خوێندکارێکی زانکۆی سلێمانی بە گۆڕینی ناوی کۆلێجەکەی ناڕەزایەتیی خۆی دەردەبڕێت

دیدی منلاوک ئەبوبەکر

College of Fine Arts“، ئەو دێڕەیە کە لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە، بە تابلۆی ناونیشانی کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانییەوە هەڵواسراوە، بەڵام لە ڕۆژی ١٦\١\٢٠١٧، لە لایەن خوێندکارێکی کۆلێجەکەوە، بۆ ماوەی بیست خولەک گۆڕدرا بۆ “College of Fuck Arts“.

بینای كۆلێجی هونه‌ر له‌ زانكۆی سلێمانی
فۆتۆ: ئه‌حمه‌د ئه‌ی. غه‌ریب

چیا جەمال، خوێندکاری بەشی موزیکە لە کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی و بە گوتەی خۆی، دوای هەستکردن بە “دۆخی خراپی ژیانی زانکۆیی لە زانکۆی سلێمانی بەگشتی و سیستمی بەڕێوەبردن و مامەڵەکردنی کۆلێجەکەی بەتایبەتی”، ئەو ناڕەزایەتییەی دەربڕیوە.

چیا لە وەرزی خوێندنی ئەمساڵی ٢٠١٦-٢٠١٧دا، خوێندکاری قۆناغی دووەمە؛ بۆ دیدی من باسی لە یەکەم ساڵی خوێندنی لە زانکۆی سلێمانی کرد، کە هۆکار بووە بۆ ئەم ناڕەزاییدەربڕینەی: “خوێندکار کاتێک دێتە زانکۆ، کۆمەڵێک هیوا و ئومێدی زۆری هەیە و زانکۆ بەو ڕووبەرە دەزانێت کە ئەو هیوا و ئومێدانەی تێدا پەخش بکات، بەڵام بە داخەوە لێرە وا نییە؛ ژینگەی زانکۆ بەگشتی و سیستمی بەڕێوەبردن و چۆنێتیی مامەڵەکردنی کۆلێجەکەم، وایان کرد کە هەموو ئەو هیوا و ئومێدانە هەر زوو نەمێنن. هەر بۆیە لەدوای کۆتاییهاتنی یەکەم وەرزی خوێندنم لە زانکۆی سلێمانی، پلانم بۆ کۆمەڵێک چالاکیی ڕەخنەیی دانا، کە لە کۆلێجەکەم ئەنجامیان بدەم. یەکەم چالاکییشم ئەم ناڕەزاییدەربڕینە بوو.”

دەربارەی سیستمی بەڕێوەبردن و چۆنێتیی مامەڵەکردنی کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی لەگەڵ خوێندکارانیدا، کە هۆکارێکی سەرەکیی ترە بۆ ناڕەزاییدەربڕینەکەی، چیا گوتی: “لە کۆلێجی هونەردا دژایەتیکردن و ناکۆکییەکی قووڵ لەنێوان مامۆستاکاندا هەن، کە کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر خوێندکارانی کۆلێجەکە، تەنانەت هەندێک لە ناکۆکییەکان کەسین و لەسەر کۆمەڵێک شتی زۆر سەرەتایین. لەلایەکی ترەوە، زۆرینەی مامۆستاکان بیروڕایان لەگەڵ شێوازە هونەرییە کلاسیک و کۆنەکان دێتەوە، بەڵام خوێندکاران خوازیاری شێوازی نوێن و دەیانەوێت کارەکانیان بەو جۆرە بێت، ئەمەش وای کردووە کە زۆرینەی کاری خوێندکاران بوەستێت. هەروەها مامۆستایان بە چاوێکی کەم سەیری خوێندکاران دەکەن، بەتایبەت ئەو خوێندکارانەی لە قۆناغی پێشوودا خوێندکاری پەیمانگە و سەندیکا هونەرییەکان بوون. تەنانەت خودی خۆم، کە خوێندکاری بەشی موزیکم و ژەنیاری ئامێری گیتارم، تا ئێستا بەشەکەم مامۆستای پسپۆڕی ئامێری گیتاری تێدا نییە و لە کاتی داواکردنی سەرپەرشتیارێکدا بۆ پڕۆڤەکردنم، بە ‘بڕۆ خۆت تەمرین بکە’ وەڵامیان دامەوە. لەگەڵ هەبوونی دنیایەک کێشەی تر.”

هەموو ئەمانە، وایان لە چیا کردووە کە پلانی کۆمەڵێک چالاکی دابنێت و پێیان لە بەرانبەر ئەو دۆخەدا بوەستێت: “دوای هەستکردن بەم دۆخە، هەستام بە دابەشکردنی چەند لاپەڕەیەکی بەتاڵ بەسەر خوێندکاران و مامۆستایانی کۆلێجی هونەردا، کە لەگەڵیدا بە هەر یەکێکیانم دەگوت ‘دەربارەی دۆخی ژیانی زانکۆییت لە کۆلێجەکەت، ئەو ئامانجانەی بۆی هاتوویەتەتە زانکۆ و کۆلێجی هونەر و ئەو ڕەخنە و ڕا و سەرنجانەی هەتە، لێرەدا بینووسە’. دواتر بە تەماشاکردنی نووسینەکان، سەرەڕای هەبوونی کۆمەڵێک ڕای ئەرێنی، زیاتر هەستم بەوە کرد کە دۆخی ژیانی زانکۆیی و سیستمی بەڕێوەبردن و مامەڵەکردنی کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی لەگەڵ خوێندکارانیدا، لە چ دۆخێکی خراپدایە. هەر بۆیە بەو نووسینانە، تابلۆیەکم دروست کرد و تێیدا وشەی “Fuck”ی زمانی ئینگلیزیم نووسی. بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت و بە هەڵزنان بەسەر دیوار و پەنجەرەکانی کۆلێجدا، خۆم گەیاندە تابلۆی ناونیشانی کۆلێجی هونەر و تابلۆکەم لە شوێنی وشەی “Fine”ی ئینگلیزی دانا.”

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا چالاکییەکی وا دەچێتە خانەی هونەرەوە، هەروەها ئایا بەکارهێنانی وشەیەکی دوور لە دابونەریتی کۆمەڵایەتیی زانکۆ و کۆمەڵگەی باشووری کوردستان کارێکی دروستە، چیا گوتی: “ئەوەی بۆ من گرنگە، شۆککردن و وەستاندنی خوێندکارە لە بەرانبەر ئەو دۆخەی کە هەیە، نەک ئەوەی ئەم چالاکییە هونەر بێت یان نا؛ هیچ بۆم گرنگ نییە. ئەوەی بۆم گرنگە، هەبوونی ئازادیی ڕادەبربڕین و ناڕەزاییدەربڕینە لەو دۆخەی کە من لەجیاتیی خوێندکاران و مامۆستایانی دیکە کردوومە. هەروەها بەکارهێنانی ئەو وشەیە، نابێت خوێندنەوەیەکی ڕووکەشیی زمانەوانیی بۆ بکرێت، بەڵکو من لەپشتییەوە دەڕوانم و مەبەستم لێی ئەو دەلالەتەیە، کە دەزگایەک تێک دەدرێت و خراپ دەکرێت، لە کاتێکدا دەبێت هونەر بەرهەم بهێنێت.”

دوای دانانی، چیا جەمال لە سەروو تابلۆکە، کە دەکاتە ستارەی سەربانی کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی، بۆ ماوەی بیست خولەک دادەنیشێت و کۆمەڵێکی زۆر لە خوێندکارانی کۆلێجەکە کۆ دەبنەوە. دواتر بە زوویی تابلۆکە لە لایەن چەند بەرپرسیکی یەکەی کارگێڕیی کۆلێجەکە لێ دەکرێتەوە و بە گوتەی چیا، لەژێر کاریگەریی خۆیدا پێیان داوەتەوە.

دوابەدوای کۆتاییهاتنی، هەواڵی ڕووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەیەوە و چەندین ڕای جیاواز دەربارەی گوتران؛ دیدی من بۆ زانینی ڕای بەرپرسانی باڵای کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی لەسەر ناڕەزاییدەربڕینەکەی خویندکارەکەیان، پەیوەندیی کرد بە د. ڕێبوار سەعید، ڕاگری کۆلێجەکە، کە بە گوتەی چیا، لە کاتی پێدانەوەی تابلۆکەی، پێی گوتووە “ئەمە ئینتاجەکەتە؟” ڕاگری کۆلێجی هونەر ئامادە نەبوو لەسەر ڕووداوەکە بۆ دیدی من بدوێت و تەنیا گوتی: “ڕێکاری یاسایی دەگرینە بەر.”

ڕێبوار سەعید

یەکێک لە مامۆستایانی کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی، کە پاڵپشتی چیایە و بە هۆکاری تایبەتیی خۆی نەیویست ناوی بهێنرێت، سەبارەت بە گرنگیی کارەکەی خوێندکارەکەی، تایبەت بۆ دیدی من گوتی: “لە دوو لایەنەوە، ناڕەزاییدەربڕینەکە گرنگە: یەکەم، چیا خۆی خوێندکاری بەشی موزیکە و ژەنیاری ئامێری گیتارە، بەشەکەشی مامۆستای پسپۆڕی ئامێری گیتاری تێدا نییە. لێرەدا چیا کۆژانێکی هەیە و بە خاتری، ناڕەزایی دەردەبڕێت. دووەم، هەلومەرجێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، دەروونی، ئەکادیمی و تا دوایی خراپ لەم هەرێمە دەگوزەرێت، چیا دێت و لەبری هەموان بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت و بەرانبەر دەزگایەک کە بەرانبەر ئەو هەلومەرجە خراپە بێهەوڵوێست و بێدەنگە، ناڕەزایی دەردەبڕێت. ئەمە هێنانی فۆڕمێکی زۆر نوێی ناڕەزاییدەربڕینە و بەرهەمی زانکۆکانی ئەنگلۆسەکسۆنە، کە لەو جۆرە زانکۆیانەدا، وەک زانکۆکانی ئەم ناوچەیە بەشەکان جیا نەکراونەتەوە و تەواوی بەشەکان پێکەوە لکێندراون و دەخویندرێن، ئەوەش وا دەکات کە خوێندکار تەنیاوتەنیا لە خەم و خەیاڵی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا نەبێت و بۆ بەرژەوەندیی گشتی تێبکۆشێت.”

لەبارەی هونەریبوون و گونجانی چالاکییەکەی چیا لەگەڵ ژینگەی کۆمەڵایەتیی باشووری کوردستاندا، ئەو مامۆستایە گوتی: “ئەم جۆرە کاری هونەرییە لە ڕۆژئاوادا نزیکەی سەد ساڵ پێش ئێستا کاری پێ کراوە و بە جۆرێک لە ژینگەی ئەواندا تێپەڕیوە، کە سواوە، بەڵام بە داخەوە کە لێرە تازەبەتازە تابۆیە و کارکردن پێی قەدەغەیە. لە کاتێکدا باشترین ڕێگەیە بۆ ناڕەزاییدەربڕین و کەشفکردنی ئەو واقعەی هەیە و پیشاندانی بەوانەی بەرپرسن، کە چ دۆخێکیان بەدی هێناوە.”

لە ئەگەری ئەوەی خوێندکار چیا جەمال لە لایەن یەکەی کارگێڕیی کۆلێجەکەیەوە ڕووبەڕووی سزا ببێتەوە و هەڵوێستی مامۆستا پاڵپشتەکانی چی دەبێت، ئەو مامۆستایە گوتی: “بۆ کۆلێجێک بە ناوی کۆلێجی هونەر، شەرم و حەیاچوون دەبێت گەر سزای خوێندکارێکی بدات کە چالاکییەکی هونەریی بە خاتری کۆلێجەکەی ئەنجام داوە. لە ئێستادا ئێمە پاڵپشتی چیاین، بەڵام ئەوەی گرنگە، پاڵپشتیی میدیایە و قسەکردنی بەردەوامیەتی لەسەر ڕووداوەکە، تا لە ڕێیەوە کۆدەنگیی ڕای گشتی دروست ببێت و هەموو ئەوانە بناسرێن کە دژی ئەم فۆڕمەی کارکردنی هونەری و ناڕەزاییدەبڕینن، لە کاتێکدا خۆشیان کەسانی ئەکادیمی و هونەرین.”

ڕۆز محه‌مه‌د

ڕۆز محەمەد، خوێندکاری بەشی شێوەکاری لە کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی، کە هاوکات یەکێک لەو خوێندکارە بەشداربوانە بووە کە لە نووسینی بەشی پشتەوەی تابلۆی چالاکییەکەی چیا بەشدار بووە، دەربارەی ئاڕاستەکردنی ناڕەزاییدەربڕینەکە ڕای جیاوازە: “من وەک خوێندکارێکی کۆلێجی هونەر و یەکێک لەو خوێندکارانەی کە بە ڕایەک لە پشتی تابلۆکە بەشدار بووین لە نووسین دەربارەی ئەو لایەنانەی لە ناو کۆلێجدا بەدڵمان نەبوون، بەڵام لە دەرئەنجامدا بەشێک لە چالاکییەکە بۆ خۆیشی بووە یەکێک لەوانە. چونکە لە دیدی منەوە ڕەهایی بوونی نییە، بەتایبەت لە کاری هونەری و ڕەخنەییدا، بەڵام ئەم کارە زۆر بە ڕەهایی هەموو سیستمی ڕەت کردووەتەوە. ڕاستە کە ناڕەزاییەکان بۆ مامۆستا و بەڕێوبەرانی زانکۆ و سیستمکەیەتی، بەڵام لەپاڵ هەموو ئەمانەدا، خودی خوێندکار خۆی بەشێکە لەو وێرانەیەی بەسەر دۆخی زانکۆ هاتووە، چونکە لە ئێستادا کۆلێجی هونەر خاوەنی چەند کەسایەتییەکە کە زۆر دڵسۆزانە کار بۆ خوێندکار دەکەن و یارمەتیی دەدەن.”

ڕۆز بەردەوام دەبێت و خوێندکاریش بە بەشێک لە هەبوونی کێشەکانی کۆلێج و زانکۆکەی دەزانێت: ”ئەوەی دەبینێرێت، خەمساردیی خوێندکار و خۆشنەویستن و گرنگینەدانە بە زانکۆ و بەشەکانیان، کە زۆرینە ئامانجیان تەنیا بەڕێکردنی چوار ساڵی خوێندن و وەرگرتنی پارچە نووسراوێکە بە ناوی بڕوانامە و دامەزراندنیان لە شوێنێک و درێژەدان بە ڕۆتینی ژیان، نەک ئامانجیان فێربوون و ئەزموونکردن و لە کۆتاییدا خزمەتکردن بە کلتوور و کۆمەڵگە بێت وەک هونەرمەندێک. بۆیە پێویستە هێندەی بە ڕەخنەگرتن لە سیستم سەرقاڵین، سەیرێکی خۆمان بکەین لە کوێدا بەشداری ئەو خراپی و چەقبەستووییەین، چونکە ملکەچبوون و خەمساردیی خوێندکارە هێز دەداتە ئەو دەسەڵاتەی سیستم، کە بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان بهێنن.”

بەڵام سەرەڕای ئەم ڕاجیاییەش، هێشتا ڕۆز چالاکییەکەی چیا بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت: “دەستخۆشیم بۆ چیا، کە دەکرێت بڵێم هەڵوێستەیەکی بوێرانەی هەبووە، چونکە تا ڕادەیەک ترسی خوێندکار لە نمرە یان دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی دەزگاکە، هەندێک خوێندکاری ناچار بە چەقبەستوویی و ملکەچبوون کردووە، بەڵام لێرەدا سنوور و ملکەچبوونەکان شێکندران؛ ئەوەی چیا کردوویەتی دەنگێکی نای زۆر جدییە، کە زۆریک لە مامۆستاکانیش ئەو بوێرییەیان نەبووە و تەنانەت لە کاتی پشتگیریکردنی چیاشدا ناوی خۆیان بە شاردراوەی هێشتووەتەوە.”

وەک خوێندکارێکی بەشی شێوەکاری، ڕۆز دەربارەی هونەریبوونی چالاکییەکە دەڵێت: “پرسیارێک دێتە پێشەوە: بۆچی دەبێت وشەیەکی وەک “Fuck”ی زمانی ئینگلیزی بەکار بێت، لە کاتێکدا رەنگە سڕێنەوەی ناوی کۆلێج و لۆگۆکەی، هەمان پەیامی بگەیاندایە؟ بەڵام ئەم وشەیەیە کە وای لە بینەر کردووە بڵێن ناڕەزایەتییەکی بوێرانەیە، لە کاتێکدا ناو کۆمەڵگە و کلتووری ئێمە پڕە لە وشەی ناشیرین. لە دیدی منەوە، ئەرکی هونەرمەندە کە لەپاڵ هەر کارێکیدا هەوڵ بۆ ئەوەش بدات ناشیرینی و ناڕێکیەکی کۆمەڵەگە ڕێک بکاتەوە، نەک خۆیشی ببێتە درێژەپێدەری. وێرای هەموو ئەمانە، چیا کارێکی هونەریی بەئەنجام گەیاندووە و خوێندکارێکە لە قۆناغی ئەزموونکردندایە، کە ئەوەش مافی هیچ کەسێک نییە هەوڵی شکاندنی کارەکەی بدات یان بە هۆی زبریی بەرکەوتنی کارەکە لەگەڵی، هەوڵی ناشیرینکردنی بدات.”

بۆ پرسیاری ئەوەی کە ئایا دەبێت هەڵوێستی خوێندکاران لە ئەگەری سزادانی چیا لە لایەن یەکەی کارگێڕیی کۆلێجەکەیەوە، چی بێت، هەروەها گەر ئەو ئەگەرە ڕوو بدات، چ کاریگەرییە جێ دێڵێت، ڕۆز گوتی: ”وەک خوێندکارێک، لەپاش بیستنی ئەوەی کە هەوڵێک هەیە بۆ سزادانی چیا، زۆر بە هەڵوێستێکی ناشیرینی دەبینم، کە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ کەسایەتییە بەرپرسەکانی کۆلێج یەک ناگرێتەوە، لە کاتێکدا کە خۆیان هونەرمەندن. هەڵوێستێکی وا پرسیار لەسەر کەسایەتیی هونەریی خۆیشیان دروست دەکات. گەر پاڵپشتیی ڕاگر و هونەرماندانی ناو کۆلێج بۆ چالاکییەکی هونەریی خوێندکارێک بەم جۆرە بێت، دەبێت ئیتر چ گلەییەک لە چینەکانی تر و کەسایەتیەکانی تری ناو کۆمەڵگە بکەین؟ ئەوکات پێوستمان بە تابلۆی زۆر زیاتری هاوشێوەی تابلۆکەی چیا دەبێت.”

توانا حەمە

توانا حەمە، کە دەرچووی بەشی موزیکە لە کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی، دەربارەی وشەی “Fuck”ی زمانی ئینگلیزی لە کارەکەی چیا جەمالدا، بۆ دیدی من گوتی: “بێجگە لەو مانا سێکسییەی هەیەتی، مانایەکی تری وشەکە لێدان و خراپکردنە. نەزانییە گەر ترس بەرانبەر ئەم وشەیە هەبێت و بە تابۆ و قەدەغە بزانرێت، لە کاتێکدا ئێمە ڕۆژانە گوێمان لێ دەبێت و تەنانەت خۆشمان بەکاری دەهێنین. ئەوەی ئەو خوێندکارە دەیڵێت، ئەو واقعەیە کە هەیە؛ “Fuck”کردن ئەوەیە کە خوێندکار نەتوانێت لە کۆلێجەکەیدا بڵێت لەل، “Fuck”کردن ئەوەیە کە لەو کۆلێجەدا بە هونەر دەکرێت، نەک “Fuck”ەکەی چیا. ئەسڵەن “Fuck”ەکە تەواو هونەرییە، بەوەی لە پێشەکیدا کاری بۆ کراوە و چیا لە ڕێی پرسیارکردن دەربارەی دۆخی زانکۆ و کۆلێجەکەی، کارەکەی بەرهەم هێناوە. بۆیە گرنگە هەموو سەرنج بخەینە سەر ئەو وشەیەی لە ناڕەزاییدەربڕینەکەدا بەکار هاتووە و ئاسایی پیشانی بدەین، تا کۆی کارەکە ئاسایی وەک کارێکی هونەری و فۆڕمێکی ناڕەزاییدەربڕین ببینین، نەک لەبری ئەوەی دەستخۆشیی لێ بکرێت، لە لایەن یەکەی کارگێڕیی کۆلێجەکەیەوە هەوڵی سزادانی بدرێت.”

ئەحمەد نەبەز

شێوەکار ئەحمەد نەبەز، کە دەرچووی بەشی شێوەکارییە لە کۆلێجی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین، دەربارەی هونەریبوون و گرنگیی کارەکە بۆ دیدی من گوتی: “کارەکە کارێکی تەواو هونەرییە، کە تەنیا بە گۆڕینی وشەیەک، تەواوی سیستەمی هونەری دەخاتە ژێر پرسیارەوە. لە کاری هونەریی هاوچەرخدا، زمان و تێکست بە ئامادەییەکی هزری، دەبنە بەشێکی گرنگ لە کاری هونەری و گەیاندنی پەیام، بەتایبەتییش پەیامی ناڕازیبوون و کارکردن لەسەر دیوە نەرێنییەکان. ئەم کارەش زۆر بە باشی ئامانجی خۆی پێکاوە و زۆر بە ڕوونی بێزاری بەرامبەر سیستەم و داتەپانیمان بۆ دەخاتە ڕوو. هەروەها ئەوەی گرنگە، ئەوەیە کە دەکرێت ئەم کارە بۆ هەموو کۆلێژەکانی هونەر لە باشووری کوردستاندا بەکار بێت.”

کۆمەڵەی ٦٨، کە کۆمەڵەیەکی کلتووریی خوێندکارییە و لە زانکۆی سلێمانیدا هەوڵ و چالاکییەکانی ئەنجام دەدات، بە بەیاننامەیەک پشتیوانیی خۆی لە چیا جەمال ڕاگەیاندووە، کە کۆپییەکی بۆ دیدی من نێردراوە و لە بەشێکیدا هاتووە: ”کۆمەڵەی ٦٨، وەک کۆمەڵەیەکی خوێندکاری لە زانکۆی سلێمانی، کە یەکێک لە ئامانجەکانی دروستکردنی ئاگایی و هۆشیاریی تاکی خوێندکاری باشووری کوردستانە بە ئەرک و ماف و ئازادییەکانی، لەگەڵ ئەوەی تەواوی ناڕەزاییدەربڕینەکە بە کارێکی هونەری و فۆڕمێکی نوێ لە ئازادیی ڕادەربڕین و ناڕەزاییدەربڕین دەزانێت، پشتیوانیی خۆی بۆ چیا جەمال دەردەبڕێت و دەنگی دەخاتە پاڵ ئەم هەوڵەی هۆکاری فراوانکردنی ئەو پانتاییەی ئازادیی ڕادەربڕینە، کە لە ڕووبەری زانکۆی سلێمانیدا تەسک کراوەتەوە و هەوڵ دەدرێت ئەم ناڕەزاییدەربڕینەی خوێندکار چیا جەمالیش، پەک بخرێت و باجی لەپێناودا بدرێت.”

لە کاتێکدا لە ئێستادا ئەگەری سزادانی چیا جەمال هەیە لە لایەن یەکەی کارگێڕیی کۆلێجەکەیەوە، بەڵام چیا بێباکە و دەربارەی ئەوە بۆ دیدی من گوتی: “لە کاتی پلاندانان بۆ ناڕەزاییدەربڕینەکە و ئەنجامدانیشی، چاوەڕێی سزا بووم. بۆیە کە لە ئێستادا ئەگەری وا هەیە، زۆر لام ئاساییە. ئەمەی کردوومە، سەرەتای کۆمەڵێک کارە، کە دوای ئەنجامدانی یەکەمیان، ئیتر کار لەوانی تردا دەکەم و ناوەستم.”

چیا جەمال، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٤ی شاری سلێمانیی باشووری کوردستانە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی هەر لە سلێمانیدا تەواو کردووە. ژەنیاری ئامێری گیتارە و لە ڕابردوودا چالاکیی هونەریی هەبوون، یەکێکیان کتێبی یادگارییەکانی کاروان عوسمانە، کە کتێبێکە تێیدا بەشێک لە نۆتەی گۆرانییەکانی موزیسیان و گۆرانیبێژی باشووری کوردستان، کاروان عوسمانی لەخۆ گرتووە. لە ئێستادا چیا خوێندکاری قۆناغی دووەمی بەشی موزیکە لە کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی

چیا جەمال، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٤ی شاری سلێمانیی باشووری کوردستانە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی هەر لە سلێمانیدا تەواو کردووە. ژەنیاری ئامێری گیتارە و لە ڕابردوودا چالاکیی هونەریی هەبوون، یەکێکیان کتێبی یادگارییەکانی کاروان عوسمانە، کە کتێبێکە تێیدا بەشێک لە نۆتەی گۆرانییەکانی موزیسیان و گۆرانیبێژی باشووری کوردستان، کاروان عوسمانی لەخۆ گرتووە. لە ئێستادا چیا خوێندکاری قۆناغی دووەمی بەشی موزیکە لە کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی

زانکۆی سلێمانی یەکەمین زانکۆی کوردییە، لە ساڵی ١٩٦٨دا دامەزراوە و مێژوویەکی دێرینی لە ئەکادیمیا و چالاکیی باشووری کوردستاندا هەیە، کە هەمیشە بە سەرتۆپی دەنگە نوێ و جیاوازەکان ناسراوە. بەڵام لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ی باشووری کوردستان، ساڵ دوای ساڵ پرسیار دەربارەی دۆخی خراپی ئەکادیمی و چالاکیی ئەو زانکۆیە هەبوون، کە لەگەڵ مێژووەکەیدا یەکی نەگرتووەتەوە. لە ئێستاشدا و دوای ڕوودانی ئەم ڕووداوە هەرە نوێیە لە زانکۆکەدا، ڕەنگە دیسان ئەو پرسیارانە بە جۆرێکی تر سەرهەڵبدەنەوە و نیشانەیەکی تری پرسیار بخەنەوە سەر زانکۆی سلێمانی.