لە نێوان شانۆ و سینەمادا: گفتوگۆ لەگەڵ ئەسغەر فەرهادی

دیدی منکرایتیریۆن

سازدانی گفتوگۆ: هیلاری وێستۆن
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

لە کۆمەڵێک فیلمی درامیی پەشێو و دروستکراودا، کە بە شێوەیەکی تراژیدی باس لە کێشەکانی ژیانی هاوسەرگیری دەکات، ئەسغەر فەرهادیی فیلمساز، خۆی وەک چاودێرێکی دەرکەوتوو لەسەر لایەنە کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و بابەتە کەسییەکان، کە کۆمەڵگەی ئێرانیی ئەمڕۆمان پیشان دەدات، ناساندووە. نوێترین فیلمی، فرۆشیار، ئەو تێمایانە باس دەکات کە لە ڕێگەی چیرۆکی دوو ئەکتەرەوە، ڕەنا و عیماد (کە زۆر بە جوانی لە لایەن تەرانە عەلیدۆستی و شەهاب حوسەینییەوە ڕۆڵیان دەگێڕدرێت)، پەیوەندیی هاوسەرگیرییان دەکەوێتە مەترسییەوە، کاتێک ڕەنا لە شوقەکەی خۆیاندا هێرشی دەکرێتە سەر. ئەگەر بیرێک لە باکگراوندی فەرهادی بکەینەوە لە شانۆدا، ئەم تەماشاکردنە ناوەکییە لە کاریگەرییە سایکۆلۆژییەکانی سزا، سەرچاوەکەی لە ناوی کتێبەکەی ئارسەر میلەر، مردنی فرۆشیارێک، وەرگیراوە، شانۆییەک کە کارەکتەرە سەرەکیەکانی فیلمەکەی فەرهادی، پڕۆڤەی بۆ دەکەن و دەیخەنە سەر تەختەی شانۆ، ئەوەی کە چیرۆکی پێکدادانی خێزانەکە دەرچەیەکیان دەداتێ، کە پەشۆکاوییەکان لە ژیانیاندا فڕێ بدەن.

سێپتەمبەری ڕابردوو، لە فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی تۆرۆنتۆ، بۆ قاوەخواردنەوەیەک چاوم بە فەرهادی کەوت، کاتێک ئەو بۆ نماییشی فیلمەکەی، فرۆشیار، هاتبووە ئەو شارە. ئەم فیلمە کاندیدی سەرەکییە بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین فیلمی بیانی و ئێستاش لە هۆڵەکانی سینەمادا نماییش دەکرێت. لە گفتوگۆکەماندا، دەرهێنەر لە ڕێگەی وەرگێڕەکەیەوە قسە دەکات، باسی ئەو ئەو سۆزانە دەکات کە کاریگەریی هەبووە لەسەر پڕۆسەی داهێنانەکەی، لەگەڵ باسکردنی عەشقی خۆی بۆ پاکڕاگرتنی شانۆ و چێژی نووسین.


دەتوانیت بەوە دەست پێ بکەیت، کە باسی ئەزموونی سەرەتایی خۆتمان بۆ بکەیت بۆ چوونت بۆ بینینی فیلم؟

یەکەم جار کە چووم بۆ سینەما، زۆر لاو بووم، هۆڵەکەش زۆر لە ماڵی ئێمەوە دوور بوو. چونکە لە شارێکی تر بوو، خێزانەکەمان ڕێگەیان نەدەدا لەگەڵ ئامۆزاکانمدا بچین بۆ سینەما، بۆیە بە دزییەوە دەچووین. درەنگ دەگەیشتین، تەنها تەماشای بیست دەقەی کۆتایی فیلمەکەمان دەکرد. ئەوە ئەو کاتەیە کە پێم وایە عەشق بۆ فیلم لە مندا دروست بوو. کاتێک گەیشتمە ماڵەوە، هەمیشە بیرم لێ دەکردەوە و ئاواتەخواز بووم بزانم بەشەکانی سەرەتا چۆن بوون، خۆم هەوڵم دەدا لە مێشکی خۆمدا دروستیان بکەم. ئەمەش ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو لەوەی من ببمە فیلمساز.


هیچ یادەوەرییەکت هەیە لەسەر یەکەم فیلم، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردبێتە سەرت؟

کاتێک گەنج بووین، زۆرینەی جار بە تەلەفزیۆنی ڕەشوسپی تەماشای فیلممان دەکرد. هەموو ڕۆژێکی هەینی، سەیری فیلمەکانی چارلی چاپلن و بەستەر کیتۆنمان دەکرد، یاخود هارۆلد لایۆد، ئەوان لە ئێران زۆر ناسراوبوون. لە هەمان کاتدا، چونکە ئێمە لە جەنگدا بووین، کۆمەڵێک فیلمی جەنگیی فەڕەنسی و ئەڵمانی نماییش دەکران لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن. بەڕاستی یەکەمین فیلم کە منی جووڵاند، حەوت سامورای بوو، تاکە شتێک کە دەمزانی ئەوە بوو، کە ئەو لە فیلمەکانی تر نەدەچوو، شتێکی نوێ بوو.


کاتێک گەورە بوویت، چ پەیوەندییەکت هەبوو لەگەڵ سینەمای ئێراندا؟

کاتێک هەرزەکار بووم، سینەمای ئێرانی زۆرترین کاریگەریی هەبوو بەسەرمەوە. تەمەنم حەوت ساڵ بوو، کاتێک شۆڕشەکە لە ئێران ڕووی دا، لەو کاتەشدا، تاکە خولیا کە لەو کاتەدا هەمان بوو، سینەما بوو، هیچ شتێکی تر نا. فیلمسازێک هەبوو ناوی بەهرام بەیزایی بوو، کە لەڕاستیدا ئێستا ئەو لە وڵاتە یەکگرتووەکان دەژی، فیلمەکانیشی زۆر کاریگەریی هەبوو لەسەرم. داریوش میهرجویی، دەرهێنەرێکی ترە، کە فیلمی زۆر باشی دروست کردووە و کاریگەریی هەبووە لەسەر من. ئەو فیلمەی مامۆستاکە لە فیلمی فرۆشیاردا پیشانی خوێندکارەکانی دەدات، فیلمێکی میهریجوییە “The Cow”. پێم وایە ئەو فیلمە باشترین فیلمی مێژووی سینەمای ئێرانە.


لە کاتی خوێندنتدا، نووسینی کۆتاییت لەسەر هاڕۆڵد پینتەر نووسی، کە پێم وایە شتێکی سەرنجڕاکێشە ئەگەر بەراوردی بکەیت بە نووسینەکانی خۆت. ئەو شتە چی بوو کە لە ئیشەکانی ئەودا هەبوو سەرنجی  تۆی ڕاکێشا؟

کاتێک کارم لەسەر نووسینەکەم کرد، دەستم کرد بە لێکۆڵینەوە لە زمانی کارەکانی هارۆڵد پینتەر، شتێکیش کە زۆر سەرنجی ڕاکێشام، ئەو بێدەنگییە بوو کە لە کارەکانی پینتەردا هەبوو. کارەکتەرەکان قسە زۆر دەکەن، بەڵام وا دەردەکەوێت قسە دەکەن تاوەکو شتێک بشارنەوە. هەموو شتێک لە خوار ئەوەوەیە.


چۆن پەیوەندیت بە شانۆوە کاری کردە سەر کاری فیلمسازییەکەت؟

پێش ئەوەی بێمە ناو جیهانی سینەماوە، خوێندکاری شانۆ بووم و لە شانۆدا کارم دەکرد. کارەکتەرە پیشەگەرەکەم لەو حەوت ساڵەوە شێوەی خۆی گرت. لەوێدا گەیشتم بەوەی حەز بە چی دەکەم و حەز بە چی ناکەم لە سینەمادا. ماوەیەک بوو کە دەستم کردبوو بە خوێندنەوەی شانۆنامەی بیانی، هەر لەو کاتەشدا جیهانێکی نوێ بۆ من کرایەوە.

ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی – شه‌هاب حوسێنی

کاتێک لە چەند ناوەندێکی جیاوازدا کارت کرد، هەستت بەوە کرد کە شێوازێکی جیاواز یاخود کارکردنێکی جیاوازت هەیە لە دەرهێناندا؟

لە هەر ناوەندێکدا، هەست دەکەم من هەمان کەسم، ناوەندەکان دەگۆڕێن و تەکنیکەکانیش جیاوازن، بەڵام من ناگۆڕێم. کاتیک لە تەلەفزیۆندا کارم دەکرد، بۆ نموونە، چیرۆکەکانم دەربارەی کۆمەڵگە بوون لەگەڵ پەیوەندیی نێوان خەڵکەکانی ناوی. وا دەبینم ئەوە کێشەی ناوەوەی خۆمە کە هەموو کات بگەڕێمەوە بۆی.

هەموو کەسێک پرسیاری دەربارەی ژیانی خۆی هەیە، هەروەها کارکردن لە سینەمادا، ئەو هەلەم بۆ ڕەخسا تا ئەو پرسیارانە لەگەڵ خەڵکی تر هاوبەشی پێ بکەم. یەکێک لەو پرسیارانەی هەمیشە هەمبوو، ئەوە بوو کە چۆن دەتوانین ئەوە بسەلمێنین کە ئەو شتەی یەکێک دەیکات، ئەخلاقییە یاخود نائەخلاقی. فیلم دوای فیلم، دەستم کرد بە پرسیارکردن بە کۆمەڵێک ڕێگەی جیاواز. کاتیک بینەرەکان لە بینینی فیلمی فرۆشیار بوونەوە، هەمان ئەو پرسیارانەیان هەبوو کە من هەمبوو: کام کارەکتەرە کارە ڕاستەکە ئەنجام دەدات؟


ڕەسەنیی فیلمی فرۆشیار دەگەڕێتەوە بۆ کوێ؟

عادەتەن، چیرۆکەکانم بە وێنە دەست پێ دەکەن. نازانم لە کوێوە هاتوون، بەڵام بۆ ماوەیەک لە مێشکمدا ماونەتەوە. بۆ ئەم فیلمە، وێنەی سەر تەختەی شانۆی شانۆگەرییەکە لە مێشکمدا بوو. کەسێک کە کاری ڕووناکییەکە دەکات، ڕووناکییەکە هەڵدەکات و دەکووژێنێتەوە، لە بەشی جیاوازی سەر تەختەی شانۆکەدا، لە کۆتاییشدا، هەموویان هەڵدەکات و دەتوانیت تەواوی سەر تەختەی شانۆکە ببینیت. پێم وا بوو ئەم وێنەیە وەک فیلمەکانی من وان: هەمیشە بەشێکی پەیوەندییە خێزانییەکان دەبینیت، لە کۆتاییشدا، کاتێک بەرەبەرە زانیاری زیاد دەبێت، هەست دەکەیت تەواوی خێزانەکەت بینیوە. ئەم دیمەنەم خستە سەرەتای فیلمەکەوە، بەڵام نەمزانی چیرۆکەکە چییە. لە فیلمەکەدا، سنووری نێوان ژیانی ڕاستەقینە و شانۆ کاڵ دەبێتەوە. لە کۆتاییدا، ئەو ماڵە وەک تەختەیەکی شانۆی لێ دێت.


ئایا هەمیشە حەزت لە کارەکانی ئارسەر میلەر کردووە؟

بەڵێ، خۆشم دەوێ، چونکە باسی پەیوەندییەکانی تاکی ناو خێزان دەکات. شانۆنامەکانی فرەڕەهەندن، ئەگەر کەسێکی سیاسی بیت، ڕووە سیاسیەکەی دەبینیت، ئەگەر گرنگی بە پەیوەندیی خێزانی بدەیت، پەیوەندییەکان دەبینیت، ئەگەر گرنگی بە کۆمەڵگە بدەیت، کۆمەڵگە دەبینیت. ئەمە ئەو شتەیە کە خۆشم دەوێت.


ئەو ڕێگایەی کە تۆ مردنی فرۆشیارێکت خستووەتە سەر تەختەی شانۆ لە فیلمەکەدا زۆر تۆقێنەر و ناچارکەرە، دەمویست ڕای بگرم و سەیری تەواوی شتەکان بکەم. هێشتا دەتەوێت کاری دەرهێنانی شانۆگەری بکەیت؟

لەڕاستیدا، لە کاتی وێنەگرتندا، ستافی فیلمەکە پێیان گوتم کاتیک فیلمەکە تەواو بوو، پێویستە بەردەوام بم و کاری دەرهێنان بۆ شانۆییەکە ئەنجام بدەم. بە جیدی وەرم گرت، هەرچەندە کاتیشم نییە، بیر لەوە دەکەمەوە ڕەنگە پێویست بێت بیکەم.


وەک هونەرمەندێک، چیت دەست دەکەوێت لە دەرهێنانی فیلم، کە جیاوازە لە دەرهێنانی شانۆگەریەک؟

پێم وایە کە شانۆ زۆر جیاوازە لە سینەما، بەتایبەتی کاتێک کار لەسەر نووسینی یەکێکی تر دەکەم. شانۆ، زۆر پاکترە. لە موزیک دەچێت؛ هیچ شتێکی زیادەی تێدا نییە.


هەمیشە لە ئەکتەرەکانی بەردەستت نماییشێکی ڕاستگۆیانە دەهێنیتە دەر. ئایا پڕۆسەی کارکردنت لەگەڵیان چۆنە؟

دەکەوێتەوە سەر ئەکتەرەکە، بەڵام عادەتەن پێش وێنەگرتن زۆر ڕاهێنانیان پێ دەکەم. ئەمەش سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ باکگراوندی من لە شانۆدا. بە ڕێگەی سۆزدارییانە لە هەندێک لە ئەکتەرەکان نزیک دەکەمەوە، هەوڵ دەدەم بیانخەمە حاڵەتێکی سۆزدارییەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوانی تردا، دەبێت بۆیان ڕوون بکەمەوە تاوەکو تێبگەن.


ئایا چ بەشێکی فیلمسازی هێشتا زۆر سەرنجت ڕادەکێشێت؟

سه‌خترین و جوانترین بەشی فیلمسازی بۆ من، نووسینەکەیەتی. کاتێک دەنووسم، چێژی لێ وەردەگرم، هەست دەکەم لەم جیهانەدا نیم. هەر کاتێک دەنووسم، دەڵێم ئەوە دواهەمین جارە. ئازارێکی خۆشە بۆ من.


ئەو فیلمسازە مۆدێرنانە کێن کە سەرسامیت پێیان؟

زۆرن؛ میشێل هانکە، نووری بیلگە جەیلان، ئەلێکساندەر پاین، ئەلفۆنسۆ کوارۆن و ئەلیخاندرۆ گۆنزالێس ئیناریتۆ.


دواهەمین شت چی بوو کە بینیبێتت و جووڵاندبێتتی؟

دواهەمین جار کە من هەستم جووڵابێت، سێ هەفتە پێش مردنی عەباس کیاڕۆستەمی بوو. تەماشای دوا کورتەفیلمەکانیمان دەکرد، کە لە ماڵەکەیدا ئەنجامی دابوو، منیان جووڵاند. بەڕاستی ڕێزم دەگرت، هاوڕێیەتییەکی باشیش لە نێوانماندا هەبوو. ئەو مامۆستایە.