فيلمى سينەمايى بیره‌وه‌رییه‌كانى ئەسپى ڕەش له‌ سنه‌ نماييش كرا

ديدى منمێهر نيوز

لە فارسييەوە: سەليم جەمال

ڕۆژى ١٤/١/٢٠١٧، لە شارى سنە لە هۆڵى سينەمايى بەهمەن دەست كرا بە نماييشكردنى فيلمى سينەمايى بیره‌وه‌رییه‌كانی ئەسپى ڕەش، لە دەرهێنان، نووسين و بەرهەمهێنانى سينەماكارى بەتواناى كوردى–ئێرانى، شەهرام عەليدى.

فيلمى سينەمايى بیره‌وه‌رییه‌كانی ئەسپى ڕەش، كە بەرهەمى هاوبەشى هەردوو وڵاتى ئێران و توركيايە، شەوى شەممە ده‌ستی كرد بە يەكەمين نماييشى لە شارى سنە لە هۆڵى سينەمايى بەهمەن، بە ئامادەبوونى شەهرام عەليدى و چەند ئەكتەرێكى ئەو فيلمە، بەتايبەتى مريەم بوبانى.

شەهرام عەليدىی نووسەر، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرى فيلمى بیره‌وه‌رییه‌كانی ئەسپى ڕەش، كەيهان كەلهووڕ موزيسيان و كەمانچەژەنى ناودارى كورد، هاييدە سەفيپوور هەڵەبڕى فيلمى ناوبرا و براک تۆزون، ديمەن زەندى، شيناى ئايدين، ويلدان ئاتاسوار، بيلال بەلوت، عەزيز چاپكورت، مريەم بوبانى، تارا جاف گۆرانيبێژ و چەنگژەنى ناودارى كورد و شەوال سام، ئەكتەرانى سەرەكیی فيلمى بیره‌وه‌رییه‌كانی ئەسپى ڕەشن.

شەهرام عەليدى و كەيهان كەلهووڕ

شەهرام عەليدى لە هونەرمەندە بەرجەستەكانى كوردستانە، هەروەها دەرچووى بەشى نيگاركێشیی كۆلێژى هونەرە جوانەكان و خاوەنى بڕوانامەى ئەنيماتۆرى كۆلێژى سينەما و شانۆيە، لە زانكۆى هونەرى شارى تاران.

ساڵى ٢٠٠٤ عەليدى ئەندامى لێژنەى داوەران بوو لە فێستيڤالى نێوده‌وڵه‌تیی ئاوانكا لە وڵاتى پورتوگال، وە ئێستا یەکێکە لە ئەندامانى سينەمەكاران بە ناوى شەپۆلى نوێى سينەماى ئێران.

فيلمى سينەمايى بیره‌وه‌رییه‌كانی ئەسپى ڕەش دووەمين بەرهەمى شەهرام عەليدییە لەدواى فيلمى سرته‌ لەگەڵ با، كە ڕۆژانى شەممە، دووشەممە و چوارشەممە لە سينەماى بەهمەن لەشارى سنە نماييش دەكرێت.

[playbuzz-item url=”//www.playbuzz.com/didimn10/1-19-2017-12-48-52-pm” info=”false” shares=”false” comments=”false” recommend=”undefined”]

کورتەیەک دەربارەى فيلمى بیره‌وه‌رییه‌كانی ئەسپى ڕەش

تيمێک لە گەنجان تێدەكۆشن كە دانيشتوانى كوردى توركيا فێرى زمانى كوردى بكەن، بەشێک لە كارەكانى ئەو تيمە چاپ و بڵاوكردنەوەى كتێبى فێركاریی زمانى كوردييە بە شێوەيەكى شاراوە، بۆ خوێندنگە شاراوە و قەدەغەكراوەكان. ئاسكە، یەکێک لە كچانى ئەو تيمە، لە لايەن هێزێكى نەناسراوەوە دەكوژرێت، دواتر هاوڕێيانى ئاسكە بڕيار دەدەن كە وەسێتەكانى ئەو بەيادى خۆيان بهێننەوە. ئاسكەم كە هاودەمى ئەسپێكى ڕەش و گەورە بووە و شەيداييەكى زۆرى بۆ ئەو ئەسپە نواندووە، ئێستا لە ناوچەيەكى دوور و ونبوو لە نێوان كێوەكانى ئاناتۆلى بۆ تاهەتايى خەوتووە. هاوڕێيانى ئاسكە لەو هەوڵدان تا شوێنى ناشتنى ئەو بە نهێنى بهێڵنەوە، بەڵام بە هۆى پەلكێشبوونى ئەو ئەسپە، هەموو شتێک بە پێچەوانە ڕوو دەدات.