گەڕانەوە بۆ سروشت و لاوێتیی: ئیکۆکریتیسیزم و پاسەوانێک لە مەزرا

دیدی من ئەکادیمی پەبڵیکەیشن
لە ئینگلیزییەوە: شێنێ موحه‌مه‌د


پێشەکی

پرسیارێک بەردەوام لە ڕۆمانی پاسەوانێک لە مەزرادا دووبارە دەبێتەوە: ”دەزانی ئەو مراوییانە بۆ کوێ دەڕۆن، کاتێ ھەمووی دەیبەستێ؟“ ئەمەش باری دەروونیی پاڵەوانی کتێبەکە و پرسی ئەو بۆ داھاتوو ڕوون دەکاتەوە. ئەمە جگە لە پێناسەیەک بۆ ژیانی نووسەر، پێناسەیەکیشە بۆ ژیانی نەوەی دوای جەنگی جیھانیی دووەم. جگە لە چەند چیرۆکێکی کورت، پاسەوانێک لە مەزرا تاکە ڕۆمانی بڵاوکراوەی جەی دی سالنجەرە. بە ھۆی ئەو ھەموو باسەی ئەم کتێبە بەدوای خۆیدا ھێنای، ناوبانگێکی زۆری لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا پەیدا کرد.  تا ئێستاش لە لایەن زۆرێک لە ڕەخنەگران و خوێنەرانەوە، سالنجەر بە یەکێک لە باشترین و کاریگەرترین نووسەری فیکشن لە مێژووی ئەدەبی ھاوچەرخی ئەمریکادا ھەژمار دەکرێت.

پاسەوانێک لە مەزرا وێنەیەکی جوانی گەنجێکی تەمەن شازدە ساڵ بۆ خوێنەر دەکێشێت. گێڕەرەوەی چیرۆکەکە، ھۆڵدن، پاڵەوانی ناو ڕۆمانەکەیە و ئەزموونی سێ ڕۆژی خۆیمان لە نیو یۆرک بۆ دەگێڕێتەوە لە پاش ئەوەی لە خوێندنگە دەردەکرێت بە ھۆی ناچالاکی لە خوێندندا. ئەو لە ڕێگەی قسەکردن لەگەڵ پەرستارێک، سۆزانییەک، فیبی خوشکە بچووکی و مامۆستاکەی لە ماوەی ئەم سێ ڕۆژەدا، دووڕوویی ناو دونیای گەورەکان ئاشکرا دەکات، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی سۆزێکی زۆر تایبەت بۆ منداڵ لە دڵیدا دروست بێت. چیرۆکەکە سنوورەکانی تەمەن، خوێندن و کلتوور تێدەپەڕێنێت. پاش زیاتر لە ٣٠ ساڵ، ئێستایش بە کتێبێکی ”کلاسیکی مۆدێرن“ لە ئەدەبی ھاوچەرخی ئەمریکادا دادەنرێت.  لە چیرۆکەکەدا، ھۆڵدن دەیەوێت ببێتە ”پاسەوانێک لە مەزرا“، کە ئەمەش حەزی ئەو بۆ گەڕانەوە بۆ منداڵیی، سروشت و بیری ئیکۆفیلۆسۆفی (فەلسەفەی ژینگەزانی) ڕوون دەکاتەوە.


ئیکۆکریتیسیزم

شێرڵ گڵۆتفێڵتی لە پێناسەکردنی ئیکۆکریتیسیزمدا (ڕەخنەی ژینگەزانی) دەڵێت: ”لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر پەیوەندیی نێوان ئەدەب و ژینگەی فیزیکیی“. سادەییی ئەم پێناسەیە سەرنج ڕاکێشە، بەڵام پرسیارێک بە دوای خۆیدا دەھێنێت: ئایا ئیکۆکریتیسیزم تەنھا شەرابی کۆن دەکاتە بتڵی نوێوە؟ لاورێنس بوێڵ، وەک کەسێکی ژینگەپارێز، بەم جۆرە پێناسەی ئیکۆکریتیسیزم دەکات: ”لێکۆڵینەوەیەکە لە پەیوەندیی نێوان ئەدەب و بارودۆخی ڕۆحیی کەسێکی پابەند بە ژینگەوە“ (430). ئەمەش پێناسەیەکی دروستە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئیکۆکریتیسیزم تەنھا شیکردنەوەی سروشت نییە لە دەقێکی ئەدەبیدا، بەڵکو ئەو جیھانبینییەیە کە سه‌نتەر تێیدا ژینگەیە (ئیکۆسێنتریک)، کە ئیتیکی ژینگەیی فراوان دەکاتەوە. لە ژێر ڕێنمایی ئەم جیھانبینییە، مرۆڤ دەتوانێت ئەوە ببینێت کە جیھان دەکرێت فۆڕم و ژینگەی دیکەش لەخۆ بگرێت. ئیکۆکریتیسیزم ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچوونە باوەکان لە بارەی ژینگە زۆر تەنگن، بەجۆرێک کە بینینی ئێمەی سنووردار کردوە بەرامبەر بە بوونی بوونەوەر و ژیانی دیکە لە جیھاندا. ئامانجی ئیکۆکریتیسیزم لێکۆڵینەوەیە لە ڕۆڵی ئەدەب لەو پەیوەندییە ئاڵۆزەی لە نێوان مرۆڤ و ژینگە، ھزر و جیھان،  بیرکردنەوە و بووندا ھەیە. ئەم ڕەخنەیە لە کاتێکدا ھەوڵێکی زۆری ھەیە بۆ دروستکردنی پەیوەندی نێوان کلتوور و ئەدەب، بەڵام خۆی لەو خەیاڵانە بەدوور دەگرێت کە تێیدا چارەسەر تەنھا لە گەڕانەوەدایە بۆ ڕابردوو کە کاتێک مرۆڤ و سروشت لە ھارمۆنیدا بوون، هه‌روه‌ها ھەوڵدەدات گۆڕانێک لە ئاگاییی مرۆڤ بە شیکردنەوەی کارە ئەدەبییەکان و سەیرکردنی سروشت بەشێوازێکی جیاواز تێیاندا دروست بکات. ئەمەش ڕەنگە مرۆڤ بپارێزێت لەو قەیرانانەی لە ئێستادا لە ئیکۆڵۆجی (زانستی ژینگە)دا ھەیە. ئاڵدۆ لیۆپۆڵد ( ١٨٨٧ – ١٩٤٨) لەو کتێبەی کە لە پاش مردنیدا بڵاوبووه‌وە، ساڵنامەیەکی وڵاتی لم، باس لە بیری ئیکۆلۆجیی دەکات و گرنگیی ھاوئاھەنگیی لەگەڵ سروشتدا دووپات دەکاتەوە. ھەر کاتێک مرۆڤایەتی وەک تاکێک سەیری زیندەوەر بکات کە بایەخێکی جەوھەرییان لە نێودایە، ئەوکات ڕێزیان نیشان دەدات. چەمکی بیری ئیکۆلۆجی (ژینگەزانی) باس لەوە دەکات كه‌ مرۆڤ دەبێت بزانێت ئێمە تەنھا یەک توخمین لە ژینگەدا. ئەمە بیرۆکەی سەرەکیی بزوتنەوەی ژینگەزانی ھاوچەرخە. بەڵام مرۆڤ چاوەڕێی لەناوچوون دەکات پێش ئەوەی ھیچ کارێک بکات بۆ بەرھەڵستی کردنی تێکدانی ژینگە. ئاڵدۆ لیۆپۆڵد ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئێمە دەبێت ھەوڵێکی زۆرمان بۆ دروستکردنی ھارمۆنیی بێت لەگەڵ ژینگەدا.


پاسەوانێک لە مەزرا

پاسەوانی مەزراکە یەکەم دەرکەوتنی لە ڕۆمانەکەدا ئەو کاتەیە کە ھۆڵدن تەماشای منداڵێکی بچووک دەکات کە گۆرانی دەڵێت و ھۆنراوەی کە لەناو مەزراکەوە دێت‌ـی ڕۆبێرت بۆرنس دەڵێتەوە:

”بە ڕادەی ڕۆژیی پێشوو سارد نەبوو، بەڵام ھێشتا خۆر بەدەرەوە نەبوو، زۆر خۆش نەبوو بۆ پیاسە، بەڵام شتێکی جوانم بینی، خێزانێک لە پێشمەوە دەڕۆشتن، کە لەوە دەچوو تازە لە کڵێسە ھاتبنە دەرەوە – باوک و دایکێک، لەگەڵ منداڵێکی بچکۆلە لە تەمەنی شەشساڵاندا – تاڕادەیەک ھەژار دیاربوون. لەبری ئەوەی بەسەر شۆستەکەدا ڕێ بکا، بەسەر شەقامەکەدا دەڕۆشت، بەڵام ڕاست بە تەنیشت لێواری شۆستەکەوە، وەک ئەوەی بەسەر ڕاستەھێڵێکدا بڕوا، ھەر بەو چەشنە ڕۆشتنەی منداڵان ھەیانە، تەواوی کاتەکە ھم ھم‌ـی دەکرد و لەبەرخۆیەوە گۆرانیی دەگوت. چوومە نزیکترەوە، تا گوێم لێی بێ چ گۆرانییەک دەڵێ. ئەو گۆرانییەی دەگوت ئەگەر کەسێک کەسێکی تر بگرێت، کە لەناو مەزراکەوە دێ…ئەویش بۆخۆی بە تەنیشت لێواری شۆستەکەدا دەڕۆشت و گۆرانیی دەگوت، ئەگەر کەسێک کەسێکی تر بگرێت، کە لە ناو مەزراکەوە دێ. ئیتر من ھەستم دەکرد باشترم، ھەستم دەکرد چیتر ئەوەندە دڵتەنگ نیم“  (181).

کاتێک فیبی لە ھۆڵدن دەپرسێت کە چی لە ژیان دەوێت، ئەو دیسانەوە بەم وێنەیە وەڵامی دەداتەوە: ”پاسەوانێک لە مەزرا“. ھۆڵدن خەیاڵی کێڵگەیەک دەکات کە لەسەر خەرەندێکە، پڕ لە منداڵ کە ڕادەکەن و یاری دەکەن. ئەو دەڵێت حەز دەکات پارێزگاریی لە منداڵەکان بکات و لە کاتی کەوتنە خوارەوە لە خەرەندەکە ڕزگاریان بکات.

”بەردەوام ئەو ھەموومنداڵە بچکۆلەیە وێنا دەکەم، کە لە ناو مەزرایەکی گەورەدا یاری دەکەن، بە ھەزاران منداڵی بچکۆلە، کەسیش، جگە لە من، لەوناوە نییە، مەبەستم کەسی گەورەیە. منیش لەسەر لێواری خەرەندێکی قەشمەردا وەستاوم، کارم ئەوەیە ھەموو ئەوانە بگرمەوە، کە بەرەو خەرەندەکە مل دەنێن، یانی لەوکاتەدا، کە دەڕۆن و ئاگایان لێ نییە بۆ کوێ دەچن، من دەبێ لە شوێنێکەوە پەیدا ببم و بیانگرم. بەو ڕۆژگارە کاری من ئەوە دەبێ. من، لەو مەزرایەدا، تەنیا، پاسەوانێک دەبم. “ (263).

دەکرێت ئەم خەونەی ھۆڵدن دوو مانای ھەبێت، یەکەم: ژیان لە مەزرایەک. بەدڵنیاییەوە مەزرا ھێمایەکە بۆ سروشتێک کە پڕە لە ئارامیی، جوانیی و پاکیی. ھۆڵدن لە ڕێگەی سروشتەوە بەشوێن پیرۆزیی مرۆڤدا دەگەڕێت. ھەرچەندە ئه‌و لە شارێکی گەورەدا لەدایک بووە، ھەمیشە ئارەزووی جێھێشتنی تەلارە بەرز و ھەوربڕەکان دەکات بۆ ژیان کردن لە ناو مەزرایەکی پاک و نوێ. دووەم: بوون بە پاسەوانێک. لە کۆمەڵگەیەکدا کە کەسەکان بە پێی ئەو بڕە پارەیەی بە دەستی دەھێنن ھەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت  و ڕووکەشیبوون بۆتە دروشم، ئەم گەنجە نائومێدە و دژایەتیی ئەو ھەموو ساختەیییه‌ دەکات کە دەوری داوە. ھۆڵدن ھەوڵ بۆ بەدەستھێنانی ھەندێک شت دەدات کە توانای ماناوەیان ھەیە، وەک ڕاستی، ئازادی و خۆشەویستی.


سۆز بۆ منداڵ: وێنەیەک لە سروشت

ئەو سۆزەی کە ھۆڵدن بۆ منداڵ ھەیەتی یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی ئیکۆکریتیسیزم. منداڵ بەشێکە لە سروشت، ئەمەش چەمکێکی باوە لە فەلسەفەی ڕۆمانتیسیزم. سالنجەر باوەڕی وایە کە مرۆڤ لە منداڵیدا بێتاوانە، بەڵام لەگەڵ چوونە ناو کۆمەڵگه‌وە ئەم بێتاوانییە لەدەست دەدات. سالنجەر یەکەم نوسەر نییە کە ئەم بیرۆکەیەی بە ئاشکرا باس کردبێت، وڵیام وۆردسوۆرس دەڵێت: ”منداڵ باوکی مرۆڤایەتییە“.ئەم دێڕە دژی ئەو بۆچوونەیە کە ڕۆژانە مامەڵەی منداڵی پێ دەکەین. ئەم دێڕە شوێنکەوتنێکی قووڵی ڕۆحییە کە بانگەشەیە بۆ پاکترین و جوانترین سپێریچواڵیزم. ھەموو ئەو ئازار و تراومایانەی لە ژیانی گەورەکاندا ھەیە، لە جیھانی منداڵدا دەڕەوێتەوە. ھۆڵدن دەیەوێت لەو جیھانەی کە پڕە لە جیاکاری و گەڕانێکی ماندووکەر بە شوێن دۆزینەوەی خوود ده‌رباز بێت.


ھاڕمۆنیی

ئەو ھەموو نیگەرانییەی کە ھۆڵدن بۆ گیاندارانی ھەیە ھارمۆنیی ئەوە لەگەڵ سروشتدا. پێداگریی ئەو بۆ زانینی ئەوەی مراوییەکان لە زستاندا بۆ کوێ دەچن و گەڕان بۆ مراوییەکان لە ناو سێنتڕاڵ پارک لە نیو یۆرک، ئەمە زۆر بە جوانی ڕوون دەکاتەوە. مراوییەکان لە گۆمێکدا دەژین کە بەشێکە لە سروشت و سروشت پارێزگاریی لێ دەکات، وەک چۆن شۆفێری تاکسییەکە دەڵێت: ” ئەگەر تۆ ماسییەک بی، دایکی ئێمە، کە سروشتە، خۆی ئاگای لێت دەبێ، وانییە؟“ ( 132).

لە ھەموو کلتوورێکدا ویستی گەڕانەوە بۆ سروشت دیاردەیەکی زۆر ئاساییە و تێمایەکی ھەمیشەییە. بە ھۆی ئەو ئەشکەنجەیەی ھۆڵدن ئەزموونی دەکرد لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا، ھیوای بە  ژیانی پەنابەریی خۆرئاوا دەخواست. لە مێژوودا رۆژئاوا جێی ئەو کەسانە بووە کە ھەستیان دەکرد لە جێیەکی لەباردا ناژین.

”تا پارەکە تەواو دەبێ لە کوخێکدا دەمێنینەوە، ئینجا، کە پارەکە تەواو بوو، دەتوانم کارێک پەیدا بکەم، لە شوێنێک جۆگەیەکی لێ بێ و ئەوانە. دوایی دەتوانین ھاوسەرگیری بکەین، یان شتێکی وا. زستانان خۆم دەتوانم دار بۆ خۆمان بجنم و ئەوانە. خوا دەیزانێ، زۆر خۆشی بەسەر دەبەین“  (204).

کارەکتەری ھۆڵدن وەک نەوەیەکی ترانسێندێنتاڵەکانی ئەمریکایە. ئەم ویستەی ئەو بۆ سروشت ھەیەتی زۆر نزیکی دەکاتەوە لە کارەکتەری واڵدنی  ھێنری دەیڤد سرۆ:

”سەیری ئۆتۆمبیل بۆ نموونە، زۆربەی خەڵکی شێتی ئۆتۆمبیلن، نیگەران دەبن ئەگەر ئۆتۆمبیلەکانیان شوختێکی تێ بکەوێ، دایمەش باسی ئەوە دەکەن دەتوانن چەند میل بە یەک گاڵۆن بەنزین ببڕن، ئینجا ئەگەر ئۆتۆمبیلێکی تازە تازەش بکڕن، بیر لەوە دەکەنەوە بیگۆڕن بە دانەیەک لەوەش تازەتر بێ. من تەنانەت ئۆتۆمبیلە کۆنەکانیشم حەز لێ نییە، پێم باشترە ئەسپێکی مەلعوونم ھەبێ، بەس نییە ئەسپ مرۆڤانەیە.“ (202).


سەرنج: بۆ دێڕەکانی ڕۆمانەکە، سوود لە چاپی کوردیی ڕۆمانی پاسەوانێک لە مەزرا وەرگیراوە بە وەرگێڕانی ژوان جەلال كه‌  ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌.