خوێنەر و کتێب: گوزەرێک بە ناو کۆمەڵەچیرۆکی زیندەبەگۆڕی سادقی هیدایەت

دیدی من – خوێنەر و کتێب

کتێب: زیندەبەگۆڕ

نووسەر: سادقی هیدایەت

خوێنەر: ڕوقیە سەیدی

هیدایەت بە نووسەرێکی ڕەشبین ناسراوە، هەناوی زۆربەی نووسینەکانیشی سەرشارە لەو هەستە ڕاستەقینە و ڕوانینە بێهودەییەی بۆ ژیان. وەختێ لەو بارەوە دەنووسێ، ئیدی خوێنەر ناخودئاگا تەسلیمی فەزای نووسینەکە دەبێت، ئەتوانێ بە تەواوی وجودیەوە ئیحساسی بکات. ئاخر هیدایەت تەنیا گێڕەرەوەی حیکایەت نییە، تەنیا دوێنەری کارەکتەرەکان نییە، بەڵکو هەندێک جار خۆی خودی پاڵەوانەکەیە. نووسەرێک بە جورئەتەوە هەرچی فکر و ئەندێشە و خەیاڵی مەرگدۆستی هەیە، دەیکاتە حیکایەت. بۆیە ئێمەش بەو زیندوویی و واقعییەوە دەکەوینە ناو سات بە ساتی ماجەڕاکان.

لە کۆمەڵەچیرۆکی زیندەبەگۆڕدا، فکرەی نووسینەکە بە جۆرێکی ترە، یەک چیرۆکیان نەبێ، کە ئەو هەستی مەرگدۆستیە بەیان دەکات، لە چەند چیرۆکی دواتردا هیدایەت دەیەوێ شتێکی ترمان پێ بڵێت، داستانگەلی ترمان بۆ دەگێڕێتەوە. گەیاندنی پەیام و پیشاندانی شەخسییەتگەلێکی جودا، کەسانی وەلانراو و تەریک و تارنراوەکانی ناو کۆمەڵگە، ئەو کەسانێک دەکاتە پاڵەوان، کە لەسەر تەختی شانۆی ژیان لەبیر کراون لە سووچێکی چۆڵ و دوور لە چاو و پەراوێز خەریکی ژیانن، ژیانێک کە پێی مەحکوومن لە لایەن هاوڕەگەز و هاوخوێنەکانی خۆیان. داستانگەلی دڵ و ناخهەژێن، کارەکتەری ناشیرینکراو و نەفرینلێکراو، کە ئەوەندەی نماییندەی کۆمەڵگەکەیانن، کە کەسانێکی وایان پێ قبووڵ ناکرێ ئەوەندە تەفسیری ژیانی خۆیان ناکەن.هیدایەت دێت داد و ناڵەی ئەوان گلەیی و گازەندەکانیان، دەداتە بەر گوێمان، وێنەیان دەخاتە بەر زەین و ویژدانمان، لە بەرانبەر ئینسانییەتی خۆمان ڕامان دەگرێت.

جوانی و ناشیرینی پێوەریان لای هەر کەسە بە جۆرێکە و حوکمێکی موتڵەق نییە بۆ ئەمە، هەروەک بۆ زۆری تر لە دژەکان هەمان قسە دروستە.

بەڵام هیدایەت پێمان دەڵێ کۆمەڵگە گەر لە زۆر شتدا ڕای جودا و جیاواز هەبێ، لەمەدا بە تەواوی کۆکن، لەوەی کە کەسانێک شیاوییەکی وەها لە ڕوخساریاندا نییە یان بە لایەنی کەمەوە بەگشتی لەوان ناچن، ئیدی دەکەونە بەر تانە و قسەوقسەڵۆکی بێماناو بێسنووریان. لێرەدایە دژی ئەو ئیدعایە دەوەستنەوە کە دەڵێن ئەوەی گرنگە جوان بێ، دڵ و ڕەفتارە، نەک ڕوخسار، بەڵام ئەوە کۆمەڵگەیە ئومێد و ژیان و هەرچی باشییە دەیبەخشێ بەو کەسەی بە پێوەر و یاساکانی ئەوان باش و جوانە، بە پێچەوانەشەوە دونیا لەویدی تەنگوتار دەکات و لێی دەکاتە جەهەننەم. ئەوی زوڵملێکراو تەقاللا دەکات تا هەرچۆنیک بێت لە بازنە گشتییەکە وەدەر نەنرێ، چەندەها ڕێگە و شێواز تاقی دەکاتەوە، بۆ پڕکردنەوی نیازە دەروونییەکانی و ڕۆحییەتی وێرانبووی چەندین ڕێگەی تەنانەت ساختەش دەگرێتە بەر، وەلێ ئیدی بەرگە ناگرێ و وەڕز دەبێ لەو ڕێگە فریودەرانەی گرتویەتیە بەر و بڕوا بەوە دەهێنێ، کە  بەڕاستی جێیەکی لە ژیاندا نییە و تەنیا تەماشاکەرێکی حساب بۆ نەکراوی سیناریۆ ناشیرینەکانی ئینسانە.

کۆمەڵەچیرۆکی زیندەبەگۆڕ پێک هاتووە لە نۆ چیرۆک، بە ناونیشانەکانی زندە بە گور، حاجی مراد، اسیـرفرانسوی، داود گوژپشت، مادلن، آتش پرست، آبجی خانم، مردە خورها و آب زندگی، کە لە ساڵانی ۱۹۲۹ بۆ ۱۹۳٠ لە پاریس و تاران نووسراون..

سادقی هیدایەت ساڵی ۱۹٠۳ لە تاران لەدایک بووە و خوێندنی ناوەندیی لە خانەی هونەر و ئامادەیی سانلۆی فەڕەنسی دەبێت. لە قۆناغی لاویدا سەروکاری لەگەڵ رۆحناسی پەیدا دەکات و هەر لەو سالانەدا کتیبێک دەربارەی سوودەکانی گیاخۆری بڵاو دەکاتەوە. ساڵانی دواتر دەچێتە بەلجیکا و پاشتر لە فەڕەنسا بەشی بیناسازی تەواو دەکات. بەڵام زیاتر سەروکاری لەگەڵ ئەدەبیاتدا دەبێت وهەر لەو سالانەدا لە پاریس و دواتریش لە ئێران بەرهەمە ئەدەبییەکانی لە چوارچێوەی تەنزو ڕەخنەی ئەدەبی و چیرۆک و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان بڵاو دەکاتەوە. لە ساڵی ۱۹٤٨دا و بە پەیامی کافکا دوایین پەیامی خۆی بڵاو دەکاتەوە.

سەرئەنجام هیدایەت ساڵی ١٩٥٠ دووبارە دەگەرێتەوە پاریس و ساڵی ١٩٥١ و لە تەمەنی ٤۸ ساڵیدا، لە ئاپارتمانەکەی کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت.