پانێلی ئیڤێنتی دەرهێنەرێک لە زیندانەوە: کاریگەریی سینەمای نیوڕیالیزمی ئیتاڵی لەسەر فیلمەکانی یەڵماز گونەی

دیدی من

بڕیارە ڕۆژی ٢/٤/٢٠١٧، سەعات ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ، لەمیانی بەڕیوەچوونی ئیڤێنتی کلتووریی دەرهێنەرێک لە زیندانەوە، کە تایبەتە بە یادکردنەوەی گەورە فیلمسازی کورد، یەڵماز گونەی، لە هەشتایەمین ساڵیادی لەدایکبوونیدا، پانێڵێکی تایبەت بە ژیان و بەرهەمە هونەرییەکانی گونەی لە ناو هۆڵی سینەما سالم بەڕێوە بچێت. لەو پانێڵەدا چەند لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت بە گونەی پێشکەش دەکرێت.

پشتیوان کەمال بابەکر، سەرپەرشتیاری گشتی، دامەزرێنەر و وێبدیزاینەری ماڵپەڕی کلتووریی دیدی من بووە، هەروەها سەرپەرشتیاری بەشی سینەما بووە لە ماڵپەڕی کلتووریی سولی ئۆن. چەندین بابەت و گوتاری سینەمایی لە گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەرە کوردییەکاندا بڵاو کردووەتەوە. دەرهێنانی بۆ دوو فیلمی دۆکیۆمێنتەری لە کەناڵی ئاسمانیی کەی ئێن ئێن کردووە و لە فیلمێکی دۆکیۆمێنتەریشدا سەبارەت بە ژیانی شاعیری کورد شێرکۆ بێکەس کردووە، بە نواند لە پەخشانەشیعری ئێستا کچێک نیشتیمانمەدا. بڵاوکراوەکانی بە زمانی ئینگلیزی، بریتین لە وەرگێڕانی کۆمەڵێک شعری وەرگێڕدراوی شاعیری کورد دلاوەر قەرەداغی، لە لۆچ ڕاڤین ڕیڤیو. لە دیسەمبەری ٢٠١٦دا بڕوانامەی بەکالریۆسی لە زانکۆی ئەمەریکی لە عێراق-سلێمانی، لە تەکنەلۆژیای زانیاری وەک سەرەکی و ئەدەبی ئینگلیزی وەک لاوەکی، بەدەست هێناوە. لە ئێستادا وێبدیزاینەر، یاریدەدەری لێکۆڵەر و ڤیدیۆگرافەرە لە ڕێکخراوی کلتووریی کەشکۆڵ.

پشتیوان کەمال لە پانێڵی دەرهێنەرێک لە زیندانەوە، بە بابەتی کاریگەریی سینەمای نیوڕیالیزمی ئیتاڵی لەسەر فیلمەکانی یەڵماز گونەی بەشدارە. نیوڕیالیزمی ئیتاڵیای پاش جەنگی جیهانیی دووەم، تەنها کاردانەوەیەکی هونەری نەبووە، بەڵکو بە هۆی پێویستییەوە لەدایک بووە. ئەوەی وادەکات پێناسەکردنی ئەم بزووتنەوەیە قورس بکات و جێی بایەخ بێت ئەوەیە، هەرچەندە زۆرینەی فیلمە نیوڕیالیستەکان لە شێوازێکدا هاوبەشن، بەتایبەتی لە ڕووی تێما و بابەتی کارکردنیانەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ڕێگەی جیاوازیان هەیە، تاوەکو پیشانی بدەن یاخود کاری لەسەر بکەن. بۆ تورکیایەکی پڕ لە کودەتای سەربازی و دۆزی کورد، نیوڕیالیزم دەبێتە چەکێکی گەورە بەدەست یەڵماز گونەیەوە، تا بتوانێت ئازارەکانی تاکی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی فیلمەکانیەوە پیشان بدات.

یەڵماز دەڵێت: ” خەڵکی ئەم مەملەکەتەی ئێمە کەسانێکی باش و زیرەکن، ئاگادارن لە ئیتاڵیا چی دەگوزەرێت، لە فەڕەنسا، چینیشیان ئاگا لێیە، تەنانەت ئاگایان لە فڵانیستانیش هەیە، بەڵام ئاگایان لە نێو ماڵی خۆیان نییە. بۆ یارمەتیی وڵاتێکی دوورەدەستی ئەوپەڕی دونیا باکیان نییە گیانی خۆیان فیدا بکەن. شیعریان بۆ دەنووسن، لاڵانەوەیان بۆ دەکەن. خەڵکی ئەو میللەتەی ئێمە کتێب چاپ دەکەن، کە ئازاری لادێیەک باس دەکات لە فڵانیستان، بەڵام پشتیان لە خەڵکی مەملەکەتەکەی من کردووە، مەملەکەتەکەی من نابینن، نایانبینن.”

یەڵماز پشتی لە مەملەکەتەکەی خۆی نەکردووە، بەڵکو هەوڵ دەدات بە هەموو هێزی خۆی ڕووبەڕووی هێزە داگیرکەرەکان ببێتەوە و ئازاری مەملەکەتەکەی خۆی لە فیلمەکانیدا باس بکات. ئەو لە چلوحەوت ساڵی ژیانیدا، سیازدە ساڵی لە زیندانەکانی تورکیادا بەسەر برد بە هۆی ئەوەی ڕووبەڕووی هێزێکی ستەمکار دەوەستایەوە. زیندان زیانی بە گونەی گەیاند و وانەشی فێر کرد. فیلمەکانی باسیان لە زیندان دەکرد، کارەکتەرەکانی لە زیندانەوە دەخولقاند، چاوی کامێراکەی لە زیندانەوە ئاڕاستەی سەر شەقامەکانی تورکیا دەکرد و فیلمەکانی دروست دەکرد، یاخود بە پێچەوانەوە. بۆ نموونە، کارەکتەرەکانی گونەی لە فیلمی ڕێگەدا، لە زیندان دەچنە دەر و دەیانەوێت پشوویەک وەربگرن بۆ ماوەی هەفتەیەک، بەڵام دەبینن کە هەموو تورکیا زیندانێکی گەورەیە. لە فیلمی دیواردا بە پێچەوانەوە، کۆمەڵێ کارەکتەری جیاواز، لە شوێنی جیاوازەوە لە زیندانێکدا دەبینین. ئەو جیهانی بۆ خستووینەتە ناو زیندانێک.