هەر جارە و زاراوەیەک: ئێتنۆموزیکۆلۆجی چییە؟

دیدی من

توانا حەمە


بە بڕوای زۆرینەی ئێتنۆموزیکۆلۆجیستەکان پێناسەی ئەم زانستە ساکار نییە، بەڵکو بە هۆی گشتگیری و هەمەلایەنییەکەی و جیاوازیی بۆچوونەکان لە نێوان خودی ئەو کەسانەی کە بەم زانستەوە سەرقاڵن، هێندەی دیکە پێناسەکردنی ئەم زانستەی دژوارتر کردووە.

لە دیارترین ئەو پێناسانەی کە تا ڕادەیەک بەرچاوڕوونییەک دەبەخشێ، لە فەرهەنگی موزیکی گرۆڤدایە، کە بەم جۆرە پێناسەی بۆ کراوە: “ئێتنۆمیوزیکۆلۆجی بریتییە لە گرنگیدان بە لایەنی کلتووری کۆمەڵناسیی موزیک و سەما لە بۆنە ناوخۆیی و جیهانییەکاندا. پسپۆڕانی ئەم بوارە ئامادەباش دەکرێن لە بواری مرۆڤناسیی موزیکدا، بەڵام بە هۆی بەربڵاویی ئەم زانستەوە، هەر بابەتێک لەم بوارەدا خوێندندەوەی جیای بۆ دەکرێت”[نێت]. لێرەدا مەبەست لە بەربڵاوی لە لایەنی کرداری لە بوارەکەدایە، بەتایبەت لەو ساتەی کە دەیانەوێت لەسەر ئەوە بڕیار بدەن، ئێتنۆموزیکۆلۆجی چییە؟ چۆن کارەکان ئەنجام بدەن، چۆن بیر بکەنەوە؟ چۆن دەرئەنجامەکان بەدەستبهێنن، یان بە چ جۆریک لە ساتی ئەنجامداندا بن؟

برۆنۆ نێتڵ دەربارەی ئەم زانستە دەڵێت: “ئێتنۆموزیکۆلۆجی لە ڕابردوودا بە کاری ئەو کەسانە دەگوترا، کە لە نێو فەرهەنگی موزیکی ناڕۆژئاوایی  یاخود لەو سنوورە بچووکتر لە نێو موزیکی ئەورووپایی کاریان دەکرد. هەروەها ئەوکەسانەی لە زەمینە و مەیدانی پەیوەند بە موزیکناسی و مرۆڤناسی کاریان دەکرد.

یاخود دەتوانرێت ڕوونتر بگوترێت، بەرانبەر بەم زانستە ڕشتەی موزیکناسی هەیە، کە ئەو لە موزیکی نوسراوی ناو شارەکان لە ڕۆژئاوا دەڕوانێت و بە شێوەیەکی زانستی و بە نموونەی ورد هەڵوەستەیان لەسەر دەکات. هەندێک جاریش ئێتنۆموزیکۆلۆجی خۆی وەک موزیکناسێکی تایبەت و جۆرێکی دیکە لە موزیکناسی هەژماردەکات [نیتڵ، ١٣٦٥: ١١]. هەرچی لایەنە مرۆڤناسییەکەی ئەم زانستەیە، پێی وایە کە موزیک بەشێکی دانەبڕاوی کلتووری مرۆڤایەتییە، بۆیە ناکرێت ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییە بەبێ لێکۆڵینەوە لە تەواوی ڕەوشە موزیکییەکەی و لایەنە مرۆڤناسانەکەی قسە لەسەر موزیک بکرێت.

Bruno Nettl
برونۆ نێتڵ

هەرچی سەبارەت بە مێژووی سەرهەڵدانی ئەم زانستەیە، وابەستە بە زانستیێکی دیکە بە ناوی موزیکناسیی بەراوردکاری دەکرێت، کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم لە ئەڵمانیادا سەری هەڵداوە. پایەکانی ئەم زانستە لە سەر زانستگەلێکی وەک موزیکناسی، دەروونناسی، زمانناسی، موزیک و نەتەوەناسی، زانستی دەنگ، ئامێرناسی و مێژووی موزیکدا بناغەی دانابوو. بە هۆی گەشەسەندنی ئەم زانستە لە نیوەی سەدەی بیستەمەوە، بەتایبەت لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا گۆڕانکاری لە فۆڕم و پێکهاتەی زانستەکەدا هاتە گۆڕێ [هەمان]. هەر بە هۆی ئەو گۆڕانکارییانە لە موزیکی بەراوردکاریدا، دواجار زاراوەی ئێتنۆموزیکۆلۆجی لە ساڵی ١٩٥٠دا، لە لایەن لێکۆڵەری هۆڵەندی یاپ کونست،  وەک ناوێکی نوی بۆ ئەم زانستە پێشنیار کرا. لە ڕووی وشەسازییەوە، ئێتنۆ (ethno)  بە واتای گەل، نەتەوە، گروپ، هۆز و موزیکۆلۆجی (Musicology) بە واتای موزیکناسی دێت. بە لێکدانی هەردوو زاراوەکە (Ethnomusicology) وەک زاراوەیەکی نوێ و دێتە گۆرێ [احمدی، ١٣٨٩: ٤٢٢]. ئەگەر ئەم زاراوەیە وەرگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی، دەتوانرێت بە موزیکناسیی گەلان گوزارشتی بۆ بکرێت.

یاپ کونست || 1891-1960

بە شێوەیەکی گشتی، لە سەرەتای  بواری کرداری، ئەم زانستە کنەکردن و گەڕان بوو بۆ خوێندنەوەی موزیک لە فەرهەنگە جۆراوجۆرەکاندا، لە ڕێگەی گەڕانێکی مەیدانیی مرۆڤناسانە و مرۆڤناسانەوە، بەدوای وەڵامی پرسیار گەلێکی وەک ئایا ئەم بابەتگەلە موزیکییەی نێو فەرهەنگەکان، پەیوەندیان بە مرۆڤناسییەوە چۆنە؟

دواتر لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، زیاتر کاری لەسەر پەیوەندیی مرۆڤ و موزیک یان موزیک و مرۆڤ، بە سوودوەرگرتن لە پێشینە جیاوازە فەلسەفی و تیۆرە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤناسی دەکرد. پاشان بە هۆی ئەوەی کە موزیک دەنگە، دواجار ئەم دەنگە پەیوەندیی بە ئاکار و ڕەوشتی مرۆڤەکان هەیە و پێیانەوە وابەستەیە، کاردانەوەی لەسەر لایەنی رەفتاری و ئاکاریی مرۆڤەکانەوە (بەتایبەت لە بۆنە کلتووری، کۆمەلایەتی، مێژووی سیاسی، ئابووری، زمانناسی و ئاینی) دەبێت. کە ئەمانەن دەبنە هۆی دروستبوون و پەیدابوونی هونەر لە ناو کۆمەڵگە مرۆڤایەتییەکاندا [حجریان ١٣٨٢،٣٥]. هەر بۆیە لە دیدگای کردارییەوە، دەتوانێت بگوترێت کە ئێتنۆمیوزیکۆلۆجی لە بناغەدا بەسەر سێ جۆر موزیک سەر و کاری هەبوو:

یەکەم: کارکردنی ئەو کەسانە بوو، کە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم ڕشتەیە، کاریان لەسەر موزیکی کۆمەڵەیەک دەکرد، کە هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدا ژیان دەکەن (بۆنموونە ئەو هۆزانەی کە لە ئەفریقادا هەن)، کە بە هۆکاری نەزانین و بێسەوادییان، نەیانتوانیوە زمانی خۆیان بە هۆکاری نووسین و خوێندنەوە فروان بکەن. هەرچەندە ئەم تیۆرەیە لە لایەن چەندین لە ڵێکۆڵەرەوانی ئێتنۆموزیکۆلۆجییەوە ڕەخنەی لێ دەگرێت. بە پشتبەستن بەو بڕوایەی کە بێسەوادیی یان نەخویندەواری نابێتە هۆکاریک کە کۆمەڵگەیەک جیا بکەیتەوە، ناکرێت بەم هۆکارە باشی و ئاستیان دیاری بکرێت [نیتڵ، ١٣٦٥: ١٣].

دووەم: ئەو دەستەیەن کە کاریان لە بواری ئێتنۆموزیکۆلۆجیدا سنووربەندە و کار لەسەر موزیکی پێشکەوتووی ئاسیا و ئەفریقای باکوور و چین، ژاپۆن، جاڤا، باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا، هیند، ئێران و وڵاتە عەرەبییەکان دەکەن. بۆچوونی لێکۆڵەوانی ئەم جۆرە لە کارکردن وایە، کە ئەم وڵاتانە بە هۆی ئەوی فەرهەنگی موزیکییان دەوڵەمەندە، دەتوانرێت بەراورد بە موزیکی ڕۆژئاوایی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، چونکە تایبەتمەندیی خۆیان و جۆراوجۆری و نۆتەنووسی و تیۆرەی موزیکی تایبەت بە خۆیان هەیە.

کۆمەڵەی سێیەم: ئەوانەن کە کار لەسەر موزیکی فۆلکلۆری دەکەن، گەرچی گفتوگۆ بۆچوونی جیاواز لەبارەی ئەم ڕەوتە هەیە، بەڵام ئەوان دەتوانن لە نێو کلتوورە پێشکەوتوەکاندا کار لەسەر ڕێشە و موزیکی سوننەتی، کە بە شێوەی دەماودەم (سینەبەسینە) پارێزروان، لێکۆڵینەوەی ئێتنۆموزیکۆلۆجی ئەنجام بدەن [نیتڵ، ١٣٦٥: ١١].

یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ئێتنۆموزیکۆلۆجی لە زانستەکانی مێژووی موزیک، یان موزیکۆلۆجی جیا دەکاتەوە ئەوەیە، کە ئێتنۆموزیکۆلۆجی پشت بە میتۆدەکانی ئێتنۆگرافی دەبەستێت و لە ڕێگەی گەڕانی مەیدانییەوە گرنگی بە زانیاریی زارەکەی ئەو کەسانە دەدات، کە خۆیان بە کاری موزیککردنەوە سەرقاڵ دەکەن. بە شێوەیەکی گشتی لە ئێستادا کارەکانی ئەم زانستە ئەو سێ دەستەیەی تێپەراندووە، کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ دان. لێکۆلینەوەکانی ئێتنۆموزیکۆلۆجی بە هۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و گڵۆباڵیزم و کاریگەرییەکانیان لەسەر تەواوی کایە فەرهەنگییەکان، شێوازی جۆراو جۆری دیکەیان بە خۆوە بینییوە. هەر بۆیە زانستی ئێتنۆموزیکۆلۆجی لە سەرجەم کۆلێژە موزیکیەکانی ئەمریکا و ئەورووپادا وەک بەشێکی گرنگ لە بواری خوێندنی موزیکدا دادەنرێت و گرنگیی بەرچاوی پێ دەدرێت.

سەرچاوە

  • بابک احمدی، موسیقی شناسی فرهنگ تحلیلی مفاهیم، چاپ: اول، نشر مرکز، تهران، ١٣٨٩، ٤١٢.
  • نیتل برۆنۆ، اتنۆموزیکۆلۆژی، ت: د. خوش زمیر مجتبی، چاپ: اول، ١٣٤٥.
  • حجریان محسن،مقدیمە ای بر موسیقی شناسی قومی، چاپ: اول، کتاب سرای نیک، ١٣٨٦.