شاعیرێکی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی: گفتوگۆ لەگەڵ پابلۆ نیرۆدا، بەشی دووەم و کۆتایی

دیدی من

ڕیتا گۆیبەرت، ڕۆژنامەی پاریس ڕیڤیو، کانوونی دووەمی ١٩٧٠
لە عەرەبییەوە: زرار حەمید


”هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووم کە رۆژێک بێت ژیانم لە نێوان شیعر و سیاسەتدا دابەش ببێت.“

پابلۆ نیرۆدا بەم چەند وشەیە دەستی بە گوتاری هەڵبژاردنی بۆ سەرۆکایەتیی وڵاتی شیللی لە ڕێگەی حیزبی شیوعییەوە کرد: ”من لە ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتەم، کە بۆ دەیان ساڵ سەرکەوتن و شکست و ئاستەنگەکانمان لەم نیشتیمانەدا بینیوە. بینیمان کێ بەشدار بوو لە خۆشی و ئازارەکان لەگەڵ ئەم گەلەدا. لە چینی کرێکارەوە هاتووم، هەرگیز دەسەڵاتێکم نەبووە، تا ئێستاش پێم وایە کە ئەرکی من خزمەتکردنی گەلی شیللییە بە کارەکانم و بە شیعرەکانم. هەموو ژیانم گۆرانیم بۆ گوتوون و پارێزگاریم لێ کردوون.“

نیرۆدا دوای چەند مانگێک لە دیاریکردنی وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی شیللی، پاشەکشەی کرد لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، لەبەر خاتری کاندیدی یەکێتیی گەل، سیلڤادۆر ئەلێندی. ئەم چاوپێکەوتنە لە ماڵەکەی خۆی لە ئەیسلانگیرا، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵیدا ئەنجام دراوە، پیش پاشەکشەکردنی لە کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی شیللی.

گەر پێویست بێت یەکێک لە کارەکانت لە سووتان بپارێزیت، کام کارەت هەڵدەبژێریت؟
هیچ کامیان. ئەوانم بۆچییە؟ باشترە کچێک ڕزگار بکەم، یان کۆمەڵەچیرۆکێکی پۆلیسی، چونکە ئەوانەم لە کارە تایبەتییەکانی خۆم لا گرنگترە.

ڕەخنەی زۆرت ئاڕاستە کرا بە هۆی شێوازی ژیانت و باری ئابووریت…
بە شێوەیەکی گشتی، ئەمانە هەموو درۆن بە جۆرێکی تر، ئەمە هەموو قسەی بۆرژوازییەکانە، کە بیر لەو شتە دەکەنەوە خەڵک هەیەتی و ئەوان نییانە. بارودۆخی تایبەتیی خۆم، من خۆم تەرخان کردووە بۆ گەلەکەم، ئەوەی لە ماڵەکەمدا هەیە،  بۆ نموونە کتێبەکانم، ئەوانە کارەکانی خۆمن، کەسم بەکار نەهێناوە لە ژیانمدا، ئەمەش شتێکی نامۆیە. با ئەم تۆمەتانە ئاڕاستەی کەسێک بکرێن کە دەنووسێت و کەوچکی ئاڵتوون لە دەمیدایە! جگە لەمە، پەنجەی تۆمەتم ئاڕاستە دەکەن، من کە ماوەی پەنجا ساڵ کارم کرد، پێم دەڵێن “تەماشای بکەن… تەماشا چۆن دەژی! ماڵێکی باشی هەیە و مەی باش دەنۆشێت”، ئەمە چ لۆژیکێکە؟! پێش هەموو شتێک، زۆر زەحمەتە لە شیللی مەی خراپ بنۆشیت، چونکە مەیی ئێرە هەمووی باشە، ئەمە پەیوەندیی بە دواکەوتوویی وڵاتەکەمەوە هەیە. ئەو بارە خراپەی تێیدا دەژین. تۆ خۆت پێت دەربارەی نۆرمان میللەر پێت گوتم، کە چۆن بڕی نەوەد هەزار دۆلاری ئەمەریکیی وەرگرتووە، تەنها لەبەر ئەوەی سێ گوتاری لە ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکای باشووردا بڵاو کردووەتەوە. لێرە گەر نووسەرێک ئەو بڕە پارەیەی پێ بدرێت، نووسەرانی تر هاواریان دەکرد “ئای لەم زێدەڕۆییە! لەم کارە ئابڕووبەرە! کەی ئەمە تەواو دەبێت!” ئەمە لەبری ئەوەی سەریان بسووڕمێت چۆن نووسەرێک ئەو بڕە پارەیە کۆ دەکاتەوە. باشە، وەک گوتم، ئەمە ئەو بەڵا گەورەیەیە کە لەپشت دواکەوتوویی کلتووری ئێمەوەیە.

ڕەنگ بێت هەموو ئەو ڕەخنانە لەبەر ئەوە ئاڕاستەت کرابن، چونکە تۆ کۆمۆنیستیت…
ڕێک وایە. چەند جار گوتراوە ئەوەی هیچی نەبێت، هیچ نادۆڕێنێت، جگە لە کۆتەکانی خۆی. من هەموو جارێک ژیانی خۆم دەخەمە مەترسییەوە، خۆم و هەموو ئەوەی هەمە، کتێبەکانم، ماڵەکەم، کە پێشتر سووتێندرا. دەستگیر کراوم، زیاد لە جارێک، دوور خراومەتەوە لەم وڵاتە، لەژێر مانەوەی زۆرەملێدا ژیانم بەسەر بردووە. من ئاسوودە نیم لەگەڵ ئەوەی کە هەمە، بەڵام ئەمە هەموو ئەو شتانەیە کە هەمن. خۆم کرد بە گاڵتەجاڕ لە پێناو خەباتی گەلەکەم، ماوەی بیست ساڵ ماڵی من ژێر چەتری حیزبی شیوعی بوو، کە ئێستا خەڵک من لە لووتکەی ئەو حیزبەدا دەبینێت. من ئێستا لەم ماڵەدام بە هۆی حیزبەکەمەوەیە. باشە، لێگەڕێ ئەوانە ئەو شتانە بڵێن کە دەیڵێن، با ئەوان لانیکەم پێڵاوەکانیان لە شوێنێک جێ بهێڵن، تا کەسێکی تر سوودی لێ ببینێت.

چەندین جار کتێبت بەخشیوە بە کتێبخانە جیاوازەکان؛ تۆ ئێستا بەشدار نیت لەو پڕۆسەیەی کە سەبارەت بە کتێب ئەنجام دەدرێت لە ئەیسلانێگرا؟
زیاتر لە کتێبخانەیەکم بەخشیوە بە تاکە زانکۆی وڵاتەکەم، من لەسەر داهاتی کتێبەکانم دەژیم، جگە لەوە سەرچاوەی داهاتی ترم نییە، شتێکم نییە لێم زیاد بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیومە بڕە پارەیەک کۆ بکەمەوە بۆ کڕینی پارچەیەک زەوی لە کەنار دەریا، تا نووسەران بتوانن هاوینان لەوێ بەسەر بەرن بۆ نووسینی کتێبەکانیان. ئەم شوێنە لە لایەن دامەزراوەی کانتالاوەوە دروست دەکرێت و لە لایەن زانکۆی کاسۆلیکی و زانکۆی شیللی و کۆمەڵگەی کتێبەوە بە هاوبەشی بەڕێوە دەبرێت.

دیوانی بیست شیعری عاشقانە و گۆرانییەکی نائومێد، کە یەکێک لە دیوانە کۆنەکانتە، تا ئێستاش دەخوێندرێتەوە لە لایەن هەزاران خوێنەرەوە، لەو کاتەی بۆ یەکەم جار چاپ کرا…
لە پێشەکیی چاپە نوییەکەیدا نووسیومە، کە بە تیراژی یەک میلیۆن دانە دەردەچێت، نازانم ئەم سەرسامییە بۆ؟ بۆچی ئێستاش خەڵکی ئەو کتێبە دەخوێننەوە، کە پڕیەتی لە خەمی خۆشەویستی و ئازارەکانی، بەتایبەت لە لایەن گەنجانەوە؟ بە ڕاشکاوی ناتوانم لەوە تێبگەم، لەوانەیە وەلامێکی گەنجانە بێت بۆ کۆمەڵێک نهێنی. ئەو کتێبە کتێبێکی غەمگینە، بەڵام هێزی ڕاکێشانەکەی ئارام ناگرێت.

 

تۆ شاعیرێکیت بەرهەمەکانت زۆربەیان وەرگێڕانیان بۆ دەکرێت بۆ سی زمانی دونیا؛ ئەو زمانە کامەیە کە باشترین وەرگێڕانی پێشکەش بە شیعرەکانت کردووە؟
لەوانەیە وەرگێڕانە ئیتاڵییەکە، بە هۆی لێکچوونی ئەم دوو زمانە. سەبارەت بە وەرگێرانی ئینگلیزی و فەڕەنسییەکەش، کە من دەزانم قسەیان پێ بکەم، لە زمانی ئیسپانی نزیک نین، نە لە دەربڕین و نە لە کێش و سەروای وشەکاندا. بابەتەکە پەیوەندیی بە توانای وەرگێڕانەوە نییە، دەڵێن توانای وەرگێڕان شیعرەکە دەگەیەنێت، بەڵام لەڕاستیدا دەستپاکیی وەرگێڕان و دانانەوەی واتا، شیعر لەناو دەبات. لە زۆربەی وەرگێڕانە فەڕەنسییەکان بۆ شیعرەکانم (ناڵێم هەمووی)،  دەبینم شیعرم هەڵدێت و هیچ وەک خۆی نییە. کەس ناتوانێت خۆی دەربخات بڵێت وەرگێڕانەکە لە دەقە ڕەسەنەکە دەچێت. من گەر بە فەڕەنسی شیعرم بنووسیایە، ئەوکاتیش ئەم دوو دەقە لێک نەدەچوون، ئەمەش بە هۆی جیاوازیی ئاستی وشەکان؛ ئەوکات من شتێکی جیاوازم دەنووسی.

هەندێک کەس بەوە تاوانبارت دەکەن کە دوژمنایەتیت لەگەڵ خۆرخێ لویس بۆرخێس هەبێت…
لەوانەیە ئەم دوژمنایەتییە ڕگوڕیشەیەکی ڕۆشنیری یان فیکریی هەبێت، ئەویش بە هۆی تێڕوانینە جیاوازەکانمانەوە. هەریەک لە ئێمە دەتوانێت بە ئارامی بجەنگێت، بەڵام من دوژمنی ترم هەیە جگە لە نووسەرەکان؛ دوژمنی من ئیمپریالیزمە، دوژمنی من سەرمایەدارەکانن، ئەوانەن کە ناپاڵمیان نا بە ڤێتنامەوە؛ بەڵام بۆرخێس دوژمنم نییە.

بۆچوونت لەسەر کتێبەکانی بۆرخێس چییە؟
بۆرخێس نووسەرێکی مەزنە، هەرکەس بە ئیسپانی قسە بکات شانازی دەکات بە بوونی ئەو لە لوتکەی هەڕەمی ئەمەریکای لاتیندا. پێش بۆرخێس، ژمارەیەکی کەم نووسەرمان هەبوون، کە بەراورد بکرێن بە نووسەرە ئەورووپییەکان، بەڵام هەرگیز نووسەرێکمان نەبووە بە ئەندازەی بۆرخێس لەسەر ئاستی جیهان بخوێندرێتەوە. ناتوانم بڵێم ئەو مەزنترینە، داواکارم کە کەسانی تر ئەو تێبپەرێنن، بەڵام بە شێوەیەک لە شێوەکان دەرگەی کردەوە لە بەردەم گرنگیدانی ئەدەبیی ئەورووپییەکان بە وڵاتەکەمان. بەلام وەک خۆم، بۆرخێس وەک دایناسۆڕ بیر دەکاتەوە. باشە، ئەمە دژی من نییە، ئەو هیچ ئاگای لەو شتانە نییە کە لە دونیای هاوچەرخدا ڕوو دەدەن، ئەویش وادەزانێت من وام، کەواتە ئێمە وەک یەکین.

کام شاعیری ڕووسی بە باشترین دەزانیت؟
لەوانەیە دیارترین سیمای شیعری ڕووسی، مایاکۆڤسکی بێت.

ئامۆژگاریت بۆ شاعیرە لاوەکان چییە؟
ئۆو! هیچ ئامۆژگارییەک نییە بۆ شاعیرە لاوەکان! ئەوان دەبێت خۆیان ڕێگەی خۆیان ببڕن، ئەوان دەبێت دووچاری سزا ببن، تا بتوانن بە شێوازێکی باش گوزارشت لە خۆیان بکەن.

دەتوانیت سەبارەت بە کاریگەرییە قووڵەکەت بە سروشت بۆمان بدوێیت؟
لە منداڵیمەوە پارێزگاریم لە هەستەکانی خۆم کردووە بەرانبەر بە باڵندە و سەدەف و دارستان و ڕووەکەکان، بۆ شوێنی زۆر چووم، تا سەدەفی دەریایی ببینم. ژمارەیەکی زۆرم لێ کۆ کردبوونەوە، کتێبێکم نووسی بە ناوی هونەری باڵندەکان، دەربارەی ئاژەڵە لەناوچووەکان و بومەلەرزەی دەریایی، تەنانەت دەربارەی گیاکانیش نووسیومە. ناتوانم دوور لە سروشت بژیم، لەوانەیە بۆ دوو ڕۆژ هۆتێلم پێ خۆش بێت، یان بۆ سەعاتێک فڕۆکەم خۆش بوێت، بەڵام دڵخۆش دەبم کاتێک خۆم دەبینمەوە لە ناو درەخت و دارستانەکاندا، یان لەسەر لم، یان کاتی گەشتی دەریایی، یان کاتێک ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئاگر دەبم؛ زەوی، ئاو، هەوا…