لە شاری کەرەجی وڵاتی ئێران کۆڕێک دەربارەی ڕۆمانێکی بەختیار عەلی ساز دەکرێت

دیدی منئاراس عەبدولڵا


بڕیارە ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتی ٢١/٢/٢٠١٧ لە شاری کەرەجی وڵاتی ئێران، کۆڕێکی تایبەت بۆ ڕۆمانی جەمشید خانی مامم، کە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبردـی نووسەر و ڕۆماننووسی کورد بەختیار عەلی، بە ئامادەیی وەرگێڕی ڕۆمانەکە بۆ زمانی فارسی، مەریوان هەڵەبجەیی ساز بکرێت.

لە کۆڕەکەدا هەردوو رەخنەگری ئێرانی مەشییەت عەلایی و دكتۆر ڕزگار محەمەدی چەند تەوەرێکی جیا دەربارەی ڕۆمانەکە دەخەنە ڕوو، بە گوتەی وەرگێڕی ڕۆمانەکە بۆ زمانی فارسی، ڕەخنەگرەکان چەند تەوەرێک دەربارەی ڕۆمانەکە دەخەنەڕوو کە خۆیان لە ڕەخنەی دەروونشیکاری، ستراکتۆری و مارکسیستی دا دەبیننەوە. جگە لەمانەیش مەریوان هەڵەبجەیی وەرگێڕ، بابەتێک بەناونیشانی «بەختیار عەلی، شوێن و پێگەی لە ئەدەبیاتی کوردیدا»، پێشکەش بە ئامادەبووان دەکات.

دەربارەی ئەو بابەتەی کە بڕیارە پێشکەشی بکات، مەریوان هەڵەبجەیی وەرگێڕ، بۆ دیدی من گوتی: ”لە کۆڕەکەدا دەربارەی دەستپێکی ڕۆمانی کوردی و ژانی گەل و ئیبراهیم ئەحمەد دەدوێم، هەروەها رۆڵی گۆڤاری گەلاویژ لە ئەدەبی داستانی لەو سەردەمەدا. دواتر حسەین عارف وەک یەکێک لە گرنگترین وێستگەکان و پاشان شێرزاد حەسەن وەک کەسێک کە دابڕانێکی گەورە لە چیرۆک و ڕۆمانی کوردیدا دروست دەکات و دەبیتە رووداوێکی گەورە و خاڵی وەرچەرخان. دواتر دێمە سەر بەختیار علی وەک گەورەترین رووداوی ئەدەبیی سەدەی کورد کە لەسەر چەندین ئاست زۆرترین کاریگەریی لەسەر ئەدەبیاتی کوردی دادەنیت، ئاستێک دەبێتە یەکێک لە گرنگترین پێشرەوەکانی قەسیدەی نەسر لە شیعری کوردیداو فروانبوونی ئەندێشە و پانتایی زمان لە شیعری بەختیار و شیعری کوردیدا، ئاستێکی تر لە ئاستی رۆماندا ، هێنانی تێمای جیاواز و زمانێکی شاعیرانەی قوڵ بۆ ناو رۆمانی کوردی و کردنی کارەکتەری پەڕاویزخراو بە سەنتەر و خەیاڵی فراوان. هەروەها تەوەرێکی تر دەربارەی بەختیار وەک رەخنەگر ، پاشان وەک رەخنگەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و …“