November 25, 2017
DidiMn Logo

ئەفسانەی سیزیف

لە لایەن دیدی من 11 months لەمەوبەر

دیدی من

ئەلبێر کامۆ
وەرگێڕانی: ئەکبەر حەسەن

 

خواوەندەکان سیزیفیان مەحکوم کرد بێبڕانەوە گاشەبەردێک بۆ سەر لوتکەی چیایەک سەربخات. وەختێک سیزیف بەردەکەی سەردەخست، بەردەکە بە هۆی قورسییەکەیەوە بەردەبووەوە بۆ خوارەوە. بەم جۆرە، خواوەندەکان باوەڕیان وابوو هیچ سزایەک ئەوەندەی بەردەوام ئەنجامدانی کارێکی بێمانا و بێهیوا تۆقێنەر نییە.

ئەگەر باوەڕ بە قسەکانی هۆمیرۆس بکەین، هیچ مرۆڤێک بە ڕادەی سیزیف دانا و عاقڵ نەبووە. بەپێی چیرۆکێکی تر، سیزیف حەزی لە ڕێگری بووە. من هیچ ناودژییەک لەمەدا نابینمەوە. بۆچوونەکان لەسەر هۆی کارەکەی سیزیف لە جیهانی خوارەوەدا (underworld) جیاوازن. یەکەم هۆی لۆمەکردنی سیزیف، گاڵتەکردنی بوو بە خواوەندەکان و نهێنییەکانی  لێ دزین. دەوترێت ژوپیتەر ئیجینی کچی ئیسوبوسی ڕفاندووە. باوکەکە لەم ڕفاندنە زۆر دڵگران بووە و لای سیزیف سکاڵای کردووە. سیزیف کە ئاگاداری ڕفاندنەکە بوو، پێنشیازی بۆ باوکە کرد تا یارمەتیی بدات بە مەرجی ئەوەی ئاو بگەیەنێتە قەڵای کورنتوس. ئەمەش مانای ئەوەیە سیزیف ئاوی بەسەر هەورەگرمەی ئاسماندا پەسەند کردووە. هەر لەبەر ئەمەش خواوەندەکان سزایان داوە و ناردوویانە بۆ  جیهانی خوارەوە. هۆمیرۆس ئەوەشمان پێ دەڵێت کە سیزیف مەرگی کۆتوبەند کردووە. پلوتۆش بەرگەی دیمەنی ئیمپراتۆریەتە بێدەنگ و چۆڵوهۆڵەکەی نەگرتووە، تووڕە بووە و خواوەندی جەنگی ناردووە. خواوەندی جەنگیش مەرگی لە چنگی سیزیف ڕزگار کردووە.

هەروەها ئەوەش دەوترێت کاتێک سیزیف لە مەرگ نزیک بووەتەوە، ویستوویەتی ڕادەی خۆشەویستیی هاوسەرەکەی تاقی بکاتەوە. فەرمانی بە هاوسەرەکەی کردووە لاشە نەنێژراوەکەی لە ناوەڕاستی گۆڕەپانە گشتییەکە فڕێ بدات. بەم شێوەیە، کاتێک سیزیف بەئاگا دێتەوە، خۆی لە جیهانی خوارەوەدا دەبینێتەوە. ئەوەی کە زۆر سیزیف بێزار دەکات، ئەو گوێڕایەڵییەیە کە لەگەڵ خۆشەویستیی مرۆییدا ناتەبایە. لەبەر ئەوەش داوای مۆڵەت لە پلوتۆ دەکات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سەر زەوی و هاوسەرەکەی سزا بدات. بەڵام کاتێک گەڕایەوە و سەرلەنوێ ڕوخساری جیهانی بینییەوە، چێژی لە ئاو و هەتاو، گەرمیی بەردەکان و دەریاکان وەرگرت، نەیویست جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ تاریکیی دۆزەخ. سیزیف گوێی بە بانگکردن و ئاماژەکانی تووڕەیی و ئاگادارکردنەوەکان نەدا. ساڵانێک ڕووبەڕووی لەنجەی کەنداوەکان، درەوشانەوەی دەریا و زەردەخەنەی زەوی ژیا. دەبوو خواوەندەکان بڕیارێک بدەن. عەتارد (خواوەندی پەیام)یان ناردە گیانی. عەتاردیش یەخەی ئەم بوونەوەرەی گرت، لە خۆشییەکانی دای بڕی و بە زۆری زۆرداری گێڕایەوە جیهانی خوارەوە کە لەوێدا گاشەبەردەکە چاوەڕێی بوو. ڕقەبەرایەتیکردنی خواوەندەکان، ڕقبوونەوەی لە مەرگ و پەرۆشیی بۆ ژیان بوونە هۆی ئەو ئازارە تۆقێنەرەی کە هەموو بوونی لەپێناوی هیچدا تەرخان بکات. ئەمەیە ئەو باجەی کە دەبێت لە بەرامبەر پەرۆشبوون بۆ ئەم زەوییەدا بیدەین.

بە ڕاستی تێدەگەین سیزیف پاڵەوانی ئەبسێردە، چ لە میانەی پەرۆشییەکانی و چ لە میانەی ئازارەکانیەوە. هیچ کەسێک لە جیهانی خوارەوەدا باسی سیزیفمان بۆ ناکات. ئەفسانەکان بۆیە دروست بوون، تا هەناسەیەک بە خەیاڵ بدەن. سەبارەت بەم ئەفسانەیە، مرۆڤ تەقەلای جەستەیەک دەبینێت کە گاشەبەردێک تا سەرەوە دەبات، بەڵام لە سەرەوە خلۆر دەبێتەوە، دووبارە و چەندبارە هەمان گاشەبەرد سەردەخات و دیسانەوە لە سەرەوە خلۆر دەبێتەوە. مرۆڤ ئەو ڕوخسارە گرژە، ڕوومەتی نووساوی بە گاشەبەردەکەوە، ئەو شان و ملەی گاشەبەردە تەپوتۆزاوییەکەی هەڵگرتووە، ئەو پێیانەی بوون بە کۆڵەکە بۆی، دەستپێکردنەوەیەکی نوێ بە دوو دەستی درێژکراوەوە، دوو دەستی مرۆیی کە خۆڵاوی بوون، دەبینێت. لە کۆتایی تەقەلایەکی دوورودرێژدا کە فەزایەکی بێ ئاسمان و زەمەنێکی بێ قووڵایی دەیپێون، سیزیف دەگاتە ئامانجەکە. لەوێدا دەبینێت گاشەبەردەکە لە چەند ساتێکی دیاریکراودا بەرەو جیهانی خوارەوە خلۆر دەبێتەوە کە دەبێت جارێکی تر لێیەوە بەرەو لوتکە سەری بخاتەوە. جارێکی تر دێتە خوارەوە بۆ پێدەشتەکە.

گرنگیی سیزیف بۆ من لە میانەی ئەم گەڕانەوە و کورتەئێستکردنەدایە. ئەو ڕوخسارەی کە زۆر نزیکە لە گاشەبەردەکە و ئازار دەچێژێت، هەمان گاشەبەردەکەیە. وێنای ئەو مرۆڤە دەکەم کە بە هەنگاوی قورس، بەڵام ڕێکوپێک بەرەو ئەشکەنجە بێکۆتاییەکە دێتە خوارەوە. ئەو ساتەی کە لە وچان دەچێت و بێگومان لەگەڵ گەڕانەوەی ئەشکەنجەکەدا دەگەڕێتەوە، ساتی هۆشیاربوونەوەیە. چونکە هەر ساتێک لەو ساتانە کە لوتکەکە جێ دەهێڵێت و بەرەو پەناگەی خواوەندەکان دێتە خوارەوە، لە چارەنووسی خۆی باڵاترە، لە گاشەبەردەکەی بەهێزترە.

بەم جۆرە، ئەگەر ئەم ئەفسانەیە تراژیک بێت، ئەوا لەبەر ئەوەیە کە پاڵەوانەکەی هۆشیارە پێی. ئەشکەنجەکە چ مانایەکی هەیە ئەگەر سیزیف لە هەر هەنگاوێکدا هیوای بە سەرکەوتن نەبێت؟ کرێکار ئەمڕۆ و سەرجەم ڕۆژەکانی تری ژیانی هەمان کار دەکات. چارەنووسی کرێکارەکە کەمئەبسێردتر نییە. ئەم چارەنووسە تەنها ئەو کاتە دەبێت بە چارەنووسێکی تراژیک کە کرێکارەکە هۆشیار بێت پێی. بەم شێوەیە، سیزیفی پرۆلیتاریای خواوەندەکان، سیزیفی بێدەسەڵات و یاخی، هۆشیارە بەوەی تا چەند بارودۆخی نالەبارە: لە کاتی هاتنەخوارەوەیدا بیر لەم بارودۆخەی دەکاتەوە. ئەو ڕۆشناییەی کە مایەی ئەشکەنجەکەیەتی، لە هەمان کاتدا تاجی سەرکەوتنەکەیەتی. هیچ چارەنووسێک نییە ڕقلێبوونەوە تێی نەپەڕێنێت.

ئەگەر هەندێک جار هاتنەخوارەوە مایەی داخ و پەژارە بێت، ئەوا دەشێت هەندێک جاری تر مایەی چێژ بێت. ئەم وشەیە زۆر نییە. وێنای ئەوە دەکەم جارێکی تر سیزیف دێتە خوارەوە بۆ گاشەبەردەکەی و پەژارەکە لە سەرەتادایە. چونکە کاتێک وێنای زەوی بە تەواوەتی بە یادەوەرییەوە نووساوە، کاتێک بانگی بەختەوەری زۆر پێداگیر دەبێت، دەشێت ئەو کاتە نیگەرانی لە دڵی مرۆڤەوە سەرچاوە بگرێت: ئەو کاتە گاشەبەردەکە سەرکەوتن بە دەست دەهێنێت، خودی گاشەبەردەکە خۆیەتی، ئەم نیگەرانییە هەمان گاشەبەردەکەیە. ئەو نیگەرانییەی کە سنووری نییە، لەوە قورسترە هەڵبگیرێت. ئەمەیە شەوە سەختەکانمان (Gethsemane)٭. بەڵام حەقیقەتە کوشندەکان، هەر ئەوەندەی کە ناسران، ئیتر لەناو دەچن. بەم شێوەیە، ئۆدیپ لە سەرەتادا ملکەچی چارەنووس دەبێت بەبێ ئەوەی پێی بزانێت. بەڵام ئەو کاتەی بە چارەنووس دەزانێت، تراژیدیاکەی دەست پێ دەکات. بەڵام لە هەمان کاتدا کە کوێر و بێهیوایە، دەزانێت تاقە پەیوەستی کە دەیبەسێتەوە بە جیهانەوە، دەستی ساردی کیژێکە. لێرەدا تێبینییەکی بەرچاو دێتە پێشەوە: “سەرەڕای هەموو ئەم ئازارانە و بەساڵاچوونم، جوامێریی ڕۆحم وام لێ دەکات ئەنجامگیریی ئەوە بکەم هەموو شتێک لە جێی خۆیدایە.” بەم شێوەیە، ئۆدیپ (ی سۆفۆکلیس) هەروەک کێریلیۆڤ (ی دۆستۆیڤسکی) ڕاچێتەی سەرکەوتنی ئەبسێرد دەخاتە ڕوو. بەم جۆرە، حیکمەتی دێرین پەیوەست دەبێت بە پاڵەوانی مۆدێرنەوە.

مرۆڤ ناتوانێت ئەبسێرد بدۆزێتەوە بەبێ فریوخواردن بۆ نووسینی ڕێبەرێک لەبارەی بەختەوەرییەوە. “پاشان چی؟ لەمیانەی ڕێگه‌یەکی ئاوا بەرتەسکەوە؟” بەڵام تەنها یەک جیهان هەیە. بەختەوەری و ئەبسێرد دوو ڕووی یەک دراون و لە یەک جیا نابنەوە. لەبەر ئەوە، هەڵەیە ئەگەر بڵێین بەختەوەری بە پێویست لە دۆزینەوەی ئەبسێردەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام دەشێت ئەوەش ڕوو بدات هەستی ئەبسێرد لە بەختەوەرییەوە سەرچاوە بگرێت. ئۆدیپ دەڵێت “من باوەڕم وایە هەموو شتێک باشە.” ئەم دەستەواژەیە دەستەواژەیەکی پیرۆزە و لە جیهانی توندوتیژ و سنوورداری مرۆڤدا دووبارە دەکرێتەوە، فێرمان دەکات هیشتا هەموو شتێک لە دەست نەچووە. خواوەندێک لەم جیهانە دەکاتە دەرەوە کە ناڕەزامەندی و چێژی ئازارە ئەبسێردەکانی هێناوەتە ناویەوە. چارەنووس دەکات بە مەسەلەیەکی مرۆڤانە کە دەبێت لە نێوان مرۆڤاندا یەکلایی بکرێتەوە.

کۆی بەختەوەرییە بێدەنگەکەی سیزیف لێرەدایە. ئەو خاوەنی چارەنووسی خۆیەتی. گاشەبەردەکە هیی خۆیەتی. مەسەلەکە بۆ مرۆڤی ئەبسێرد بە هەمان شێوەیە. کاتێک سەیری ئەشکەنجەی خۆی دەکات، هەموو بتەکان بێدەنگ دەکات. لە گەردوونێکدا کە کوتوپڕ گەڕاوەتەوە بۆ بێدەنگیی خۆی، هەزاران دەنگی بچووکی پرسیارکەر سەرهەڵدەدەن. بانگی نائاگاییانە و شاراوە، بانگهێشتکردن لە هەموو ڕوخسارەکانەوە هەڵگەڕانەوەی پێویست و باجی سەرکەوتنن. هیچ هەتاوێک نییە بەبێ سێبەر، پێویستە ئاشنای شەو بین. مرۆڤی ئەبسێرد بە بەڵێ وەڵام دەداتەوە و تەقەلاکانی ناوەستن. چونکە ئەگەر چارەنووسێکی شەخسی هەبێت، ئەوا قەدەرێکی باڵا نییە. ئەوپەڕی تەنها یەک قەدەری باڵا هەیە کە حەتمی و قێزەونە (مەرگ). لەمە بترازێت، مرۆڤ سەروه‌ری ڕۆژگاری خۆیەتی. ئا لەو ساتە دیاریکراوەدا کاتێک مرۆڤ سەیری ژیانی ڕابوردووی دەکات، سیزیف کە گەڕاوەتەوە بۆ لای گاشەبەردەکەی، لەو زنجیرە کردارە پێکەوەنەبەسراوانە ڕادەمێنێت کە بوون بە چارەنووسی، چارەنووسێک کە خۆی دروستی کردووە، لە یادەوەریدا پێکەوە بەسراون و بە مردن کۆتاییان دێت. بەم شێوەیە، کە باوەڕی بە بنچینە مرۆییەکانی هەر شتێکی مرۆییانە هەیە، وەک ئەو نابینایەی کە دەیەوێت ببینێت و لە هەمان کاتدا دەشزانێت شەو کۆتایی نایەت، درێژە بە ڕەوتەکەی خۆی دەدات، گاشەبەردەکە هێشتا خلۆر دەبێتەوە.

سیزیف لە دامێنی چیاکەدا بەجێ دەهێڵم. هەمیشە بارە قورسەکەی مرۆڤ دەبینین. سیزیف ئەمانەتە باڵاکەمان فێر دەکات: خواوەندەکان ڕەت دەکاتەوە و گاشەبەردەکە هەڵدەگرێت. باوەڕیشی بەوەیە هەموو شتێک لە جێی خۆیدایە. ئەو جیهانەی ئیتر بێ سەرگەورەیە، بە لای ئەوەوە نە بێکەڵکە و نە بێمانایە. هەر گەردێکی ئەو گاشەبەردە، هەر پارچەکانزایەکی ئەو چیایە کە شەو باڵی بەسەردا کێشاوە، خۆی لە خۆیدا جیهانێکە. کۆششکردن بۆ گەشتن بە ترۆپکی چیاکە بەسە بۆ ئەوەی دڵی مرۆڤ پڕ بکاتەوە. دەبێت سیزیف وەک مرۆڤێکی بەختەوەر وێنا بکەین.

 

٭ گەتسێمانێ – Gethsemane: لە دەقە ئینگلیزییەکەدا نووسراوە (Gethsemane)، باخێکە لە دامێنی چیای ئۆلیڤ لە ئۆرشەلیم. بەپێی گێڕانەوەی گۆسپێڵ، مەسیح و هاوڕێکانی بۆ دواهەمین جار ئێوارەخوانی خواییان تێدا کرد.

سەرنج: بۆ وەرگێڕانی ئەم گوتارە پشتم بە وەرگێڕانەکەی ئەنیس زەکی بەستووە، کە لە ماڵپەڕی ئەلمەعابیر بڵاو کراوەتەوە. پاشان سوودم لە وەرگێڕانەکەی عەبدولمونعیم ئەلحەنەفی  و وەرگێڕانە ئینگلیزییەکە وه‌رگرتووه‌. (وەرگێڕ)

 

ئه‌م گوتاره‌ له‌ هه‌فته‌نامه‌ی چاودێر، ژماره‌ ٤٤٤ (پاشکۆی ڕوانگه و ڕه‌خنه‌، ژماره‌ ١٧٦) له‌ ڕۆژی ١١/١١/٢٠١٣ بڵاو بووه‌ته‌وه‌

Akbar Hasan, Albert Camus, The Myth Of Sisyphus,