پەڕاوی ڕۆژنامەگەریی کوردی: پیرەمێرد و ڕۆژنامەگەریی کوردی

دیدی من – ساڤان ئاکۆ

هەر کاتێک گوێبیستی ناوی پیرەمێردی شاعیر دەبین، ڕاستەوخۆ ڕۆژنامە و گۆڤار دێتە خەیاڵمان و بە پێچەوانەشەوە، هەر کاتێک باس دەچێتە سەر ڕۆژنامەگەریی کوردی، پیرەمێرد هەمیشە لە ئاوەزماندا بووە، بەو پێیەی کە دەستێکی دیاری لە ڕۆژنامەگەریی کوردیدا هەبووە و کاری زۆری تێدا کردوە، تا کۆتاییەکانی ژیانی لە کارکردنی لە ڕۆژنامەدا بەردەوام بووە و لە ڕێگەیەوە هەوڵی داوە بۆ بەئاگاهێنانەوەی تاکی کورد و هەروەها ئازار و مەینەتییەکانی کوردی لەو ڕۆژنامانەدا پیشان داوە، کە لە ئیستەنبووڵ بڵاوی دەکردنەوە و خاوەن ئیمتیازیان بووە. دەتوانین بڵێین کە سەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکان وەک ماڵێک یان دەفتەرێکی یاداشت بوون بۆ پیرەمێرد و سەرگوزشتەکانی خۆی تێیاندا بڵاو دەکردەوە.

پیرەمێرد ناوی حاجی تۆفیق بەگ کوڕی مەحموود ئاغایە و لە تەواوی گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بەو ناوە بابەتی بڵاو دەکردەوە، تا ساڵی ١٩٣٢ لە ژمارەی ٣١٢ی ڕۆژنامەی ژیاندا، ناوی خۆی لە حاجی تۆفیق بەگەوە کرد بە پیرەمێرد، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی شیعری بەیانی بوو لەخەو هەستام، کە ڕوانیم بەفرە باریوە. پیرەمێرد ڕۆژنامە هەفتەییەکەی ژیانی دابەش کردبوو بەسەر هەشت بەشدا، کە پێک هاتبوون لە ئەدەبی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەلسەفی، مێژوویی، زانستی، ئایینی و بەشی گاڵتەوگەپ و بەپێیان بابەتی ڕێک دەخست و بڵاو دەکردەوە. پاشان لە ژمارەی هەر ڕۆژنامەیەکدا گۆشەیەکی بۆ پەندی پێشینان دەکردەوە. هەروەها پیرەمێرد ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە چەسپاندنی ئەدەبی بەراوردکاریدا، کە لە چەند ژمارەیەکی ڕۆژنامەکەدا باسی لێوە کردوە و بەراوردی نێوان شیعری چوار نەتەوە کردووە، کە شیعرێکی عەرەبی و کوردی و تورکی و فارسین و ئەو شیعرانە لە لایەن چوار شاعیرەوە بۆ هەمان باس گوتراون.

پیرەمێرد هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوە و شیعری لا هەبووە، بەڵام هەرگیز نووسینەکانی دیار نەبوون و نەخراونەتە بەردەست. هەروەها دەتوانین بڵێین کە پیرەمێرد سەرچاوەی چەندین زانیاری و ئەدەبیات و شیعر بووە، بە هۆی ئەوەی کە خوێنەربووە لە سەرەتاکانی زووی تەمەنییەوە و بەدرێژایی تەمەنی، لەبەری کردوون و لە ئاوەزیدا هەڵی گرتوون، هەروەک خۆی لە پارچەیەک لە یادداشتەکەیدا کە لە ڕۆژنامە بڵاوی کردووەتەوە باس لەوە دەکات و دەڵێت: ”هەرچی تۆ بڵێیت کتێب و مەئخەزە لام نییە و بەدەستمەوە نییە، سەرمایەکەم حافزەیە، گەرچی ئەنووسم لە توورەکە کۆنە جاوەکەی ناو کەلـلەمی دەردێنم، کە هەشتا ساڵە من هەڵی ئەتەکێنم، وەک جەواڵی ئارد تۆزی لێ ئەبێتەوە.”

پیرەمێرد خوێندکاری کۆلێژی یاسا بووە لە ئیستەنبووڵ و کاری ڕۆژنامەوانیی بۆ ئەو لەوێوە دەستی پێ کردووە و لەوێوە ئەدەبیاتی کوردیی ناساندووە بەو جیهانە نوێیە.

سەبارەت بە زانیارییەکانی ژیانی قووڵ نابینەوە و بۆ ئەو مەبەستە دەتوانرێت سوود لە کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەی ئومێد ئاشنا وەربگیرێت، بە هەمان شێوە کە من سوودم لێی وەرگرتووە، کە تیایدا سەرجەم یادداشتەکانی پیرەمێردی لە سەرجەم ژمارەکانی گۆڤاری ژین و ژیاندا کۆ کردوونەتەوە و لە کتێبێکی دووبەرگیدا پێشکەشی خوێنەری کردوون، لەگەڵ سەرجەم بەرهەمەکانی پیرەمێرددا.

ئەمانەی دێن، ناوی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەن کە پیرەمێرد سەرنووسەر یان خاوەن یان لە دەستەی نووسەرانی بووە، یان نووسەرێکی چالاک بووە تیایاندا:

— گۆڤاری ڕەسملی کتاب، لە ئیستەنبووڵ، خاوەنی ئیمتیازی بووە

– ڕۆژنامەی کورد لە ئیستەنبووڵ، بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی بڵاو کراوەتەوە، خاوەنی ئیمتیازی بووە

– لەگەڵ فایەق سەبری بەگ، ڕۆژنامەی مصور محیطیان دەرکردووە

– لە ڕۆژنامەی ژین شیعر و نووسین و وەرگێڕانی هەیە، کە ئەمیش لە ئیستەنبووڵ بە تورکی و کوردی دەرچووە

– لە گۆڤاری نەهەنگ و لە ڕۆژنامەی شەمس و ڕۆژنامەی ترجمانی حقیقتدا زۆر جار نووسین و شیعری هەبووە، هەروەها زۆر جار سەروتاری بۆ ڕۆژنامەی إقدام و حریت نووسیوە

– لە گۆڤار إجتهاددا بەرهەمی خۆی و نەژادی کوڕی بڵاو کردووەیەوە

– سەرپەرشتی ڕۆژنامەی ژیان بووە و بەرهەمی خۆی تێدا بڵاو کردووەتەوە و دوواتر بووەتە بەرپرسیاری ڕۆژنامەکە

ئامادەکاری پەڕاو: ساڤان ئاکۆ