قاقای چەقەڵ

وریا مەزهەر

له خەون ڕاچەنیم. نیوەشەو بوو. گڵۆپەكەم هەڵكرد و یەكسەر چووم بەرەو یەخچاڵەكه. یەك ‏دوو قوم شیری ساردم نۆشی. بۆنێكی پیس بەر لووتم كەوت. بۆنی زبڵەكان بوو. لەبیرم چووبوو بیانبەمە دەرەوه. كۆتەكەم دا بەسەر شانما، نایلۆنی زبڵەكانم گرێ دا و چوومه دەرەوه. هەوا سارد بوو. كیسەی زبڵەكانم خسته ناو زبڵدانی ژووری تایبەت به زبڵەكانەوه و كاتی گەڕانەوە چسكەی چاوی پشیلەیەك لەو تاریكەساتەی نیوەشەودا، هەموو هۆش و هەستمی بەرەو ڵای خۆی ڕفاند. بە ئارامی ڕاوەستام؛ جۆرێك كه پشیلەكه هەست به هیچ مەترسییەك نەكات. ئینجا خۆم له ناوقەدەوه نووشتاندەوه و وەك ئەوەی خواردنێكم بۆ پشیلەكه لەناو لەپی دەستمدا شاردبێتەوه، دەستی ڕاستم برده پێشەوه و گوتم: «پش ‏پش ‏پش، مەترسه وەره پێشەوه!» پشیلەكه هەنگاوێك بەرەو دواوەوه ڕۆیشت و من هەر لەو حاڵەتەی خۆمدا مامەوه. ئینجا بە ئارامی دەستم برده پێشترەوه و گوتم: «پش پش، ئۆخخەی. وەره پێشەوه. كارێكم بە سەرتەوه نییه. دەمەوێ بتبەمەوە ماڵی خۆم. حەزیشت لێی بوو، هەر لەوێدا بنوو. ئاخر له سەرما ڕەق هەڵدێیت ڕۆڵه. وەره، منیش بە تەنیام. دادەنیشین تۆزێكیش پێكەوە دەمەتەقێ دەكەین.»

پشیلەكه چیتر جووڵەی نەكرد. له شوێنی خۆی مایەوه. دەتگوت توانیومه بەو قسانه پشیلەكه كەر بكەم. دەستەكەى تریشم بە هێواشی برده پێشەوه و لەپڕ بە هەردوو دەست گرتم. تەنیا میاوێكی كرد و پاش ئەوه هیچ تەقەڵایەكی تری نەكرد. جەسته گەرم و نەرمەكەی لەناو دەستەكانمدا بوو. هەستم بە ترپەترپی لێدانی دڵی دەكرد. ڵای خۆم بیرم كردەوه: چ بە ئاسانی دەتوانیت پشیلەكانی ئێره كەر بكەیت. پشیلەكانی وڵاتی من تەنانەت ئەگەر سێبەری مرۆڤێكیشیان ببینایە، دەمودەست دەبوون به فیشەك و له چاونووقانێكدا ئاسەواریشیان نەدەما. بیرم كردەوه: ئاخۆ بەم نیوەشەوه، ئەم پشیلەیه دەبێ لێره چ بكا! خاوەنەكەی كێیه! ناشێ ڕای ‏كردبێ؟! ئاخر من تا ئێستا پشیلەیەكی بەرەڵام نەبینیوه، هەر بەوجۆره كه مرۆڤێكی بەرەڵایشم بەرچاو نەكەوتووه. واته ئەو بەرەڵایانەی كه به بۆچوونی ئێمه بەرەڵان و خەریكی خوێڕیگەری و بەرەڵایین، بەرەڵا نین. ڕەنگە كارێكیان هەبێ، كه هەمدیسان بە بۆچوونی ئێمه “كار” نین و قەت حیسابی كاریان بۆ ناكەین، بۆ نموونه پیاسەكردن بەهۆی بێكاری و دەستبەتاڵییەوە بۆ هەڵمژینی هەوای تازه و تەماشای دەرك ‌و دیواری ناو كۆڵانەكان كردنیش بە واتای “بەرەڵایی” نییە؛ بەڵكو بەواتای “پیاسەكردن بەهۆی بێكاری و دەستبەتاڵی بۆ هەڵمژینی هەوای تازه و تەماشای دەرك‌ودیواری ناو كۆڵانەكان كردن”ه. پشیلەكه خەریك بوو پێڵووی چاوەكانی دادەخرا. دەتگوت هەمووی ئەم بیركردنەوانەی منی له مێشكی خۆیدا خوێندبووەوه و له ڵای خۆی بیری دەكردەوه، كه بە خوا ئەم بنیادەمە دەستبەتاڵانەش زۆرجار بیر له چ توڕڕەهاتگەلێ دەكەنەوه. ئاخر خۆ پشیله بیر لەم‏ شتانه ناكاتەوه. نازانم؛ ڕەنگه بیریش بكاتەوه، خۆ ئێمه پشیله نیین هەتا بزانین پشیله بیر لەم‏ شتانه دەكاتەوه، یان نا.

دەموچاوی پشیلەكه لەبەر ئەوەی بە هەردوو دەست له‌ بنباڵییەوه بەرزم كردبووەوه وەكو گونكی هەویر وێك هاتبوو. دەرگای ئاپارتمانەكەم كردەوه و بردمه ژوورەوه. بەرم ‏دایه ناو ماڵەوه با بە ئارەزووی خۆی بگەڕێ و سەیری كەلوكونەكانی ناو ماڵەوه بكات، هەتا تۆزێ هەست ‏به ‏نامۆییكردنی بڕەوێتەوه. لەپێشدا به چاوێكی لێكۆڵەوه لەناو دەرگا نیوەداخراوەكەوه سەیرێكی ژووری نووستنی كرد. لەو ساتەدا من خەریك بووم دەڕۆیشتم كتریی چایەكه بخەمه سەر تەباخەكه. لەسەر كاناپەی ناو هۆڵەكه دانیشتم و بۆ ئەوەی سەرنجی پشیلەكه بۆ نزیكبوونەوه له كاناپەكه ڕاكێشم؛ هەندێ دەنگم لە قوڕگم دەرهێنا، كه لێرەدا ناكرێ بینووسم. دەنگ ناكرێ بینووسیتەوه. ئەگەر بینووسی چیتر دەنگ نییه، وشەیە، قسەیە… بۆ نموونه ئێوه گوێ له وشەی “میاو” بگرن. بەڵێ: “میاو”! بەڵام خۆ پشیله لە ئەساسدا ناڵێ “میاو”، شتێكى تر دەڵێ كه “میاو” نییە، “میاوه”ش نییه. بەڵام ئێمه خۆمان، خۆمان هەڵدەفریوێنین و قەناعەت به خۆمان دێنین كه پشیله گوتوویەتی “میاو” و ئینجا سوێندیش دەخۆین، كه وەڵڵا و بیلڵا دەڵێ “میاو”. دواتریش ئەم دەنگە بەستەزمانه كێش دەكەینه ناو ڕێزمانەوه و وەكو “كردار” مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین و دەیكەین به “میاواندن”. زۆرجاریش بە پێی زاراوه دەنووسین “میاوانن” یان “میاوان”، كه دواتر پشیله پێمان پێبكەنێ و ببینه مەسخەرەی دەستی ئەو ئاژەڵه حیزه. من ئەم‏ شتانەم پاش ساڵەها كۆشش و لێكۆڵینەوه وەدەست هێناوه، كەچی پشیله بێ‏ ئەوەی هیچ لێكۆڵینەوەیەكی كردبێ؛ ئەو مافه بۆ خۆی قاییل دەبێ، كه بیر بكاتەوه بنیادەمەكان زۆرجار بیر له چ توڕڕەهاتگەلێ دەكەنەوه. لە ئەساسدا پشیله ئەم مافەی بۆ نییە. نابێ ڕێی ئەوەی پێ بدرێ، كه ئاوها لە بارەی كۆشش و ئارەقڕشتنی زانستییانەی مرۆڤەكان لەسەر بابەتی زمانناسی بڕیاری یەكڵاكەرەوه بدات، بەڵام چیی لێ دەكرێ؛ پشیلەیه، خۆ مرۆڤ نییه. چوزانم؛ ڕەنگه هەبێتیش. خۆ ئێمه پشیله نین، هەتا بزانین پشیله مرۆڤه، یان مرۆڤ نییه.

به نادڵنیاییەوه هاته ناو هۆڵەكەوه. من هەر خەریكی ئەو دەنگ‏ دەرهێنانه بووم له قوڕگم. نزیكبووەوه و پشتی خۆی له كاناپەكه هەڵسوو. بەرزم كردەوه و نامه سەر كاناپەكه. ئینجا دەستم كرده خوتووكەدانی. ئەویش خۆی دەتڵاندەوه و پێ دەچوو خەریكه پێدەكەنێ و دەڵێ “بەسە”، یان دەڵێ “توخوا… ناوزگم بچڕا… بەسه!” هەر وا كه خەریك بوو خۆی لەم ‏شانەوه بۆ ئەو شان دەخست و بە خەیاڵی خۆم دەیشیگوت “بەسە!” یان “هاهاها… توخوا… ناوزگم بچڕا… بەسە!” لەپڕدا چاوم كەوت بەو كلكه نائاساییەی، كه لەژێر دووڵاقییەوه هاتبووەوه دەرێ و وەكو كلكی پشیلەكانى تر سەرەكەی خڕ نەبوو. زۆرتر له كلكی سەگ دەچوو، یان لە سمێڵی ناسرەدین شا (سێهەمین پاشای قەجەڕ له ئێران.)

هێواش ‏هێواش كەوتمه گومانەوه، كه ئەم ئاژەڵەی له دەرەوه دۆزیبوومەوه و هێنابوومه ناو ماڵی خۆم؛ ئایا دەشێ پشیله بێ؟! دەموچاوم برده نزیكییەوه و بە وردی سەیری ناو چاوەكانیم كرد. لە چاوەكانیدا حیزیی چاوی پشیله بەدی دەكرا، بەڵام ئەوانەی ئەو ئێجگار ڕەش بوون؛ ڕەشێكی قەترانی. دەتگوت به كله چاوەكانیان ڕشتووه. سەیر بوو. كەواته ئەمه چ جۆر گیانلەبەرێك بوو؟! بۆ ساتێ موچوڕكەیەك بە لەشمدا هات و هەموو تووكی لەشم ڕەپ بوو. كاتێ چاوم به لمۆزی كەوت جۆرێك دەستم لێى كشاندەوه دەتگوت كارەبای دووسەد و بیست ڤۆڵت گرتوومی. بەڵێ، چاوم به هەڵەی نەدەبینی. ئەو گیانلەبەره چەقەڵ بوو: بێچووه چەقەڵ، یان چەقەڵێكی لاو، یانیش پیرەچەقەڵێك. نەمدەزانی. من تا ئەوكاته چەقەڵم له نزیكەوه نەبینیبوو. له تەلەڤزیۆندا ئەو كاتەیم بینیبوو، كه خەریكی خواردنی گۆشتی لەشی جەنازەیەك بوو. ئەم وێنەیەی چەقەڵ لە مێشكمدا مابووەوه. دەمودەست لەسەر كاناپەكە هەڵسامەوه و چوومه تەنیشتی پەنجەرەكەوه. چەقەڵ بۆ من ئاژەڵێكی نەناسراو و نامۆ بوو. بیرم كردەوه: ئەو لمۆزەی تا چەند ‏دەقه لەمەوبەر پەنجەكانمی خووساندبوو، ڕوون نییه پێش ئەمە خۆی بەناو جەرگ و ڕیخۆڵەی چ مردوویەكدا كردبێ. ئینجا بۆ چەند ساتێ خەیاڵێكم لەڵا دروست بوو: چەقەڵێك لەسەر كاناپەكەم پاڵی داوەتەوه و بەوپەڕی ئاسوودەییەوه، لمۆزی كردووەتە ناوزگی جەنازەكەمەوه. جەنازەكەیشم پشتەوقەفا، لەسەر كاناپەكه بە چاوێكی دەرپۆقیوەوه ڕاكشاوه.

به پەله پەنجەرەی هۆڵەكەم كردەوه. بە مێشكمدا هات ڕابكەم. بەڵام هەر زوو بیرم كردەوه؛ ڕاكردن، ئەویش ڕاكردن لە دەست چەقەڵ كارێكی گەمژانه و پێكەنینداره. بۆیه هەوڵم دا بیر بكەمەوه لەوەی چەقەڵیش گیانلەبەرێكه وەكو هەموو گیانلەبەرانى تر و بە گشتی ئاژەڵێكه ترسنۆك و بێ‏ مەترسی. دەمویست به بیركردنەوه لەم شتانه، تۆزێ ترسی خۆم بڕەوێنمەوه و دڵی خۆم بدەمەوه. بەڵام ئەم‏ شێوازەش سەرنەكەوت. حەپەسابووم. ترس ‏و خۆف بە تەواوەتی بەسەرمدا زاڵ بووبوو و كۆنترۆڵی ئەندامەكانی لەشی خۆم لە دەست دابوو.

دەسكەی پەنجەرە كراوەكەی هۆڵەكەم بە دەستی ڕاستم ڕاگرتبوو و بە دەستەكەی ترم وەكو پۆلیسی ڕێگەوبان هەر هێمام دەكرد بەشكەم له پەنجەرەكەوه دەرچێته دەرەوه.

چەقەڵ… چەقەڵ… خوایە گیان… ئێستاش كه خەریكم ئەمانه دەنووسم، تەنانەت بە نووسینی ناوەكەیشی موچوڕكه بە لەشمدا دێت. بەڵێ، لە هەمان حاڵدا كه دەسكەی پەنجەرەكەم ڕاگرتبوو و بەو دەنگه عەجایبانه، كه له قوڕگمەوه بۆ ترساندنی چەقەڵەكه دەرم دەهێنا و بەو هۆیەی پێشتر نووسیم ناتوانم ئەو دەنگانه لێرەدا بنووسم، بەڵام دڵنیام هیچ لێكچووییەكی لەگەڵ ئەو دەنگه نەوازشكارانەی پێشترمدا نەبوو، بە نائومێدییەوه دەپاڕامەوه، كه تەشریفی ناموبارەكی له ماڵەكەم بچێته دەرەوه. چەقەڵیش كه ترس و دەستەپاچەبوونی بە تەواوەتی له ڕوخسارمدا بەدی كردبوو، دەتگوت شانۆی بۆ دەنوێنم: لەگەڵ هەر جووڵەیەكی دەستی مندا سەری بە هەمان ڵا دەسووڕاندەوه و دواتر كه بێئومێد دەبووم و دەوەستام زیتەزیت چاوی دەبڕییه ناو چاومەوه و قیتەقیت سەیری دەكردم. چیتر نەمدەزانی چبكەم. لەبیرمه یەك ‏دووجاریش بە هۆی زاڵ‏ نەبوون بەسەر ژێیەكانی حەنجەرەمدا دەنگێك وەكو دەنگی پرخه له قوڕگم هاته دەرێ و بەو خەیاڵەی دەنگی چەقەڵە، ئەوەندەی نەمابوو زەندەقم بچێ. بەڵام چەقەڵ؛ هەر دەتگوت هیچ شتێك نەقەوماوه؛ لە شوێنی خوێدا  به خاترێكی ئاسوودەوه پاڵی لێ دابووەوه و پەشۆكی بەخۆی ڕێ ‏نەدەدا. لەو ئانوساتانەدا بوو كه لە دەرگا درا. بە ترسەوه، بەو جۆرەی ڕووم له چەقەڵەكه بێت و پشتم به دیوارەكەوه –قرژاڵئاسا- له هۆڵەكە چوومه دەرەوه و هاتمه ناو ڕاڕەوەكه و دەرگاكەم كردەوه. پیاوێكی بەساڵدا‏كەوتووی سەرڕووتاوه لەوبەری دەرگاكەوه ڕاوەستابوو. چاویلكەیەكی فۆتۆكرۆمیكی له چاودا بوو. به بێ پێشەكی هاته قسه و گوتی:

«تۆزێ پێش ئێستا یەكێك له دراوسێكان پەیوەندیی لەگەڵ كردم و گوتی بینیویەتی چەقەڵەكەی منتان بردووەتە ژوورەوه.»

خاترم ئاسووده بوو. گوتم: «ئاە بەڵێ بەڵێ… هەوای دەرەوه سارد بوو، گوتم ئەگەر ئەو ئاژەڵه بەستەزمانه له دەرەوه بمێنێتەوه، له سەرمادا ڕەق‏ هەڵدێ. بۆیه…»

گوتی: «هیچ گرفتێك نییه. سوپاست دەكەم بیهێنی بۆم!»

گوتم: «له هۆڵەكەدایه، فەرموونه ژوورەوه خۆتان هەڵیبگرن و بیبەنەوه!»

كاتێ چەقەڵەكەی لە باوەش گرت، هەناسەیەكی ڕاحەتم هەڵكێشا. چەقەڵ تەماشای منی دەكرد؛ تەماشایەكی تێكەڵ به توانج و تەشەراوی و پڕ له مەزاق‏ پێهاتن. ئینجا بینیم، كه خەریكه پێدەكەنێ. بەڵێ، بینیم، كه چەقەڵ خەریكبوو بە من پێدەكەنی. دەرگاكەم داخست و لە كونی دەرگاكەوه سەیرم كرد:

چەقەڵ له باوەشی خاوەنەكەیدا سەری هەڵبڕیبوو و دەحیلكایەوه. دەنگی قاقای لەناو ڕاڕەوەكەدا دەزرنگایەوه. تەنانەت چەند‏ كەس له دراوسێكان لەناو دەرگاكانیانەوه سەریان هێنایه دەرەوه، كه بزانن چ مرۆڤێكی بێئەدەب و دوور لە مەدەنییەته ئەوەی خەریكه بەو درەنگەوەخته بە دەنگی بەرز قاقا دەكێشێ، كەچی بەوپەڕی سەیرپێهاتنەوه بینییان، كه چەقەڵە.

پاش ئەو بەسەرهاته چووم له كتێبخانه چەند ‏كتێبێكی جانەوەرناسیم بە ئەمانەت وەرگرت و دەستم كرده خوێندنەوەیان “تایبەتمەندییە ئاكارییەكانی چەقەڵان”. دەمویست هەرچۆنێك بێت، پەرده لەسەر ڕازی قاقالێدانی چەقەڵ ڵابدەم، بەڵام له هیچ شوێنێكی ئەو كتێبانەدا نەنووسرابوو چەقەڵیش دەتوانێ وەكو مرۆڤ قاقا بكێشێ.

بەڵام نە؛ من دڵنیام، ئەوشەوه به هەڵەدا نەچووبووم، بیری هەلەقومەلەق ڕووى تێنەكردبووم. نە سەرخۆش بووم، نە تام لێهاتبوو؛ خۆم بینیم له ڕاڕەوەكەدا سەری هەڵبڕیبوو و قاقا پێدەكەنی. بە من پێدەكەنی، بەوەی كه گاڵتەی پێ كردووم و چەند‏ كاتژمێری تەواو پێمى ڕابواردووه. پێیشى دەچوو بیرەوەرییەكی پێكەنینداری بیر كەوتبێتەوه. خۆ ئێمه چەقەڵ نین هەتا بزانین چەقەڵەكان بە چی پێدەكەنن. پێویستیش نییه بزانین. هەر ئەوەی بزانین چەقەڵەكان پێدەكەنن بەسە.

واته ئەمانه هیچیان گرینگ نەبوون، گرینگ ئەوەیە، كه من شێوەی قاقاكێشانی چەقەڵێكم لە نزیكەوه بینیوه و بیستووه. سەیرتر لەمەش ئەوەیە، كه هەركات ئەم بەسەرهاته وەكو خۆی بۆ هاوڕێیانم دەگێڕمەوه، پێم‏ دەڵێن: “واز بێنه” و دەست‏ دەكەنە پێكەنین. قاقا، پێدەكەنن. ڕێك بەو شێوەیەی چەقەڵ پێدەكەنی. هەر دەڵێی هەموویان دوای ئەو ڕۆژه پڕۆڤەی ڵاساییكردنەوەی پێكەنینی چەقەڵیان كردووه. جا با پێیشبكەنن… چ قەیدەكا… كه ئەوان پێدەكەنن منیش لەگەڵیاندا دەكەومه پێكەنین. تەنانەت شەوێكیش كه دابووم له قاقای پێكەنین، لە دەنگی قاقای من چەند‏ دراوسێیەك لەناو دەرگاكانیانەوه سەریان هێنایه دەرەوه؛ هەتا بزانن چ چەقەڵێكه ئەوەی بەو درەنگەوەخته داویه له قاقای پێكەنین؛ واى بۆ دەچوون چەقەڵ بێت، كەچی بەوپەڕی سەیر پێهاتنەوه بینییان، كه منم.

ئینجا خۆیان بۆ ڕانەگیرا و دەستیان كرده پێكەنین. زۆر پێكەنین. هەموویان دەتگوت چەقەڵن و پێدەكەنن. ڕەنگه بۆیان سەرنجڕاكێش و لە هەمان‏ كاتدا جێی باوەڕ پێنەهاتن بووبێت، كه كەسێك توانیویەتی به لێهاتووییەكی ئاوهاوه ڵاسایی قاقاكێشانی چەقەڵ بكاتەوه. خۆ تازه ئەگەر ئەوانیش به دەنگی بەرز پێنەكەنیبانایە و منیش لەگەڵیاندا دەستم نەكردبایەته قاقاكێشان، هیچ‏ یەك له ئێمه بیری نەدەكردەوه كه ئەوەى ترمان چەقەڵە و هەرگیز ئەم چیرۆكه نەدەنووسرا و چەقەڵیش هەرگیز قاقای نەدەكێشا.

کاری سکێچ و دیزاین: ئاریان ئەبووبەکر