November 23, 2017

DidiMn Logo

پەڕاوی سالنجەر: جەى دى سالنجەر لەبارەى بێدەنگییەکەیەوە دەدوێت

لە لایەن دیدی من 11 months لەمەوبەر

NEW YORK - NOVEMBER 20, 1952: Author JD Salinger poses for a portrait as he reads from his classic American novel "The Catcher in the Rye" on November 20, 1952 in the Brooklyn borough of New York City. Salinger died on January 27, 2010. (Photo by Antony Di Gesu/San Diego Historical Society/Hulton Archive Collection/Getty Images)

دیدی مننیو یۆرک تایمز

لاسى فۆسبورگ، ٢\١١\١٩٧٤

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

دووى نۆڤەمبەر سان فرانسیسکۆ مژدەیەکى نوێى پێ بوو، ئەویش بڵاوکردنەوەى چاوپێکەوتنێکى نووسەرى سۆفیگەری ئەمەریکى، جەى دى سالنجەر بوو، کە لە ماوەى پێشوودا بەرهەمەکانى بێ ئەوەى مافى بڵاوکردنەوەى پارێزراو بێت، بڵاو کرانەوە. ئەم نووسەرە کە ماوەى زیاتر لە بیست ساڵە بێدەنگیى هەڵبژاردووە، بێدەنگییەکەى شکاند و نەیشاردەوە، کە زۆر سەرقاڵە بە نووسینەوە و ڕای گەیاند ڕەنگە لە ماوەى ژیانى خۆیدا نووسینەکان بڵاو نەکرێتەوە.

گفتوگۆکە لە ڕێى تەلەفوونەوە بوو، لە کۆڕنیش نیو هامپشایەر، ئەو شوێنەى کردبوویە ماڵى خۆى. ئەم نووسەرە پەنجاوپێنج ساڵە، کە نوێترین کارى بڵاوکراوەى بریتییە لەRaise High the Roof Beam, Carpenters and Seymour: An Introduction (1963)، لە تەلەفونەکەوە گوتى: “ئاشتییەکى سەرسووڕهێنەر هەیە لە بڵاونەکردنەوەیدا. زۆر ئاشتیخوازانەیە. بڵاوکردنەوە داگیرکردنێکى ناپەسەندە سەبارەت بە ژیان و نهێنییەکانم. حەز دەکەم بنووسم. عەشقێکى گەورەم بۆ نووسین هەیە. بەڵام من تەنیا بۆ خۆم دەنووسم، تەنیا بۆ چێژبەخشینێک بە خۆم.”

پاش نزیکەى نیوکاتژمێر قسەکردن، گوتى کە نیازى وا بووە تەنها خولەکێک قسە بکات. ئەم نووسەرە، کە ناوبانگى ئەدەبیى بە هەموو  دونیادا بڵاو بووەتەوە و کاتی زۆرى خۆى بۆ ئایینێکی تایبەت تەرخان کردووە و هەمیشە هەوڵ دەدات وەک سۆفییەک بە تەنیا بژى، ئەوەى خستە ڕوو کە نەیتوانیوە بڵاوکردنەوەى پاسەوانێک لە مەزرا، کە ساڵى ١٩٥١ بڵاو بووەتەوە، ڕابگرێت. لەبارەى نووسینەکانی، خولیاى بۆ ژیانى تایبەت خۆی و خەیاڵە گوماناوییەکانى، لەبارەى بڵاوکردنەوەوە باس کرد.

گفتوگۆ لەگەڵ سالنجەر، کە هەندێک کات گەرمى و ئومێدێکى پێى هەبوو، هەندێک کاتیش شڵەژان و نائارامىی پێوە دیاربوو، بڕوامان پێ هێنا ئەم گفتوگۆیەى کە ئەنجامى دەدەین لەگەڵى، بڵاوی بکەینەوە، ئەمیش پاش ئەوەی سالنجەر لە ساڵی ١٩٥٣دا گفتوگۆیەکی لەگەڵ لاوێکى تەمەن شازدەساڵدا ئەنجام دا بۆ ڕۆژنامەیەکى دواناوەندیی کۆڕنیش.

ئەوەى هانى سالنجەرى دا تا قسەمان بۆ بکات، هەروەک خۆى گوتى، بە هۆى ئەو شەوە سارد و باراناوى و ڕەشەبایەوە بوو، کە کۆڕنیشى گرتبووەوە و هەروەها بڵاوکردنەوەى سەرجەم کورتەچیرۆکە بڵاونەکراوەکانى لە دوو بەرگدا، بە تووندى ببوە هۆى داگیرکردنى جیهانە تایبەتییەکەى. ئەم هۆکارانە بوون کە بوونە هۆى ئەوەى قسەمان بۆ بکات.

لە ماوەى دوو مانگى دواییدا، نزیکەى بیستوپێنج هەزار تیراژی کتێبەکانى، نرخەکەى لە سێ دۆلارەوە گەیشتبووە پێنج دۆلار بۆ هەر بەرگێک، کە فرۆشرابوو. زۆرترین ژمارەى فرۆشراو لە سان فرانسیسکۆ و پاشان نیو یۆرک، شیکاگۆ و شوێنەکانى تر بوون. ئەم داتایانە بەگوێرەى خەمڵاندنەکانى سالنجەر و پارێزەرەکانى و کتێبفرۆشەکان بووە.

”کۆمەڵێک چیرۆک و سامانەکەى من دزراوە”، سالنجەر واى گوت. ”یەکێک کۆی کردووەتەوە، ئەوە کارێکى نایاساییە. ئەمە دادوەرانە نییە. بیهێنە پێش چاوت ئەمە وەک ئەوە وایە تۆ چاکەتێکت هەبێت و یەکێک بچێتە ناو کەنتۆرەکەتەوە بیدزێت.”

“بەو شێوەیە بیر دەکەمەوە.”

سالنجەر چەند چیرۆکێکى نووسیوە، لەوانە دوانیان سەبارەت بە هۆڵدن کاوڵفێڵدە، کە پاڵەوانە هەستیارەکەى پاسەوانێک لە مەزرایە و لە نێوان ساڵانى 1940 بۆ 1948دا بۆ گۆڤارەکانى وەک ساتردەى ئیڤنینگ پۆست، کۆلیێرس و ئێسکوایەری نووسیووە.

ئەگەر بیر لە دوا نووسینەکانى سالنجەر بکەینەوە، ئەوا باس لە چەند سەربازێکى گەنجى تەنیا دەکەن، لەگەڵ کوڕانێک کە زەردێنەى هێلکە دەخۆن، کچانێک بە زەردەخەنەیەکى عاشقانە و گەمژانەوە، منداڵانێکیش کە هەرگیز نامەکانیان پێ ناگات.

” وەک کێکى پەنیر دەفرۆشرێن.”

کتێبفرۆشێک لە سان فرانسیسکۆ پێى گوتین: ”کتێبەکان وەک کێکى پەنیر داواکارییان هەیە، هەر کەسە و دانەیەکى دەوێت.”

لەکاتێکدا هێشتا ساڵانە ڕۆمانى پاسەوانێک لە مەزرا دووسەد و پەنجا هەزار دانەى لێ دەفرۆشرێت، هەرچەندە ئەم کتێبانە بەرگ و دیزاینەکانیان گەلێک خراپن و مافى نووسەرەکەش نەپارێزراوە.

“پێشتر ئەمەم بۆ نووسین”، سالنجەر لە چیرۆکێکیەوە دەڵێت: ”بڵاوکردنەوەى چیرۆکەکان ئامانجى من نییە، دەمەوێت ئەوان مردنێکى تەواو سروشتى بمرن.”

“من هەوڵى ئەوە نادەم ژیانى گەنجیم بشارمەوە. تەنیا وا هەست دەکەم ئەوانە شایەنى بڵاوکردنەوە نین.”

لە مانگى ئەپڕیڵى ڕابردووەوە، کۆپیى سەرجەم چیرۆکەکانى بەرگى یەکەم و دووەمى جەى دى سالنجەر، بلاِو کرایەوە بە هۆى داواکاریى خوێنەرانەوە بووە. بڵاوکردنەوەى ئەم چاپە لە لایەن پیاوێکەوەیە بە ناوى جۆن گرینبێرگ و دەڵێن کە لە بێرکلی و کالیفۆڕنیاوە ئەم کتێبانە بڵاو کراونەتەوە، تا ئێستا نازانین. پێناسەکانیشیان بۆ کتێبەکە لە شارێکەوە بۆ شارێکى تر دەگۆڕێت.

 یەکێک لە بڵاوکەرەوەکان بە ئاندریاس بڕاونى گوت، کە بەڕێوەبەرى گۆسام بووک مارتە لە نیو یۆرک. ئێمەو هاوەڵەکانمان چاوەڕێى ئەوەمان نەدەکرد بکەوینە کێشەوە سەبارەت بە نەپاراستنى مافى نووسەر، لەبەر ئەوەى ”ئەوان قسەیان لەگەڵ پارێزەرەکانى سالنجەر کردووە، بەڵێنى ئەوەیان لێ وەرگرتوون کە ئیتر ئەوە دووبارە نەکەنەوە.”

بەڕێز بڕاون لە باسى کوڕە گەنجەکەدا وەک کوڕێکى نموونەیى بێرکلى گوتى: “پێم گوت بۆچى بەو شێوەیە ئەو کتێبەیان بڵاو کردووەتەوە، ئەویش گوتى کە ئەو خوێنەرێکى سالنجەرەو حەز بە نووسینەکانى دەکات، واى بیر کردووەتەوە کە دەبێت ئەم چیرۆکانە چاپ بکرێتەوە تا هەموو خەڵک بتوانێت بیخوێنێتەوە.”

”پێم گوت ئەى باشە ئێوە بیرتان لەوە نەکردووەتەوە کە سالنجەر هەستى چۆن دەبێت بەرامبەر بەو کارە؟! ئەویش گوتی ‘ئێمە بیرمان کردەوە کە ئەگەر کتێبەکان بە شێوەیەکى سەرنجڕاکێش چاپ بکەین، سالنجەر گوێى پێ نادات’.”

گۆسام ڕەتى کردووەتەوە کتێبەکان بە شێوەیەکى نایاسایى بفرۆشێت و سالنجەرى ئاگەدار کردەوە بە بوونى کتێبى بڵاوکراوە بەبێ ئەوەى مافى نووسەر پارێزراو بێت.

سالنجەر گوتى: ”من هێشتا مافى لەچاپدانى چیرۆکەکانى خۆمم هەیە و نەمردووم. ئەمە بەڕاستى وەڕسکەرە. من بەڕاستى بێزارم بەرامبەر بەو کارە.”

بەگوێرەى گوتەى نێڵ شاپیرۆ، یەکێک لە پارێزەرەکانى سالنجەر، بڵاوبوونەوە یان فرۆشتنى ئەو چیرۆکانە بەبێ ئەوەى مافى سالنجەر خۆى نەپارێزرێت، ئەمە سەرپێچى یاساکانى مافى بڵاوکردنەوەیە.

داوایەکى مەدەنى لە مانگى پێشوودا لە لایەن سالنجەرەوە لە دادگاى بەشى یەکگرتوو بەرز کرایەوە لە دژى جۆن گرینبێرگ و حەڤدە کتێبخانەى سەرەکىی ناوخۆیى بە کتێبخانەى بڕینتانۆشەوە، کە سەرکردەى سەرپێچیکردنەکان بووە سەبارەت بە مافى بڵاوکردنەوەکە.

نووسەر داواى بڕی دووسەد و پەنجا هەزار دۆلار دەکات وەک سزایەک بۆ ئەو زیانانەى کە بە نووسەر گەیشتوون.

لەو کاتەوە دەست کراوە بە کۆکردنەوەى چیرۆکەکان لە سەرجەم کتێبخانەکاندا، کە بە نایاسایى ئەو کتێبانەى تێدا دەفرۆشن. بەگوێرەى بەڕێز شاپیرۆ، بۆ قەرەبووکردنەوەى نووسەر بۆ هەر کتێبێکى فرۆشراو، لە نێوان چوار هەزار و پێنجسەد دۆلار بۆ نەوەد هەزار دۆلار وەردەگیرێت، هەروەها پلانى یاسایى تریش بوونى هەیە بۆ ئەوەى بەرامبەر کتێبخانەکان بگیرێتە بەر.

بڵاوکەرەوە نادیارەکە و هاوڕێکانى هێشتا بەردەوامن لەسەر کاری خۆیان.

”ئەمە سەرسووڕهێنەرە، هیچ جۆرە یاسایەک و ئاژانسێک ناتوانێت شتێک بکات سەبارەت بەو کێشەیە.” سالنجەر گوتى: ”بۆچى ئەگەر سەرینێکى کۆنى پیس لە گریکییەکان بدزرێت، دەیدۆزنەوە، بەڵام تەنانەت پۆلیس بەدواى ئەو پیاوەشدا ناگەڕێت کە ئەم کارە قێزەونەى ئەنجام داوە بەرامبەر بە نووسینەکانم.”

باسکردن لە دژایەتیکردنى بڵاوبوونەوە

سەبارەت بە دژایەتیکردنى دووبارە بڵاوبوونەوەى کارەکانى پێشووى، سالنجەر گوتى: ”ئەو چیرۆکانە میوەى ئەو کاتەن کە بۆ یەکەم جار ئیتر بڕیارم دا ببمە نووسەر و لەو بوارەدا کار بکەم.” بە بێزارییەوە لەبارەى نووسینەوە دوا، بە جۆرێک کە مەبەستى بووە لەو سەرەتاى تەمەنى نووسینەیدا تێکستەکانى لە گۆڤارەکاندا بڵاو بکاتەوە.

لەناکاو خۆى دابڕى لە گفتوگۆکە.

گرینبێرگ هیچ خەتایەکى لە بڵاوکردنەوەى ئەو نووسینانەدا نییە.” سالنجەر گوتى: ”هێشتا لە هەوڵى ئەوەدام ئەو شتە تایبەتمەندەى خۆم بپارێزم کە بەجێم هێشتووە.”

ئەوە چەند ساڵێکە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان نوێنەرى خۆیان دەنێرن بۆ کێڵگەکەى سالنجەر لە کۆڕنیش، بەڵام نووسەر هەمیشە دوور کەوتووەتەوە و هیچ لێدوانێکى نەداوە، تەنانەت ئەو هاوڕێیانەشى فەرامۆش کردووە کە لەبارەى ئەو بابەتەوە قسەیان لەگەڵ سالنجەر کردبێت. چەند بابەتێک لە ئیمەیڵەکانیدا هەیە، بەڵام چاوپێکەوتن هەرگیز لەگەڵ سالنجەر ئەنجام نەدراوە.

بەڵام هەفتەى پێشوو، وەڵامى داواکارییەکى سەبارەت بە ئەنجامدانى گفتوگۆیەک لە لایەن دۆرۆسى ئۆڵدینگەوە دایەوە، کە نێردراوى ئەدەبیی نیو یۆرکە.

چاوەڕێى ئەوە دەکات کە کارێکى ترى بەم نزیکانە بڵاو بکاتەوە؟

کەمێک وەستا.

گوتى: ”بە تەواوەتى نازانم چەندێک نزیکە.” کەمێکى تر وەستا، پاشان سالنجەر دەستى کرد بە قسەکردن، زۆر بە خێرایى سەبارەت بەوەى چەندێکە ئەو دەنووسێت،هەموو ڕۆژێک بە درێژایى سەعات، هەروەها گوتى ئەو هەرگیز بەڵێنى بە هیچ کەسێک نەداوە بۆ بوونى کتێبێکى تر بۆ بڵاوکردنەوە.

دیسانەوە گوتى: ”بە پێویستى نازانم کە نووسینەکانم پاش مردنى خۆشم بڵاو بکرێتەوە، من حەز ئەکەم بۆ خۆم بنووسم.”

”من باجى ئەم هەڵسوکەوتەم دەدەم. من وەک نامۆیەک ناسراوم کە لە مرۆڤەکانى تر ناچم. بەڵام هەموو ئەوەى دەیکەم لەپێناو پاراستنى خۆم و نووسینەکانمدایە.”

“دەمەوێت هەموو ئەم شتانە بوەستن. ئەمە خۆهەڵقورتاندنە. توانیم زۆر شت ڕزگار بکەم.” بە شێوەیەک گوتى وەک ئەوەى بیەوێت کۆتایى بە گفتوگۆکە بێنێت: ”بێگومان ئەم کتێبانەش ڕزگار دەکەم.”

سەرپەرشتیاری پەڕاو: ساڤان ئاکۆ

J.D.Salinger, PshtewanKamal, Saling,