پەڕاوی گونەی: یەشیم ئوستائۆغڵوو دەربارەی یەڵماز گونەی دەدوێت

 

ئەم پەڕاوە، لە چوارچێوەی ئیڤێنتی دەرهێنەرێک لە زیندانەوەدایە، کە بە هاوبەشی لە لایەن ماڵپەری کلتووریی دیدی من، ڕێکخراوی کلتووریی کەشکۆڵ و سینەما سالم ڕێک خراوە

دیدی من

یەشیم ئوستائۆغڵوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەبارەی یەڵماز گونەیەوە دەڵێت: “پاش گونەی، هیچ فیلمێکی باش نابینم، بەلایەنی کەمەوە ئەو فیلمانەی من ئاگەداریانم.” پێی وایە کە تەوژمێکی نوێی فیلمسازان بوونی نییە لە تورکیادا. ئەو دەڵێت کە فیلمەکان و کەسایەتیی گونەی بۆ ئەو زۆر گرنگە. “هەمیشە حەزم لە کارەکانی گونەی بووە. گونەی کەسایەتی بوو، کەسایەتیی گرنگ، پێم وایە زۆر گرنگە لە هونەردا خۆت بیت. مرۆڤدۆستییەکی زۆری هەبوو؛ بەڕاستی هونەرمەند بوو. شوێن و خەڵکەکەی خۆی دەناسی.”

یەڵماز گونەی و کارەکتەری فیلمەکانی _ ئیلوسترەیشن: سابات عەباس

ئەو پێی وایە سینەمای گونەی سینەمایەکی سیاسی نییە، بەڵکو “کاتێک خەڵکی لە ژیانی واقیعدا دەبینیت، لەگەڵ ئەو بەریەککەوتن و دژوەستانەوانەی خەڵک، خێرا دەچیتە سەروو سیاسەتەوە.” فیلمەکانی گونەی سیاسی نین. ژیان خۆی سیاسییە. کردەوەکانی مرۆڤ سیاسین. گونەییش دەیەوێت فیلم لەبارەی ژیانەوە دروست بکات، لەبارەی ئەوانەی لە ژیاندان و هەناسە دەدەن.

ئیلوسترەیشن : سابات عەباس

سینەمای تورکی بە یەڵماز گونەی دەستی پێ کرد و بە یەڵماز گونەی کۆتایی هات (تەنانەت دەکرێت بڵێین بە فیلمی ڕێگە، کۆتایی هاتووە). تورکیا هەر لە سەرەتای دروستبوونی سینەماوە فیلمیان بەرهەم هێناوە و کەسایەتیی گرنگیان بەرهەم هێناوە، فیلمسازەکانیان بە وڵاتەکانی جیهاندا گەشتیان کردووە تاوەکو کاری سینەمایی بکەن، لەوانە ئەکتەری شانۆیی موحسین ئیرتوگروڵ، کە سەفەری یەکێتیی سۆڤێتی کردووە لە ناوەڕاستی بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا و لە ساڵی ١٩٣١دا یەکەمین فیلمی درێژی دەنگیی خۆی بەرهەم هێناوە و لە ساڵی ١٩٥٣شدا یەکەمین فیلمی ڕەنگیی خۆی بەرهەم هێناوە. سینەمای تورکی هەمیشە سینەمایەکی بازاڕی بووە و بە تەواوی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی شانۆوە. ئەو کاتەی گونەی دێتە جیهانی سینەمای تورکیاوە، زۆر پێش دروستکردنی فیلمی ڕێگە، کەسێکی بەناوبانگ بووە و بە پاشای ناحەز ناوی دەرکردووە.

دیمەنێک لە فیلمی ڕێگەی یەڵماز گونەی

ئایا گونەی وەک دەرهێنەرێک و سیناریستێک چیی بە سینەمای تورکیا بەخشیوە لە شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا؟ لەڕاستیدا ئەو هیچ داهێنانێکی لە تێمای فیلمەکانیدا نەکردووە، بەڵام جیا لە دەرهێنەر و فیلمسازەکانی تر، کە زۆرینەیان لە ئیستەنبووڵ و شارە گەورەکانی تردا لەدایک ببوون، گونەی لە شارۆچکەیەکی دوورەدەستی ئەناتۆڵیادا لەدایک ببوو و هەژاریی ئەو ناوچەیەی چەشتبوو. جیا لەوەش، گونەی وەک کوردێک هەمیشە چەوساندنەوەی ئەو کەمەنەتەوەیەی بە چاوەکانی خۆی دیوە و لە خەیاڵیدا ماوەتەوە. گونەی لە زەمەنێکی زۆر کورتدا ژیاوە و فیلمی دروست کردووە: لە ساڵی ١٩٧٤ەوە لە زیندانەوە فیلم دروست دەکات بە هاوەڵیی هاوڕێکانی، لەوانەش شەریف گورێن و زەکی ئۆکتان. لە پاش مردنی گونەییش، ئەم ڕێبازە بەردەوامیی پێ درا و فیلمی باشتر دروست کرا.

خوێندنەوەی کتێب هەمیشە یارمەتیدەرێکی باش بووە بۆ دروستکردنی فیلمی باشتر، هەمیشە ئەدەب شتی زیاتری بە سینەما داوە. کاتێک بابەتێکی ئەدەبی دەکرێتە فیلمێک، دەکرێت وەک شتێکی ئاسایی بیبینین، بێ ئەوەی بیر لە تێکستە ئەدەبییەکە بکەینەوە، چونکە ئەوانە دوو بابەتی جیاوازن. دەکرێت فیلم کاریگەریی بەسەر فیلمەکانی ترەوە هەبێت، بۆ نموونە فیلمی مێگەلی یەڵماز گونەی، زۆر شتی لە چیرۆکدا لەگەڵ فیلمی ڕووباری سووری هاوک (١٩٤٨) بەش کردووە.

دیمەنێک لە فیلمی دیواری یەڵماز گونەی

زۆر فیلم هەن لە مێژووی سینەمای تورکیادا باسیان لە مەسەلەی کورد کردووە، بەڵام دەکرێت فیلمی ڕێگە بە فیلمی دەستپێک دابنێین لەو مەسەلەیەدا. دواتریش کۆمەڵێک دەرهێنەری تر دێن و مەسەلەی کورد دەکەنە بابەتێکی سەرەکیی فیلمەکانیان. یەشیم ئۆستائۆغڵوو لە فیلمی گەشتێک ڕووە و خۆر، بە شێوەیەکی زۆر جیاواز باس لە کێشەی کورد دەکات. ئەو هەرگیز شێوە کلاسیکییەکە بۆ باسکردنی کێشەی کورد لە فیلمەکەیدا ناخاتە ڕوو، ئێمە هێزی سەربازی و شۆڕشگێڕ نابینین. ئەو حاڵەتەی ئەو وڵاتە تیایدا دەژی، لە ڕێگەی کوڕێکی لادێی تورکیاوە دەبینین. یەشیم زۆر ئازایانە مەسەلەی لەناوبردنی کوردان لە فیلمەکەیدا باس دەکات. ساڵی ١٩٩٦یش فیلمێکی تری بە ناوی با ڕووناکی هەبێت، کە باسی شەڕی پەکەکە و هێزە سەربازییەکانی تورکیا دەکات لە شاخە بەفراوییەکانی تورکیادا، دروست کردووە.