خوێنەر و کتێب: دەربارەی ڕۆمانی زیكزیکە

دیدی منخوێنه‌ر و كتێب

كتێب: زیكزیكـه‌
نووسه‌ر: ئه‌حمه‌د غوڵامی
خوێنه‌ر: فه‌رمان ئه‌حمه‌د

لەوەتەی ڕۆمان وەک ژانرێکی ئەدەبی سەری هەڵداوە، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر جێگەی خۆی قایم کردووە و ئیدی وەکی یەکێک لە باڵاترین ژانرە ئەدەبییەکان، بووەتە کەناڵێکی زیندووی گوزارشتکردن لە خەمە مرۆییەکانی سەردەم(1)، بۆیە لێرەشەوە ڕۆمان وەک ژانرێکی ئەدەبیی زیندوو، بەردەوام لێکۆڵینەوە و ڕانانیشی بەدووی خۆیدا هێناوه‌ بۆ دەرخستنی لایەنە ئیستاتیکییەکانی یان ڕەخنە یاخود قسەکردن لەسەر پەیامەکەی.

لە دیدی ئورهان پامووکیشەوە ڕۆمانەکان ژیانی دووەمن(2)، لە هەر کۆمەڵگه‌یەکەوە بێن واقیعی (ڕەنگ و ڕووخسار و کەس و جەنجاڵییەکان و عەقڵیەت)ی ئەو کۆمەڵگه‌یە وێنا دەکه‌ن. ڕۆمانی زیکزیکە کە نووسه‌ری ئێرانی ئەحمەد غوڵامی بنووسێتی و مەریوان هەڵەبجەیی کردوویەتی بە کوردی، ڕۆمانێکی قەبارە بچووكه‌‌ و لە توێی نەوەد ڕووپەڕدا، ململانێی نه‌وه‌كان، یان چیرۆكی عیشقه‌ناكامه‌كانمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ و پێمان ئێژێت کە عەقڵیەتی دەسەڵاتداری لەو كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی كه‌ ڕۆمانه‌كه‌ی لێوه‌ هاتووه‌، ئاوێنەی عەقڵیەتی تاکەکانێتی، واتە عەقڵیه‌تێكی كۆنەپارێزی و بابسالاری، کە لە هەوڵی ئەوەدایە تاك له‌ جڤاتدا بتوێنێته‌وه‌ و تۆ بكات به‌ خۆی و چ بکەی و چ نەکەی ئەوانی دی بۆتی دیاری بکەن، بەردەوامیش ئەیەوێت شوناسی تاکگەرایت له‌ تاك بستێنێته‌وه‌ و ئازادییەکانت سنوردار بکات و نەهێڵێت خۆت بیت بە جۆرێک کە ده‌بێت هەمووان ئەوە بن کە سیستەم دەیەوێت لێیان، واته‌ به‌ هه‌مان نه‌زمی هه‌ڵپه‌ڕكێكه‌ هه‌ڵپه‌ڕن و له‌ ڕیزه‌كه‌ ده‌رنه‌چن. دەنا دواجار سیستەم ڕێگەی خۆی هەیە بۆ توانەوەی تاک لە چڤات و كپكردنی ده‌نگی ئه‌و زیكه‌زیكانه‌ی ئێره‌وئه‌وێ كه‌ لێ ناگه‌ڕین به‌ ئه‌رخه‌یان بنووێ و خه‌وی نه‌زڕێ، خودی مرۆڤیش کە ئەو سیستەمەی دروست کردووە شارەزاترین و بەدترین دوژمنی خۆیەتی، کە چۆن سزاگەلێکی وەکی ژووری ئینفرادی ده‌خوڵقێنێ و وا دەکات تاکی یاخی لە سایەیدا ڕۆژێ گوێیەک ڕۆژێ پەنجەیەک هتد … هەڵوەرێنێ و خۆی بخواتەوە.

له‌ ڕۆمانه‌كه‌وه‌: ڤانکوخ گوێی لێکردبووەوە بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵام بەنەوشە دەیگوت ئەم قسە هەلەقوبەلەقانە چییە، لەتاوعیشقەکەی وایکرد.

لە هونەری ڕۆماننووسیندا، دەستپێک هەم بۆ خوێنەر هەمیش بۆ نووسەر زێدەتر جێی بایەخە. بە شێوەیەک ده‌بێت ئەو چەند دێڕەی سەرەتا وا بکات خوێنه‌ر بە تاسوقەوە تا کۆتایی لەگەڵ ڕۆمانەکە بچێت و دەرخەری چەقی ڕۆمانەکەش بێت.هەربۆیەشە سەروەختی نووسین، نووسەرانیش زۆر بۆیان گرنگە و دڵیان لە مشتیانە و نیگەرانن لەوەی کە لە کوێوە و بە چی دەست پێ بکەن. بنووس لە زیکزیکەدا بەم په‌ره‌گرافه‌ سەرنجڕاکێشەی كه‌ لێره‌وبه‌دواوه‌ دێ، دەست پێ دەکات کە خوێنەر کەمەندکێشی نێو دنیای ڕۆمانەکە دەکات و چاوی خوێنەر هەر کە دەچێتە سەر ئەم دێڕانە، بایەخ و جوانی ڕۆمانەکە هەست پێ ئەکا: ”کۆتایی هەرشتێک واتە مەرگ و مەرگیش شتێکە تا کەسێک ئەزموونی نەکات، تێیناگات و کاتێکیش کە ئەزموونی کرد، ئیدی ئەزموونکردنی بۆ خۆی و کەسانی تریش سوودی نییە، باوکم مەرگی بە خراپترین شێوە ئەزموون کرد. لەسەر محاجەرەی هۆڵی فوتساڵەکە دانیشتبوو تۆپێک بەر سەری کەوت، سەری بەر دیوارەکە کەوت و کەوتە سەر زەوی و مرد.“

ئەم پەرەگرافە بە جۆرێک جێی خۆی گرتووە، زیادەگۆیی نییە ئەگەر بڵێین هەموو ڕۆمانەکەیە یاخود هەموو ڕۆمانەکە لەمەدا کۆبووەتەوە. لە باسی مەرگی باوکیدا گێڕەرەوە کە بابەک ڕەزایی کارەکتەری سەرەکییە، مەرگی باوکی تەنزاندووە، پوچی و بێمانایی ژیان و لاوازی مرۆڤ لە بەرامبەر مەرگدا باڵی بەسەر ئاسمانی ڕۆمانەکەدا کێشاوە.

ئەز نازانم بۆ ئەم دواییانە هەرچی ڕۆمانێکی ئێرانی دەخوێنمەوە تەمی ڕەش ئاسمانەکەی گرتووە و لە مەرگ یان هەڵوەرینی خەونەکان دەدوێ. وەک لە پەرەگرافی یەکەمدا باوکی گێڕەرەوە، مەرگ کۆتایی بە خەونەکانی دەهێنیت و ناهێڵێ ئەوەی دەیەوێ کە ئەنجامی یارییەکەیە بببینێت و چەند دێڕێک دواتر و لە هەمان پەرەگراف خودی گێڕەرەوەش دوای باسکردنی مەرگی گاڵتەجارانەی باوکی، مەرگی خۆیشی ڕادەگەیەنێ، هایتە ئێژێ: ” بێزار بووم لە تۆپ و دواجاریش تۆپێک دای لە ناوەڕاستی خەونەکانم. کاتێک ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی خولی نۆیەمی سەرۆککۆمارییان ڕاگەیاند……..وەک بڵێیت هەموو شتێک وێران بوو.“

ڕۆمانەکە کە لەسەر سێ هێڵی سەرەکی دەچێت، ئەو سێ هێڵە سەرەکیەش لە دەرەوەی واقیع نین؛ چیرۆکەکانی لە واقیعەوە سەرچاوەی گرتووە. یەکێکی دیکەش لە چیرۆکەکانی نێو ڕۆمانەکە کە باسکردنە لە چیرۆکی خۆشەویستیی بابەکی گێڕەرەوە، هەر ئاوێتەکراو گرێدراوی باس و چیرۆکەکانی تری نێو ڕۆمانەکەیە و بە هەمان شێوە ئاکامه‌كه‌ی هەڵوەرێن و نائومێدییە، دوای ئەوەی لەگەڵ بەنەوشە لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی دەگیرێت و دەخرێتە زیندان .

ئەگەر تۆزێ بێینە دەر لەو باسە، پانزە شانزە ساڵێک دەبێ زیکزیکەم نەژنەوتگە، بۆ من گەڕانەوەیەکی جوان و بیرهێنانەوەیەکی چێژ بەخش بوو، بە منداڵی لە نێو دڕکوداڵەکاندا گوێمان ڕادەدێرا تا دەنگی زیکەزیکی ئەو مێشولەیه‌ ببیستین و لە بۆسەدابووین تا بیگرین و لە نێو دەستمان حەپسی کەین، تا بەتەنێ بۆ ئێمە بخوێنێ، بەس نەمان دەزانی ئه‌گه‌ر لە سروشتی خۆی دایماڵی، ڕەنگە درەقەتی ئەوە نەیە لە نێو دەستاندا بێ و بمرێ، بۆیە دواجار باڵێ یا کلکێ یا گوێیەکی لێ دەبووەوە و ده‌مرد، ئێمە چێژمان لە گرتنی ئەو چشتە جیاوازە وەردەگرت، ئاخر ئەو بە تاریکی شەودا کە هەناسەی دەدا ڕووناکییەک بە پاشیەوە دادەگیرسا و ئێمەش بە دووی دەکەوتین تا خامۆشمان دەکرد، ئەووەخت پێیان دەگوت گۆهەسارە، هەتا زێدەتر بیر لە تایبه‌تمه‌ندیی ئەو مێشولەیە بکەینەوە، چاکتر بۆمان دەردەکەوێ ئەو ڕۆمانە لە چی دەدوێ و بۆ بەو ناوەوەیە.

خوڵاسە؛ ڕۆمانەکە ئەگەرچی کلک و گوێ کراوە و سانسۆرکراوە، لێ کەوی نەکراوە و پەیامەکەشی ون نەبووە. ئەمەش دیالۆگێکی تری نێو ڕۆمانەکەیە دوای ئەوەی بابەک ده‌چێتە بەره‌کانی جەنگ لەگەڵ فەرماندەکەی ئاشنایەتی پەیدا دەکات، کە مامۆستا بووە و دوورخراوەتەوە بۆ بەرەکانی جەنگ:

وتی: تۆ تا ئێستا کەرێتیت کردووە؟

وتم: نەخێر قوربان؟

وتی: کەواتە دەیکەی، دەزانی چی؟

وتم: چی قوربان؟

وتی: تۆش لەو کەسانەی کەرێتی لەگەڵ ئازادیدا تێکەڵ دەکەی.

سوپاس بۆ کاک مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕانێکی جوانی بۆ ڕۆمانەکە کردووە.


په‌راوێزه‌كان:

(1)بونیادی ڕووداو،  ئاری عوسمان خه‌یات

(2)ڕۆماننووسی ساده‌ و ڕۆماننووسی بیركه‌ره‌وه‌، ئورهان پامووك