سینەمای کوردی، گیرخواردووی تەڵزگەی چیرۆک و جووڵە مردووەکان، بەشی یەکەم

دیدی من
چێنەر بەدری

دروست تا ئەم چرکەساتەش ئەستەمە سینەمای کوردی یان فیلمی کوردی، وەک بەرهەمێکی سینەمایی سەیر بکەین و تێیبڕوانین. هەرچەند لەم دواییانەدا چەند هەوڵێک دراوە و هەبووە بۆ دروستکردنی کایەیەک بەو ناوەوە، بەڵام بە داخەوە تا هەنووکە نە هیچی دیارە و نە توانیویەتی ببێت بە بناغەیەک بۆ بنیاتنانی کایەیەکی وا گرنگ و جیهانی، کە زیادەڕەوی نییە ناوی بنێین ”دێوەزمەی کایە هزرییەکان”، چونکە لە ماوەیەکی کورت و خێراییەکی چاوەڕواننەکراودا، توانیویەتی زۆربەی کایەکان هەڵبلووشێت و لە هەناویدا هەڵیان بگرێت، وەک فەلسەفە ، سیاسەت، فیکر، جووڵە ، هونەر/جوانیناسی، وێنە، ئەدەب و تا دوایی.

بەگشتیش کەسانی تایبەتی ئەم بوارە، هۆکارەکان دەگەڕێننەوە بۆ هۆکارگەلێکی وەک نەبوونی پێداویستییە مۆدێرنە سینەماییەکان، لە کامێراوە تا پۆست پرۆدەکشن و نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین و نەبوونی کەسان و لایەنی بەهێزی بێلایەن، وەک پشتگیرییەکی مادی و پارێزگاری، کە ئەم هۆکارانە هێندەی بیانوویەکی گرینۆکانەیە، هێند لە ڕاستییەوە نزیک نییە، چونکە هەزاران بەرهەمی جیهانیمان لە بەردەستدایە، کە لە سەردەمێکدا بەرهەم هاتوون، خەونیان بە سادەترین کەرەستەوە بینیوە.  کەواتە جیاوازییەکە بابەتی خەونە. بۆ ئەوان،  کەسێک لە کوچەیەکدا خەون دەبینێت، جیهان دەکات بە گرتە. کوچە بە کوچەی شار و ڕووداو بە ڕووداوی بۆ جیهان بگێڕێتەوە. بە باخچەکاندا ڕەت دەبێت، مەیخانەکانمان پێ دەناسێنێ، هێڵ بە ژێر ناشرینییەکاندا دەهێنێت، چێژ دەکات بە وێنە.  بۆ ئێمە خەونبین لەناو زۆنگاوی ڕابردوودا، تا گەردنی داپۆشراوە و هەموو خەون و ئاواتەکانی وا لە ڕابردوودا. دونیای ئێمە دونیایەکی بێچێژ و سیخناخ بە گریانە.

”پێبکەنە، جیهان لەگەڵتدا پێدەکەنێ، بگری، بە تەنها دەگریت.”

فلیمی کوڕە پیرەکە

فیلمی کوڕە پیرەکە

 سیناریۆ

دوایین فۆڕمی ئەدەبی و یەکێکە لە گرنگرن و بەبەهاترین پرۆسەکانی ناو بەرهەمهێنانی فلیم، بە ڕای زۆرینەی ڕەخنەگرانی سینەمایش تەواوی پرۆسەکە پشتبەستووە بە سیناریۆ، بەڵام سیناریۆ لە چیرۆک زیاتر دەبێ چی بێت؟

هەڵەیەکی گەورەی هزر و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگەی ئێمە، لەوەدایە پێمان وایە سیناریۆ چیرۆکە و بڕیاری باش و خراپی فلیمێک لەسەر کاریگەریی چیرۆکەکەی لەسەرمان بدەین، وەک ئەوەی کە زۆرینەی بینەرانی ئێمە و تەنانەت ئەوانەی کە وەک ڕۆشنبیر داوایان لێ دەکرێت لە بەرنامە و گۆڤارەکاندا قسە لەسەر سینەما بکەن، حیکایەت و بالۆرەمان بۆ دەگێرنەوە، لەبری فلیم ناتێگەیشتنەکەش تەنها لەوانەدا کۆ نابێتەوە، بەڵکو ناتێگەیشتنێکی کلتوورییە؛ کلتووری ئێمە بە درێژایی مێژوو، سەروکاری لەگەڵ وشەدا هەبووە.

تابلۆ و دیزاینی خانوبەرە و کارە ئەندازیارییەکانیش نەوە دوای نەوە لەبری پەیکەر و وێنە، هێڵکاری و نووسراوە ئایینی و ئایدۆلۆژییەکانی گواستووەتەوە بۆ ناو هزری گشتی، لە کاتێکدا سینەما سەروکاری لەگەڵ وێنە و چاودا هەیە. لێرەوەیە کە سیناریۆ لای ئێمە نووسەر کاری لەسەر دەکات (نووسین، گواستنەوە) و دەقێک بەرهەم دێنێت، نامۆیە بە چاو .

کێشەیەکی تر، کە زیاتر لە سینەما،  ئەدەب و فیکر بەدەستییەوە دەناڵێنێ، ئەو سووڕانەوە بەردەوامەی ئەدەبی و فیکریی ئێمەیە لەناو بازنەیەکی تراژیدیی سوننەتی، کە باشترە بە کڕووزانەوەی سوننەتی ناوی ببەین. حیکایەتێک حیکایەتکەرەکەی لە پشتی کارەکتەرەکانەوە دەکڕووزێتەوە و دەیەوێ جێی بەزەیی بێت و هاودەمی بین بۆ ناو دونیایەکەوە، کە کۆتایی و مەرگ لەودیو دەرگەکەوە چاوەڕێمانە. هەر هەنگاوێک بۆ چوونەدەرەوە کۆتاییە و دەبین بە وەهم ئەم پەنگە و تیامانەوە ئەدەبی و فیکرییە، لە قاڵبێکی دیاریکراو و ناتوانایی بۆتێپەڕاندنی، وای کردووە نە ئەدەبمان بەگشتی لە ماڵەکەی خۆمان زیاتر ڕێ بکات و نە سیناریۆ وەک دوایین فۆڕمی نووسینی ئەدەبی، ئاشنا بێت. لەم سۆنگەیەوە، کاتێک کە کەسێکی سینەمایی دەیەوێت بەدوای دەقێکدا بگەڕی و بیگوازێتەوە بۆ سیناریۆ، کارێکی مەحاڵە لە کتێبخانەی کوردیدا بتوانێت بەرهەمێک بدۆزێتەوە ڕکابەری سەرەتاییترین و کرچوکاڵترین بەرهەمە جیهانییەکان بکات، بە هۆی ئەوەی ئەدەبی کوردی تا هەنووکە لە فۆڕمێکی کلاسیکدا کار دەکات و خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە و لەسەر مەبنای ڕیزکردنی وشە بەندە، ئەمەش بە ڕوونی لە دوایین بەرهەمەکانی شێرزاد حەسەن (دوا شەوی دابەزینی عیسا) و بەختیار عەلی (هەورەکانی دانیاڵ) دەبینرێت، کە بە دیدگای گشتی، باشترین نووسەرەکانی ئێمەن.  لەدوای خوێندنەوەیان، یەکەم پرسیارم ئەوە بوو، چی وا دەکات دوای ژیانێک لەناو کایەی نووسین، هەمان چیرۆک و هەمان کارەکتەر قسە بکات؟ بۆ دونیای ئێمە ئاسمان بێ هەوری ڕەش و دونیای بێ خۆڵبارین و هەستی بەرەوپیرهاتنی مەرگ زیاتر ناتوانێت بەرهەم بێنێت؟ دوای تەمەنێکی دوورودرێژ لەناو کتێبخانەکان، هەمان حیکایەت خۆی سەدبارە دەکاتەوە. بە ڕادەیەک، دونیابینیی هەر یەکێک لە نووسەرەکان، دەمانبەنەوە سەر ڕێگەیەکی هاوبەش. ڕێگەیەک، کە کۆتاییەکەی دووڕیانێکە، دەبێ نەوە دوای نەوە لەناویدا بسووڕێینەوە.

ئەم دونیا کرچوکاڵ و دووڕیانەی نووسەر بەرهەمی دێنێت، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر هزری گشتی و لەوێشەوە بۆ سینەما هەیە، چونکە سینەما لە سەرەتای ڕێکردنیدا، پێویستی بە چیرۆکێک هەیە بۆ گێڕانەوە. ئەگەر وەک بیانوویەکیش بەکاری بێنین بۆ نماییشی هونەرە چاوییەکان، ئێمە نە هەرگیزیش لە سەرەتای پرۆسەی سینەمادا، کەسێکی وەک ژان لوک گۆدارد تێدا دێتە بوون و وێنەیەکی تەواومان بۆ بگوازێتەوە بێ چیرۆک، نە سینەما توانای هەیە وەک فیکر ڕادیکاڵبوون لەناو خۆیدا جێ بکاتەوە. سوربوون لەسەر بیرۆکە، مانای خنکاندن و مردنە بۆ سینەما، لەبەر ئەوەی سینەما مەحکوومە بە بینەری جیهانی و گشتی، نەک ناوخۆی و تایبەت. بە هۆی گرانی و زەخمیی تێچووی پرۆسەکە، کە داوای ڕادیکاڵبوونە، بەپێی ئەوەی چەمکی ڕادیکاڵبوون بەردەوام جەخت لەسەر بیرۆکەیەکی دیاریکراو و پانتاییەکی جوگرافیی دیاریکراو دەکاتەوە.