پەڕاوی گونەی: لە پادشای ناحەزەوە بۆ شاعیرێکی یاخی

ئەم پەڕاوە، لە چوارچێوەی ئیڤێنتی دەرهێنەرێک لە زیندانەوەدایە، کە بە هاوبەشی لە لایەن ماڵپەری کلتووریی دیدی من، ڕێکخراوی کلتووریی کەشکۆڵ و سینەما سالم ڕێک خراوە

دیدی من

پشتیوان کەمال

تۆنی ڕاینسی ڕەخنەگر لە تایم ئاوت، دەربارەی گونەی دەڵێت: “گومان هەیە کە ئەگەر هیچ فیلمسازێکی گەورەی تر هێندەی گونەی، لە پشت دەرگەی زیندانەکانەوە کاتەکانی ژیانی بەسەر بردبێت.”

تۆنی ڕاینس

یوسف کاپڵان، لە مێژووی ئۆکسفۆردی سینەمای جیهان، دەڵێت: “گونەی داهێنەرترین، بلیمەتترین، کاریگەرترین و مەزنترین دەرهێنەری جیهانییە، کە تا ئێستا تورکیا بەرهەمی هێنابێت. بووەتە سەرچاوەیەک بۆ ئیلهامی نەوەیەک لە دەرهێنەرانی لاوی دوای خۆی.”

یوسف کاپڵان

پادشای دروستکەری وێنەی تۆقێنەر، چیرۆکی بەهێز و ڕاسپاردەی سیاسی، یەڵماز گونەی (١٩٣٧-١٩٨٤) کەسایەتیەکی پاڵەوانە لە سینەمای تورکیدا و بێگومان یەکێکە لە بەناوبانگترین و یەکێک بووە لەو کەسایەتییانەی زۆرترین دەنگۆی دروست کردووە لە تەواوی ژیانیدا، لەو وڵاتەی تێیدا ژیاوە.

یەڵماز گونەی لە بەرواری ١\٤\١٩٣٧دا لەدایک بووە و لە ٩\١٩٨٤دا کۆچی دوایی کردووە. ئەو دەرهێنەر، سیناریست، ڕۆماننوس و ئەکتەرێکی زازایی تورکیایە و بە ڕەچەڵەک کوردە، کە فیلمەکانی بە زمانی تورکی بەرهەم هێناوە. گونەی زۆر بە خێرایی توانیویەتی لە پیشەسازیی فیلمی تورکیدا دەربکەوێت و فیلمەکانی بینەرێکی زۆر باشیان هەبووە. زۆرینەی فیلمەکانی تەرخان کردووە بۆ باسکردنی ژیانی ئاسایی و چینی کرێکارانی تورکیا. گونەی خەڵاتی چڵەخورمای ئاڵتوونی لە فێستیڤاڵی کان بۆ فیلمی ڕێگە بەدەست هێناوە، کە بە هاوبەشی شەریف گورێن لە ساڵی ١٩٨٢دا بەرهەمی هێنا. لەگەڵ شەڕێکی بەردەوام و تەنگوچەڵەمەدروستکردن بۆ ژیانی لە لایەن دەسەڵاتی سیاسیی تورکیاوە، ئەو وڵاتەکەی جێ هێشت و دواتر مافی هاووڵاتیبوونی تورکیای لەدەست دا.

باکگراوند

یەڵماز گونەی لە ساڵی ١٩٣٧دا لە یەنیسی ئەدەنە لەدایک بووە. باوکی زازا بووە و خەڵکی سیڤەرەک بووە، دایکیشی کورد بووە و خەڵکی شارۆچکەی ڤارتۆ بووە. دایکوباوکی کۆچ دەکەن بۆ ئەدەنە، تاوەکو وەک کرێکاری کێڵگەی لۆکە دەستبەکار بکەن. ئەمەش دەبێتە باکگراوندێکی بەهێز بۆ کارەکانی داهاتووی، کە بە تەواوی هەوڵی داوە فۆکس بخاتە سەر ئەو پۆرترەیتە ڕاستەقینانەی کە لەو وڵاتەدا چەوسێندراونەتەوە. گونەی یاسا و ئابووریی لە زانکۆکانی ئەنقەرە و ئیستانبووڵ خوێندووە، بەڵام لە تەمەنی بیستویەک ساڵیدا درک بەوە دەکات کە ئەو دەیەوێت کاری فیلمسازی ئەنجام بدات.

پیشەی لە تورکیا

یەشڵچام، کە ستۆدیۆیەکی تورکییە و بە هەوڵی کۆمەڵێک دەرهێنەر، لە نێویاندا ئاتیف یەڵماز، دەستیان کرد بەوەی کێشەکانی خەڵک لە سینەمادا پیشان بدەن. دەوڵەتێک پڕ لە سزا، میلۆدراما، فیلمی جەنگی و کارکردن لە شانۆنامەکاندا، پێشتر لە هۆڵەکانی سینەمادا نماییش دەکران. ئەو فیلمسازە نوێیانە دەستیان کرد بە دروستکردنی فیلمی زۆر ڕاستەقینەتر لەسەر ژیانی تورک و کوردەکانی ئەو وڵاتە. یەڵماز گونەی یەکێک بوو لە ناوە هەرە ناسراوەکان، کە لەم گروپەوە سەریان هەڵدا و بووە یەکێک لە ئەکتەرە بەناوبانگەکان، بەتایبەتی لە فیلمی (پاشای ناحەزدا. پاش ئەوەی وەک یارمەتیدەری ئاتیف یەڵماز کاری کرد بۆ نووسینی سیناریۆکانی، گونەی هەر زوو توانیی لە ماوەی ساڵێکدا لە بیست فیلمدا بەشداری بکات و بووە یەکێک لە ئەکتەرە هەرە بەناوبانگەکان لە تورکیادا.

یەڵماز گونەی لەسەر فەڕشی سووری فێستیڤاڵی کان

لە کۆتایی ساڵی ١٩٥٠دا، گونەی ئیتر وەک سیناریست، یاریدەدەری دەرهێنەر و ئەکتەر کاری دەکرد لە فیلمەکانی عاتیف یەڵمازدا، ئەویش بە فیلمە کۆمیدی و سینەما ڕیالیزمییەکەی بەناوبانگە. پیاوێکی قۆز بە هەبوونی ئامادەییەکی کاریزمی لەسەر شاشە، گونەی لە فیلمەکاندا بووە ئەستێرەی گەورە، ڕۆڵی کەسایەتیی شەڕانی و لەیاسادەرچووی دەگێڕا و ناوی پادشای ناحەزی بۆ خۆی دەستەبەر کرد، کە ڕوخسارە ڕەقەکەی و شێوازی نواندنە فیزیکییەکەی، وای کردبوو کە وێنای پیاوێکی ڕاستەقینەی تورکیی ئەو ڕۆژگارە بکات. ئەو کەسایەتییەک بوو حەزی جیاوازی هەبوو، گونەی هەم حەزی بە کاری کاگنێی بوو هەم بۆگارت و لانساستەر، هەندێک جار گونەی لە نواندنی هەرسێ لەم سێ کەسایەتییانەی هۆڵیوودەوە ئیلهامی وەردەگرت بۆ ڕۆڵبینینی لە فیلمەکاندا.

لە ماوەی ساڵانی ١٩٦٠دا، گونەی کۆمپانیای تایبەت بە خۆی دامەزراند. فیلمە سەرەتاییەکانی گونەی کۆمەڵێک فیلمی سەرنجڕاکێش بوون بە هەبوونی تۆنێکی سیاسییەوە. بە فیلمی بوکی زەوی لە ساڵی ١٩٦٨دا، یاخود سەید خان، دەستی کرد بە دۆزینەوەی کاری میلۆدرامیی تۆڵەسەندنەوە و فیلمی تاوانی بۆ کارکردن لەو هەلومەرجە فیوداڵەی (دەرەبەگی) لە هەندێک ناوچەی تورکیادا هێشتا بوونی مابوو. فیلمی هیوا، خاڵێکی وەرچەرخان بوو بۆ گونەی، کە تێیدا یەکەمین کاری بوو بەو شێوە ڕیالیستییە کار لەسەر مەسەلە ئینسانییەکان بکات، هەر بۆیە ئەم فیلمە تەواو دەچێتە ناو قاڵبی بزووتنەوەی نیوڕیاڵیستی ئیتاڵییەوە. وردەکاریی تەواوی ڕیالیستی، ئێکسپریشنیزم (دەربڕینخوازی) و دیمەنی ئەبسۆردیش دەبینین لە کارەکاندا، کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەرنجی وڵاتانی دەرەوە بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، بەڵام لە ناوخۆدا، بە هۆی باسکردنی چینی هەژاران و گوزەرانیان لەو وڵاتەدا و بێهیوایی ئەو مرۆڤانە، بووە هۆی ئەوەی لە ناو تورکیادا ڕێگری لە نماییشکردنی فیلمەکانی بگیرێت.لەو ماوەیەدا دەستگیر کرا و پاش چەند هەفتەیەک بە هۆی کودەتاکەی مارتی ١٩٧١ەوە، ئازاد کرا. گونەی ئیستانبووڵی جێ هێشت بۆ ئەوەی چیتر نەبێتە هۆی نانەوەی کێشە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە و چووە چیاکانی ئەناتۆڵیا، کە لەوێ فیلمی لاواندنەوەی بەرهەم هێنا.

پاش ئەو ماوە چالاکە، کە زنجیرەیەک فیلمی تیادا بەرهەم هێنا، گونەی لە ساڵی ١٩٧٢دا زیندانی کرایەوە، بە تاوانی ئەوەی پەیوەندیی بە گرووپە شۆڕشگێڕییەکانەوە کردووە. بە لێبوردنی گشتیی ساڵی ١٩٧٤ ئازاد کرا. گونەی توانیی دوو فیلمی تر دروست بکات، تا ئەو کاتەی بە تاوانی کوشتنی قازییەک تاوانبار دەکرێت و زیندانی دەکرێت، کاتێک لە ڕێستۆرانتێکدا شەڕ دروست دەبێت و ئەو قازییەی تێدا دەکوژرێت. وردەکاریی تاوانەکە بە نەزانراوی ماوەتەوە و هێشتا گفتوگۆی لەبارەوە هەیە و هەمیشە گونەی لەو مەسەلەیەدا بە بێتاوان دادەنرێت.

لە زینداندا، تەواو خۆی بۆ نووسینی سیناریۆ تەرخان کرد، سێ سیناریۆی تەواو کرد و تەواوی تێبینییەکانی خۆیشی لەگەڵدا ناردە دەرەوە بۆ هاوڕێکانی، تاوەکو کاری لەسەر بکەن، کە ئەوەش بووە هۆی بەرهەمهێنانی فیلمی مێگەڵ لە ساڵی ١٩٧٨دا و بەناوبانگترین فیلمی گونەی، ڕێگە لە ساڵی ١٩٨٢دا. گونەی هەمیشە فیلمسازیی بە پڕۆسەیەکی یارمەتیدەر داناوە، ئەو خۆی تەواو ئاماژەی بەوە داوە دڵی بەو فیلمانە زۆر خۆشە. لەڕاستیدا، گونەی گوتوویەتی کە ئەم فیلمانەی کۆتایی وێنای بیرکردنەوە و خەیاڵی ڕاستەقینەی ئەو دەکات بۆ ژیان لە چاو ئەو فیلمانەی پێشتر دروستی کردوون.

گونەی لە ساڵی ١٩٨١دا بە شێوەیەکی زۆر ئاسان لە زیندان هەڵهات. گونەی لە دواتردا گوتی کە حکومەت ڕێگەیان پێ دا لە زیندان هەڵبێت، تاوەکو بچێت لە غوربەتدا بژی و چیتر تورکیا نەبینێتەوە. ئەو توانیی لە فێستیڤاڵی کانی ١٩٨٢دا بەشداری بکات و ڕێگە توانیی چڵەخورمای ئاڵتوونی بەدەست بهێنێت، ئەم سەرکەوتنەش بووە هۆی ئەوەی فیلمی دیوار لە ساڵی ١٩٨٣دا لە فەڕەنسا بەرهەم بهێنێت پێش ئەوەی لە هەمان ساڵدا کتوپڕ بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی بکات.

ئیلوسترەیشن: سابات عەباس

گونەی زۆرجار بە دەرهێنەری ئیتاڵی، پاسۆلینی بەراورد دەکرێت، ئەو لێکچوونە بایۆگرافییەشی کە هەیە لە نێوان ئەم دوو دەرهێنەرەدا، سەرنجڕاکێشە. ئەوان هەردووکیان پێش ئەوەی فیلم دروست بکەن، کەسانێکی ناسراو بوون، گونەی وەک ئەستێرەیەکی سینەما و پاسۆلینی وەک نووسەرێک کە هەردووکیان لە ماوەی کارکردنیاندا مشتومڕیان دروست کردووە، بۆ ئەو ڕاوبۆچوونە چەپانەی هەیانبووە. بە داخەوە هەردووکیان لە پەنجاکانی تەمانیاندا کۆچی دواییان کردووە، لە بەرزترین ئاستی ناوبانگیاندا. ئەو شتەی کاری کردووەتە سەر لایەنی ئایدۆلۆژیی ئەم دوو کەسایەتەییە، بریتی بووە لە ئەوەی کە گونەی کورد بووە و پاسۆلینی هۆمۆسێکچواڵ بووە. لە هەمووی گرنگتر، هەردوو ئەم فیلمسازانە بیرۆکە سیاسییەکانیان تێکەڵ بە شیعر و وێنەی هێمایی کردووە. تەواو فیلمەکانیان لەژێر کاریگەریی سینەمای نیوڕیاڵیزمی ئیتاڵیدا بوون، کە تەواو ئەمەیان وەک بنچینەیەک داناوە بۆ شێوازی بینراوی کارەکانیان، هەردوو ئەم هونەرمەندە چیرۆکی ئەوینداری و دیمەنی شاعیرانەیان بە پیشاندنی ڕق تیایدا دەردەبڕی بۆ ئەو ستەم و چەوسانەوەیەی ڕووبەڕووی ئەو کەمینەیە بوونەوە. وەک پاسۆلینی، گونەییش سەرسام بوو بەو پەشۆکاوی و ناکۆکی و جیاوازییەی لە نێوان جووتیار و کۆمەڵگەی گەشەسەندووی شاردا هەبوو. ئەو کەسایەتییە تاکەی لە تورکیادا و ژیانە سەرنجڕاکێشەکەی وای لە ڕەخنەگری ئەمریکی، جەی هۆبەرمان کرد باس لە گونەی بکات و بڵێت: ”ئەگەر ڕۆحی کلینت ئیستەود، جەیمس دین و چێ گیڤارا کۆ بکەیتەوە، ئەوا گۆنەی لێ دروست دەبێت.”

 لە ئەرشیفی فیلمی هارڤاردەوە وەرگیراوە