خوێنەر و کتێب: ئه‌و ژنه‌ی به‌ گۆرانی به‌ گژ بێزارییه‌کانیدا ده‌چێته‌وه‌

دیدی من – خوێنەر و کتێب

کتێب: مای نەیم ئز لەیلا

نووسەر: بی‌تا مەلەکووتی
خوێنەر: فەرمان ئەحمەد

مای نەیم ئیز لەیلا،یەکەم ڕۆمانی بیتا مەلەکووتی، ژنە نووسەری ئێرانییە، مەریوان هەڵەبجەیی کردوویەتی بە کوردی.

په‌ره‌گرافێک له‌ ڕۆمانه‌که‌وه‌:

“وەرە با لەسەر ئاو لەسەر درەخت لەسەر جەستەی باڵندە و لەسەر زەریا بنووسن خوا، لە کۆتایی زەینی باخچەدایە، ئەمە هەر ئەو دەنگە سیحرییەیە، دەنگی سیحری ئەو ژنەی کە کاتێ بۆ یەکەم جار لەگەڵی خەوتم پشتی تێکردم و بە دەنگێکی ترسناکتر لە دەنگی ساحیرێک گۆرانیی وت.”

ڕووداو

ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە باسگەلێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ژیانی ئه‌و ئێرانییانه‌یه‌ که‌ سه‌روه‌ختی شۆڕشی ئیرانییه‌کان ئه‌و وڵاته‌یان جێ هێشتوه‌ و ڕوویان کردووه‌ته‌ ڕۆژئاوا، یان له‌ چه‌ند باسێکی بەراوردکارانەی نێوان کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی یان وردتر بڵێین کۆمەڵگەی ئێرانی و ڕۆژئاواییەیش ده‌دوێ.

زمان

ڕه‌نگه‌ گه‌شترین رووی ڕۆمانه‌که‌ خۆی له‌ زمانه‌ شیعرییه‌که‌یدا به‌ده‌ر خات، که‌ دواجار شکاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر بونیاد و هونه‌ری گێرانه‌وه‌که‌شی . زمانی شیعری لێره‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌و په‌یامه‌ بێزارییه‌ی که‌ ڕۆمانه‌که‌ هه‌ڵی گرتووه‌ و وه‌ک ته‌م سه‌رتاپا ئاسمانه‌که‌ی گرتووه‌، ئاماده‌گیی هه‌یه‌.

ئه‌و شته‌ی که‌ نووسه‌ر لێوه‌ی ده‌دوێت، هه‌ست ده‌که‌یت نزیکه‌ له‌و شته‌ی به‌ کات و شوێنی جودا که‌ سادق هیدایه‌ت له‌ کونده‌پەپووی کوێردا په‌نجه‌ره‌ی لێ کردبووه‌وه‌.

”خۆزگەم بە کەسێ نیشان و ناوێکی نەبوو

لە شوێن پڕوپووچ خەیاڵی خاوێکی نەبوو

نەک وەک من و تۆ کوندەپەپوو ئاسایی

چاوی لە قەڵایەک بوو، کەلاوێکی نەبوو”

بی تا مەلەکوتی

خه‌یام

پیربوون به‌دیار هه‌ڵوه‌رینی خه‌ونه‌کانه‌وه‌

تەمی بێزاری و نائومێدی لە ئەنجامی هەڵوەرینی خەونەکان باڵی کێشاوە بەسەر سەرلەبەر ڕۆمانەکەدا، بێزارییەک گه‌رموگوڕیی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان ده‌کوژێت! بەگشتی ڕۆماننووس لە پەنجەرەیەکی دیکەوە لە جیهان دەدوێت کە چۆنچۆنییە. گوزەرانی مرۆڤەکان پیشان دەدات.

کە تاک هەست دەکات لە گوناحدا دەژی، بۆ هەر کوێیەک دەچێت تەمی ئەو بێزارییەی بەدواوەیە و خۆی پێ تاوانبارە. له‌ ناو ڕۆمانه‌که‌دا که‌سێتییه‌کی نووسەر ئەو بێزارییەی بە نووسین، ژنێک بە گۆرانی، فوادی کارەکتەری لاوەکی بە نەفرەت لە جەنجاڵی و هاژوهوژی شار و لەخۆنامۆبوون و ئەو گوشارە بەردەوامانەی کە لەسەریەتی، دواجار به‌ خۆکوشتن ده‌رده‌بڕێت.

دوو پەرەگراف له‌ رۆمانه‌که‌وه‌:

”کەس دەستی بە قەدی ئەم درەختانەدا نەهێناوە،ئەمەش بەجوانیی ئەم هەموو درەختەوە خەمێکی دوو بەرانبەرە.ئەم درەختانە چەند جوان و ماندووکەرن. لەم ڕووەوە هیچ هاوشێوەیەکیان لەگەڵ لەیلا نییە.”

 ”من لە ژووری خوشکەکەی دەنووستم، قەیرەیەکی ستەملێکراو بوو، جوان بوو، بەڵام نازانم بۆ هێشتا هاوسەرگیریی نەکردبوو، واتە تا چلوپێنج ساڵی ئەو کەسەی دەتەوێ دەستت ناکەوێت، یان ڕەنگە ئەو پیاوەی ئەو دەیویست، ئەوی نەویستبێت.”

ته‌کنیک

سەروەختی خوێندنەوەی ڕۆمانه‌که‌، ڕەنگە خوێنەر ئەزموونی تەکنیکێکی جیاواز بکات لە گێڕانەوە. ڕۆمانه‌که‌ له‌ حه‌ڤده‌ به‌ش پێک دێت له‌ شێوه‌ی کورته‌چیرۆکی جودا و هه‌ر به‌شێکی پاش و پێش بخه‌ین سه‌روه‌ختی خوێندنه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ گرفتمان بۆ دروست نه‌بێت. گیڕه‌ره‌وه‌ زیاتر لە دوو کەسه،‌ ئەگەرچی ئەمە ڕەنگە بۆ خوێنەری سادە تەمومژاویی زیاتری پێوە دیار بێ و گیر بخوات بە دەست جوداکردنەوە و ناسینەوەی کارەکتەرەکانی، لێ بۆ خوێنەری وردبین جۆرێکە لە تام و چێژ.

مەریوان هەڵەبجەیی

ڕه‌خنه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی

نووسه‌ر لە بەشێکی ڕۆمانەکە دەیەوێت لە قۆناغی هەرزەکاریی ئافرەت بدوێت، بە بیرهێنانەوەی ژیانی لەیلای کارەکتەری سه‌ره‌کی، که‌ له‌ ئێران ژیاوه‌ و بەراوردکردنی بە قۆناغی هەرزەکاریی کچەکەی لەیلا، تانیا، که‌ لە کۆمەڵگەیەکی ئەورووپایی ده‌ژی، کە دواجار چۆن لە کۆمەڵگەیەکی ئێرانی قۆناغی هەرزەکاری و گەشە فیسیۆلۆژییەکان ئابڕووهێنەرە و سەرکۆنه‌ دەکرێت، لە هەمان کاتدا لە کۆمەڵگەیەکی ئەورووپایی تاک کەیفی به‌ خۆی دێ و بگره‌ شانازییشی پێوه‌ ده‌کات.

په‌ره‌گرافیک له‌ نێو ڕۆمانه‌که‌وه‌:

”ئەو هەر لەسەرەتای سەردەمی منداڵییەوە زانیبووی چ ئەو ستیانە ئیسفەندارانە ببەستێ چ نەیبەستێ، هەموان سەیری دەکەن، ئەمە جگە لەوەی پێشی خۆش بوو سەیریان دەکرد. ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەش بوو کاتێ مەمکەکانی سەریان دەرهێنا، نەک تەنیا خۆی کوڕ نەدەکردەوە،ب ەڵکو زۆر ڕێک و ڕاست دەڕۆیشت. کەمێک بەرەو دوا وەک نماییشکارانی جلوبەرگ کاتێک لە تەلەفزیۆندا پیشانی دەدا دێن و دەڕۆن، دایکی سەری سقوڕ دەما چۆن کچ گۆی مەمکی قوت بێت کاتی ڕێکردن خۆی کووڕ نەکاتەوە و شەرم نەکات.”

هەر لە تەوەری ئەم باسە دوورناکەوینەوە، حەمەسەعید حەسەنی نووسەر لە کتێبی  لە هەیڤدا بۆ ڕووی تۆ و لە پەیڤدا بۆ خۆم دەگەڕێم، دەنووسێت: ”سەروەختی نووسینی ڕۆمان، ژیاننامەی نووسەر بایەخێکی زۆری هەیە. نزیکەی هەمیشە ڕۆمان شتێکی زۆر یان کەم لە ژیانی نووسەرەکەی تێدایە.”  دەمانەوێت لەیەکێکی دی لە پەرەگرافەکان بدوێیین، بۆ ئەوەی ڕوونتر گوزارش بکه‌ین مەبەستمان لە چییە، ئەم دێڕەی پامووک دەهێنینەوە لە کتێبی  ڕۆماننووسی سادە و بیرکەرەوە:

”ڕۆماننووس لە کاتێکدا دونیا لە چاوی ئەوانی ترەوە دەبینێت، تێدەگۆشێت، گوزارە لە جیهانی تایبەتی خۆی بکات.”

هەر هه‌مان نووسه‌ر کە پەی بە ناخی خوێنەر بردووە، ده‌نووسێت:
”خوێنەر حەز دەکات و بەدوای ئەوەوەیە بزانێ کامە بەشە حەقیقییەکەی ژیانی نووسەرە.”

ڕەنگە خوێنەر دەستبەجێ ئەم پەرەگرافە وەک ژیانی تایبەتی نووسەر هەڵببژێرێت، ئه‌گه‌رچی تۆزێک فووی تێکرابێ، لە کۆتاییدا هەویرێکی ڕاستییە و بە ئاوی خەیاڵ شێلاویەتی.

پەرەگرافێک له‌ ڕۆمانه‌که‌وه‌:

لەیلا کەوتبووە بیری ئەو کاتانەی کە مەمکەکانی هەڵتۆقیبوون، لە هەژمەت شەرمی زۆر، دوو مانگ لە ماڵ نەهاتبووە دەر.”

ئه‌گه‌ر چی ئه‌مانه‌ شتگه‌لی بچووک بن له‌ ژیانی نووسه‌ر، لێ سه‌ره‌دوای باشه‌ بۆ ده‌رخستنی ئه‌و ترسنۆکییه‌ی نووسه‌ر، که‌ هه‌موو ڕووداوه‌کانی داوه‌ته‌ پاڵ خه‌یال و ده‌ڵێت: ”که‌سێتیی له‌یلا دوورترین که‌سێتییه‌ له‌ خۆمه‌وه‌.”

ئیرۆتیک

ڕۆمانەکە لە باسە ئیرۆتیکییەکانیدا، ئەگەرچی بوێرانە دواوە، لێ زۆر بە خێرایی بەسەری کردوونەتەوە، لە کاتێکدا لە گه‌یاندنی وێنە ئیرۆتیکەکاندا ڕەنگە وا پێویست بکات ڕۆمانەکە کیسەڵئاسا بڕوا و بایەخ بە وردەکاریی زێدەتر بدات و لە شتگەلێک بدوێ لەو ڕووەوە کە پێشتر کەس بەسەری نەکردبێتەوە، لێ ئەو بەسەرکردنەوە خێرایەی نووسه‌ر له‌م ڕووه‌وه‌ بێزاری لای خوێنەر دروست دەکات، ئه‌گه‌رچی له‌ ورده‌کاریی پەسنی ڕوخسار و جلوبه‌رگی کاره‌کته‌ره‌کانیدا لێهاتوانه‌ مامه‌ڵه‌ی کردووه‌ و باشیان ده‌ناسێنیت.

وه‌رگێڕ

پێشتر ڕۆمانی زیکزیکه‌ی ئه‌حمه‌دی غوڵامیم خویندووەته‌وه،‌ که‌ هه‌مان وه‌رگێڕ وه‌ری گێرابوو. هه‌ر ئه‌وکات درکم به‌ توانایی و لێهاتوویی وه‌رگێڕ کرد. ئه‌وه‌ش وای کرد که‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی دیکه‌ش که‌ مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی وه‌ری گێراون،‌ بخوینمه‌وه‌. ده‌توانم بڵێم هه‌قی ته‌واوی به‌ وه‌رگێرانه‌که‌ی داوه‌ و ڕه‌نگه‌ ڕۆمانه‌که‌ به‌ کوردییش بنووسرابایه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ په‌یامه‌که‌ی ڕوون بوایه‌ و هه‌ر هه‌مان تاموچێژی هه‌ڵگرتبا.