November 23, 2017

DidiMn Logo

چیرۆک: پیرخانه‌

لە لایەن دیدی من 9 months لەمەوبەر

سه‌حه‌ر ڕه‌سایی

به‌یانییه‌کی پایزی ستۆکهۆڵمه‌ و له‌سه‌ر کورسی باخچه‌یه‌ک دانیشتووم، وه‌ک ماندووترین دایک له ‌گه‌ڵای ئه‌و دره‌ختانه‌ ده‌ڕوانم که‌ ده‌یان ڕه‌نگی زه‌ردی جیاوزیان هه‌یه‌، کچه‌که‌م له‌ عه‌ره‌بانه‌که‌یدا خه‌وتووه‌، له‌ شه‌وێوه‌ تا به‌ره‌به‌یان له‌به‌ر ئازاری سکی گریاوه‌ و نه‌یتوانیوه‌ بخه‌وێت، ئێستاش وه‌ک مه‌عسومترین به‌چکه‌ی دنیا به‌هێواشی هه‌ناسه‌ ئه‌دات.

به‌ڵی من ئه‌مویست چیرۆکی ئه‌و خانمه‌تان بۆ بگێڕمه‌وه‌، که‌ باخێکی بچووکی هه‌بوو، باخه‌که‌ی ته‌نها هه‌ر یه‌ک دره‌ختی هه‌ڵوژه‌ی تیابوو، ماڵه‌که‌شی له‌سه‌ر ڕێگای ڕۆیشتنم بوو بۆ سه‌ر کاره‌که‌م.

به‌لای منه‌وه‌ ئه‌و خانمه‌ نازدارترین و جوانترین پیرێژن بوو که‌ له‌ هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ی له‌م وڵاته‌دا ژیابووم بینیبووم، قژێکی سپی سپی و ده‌موچاوێکی زۆر ساحیرانه‌ و تاڕاده‌یه‌ک جدی هه‌بوو، هه‌میشه‌ که‌ به‌لای ماڵه‌که‌یدا تێئه‌په‌ڕیم له‌ دڵی خۆمدا پێم ئه‌وت: ئه‌بێت شه‌وێک به‌دزییه‌وه‌ هه‌ڵوژه‌یه‌کت لێ بدزم ئه‌ی مارگاریتای جوان، (له‌یه‌کێک له‌و دوانیوه‌ڕوانانه‌ی که ‌بۆ کاره‌که‌م ئه‌چووم و تا شه‌وێکی دره‌نگ کارم ئه‌کرد، گوێم لێبوو دراوسێکه‌ی به‌و ناوه‌وه‌ سڵاوی لێ کرد).

که‌ منداڵ بووم یه‌کێک له‌ چه‌توونترین کوره‌زاکانی نه‌نکم بووم که‌ هیچ هه‌ڵوژه‌ و سێویکم به‌ باخه‌که‌یه‌وه‌ نه‌هێشتبوو، هه‌رچ کاتێک ئه‌چووم بۆ ماڵیان وه‌ختێک تاریکی شه‌و وه‌ک پیاوێکی ته‌ماحکار و نه‌وسن خۆی ئه‌دا به‌سه‌ر حه‌وشه‌که‌دا و هه‌موان خه‌وێکی قوڵ داگیری ئه‌کردن، من هه‌ڵئه‌ستام و ده‌ستم ئه‌کرد به‌ هه‌ڵوژه‌خواردن، تا جارێک نه‌نکم، که‌ ده‌ستم به‌رزکردبووه‌وه‌ بۆ لێکردنه‌وه‌ی مزره‌سێوێک، ناگه‌هان وتی: ئه‌وه ‌تۆیت دزیم لێ ئه‌که‌یت سه‌گباب.

 لێره‌ به‌ ڕۆژدا نه‌ئه‌کرا به‌دزیه‌وه‌ هه‌ڵوژه‌ لێ بکه‌یته‌وه‌ ته‌نانه‌ت گه‌ر ئه‌و دره‌خته‌ موڵکی که‌سیش نه‌بێت، چونکه‌ سویدییه‌کان هه‌رگیز حه‌زیان له‌ لێکردنه‌وه‌ی میوه‌ی ئه‌و دره‌ختانه‌ نییه‌ که‌ له‌سه‌ر رێگاوبانه‌کان یان ته‌نانه‌ت له‌ باخه‌کانیشدان، هه‌میشه‌ به‌ شیوه‌یه‌کی جیاواز سه‌یری ئێمه‌ی په‌ناهه‌نده‌ ئه‌که‌ن که‌ بۆ لێکردنه‌وه‌ی ده‌نکێک گێلاسی کێوی پێمان ئاساییه‌ به‌سه‌ر به‌رزترین دره‌ختیشا سه‌رکه‌وین، به‌ڵێ من دام نابوو شه‌وێک هه‌ڵوژه‌ له‌ باخه‌که‌ی مارگرێتا بدزم، وه‌لێ له‌تاو ناخۆشی و پیسی کاره‌که‌م هه‌میشه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌مدا له‌ بیرم ئه‌چوو ئه‌و کاره‌ بکه‌م. شه‌وانه‌ من و هاوڕێکانی کاره‌که‌م له‌تاو بۆنی گوو و ڕاکه‌ڕاک، تانانه‌ت تاقه‌تمان نییه هیچ‌ قسه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا بکه‌ین.‌ زۆرینه‌ی هاوکاره‌کانم ئافره‌تانی ده‌موچاو هیلاکی وڵاتانی سۆماڵ و عیراق و ئێرانن و تاکوته‌رایه‌کیش سویدیمان تیایه، یه‌کێک له‌و سویدیانه‌ که‌ ناوی لیلیانه‌ شووی به‌ تورکێک کردووه‌ و ئافره‌تێکی قژ ڕووتاوه‌ی خڕه‌ڵه‌یه‌، که‌ پێموایه‌ له‌ مانگێکدا دوو جار خۆی ئه‌شوات، بۆنی زیرگی لێ دێت و هه‌میشه‌ که‌ دێت له‌سه‌ر میزه‌که‌ی ئێمه‌ نان بخوات، من ده‌ست له ‌نان خواردن هه‌ڵده‌گرم، پێنج ڕۆژ له ‌هه‌فته‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌یدا شه‌ڕیه‌تی و به‌و حاله‌شه‌‌وه‌ زیڕه‌ی کردووه‌ که‌ مێرده‌که‌ی جێی بێڵیت. یه‌کێکی تریان ناوی لیسه‌لۆته‌ که‌ باریکترین و خاوترین ئافره‌تی سه‌ر گۆی ئه‌م زه‌ویه‌یه‌ به‌ڵام میهره‌بانترینیشیانه‌، به‌ته‌نها له‌گه‌ڵ کوڕه‌که‌یدا ئه‌ژی و هیچ بێز له‌ گووسڕین ناکاته‌وه‌‌، به‌خته‌وه‌رترین کارمه‌ندی ئه‌م پیرخانه‌یه‌یه‌، به‌ڵی دوو ساڵ و دوو هاوین تێپه‌ڕی من له‌تاو هیلاکی بیرم ئه‌چوو هه‌ڵوژه‌که لی بکه‌مه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مشه‌و بڕیارمداوه‌ که‌ ئیتر ببمه‌وه‌ به‌ مناڵ و له‌ باخه‌که‌ی مارگه‌رێتادا هه‌ڵوژه‌که‌ بدزم.

 ئه‌مشه‌و له‌ جه‌دوه‌لی کاره‌که‌مدا ئه‌و که‌سانه‌م به‌رنه‌که‌وتووه‌ که‌ له‌سه‌ر جێ که‌وتوون و خۆیان پیس ئه‌که‌ن، به‌ڵکه‌ یورگن و ئاسپ و کۆمه‌ڵێکی تر که‌ زۆر باش ئه‌یان ناسم و‌‌‌ هه‌ندێکیان ته‌نها پێویستیان به‌ نانی ئێواره‌ و ده‌رمان وه‌رگرتن هه‌یه‌، یورگن ڕۆشنبیرترین و حه‌کیمترین پیاوی ئه‌م پیرخانه‌یه‌یه‌ و زۆر شێتانه‌ عاشقی من بووه‌، هه‌میشه‌ باسی ئه‌و کتێبانه‌ ئه‌که‌ین که‌ له‌و هه‌فته‌یه‌دا خوێندوومانه‌ته‌وه‌، زۆر جار ئه‌کوتم به‌سه‌ر ده‌سته‌ پیره‌کانیدا و ئه‌ڵێم پێم نه‌وتی نابێت باسی ئه‌و شتانه‌ بکه‌یت، وه‌ک هه‌میشه‌ به‌ڵێنم ئه‌داتێ که ‌هه‌رگیز باسی عه‌شقی خۆیم بۆ نه‌کات، به‌ڵام هه‌ر پاش چه‌ند چرکه‌یه‌ک ده‌ست ده‌کاته‌وه‌ به‌ گیڕانه‌وه‌ی خه‌ونه‌کانی. یورگن خۆشه‌ویسترین پیاوی ئه‌م پیرخانه‌یه‌یه‌ و ته‌مه‌نی نه‌وه‌دوچوار ساڵه‌.

ئاسپ ئافره‌تێکی حیله‌باز و جانانه‌یه‌، که‌ کێشی سه‌د و په‌نجا کیلۆیه‌ و هه‌میشه‌ دوو که‌سین که‌ ئه‌چین بۆ لای، به‌ به‌رزکه‌ره‌وه‌یه‌کی کاره‌بایی له‌ جێگه‌که‌ی خۆی به‌رزی ئه‌که‌ینه‌وه ‌و ئه‌یجوڵێنین، زۆر حه‌زی له‌ فیله‌ و هه‌موو ماڵه‌که‌ی پڕه‌ له‌ فیل، فیلی هه‌یه‌ چه‌رخه‌ و جگه‌ره‌ی پێ دائه‌گرسێنێ هه‌یه‌تی کوپه‌ و قاوه‌ی تیا ئه‌خواته‌وه‌، فیلی هه‌یه‌ کورسییه‌ و له‌سه‌ری دائه‌نیشیت، هه‌میشه‌ شووشه‌یه‌ک بۆن که‌ له‌ شێوه‌ی فیلدایه‌ لای ته‌ختی خه‌وه‌که‌یدا دانراوه‌، فیلێکی بچووکی ئاڵتوونیشی له‌ملدایه‌، زۆرینه‌ی شه‌وان خۆی پیس ئه‌کات به‌ڵام ئه‌مشه‌و وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ هه‌موو شته‌کان له‌بار بن بۆم ته‌نانه‌ت میزیشی نه‌کردووه‌ به‌ خۆیدا، هه‌ر له‌ خۆمه‌وه‌ دڵم خۆشه‌ و هه‌ست ئه‌که‌م هه‌مان کچه‌ بچکۆله‌که‌ی بیست ساڵ له‌وه‌وپێشم، هێشتا نه‌نکم پێی نه‌زانیوم و ئه‌توانم چاوم بنۆقینم و تامی هه‌ڵوژه‌ترشه‌کان بێنمه‌وه ‌ژێر زمانم، هه‌شت ساڵانم و قژم کورته‌ و عه‌زییه‌کی په‌ڕپه‌ڕه‌شم له‌به‌ردایه، ‌بڕیاره‌ گه‌ر عه‌رز و عاسمان له ‌یه‌ک بده‌ن من کاری خۆم بکه‌م، له ‌شوێنی کاره‌که‌مه‌وه‌ تا باخه‌که‌ی مارگه‌رێتا ڕائه‌که‌م، چه‌ند مه‌ترێکم ماوه‌که‌ بگه‌م ئه‌بینم ئه‌مبولانسێک له ‌به‌رده‌می حه‌وشه‌که‌ی مارگرێتادا ڕاوه‌ستاوه‌، هه‌ر له‌ خۆمه‌وه‌ دڵم ئه‌که‌وێته‌ په‌له‌په‌ل و ئه‌ڕۆمه‌ پێشه‌وه‌ و له‌ یه‌کێک له‌ په‌رستاره‌کان ئه‌پرسم که‌چی ڕوویداوه‌، به ‌خوێنساردییه‌کی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ره‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ ته‌نیا له‌م دنیایه‌دا بۆ ئه‌وه‌ دروسبووبێت که‌ ئه‌م هه‌واڵگه‌له‌ بگه‌یه‌نێت ئه‌ڵێت: دڵی وه‌ستاوه‌، ئه‌یناسیت؟ سه‌رم به‌نیشانه‌ی نه‌ء ڕائه‌وه‌شێنم.

 ئیتر من هه‌شت ساڵان نیم، ئه‌وه‌ستم تا ئه‌مبولانسه‌که‌ دوور و دوورتر ئه‌که‌وێته‌وه‌، به‌هێواشی وه‌ک ئه‌وه‌ی ئافره‌تێکی پیربم و هیزی ڕۆیشتنم نه‌مابێت به‌لای باخه‌که‌یدا تێئه‌په‌ڕم، لائه‌که‌مه‌وه‌ دره‌خته‌که‌ بایه‌کی مه‌رگاویی به‌هێواشی ئه‌یله‌رێنێته‌وه‌ و چه‌ند هه‌ڵوژه‌یه‌ک ئه‌که‌وێته‌خواره‌وه‌. مارگه‌رێتا له‌ویایه‌ له‌ناو گوڵه‌باخه‌سووره‌کاندا به‌ ده‌موچاوی پڕ له ‌میهریه‌وه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌مێک بێت بمناسیت، ده‌سێکی ماڵئاواییم بۆ به‌رز ئه‌کاته‌وه‌.

DidiMnStory, Sahar Rasaye,