پەیامی ڕۆژی جیهانیی شانۆ بۆ ساڵی ٢٠١٧

دیدی من

ئیزابێل ئوپێرت، شانۆکار و سینەماکاری فەڕەنسی

لە فەڕەنسییەوە: فاتیح فروومەند

ئەوە بۆ ماوەی پەنجاوپێنج ساڵە ڕۆژی جیهانیی شانۆ لە وەرزی بەهاردا بەڕێوە دەچێ، ڕۆژێک، واتە بیستوچوار سەعات، لەو کاتەوەی خۆر لەسەر وڵاتی شانۆی نو و بۆنڕاکۆوە سەرهەڵدێنێت و بەسەر وڵاتانی  ئۆپێڕای پەکین  و کاتاکالیدا تێپەڕ دەبێ و لە نێوان یۆنان و سکاندینیاویدا  بۆ ماوەیەک چاوەڕاوان دەبێ؛ لە ئایسخیلۆسەوە بۆ ئیبسەن، لە سۆفۆکلەوە بۆ ستریندبێرگ، لە نێوان ئەنگێلتەرا و ئیتاڵیا، لە سارا کەینەوە بۆ پیراندێللۆ، هەروەها ئێمە لە فەڕەنساین لە نێوان ئەوانی تر، لە پاریس، شارێک  کە هەمیشە میوانداری زۆرینەی گرووپە بیانییەکانە. پاشان بیستوچوار سەعاتەکە لە فەڕەنساوە دەمانباتە ڕووسیا، لە ڕاسین و مۆلیێرەوە بۆ چێخۆڤ، دواتر بەسەر ئاتلانتیکدا تێپەڕ دەبێ، تا ئەوەی کە لە  خوێندنگەکانی کالیفۆڕنیا کۆتایی بە گەشتەکەی بهێنێ؛ ڕەنگە شانۆ لەوێ بتوانێ لەسەر دەستی خەڵکانی گەنجەوە دووبارە دروست بکرێتەوە،  چونکە  شانۆ هەمیشە لە خۆڵەمێشەکەیەوە دووبارە هاتووەتە دونیاوە. ئەمە تەنها گرێبەستێکە، کە بەردەوام و ماندوونەناسانە دەبێ لە هەڵوەشانەوەدا بێ. بۆیە زیندوو دەمێنێتەوە. شانۆ ژیانێکی چەندلایەنەی هەیە، کە بۆشایی و کات دەخاتە ناو گرفتەوە. شانۆنامە سەردەمیەکان لە سەدەکانی ڕابردوو کەڵک وەردەگرن و شانۆنامە کلاسیکەکان بە دووبارە نماییشکردنەوەیان مۆدێرن دەبنەوە.

ئیزابێل هوپێرت

زۆر ڕوونە کە ڕۆژی جیهانیی شانۆ بە شێوەیەکی گشتی، ڕۆژێکی ئاسایی وەک ڕۆژانی تر نییە. ئەم ڕۆژە کات و بۆشاییەکی مەزن دووبارە زیندوو دەکاتەوە و وەبیرهێنەری کات و بۆشاییەکی مەزنە. لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بکەم بە گوتەی شانۆنامەنووسی بەناوبانگی فەڕەنسی، ژان تاردیۆ بکەم، کە دەڵێت: “سەبارەت بە  بۆشایی، دەخوازرێت بپرسین  کام رێگە درێژترینە بۆ گەیشتن لە خاڵێکەوە بۆ خاڵێکی تر، سەبارەت بە کات، دەبێ بۆ پێوانی  بچووکترین بەشی کات، تەنانەت بچووکتر لە چرکەش وشەی ئەبەدییەت بهێنینە سەر زارمان.” سەبارەت بە بۆشایی-کات، ئەو دەڵێ: ”بەر لەوەی خەو بتباتەوە، دوو خاڵ لە ناو بۆشاییدا دەستنیشان بکە، پاشان ئەو کاتەی تەرخان دەکرێت بژمێرە، لە ناو خەیاڵدا، بۆ گەیشتن لە یەکیانەوە بۆ ئەوەی تر.”  من لێرەدا وشەی ”لە ناو خەیاڵدا” ڕادەگرم؛ وەک ئەوە وایە  ڕۆبێرت ویلسۆن و ژان تاردیۆ یەکتریان بینیبێت. با لە ڕۆژی جیهانیی شانۆدا یادێکیش بکەین لە سامۆێل بیکێت، کە لە زمانی ویینییەوە بە شێوازێکی بە پەلە دەڵێت: ”ئاه!  دەکرا چ ڕۆژێکی خۆش بێت.” کاتێک بیرم لە نووسینی ئەم  پەیامە دەکردەوە، خەیاڵی هەموو دیمەنەکانم وەبیر هاتەوە، بۆیە دەبێ بڵێم من بە تەنها نەهاتوومە ناو هۆڵی یونیسکۆوە، هەموو ئەو کەسایەتییانەی نواندنم کردوون، ئێستا لەگەڵم هاتوونەتە ئێرە، هەموو ئەو ڕۆڵانەی کە پاش تەواوبوونیان بڕیارە بەجێیان بهێڵی، بەڵام ئەمانە ئەم ڕۆڵانەن کە ژیانی ژێرزەوی بۆ تۆ ئاشکرا دەکەن، هەروەها ئامادەن بۆ یارمەتیدان یان بۆ تێکشکاندنی ئەو ڕۆڵانەی لە دواییدا دەبنە جێنشینان؛ فێدر، ئارمینت، ئۆرلاندۆ، هێدا گابلێر، مێدێ، مێرتۆی، بڵانش دۆبۆوا… هەروەها هەموو ئەو ڕۆڵانەی کە خۆشم ویستوون و بوونەتە مایەی ڕەزامەندیی بینەران، ئەوانیش ئێستا لەگەڵ من هاتوونەتە ئێرە. لێرە من خەڵکی هەموو جیهانم؛ من یۆنانیم، ئەفریقیم، سووریم، ڤینیزیم، ڕووسیم، بەڕازیلیم، ئێرانیم، ڕۆمانیم، ژاپۆنیم، ماڕسەییم، نیو یۆرکیم، فیلیپینیم، ئەرژەنتینیم، نەرویجیم، کۆریاییم، ئەڵمانیم، نەمساییم، ئینگلیزم، بەڕاستی هیی هەموو دنیام. جیهانیبوونی ڕاستەقینە لێرەیە.

لە ساڵی ١٩٦٤دا، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لارەنس ئۆلیویێە، ڕایگەیاند کە پاش سەدەیەک هەوڵ و تەقەلا، سەرەنجام توانیمان لە ئینگلیز، شانۆی نەتەوەیی بونیاد بنێین، کە زۆر زوو توانیی ببێتە شانۆی نێودەوڵەتی، لانیکەم لە ڕێگەی بەرنامەی نماییشکردنەوە . ئەو زۆر بە باشی دەیزانی کە شەکسپیر هیی هەموو جیهانە.

ڕۆژی جیهانیی شانۆ

من حەزم کرد کە لە یەکەم پەیامی ڕۆژی جیهانیی شانۆ، کە لە لایەن ژان کۆکتۆوە لە ساڵێ ١٩٦٢دا ڕاگەیاندرا، بۆ پەیامەکەی خۆم کەڵک وەرگرم . بەتایبەتی کە ئەو نووسەری گەشت بە دەوری دونیا لە هەشتا ڕۆژدایە. من بە شێوازێکی جیاواز بە دەوری دونیادا گەڕام، واتە لە ڕێگەی هەشتا شانۆیی یان بڵێین هەشتا فیلمەوە ئەم گەشتەم ئەنجام دا. بەڵێ، فیلم، چونکە من هیچ جیاوازییەک نابینم لە نێوان نواندنی سینەما و شانۆدا، هەرچەندە هەر جار ئەم قسەیە دەکەم، دەبێتە هۆی سەرسووڕماندن، بەڵام لەڕاستیدا وایە، هیچ جیاوازییەک نییە.

من لەگەڵ ئەوەی کە دەڵێم لێرە تەنیا نیم، دەشڵێم من ئەکتەر نیم، بەڵکو یەکێکم لەو کەسایەتییانەی کە دەبنە هۆی بەردەوامیی هونەری شانۆ. ئەمە بە جۆرێک ئەرکی ئێمەیە و پێداویستیی ئێمەیە. چۆن بڵێم، ئەوە ئێمە نین کە دەبینە هۆی بوونی شانۆ، بەڵکو بەر لەوە زیاتر شانۆیە کە دەبێتە هۆی بوونمان. شانۆ زۆر بەهێزە، بەرگری دەکات، لە دۆخە سەختەکاندا دەژێیت، لە جەنگەکاندا، لە شەڕەکاندا، لە سانسۆرەکاندا و لە بێپارەییدا. ئەوەندە بەسە کە بڵێین تەختەی شانۆ، ستەیجێکی ڕووتە بۆ سەردەمێکی بێپایان، کە پێویستی بە گەڕانەوەی ئەکتەرێکە. بڕیارە ئەم ئەکتەر چی بکات؟ چی بڵێت؟ ئایا قسە دەکەن؟ جەماوەر چاوەڕێن، ئێمە هەرگیز ئەمە لەبیر ناکەین، کە بەبێ بینەر و جەماوەر، شانۆ بوونی نییە. کەسێک لە ناو جەماوەردا، هەموو جەماوەرەکەیە. هەڵبەت بە هیوای ئەوەی کورسییەکان زۆر بەتاڵ نەبن! جگە لای ئۆژێن یۆنسکۆ، کە لە کۆتاییدا پیرێژنەکە دەڵێت: “بەڵێ بەڵێ، ئێمە زۆر بە شکۆوە دەمرین… دەمرین بۆ ئەوەی بچینە ناو ئەفسانەوە… لانیکەم ئێمە دەبینە خاوەنی ڕێگەی خۆمان…”

ئەوە ماوەی پەنجاوپێنج ساڵە کە ڕۆژی جیهانیی شانۆ بەڕێوە دەچێت لە پەنجاوپێنج ساڵیدا، من هەشتەمین ژنم کە داوام لێ کراوە تا پەیامی ئەم ڕۆژە ڕابگەیێنم، جا نازانم ئایا پەیام وشەیەکی گونجاوە یان نا.  ئەمانەی بەر لە من پەیامیان ڕاگەیاندووە ( بگرە کە زۆرینەیان پیاو بوون)، دەربارەی  شانۆی وێناکردن، شانۆی  ئازادی، ڕەسەنایەتی، فرەکلتووری و جوانی قسەیان کردووە،  پرسیارگەلێک بەبێ وەڵام… لە ساڵی ٢٠١٣دا، بە نزیکەیی چوار ساڵ لەمەوبەر، داریۆ فۆ گوتی: “تەنها ڕێگەچارەی ئەم قەیرانە، ڕاوکردنی ئەم جادووگەرانەیە کە بەرانبەر بە ئێمە وەستاون، هەڵبەت زیاتر بەرامبەر بە گەنجانێک کە دەیانەوێت فێری هونەری شانۆ بن، ئەوانەی کە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی نەوەیەکی نوێ لە ئەکتەر، نەوەیەک کە دەتوانێت لەم داخراوییەشدا، سوودە وێنانەکراوەکان بۆ خۆی دەربکێشێت، ئەویش لە ڕێگەی نماییشکردنێکی نوێ.”  لێرەدا چەمکی سوودە وێنانەکراوەکان هەڵدەبژێرم، چونکە فۆرمولێکی جوانە بۆ دروستکردنی پڕۆگرامێکی سیاسی، وانییە؟ لەبەر ئەوەی کە من لە پاریسم و ئەوەندەی نەماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، لێرەوە پێشنیاری خۆم ئاڕاستەی ئەوانە دەکەم کە بەتەمان بەسەر ئێمەدا حکومەت بکەن، کە ئاگەداری سوودە وێنانەکراوەکانی شانۆ ببن. بەڵام نەک ڕاوکردنی جادووگەرەکان!

ئیزابێل هوپێرت لە فیلمی مەدام بوڤاری ڕۆڵیگێڕاوە

شانۆ بۆ من ئەوی ترە، دیالۆگە، نەبوونی ڕق و کینەیە، خۆشەویستییە لە نێوان خەڵکی. زۆر سەبارەت بەوەی کە ئەمە بە واتای چی دێت، نازانم، بەڵام من بڕوام بە کۆمەڵگەیە، بە خۆشەویستییە لە نێوان بینەر و ئەکتەر، بە یەکگرتوویی نێوان ئەو کەسانەی شانۆ دەبێتە هۆی کۆبوونەوەیان، بەوەی دەینووسێت، بەوەی وەریدەگێڕێت، بەوەی ڕووناکیی پێ دەبەخشێ، بەوەی جلی لەبەر دەکات، بەوەی دەیڕازێنێتەوە، بەوەی نواندنی دەکات، بەوەی دروستی دەکات، بەوەی دەچێ بۆ شانۆ. شانۆ پارێزگاری لە ئێمە دەکات، پەناگەی ئێمەیە، من دڵنیام ئێمەی خۆش دەوێت… زیاتر لەوەی ئێمە ئەومان خۆش بوێت… دەرهێنەرێکی بەتەمەنی کۆنم دێتەوە بیر، کە هەموو شەوەکانی نماییش لە پشتی ستەیج، بەر لەوەی پەردە بکرێتەوە، بە دەنگێکی بەهێز دەیگویت: ”جێگە بۆ شانۆ خۆش بکەن.” ئەمە قسەی کۆتاییمە. سوپاس.