ڕۆژی نالی: بینینی نالی لەناو میرنشینەکەی بابان و مێژووی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزده‌دا

دیدی من – لێكۆڵینه‌وه‌

ڕۆژی نالی، یەکەم ئیڤێنتی کلتووریی ماڵپەڕی کلتووریی دیدی من بوو. ئیڤێنتەکە بە لەخۆگرتنی چەندین بڕگە و بابەت دەربارەی شاعیری کلاسیکی کورد نالی، لە بەرواری ١٤\١١\٢٠١٦ لە زانکۆی ئەمەریکی لە عێراق، سلێمانی بەڕێوە چوو.

د. دڵشاد عەلی مامۆستای زانکۆ، لە ڕۆژی نالی‌دا بابەتێکی لە پانێڵی تایبەتی ئەو ئیڤنتەدا پێشکەش کرد، لێرەدا تەواوی بابەتەکەی د. دڵشاد عەلی بۆ خوێنەران بڵاو دەکەینەوە.


«بینینی نالی لەناو میرنشینەکەی بابان و مێژووی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزده‌دا»

د. دڵشاد عەلی


بێگومان ئەم یادەوەرییە باس لە یادەوەری نالی و یادەوەری شاری سلێمانییە بۆیە باشتر وایە باسەکەمان لە دەوری بینینی نالی لەناو میرنشینەکەی بابان و مێژووی نیوەی یەکەمی سەدەی ۱۹ دا ببینین.

سەرەتا حەز دەکەم دوو تێبینی دەربارەی دروستکردنی شاری سلێمانی و دەربارەی خودی نالی؛ یەکەم تێبینی ئەوەیە کە ئەمشەو وتارێکی برای بەڕێز کاک ڕێبوار حەمە تۆفیق م خوێندەوە، کە گومان دەکات لەوەی ساڵی ۱۷۸٤ لە ڕووی زانستییەوە ڕاست نییە چونکە تەنها پشت دەبەستێت بە تێڕوانینەکانی ئەمین زەکی بەگ، بەڵام دەکرێت سەرچاوەیەکی تر هەیە کە زیاتر نزیك بێت لە ڕاستییەوە، ئەویش گەشتەکەی مستەر ڕیچ_ە کە ساڵی ۱۸۲٠ لە سلێمانی بووە باس لەوە دەکات کە عومەر ئاغای مەستەق پێی گوتووە کە باش بەبیری دێت ۳۲ ساڵ پێش ئێستا کە سلێمانی چۆن دروست کراوە، ساڵێ ۱۸۲٠ بگەڕێیتەوە ۳۲ ساڵ واتە ئەکاتە ساڵی ۱۷۸۸. ئەمێنێتەوە ئایا ئەوە مێژووی تەواو بوونییەتی یان مێژووی دەسپێکردنییەتی.

تێبینییەکی تر بەداخەوە، دەربارەی خودی نالی ئەوەیە کە تا ئێستاش تەنانەت لە نامەکانی ماستەر و دکتۆرا کە باسی نالی دەکرێت ئەو زانیاریە کۆنە دەخەنەوە بەردەست کە نالی ساڵی ۱۸٥۸ کۆچی دوایی کردووە لەکاتێکدا ئەمە زۆر باش ڕوون بۆتەوە کە نالی ساڵی ۱۸۷۳ لە ئەستەمبوڵ کۆچی دوایی کردووە، پێش ئەوەش لە نێوان ساڵانی ۱۸٦٠ـ۱۸۷٠ ماوەیەکی زۆر لە مەکە بووە و بەردەوام لە مەجلیسی ئەمیری مەککە کۆبۆتەوە و لەوێ بە یەکێك لە هەرە شارەزا چاکەکانی علومی عەرەبی دانراوە، و یەکێك لەو شعرانەی کە قەسیدیەکی زۆر دوورودرێژە بە عەرەبی نوسیویەتی و لەو دواییانەشدا بڵاوبووەتەوە کە لەوێشدا لە دوو سێ شوێندا یادی شارەزوور دەکاتەوە.

کەواتە ئێمە پێویستمان بەوەیە مێژووی بابان و دروست بوونی ئەو ڕێچکە شعرییە، ئێمە کە تەماشای چالاکی ئەدەبی و دروست کردنی ڕێچکەی ئەدەبی لە گەلێ لە شارەکانی مییلەتانی دونیا دەبینین، تەماشا دەکەین لای ئەوان کاتێك ئەو ڕێچکە ئەدەبی و چالاکییە ئەدەبییانە دروست بووە کە ئارامی و ئاساییش یا ژیانێکی تا ڕادەیەك پێشکەوتوو ژیاون، ئەوە لە بەغدادی سەردەمی عوسمانییەکان، لە ئەسفەهان، لە ئەندلووس، ئەسکەندەرییە و قاهیرە ی میسر، لە پاریس، کە بەراورد ناکرێ. بەڵام سەیر لەوەدایە لای ئێمە ڕۆژانی ئارامی و ئاساییشی سلێمانی لە ٥٠ ساڵی یەکەمی سەدەی ۱۹ ڕەگە چەند ساڵێکی کەم بێت. بۆچی؟ چونکە ئەوەی کە زیاتر دڵنییاین لێی لە ساڵی ۱۸۱٥ تا ساڵی ۱۸۲۱ کە لەو سەردەمە مەحمود پاشای بابان فەرمانڕەوایی کردووە بەرە بەرە میرنشینەکە بەرەو پێش چووە و خواستی سەربەخۆیی میرنشینەکەش زیاتر بووە کە پێشتر بێگومان عەبدول ڕەحمان پاشای باوکی مەحمود پاشا کاتێك کە چوو بەدەم دەوڵەتی عوسمانییەوە و بەغدادی داگیر کرد داوای ئەوەی لە باب العالی کرد کە ئیتر لەمەودوا باج و خەراج نەدات بە دەوڵەتی عوسمانی لە ڕێگای بەغدادەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ بیدات بە باب العالی واتا میرنشینەکە  جۆرە سەربەخۆییەك بەدەست بهێنێت. سەرەتا بەڵێنیان پێدا، دوایی پاشگەزبوونەوە هەرچۆنێك بێت ئەو ٦ ساڵە، دواتر لە ساڵی ۱۸۲۱ ەوە شەڕی نێوان مەحمود پاشا و سلێمان پاشای  بابان درێژەی کێشا تاکو ساڵی ۱۸۳٥.

لێرەدا گەشتەکەی فرەیزەر زۆر بە ڕوونی ئەومان بۆ باس دەکات، دەڵێت کە هاتمە کوردستانەوە بەغیلیم بە خەڵکی ئەم ناوچەیە برد کە خوا بەهەشتێکی داوە پێیان، بەڵام کە هاتمە سلێمانی پاشگەزبوومەوە چونکە ڕەزی سوتاو و باغی سوتاو و دێی چۆڵکراو، تەنانەت سلێمانی خانوویەکی بە پێوە نەبوو، یەك خانوو هەبوو کە خێزانەکەی سلێمان پاشای تێدا ژیاوە، سلێمان پاشا خۆی فەرمان ڕەوایەتی لە خێوەتێکدا کردووە. دواتر کە ئەچێ بۆ غەراغ و لە قەراغەوە بەرەو بەغداد دەڕواتەوە، ئەڵێ ئەو ڕێگایە تاکو قەراغ تەماشام کرد هەموی دێی ڕوخاو و باخی چۆڵکراو بووە. لەو ساڵانە ۱۸۲٥، ۱۸۲۹ دوو جار تاعون بڵاو ببووەوە لە سلێمانی، خەڵك هەمووی ڕایکردبوو، دێ سوتابوو، شەڕی نێوان ئەو دوو برایە، ئەمە وەزعی سلێمانی بوو.

لە ساڵی ۱۸۳۸ـ۱۸٤٥ کاتێك ئەحمەد پاشای کوڕی سلێمان پاشا فەرمانڕەوایەتی دەکرد، ئەو ٥ ساڵە گەشترین ڕۆژی سلێمانی بووبێ لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری.

لێرەدا ئەو پرسیارە دەکرێت، باشە نالی لەناو ئەو وەزعە چۆن ئەو سەرکێشییەی کرد کە ڕێچکەیەکی شیعری وا بکاتەوە کە تا ڕادەیەك بەرەنگاری دوو چێژی شێعری شیعری ئەو سەردەمەی پێ کردووە، کە یەکەمیان شیعری فارسی بوو، واتە هەوڵ بدات چێژی شیعری شیعردۆستانی ئەو کاتە کە لە نێوان شیعری فارسی و شیعری هەورامیدا بوو، چونکە شیعری هەورامی ئەو کاتە باڵادەست بوو لە میرنشینەکەی باباندا، کەواتە ئەو ڕێچکەیەی کە نالی کردییەوە، کە ئێمە ناوی ئەنێین سەرکێشی، یەکێك لە سەرکێشییەکانی لە ڕاستیا بەرەنگاربوونەوەی شیعری فارسی و شیعری هەورامیە.

ئەمەشی بەچی کردەوە، وەك مامۆستا فەرمووی، ئەو بایەخدانە بە زمان، خۆ نالی دەیتوانی بە زمانێکی سادە بنووسێت، بە کوردییەکی پەتی بنوسێت، بەڵام ئەو ئەوەی هەڵنەبژارد. حەزدەکەم لێرەدا ئەو ڕونکردنەوەیە بدەم، ئێمە کە تەجروبەی ترمان هەیە، ساڵی ۱۹۲٠ کە شێخ نوری شێخ ساڵح لەگەڵ جەمیل سائیب تەنها یەك جار بۆ پێشبڕکێکە بە کوردی پەتی نوسییان دوای ئەوە شێخ نوری شێخ ساڵح  تاکو پەنجاکانی سەدەی بیستیش هەر بەردەوام بوو لەسەر ئەو شێوازە و بەو کوردییە پەتییە نەینوسی، بۆچی؟ پیرەمێرد ساڵی ۱۹۳٥ تێبینییەکی زۆر جوانی دەربارەی ئەو بزوتنەوەی نالی خسستۆتە بەرچاو ئەڵێ کاتێك کە بارودۆخی میرنشینیەتی بابان کەوتە قۆناغێکەوە کە خەڵک بیر لە مێژوی خۆی، لە ڕابردووی خۆی بکاتەوە، کاتێك کە ئەدەبی عەوام (عەوام بە چەمکە ڕۆشنبیرییەکەی) جموجۆڵی تێکەوت، شاعیری بەناوبانگیان تێدا هەڵکەوت، تەبەقەی خەواصیش، واتە ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە هەوڵیاندا ئەوانیش شتێ بکەن بۆ ئەوەی خۆیان بناسێنن بە میللەتانی تر.

بەڕێزتان دەزانن خۆناساندنی میللەتێك لەو سەردەمە بە ئەدەبەکەی بووە نەك بە چەك و بە توانا سەربازییەکەی.

لە کورتەی پێشەکییەکەدا کە بۆ بەڕێزانم نارد وتەیەکی هۆراس م هێناوەتەوە، هۆراس دەڵێ: ”گەر وڵاتی لاتین هێندەی بایەخی بە چەك بەکارهێنان داوە، بایەخی بە زمان بدایە، ئەوا ناوبانگی لاتین لە یۆنانیەکان زۆرتر دەبوو.“ جا بزەبت لێرەدا نالی وشیارانە دەرکی بەوە کرد کە ناوبانگ دەبێت بە ئەدەب بێت، و بە شیعریش، بەڵام چ جۆرە شیعرێك، شیعرێك دەبێ شانی پێ بدات لە شانی ئەدەبی فارسی، ئەدەبی عەرەبی و ئەدەبی تورکی. مۆدێلی ئەو سەردەمەش کە ئەوەی دەیتوانی ئەوە بکات، مۆدێلی قەسیدە و غەزەل بوو، چونکە مەسنەوی زیاتر بە ئەدەبی عەوام ناسراوە، چ لە ئەدەبی فارسیدا، یا لە ئەدەبی کوردیدا و لە ئەدەبی هەموو میللەتە موسوڵمانەکاندا. بنیاتی قەسیدە و بنیاتی غەزەل ئەو دوو بنیاتە بوون کە دەبوو شیعری کلاسیکیان لەسەر بنیاد بنرێت، باشە کە ئەمەی کرد بە چ زمانێك، بە زمانی کوردی، ئەو زمانە کوردییەی کە نەك لە سەردەمی نالیدا، زۆر پێشتر بە نەنگی دانراوە کە زمانێك بوو بۆ ئەدەب  ناشێ، تەنانەت هەموو زمانی ئەو میللەتانەی کە بە مەوالی ناو دەبران لە سەردەمی عەباسییەکاندا،زمانی شیعر دەبوو زمانی عەرەبی بێت، تەنانەت یەکێك لەو لایەنانەی کە 1:02:00 توڕە کرد، کە هێرش بکاتە سەر عەرەب و دواتریش بووە هۆی ئەوەی کە بیکوژن و کەوڵی کەن ئەوە بوو عەرەبێك پێی وتبوو ”موسوڵمانی غەیرە عەرەب لەگەڵ شیعرا کوجا مەرحەبا“ شیعر دەبێ بە عەرەبی بێت، ئەوە بوو کە دواتر بزوتنەوەی شعوبیەتی دروست کرد و تا دوایی.

کەواتە ئەوەی نالی کردویەتی لەو سەردەمەدا یەکەم سەرکێشی کردن بوو، بەگژداچوونەوە بوو بۆ ئەدەبی فارسی و شیعری فارسی، بۆ شیعری هەورامی باڵادەست لەگەڵ ئەو تێڕوانینە شعوبییەتەی کە تا ئەو سەردەمەش، تا دوای نالیش دەسەڵاتی خۆی مابوو، هەر بۆیە شێخ ڕەزا لە باسی سلێمانیدا بێ موناسەبە ئەچێتە ناو عەرەب ئینکاری فەزلی ئێوە ناکەم ئەفزەڵن، هیچ موناسەبە نەبوو ئەو بەیتە هاتۆتە ناوەوە، چونکە یەکێك لە پێناسەکانی شعوبییەت ئەوەبوو کە دەڵێ، شعوبییەت ئەو کەسەیە کە فەزلی عەرەبی لەبەرچاو نییە، بۆیە شێخ ڕەزاش کە شانازی ئەکات بە کوردەوە، وا لێك ئەدرایەوە کە ئەوەی شانازی بکات بە میللەتەکەی خۆیەوە فەزڵی عەرەبی لەبەرچاو نییە، کە فەزڵی عەرەبیشت لەبەرچاو نەبێ، فەەزڵی ئاینەکەشت لەبەرچاو نییە ئەمە مورتەددە و هەقی کوشتنی هەیە.

DlshadAli1.jpg
دكتۆر دڵشار عه‌لی له‌ پانێڵی ڕۆژی نالی
فۆتۆ: لاژه‌ ته‌ها

کەواتە ئەو موجازەفەیە بەرامبەر تەنانەت ئەو تێڕوانینە شعوبییەتەش بووە. وەك وتمان، بە قەسیدە و غەزەل، من دەڵێم لە کرمانجی خوارودا نالی دەکرێت بە باوکی غەزەل و باوکی قەسیدەی کوردی دابنرێت.

پرسیارێکی تر لێرە؛ نالی ئەمەی کرد، پشتی بە چی بەست؟ ئایا بە لاسایی کردنەوی ئەدەبی فارسی؟ یا سود وەرگرتن لەو شعرە کوردییانەی کە پێش نالیش هەبوو. بەڵگەیەکی بچوکم تەنها لایە، ئەوەیە ئەو شعرەی کە ئەڵێ: ”دَرُونِي لِدار الـ ((شَارَزُورِ)) وَ بَرْدِهِ“ لە دەسنوسێکی ساڵی ۱۸۱٠ دا، واتە پێش نالی ئەو شیعرە بونی هەیە، شیعرێك لەو شێوەیە هەیە واتە بە عەرەبی و بە کوردی. کەواتە حەتمی نالی سودی لەو کلتورە کوردییە و لەو شیعرانە بینیوە کە لە سلێمانی بە تایبەتی نوسراونەتەوە.

دووەمیان ئەی نالی تا چ ڕادەیەك سوودی لە ئەدەبی فارسی و شیعری فارسی بینیوە، بەداخەوە، لەمەدا تێڕوانینی گەلێك نازانستییانە خراوەتە بەردەست زۆر جار دەوترێت نالی لە لاسایی کەرەوەیەك زیاتر نییە، تەنها شیعرەکانی فارسییە و کراون بە کوردی. تەنانەت هەندێك لە نوسەرەکانمان وتوویانە نالی دزێکی شارەزایە و دزێکی گەورەیە،بەڵام بۆ ئەمە ئێمە پێویستمان بە چی بوو، ڕاستە گەلێ لە نوسەر و لێکۆڵەرەکانمان، لەوانە د. ئەمین 1:05:14 ، د. حەمە نوری عارف بەراوردیان کردووە لەنێوان شیعرەکانی نالی و شیعری حافز و شیعری سەعدی و شاعیرانی تری ئەدەبی فارسیدا، بەراوردەکە زیاتر ئەوە دەگەیەنێت کە نالی چۆن سوودی لەوان وەرگرتووە، بەڵام نالی شیعرەکەی وەنەبێت  لەوان کەمتر بێت. کە ئەمەش دیسان بۆچونێکی شەرمنانەیە دەربارەی توانای نالی.

بەڵام لە لێکۆڵینەوەیەکی ترماندا کە ئێمە وەکو نامەیەکی دکتۆرا ئامادەمان کردبوو، نزیکەی پێنج هەزار وشە و دەربڕینی ناو دەقەکانی نالیمان بەراورد کرد لەگەڵ ملوێنێك بەیتی شیعری کلاسیکی فارسی ۱٠۱ شاعیری کلاسیکی فارسی. ئەوەی بۆمان دەرکەوت زۆر سەرسوڕهێنەر بوو، ئەویش ئەوە بوو کە سەدی پەنجای ئەو وشە و دەربڕینانەی کە نالی بەکاریهێناون لەو ملوێن بەیتەی شیعری کلاسیکی فارسیدا نابینرێن، واتە نالی بۆ یەکەم جارە بەکاریهێناون، و لەوانەوە وەری نەگرتووە.

دووهەم، سەدی سی تری ئەو وشانەی کە لە ئەدەبی فارسیدا لای ئەو شاعیرانە بەکارهاتبوو، تەنها یەك جار لای یەك شاعیر بەکارهاتبوو.

نزیکەی پەنجا بۆ شەست وشە و دەربڕین لای نالی دەبینرێت لەوانەی کە لە شیعری فارسیدا نابینرێت، دواتر لای شاعیرانی فارسی کۆتایی سەدەی  نۆزدە و سەرەتای سەدەی ۲٠دەبینرێت، بەتایبەت هەندێك لە شاعیرە کوردەکان، لەوانە، عیشقی و بەهاریش کە شارەزای کوردی بووە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەوان ئاگاداری شیعرەکانی نالی بوون؟ ئەمە بوارێکە بۆ لێکۆڵینەوە زۆر دەس ئەدات.

تێبینییەکی زۆر گرنگ؛ لە هەموو ئەو چوار هەزار وشە و دەربڕنانە، نالی خۆی زۆربەیانی، نزیکەی سەدی پەنجا بۆ شەستی یەك جار بەکارهێناوە، واتا جویینەوەی تێدا نییە، ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە فەرهەنگەکەی نالی فەرهنگێکی گەلێ دەوڵەمند بووە لەچاو فەرهەنگی شاعیرانی تردا هەرچەنە لە تێڕوانینی ڕەخنەی کلاسیکدا دوو تێڕوانین هەبووە، یەکێکیان ئەوەیە شاعیری باش ئەوەیە فەرهەنگەکەی سنوردار بکات  هەندێك تێڕوانینیش هەیە کە فەرهەنگەکەی دوڵەمەند بکات.

مایەوە پرسیارێکی گرنگ، پەیوەندی نالی بە بنەماڵەی بابانەکانەوە چی بووە؟ ئەوەی من باسم کردووە پێشتر و ئێستاش هەمان ڕام هەیە، ئەوەیە کە نالی بابانەکانی خۆشنەویستووە وەك بنەماڵە، چونکە بابانەکان تاکو ساڵی ۱۸۳۹ کە ئەحمەد پاشای بابان فەرمان ڕەوایی گرتە دەست بنەماڵەیەکی داخراو بوون، ڕێگەیان نەدادا کەس بچێتە ناو ئەو بنەماڵەیە یاخود بە بابانی بناسرێت، مەگەر  خۆیان. سوپای بابانەکان تا ساڵی ۱۸۳۹ تەنها لەو کەسانە پێك دەهات کە بابانی بوون. بینینی پاشای بابانی تەنها بۆ ئەو کەسانە بوو کە بابانی بوون بۆیان هەبوو بێ هیچ پرسیارێك خۆیان بکەن بە دیوەخانی پاشا و دەستبکە بە قسە کردن. ئەمە لە زۆر خێڵی دیکەی کوردیشدا هەبووە.

ئەمە بە بەڵگەی ئەوەی لە نامەکەیدا بۆ سالم، بە هیچ شێوەیەك باسی بابان ناکات، تەنانەت سالم هەست بەوە ئەکات کە بۆچی نالی لەوێدا بە هێچ شێوەیەك نە ڕاستەوخۆ نە ناڕاستەوخۆ باسی بابان ناکات، بۆیە لە وەڵامەکەیدا، خۆ ئەو هەواڵی بابانییەکان ناپرسێت لە سالم کە سالم پێی دەڵێت ئەوەی ئەم وەزعەی بەسەر ئێمە هێنا هۆیەکەی ئەوە بوو کە بابانییەکان، بنەماڵەی بابان یان پاشاکانی بابانمان لەدەست چوو.

ئەی بۆچی شیعری بۆ کۆچی دوای سلێمان پاشا و بۆ ئەحمەد پاشای بابان وت و ستایشی سەربازەکان ئەکات؟ چونکە لەو کاتەدا نالی، من وا ئەڵێم، توانا و شارەزایی و زانایی نالی بووبوە هۆی ئەوەی کە پاشایانی بابان بڕۆنە بەر ماڵی ئەوان، نەك ئەم بێتە دیوەخانی ئەوان.

بۆیە ئەحمەد پاشای بابان کە نالی ئەناسێنێت بە سەرۆکی زمانەوانانی وڵاتەکەی ناوی دەبات.

واتە لە سەردەمی ئەحمەد پاشا ئەنجومەنێك هەبووە کە هی زمانەوانی بووە سەرۆکی ئەو ئەنجومەنەش نالی بووە. کەواتە نالی خۆی پلەو پایەیەکی زانستی لەناو میرنشینییەکەدا هەبووە و ئەو شانازی کردنەی بە میرنشینییەکەوە هەمان ئەو شانازیەیەتی بە کوردبوونیەوە.

ئەحمەد پاشاش هاوڕێی نزیکی بوو، واتە هاوڕێیەتی نزیکی کردەوە لە بنەماڵەی بابان.

تێبینییەکی تر ڕەنگە بڵێین، نالی لە گەشتەکەی مستەر ڕیچ_دا نابینرێت، ساڵی ۱۸۲٠ ڕیچ باسی کۆمەڵێك چالاکی دەکات، باسی شمشێر بازی،نیشانە شکاندن، گۆرانی گوتن و کەو بازی ئەکات، باسی یەك دانیشتن لای یەك شاعیر ناهێنێت، من وای دەبینم وەك بۆچونێك کە لەو سەردەمەدا نالی لە قەراغ بووە، و تاکو ساڵانی ۱۸۳۹ ش هەر لە قەراغ بووە، یانی لە نێوان قەراغ و هەندێك شوێنی تردا، چونکە قەرەداغ ئارامترین شوێن بووە بە درێژایی مێژووی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە چونکە هەموو قەرەداغ و گەوندەکانی ئاوەدان بووە.

دەربارەی دەقەکانی، من دەقەکان نالیم لە سی قۆناغدا، واتە سێ قۆناغ لە تەمەنی شیعریی نالی، قۆناغی یەکەم، قۆناغی ئەو موجازەفە شیعریەیەتی، قۆناغی دووەم بەرەو پاییزی عومر چونییەتی کە دەکەوێتە پێش بێزاربوونی لە شەڕی نێوان ئەحمەد پاشا و مەحمود پاشای مامی کە ناچار ئەبێ سلێمانی بەجێبهێڵێ، کە دەچێ بۆ حەج و دوایی نەیەتەوە، ئەمە زۆر جار دا ئەنرێت بە دوای داگیرکردنی سلێمانی بووە، بەلای منەوە نا، پێش داگیرکردنی سلێمانی ڕۆیشتووە، کە دەشڕوا دەیەوێت بێتەوە، دەچێتە شام دەیەوێ بێتەوە، بەڵام دەبینێت، ئەو کەشە زانستییە نەمابوو کە ئارام بێت تیایدا لەڕوی سایکۆلۆجییەوە. بۆیە کەشێكی ئارامی سایکۆلۆجی بۆخۆی کە کەشێکی زانستیە ڕەنگە بە باشتر بینیبێت ڕەنگە لە مەکە یخود لە شام یاخود لە ئەستەمبوڵ، نەوەك لە سلێمانی کە لە ڕاستیا لە دوای داگیرکردنی سلێمانی زیاتر دەرگای خانەقا و تەکییەکان کرایەوە و ئەو چالاکییە زانستیەی لە سەردەمی ئەحمەد پاشا هەبوو، نەما