خوێنەر و کتێب: ڕانانێک بۆ ڕۆمانی خانووەکەی مزگەوتێ

دیدی من – خوێنەر و کتێب

کتێب: خانووەکەی مزگەوتێ

نووسەر: قادر عەبدولڵا

خوێنەر: سەربەست ڕەیحان

خانووەکەی مزگەوتێ، ڕۆمانێکی نووسەری ئێرانی، ‌‌حسین سەجادی قائم‌مقامی فەراهانییە، کە ناوی خوازراوی قادر عەبدولڵایە. نووسەر دەربارەی ناوە خوازراوەکەی دەڵێت کە دوو هاوڕێی هاوبیری چەپی کوردی دەبن، یەکێکیان ناوی قادرە و لە ڕشتەی پزیشکی دەخوێنێت، ئەوی دیکە ناوی عەبدولڵایە و ئەندازیاریی تەلارسازی دەخوێنێت، لەبەر بیروباوەڕ و چالاکییەکەیان، یەکێک لەوان بە دەستی ڕژێمی شا و ئەوی دیکەش بە دەستی ڕژێمی ئایەتولڵاکان لەسێدارە دەدرێت.

کاتێک کتێبەکەی دەنووسێت، هیچ وەشانێک ئامادە نییە بە ناوی ڕاستەقینەی خۆی بڵاوی بکاتەوە، بۆیە دەبێت ناوێکی خوازراو دابنێت. ئەویش سڵی لێ ناکاتەوە و ناوی یەکەمی هەردوو هاوڕێیەکەی دەکاتە پاشناوی خۆی. ئیدی لەو کاتەوە، لە کاتی لەچاپدانی کتێبەکانی لە ساڵی ١٩٨٠ەوە، ناوی دەبێتە قادرعەبدولڵا.

ئەم ڕۆمانە بە زمانی هۆڵەندی نووسراوە و لە ساڵی ٢٠٠٧دا بە یەکێک لە دە باشترین ڕۆمانی ئەو وڵاتە دادەنرێت. تا ئێستا بۆ بیستوحەوت زمانی جیاواز وەرگێڕدراوە، شەفیقی حاجی خدر لە هۆڵەندییەوە وەریگێڕاوە بۆ کوردی.

خانووەکەی مزگەوتێ، گوزەرێکی دوورودرێژە بە ناو مێژووی پڕ لە ململانێ و کێشمەكێشی قۆناغێکی گرنگ، لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتی ئێراندا، لە سەردەمی حوکمی پاشایەتی و ئەوگۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییانەی بە دوایدا دێن. خوێندنەوەیەکی وردە بۆ هەڵوەستەکردن لەسەر بەریەککەوتنە ئایدۆلۆژی و سیاسییەکانی سەردەمێک، کە ناوچەکەی گرتبووەوە؛ بەریەککەوتنەکانی نێوان پیاوانی ئایینی عەمامەلەسەر و دەسەڵاتدارەکانی کە پایەکانی دەوڵەتیان لەدەست دابوو.


وێنەکەمان لە ڕێگەی خێزانێکی ئایینداری ئەو سەردەمەوە پیشان دەدات، کە کۆنتڕۆلی ئابووریی بازاڕ و لە ڕێگەی مزگەوتەوە خەڵکیان ئاڕاستەی ڕووداوەکان دەکرد. لە ماڵی ئاغاجان، لە تەنیشتی مزگەوتی شارەکەوە بەرەو شەقام و کۆڵانەکان زنجان ڕێ دەکەین، باڵندەکانی سەر منارەی مزگەوتەکە کاتێک کۆچ دەکەن، لەگەڵ خۆیان بەرەو کارگەی مافوورەکان هەڵمان دەگرن، ئاشنامان دەکەن بە هونەری بەرزی کاری دەستیی ئافرەتەکان و سەرقاڵبوونیان بە کێشانی تابلۆکانی ناو فەرشەکانی گوندییەکان.

مەلای مزگەوتی گەورەی شار، دوای نوێژی عەسر دەڕوات بەرەو ژێرزەمینەکان، بۆ کێشانی شیشە و دانانی قلیانێک. لە کاتی ئامادەکردنی گوتاری هەینی بۆ ئەم هەفتەیە و شەوانە لە بەردەم حەوزی ناو حوجرەکەی، نامەی دڵداریی ژنانی شار دەخوێنێتەوە. کاتێک یەکێک لە ئافرەتە شۆخەکان بۆی دەنووسێت تاسەی باوەش دەکەم تا تێر بۆنت بکەم، ژیانی پڕ لە ڕەفاهییەتی پیاوە ئایینییەکان و یاخیبوونی گەنجەکان لەو کلتوورە دەکەوێتە بەر دیدەمان، پێمان دەڵێت هەمیشە دەبێت بترسین، بە ترسەوە سەیری ژیان بکەین، تەنانەت ترس لە مرۆڤەکانی تر، ترس لە پیاوەکانی دیکەش، ترس لە ژن. لە ڕادیۆ، لە تەلەڤزیۆن، لە موزیک، لە سینەما، ئەوان ڕێگەیەکمان پیشان دەدەن، تەنها گۆرستانەکانمان خۆش بوێن، پێمان دەڵێن ئاخر تەنها گۆڕەکان ماڵی هەمیشەییمانن.

لە گۆشەیەکی تری ئەم ماڵەدا، مرۆڤێکی تر هەیە جیاواز لەوانی تر، ئەو لە چاوی کامێراکەیەوە لە ژیان دەڕوانێت، ئەو نووسرەتی فۆتۆگرافەرە، کە لەگەڵ وێنەکانی دەمانبات بەرەو کووچەوکۆڵانەکانی شارەکان، ڕووداو و گۆڕانکارییەکان دیکیۆمێنت دەکات، چالاکییە فەرهەنگی و کلتووری و ئایینییەکان دەخاتە ناو وێنەوە. ئێوارەیەکیان لەگەڵ خۆی دەمانبات بەرەو شەقامی لالەزاری تاران، بەرەو تیاترۆخانەیەک لە یەکێک لە پەنجەرەکانەوە دەنگی ئاواز و موزیک نزیک دەبێتەوە لە گوێچکەمان، کچانی شار دەبینین لەسەر شانۆ سەما دەکەن و گۆرانییەکانی مەهوەش ئامادەبوان زیاتر پڕجۆش دەکات. نوسرەت دەچێتە ناو ململانێ سیاسییەکان، دەبێت بە وێنەگرێکی نهێنیی شۆڕش و ڤیدیۆکان ڕەوانەی دەرەوە دەکات، خەون بەوەوە دەبینێت ببێتە دەرهێنەری سینەما، بەڵام شۆڕش سینەمای بەرەو کوێ برد، هۆڵەکانی سینەما بوون بە هۆڵەکانی دادگاییکردنی سینەماکاران و هونەرمەندان.

لە ژوورێکی تری ئەم خانووەدا، گەنجێکی تری بەویقار هەیە، کە پەنجەرەی ژوورەکەی دەڕوانێت بەسەر حەوزی ناو باخچەکە، کە نوێژخوێنان دەستنوێژ دەگرن تێیدا. سێبەری دارمێوەکە، بەیانیان دەرکەوتنی ڕۆژ دوادەخات، بۆ ئەوەی دەرگە لەسەر سپێدەیەکی تازە بکاتەوە. شاباڵ، گەنجە یاخییەکەی ئەم خانووەیە، کە دونیابینییەکی تری هەیە بۆ ژیانی، لە گۆشەیەکی ترەوە دەڕوانێت بۆ ئەو مزگەوتەی چەند هەنگاوێک لە ژوورەکەیەوە دوورە و هەمیشە دەنگی بڵندگۆکە زووتر پێی دەگات. گفتوگۆکانی لەگەڵ ئاغاجانی باوکی، هەمیشە بە تەواونەکراوی دەمێنێتەوە، ئەو گەنجێکی ناو رێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵە چەپەکانی ئەو سەردەم و باوکێکی وابەستە بە سەردانیکردن بە مزگەوتەوە، هەمێشە ڕێگەکانی جیا دەکردنەوە. هەر لە سەرەتاوە بە نهێنی خەریکی خوێندنەوەی کتێبە قەدەغەکراوەکانی ئەو سەردەمەی نووسەرە شوورەوییەکانە، لە تەمەنێکی زووەوە دەست دەکات بە نووسینی چیرۆک و بابەتی ڕەخنەیی. کاتێک باوکی پێی دەزانێت کۆمەڵێک کتێبی قەدەغەکراو لە ژوورەکەیدا هەن، دەچێت بە باوەش دەیانکاتە ڕووبارەکەی نزیکی ماڵی خۆیان، نەوەک ئەم کتێبانە داهاتووی نادیاری کوڕەکەی بەرەو ئاڕاستەیەکی نادیار ببات. ئەمە پێمان دەڵێت هەمیشە ڕژێمە سیاسییەکان هەوڵ دەدەن نەک ئاکار و ڕەفتار، بەڵکو دەبێت بیرکردنەوە و ڕوانینمان لەدەستی ئەواندا بێت.

هێواشهێواش نووسەر لەگەڵ خۆی دەمانبات بۆ قۆناغەکانی سەرهەڵدانی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ و دیوە شاراوەکانی ئەم شۆڕشە و ململانێ سەختەکانی نێوان ئایەتولڵاکان لە قووم و دەسەڵاتدارانی پایتەخت. ئایا پەیام و خەسڵەتەکانی شۆڕش تا کۆتایی وەک خۆی دەمێنێتەوە؟ کێێە بڕیار لە شۆڕشگێڕیی مرۆڤەکان دەدات و دەلالەتەکانی شۆڕش وەک خۆی دەگەیەنن؟ ئایا پەیامەکانی پێش و دوای شۆڕش بە ڕاستگۆیی جێبەجێ دەکرێن؟ وێنای مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی جوان دەخاتە بەرچاومان، کە هەمیشە دوای قەرەباڵغی و دروشمە ڕەنگاوڕەنگەکان کەوتوون.

لەگەڵ ڕاوێژکار و بەرپرسی نووسینگەی خومەینی، ئایەتولڵا خاڵخاڵی دەچین بۆ نەجەف، لە یەکێک لەو خانوانەی ژیانی تێدا دەکات، دەبینە میوان و ژیانی ڕۆژانەی سەرکردەیەک و ڕابەرێک دەبینین، کە بە ملیۆنان کەس، لە پشت وشەکانیەوە دونیایەکی جیاوازتر و خەونی زیاتر دەبینین. لە نەجەفەوە سەفەر دەکەین بۆ پاریس، پیاوێکی ئایینی، کە ڕیبەریی پرجەماوەر و جووڵانەوەی سیاسی دەکات، لەو سەردەمەدا  لە پاریسی پایتەختی جوانی و قەشەنگی سەرپەرشتیی شۆڕشەکەی دەکات. لە ڕۆژەکانی سەرەتای گەیشتنی بەو وڵاتە، لەگەڵ پەیامنێری کەناڵی ئەی بی سی، دەچین بۆگەڕەکی نیفلە لی شاتو، کە دەکەوێتە دەرەوەی پاریس، بۆ ئەنجامدانی یەکەمین چاوپێکەوتنی ڤیدیۆیی. کاتێک ئیمام دەردەکەوێت، بۆ یەکەم جار لەسەر مافوورێکی ئێرانی دانیشتووە، لە باخچەی ماڵەکەی و لە پشتیەوە ئایەتولڵا بەهەشتی و بەتولی خێزانی دەردەکەوێت. هاووڵاتییانی وڵات چ هەستێکیان لا دروست بێت؟ کاتێک بە کۆمەڵ لە مزگەوت و چایخانەکان دانیشتوون و لەگەل دەرکەوتنی ئیمام پڕ بە گەروویان هاوار دەکەن: ”سلام بر خمینی!”

لە ڕۆژانی دواتردا، هاووڵاتییان بە کۆمەڵ دەڕژێنە سەر شەقامەکان و گۆڕانکارییە سیاسییەکان وردەوردە لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە؛ شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ دەبن بە دەسەڵاتدارەکانی ئەمڕۆ، دادوەرەکان و دەسەڵاتدارەکان ئایەتولڵاکانی دوێنێن بڕیار لە چارەنووس و ژیانی هاونیشتمانییان دەدەن، هۆڵی سینەماکان دەبن بۆ زیندان و شوێنی لێپرسینەوەی هاووڵاتییان، گەنجێکی زانکۆ بڕیاری مردنی بەسەردا جێبەجێ دەکرێ، تەنها لەبەر ئەوەی کتێبیکی ڕێگەپێنەدراوی لە گیرفانیدا دەدۆزرێتەوە، کچێکی شۆخ دەکرێتە زیندانەوە، تەنها لەبەر ئەوەی قژی بڵاو بووەتەوە بەسەر شانەکانیدا. لەکۆتایدا دەگەینە ئەوەی هەموو گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، چەندە کاریگەریی لەسەر ژیانی داهاتووی هاووڵاتییان دروست دەکەن، سیستمە سیاسییەکان چەندە ڕێگرن لە ماف و ئازادییە تاکەکەسییەکان.