خوێنەر و کتێب: دەتەوێت ببیتە خوێنەر و بینەر و دەرهێنەری نماییشنامەیەک؟

دیدی من – خوێنەر و کتێب

کتێب: دکتۆرا

نووسەر: برانسیلاڤ نوشیچ

خوێنەر: بەرهەم ئەنوەر

لە ساڵی ١٩٣٦دا، نوسەری یۆگسلاڤی برانسیلاڤ نوشیچ کۆمیدیای دکتۆرا دەنوسێت، منیش دوای ٨٠ ساڵ و بۆ دووەمین جار و وەک یەکەمین کتێبی ساڵی نوێ، شانۆنامەکە دەخوێنمەوە. هەڵبەت لەو جۆرە شانۆییانەیە، کە خوێندنەوەیان نەک ماندووکەر نییە، بەڵکو چێژبەخشیشە.

جەنگ و دەرئەنجامەکانی، چەندە مایەی ماڵوێرانییە بۆ چینێک، هێندەیش سەرچاوەی ژیان و خۆشگوزەرانیی گرووپێکە. لە سەردەمێکدا کە هێشتا ئەورووپا بە دەست وێرانکارییەکانی یەکەم جەنگی جیهانییەوە دەناڵێنێت و دەنگۆی بەرپابوونی دووەم جەنگی جیهانییش وەک با دەگاتە گشت جێیەک، ڕێی تێدەچێت هەندێک هەلپەرست دۆخی دۆزەخیی وڵات بەکار بهێنن بۆ بەرژەوەندی ئابووریی خۆیان. ناکرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ زەمەنی نوسینی ئەم دەقە، قسە لەسەر جەوهەری شانۆنامەکە بکەین، نەک لەبەر ئەوەی دەقێکە لەبارەی جەنگەوە نوسراوە، هەرگیز، بەڵکو لەبەر ئەوەی فەزای دوای جەنگ هەوێن و دروستکەری ئەم چیرۆکانەیە.

شانۆییەکە چیرۆکی بۆرژوازێکی تازە هەڵکەوتووی نێو سیستەمێکی گەندەڵ و دوور لە یاسا دەگێڕێتەوە. سیستەمێک بە هۆی ناجێگیریی دۆخی سیاسی و ئەمنی، لە قەیرانی قووڵدایە و تەژییە لە بۆشایی یاسایی. کاکی بۆرژوازی هەلپەرستیش (جیفوتا تسفیوفتش) ئەم بۆشاییە یاساییانە بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی خۆی بەکار دێنێت. ئامانجی سەرەکیی جیفوتا تسفیوفتش گەیشتنە بە دەسەڵات و نزیکییە لە وەزیران و فەرمانڕەوا باڵاکان. بەم شێوەیە…

جیفوتا تسفیوفتش بیر لەوە دەکاتەوە دکتۆرانامەیەکی فەلسەفی بۆ کوڕە نەزان و هیچلەباردانەبووە تاقانەکەی (میلاراد) بەدەست بهێنێت. بە ناوی خوێندنەوە (لە ڕاستیدا بۆ سەفا و گەڕان) کوڕەکەی دەنێرێتە دەرەوەی وڵات، هەمان کات کوڕێکی زیرەک و هەژار (فیلیمیر) پەیدا دەکات و بە ساختە هەمان ناو و نازناوی کوڕەکەی خۆی بۆ دروست دەکات و بۆ بە دەستهێنانی بڕوانامە دەینێرێتە دەرەوە. واتە فیلیمیر بە ناوی میلارادەوە و لە جێی ئەو دەخوێنێ!

برانسیلاڤ نوشیچ

بۆ جیفوتا تسفیوفتش ئامانجی سەرەکیی ئەم بڕوانمە ساختەیە (دکتۆرا لە بواری فەلسەفە) بۆ ئەوەیە کوڕەکەی (میلاراد) بە ساختە، بکاتە زانا و ببێتە مامۆستای زانکۆ، تا بەو هۆیەوە بیانووی داخوازیکردنی کچی وەزیرانی هەبێت. کە دەبیستن هێڵێکی شەمەندەفەر لێ دەدرێت، ڕاستەوخۆ، دەنێرنە خوازبێنی کچی وەزیری سکەی قیتاران، تا لە بەرانبەردا چەند هەزار مەترێک هێڵی شەمەندەفەر (وەک جیازی) وەربگرن و بکرێت بە ناویانەوە! بەڵام بێئاگان لەوەی فیلیمیر، کە بە ناوی کوڕەکەی ئەمانەوە لە دەرەوەی وڵات خوێندویەتی و بڕوانامەی بۆ هێناونەتەوە، ئێستا ژنی هێناوە و منداڵێکیشی لێ هەیە. واتە بەڕێز جیفوتا تسفیوفتش ئێستا بووەتە باپیرە. میلارادی کوڕیشی، تەنیا بە ناو، ژنێک (کلارا)ی فریبۆرگی هەیە و بووەتە باوکی بیبیکی چوار ساڵان!

بابەتی چیرۆک لەم شانۆیەدا بە ڕادەیەک سەرنجڕاکێشە، نادیدەگرتنی ئەستەمە. دڵی ئەم نماییشنامەیە، چیرۆکە، بەڵام جوانییەکەی لەوەدایە وەزیفەی چیرۆک (وەک ژانرێکی سەربەخۆ) ونە و ئەو ئەرکە بە شانۆ بەخشراوە. لەگەڵ ئەوەیشدا هێڵی درامیی شانۆییەکە لە هەڵکشانێکی لەسەرخۆ و بەردەوامدایە و لە لوتکەی ڕووداوەکاندا ئەوەی جیفوتا تسفیوفتش بە ساختە بونیادی ناوە، دەڕمێت.

ئەم نماییشە بە ئەندازەی ئەوەی کۆمیدییە، ڕەخنەییە. لێدانە لە وەهمی باوکسالاری و داماڵینی ماسکی بۆرژواکانە. خستنەڕووی ئەو ناشرینی و سوکایەتییەیە، کە بەرانبەر بەها پیرۆزەکان دەکرێت؛ جیفوتا تسفیوفتش وەک نوێنەری سەرمایەداری گاڵتەی بە فەلسەفە و خوێندن دێت. فیلیمیر وەک نوێنەری زانستخوازان، لە بەردەم پارەدا چۆک دادەدات. کلارا لەپێناو ساماندا خۆشەویستی و هاوسەرگیری دەکات، تەنانەت منداڵیشی دەبێت. ئەم نماییشە زۆر هونەرمەندانە تەمی پێش چاومان ڕادەماڵێت و گەندەڵیی یاسایی و کۆمەڵایەتی و خێزانیمان پێشان دەدات. لێرەدا هیچ کەسایەتییەکی پاک و ئازا و بێگوناه نییە. هەموان لە دۆخی تایبەتیدا هەلپەرست و تەماحکارن. هەموان کەم و زۆر هەڵگری ئەو خەسڵەتە ناشیرینانەن کە فەزای قێزەونی جەنگ بەسەر کۆمەڵگاکاندا دەیسەپێنێ! هەر ئەمەیش شانازیی شانۆی ڕیالیزمە.

شانۆیی دكتۆرا

لایەنێکی دیکەی داهێنەرانە لەم شانۆنامەیە چوارپەردەییەدا، دوانەی کارەکتەرسازی/دیالۆگە. لێهاتوویی نوشیچ لەوەدایە گونجاندنێکی سەرنجڕاکێش لەنێوان پاراستنی تایبەتمەندی کەسایەتییەکان و دیالۆگی نێوانیان، بۆ بەرەوپێشچوونی ڕووداوەکان، دروست دەکات. ئێمە لە ڕێی دیالۆگە پوخت و مانادارەکانەوە بە سروشتی کارەکتەرەکان  ئاشنا دەبین، هەر ئەمیش چیرۆک بەرەو پێش دەبات. لە ڕاستیدا هەر ئەم تەکنیکەیشە، شانۆ وەک ژانر لە چیرۆک و حیکایەت جیا دەکاتەوە.

سەیرە، دەتوانیت، دەکرێت لە کاتی خوێندنەوەی دەقەکەدا، بەدەم پێکەنینەوە، نماییشەکەی لە خەیاڵتدا بەرجەستە بکەیت! ئەم تایبەتمەندییە شانۆنامەکەت لا دڵگیرتر دەکات و زیادتر وابەستەی چیرۆک و دیالۆگ و کەسایەتییەکانت دەکات. بیهێنە پێش چاوت، تۆ بە نماییشێک پێدەکەنیت کە (بە هۆی دەقێکەوە) لە خەیاڵی خۆتدا ڕوو دەدات! تۆ چیتر تەنها خوێنەرێکی ئاسایی نیت، بەڵکو دەرهێنەر و بینەری شانۆییەکەیشیت. ئەم لێهاتووییەی خۆت دڵخۆشت دەکات. هەڵبەت ئەمەیش لە توانایی و هێزی نووسەر و تۆکمەیی دەقەوە سەرچاوە دەگرێت.