November 22, 2017

DidiMn Logo

گلگامش، کۆنترین داستانی ئەدەبیی میزۆپۆتامیا

لە لایەن دیدی من 11 months لەمەوبەر

دیدی من – ماڵپه‌ڕی مكتبة عامة

لە عەرەبییەوە: زرار حەمید

گلگامش داستانێکی وڵاتی نێوان دوو ئاوە (میزۆپۆتامیا)، کە بە کۆنترین کاری ئەدەبی دادەنرێت لە جیھاندا. ئەم داستانە لەسەر تاشەقوڕینە نوسراوە و زیاد لە دانەیەکی ھەیە، کە کۆنترینیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان، بەڵام کۆکردنەوەی بە شێوەیەکی تەواو بێ کەموکوڕی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بابلییەکان، کە مێژووی نووسینی دەگەڕێتەوە بۆ ١٢٠٠ ساڵ پێش زایینی و لە لایەن پیاوێکی ئایینیەوە نوسراوە بە ناوی شین ئایقی ئۆنینی.

 داستانەکە باس لە پاشایەکی شاری ئۆرکی سۆمەری دەکات بە ناوی گلگامش، دایکی گلگامش خوداوەندێکی نەمر بوو، باوکیشی پیاوێکی ئاسایی بوو، ئەمەش وای کردبوو کە گلگامش بەشێکی جەستەی کەسێکی ئاسایی بێت و بەشێکی تری خوداوەند. لە سەرەتای چیرۆکەکەدا گلگامش پاشایەکی زۆردارە و گەلەکەی خۆشیان ناوێت.

خەلکی شاری ئۆروک داوایان لە خوداوەند کرد کە گلگامش لەناو بەرێت، خوداوەند ئۆرۆرۆ داواکەی قبووڵ کردن و کەسێکی سەرەتایی دروست کرد بە ناوی ئەنکیدۆ تاکو ڕووبەڕووی گلگامش ببێتەوە.

ئەنکیدۆ کەسێکی سەرەتایی بوو لە دارستاندا دەژیا و لەگەڵ ئاژەڵەکان دەیخوارد و دەیخواردەوە، بە جۆرێک ببووە یەکێک لەوان، ئەنکیدۆ تەڵەی ڕاوچییەکانی پووچەڵ دەکردەوە بۆ پاراستنی ئاژەڵەکان. یەکێک لە ڕاوچییەکان ئەم ھەواڵەی بە گلگامش دا و گلگامش کەنیزەکێکی پەرستگەی عەشتاری نارد بۆ دارستانەکە بە ناوی شمخات، تاکو ئەنکیدۆ فێری ژیان بکات و شارستانی بێت.

شمخارت گەیشتە شوێنەکەی ئەنکیدۆ و لەگەڵی جووت بوو، فێری ژیانی مرۆڤی ئاسایی کرد، لەو ساتەوە ئاژەڵەکان ڕەتیان کردەوە کە چیتر ھاوڕێیەتیی ئەنکیدۆ بکەن، بۆیە ئەنکیدۆ بووە بەشێک لە جیھانی مرۆڤ. دوای ئەم ڕووداوە ئەنکیدۆ گوێبیستی زۆرداریی گلگامش بوو و ھەوڵی دا سنوورێک دابنێت بۆ زۆرداریی گلگامش .

ئەنکیدۆ ڕووی کردە شاری ئۆرک بۆ شەڕکردن لەگەڵ گلگامش، شەڕی نێوانیان بە سەرکەوتنی گلگامش کۆتایی ھات، بەڵام پاش ئەمە بوونە ھاوڕێ و گلگامش داوای لە ئەنکیدۆ کرد ھاوەڵیی بکات بۆ چوونەناو ئەو دارستانەی کە لە مرۆڤ قەدەغە کرابوو، بۆ سەربڕینی پاسەوانی ئەو دارستانە بە ناوی خومبابا، کە ئەویش نیوەی خوداوەند و نیوەی مرۆڤ بوو بۆ بەدەستھێنانی شکۆ و دەسەڵاتی زیاتر.

گلگامش و ئەنکیدۆ ڕوویان کردە دارستانە قەدەغەکراوەکە و لەگەڵ خومبابا جەنگین، توانییان بە یارمەتیی خوداوەندی خۆ، پاشان خومبابایان لەناو برد و داری دارستانە قەدەغەکراوەکانیان بڕی بۆ دروستکردنی دەروازەی پەرستگای خوداوەند ئەنلیل و دروستکردنی بەلەمێک بۆ گەڕانەوە بۆ ئۆرک و لەگەڵ خۆیاندا سەری خۆمبابایان بردەوە.

لە کاتی گەرانەوەیان، عەشتار، خوداوەندی خۆشەویستی، دەکەوێتە داوی عەشقی گلگامش و ھەر لەوێدا داوای ھاوسەرگیری لە گلگامش دەکات، بەڵام گلگامش ڕەتی دەکاتەوە بە ھۆی ئەوەی خواوەند عەشتار لەگەڵ خۆشەویستەکانی پێشووتری مامەڵەی خراپ بووە. عەشتار تووڕە دەبێت و داوا لە باوکی دەکات (خواوەند ئانوو، خواوەندی ئاسمان)، کە تۆڵە لە گلگامش بکاتەوە بە ناردنی گایەکی پیرۆز لە ئاسمانەوە، تاکو گلگامش لەناو بەرێت. خوداوەند ئانو گایەکی دڕندە بە ناوی جوجلانا دەنێرێت، کە کوشتوبڕ دەنێتەوە لە ئۆرک، بەڵام گلگامش و ئەنکیدۆ لەناوی دەبەن.

دوای ئەم ڕووداوانە، خوداکان کۆ دەبنەوە و لەسەر ئەوە ڕێک دەکەون کە تۆڵە لەو دوو ھاوڕێیە (ئەنکیدۆ و گلگامش) بکەنەوە بە ھۆی یاخیبوونیان، بڕیار دەدەن کە سزای ئەنکیدۆ بدەن، لەبەر ئەوەی کە مرۆڤە، بەڵام گلگامش خوێنی خوداوەند لە دەمارەکانیدایە. ئەنکیدۆ نەخۆش دەکەوێت و دەمرێت، ئەم ڕووداوەش گلگامش تووشی خەم و دڵتەنگی دەکات.

پاش مردنی ئەنکیدۆ، گلگامش کەوتە بیرکردنەوە لە چارەنووسی خۆی، کە دەیزانی ئەو وەک خوداکانی تر نەمر نییە، بۆیە بڕیاری دا ئۆتنابشتم بدۆزێتەوە، کە مرۆڤێک بوو نھێنیی ژیانی ناکۆتایی لە لا دەست دەکەوت. ئۆتنابشتم تاکە مرۆڤ بوو کە گەیشتبووە ئاستی نەمری و گلگامش بە ھیوای ئەوە بوو فێری بکات چۆن خۆی لە مردن بپارێزێت.

پاش گەشتێکی دوورودرێژ و پڕ لە کێشە، گلگامش توانیی ئۆتنابشتم بدۆزێتەوە. ئۆتنابشتم بۆ گلگامشی گێرایەوە کە کاتێک خواوەند ئانوو بریاری دا کۆتایی بە مرۆڤ بێنێت لە ڕێگەی زریانێکی بەھێزەوە، بەڵام خواوەندی دانایی، ئیا، پلانی خوداوەندی پووچەڵ کردەوە، کاتێک فەرمانی بە ئۆتنابشتم کرد کە کەشتییەکی گەورە دروست بکات و خێزانەکەی و لە ھەر گیاندارێکی نێر و مێیینە ببات لەگەڵ ڕەگی گیاکان. پاش تەواوبوونی زریانەکە خوداوەند لەو ھەوڵی لەناوبردنی مرۆڤ پەشیمان بووەوە، بۆیە نەمریی بەخشی بە ئۆتنابشتم.

گلگامش داوا لە ئۆتنابشتم دەکات کە نھێنیی نەمریی فێر بکات. ئۆتنابشتم گلگامش دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەک، ئەویش ئەوەیە کە بۆ ماوەی ھەفتەیەک نەخەوێت و بەئاگا بێت. گەر توانیی ئەمە ئەنجام بدات، ئەوە دەبێتە نەمر. بەڵام گلگامش شکست دێنێت، ھەر لەوێدا ئۆتنابشتم داوا لە گلگامش دەکات بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێی ھاتووە. پێش ڕۆیشتنی گلگامش، خێزانی ئۆتنابشتم داوا لە ئۆتنابشتم دەکات و بەوە ڕازی دەکات کە شوێنی ڕووەکی ئەفسووناوی بە گلگامش بڵێت، ئەو ڕووەکەی کە لاوێتی دەگەڕێنێتەوە.

گلگامش ڕووەکەکە دەدۆزێتەوە و بڕیار دەدات کاتی گەرانەوەی بۆ ئۆروک لەسەر پیرەپیاوێک تاقی بکاتەوە، بەڵام لە ڕێگە مارێک ڕووەکەکە دەدزێت و دەیخوات و ھەر لەوێدا مارەکە پێستەکەی تازە دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە تەمەنی لاوی. ھەر لەوێدا گلگامش دەست دەکات بە گریان بۆ بەدبەختیی خۆی و بۆ ھەوڵی لەدەستچووی و ماندووبونی لەخۆڕایی. بە بێزاری ڕوو لە مەیخانەیەک دەکات و باسەکە بۆ خاوەن مەیخانەکە دەگێرێتەوە، خاوەنی مەیخانەکە پێی دەڵێت: ”گلگامش بێزار مەبە، خوداوەندەکان کاتێک مرۆڤیان دروست کرد مردنیان کردە چارەنووسی و نەمرییان بۆ خۆیان ھەڵبژارد.” دوای ئەمە گلگامش بە دەستی بەتاڵ و بە خەمباری دەگەڕێتەوە بۆ ئۆرک.

کاتێک گلگامش گەڕایەوە بۆ ئۆروک، تەماشایەکی شارە گەورەکەی و ئەو شوورایەی دەوری شارەکەی دەکات، کە خۆی دروستی کردووە. بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر فەرمانڕەوایەکی باش بێت بۆ خەڵکەکەی و شارەکەی، ئەوا ناوەکەی بە نەمری دەمێنێتەوە.

لەکۆتایی داستانەکەدا گلگامش دەمرێت و ھەموو خەڵکی ئۆروک بۆ مردنی خەمبار دەبن و دەزانن کە فەرمانڕەوایەکی وەک گلگامش باش و لێھاتوو، ھەرگیز جارێکی تر فەرمانڕەواییان ناکات، هەروەها بەراستی ناوی گلگامش تاکو ئەمڕۆ بە نەمری ماوەتەوە .

Gilgamesh, Zrar Hamid,