Michel Butor

گفتوگۆ له‌گه‌ڵ میشێل بووتۆر

دیدی من

سەڵاحەدین بایەزیدی



”ڕەنگە ڕۆژێک ئیتر کەس ڕۆمان نەنووسێ.“

ئەگەر بە ئۆتۆمبێلی خۆت نەبێ، ئاسان نییە لە وادەی دیاریکراودا چاوت بە میشێل بووتۆر، شاعیر و نووسەری ناسراوی فەڕەنسا بکەوێ. چونکە لە گوندێکی چەپەک و پەراوێزخراوی سەر بە لووسەنژ، کە لەسەر سنووری سویس هەڵکەوتووە، دەژیا. لە گەراجەکانی ژنێڤ، کەس نەبوو تەنانەت ناوی گوندەکەشی بیستبێ، تەنیا ئەوەندەیان دەزانی کە کەرەستەکانی هاتوچۆی گشتی ڕێیان ناکەوێتە ئەو شوێنە و دەبوایە بە تەکسی بچم. کە لە لووسەنژ ڕووم کردە ئەو شۆفیری تەکسییەی چاوەڕوانی ڕێبوار بوو، وادەی دیدارەکە تەنیا چەند خولەکێکی مابووەوە و ترسی ئەوەم ڕێ نیشتبوو شۆفێر تەکسییەکە بە ناشارەزایی ڕێگەکەم دوورتر بکاتەوە. بەڵام لێرەوە بەدوا مێشێل بووتۆر ناونیشانێکی ئاشنا بوو. پێش ئەوەی ئادرەسی ماڵەکەی بدۆزمەوە و بە شۆفیرەکەی بدەم، بە ڕێکەوت ناوی بووتۆرم هێنا. شۆفیرەکە زەردەخەنەیەکی کرد و وەک ئەوەی هەستێ پێ کردبێ وەدرەنگی کەوتووم، دەستبەجێ کەوتە ڕێ و گوتی بە ناوبڕ دەمگەیەنێت. شۆفیرەکە ڕۆمانەکانی میشێل بووتۆری نەخوێندبووەوە، چونکە بە قسەی خۆی، دانووی لەگەڵ “ڕۆمانی نوێ”دا ناکوڵێ، بەڵام باسی لەوە دەکرد خەڵکێکی زۆری بۆ ماڵەکەی ئەو نووسەرە گواستووەتەوە و جارجارەش لە تەلەڤزیۆن گوێی لە قسە و دیمانەکانی گرتووە. بە چاوگێڕانم بە دیمەنەکانی دەوروبەردا، بۆی دەرکەوت پرسیاری ئەوەم لە مێشکدا ورووژاوە، کە بۆچی ئەم نووسەرە ڕچەشکێنە لەم کوێرەدێیە دەژی. بێ ئەوەی پرسیارەکەم بێنمە سەر زمان، شۆفیرەکە هەڵیدایە: ”وەک دەبینن، لە خۆڕا نییە لێرەکانە دەژی، ئێرە شوێنێکی بەڕاستی سەرنجڕاکێشە.” واش بوو.

دواجار، میشێل بووتۆر بە گەرموگوڕیی ناسیاوێک لە ماڵەکەی خۆیدا پێشوازیی لێ کردم. هێشتا بە خۆوە بوو و لە خوێندنەوە و نووسین دانەبڕابوو، بەڵام ئەو له‌ كۆتاییه‌كانی ته‌مه‌نیدا چیتر خۆی بە ڕۆمان و ژانرەکانی تری ئەدەبەوە سەرقاڵ نه‌ده‌كرد و زیاتر شیعری دەنووسی. ساڵی ١٩٥٩، دوایین ڕۆمانی بە ناوی پلەکان نووسیوە، کە دەستپێکی ساڵی ١٩٦٠ چاپ بووە و ئیدی لەوساوە، واتە پتر لە نیو سەدەیە، بە لای ڕۆماندا نەچووەتەوە. دەڵێ: “چونکە بەپێی پێویست نووسیم. زۆرم کتێب و نووسراوە چاپ کرد. ئێستا پڕۆژەیەکی گەورەم وەک نووسین بە دەستەوە نییە.”

تاقانە یادگاریی ڕۆمانی نوێ

مێشێل بووتۆر بەگشتی چوار ڕۆمانی نووسیوە و بەو ڕۆمانانە و لە سەرووی هەمووشیانەوە بە ڕۆمانی وەرچەرخان، ناوبانگی جیهانیی دەرکردوە. یەکەم ڕۆمانی ساڵی ١٩٥٤ لە لایەن وەشانخانەی مینوی لە پاریس چاپ کراوە. ڕۆمانەکانی میشێل بووتۆر دەچنە خانەی ڕۆمانی نوێ یان قوتابخانەی مینوییەوە. ئەو ڕەوتەی لەسەر کۆمەڵێک ڕەتکردنەوەی هاوبەش دامەزرابوو، لەوانە ڕەتکردنەوەی فۆرمی کلاسیکی ڕۆمان، ڕەتکردنەوەی فۆرمی پشتئەستوور بە بالزاک و ڕیالیزم، ڕەتکردنەوەی قارەمان، ڕەتکردنەوەی بەسەرهات، ڕەتکردنەوە جیاوازی خستنە نێوان فۆڕم و نێوەڕۆک.

میشێل بووتۆر لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەری وەک ناتالی سارۆت، ئالێن رۆب گرییێ، کلۆد سیمۆن، مارگریت دووراس و رۆبێر پانژێ بە گرنگترین سیماکانی ڕۆمانی نوێ لەقەڵەم دەدرێن. ئەمڕۆکە هەرچەند بووتۆر تەنیا یادگاری ئەو کاروانەیە، بەڵام هاوکات و بگرە پێش ئەوان ماڵئاوایی لە بزاوتی ئەدەبیی ڕۆمانی نوێ کردووە، کە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو و شەشتەکان، هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە فەڕەنسا، لە لووتکەی خۆیدا بوو.

ئەی ئەگەر میشێل بووتۆر درێژەی بە نووسینی ڕۆمان دابایە، هەمدیس شێوازی ڕۆمانی نوێی بەکار دەهێنا؟ وڵامدانەوەی پرسیارەکە ئەستەمە. بووتۆر بە پێکەنینەوە دەڵێ مێژوویەکە ئیتر ڕۆمان نانووسم. بەڵام سەرسامبوونی خۆی بە نووسەرانی سەر بە “کارگەی ئەدەبیاتی هێزە نادیارەکان” (Oulipo) نیشان دەدا: “لە ناو نووسەرانی Oulipoدا، کۆمەڵێک قەڵەمبەدەست هەن کە فرە فۆرمالیستن و نووسراوەکانیان مایەی تێڕامانە. بۆ نموونە نووسەرانی وەک ژۆرژ پێرێک و ژاک ڕووبۆ. ژۆرژ پێرێک کتێبێکی نووسیوە بە ناوی ونبوون کە پیتی e لە سەرانسەری کتێبەکەدا بەدی ناکرێ. کارێکی بێهاوتایە، چونکە ئەم پیتە لە فەڕەنسیدا لە هەموو پیتەکان زیاتر بەکار دەبرێ. بەڵام ئەم کتێبە بێ ئەو پێتە نووسراوە و سەرکەوتووش بووە”. بووتۆر، هۆکاری سەرنجڕاکێشبوونی ئەم نووسەرانە و هەروەها بەرهەمەکانی نووسەرانی ڕۆمانی نوێ بۆ ئەوە دەگه‌ڕانده‌وه‌، کە هاندەر و ورووژێنەری هێزی خەیاڵن. “هەر چەشنە جوانکارییەک لە لەحن و دەربڕیندا سەرنجم ڕادەکێشێ”، میشێل بووتۆر وا دەڵێ.

داهاتووی ڕۆمان

ئاساییە ئەگەر میشێل بووتۆر، بە پێچەوانەی ڕۆماننووسەکانی دیکە، سەبارەت بە ڕۆمان و داهاتوو و مانەوەی ئەم ژانرە ئەدەبییە دەمارگرژ نەبێ. ئەخە ئەو بۆ خۆی نووسەری جۆرێک لە ڕۆمان بووە کە بە دژەڕۆمان ناسراوە. دەربارەی پێشەڕۆژی ڕۆمان، پێی وایە بۆی هەیە ڕۆمان بوونی نەمێنێ وەک چۆن پێش ئەوەی لەدایک بێ، بە درێژایی چەندین سەدە بوونی نەبووە. بووتۆر بەم جۆرە بۆچوونی خۆی لەسەر داهاتووی ڕۆمان دەردەبڕێ: “ڕۆمان شتێک نییە بەردەوام هەبووبێ. ڕۆمان وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین و پێناسەی بۆ دەکەین، بە درێژایی چەندین سەدە هەر بوونی نەبووە. بۆیە دەکرێ کتوپڕ نەمێنێ و شتێکی دیکە، بۆ نموونە فیلم یان ئەڵقەی تەلەڤزیۆنی جێگەی بگرێتەوە. ڕۆمان لە واتا باوەکەیدا یانی کتێبێکی کاغەزی کە بەسەرهاتێک دەگێڕێتەوە، کە لە لاپەڕەی یەکەمەوە دەست پێ دەکەین و پاش کۆمەڵێک فراز و نشێو، دەگەینە دوایین لاپەڕە. دەشی ئیتر ئەمە نەمێنێ. بۆی هەیە ڕۆژێک خەڵک چیتر ڕۆمان نەنووسن. بەسەرهاتەکان بە شێوەیەکی دیکە بگێڕدرێنەوە. بەڵام نەک لە توێی ئەو کتێبەی ئێستا دەیناسین. دیارە ڕۆمانی کۆن هەر دەخوێنرێتەوە و بەردەوام بۆ خەڵکی سەرنجڕاکێش دەبێ.”

مێشێل بووتۆر کە پیشان دەدا نێوانی لەگەڵ تەکنۆلۆژیا خۆشە و پێشوازی لە هەر چەشنە ئەفراندنێکی نوێ دەکا، بێ نیگەرانی، لە کاتێکدا دەوروبەری بە کتێب و ڕۆمان ئابڵۆقە دراوە، دەڵێ: “ڕەنگە شتی باشتر لە ڕۆمان بەرهەم بهێنرێ. ڕۆمان دەکرێ وەک هەنگاوێک سەیری بکرێ بەرەو فۆڕمێکی تری ئەدەبی. هەڵبەت ئێستاش ڕۆمان خەریکە جێگرەوەی بۆ پەیدا دەبێ. ئەمە نایەتە ئەو واتایەی کە ڕۆمانی کۆن ناخوێنرێتەوە. ڕۆمانی کۆن، هیی دوێنێ و تەنانەت هیی ئەمڕۆش هەر دەخوێنرێنەوە. بەڵام ڕەنگە ڕۆژێک ئیتر کەس ڕۆمان نەنووسێ. ڕەنگە خەڵک بە شتی ترەوە سەرقاڵ بن. دیار نییە، لەوانەشە ڕۆمان هەر وا برەوی هەبێ.”

”ڕۆمانەکانم بە کوردی وەربگێڕن“

نەک هەر میشێل بووتۆر، بەڵکو هیچ کام لە نووسەرانی بزاڤی ڕۆمانی نوێ، لە زمانی کوردیدا ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە و کتێبەکانیان نەکراونەتە کوردی. لە کاتێکدا بزاڤی ڕۆمانی نوێ و نووسەرەکانی ناوبانگێکی جیهانییان هەیە و بە زۆربەی هەرە زۆری زمانەکانی دونیا وەرگێڕدراون. کە باسی ئەگەری وەرگێڕانی ڕۆمانەکانی میشێل بووتۆر بۆ سەر زمانی کوردی دەکەم، چاوەکانی دەبریسکێنەوە و بە خۆشحاڵییەوە دەڵێ:  “وەرگێڕانی ڕۆمانەکانم بە زمانی کوردی بۆ من وەک خەون وایە. تەنانەت بە خەیاڵیشمدا نەهاتووە. ڕۆمانەکانم بکەنە کوردی.” ئاماژە بەوەش دەکا گرینگە نموونەکانی ڕۆمانی نوێ لە ئەرشیڤی هەموو زمانەکاندا هەبن و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەیان بۆ بکرێ.


میشێل بووتۆر لە شاری مۆنزەن بارۆل، لە باکووری فەڕەنسا لەدایک بووە. لە وڵاتانی دەرەوە، بەتایبەت لە میسڕ، مامۆستای زمانی فەڕەنسی بووە و ساڵانی ١٩٥٠ لە قوتابخانەی نێونەتەوەیی لە ژنێڤ وانەی فەلسەفەی گوتووەتەوە. لە زانکۆکانی ئەمریکا، فەڕەنسا و دواتر سویسیش مامۆستای ئەدەبیات بووە و ساڵی ١٩٩١دا خانەنشین کراوە.

بێجگە لە نووسینی ڕۆمان و شیعر، دەیان کتێبی دیکەی سەبارەت بە ئەدەبیات و نیگارکێشی چاپ کردووە و چەند کتێبێکی وەرگێڕدراویشی هەیە. ساڵی ٢٠١٣، خەڵاتی ئەدەبیاتی ئاکادیمیای فەڕەنسای بۆ کۆی بەرهەمەکانی وەرگرتووە. بووتۆر لە گوندێکی سەر بە لووسەنژی فەرەنسا لە نزیک ژنێڤ دەژیا. میشێل بووتۆر، مانگی ١٢ی  ٢٠١٦ لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.


This slideshow requires JavaScript.