‌ی ئه‌و ده‌كرد، له‌ باوه‌شی دایكیدا هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و چوو بۆ لای، ڕووخساری لێسایه‌وه‌. دڵی ده‌دایه‌وه‌، ”میاو.” ”گوێت لێ بوو چیی گوت؟” دایكه‌كه‌ به‌ سۆزێكه‌وه‌ وای گوت. ”گوتی ‘بابه‌.”’ له‌و كاته‌دا پیاوه‌كه‌ چیدی نه‌یتوانی فرمێسكه‌كانی ڕابگرێت. كاتێك ئاڤیاد ئه‌م به‌شه‌ی خوێنده‌وه‌، هه‌وڵی زۆری دا كه‌ نه‌گری. مایا گوتی كاتێ ده‌ستی به‌ نووسینی ئه‌م چیرۆكه‌ كردووه‌، نه‌یزانیوه‌ دیسانه‌وه‌ دووگیانه‌. پرسیی، ”ئه‌رێ ئه‌مه‌ سه‌یر نییه‌؟ چۆن ده‌بێت هێشتا هه‌ستم نه‌یزانیبێت، به‌ڵام نه‌ستم ئاگادار بووبێت؟”

دووشه‌ممه‌ی دواتر، له‌ كاتێكدا ده‌بوو ئاڤیاد پاش ته‌واوبوونی خوله‌كه‌ بڕوات بە دوای مایادا، نیوسه‌عات پێشتر ڕۆیشتبوو، ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له‌ گه‌راجه‌كه‌ ڕاگرت و چوو بیدۆزێته‌وه‌. مایا سه‌ری سووڕما كاتێك ئه‌وی له‌ پۆله‌كه‌دا بینی، ئاڤیادیش پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرد كه‌ ده‌بێت به‌ نووسه‌ره‌كه‌ی بناسێنێت. نووسه‌ره‌كه‌ بۆنێكی ناخۆشی لێ ده‌هات؛ به‌ توندی تۆقه‌ی له‌گه‌ڵ ئاڤیاددا كرد و پێی گوت، ئه‌گه‌ر مایا ئه‌وی وه‌ك هاوسه‌ری ژیانی هه‌ڵبژاردبێت، مانای وایه‌ ئه‌و كه‌سێكی زۆر تایبه‌ته‌.

دوای سێ هه‌فته، ئاڤیاد له‌ خولێكی نووسینی داهێنه‌رانه‌ی سه‌ره‌تاییدا خۆی ناونووس كرد. له‌و باره‌یه‌وه‌ هیچ شتێكی به‌ مایا نه‌گوت و بۆ ئه‌وه‌ی پارێزراوتریش بێت، به‌ سكرتێره‌كه‌ی گوتبوو ئه‌گه‌ر هه‌ر ته‌له‌فۆنێكی له‌ ماڵه‌وه‌ بۆ هات، بڵێت كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه‌ و ناتوانێت وه‌ڵام بداته‌وه‌. ئه‌ندامانی تری خوله‌كه‌ زۆربه‌یان ژنی به‌ته‌مه‌ن بوون، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕازییانه‌ ته‌ماشای ئاڤیادیان ده‌كرد. مامۆستای خوله‌كه‌ ژنێكی لاوازی له‌چكبه‌سه‌ر بوو، ژنه‌كانی دیكه‌ی خوله‌كه‌ ده‌یانگوت، گوایه‌ له‌ شوێنێكی ناوچه‌ داگیركراوه‌كان ده‌ژیت و شێرپه‌نجه‌شی هه‌یه‌. داوای له‌ هه‌موان كرد ڕاهێنانی نووسینی ئۆتۆماتیكی بكه‌ن، ”ئه‌وه‌ بنووسن كه‌ به‌ خه‌یاڵتاندا دێت. بیر مه‌كه‌نه‌وه‌. ته‌نیا بنووسن.” ئاڤیاد هه‌وڵی دا له‌ بیركردنه‌وه‌ بوه‌ستێت. سه‌خت بوو. پیره‌ژنه‌كه‌ی ته‌نیشتی، هاوشێوه‌ی خوێندكارێك كه‌ هه‌وڵ ده‌دات زوو تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی ته‌واو بكات، به‌ر له‌وه‌ی مامۆستاكه‌ی پێی بڵێ پێنووسه‌كه‌ت دابنێ، به‌ پەلە و شپرزه‌یییه‌وه‌ ده‌ینووسی. دوای چه‌ند خوله‌كێكی كه‌م، ئاڤیادیش ده‌ستی به‌ نووسین كرد.

ئه‌و چیرۆكه‌ی ئاڤیاد نووسیی، ده‌رباره‌ی ماسییه‌ك بوو كه‌ به‌ دڵخۆشییه‌وه‌ له‌ ده‌ریادا مه‌له‌ی ده‌كرد و دواتر ژنێكی جادووگه‌ری خراپه‌كار كردی به‌ پیاوێك. ماسییه‌كه‌ نه‌یتوانی له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ ڕابێت، بڕیاری دا ‌دوای ژنه‌ی جادووگه‌ر بكه‌وێت و داوای لێ بكات بیكاته‌وه‌ به‌ ماسی. چونكه‌ ئه‌و ماسییه‌كی خێرا و چالاك بوو، له‌و سه‌روبه‌نده‌دا كه‌ دوای ژنه‌ جادووگه‌ره‌كه‌ كه‌وتبوو، توانیی ژیانی هاوسه‌رگیری پێك بهێنێت و كۆمپانیایه‌كی بچووكیشی دامه‌زراند، كه‌ به‌رهه‌می پلاستیكیی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی دووره‌وه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرد. به ‌هۆی ئه‌و زانیاری و ئه‌زموونه‌ زۆره‌ی وه‌ك ماسییه‌ك له‌ ئه‌نجامی بڕینی حه‌وت ده‌ریادا به‌ ده‌ستی هێنابوو، كۆمپانیاكه‌ به ‌زوویی گه‌شه‌ی كرد و بوو به‌ كۆمپانیا‌یه‌كی گه‌وره‌. له ‌كاتێكدا ژنه‌ی جادووگه‌ر دوای ماندووبوونی ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی‌ كاری خراپه‌ی تێدا ئه‌نجام دابوو، بڕیاری دا ته‌واوی ئه‌و مرۆڤ و بوونه‌وه‌رانه‌ی دیكه‌ بدۆزێته‌وه‌ كه‌ جادووی لێ كردبوون، تا داوای لێبووردنیان لێ بكات و بیانگه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌ر دۆخی سروشتیی خۆیان. جارێكیان ژنه‌ی جادووگه‌ر ویستی چاوی به‌و ماسییه‌ بكه‌وێت كه‌ كاتی خۆی كردبووی به‌ پیاو. سكرتێری ماسییه‌كه‌ داوای لێ كرد چاوه‌ڕێ بكات تاوه‌كوو كۆبوونه‌وه‌ ئۆنلاینه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانی له تایوان ته‌واو ده‌كات. له‌و قۆناغه‌ی ژیانیدا، ماسییه‌كه زۆر به‌ كه‌می ده‌یتوانی بیری بكه‌وێته‌وه‌ كه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان ماسی بووه‌. كۆمپانیاكه‌ی كۆنتڕۆڵی نیوه‌ی جیهانی كردبوو. ژنه‌ی جادووگه‌ر بۆ ماوه‌ی چه‌ندسه‌عاتێك چاوه‌ڕێی كرد، به‌ڵام كاتێك‌ زانیی كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌م زووانه‌ ته‌واو نابێت، سواری گسكه‌كه‌ی بوو و لێیدا ڕۆی. ماسییه‌كه‌ به‌رده‌وام بوو له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی، هه‌تا ڕۆژێك، كه‌ به‌ ته‌واوی پیر بووبوو، له‌ په‌نجه‌ره‌ی ژووری بینایه‌ك له‌و ده‌یان بینایه‌ی كه‌ پێشتر له‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی زیره‌كانه‌دا كڕیبوونی، سه‌یری ده‌ره‌وه‌ی ده‌كرد… ده‌ریای بینی. له‌ پڕ بیری كه‌وته‌وه‌ كه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان ماسی بووه‌. ماسییه‌كی زێده‌ زه‌نگین، كه‌ كۆنتڕۆڵی بازاڕی زۆربه‌ی كۆمپانیا بچووكه‌كانی له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا كردبوو، به‌ڵام هێشتا هه‌ر ماسی بوو. ماسییه‌ك كه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ تامی سوێریی ده‌ریای نه‌كردبوو.

كاتێ مامۆستاكه‌ بینیی ئاڤیاد پێنووسه‌كه‌ی دانا، نیگایه‌كی پرسیارئامێزی تێ گرت. ”چیرۆكه‌كه‌م كۆتایی نییه‌،” ئاڤیاد به‌ تۆنێكی په‌شیمانانه‌وه‌ چرپاندی. ده‌نگی نزم بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی نه‌یه‌وێت خه‌یاڵی ژنه‌ به‌ته‌مه‌نه‌كه‌ی ته‌نیشتی بپچڕێنێت، كه‌ تا ئه‌و كاته‌ش به‌رده‌وام بوو له‌ نووسین.

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ ٥٣٢ی هەفتەنامەی ڕه‌خنه‌ی چاودێردا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌