شاعیرێکی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی: گفتوگۆ لەگەڵ پابلۆ نیرۆدا، بەشی یەکەم

 دیدی من
ڕیتا گۆیبەرت، ڕۆژنامەی پاریس ڕیڤیو، کانوونی دووەم ١٩٧٠
لە عەرەبییەوە: زرار حەمید


”هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووم کە رۆژێک بێت ژیانم لە نێوان شیعر و سیاسەتدا دابەش ببێت.“

پابلۆ نیرۆدا بەم چەند وشەیە دەستی بە گوتاری هەڵبژاردنی بۆ سەرۆکایەتیی وڵاتی شیللی لە ڕێگەی حیزبی شیوعییەوە کرد: ”من لە ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتەم، کە بۆ دەیان ساڵ سەرکەوتن و شکست و ئاستەنگەکانمان لەم نیشتیمانەدا بینیوە. بینیمان کێ بەشدار بوو لە خۆشی و ئازارەکان لەگەڵ ئەم گەلەدا. لە چینی کرێکارەوە هاتووم، هەرگیز دەسەڵاتێکم نەبووە، تا ئێستاش پێم وایە کە ئەرکی من خزمەتکردنی گەلی شیللییە بە کارەکانم و بە شیعرەکانم. هەموو ژیانم گۆرانیم بۆ گوتوون و پارێزگاریم لێ کردوون.“

نیرۆدا دوای چەند مانگێک لە دیاریکردنی وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی شیللی، پاشەکشەی کرد لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، لەبەر خاتری کاندیدی یەکێتیی گەل، سیلڤادۆر ئەلێندی. ئەم چاوپێکەوتنە لە ماڵەکەی خۆی لە ئەیسلانگیرا، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵیدا ئەنجام دراوە، پیش پاشەکشەکردنی لە کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی شیللی.

ئەیسلانێگرا، یان دوورگە ڕەشەکە، لەڕاستیدا ئەم شوینە نە دوورگە بوو و نە ڕەش بوو، بەڵکو کەنارێکی سەرنجڕاکێشە، کە چل کیلۆمەتر لە باشووری فالباریسۆوە دوورە و نزیکەی دوو سەعات بە ئۆتۆمبێل لە سانتیاگۆی پایتەختەوە دوورە. کەس نازانێت ناوی دوورگە ڕەشەکە لە چییەوە هاتووە، نیرۆدا پێی وایە ئەم ناوە لە بەردە ڕەشەکانی ئەو ناوچەیەوە هاتووە. پێش سی ساڵ، بەر لەوەی ئەم ناوچەیە وەک ئێستا ناوێکی دیار و شوێنێکی گرنگ بێت، نیرۆدا لە داهاتی کتێبەکانی، شەش هەزار مەتر زەویی چوارگۆشەی لەسەر لێواری دەریا کڕی، کە ئەم ڕووبەرە ماڵێکی بچووکی لەخۆ گرتبوو.

نیرۆدا چەند ماڵێکی تری هەبوون، لە سانتیاگۆی پایتەخت ماڵێک و ماڵێکی تریش لە فالباریسۆ، بەڵام نیرۆدا بە شێوەیەکی نیمچەهەمیشەیی، لە خانووەکەی ئیسلانێگرا دەژی، لەگەڵ ژنی سێیەمی، ماتێلدا، کە پابلۆ ناوی لێ نابوو باتوخا، ئەو مەعشووقەی کە نیرۆدا ناودارترین شیعرە عاشقانەکانی بۆ ئەو دەگوتن.

ماتێلدا خاوەن باڵایەکی بەرز و لاشەیەکی پڕ بوو، ڕەنگی پێستی زەیتوونی، لووتێکی ڕێک و دوو چاوی گەشی گەورەی هەبوون، کەمێک بە خاوی دەجووڵا، لە کاتی قسەکردندا زمانێکی پاراوی هەبوو.

ئەم گفتوگۆیە لە ماوەیەکی کورت و پچڕپچڕدا ئەنجام دراوە ، سەرەتا لە کتێبخانەکە دەستمان بە گفتوگۆ کرد، کە بەشێکی باشی لە ماڵەکەی نیرۆدا داگیر کردبوو. چاوەڕێم کرد تاکو وەڵامی ئەو پۆستانەی دایەوە کە ئەو بەیانییە بۆی هاتبوون، پاشان لە پێداچوونەوەی بۆ یەکێک لە شیعرەکانی، کە ئامادەی دەکرد بۆ چاپی نوێی دیوانە نوێیەکەی بە ناوی بیست شیعر و گۆرانییەکی نائومێد. کاتێک نیرۆدا شیعر دەنووسێت، مەرەکەبێکی سەوز بەکار دەهێنێت، لەسەر دەفتەرێکی ئاسایی. نیرۆدا دەتوانێت شیعرێکی درێژ لە ماوەیەکی کەمدا بنووسێت، دوای ئەوەی کە هەڵەچنیی دەکات، بە ئامێری چاپ دەنووسرێن، لە لایەن سکرتێر و هاوڕێی نزیکی، هۆمێرۆ ئارسی.

دوانیوەڕۆ، پاش ئەوەی نیرۆدا کەمێک دەستبەتاڵ بوو لەسەر کورسییەکی بەردین دانیشتین، بەرانبەر دەریا. نیرۆدا لە کاتی قسەکردندا گوێی دەنا بە ئامێری تۆمارەکەی تایبەت بە خۆیەوە، کە دەنگی شەپۆلەکانی تێدا تۆمار کرابوو. لەو کاتەدا ئەم ئاوازە وەک باکگراوندێکی موزیکی بوو بۆ قسەکانی نیرۆدا.


بۆچی ناوەکەی خۆت گۆڕی؟  بۆچی پابلۆ نیرۆدات هەڵبژارد؟
لەڕاستیدا بیرم نایەتەوە، لەو کاتەدا من تەمەنم تەنها سیازدە ساڵ یان چواردە ساڵ بوو، بیرم دێت باوکم زۆری پێ ناخۆش بوو کاتێک پێم ڕاگەیاند کە ئارەزووی نووسینم هەیە. ئەو پێی وابوو نووسین وێرانم دەکات و خێزانەکەشم وێران دەکات، ئەو لەسەر ئاستێکی لۆکاڵی بیری دەکردەوە، هەر بۆیە تووڕە نەبووم و هیچ بەرپرسیارێتییەکم سەبارەت بەو هۆکارانە لەئەستۆ نەگرت، بۆیە گۆڕینی ناوەکەم پاڵنەر بوو.

ئایا بە هۆی شەیداییت بە نووسەری چیکی جان نیرۆدا، نازناوی نیرۆدات هەڵبژارد؟
چیرۆکێکی کورتی ئەوم خوێندبووەوە، ئەوکات شیعرەکانیم نەخوێندبووەوە، کتێبێکی هەبوو بە ناوی کۆمەڵێک چیرۆک لە مالا ستراناوە، باسی لەو خەڵکە سادانە دەکرد کە لە کۆڵانێکی پراگ بەو ناوە دەژیان (نیرۆدا)، لەوانەیە ناوە نوێیەکەم لەوێوە هاتبێت. لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی چیک منیان خۆش دەوێت و وەک یەکێک لە خۆیان سەیرم دەکەن، زیاد لە جارێک پەیوەندیمان هەبووە.

لە حاڵەتێکدا گەر وەک سەرۆکی شیللی هەلبژێردرایت، بەردەوام دەبیت لە نووسین؟
نووسین بۆ من وەک هەناسەدان وایە، وەک چۆن بێ هەناسەدان ناتوانم بژیم، ئاوهاش بێ نووسین ناژیم.

 

پابلۆ نیرۆدا له‌ ته‌مه‌نی لاوێتییدا

هیچ شاعیرێک دەناسیت کە پۆستێکی سیاسیی باڵایان وەرگرتبێت و سەرکەوتوو بووبن؟
سەردەمی ئێمە سەردەمی شاعیرانی باڵادەستە، بۆ نموونە ماو تسی تۆنگ، ماو تسی کۆمەڵێک بەهرەی تریشی هەن، وەک دەزانیت ئەو مەلەوانێکی باشە، کەچی من مەلەوانی نازانم. شاعیرێکی گەورەی تریش هەیە، لیۆبۆلد سینگۆر، سەرۆکی سەنیگال. کەسێکی تریش بە ناوی ئەیم سیزار، شاعیرێکی سوریالییە، کە ئەمیری بەرەی فەڕەنسییە لە مارتینییک. لە وڵاتەکەم پتر شاعیران لە سیاسەتەوە گلاون، بەڵام کەسیان نەگەیشتوونەتە سەرۆککۆماری. لە لایەکی ترەوە کۆمەڵێک سەرۆک هەبوون کە پەخشانیان نووسیوە، بۆ نمونە ڕۆمۆلۆ گالیلۆس، کە سەرۆکی فەنزوێللا بوو.

چۆن هەڵمەتی سەرۆکایەتییەکەت بەڕێوە برد؟
سەرەتا مینبەرێکمان دروست کرد، پاشان بەردەوام گۆرانیی فۆلکلۆریمان بۆ دەگوتن، هەندێکیش دەیانویست بۆچوونی سیاسیی ئێمە بزانن، کە ئەویش پەیوەندیی بە ههڵمەتەکەمانەوە هەبوو. من پێم خۆش بوو بچم بۆ گوندەکان، لەوێ ئازادیی زیاترە و ڕێکخستنیش کەمتر، یانی کەشەکەی کەشێکی شاعیری بوو. هەمیشە دوای گوتار شیعرم دەخوێندەوە، گەر ئەمەم نەکردایە، خەڵکەکە بە نائومێدی دەڕۆیشتن، دەمویست بۆچوونە سیاسییەکانی خۆمیان پێ بڵێم، بەڵام هەموو قسەکانم هەر ئەم بابەتە نەبوو، چونکە خەڵک پێویستیان بە زمانێکی جیاوازە.

کاردانەوەی خەڵک چۆنە کاتێک شیعرەکانت دەخوێنیتەوە؟
ئەوان منیان خۆش دەوێت و سۆزێکی زۆریان بۆم هەیە، هەندێک جار ناتوانم بچمە هەندێک شوێن یان لە هەندێک شوێن بێمە دەرەوە، هاوەڵی تایبەتم هەیە، کە دەمپارێزن لە ئاپۆڕا، ئەمەش بە هۆی ئەوەی ڕۆژنامەکان دەورم دەدەن، لە هەموو شوێنێک تووشی ئەمە دەبم.

گەر لە نێوان سەرۆکایەتیی شیللی و خەڵاتی نۆبێڵ، کە زیاد لە جارێک بۆ ئەو خەڵاتە کاندید کراویت، هەڵبژاردنی یەکێکیانت بدەنێ، کامیان هەلدەبژێریت؟
ناکرێت پرسیارێک هەبێت بە هەڵبژاردن لە نێوان دوو شت، کە بەم ئەندازەیە لە یەکتری دوور بن.

ئەی ئەگەر سەرۆکایەتیی شیللی و خەڵاتی نۆبێڵ لەسەر ئەم مێزە دابنێین؟
لەو حاڵەتەدا هەڵدەستم و دەچمە سەر مێزێکی تر.

لات وایە کە دیاریکردنی ساموێل بیکێت بۆ خەڵاتی نۆبێڵی ساڵی پێشوو شتێکی دادپەروەرانە بوو؟
بەڵێ، بیکێت شتی کورت دەنووسێت، بەڵام شتی ناوازەن. خەڵاتی نۆبێڵ بە هەر کەس بدرێت، ڕێزلێنانێکی ئەدەبیی گەورەیە. من لەو کەسانە نیم کە زۆربڵێیی بکەم دەربارەی ئەوەی کێ شاییستەی ئەم خەڵاتەیە و کێ شاییستە نییە، ئەوەی گرنگە لەم خەڵاتەدا (ئەگەر گرنگیی هەبێت)، پێدانی ڕێزە بەو کەسەی خەڵاتەکە دەباتەوە.

پەیوەندییەکی بەناوبانگ هەبوو لە نێوان تۆ و جۆزێ بێلیسدا، کە تۆ بەردەوام لە شیعرەکانت دا ئاماژەت پێ دەدا…
بەڵێ، ئەو ئافرەتێک بوو شوێنەوارێکی قووڵی لە شیعرەکانمدا جێ هێشت، تەنانەت لە تازەترین کتێبمدا.

کەواتە شیعرەکانت پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەل ڕێڕەوی ژیانت هەیە؟
ئەمە شتێکی ئاساییە، دەبێت ژیانی شاعیر ڕەنگدانەوەی لەسەر شیعرەکانی هەبێت، ئەمە یاسای هونەر و یاسای ژیانە.

دەکرێت شیعرەکانت بۆ چەند قۆناغێک دابەش بکرێت، ڕاستە؟
بۆچوونێکی جیاوزم لەم بارەیەوە هەیە؛ من قۆناغم نییە، ئەوە ڕەخنەگرەکان ئەو شتە دەدۆزنەوە. گەر بتوانم شتێک بڵێم، ئەوا دەڵێم شیعرەکانم تایبەتمەندیی جەستەی مرۆڤیان هەیە: شیرەخۆرە بوون کاتێک بچووک بووم، منداڵانە بوون کاتێک گەنج بووم، نائومێدانە بوون کاتێک دەمناڵاند و شەڕکەر بوون کاتێک لە ململانێی کۆمەڵایەتیدا بووم. شیعرەکانی ئێستام تێکەڵەیەکە لەم شتانە، من بە هۆی پاڵنەرێکی ناوەکییەوە دەنووسم و پێم وایە کە ئەمە بەسەر هەموو شاعیراندا دێت، بەتایبەت شاعیران.

جارێک تۆم بینی لە ناو ئۆتۆمبێلدا دەتنووسی…
لە کوێ بتوانم و کەی بتوانم، دەنووسم؛ من بە بەردەوامی دەنووسم.

هەموو شتەکان بە دەستت دەنووسیت یان بە ئامێری نووسین؟
دوای ئەو ڕووداوەی تووشم هات پێش چەند مانگێک، کە بووە هۆی شکانی پەنجەم، ناتوانم ئامێری نووسین بەکار بێنم، گەرامەوە بۆ خووی گەنجانە و بە دەستم دەنووسم. ئەم دواییانە بۆم ئاشکرا بوو کاتێک بە دەست شیعر دەنووسم، شیعرەکان زیاتر هەستیارن و زیاتر شیاوی داڕشتنن. ڕۆبەرت گریفز لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت: ”بۆ ئەوەی بیر بکەینەوە، دەبێت خۆمان بەدوور بگرین لەو شتانەی کە بەرهەمی دەستەکانمان نین.” دەیتوانی ئەمەشی بۆ زیاد بکات، کە شیعر دەبێت بە دەست بنووسرێت. ئامێری نووسین ئەو پەیوەندییە گەرمەی نێوان من و شیعری نەهێشت، بەڵام دەستەکانم لە جاران زیاتر ئەو پەیوەندییەی گێڕایەوە.

کاتێک دەنووسیت، تەنیایی هەڵدەبژێریت؟
بەڵێ. بەڵام بێدەنگی تەواو بێزارم دەکات.

ڕۆژێک لە ڕۆژان مەیلت بەلای پەخشاندا نەچووە؟
پەخشان… هەموو تەمەنم بەپێویستم نەزانیوە جگە لە شیعر بە هیچ شتێکی تر گوزارشت لە ناخم بکەم، هەرگیز پەخشانم بەلاوە گرنگ نەبووە، بەڵام هەندێک کاتی دیاریکراو پەخشان دەنووسم،  یان لە بۆنەیەکی دیاریکراودا. ناتوانم بڵێم هەموو تەمەنم دەست لە نووسینی پەخشان هەڵدەگرم، بەڵکو بە شێوەیەکی کاتی دەینووسم.