November 22, 2017

DidiMn Logo

مەرجەکانی ڕۆشنبیر لای ئەنتوان چیخۆف

لە لایەن دیدی من 10 months لەمەوبەر

دیدی من

لە عەرەبییەوە: زرار حامید


ئەنتوان بابلۆڤیچ چیخۆف (١٨٦٠-١٩٠٤)، چیرۆکنووس و دکتۆر و شانۆنامەنووسی ڕووسی، ھەندێک لە شارەزایانی ئەدەبیات دەڵێن کە باشترین نووسەری کورتەچیرۆک بووە بە درێژایی مێژوو. دیارترین ناوی ئەدەبیاتی ڕوسیایە، لە ماوەیەکی کەمی تەمەنیدا، سەدان کورتەچیرۆک و چەندان داھێنانی ھونەریی کردووە، ھەروەھا شانۆنامەکانی کاریگەرییەکی بەرچاویان ھەبووە لەسەر ڕەوتی دراما لە سەدەی بیستەمدا.

بەم دواییانە، کۆمەڵێک لە نامەکانی چیخۆف، کە بۆ خێزانەکەی نووسین، لە دووتوێی کتێبێکدا کۆ کرانەوە بە ناوی نامە بۆ خانەوادە. لە یەکێک لە نامەکاندا، چیخۆف وەڵامی نامەیەکی نیکۆڵای برای دەداتەوە، کە پێشتر نیکۆڵای لە نامەیەکیدا بۆ چیخۆف، ناڕەزایی ئەوەی دەربڕیبوو کە خەڵکی لێی تێناگەن. چیخۆف بەم جۆرە وەڵامی دەداتەوە: ”خەڵکی زۆر باش لە تۆ تێدەگەن، کاتێک تۆ لە خۆت تێنەگەیت، ئەمە ھەڵەی خەڵکی نییە.”

 پاشان ھەر لە ڕێگەی ھەمان نامەوە، چیخۆف ھەوڵ دەدات شتێکی دیکە ڕوون بکاتەوە: ”نیکۆڵای، کێشەی تۆ ئەوەیە لە ناخی خۆتدا شکستت دروست کردووە، بارودۆخێکی درۆیینەت بۆخۆت خولقاندووە، ئەم بێزاری و دوورەپەرێزییەت ھەموو دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تۆ بە تەواوەتی بەتاڵیت لە ھەموو ڕۆشنبیرییەک، تۆ لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە تەواو ھەژاریت. لێم ببوورە ئەم قسەیەم کرد، تکایە، بەڵام وەک دەزانیت ژیان یاسای خۆی ھەیە، بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی بژیت، لەگەل ئەوانەی کە دەیانەوێت فێر بن و دڵخۆش بیت لەگەڵیان، دەبێت بڕێک لە ڕۆشنبیری بەدەست بێنیت و لەو چوارچێوەیەدا کار بکەیت. تۆ مەیلت بۆ ڕۆشنبیری ھەیە، بەڵام تۆ لێی دوور دەکەویتەوە بە ھۆی دوودڵیت و یاریکردنت لە نێوان ڕۆشنبیران و ئەوانەی وەک ڕۆشنبیر خۆیان پیشان دەدەن.”

 پاشان چیخۆف ھەشت مەرج دادەنێت، کە دەبێت لە کەسی ڕۆشنبیردا ھەبێت، ئەوانیش:

  1. ڕێزگرتن لە لایەنی ئینسانیی کەسانی تر، بۆیە کەسانی ڕۆشنبیر ھەمیشە دڵسۆزن، لەسەرخۆ، ھەموو کات ئامادەی بەخشینن، ئەوان لەگەڵ کەس بەشەڕ نایەن، لەسەر دیارنەمانی چەکوش یان سیسبوونی چڵێک لە درەختێک ھەرا لەگەل کەس نانێنەوە، کاتێک لەگەل کەسێک ژیان منەتی ئەوە ناکەن کە ئەوان لە چاکەی خۆیانە کە لەگەڵ ئەو کەسەدا ژیاون، دەڕۆن بێ ئەوەی بڵێن ”ھیچ کەس ناتوانێت لەگەڵ تۆ بژی”. ئەوان ژاوە ژاو، ساردبوون، گۆشتی بەستوو، نوکتە، یان کاتێک بێگانەیەک لە ماڵەکانیاندایە، ئەم شتانە قبووڵ دەکەن.
  2. میھرەبانن، تەنھا لەگەڵ سواڵکەرەکان و پشیلەی سەرجادەکاندا نا،ھەمیشە وان، دڵیان بۆ ئەو شتانەی دەیبینن و ئەو شتانەی نایبینن، لێ دەدات. ئەوان شەوان ناخەون تا یارمەتیی کەسێک بدەن، بیریان لای خەرجیی براکەیانە لە زانکۆ، بیریان لای ئەوەیە جلی تازە بۆ دایکیان بکڕن.
  3. ڕۆشنبیر ڕێزی ئەو شتانە دەگرێت کە ئەوانی تر ھەیانە، بۆیە ئەوەی لەسەریەتی ئەنجامی دەدات، بێ ئەوەی دەین بە ملی کەس بێت.
  4. ڕاستگۆن، لە درۆ دەترسن وەک چۆن لە ئاگر دەترسن، درۆ ناكەن تەنانەت لە بچووکترین شتیشدا، چونکە درۆکردن گاڵتەکردنە بەو کەسەی گوێت لێ دەگرێت و بە کەم تەماشاکردنیەتی. خۆیان نماییش ناکەن، ھەڵسوکەوتیان لەسەرشەقامەکان و لە ماڵەکانی خۆیاندا ھەمان شتە و بە شانوباڵی خۆیاندا ھەڵنادەن، لای ئەو ھاوڕێیانەیان کە ئاستیان کەمێک لە خوار ئەمانەوەیە. نابنە بارگرانی بۆ کەسانی دەوروبەریان، وەک ڕێزگرتنێک بۆ ئەوانی تر، کە ڕۆشنبیر زیاتر حەزی بە بێدەنگییە نەک قسە کردن .
  5. لە ئاستی خۆیان دانابەزێنن تا خەڵک میھرەبانتر بێت لەگەڵیان، کاتێک کەسێک دەردەدڵیان بۆ دەکات، گاڵتەی پێ ناکەن، ناڵێن ”ھەڵە لێم تێدەگات” یان ”تۆ ئیتر بوویت بە کەسێکی لە من نزمتر”، چونکە ھەم ئەم قسانە بێمانان، درۆن و قێزەونن، لوتبەرزی و خودپەسەندیان نییە، سوێند بە شتی پڕوپووچ ناخۆن (مەبەستم شتە باوەکانە)، ڕوو وەرناگێڕن کاتێک سەرخۆشێک دەبینن.
  6. گەر گرێبەستێکی باشیان دەست بکەوێت، وا خۆیان دەرناخەن کە گرێبەستێکی سەد ڕۆبلییان دەست کەوتووە، ھەرگیز مافی ئەوە بە خۆیان نادەن کە خۆیان لە پێش کەسانی تر دابنێن، بەھرەمەندی ڕاستەقینە ھەمیشە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ خەلک دەپارێزێت، بێ ئەوەی ھەرا بنێتەوە، وەک چۆن پێشتر کرایلۆڤ گوتبووی، “بەرمیلی بەتاڵ دەنگی زیاتر دێت وەک لە بەرمیلێکی پڕ”.
  7. گەر بەھرەیەکیان تێدا بوو، ڕێزی دەگرن و لەپێناویدا قوربانی دەدەن بە ژن و مەی و لەخۆباییبوون، ئەوان شانازی بە بەھرەکانی خۆیانەوە دەکەن، ھەر بۆیە ڕازیکردنی ڕۆشنبیران کارێکی سەختە.
  8. جوانبینی لە ناخیاندا ھەیە و گەشە دەکات، ناتوانن بە جلی دەرەوە بچنە ناو جێگەی خەوتن، بەرگەی ئەوە ناگرن کە درزی دیواری مالەکانیان پڕ ببێت لە مارومێروو، ھەوای پیس ھەڵمژن، بەپێی توانا ھەوڵ دەدەن دەست بەسەر ئارەزووە سێکسییەکانیاندا بگرن، نایانەوێت ژنەکانیان تەنها لە پاڵكەوتندا بەھرەمەند بن، ئەوان ئەوەی لە ژنیان دەوێت تەنها ھاوڕێیەتیی سەرجێگە نییە، ئەوان، بەتایبەت ئەوانەی ھونەرین، ڕێکی و مرۆڤایەتی و گرنگیپێدان و ھەستی دایکایەتیی ژنەکانیان لا گرنگە، ئەوان بە درێژایی سەعاتەکانی شەو و ڕۆژ خەریکی ڤۆدگاخواردنەوە نین، بۆن بە کۆگانەوە ناکەن، ئەوان شەراب دەخۆنەوە، تەنها کاتێک کە خەریکی بەجێھێنانی ھیچ ئەرکێک نین یاخود لە پشوودا.

چیخۆف درێژە بە قسەکردن دەدات و دەڵێت: ”ئەوە بەس نییە بۆ ڕۆشنبیر، کە تەنها لاپەرەکانی پیکویک (ڕۆمانێکی چارلز دیکینزە) بخوێنێتەوە، یاخود بەشێک لە فاوست (ڕۆمانێکی گۆتەیە) وەک ناوی خۆی بزانێت، ئەوەی لەسەر ڕۆشنبیر پێویستە، کاری بەردەوامە، شەو و ڕۆژ ، بەبێ وەستان، خوێندنەوەی بەردەوام، لێکۆلینەوە و ویست ، چونکە ھەر ساتێک کە تێدەپەڕێت، بۆ ئەو گرنگە.”

 

Chekhov, On Writing, Zrar Hamid,