خوێنەر و کتێب: دەربارەی ڕۆمانى قه‌سابخانه‌ی ژماره‌ پێنج

دیدی منخوێنه‌ر و كتێب


كتێب: قه‌سابخانه‌ی ژماره‌ پێنج
نووسه‌ر: کوورت ڤۆنێگه‌ت
خوێنه‌ر: به‌رهه‌م ئه‌نوه‌ر

هەڵبەت کاتێک لە کۆتایی مانگی یەکەمی بەهاری ٢٠١٣دا قەسابخانەی ژمارە پێنجم لە کتێبخانەیەکی بچووک و لاتەریکدا بینی و کڕی، هەرگیز بە خاتری نووسەرەکە و بابەتی چیرۆکەکە نەبوو- چوون نە دەمناسی و نە هیچم دەربارەی بیستبوو-  بەڵکو تەنها بینینی دوو وشە – کە ناوێکیان دروست دەکرد – بۆ من بەسبوو، ئەویش عەتا نەهایی وەرگێڕی کتێبەکە بوو.

”چیرۆکی شکست و ڕسوایی سەربازان!“
درێسدن شارێکە لە ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا و هاوسنوری وڵاتی چیک و پۆڵندایە. ئەم شارە لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووه‌مدا -واتە لە بەهاری ١٩٤٥دا – لە لایەن دەوڵەتە هاوپەیمانەکان، ئەمریکا و بەریتانیا، بۆمباران دەکرێت و لە دەست دەسەڵاتی نازییەکان ئازاد دەکرێت. ئەم ئازادییەش بە مردن و سوتانی زیاتر لە ١٣٥ هەزار کەس دێتە دی.
(بەڵێ کاری دنیا ئاوایە)

نوسەری ئەمریکایی کوورت ڤۆنێگه‌ت ڕۆمانێک بە ناوی قەسابخانەی ژمارە پێنج لە بارەی ئەم تراژیدیایەوە دەنووسێت و ساڵی ١٩٦٩ چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.
چیرۆکی ڕۆمانەکە لە خزمەتی بیرۆکەیەکی مەزندایە، ئەویش نەفرەتکردن و ناشرینکردنی شەڕە، ئیتر شەڕ لە پێناوی هەر ئایدیا و مەبەستێکدا بێت.
دیارە کاتێک ئێمە ئەم وشانە (جەنگی جیهانیی دووەم، ئەڵمانیا، نازییەکان) پێکەوە دەبینین و دەژنەوین ڕاستەخۆ خەیاڵمان بۆ هۆڵۆکۆست و دڕندەیی هیتلەریزمەکان دەڕوات. پڕۆسەی پاکتاوکردنی ئەو جولەکانەمان بیردێتەوە کە زیاتر لە ٦ ملیۆنیان لەناوچوون. بەڵام ئەم کتێبە پێچەوانەی خەیاڵی ئێمە زیاتر کار لەسەر نیشاندانی قێزەونی دەرئەنجامی هەوڵی هاوپەیمانەکان و بە تایبەت ئەمریکا دەکات، بۆ ڕزگارکردنی درێسدن. شارێکی خاپووربوو کە ژمارەی مردووان تێیدا تەقریبەن هاوشانی هێرۆشیما و ناگازاکی بوو! بەو جیاوازییەی کە کوشتار و وێرانکارییەکەی درێسدن وەک ئەوان دەنگدانەوەی جیهانی نەبوو!
(بەڵێ کاری دنیا ئاوایە)

نووسەری ئەم کتێبە، یاخود پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە، یەکێک لەو سەربازانەیە، کە لە دوایین شەوی بۆمببارانکردنی درێسدندا، بە دیلکراوی لە شارەکەدا بووە و بە پەرجوویەک ڕزگاری بووە و بە ڕێکەوت، یەکێک نەبووە لەو هەزاران هەزار مردووەی ژێر دار و پەردووی بینا ڕوخاوەکان!

کوورت ڤۆنێگه‌ت

ڤۆنێگه‌ت بۆ نیشاندانی زیاتری قێزەونی و مەینەتییەکانی شەڕ، لە پاڵ بەکارهێنانی زمانێکی تەژی لە تەنز و تەوس و گاڵتەجاڕی، تەکنیکێکی نایاب بەکار دەبات، کە بریتییە لە گۆڕینی بەردەوامی کات و شوێنی چیرۆک و ڕووداوەکان. ئەم تەکنیکی شوێن/کات گۆڕینە هێندە لێزانانە پەیڕەوکراوە، کە بەهۆیەوە دەتوانین هەست بە کاریگەییەکانی شەڕ بکەین لەسەر دەروون و خەیاڵی سەربازان بە گشتی و دەربازبووانی جەنگ بە تایبەتی. پاڵەوانی ڕۆمانەکە بەردەوام لە نێوان چەند زەمانێکدا لە گەشتدایە، گەشت لە نێوان تەمەنی منداڵی و لاوێتی و پیریدا. بە زمانێکی تر، سەفەر لە نێوان ڕۆژگارەکانی بەر لە جەنگ و سەردەمانی جەنگ و دوای جەنگ.
ڕێدەکەوێت لە لاپەڕەیەکدا، هەندێ جار لە پەرەگرافێکدا، دوو شوێن/کاتی جیاواز، واتە دوو چیرۆک و دوو ڕووداوی جیاواز ببیندرێت. ئەم وردەکارییە کارێک دەکات نەتوانین چاوپۆشی تانانەت لە ڕستەیەکیش بکەین. شێوازی گێڕانەوەکە بە جۆرێک چڕوپڕ و داڕێژراوە، کە هەست بەهیچ جۆرە زیادەڕەوییەک نەکەیت. ئەمە وا دەکات لە کتێبێکی ٢٥٠ لاپەڕەیی نەک پەرەگرافێک، تەنانەت ڕستەیەکیش زیادە و بێ کاریگەریی دەرنەکەوێت. واتە بۆ ئەوەی لەگەڵ خەیاڵی بیلی، پاڵەوانی ڕۆمانەکە، هەمیشە لە سەفەرە بەردەوامەکانیدا بەشدار بین، پێویستمان بە حەوسەڵەیەکی زیاتر و سەلیقەیەکی باشترە و هەرگیز، ناشێت و نابێت لە ڕستەیەک خافڵگیر بین.

عادەتەن لە جەنگدا دوو بەرە هەیە، لایەنێک کە پێی وایە لەسەر حەقە و لایەنێک کە وا دەردەکەوێت ناحەقە، بەڵام ڕەهەندێکی جوانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە لە خزمەتی هیچ کام لەم دوو لایەندا نییە. بەڵکو وەک ئەلبوومێکی وێنەیی ژیانی ئەو سەباز و بەرکەوتووانەمان نیشان دەدات کە تا ئاستی نابوودبوون و ڕیسوایی، لە زیانلێکەوتووانی جەنگن. سەرابازانێک، کە جوانترین ساتەکانی ژیانیان دەبێتە سووتوی شەڕەکان. خۆشترین هەناسەکانیان لە نزیک شەڕگەکان و لەناو تانک و سەربازگەکاندا دەدەن. لە باشترین حاڵەتدا برسییانە و سەرمایانە و بە گشتی، لە نێوان خەو و بێدارییاندا جیاوازییەک نییە!
(بەڵێ کاری دنیا ئاوایە)

بەڵێ، وەک چۆن هەمیشە ئاو خواردنەوە پێویستییە و ئاساییە، ئاوهاش لە ساتی جەنگدا کوشتن و بڕین پێویستییە و ئاساییە. چونکە شەڕ تەنها یەک یاسای هەیە –ئەگەر نەکوژیت، دەکوژرێیت-
دەشێت بڵێین ئەم کتێبە تەواو لە خزمەتی نیشاندانی پوچییەتی و بێهودەیی ژیانێکدایە، کە یاساگەلێکی هاوشێوەی تێدا پیادەکرێت.


قەسابخانەی ژمارە پێنج. کوورت ڤۆنێگه‌ت. وەرگێڕانی؛ عەتا نەهایی. سەردەم، ۲۰۰٨.