چیرۆک: کەس نازانێ خاڵم چۆناوچۆن خۆی دەکوژێ

عەزیز مەحمودپوور

ئەوەی بە چ هۆیەك بە وەها ئاكامێك گەیشت مەعلووم نییە و لەوانەیە قەتیش مەعلووم نەبێ. بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشكرایە و كەس ناتوانێ دوودڵ بێ لە ڕاست‌بوونی، ئەوەیە كە خاڵم پیاوێك نەبوو گەڵاڵەیەك بۆ كارێك داڕێژێ بە بێ ئەوەی مەنتق و بەڵگەیەكی قایمی بۆ كارەكەی هەبێ. هەرچەند كەس لێی نەبیستبوو بۆچی دەیهەوێ خۆی بكوژێ، بەڵام تەواوەتی بنەماڵەكەمان لێیان عەیان بوو قسەیەكی خاڵم بیكا لەخۆڕا نییە و ئەلعانیش كە كوتبووی: «خۆم دەكوژم.» هەموو دەیانزانی قسەی خۆی دەباتەسەر. بەڵام كەس نەیدەزانی چۆناوچۆن. هەربۆیەش نەخشەی خۆكوژیی خاڵم شاخ و باڵێكی زۆری لێ ببۆوە.

باوەگەورەم، بابی دایكم، دەڵێ: « من كوڕی خۆم باش دەناسم، تاڵ‌ترین و پیاوانەترین مەرگ بۆخۆی هەڵدەبژێرێ.» ئەو پێیوایە خاڵم لە شەوێكی تاریك‌دا كە هەموو خەومان لێ كەوتووە، بە دەنگی تەقەیەك ڕامان‌دەچڵەكێنێ و وەختایەك دەچینە دیوەكەی، دیوارە سپییەكەی پشت سەری پڕ بووە لە پنۆكی سوور و ئێمە پشتەسەری خاڵم دەبینین گوللە هەڵیگرتووە.

هەموو پێیانوایە ئەوە حەقی باوەگەورەمە كە بەو جۆرەی پێی خۆشە چارەنووسی خۆكوژیی خاڵم دیاری كات و كەسیش پێموانییە گلەییەكی هەبێ، و تەنانەت لەوانەیە بۆ خۆشیان سەریان لێی بوخرێ لەم‌بارەوە بدوێن.

مەسەلەن نەنكم دایكی خاڵم پێیوایە ئەم‌جۆرە خۆكووژییە ـ یانی بە تفەنگ ـ باوی نەماوە و پیاو دەبێ بە دوای ڕێی تازەدا بگەڕێ. دەبێ ئەوەش بڵێم باوەگەورەم وەبیری نایە قسەیەكی كردبێ و دایەگەورەم بەرهەڵستی نەدابێتەوە و پاش ئەو هەموو ساڵە بۆی دەركەوتووە خۆ گێل‌كردن و بێ‌دەنگی لەحاست قسەی نەنكم كە جارجار بۆنی تەوسیشی لێوە هاتووە لە هەمووشتێك باش‌ترە. لە مەسەلەی خۆكوژیی خاڵم‌دا نەنكم دەیكوت: «ئەوە قسەیەكی قۆڕە كە پێتوابێ كوڕی خۆت باش ناسیوە و ڕاست بەوجۆرەی كە پێت خۆشە دەبێ خۆی بكوژێ، تازە گریمان هەرواش خۆی كوشت، ئەوە چی دەسەلمێنێ؟ مەگین غەیری ئەوەیە تۆ كوڕی خۆت باش نەناسیوە؟»

نەنكم پاشان چاوی وەك زاركی تورەكەیەك وێك دێنێتەوە و بە چەشنی فەیلەسووفێك كە بیهەوێ بۆچوونێكی تازە دەرببڕێ دەڵێ: «كوڕی من ئاشقی ڕێی تازەیە و پێموانییە بە ڕێیەك‌دا بڕوا كە هەزاران جار بەتاقی كراوەتەوە. من دڵنیام بۆ خۆشی ئاگادارییەكی وای بەسەر ئەو ڕێیەدا نییە و لەوانەیە لە نیوەشەوێك‌دا پێی ئیلهام ببێ.»

بەڵام باپیرم بە بێ ئەوەی چاوی لە چاوی نەنكم بڕیبێ بە تووڕەییەوە كوتبووی: «داییم بۆوەی گرینگی قسەكانی نیشان بدات بە پێچ‌وپەناوە قسە دەكا، دەنا چۆن كوڕی من بە بێ ئەوەی بزانێ چۆناوچۆن خۆی دەكوژێ وەها بڕیارێكی داوە.»

 كەچی نەنكم سەرمەستانە لووتی هەڵێنابوو و بێ‌دەنگییەكی تاڵی بەسەر باوەگەورەم‌دا پژاندبوو. بێ‌دەنگی نەنكم نیشانەی ئەوەبوو، قسەی كابرا وەها نەبووە كە شیاوی وڵام‌دانەوە بووبێ. هەربۆیەش باوەگەورەم لەحاست خۆی تلیسایەوە و چیدی نەكوت.

من دڵنیام پێشنیاری پوورم كە تازە خۆی ناسیوە و هەڕەشەی كردووە حەزلێ‌كردوویی بكا، لە هەموویان بێ‌تام‌تر بوو.

پوورم دەیكوت: «من دەزانم كاكم دەچێتە حەمامەوە و پووتێك نەوت بە خۆی‌دا دەكا و جا ئەوجار دەس دەكا بە هەڵكردنی شەمچەكە.»

دایكم پێیوایە خاڵم پیاوێك نییە بە هاسانی خۆی بكوژێ و بیروبۆچوونەكانی ئێمە بەوجۆرەی بە كەیفمانە وەدی بێنێ. دایكم قەت ئەو شتەی لە دڵی‌دایە دەس‌بەجێ نادركێنێ، بەڵكوو شێر و رێوییەكی زۆرت بۆ دێنێتەوە و پاشان چكەچكە لێت مەعلووم دەكا مەبەستی چی بووە.

لە دایكم وایە خاڵم ڕۆژێك كە سەری مانگ دەبێ و تازە پووڵی مانگانەی وەرگرتووە دەم بە بزەوە وەژوور دەكەوێ و پێمان ڕادەگەیەنێ بۆ نەهار میوانی ئەوین و دەمانبا بۆ قەراغ دەریا. خاڵم دوو شەوی ئاخری حەوتە لە قەراغ دەریا دەمێنێتەوە و شەوێكی مانگەشەو بێت هەتا درەنگانێك لەنێو ئاودا مەلە دەكا. خاڵم عەجەب مەلەوانێكە.

دایكم دەڵێ: «هەر یەكێك لەو ڕۆژانە دەبێ ئێمەش لەگەڵ خۆی دەبا بۆ قەراغ دەریا» و ڕاست لەو جەنگەیەدا كە خەریكی كەباب برژاندنین خاڵم دەچێتە بن ئاو و ئیدی نایەتەوە دەرێ؛ یانی مەبەستی ئەوەیە خۆی دەخنكێنێ و بە بڕوای دایكم ئەم‌جۆرە خۆكوژییە خۆش‌ترین مەرگە بۆ خاڵم.

بابم كە بە وردی گوێی دابووە قسەی دایكم و بە چاوی‌دا دیاربوو شانازی پێوە دەكا، لای وابوو مەسەلەی خۆكوژیی خاڵم شتێكی شەخسییە و چ دەخڵێكی بەو نەداوە و نابێ دەم لە شتێكەوە وەردا كە چ پەیوەندییەكی بەوەوە نییە. بەڵام باوەگەورەم، بابی دایكم، پێی ڕاگەیاند ئەویش حەقی ئەوەی هەیە لەم‌بارەوە بدوێ و دەبێ بەم‌جۆرە حەقی ڕفیقایەتی خۆی دەرحەق بە خاڵم بەجێ بێنێ.

بابم لە منداڵی‌ڕا لەگەڵ خاڵم ڕفیق بووە و لەوانەیە بزانێ خاڵم چۆناوچۆن خۆی دەكوژێ، هەربۆیە تەنانەت نەنكم كە كەم‌وابووە داوای شتێك لە كەسێك بكا، لە بابمی ویست هەڵوێستی خۆی دیاری بكا و دڵنیا بێ كە هیچ كاممان لەو كارەی دڵمەند نابین.

بابم بەپێی ئەو زەینییەتەی لە منداڵی‌ڕا لە خاڵمی هەبوو، بۆچوونێكی یەگجار جیاوازی دەربڕی.

ئەو دەیكوت: « وەك ڕۆژ عەیانە لە قەرەباڵغی ئێوارەیەك‌دا كە نازانێ چ ئێوارەیەك دەبێ، خاڵم دەچێتە سەربانی ئیدارەكەی خۆی.» ئەو ئیدارەی خاڵم كارمەندیەتی شەش تەبەقەیە. هەموو پێمانوابوو دەڵێ: «لەوێ‌ڕا خۆی بەردەداتەوە» و هەمووشتێك تەواو دەبێ، كەچی كوتی: «هەر لە تەبەقەی یەكەم‌دا بەم ئاكامە گەیشت ژیان بایەخی ئەو هەمووە چەرمەسەرییەی نییە و دەبێ خۆی لە چنگ ڕزگار كا. لە تەبەقەی دووهەم‌دا بە دڵی‌دا دێ خۆكوژی هەڵبژارادنێكی تاقانەیە، یانی تەنیا شتێكە كە پیاو دەتوانێ بە ئاكامی بگەیەنێ، جا ئەگەروایە بۆ سەر نەكەوێ؟»

 لە تەبەقەی سێ‌دا خاڵم بیری لە ڕابردوو كردۆتەوە و بەم ئاكامە گەیشتووە داهاتووش لەوانەیە هەروابێ و مەجبوور نییە درێژە بە وەها ژیانێكی بێ‌تام و دووپاتە بدات و بۆ گاڵتەش بێ دەبێ پەندێك بە سەر ئەم ژیانە مەلعوونە بێنێ. لە تەبەقەی چواردا بە خەیاڵی‌دا هاتووە، پیاوێكی وەك ئەو، بوون و نەبوونی بۆ ئەم دنیا بەرینە وەك یەك وایە و پێیوانییە جیهان بە ‌بێ ‌ئەو زەرەرخوردە ببێ. ئەو وەختە دێنێتە بەر زەین وا دنیا ئەوی تێدا نییە و بە بێ‌ ئەوەی هەست بە نەبوونی بكردرێ هەڵدەسووڕێ و هەڵدەسووڕێ.

لە تەبەقەی پێنج‌دا ئەم مەسەلەیەی لە زەینی‌دا شی كردۆتەوە كە بێتوو ڕۆژێك دنیا ئەوی تێدا نەبێ چی بەسەر دێ؟ دڵنیا دەبێ شتێكی سەیر ڕوو نادا. تەنیا لەوانەیە كاروباری ئیدارە بە ڕێك‌وپێكی بە‌ڕێوە نەچێ و لە ماڵێش مەودای چاوەڕوانییان هێندێك درێژ بێتەوە و بەبێ ‌ئەو نەهار نەكەن، بەڵام بەهەرحاڵ عادەتی ماڵێ و ئیدارە تێك‌دەچێ جا با ڕۆژێكیش بێ.

لە تەبەقەی شەش‌دا بەم یەقینە گەیشتووە ژیان بەو جۆرەی ئەو كۆڵی پێوە هەڵگرتووە ناخۆش نەبووە، یانی بیانوویەكی بۆ زیندووبوون هەبووە. شایەد هەر لەبەر ئەوەش بووبێ هەستی كردووە سەیر ئیشتیای لە مەلەیە و مەودا نەماوە. لە سەربان‌ڕا چاوی لە ئاپۆرەی خەڵك لە پێ‌یانەڕێی خیابان بڕیوە و دیویەتی وەك جۆگەلەیەكی لیخن تێك‌ئەنگواون و شەپۆلیان داوە. لە لێواری سەربان نزیك بۆتەوە هەتا خۆی هەڵدێرێ و كوت‌وپڕ چاوی بە دیمەنێكی سەیر كەوتووە و هەستێكی نەناسراو لە دەروونی‌دا سەری‌هەڵداوە.

هەموو چاوەڕوان بووین بابم ڕازی ئەو هەستە نەناسراوەمان بۆ بدركێنێ. تەنانەت نەنكم كە ژنێكی لەسەرەخۆیە و زۆر كەم وا هەیە مەسەلەیەك سەرنجی ڕاكێشێ، كەوتبووە جووڵەجووڵ و بەم شێوەیە بێ‌قەراری خۆی دەدركاند.

بەڵام ئێستاش هەر پێموایە بابم نەدەبوو قسەكانی لەلای ئەوان و بەتایبەت ئەو ئاگا لەخۆبڕاوەی پوورم درێژە پێ‌دابا؛ بەڵام دەڵێی چی بابم ئاوایە و خەڵكیش كەیفی خۆیانە. ئەو دەڵێ: خاڵم «لە سەربانی ئیدارەكەی‌ڕا چاوی بە حەمامی ماڵێك دەكەوێ» كە كچێك لەوێ‌دا خەریكی خۆشتن بووە. خاڵم بە دیتنی ئەندامی كچە خۆكوژیی لەبیر چۆتەوە و دڵی پڕ بووە لە خورپە، لە لێواری سەربانەكە دوور كەوتۆتەوە و كاسەسەری لەنێو هەرتك لەپی دەستی‌دا ڕێك كوشیوە. بیرێكی تازە حەجمانی لێ هەڵگرتووە: «ژن»

ئەو قەت بیری لەم دنیایە نەكردبۆوە و قەت پێیوانەبوو وەها پرسیارێك لە بەر دەمی‌دا، ئەویش ڕاست لەم حەلەدا، قوت ببێتەوە. «ژن» لە ژیانی خاڵم‌دا شتێك بووە سەر بە دنیای خەون و خاڵم كەم‌تاكورت لە مانگ‌دا سێ جاری خەون بە «ژن»ەوە دیوە. ئێستاش ڕوخساری ئەو ژنەی بۆ یەكەم‌جار خەونی پێوە دیوە هەر لەبیر ماوە. كەچی ئێستا كە بە چاوی خۆی ئەندامی سەهۆڵینی ژنێكی لە تەم‌ومژدا دیبوو، بیری لەوە كردبۆوە «ئایا دروستە بە بێ ئەوەی ئەم دنیا نەناسراو و نامۆیە تەجرەبە كات خۆی بكوژێ؟» ئەو پێیوابوو ئەم ئەزموونە بایەخی ئەوەی هەیە بۆ ماوەیەك گەڵاڵەی خۆكوژی خۆی دوورخاتەوە. هەربۆیەش بۆ جارێكی دیكە پڕ بە چاو لە دەلاقەی حەمامەكەی ڕوانیوە و پڕاوپڕی پرسیارێكی سووتێنەر بووە. بەڵێ كەس تەنانەت خاڵیشم ناتوانێ حاشا لەوە بكات. «ژن» پرسیارێكی گەورەیە و دەڕوات هەتا وڵامێكی بۆ وەبینێ.

خاڵم لە نهۆمی شەش‌دا بڕیار دەدا بچێ بۆ سەلمانی و دەستێك بە سەروڕدێنی‌دا بێنێ. لە نهۆمی پێنج‌دا بە دڵی‌دا دێ لەلای كەس ئەم مەسەلەیە نەدركێنێ هەتا نەبێتە بیانوویەك بۆ ئەوانەی پێیانوایە دەستی لە خۆكوژی شتۆتەوە. لە نهۆمی چواردا هاتۆتەوە بیری، كچە یەگجار جوان بووە و پێی سەیر دەبێ هەتا ئەمڕۆ دەرفەتی ئەوەی نەبووە یان نەیویستووە بیر لە جوانی «ژن» بكاتەوە. لە نهۆمی سێ‌دا بە زەینی‌دا دێ بێتوو بۆ چەند مانگیش گەڵاڵەی خۆكوژییەكەی وەپاش كەوێ، وانییە گەردێك لەسەر بڕیاری پیاوانەی بنیشێ و هەركەس حەقی ئەوەی هەیە بەپێی ئەو دۆخە تازەیەی تێی كەوتووە هەل‌ومەرجەكان شی كاتەوە. لە نهۆمی دوودا هەست دەكا تەمی خۆكوژی ڕەویوە و دڵەخورپە دەروونی تەنیوە. لە نهۆمی یەك‌دا بەم یەقینە دەگات و تەنانەت سوێندیش دەخوات بێتوو نەتوانێ ئەو كچە تەماوییە بێنێ لەڕێوە خۆی بكوژێ!

بە پەلە لە درگای ئیدارەكەیان دەردەكەوێ و خۆ بە سەلمانییەك‌دا دەكا. دێتەوە ماڵێ. حەمام دەكا و جوان‌ترین كۆت‌وشاڵوارەكەی لەبەر دەكا.

 بابم دەڵێ: «بەیانی مەرەخەسی وەردەگرێ و دەچێتە بەردەركەی ماڵی ئەو كچەی لە سەربانی ئیدارەكەیان‌ڕا دیبووی.»

هەتا ئێوارێ لە بەردەركەكەیان بۆتە سینگ و چاوەڕوان ماوە بەشكم بێتە دەرێ.

هاتۆتە دەرێ و خاڵم گەرووی پاك كردۆتەوە و كوتوویەتی: «خانم ببەخشن، دەمویست شتێكتان عەرز كەم.» كچەكە سەر كوڵمەكانی ئاڵ بوون و بۆنێكی خۆشی لێوە هاتووە، بە سەرسووڕمانەوە كوتوویەتی: «پێموانییە جەنابتان بناسم.» خاڵیشم مەند و لەسەرەخۆ كە تایبەتمەندی هەموو كارمەندێكە كوتوویەتی: «بەڵێ، بەڵێ هەروایە، بەڵام ئەوە گرینگ نییە من ناناسن، بەڵكوو گرینگ ئەوەیە من هەست دەكەم ئێوەم خۆش دەوێ».

كچە بۆنی خۆشی دوو هێندە بووە و كوتوویەتی: «پێموانییە ئەم كارە ئیشكالێكی هەبێ، بەڵام نافەرموون چ كارەن؟»

خاڵیشم كوتوویەتی: «كارمەندی ئەو ئیدارەیەم وا ڕووبەڕووی ماڵی ئێوەیە».

كچە چاوێكی لە نهۆمی شەشی ئیدارەكەی خاڵم بڕیوە و بزەی هاتۆتێ و سەر کوڵمەکانی هێندەی دیش سوور هەڵگەڕاون.

بابم دەڵێ:‌ «خاڵم هەر ئەو شەوە دەچێتە خوازبێنی و ماڵی كچە لەوەی زاواكەیان كارمەندە یەگجار دڵ خۆشن» و پاش حەوتوویەك كە خاڵم بە باشی «ژن» دەناسێ زەماوەند دەكا و چركەیەك پاش ئەوەی دەبێ بە زاوا لە باوەشی بووك‌دا خۆی دەكوژێ.

هەرچەند ئەم ڕستەیەی ئاخر هەتا ڕادەیەک هەمووانی تووشی سەرسووڕمان کرد، بەڵام دیسانیش تێك‌ڕا دەیانزانی پاش ئەو هەموو ڕیس‌وگوریسە هیچیان نازانن خاڵم چۆناوچۆن خۆی دەكوژێ.

ئەوە تایبەتمەندی خاڵمە كە قەت پێشبینی ناكرێ. دەكرێ بڵێی وەك گوریسی نێو هەمبانە وایە و كەس سەرەندەری كاری ناكا.

ئێستاش كە ماندوو و هیلاك لە ئیدارە گەڕاوەتەوە، هەموو سیرەی چاویان داوەتێ. هەموویان تەنانەت پوورم پێیانوایە بە دانەیەك لەو داوانەوە دەبێ كە بۆیان ناوەتەوە و بەم‌جۆرە پێشبینییەكانیان وەڕاست دەگەڕێ. بەڵام لەوانەیە بۆخۆشیان بزانن خاڵم پیاوێك نییە بەم ئاوانە قولی تەڕ بێ، ئاخر هەموو دەیبینن زۆر لەسەرەخۆ دەمانچەكەی لە گیرفانی دەردێنێ و بە كەڕاكەسەری باپیرمییەوە دەنێ و مێشكی بە وڵات‌دا بڵاو دەكاتەوە. پاشان نەنكم دەكوژێ. ئەوجار بە تاسەوە دەس دەكاتە ملی بابم و گوللەیەك لە سەر دڵی دەدا. دوایەش بەرەو دایكم و پوورم دەچێ كە لە سووچێك خزاون و دەقیژێنن، بە دوو تەقە ئەوانیش بێ‌دەنگ دەكا، دوای ماوەیەك تەرمی هەموویان لەپاڵ یەك‌دا ڕیز دەكا و هۆن‌هۆن فرمێسكیان بە سەردا دەڕێژێ و دەمانچەكەی دەخاتەوە باغەڵی.