هەر جارە و زاراوەیەک: زاراوەی پێشڕەو/ئاڤانگارد لە موزیک و هونەرەجوانەکاندا

دیدی من

توانا حەمە

 

ڕیشەی ئەم زاراوەیە، بۆ سەدەی حەڤدە لە فەڕەنسا دەگەرێتەوە. ئەو فەرماندەیەی لە پێشی لەشکری سەربازانەوە دەرۆیشت، پێیان دەگووت ”ئاڤانگارد”، کە بە واتای پێشڕەو دەهات. ئەم زاراوەیە زادەی مۆدیرنەیە، ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی لە خودی مۆدیرنە یان مۆدێرنە لە هونەردا بڕوانرێت، دەتوانرێت بە پێشرەو یان ئاڤانگاردی بوون گوزارشتی بۆ بکرێت.

چەمکی ئاڤانگارد

لە نیوەی سەدەی نۆزدەوە هاتووەتە ناو هونەر، بەتایبەت بەو دەستەیە لە هونەرمەندان دەگوترا، کە کارەکانیان لە خزمەت بزاوت و گەشەسەندنی هونەری نوێدا بوون و پێشرەوییان دەکرد. بەوانە دەگوترا ”ئاڤانگارتەکان” یان ”هونەرمەندی ئاڤانگارد”. هەر چەندە وشەکە فەڕەنسییە و گوزارشتە بۆ تاک یان یەک کەس، بەلام لە هونەردا کۆیە و زیاتر بۆ گرووپێک لە هونەرمەندان بەکار دەهێنرێت. ئەم زاراوەیە ڕۆژ دوای ڕۆژ لە ناو کایە هونەری و فەرهەنگییەکاندا زیاتر جێی خۆی گرت و لە لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ ئەکادیمەییەکاندا زیاتر بەکار دەبرا و بایەخی پێ دەدرا.

توانا حەمە

هەر لەهەمان ڕۆژگاردا ئەم زاراوەیە لە ناو کایە سیاسییەکانیشدا گەشەی سەند، پارتە سیاسییە رادیکاڵەکان و بزووتنەوە سۆسیالستی و ئەنارشیستییەکان و گرووپە کودەتاچییەکان بە ئاڤانگارد ناوزەند دەکران. بە پێجەوانەوە، بزووتنەوە ڕاستگەراکان دژی ئەم زاراوەیە دەوەستان و بە گرووپی ئاژاوەگێر ناویان دەبرد. لە هونەریشدا بە هەمان شێوە، جەماوەری قوتابخانە سوننەتی و کلاسیکییەکان دژ بە قوتابخانە نوێ و بزاوتە ئاڤانگاردەکان بوون.

لە موزیکدا ئاڤانگارد بۆ ئەو کەسانە بەکار دەبرا، کە وێڵی ئەزموونی نوێ و دۆزینەوەی نوێ و شکاندنی یاسا کلاسیکییەکان بوون. بە واتایەکی دی، دەتوانرێت بگوترێت موزیکی ئەزموونی لەگەڵ موزیکی ئاڤانگارد لە تەواوی هونەرەجوانەکاندا هاوواتا بوو.

بەکار‌هێنانی زاراوەی ئاڤانگارد لە ئەدەبیاتی موزیکدا بۆ ساڵی ١٨٦٠ دەگەرێتەوە، بەتایبەت لە کارەکانی ڤاگنەر و پەیڕەوانی ئەودا ڕەنگی دەدایەوە. هەر بۆیە لە لایەن ڕەخنەگران و نووسەرانەوە کارەکانی ئەوان بە هونەری ئایندە لە جێی هونەری ئێستا و هاوچەرخ ناودێر دەکرا. تەنانەت ئەم گوزارشتە لە ناو نووسینەکانی شۆمان و خودی ڤاگنەریشدا بەرچاو دەکەون. دواتر لە لێکۆڵینەوە و تیۆرەکانی تیۆرستی ناسراوی ئەڵمانی پیتەر بێرگردا زاراوەی ئاڤانگارد بۆ هونەری ئەو ڕۆژگارە پێشنیار کرا (پیتە بێرگر (١٩٢٥-٢٠١٦)، ئاوازدانەر و ڕابەری ئۆرکێسترای فەڕەنسا بوو، بە یەکیک  لە بناغەدانەرانی شێوازی سوریالیزم  لە موزیکدا هەژمار دەکرێت).

پیتەر بێرگر 

 پیتەر بێرگر

پیتەر بێرگر بە ڕیشەیەکی مێژوویی ئەوەی خستە ڕوو، کە هەمیشە ئەزموونی هونەرمەندان لە دەورانی خۆیاندا، دەبێتە ڕێبەری هونەرمەندانی ئاییندە. جگە لەوە ئەو دەڵێت: “تا هونەرمەندان خۆیان بەدوور بگرن لە خاوەنکارەکانیان، واتە دەربار و کڵێساکان،  زیاتر ئازادانەتر کار بکەن، مرۆڤەکان زیاتر هەستەوەر دەبن بەکارەکانیان. بۆیە هەمیشە هونەرمەندانی ئاڤانگارد مەترسیی ئەوەیان لەسەرە کە وەرگرەکانیان ئامادەگیی ئەزموونی نوێی هونەری ئەویان نەبێت و پێشوازی لە کارەکانیان نەکەن. دەرئەنجام هونەرمەندانی ئاڤانگارد توشی هەستەوەری دەبن و زیاتر دوورەپەرێز دەبن و کەمتر بەشداریی کاییە فەرهەنگییەکان دەکەن.” بێرگر هونەرمەندی ئاڤانگارد بە کەسانی رەخنەگر لە بار و گوزەرانی کۆمەڵایەتی دەناسینیت. ئاڤانگارد باوەڕی هونەرمەند ئەوە پیشان دەدات، کە هونەرمەندی ئاڤانگارد خۆی بەدوور دەگرێ لە کۆمەڵی بورژوا، یاخود بە تەواوەتی لە بۆرژوا دوور دەکەوێتەوە. بۆیە لە بواری ئاوازداناندا، ئاوازدانەری ئاڤانگارد دژی سیستەماتیککردنی موزیک دەوەستنەوە و سیستەمی فەڕمیی فێرکار و تیۆری مەحکوم دەکەن. هەتا ئەو جێگەیەی ئایینە رادیکالەکان وەک بوودی و بزاوتی سوریالیزمیش بە سەرمەشقی کڵێشەسازی دەزانێت. لە دیدگای بێرگروە، ”ئاڤانگارد ئەو کەسەیە کە ڕەخنەگرانە بڕوانێت و نەک خۆی قوتابخانە بسازێنێ، واتە نەهیی لێ بکات، هەرچەندە نەشتوانێ ئەوە بسەلمێنێ”. زۆر جار جیاوازیی هزر لە هونەرمەندانی ئاڤانگاردا دژ بە سیستەماتیککردنی و لەقاڵبدانی هونەر دەگاتە بڕواکانی پیر بولز (پیر بولز (١٩٢٥-٢٠١٦)، ئاوازدانەر و ڕابەری ئۆرکێسترای فەڕەنسا بوو، بە یەکیک  لە بناغەدانەرانی شێوازی سوریالیزم لە موزیکدا هەژمار دەکرێت)، کە لە ساڵی ١٩٦٦دا پێشنیار دەکات و دەڵێت: “پێویستە ئیدی تەواوی تەلار و هۆڵەکانی ئۆپێرا و موزیک دابخرێت.” پاشان لە ساڵی ١٩٨٠دا رای گەیاند ئەو بە تەواوەتی لە گوزارشتی جێگیربوونی موزیک بەدگومانە. لێرەدا دەگەینە ئەو بڕوایەی کە ئاڤانگارد ئەو زاراوەیە کە زادەی مۆدێرنەیە.

پیتەر بێرگر

 پرسیارێک دیتە گۆڕی: لە هونەری موزیکی کوردیدا ئاڤانگاردەکانمان کێن؟ ئایا ئێمە هونەرمەندی ئاڤانگاردمان لە موزیکدا هەیە؟ یاخود ئەم چەمکە بە مانا لاساییکەرەوکەی نا بەڵکو بە مانا پێشکەوتنخواز و سەردەمییەکەی تا هەنووکە لە هونەرەجوانەکانی کورددا بونی نییە؟ وروژاندنی ئەم پرسیارانە و دەیانی دیکە، لە لای موزسیان و هونەرمەندی کورد ئامانج و هۆکاری شیکاریی ئەم زاراوەیە بوو.

پیر بولز

سەرچاوە:

بابک احمدی، موسیقی شناسی فرهنگ تحلیلی مفاهیم، چاپ اول، نشر مرکز، تهران، ١٣٨٩، ١٠٣

گوتارێکی نادر دەوڵەتشاهی لە ماڵپەری پیک ایران