خوێنەر و کتێب: ئامادەیی ئەنفال لە دەقە ئەدەبییەکانی بەختیار عەلیدا

دیدی من خوێنەر و کتێب

کتێب: بەشێک له‌ کارە ئەدەبییەکانی بەختیار عەلی
خوێنەر: هەڵمەت حسێن


خەمی ئێمە بۆ ئەنفال، هەمان خەمی شێرکۆ بێکەسە بۆ ئەنفال؛ شێرکۆ بێکەس لە گوتارێکیدا بە ناونیشانی چەند پەیڤێک دەربارەی چیرۆکی کوردی، کە لە ژمارە چلونۆی گۆڤاری ئایندە بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێ: ”لێرەدا من ڕووی دەمم لە چیرۆکنووسە بەهرەدار بەتواناکانمانە، ئەوە پازدە ساڵە کارەساتی هۆلۆکۆستی کورد (ئەنفال)، دۆزەخی ئەمدونیا، ڕووی داوە. لەو ئەنفالەوە مێژووی ئێمە بوو بە مێژوویەکی تر. ئەنفال مرۆڤی کوردی گەیاندە سەحرای عەدەمی بەر لە قیامەت! ئەم قیامەتەی ئەنفال، تا ئەمڕۆ لەناو چیرۆکی کوردیدا چیی کردووە؟! چیی بۆ نووسراوە؟! بەڕاستی ئەمەیش هەر کارەساتە، چیرۆکنووسانی میللەتی ئەنفال، چیرۆکیان بۆ ئەنفال نەبێت!“ (1) بەڵام جێگەی خۆشیەتی کاتێک ئەمی شاعیر ڕەخنە لە چیرۆکنووسان دەگرێ لەبارەی کەمی بەرهەمییان سەبارەت بە ئەنفال، چیرۆکنووسانیش بێژن ئەرێ شاعیران چیان کردووە بۆ ئەنفال؟ ئەرێ سەرهۆزانڤانی شیعری هاوچەرخمان (شێرکۆ بێکەس)، چیی کردووە بۆ ئەنفال؟ ئەنفال تا چەندە لە شیعرەکانی شێرکۆدا ڕەنگی داوەتەوە؟ لەڕاستیدا ئەنفال بە قووڵی کاری کردووەتە سەر شێرکۆ، بەڵام هەرگیز تەواوی جیهانبینیی ئەوی دانەپۆشیوە. ئەمە نەک هەر شێرکۆ بێکەس، بەڵکو بەختیار عەلییش بە ناڕاستەوخۆ باسی لە ئەنفال کردووە، جگە لە ڕۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەکانی، کە ڕێک باسکردنە لە ئەنفال،  بێ ئەوەی یەک جاریش چییە ناوی ئەنفال بێنێت (”ئەوانە ئێمەین دەمرین، کەسی ئێمەن کە هەموو شەوێک دەیانهێننە ئەو بیابانە و دەیانکوژن، ئەو کوردانەن کە لە باکوورەوە دەیانهێنن و لەو دەشتانەدا دەیانکوژن“) (2) ئەوانی تری ناڕاستەوخۆ گوزارشتکردنن. ئەوەی هەیەتی لەناو ڕۆمانەکاندا، دەربڕینی ناڕاستەوخۆیە لەو دۆخە سایکۆلۆژییەی مرۆڤی کورد دوای کارەساتەکانی وەک کوشتن لە سەردەمی شۆڕشی نوێ (١٩٧٦-١٩٩١)، ئەنفال  (١٩٨٨)، کۆڕەو (١٩٩٢)، شەڕی ناوخۆ (١٩٩٤-١٩٩٨) و تا دوایی. بۆ نموونە هەر کەسێک ڕۆمانی غەزەلنووس و باغەکانی خەیاڵ بخوێنێتەوە، باش دەزانێ ڕۆحی بارۆنەکان چۆن هەمان ڕۆحی بەرپرسە سیاسییەکانی ئێمەیە و چەندە دڕندەن. ڕۆحی کارەکتەری غەزەلنووسیش، ڕۆحی ئەدیبێکی ئێمەیە، کە لە کۆتاییدا بە دەستی بارۆنێک دەکوژرێ. هەروەها پێشتریش غەزەلنووس نیوەکەی تری خۆی، موراد جەمیل، هەر بە دەستی ئەمان کوژراوە. یان لە ڕۆمانی کەشتیی فریشتەکاندا، کە سێ بەرگە، باسی ئەو نەهامەتییانە دەکات کە شۆڕش بەسەر ئێمەیدا هێناوە. دەستبردن بۆ ئەوەی گومان بخەیتە سەر شۆڕش و وەک پیرۆز سەیرنەکردنی، شتێکی بوێرانە بوو لە ئەدەبدا، کە بەختیار لە زۆربەی ڕۆمانەکانیدا گوزارشتی لێوە دەکات (”لەناو هەموو جۆرەکانی پیاوکوژدا، شۆڕشگێڕان لە هەمووان ئاسوودەترن“) (3)(”لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشەوە، دونیا پڕ دەبێت لە پیاوکوژی دەمامکدار، کە لە قیافەی پێغەمبەراندا خۆیان پیشان دەدەن“) (4)شتێک کە بەر لە بەختیار عەلی، ئەدیبێکی تر، محەمەد موکری، ئەنجامی دابوو و لە لایەن شۆڕشەوەش بڕیاڕی کوشتنی بۆ دەرکرا لەسەر نۆڤلێتێکی بە ناوی سەگوەڕ (”هەموو شۆڕشێک لە جێگەیەکدا شۆڕشگێڕەکانی دەبن بە جانەوەر“) (5)لەم ڕۆمانەیدا (کەشتیی فریشتەکان)، بە وردی و بە وەسفێکی فانتازیایانەوە باس لە تێکشکانی دەروونی کوردی دەکات؛ چۆن فریشتەکانی ناومان دێنە دەرەوە و لێمان بێزار دەبن، کاتێکیش دێنە دەرەوە یان ئێمە خۆمان ئازاریان دەدەین یان تاقمی مەلەککوژان دروست دەکرێت، تا وای لێ دێت لە کۆتایی بەرگی یەکەمی ڕۆمانەکەدا، کەشتیی فریشتەکان لە لایەن ئەو تاقمەوە دەسووتێندرێ. فریشتەکانی ناومان و ڕۆحە پاک و ناشەڕانگێزەکەی ئێمە، کە جەنگ و شۆڕش و ئەنفال نەیهێشت ببێت، هەمان شتن، کە نەمانهێشت، یان باشترە بڵێین نەیانهێشت ڕۆحێکی ناشەڕخوازانەمان هەبێت. یان لە ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیادا، کە باس لە سێ سەریاسەکان دەکات، دەڵێ: ”سێ حەرامزادە بوون لە شەوە تاریکەکانی شۆڕشدا لەدایک بوون.“ (6)ئیتر ئەمە بەختیارە، لای ئەو ”شۆڕش ئەوەیە لە گوڵ تێبگەیت…“(٧)

کوشتنی تاقانەی دووەم بە دەستی پیاوەکانی سوڵتان لە ڕۆمانی مەرگی تاقانەی دووەمدا، هەمان جۆری کوشتنی موراد جەمیلە لە ڕۆمانی غەزەلنوس و باغەکانی خه‌یاڵدا. مەبەست لە جۆری کوشتن، ئەوەیە کە ئەو هێزەی ئەوانیان کوشت، هێزێک بوون مافیا بوون و لە دەسەڵات و حوکمڕانیشدا بوون (”لەوێ، تێگەیشتم ئەمە ڕۆژگاری بازرگانە قژڕەشە باڵابەرزەکانە.“) (8) (”ویقاری ئەو مردنە کتوپڕە، ڕەنگی لە ڕەنگی گەنجێکی بێئەزموون و دونیانەدیوەوە گۆڕیبوو بۆ ڕەنگی پیاوێکی بەهەیبەت و کامڵ.“)(9) هەروەها هەر کەسێک بەشی کاسێتی سێیەم لە ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیادا بخوێنێتەوە، وەک چەند لاپەڕەیەکی جوان لە دەقێکی ناوازە و شاکاردا دیمەنێکی ئەنفال دەبینێ (”لەو سەردەمەدا کە بەعسییەکان وەک جانەوەری بیبەزەیی هەموو شتیان وێران دەکرد، کەمتەرخەمیی مرۆڤ بۆ مرۆڤیش گەیشتبووە ئەوپەڕی… دڕندەیی ئەوە نییە ئەوانی دی بکوژیت، بەڵکو ئەوەیە وابکەیت کەس لەبیری ئەوانی دیدا نەبێت.“) (10)بەعس لە ئەنفالدا گەیشت بە ترۆپکی کۆجیتۆکەی خۆی، کۆجیتۆی ”من دەکوژم، کەواتە من هەم“. گوتاری شۆڕشیش کە گوتاری مانەوە بوو، ئەگەر بکرێ ئێمە کۆجیتۆی بۆ بتاشین، بە ئیزن وەرگرتن لە دیکارت، دەبێ کۆجیتۆیەکی لەم چەشنە دەرببڕین: ”من هەم، کەواتە هەم.“ واتا هیچ شتێک مانا نابەخشێ بە بوونم، جگە لە خودی هەستکردنم بە مانەوە. لە ڕۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەکاندا، زۆر باس لە بیابان دەکات: ”بێدەنگ تەماشای ئەوانە دەکەن کە لە بەردەمیاندا زیندەبەچاڵ دەکرێن. هەزاران ڕۆح کە بە بیاباندە ڕادەکەن و لەسەر ئەو سنوورەدا کە ژیان لە مردن جیا دەکاتەوە دەوەستن.“(١١)

کەشی ڕایسیزم لە ڕۆمانەکانیدا بەرجەستە دەکات و باس لە دۆخی گەلان بەرانبەر خۆیان و بەرانبەر گەلانی تر دێنێتە بەر باس (”لە مەڕاسیمەکەدا دێلاوارییەکان بەو سەگانە وەسف کران کە تەنها بە پانکردنەوەی سەریان زەوی لە شەڕ و ئافەتیان ڕزگاری دەبێت، دێلاواریان بە سەرزەمینی مەیموونە بێکلکەکان ناونا.“) (12)(”هەموو غەریبەیەک، هەر کەسێک زمانی لە خەڵکی دێلاوار نەچووبایە، مەزهەبی جیا بوایە، پیاوانی سەی ئەسڵان وەک دوژمن سەیریان دەکرد.“)(١٣) (”دەبوو هەموو هاوڵاتییەکی مەمەدحەسار گەر ئامادەگیی ئەوەشی تێدا نەبێت، خۆی دێلاوارییەک بکوژێت، ئامادەگیی ئەوەی تێدا بێت لەزەت لە سەربڕین و ئازاردانیان ببینێت.“) (14)لە ڕۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەکانیشدا، لەسەر زمانی سامیری بابلی دەڵێت: ”لە بیابان گۆڕی گەورەمان هەڵدەکەند و ژن و منداڵمان تیا زیندەبەچاڵ دەکرد.“(١٥)


پەراوێزەکان

١ شێرکۆ بێکەس: چەند پەیڤێک دەربارەی چیرۆکی کوردی، گۆڤاری ئایندە، ژمارە ٤٩، ٢٠٠٣، لاپەڕە ٢٣.

٢ بەختیار عەلی: شاری مۆسیقارە سپییەکان، چاپی چوارەم، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، سلێمانی، چاپخانە لە تاران، ٢٠١٦، لاپەڕە ٢٨٣.

٣ بەختیار عەلی: کەشتیی فریشتەکان، کتێبی یەکەم، چاپی یەکەم، لە بڵاوکراوەکانی ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب، سلێمانی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، ٢٠١٢، لاپەڕە ٢٥٩.

٤ بەختیار عەلی: کەشتیی فریشتەکان، کتێبی دووەم، چاپی یەکەم، ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، سلێمانی، چاپخانەی کارۆ، ٢٠١٣، لاپەڕە ١٥٦.

٥ بەختیار عەلی: کەشتیی فریشتەکان، کتێبی یەکەم، لاپەڕە ٣٦٤.

٦  بەختیار عەلی: دواهەمین هەناری دونیا، چاپی پێنجەم، ناوەندی ڕۆشنبیریی و هونەریی ئەندێشە، سلێمانی، چاپخانەی رجایی/تاران، ٢٠١٤، لاپەڕە ٣٦٩.

٧  بەختیار عەلی: تا ماتەمی گول… تا خوێنی فریشتە، چاپی سێهەم، ناوەندی ڕۆشنبیریی و هونەریی ئەندێشە، سلێمانی، چاپخانەی رجایی/تاران، ٢٠١٤، لاپەڕە ٣٦٣.

٨  بەختیار عەلی: تا ماتەمی گول… تا خوێنی فریشتە، لاپەڕە ١٦٥.

٩  بەختیار عەلی: مەرگی تاقانەی دووەم، چاپی دووەم، لە بڵاوکراوەکانی نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی، سوید، چاپخانەی میدیا-ستۆکهۆڵم، ٢٠٠١، لاپەڕە ٦٨.

١٠ بەختیار عەلی: کەشتیی فریشتەکان، کتێبی یەکەم، لاپەڕە ٧٣٨.

١١ بەختیار عەلی: شاری مۆسیقارە سپییەکان، لاپەڕە ٢٧٦.

١٢  بەختیار عەلی: هەورەکانی دانیال، چاپی یەکەم، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، سلێمانی، چاپخانەی پەنجەرە، ٢٠١٥، لاپەڕە ٥١٧-٥١٨.

١٣  بەختیار عەلی: هەورەکانی دانیال، چاپی یەکەم، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، سلێمانی، چاپخانەی پەنجەرە، ٢٠١٥، لاپەڕە ٢٧٣.

١٤  بەختیار عەلی: هەورەکانی دانیال، چاپی یەکەم، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، سلێمانی، چاپخانەی پەنجەرە، ٢٠١٥، لاپەڕە ٥١٩.

١٥  بەختیار عەلی: شاری مۆسیقارە سپییەکان، چاپی چوارەم، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، سلێمانی، چاپخانە لە تاران، ٢٠١٦، لاپەڕە ٢٤٣.