پەڕاوی ڕۆژنامەگەریی کوردی:  دیمانە لەگەڵ بەڵێن ساڵح – لە ڕادیۆی دەنگی ئەمریکاوە/ میدیاکاری ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا

دیدی من – ساڤان ئاکۆ

بەبۆنەی ساڵیای ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە، ماڵپەڕی کلتووریی دیدی من چەند گفتوگۆیەکیی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ چەند ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی بڵاوکراوە کلتوورییەکان ئەنجامداوە، کە تیایدا چەند پرسیارێکی گشتگیری ئاڕاستەی هەریەک لەو ڕۆژنامەنووسانە کردووە، لە خوارەوە، وەڵامی ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری دەنگی ئەمریکا، بەڵێن ساڵح بۆ خوێنەران بڵاو دەکەینەوە:

– لە دۆخی ئیمڕۆدا دەبێت ڕۆڵی میدیا چی بێت؟

*ئەرکە هەرە سەرەکییەکەی میدیا گەیاندنی ڕاستییەکانە بۆ وەرگر، تا هەر هیچ نەبێت بگوترێت هەوڵێکی ڕژد لە ئارادایە بۆ دوو ئامانج؛ یەکەمیان بوونی خودی میدیایە بە دەسەڵاتی چوارهەم و دووهەمیشیان دروستکردنی ڕای گشتی. هەر نێوەندێکی میدیایی لەسەر ئەو شاڕێیە خۆی لادا، ئەوا یانی هەموو پرەنسیپەکانی میدیایی فەرامۆش کردووە وەک ئەوەی لە میدیا حیزبییەکان و میدیا سێبەرەکانیاندا دەیبینین. ئەرک و ڕۆڵی میدیا بۆ چەواشەکردن نییە هێندەی ئەوەی بۆ بەرچاوڕوونییە، بۆ برەودانە بە تێگەیشتنەکان لە ڕێی باسکردنێکی بابەتیانەی ڕووداوەکانەوە کە وەرگر بتوانێت ڕای خۆیی لەسەر بونیات بنێت. بەلای بەندەوە ئا لەمڕۆدا پێویستە میدیا، کار لەسەر پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە، ئاشتەوایی سیاسی و ئاشتەوایی نێوان پێکهاتەکانی گەلی کوردستان بکات، میدیا ببێتە زەمینەیەکی ڕەخساو بۆ دیالۆگێکی بەرپرسانە لە نێوان تاکەکانی ناو دەسەڵات و شەقامدا، میدیا خۆی ببێتە هۆکاری فشارێکی ڕاستەقینە بۆ باشترکردنی باری بژێوی خەڵک و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان بۆ خەڵک، میدیا دەتوانێت ئەو کەلێنە گەورەیەی نێوان شەقام و دەسەڵاتدا دروستبووە پڕ بکاتەوە، میدیا دەتوانێت جیاوازییەکانی نێوان دەسەڵاتدارێتی و فەرمانڕەوایەتی بخاتە ڕوو، مرۆڤی کورد بە مافە سیڤیلیەکانی ئاشنا بکات، هاوڵاتیان لە ئەرک و وابەستەیی ئاگادار بکاتەوە، میدیا دەتوانێت برەو بە گوتاری نەتەوەیی بدات کە لە ئێستادا بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوات، کە دەڵێم گوتاری نەتەوەیی، ئەڵبەت بە مانا وشک و برینگەکەی ناڵێم، بەڵکو مەبەستم ئەو گوتارە تەڕوبڕەیە کە ڕەهەندە نەتەوەییەکان لە خۆ دەگرن بە فەرهەنگ و کلتوریشەوە. یەکێک لە ڕۆڵە گرنگەکانی تری میدیا لەمڕۆدا بەدواداچوونەکانی پاش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکانە، زانینی دەرەنجامەکانیەتی.

– چۆن ئایدۆلۆجی ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە ڕۆژنامەوانیدا؟

*ناتوانم بچمە ژێر باری ئەوەی بڵێم ئایدیۆلۆژیا ڕۆڵێکی چوونیەک و گرنگ دەبینێت بۆ هەموو نێوەندە میدیاییەکان. دەشێت بۆ میدیا حیزبییەکان ئەو ڕۆڵە گرنگە ببینێت بەڵام بۆ میدیایەکی سەربەخۆ (ئەگەر هەبێت) پێموانییە بتوانێت ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینێت. ئایدیۆلۆژیا لە پەیوەندی بە میدیاوە دەشێت وەک سنوربەندکردن لێ بڕوانرێت، کاتێک نێوەندێکی میدیایی وابەستەی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو دەبێت، ناتوانێت تخوبەکانی ئەو ئایدیۆلۆژیەتە ببڕێت و دنیای ئەودیو ئەو سنورانە ببینێت، دەشێت قسەیان لەسەر بکات بەڵام قسەکردنێکن کە جێی متمانە نین. نمونەش زۆرن، لەوانە میدیای سەر بە لایەنەکان، هەر یەکە بە ڕەنگی لایەنی خۆی دێت و سەیری دنیا دەکات، میدیای یەکێتی دنیا بە سەوز دەبینێت و وەهاش نیشانی وەرگری دەدات، میدیای پارتی ناتوانێت لە دنیایەکی زەرد زیاتر هیچ شتێکی تر ببینێت و گۆڕانیش هەروەها و ئیسلامییەکانیش بە هەمان شێوە. ئیدی ئەمە گرفتی ئایدیۆلۆژیایە لە میدیادا. ئەمە بەو مانایە نییە بڵێم ناشێت میدیا خاوەنی بەرنامە و هێڵی گشتی کارکردن نەبێت، دەشێت میدیا دوور لە هەموو ئایدیۆلۆژیایەک کاری میدیایی خۆی بکات و هەوڵی خۆڵکردنە چاوی وەرگر نەدات. میدیاکاری باش، دەزانێت وەرگری  ئەمڕۆ جیاوازە و گەلێک سەرچاوەی بەدەستهێنانی زانیاری لەبەردەستدایە.

بەڵێن ساڵح

– گرنگی فۆتۆگرافی چییە لە ڕۆژنامەوانیدا؟

*دەمێکە دەگوترێت یەک وێنە لە بری هەزار وشە. زۆر جار بینیومانه‌ ده‌نوسرێت وێنه‌کان ده‌دوێن یان وێنه‌کان بۆمان ده‌گێڕنه‌وه) و چه‌ندان ده‌سته‌واژه‌ی تری هاوشێوه‌، ئه‌مانه‌ هه‌ر هیچ نیشان نه‌ده‌ن ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن ئه‌م هونه‌ره‌ چه‌نده‌ گرنگه‌ نەک هەر لە میدیادا بەڵکو لە ژیانی فەرهەنگیشماندا بە تایبەتی کە وێنە فۆتۆگرافییەکان بە “نوسین بە ڕوناکی” ناودێر دەکرێت. مەخابن هێشتا میدیای کوردی سەنگیی نەخستۆتە سەر وێنەکان تا بڵێین بۆتە دیاردە، کەم تا زۆرێک وێنە بڵاودەکرێنەوە و جێی سەرنجیشن بەڵام ئەوەی ئایا وێنەیەکی پیشەییانەیە؟! ئەمەیان دەهێڵمەوە بۆ وێنەگرە پیشەییەکان خۆیان قسەی لەسەر بکەن. وێنە گوزارشتێکی فرە ڕەهەندە و لە  کۆمەڵگەی کوردیشدا ئەم هونەرە ڕووبەڕووی گەلێک ئاستەنگی کۆمەڵایەتی و سیاسیش بۆتەوە و هەندێک جار لەوانەیە لەسەر وێنەیەک فۆتۆگرافەرەکە دووچاری دەیان گێچەڵ بووبێتەوە. بەڕاستی بە پێویستی دەزانم بڵێم ئێمە هێشتاش پێویستمان بە تێگەیشتنی زیاتر و ڕۆچوونە زیاتری ناو وێنەکان هەیە و لەگەڵ بینینی هەر وێنەیەکی فۆتۆگرافدا ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین و بزانین بۆچی ئەم وێنەیە دەشێت وەک ئامڕازێکی گەیاندن سەروسەودای لەگەڵ بکەین. دەشێت لە زۆر جاردا کاریگەری وێنەیەک لە دەیان هەوڵ و کۆشش زیاتر بێت؛ وێنەکانی هەڵەبجە، دیمەنی شەڕەکان، وێنەیەکی سروشت، وێنەی سۆزی منداڵێک بۆ بوکەشوشەکەی، وێنەی بەفربارین و ڕامان لە درەختێک، لە یەک ئامێزگرتنی دایک و جگەرگۆشەیەکی، و هەزاران دیمەنی تریش وەک نمونە.

– بنەماکانی ڕۆژنامەوانی کە پێکهاتوون لە ڕاستیی، سەربەخۆیی، بێ لایەنی، پشت پێبەستراو و مرۆیی، لە ڕۆژنامەگەری ئێمەدا -چەندێک پەیڕەو کراون و بەپێیان کار کراوە؟

*هەر هەموو ئەمانە کەوتوونەتە سەر ئەوەی کامە میدیا هەواڵەکە یان ڕووداوەکە بڵاودەکاتەوە. زۆر جار هەواڵ بڵاوکراونەتەوە بەبێ پشتڕاستکردنەوەی ڕاستی و دروستی هەواڵەکە و دواتریش ئەو میدیایەی هەواڵەکەی بڵاوکردۆتەوە داوای لێبوردنیشی لە وەرگر نەکردووە و وەک ئەوەی نە بای دیبێت و نە باران. یان دەبینیت هەواڵێک بە چەند جۆرێک داڕێژراون و هەر میدیایە بەو شێوەیە هەواڵەکە دەگەیەنێت کە لە بەرژەوەندی خۆی بێت، ئەمە لە نێو میدیای حیزبی و میدیا سێبەرەکانیشیاندا زۆر باوە، بۆیە لێرەدا هۆشیاری وەرگر زۆر گرنگە تا کوێ سود لەو هەواڵە یان باسکردنی ڕووداوەکە دەبینێت. بە داخەوە داڕشتنی هەواڵ و ڕاپۆرت لە میدیای کوردیدا بە هێند وەرنەگیراوە لە کاتێکدا دەشێت لەسەر هەواڵێک یان ڕاپۆرتێک شەڕ ڕووبدات، هەندێک میدیا هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەرکەکەی چەواشەکردن و بەلاڕێدابردنی سەرنجەکانە و وەک کاری بە بەرنامەش ئیشی لەسەر دەکات. ئەمانە بێ لەوەی ئێستا لە باشوری کوردستان خەریکە میدیای تاکە کەسەکانی ناو حیزب دەبێتە دیاردە، ئەڵبەت ئەمەش مەترسییەکی ترە ڕووبەڕووی میدیا دەبێتەوە لەو ڕوانگەیەوەی تا دوێنێ میدیاکانی حیزب هەر یەکەو بە جۆرێک هەواڵی دەدا و بەرژەوەندی حیزب لە سەروو هەموو پێوانەکانەوە بووە، بەڵام ئێستا بەرژەوەندی تاکە کەسەکانیش هاتۆتە ناوەوە و بە مەرامی تاکە کەس هەواڵ و بابەت دادەڕێژرێت بەبێ گوێدانە یاسا و ڕێسا میدیاییەکان. بۆ ئەو میدیایانەش کە دەگوترێت سەربەخۆن، سەرچاوەکانی زانیارییان تا بڵێی سنوردارە چونکە یاسایەک نییە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ڕێکبخات، هەربۆیە دەشێت ئەم جۆرە میدیایەش ناوبەناو بکەوێتە هەڵەی زانیاریەکانەوە. لە زۆرێک لە میدیا پیشەییە جیهانیەکاندا بەشێکی تایبەت هەیە لە دامەزراوەکانیاندا پێی دەگوترێت “بەشی دۆزینەوەی ڕاستییەکان” ئەرکی ئەم بەشە پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیاریانەیە کە ڕۆژنامەوان لە بابەتەکەیدا بەکاریهێناون. خۆزگە میدیای کوردیش ئاوڕێکی ڕژدانەی لەم دۆسێیە دەدایەوە. گرفتێکی تریش کە ئێستا هەیە، سۆشیال میدیایە کە هیچ سانسۆرێکی لەسەر نییە و لە زۆر باریشدا وەک بینیومانە بە خراپی بەکاردەهێنرێت و بۆتە سەرچاوەیەک بۆ هەواڵە نەخوازراو و نادروستەکان، دەبێت ئەوەش بڵێم هەندێک پەیج و ئەژمار هەن جێی ستایشێکی زۆرن.

– پێگەی پڕۆگرامە کلتورییەکان لەناو میدیای کلتورییدا لە چ ئاستێکدان، لەکاتێکدا کۆمەڵگە لە ڕووی کلتووری و فەرهەنگییەوە تا ڕادەیەک لاوازە؟

* ئەگەر بمبەخشیت، بەندە لەگەڵ بەشی دووهەمی پرسیارەکەتدا نیم کە بڵێین کۆمەڵگە لە ڕووی کلتووری و فەرهەنگییەوە لاوازە، بە پێچەوانەوە کورد وەک نەتەوە خاوەنی کلتورێکی دەوڵەمەند و فەرهەنگێکی پڕ بەهایە، بەڵام ئەوە خۆمانین بایەخێکی بەرچاومان پێنەداوە، ئەوە خۆمانین گڵی دوور بە دەرمان دەزانین و ئەوەی خۆیشمان فەرامۆش دەکەین. ئەوە خۆمانین نەمانتوانیوە لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991 ەوە تا ئێستا ژمارەیەک نێوەندی ئەکادیمی و هزری دابمەزرێنین تا ئیش لەسەر فەرهەنگ و کلتورەکەمان بکەن، توێژینەوەی ئاکادیمیانەی لەسەر ئامادەبکەن، بایەخ بە زمان بدەن، بە داخەوە لە زانکۆکانیشماندا هێندە بە گرنگییەوە لەم بابەتە گرنگ و هەستیارە ناڕوانرێت. تازە بە تازە دێین و پرسەکانی عەشرەتگەرایی و تیرەگەرایی، نازناوگەرایی زیندوو دەکەینەوە، وەلێ ئاوڕێکی بە بەزەییانە لە ڕەهەندەکانی کلتوری و فەرهەنگیشمان نادەینەوە، لە کاتێکدا فەرهەنگ و کلتور یەکێکە لە کۆڵەکە هەرە تۆکمەکانی ناسنامەی نەتەوەیی و ڕۆشنبیریش، نەک زیندووکرنەوە و پاراستنی عەشرەتگەرایی. میدیای کوردی کاری لەسەر هەردوو ڕەهەندی کلتور و فەرهەنگیش کردووە بەڵام هێندەی پێویست نییە، ئەو تەڕوبڕیەی پێشتر لە گوتاری نەتەوەییدا باسم کرد، ئەمە بەشێکیەتی، بۆیە دەکرێت میدیا چالاکانەتر بکەوێتە خۆ بۆ خزمەتکردنی کلتور و فەرهەنگی کوردیمان کە ڕاشکاوانە دەتوانم بڵێم هەموومان قەرزاریین.

– هەتا ئێستا ڕووماڵکردنی بابەتە کلتووریەکان بوونیان نییە لە زۆرینەی میدیاکاندا؟

*ئەمەش بەشێکی تری کەمتەرخەمی میدیای کوردییە لەم سەروەختە تەکنەلۆژیەدا کە ئێجگار بە ئاسانی دەتوانرێت ئەم جۆرە بەرنامانە بگەیەندرێنە دوورترین شوێن لە جیهاندا، لە کاتێکدا بابەتە فەرهەنگی و کولتورییەکان هیچیان کەمتر نییە لە وتاری سیاسیەک. ئەم کلتور و فەرهەنگە بەرهەمی کار و کۆششی نەوە لە دوای نەوەیە و دەروازەی یەکترناسین و ئاشنابوونی نەتەوەکانە، ئەمە بێ لەوەی دەشێت وەک پوختەی ڕۆشنبیری و ڕوانینی قۆناغە جیاکانی کۆمەڵگە لێی بڕوانرێت.  میدیا ڕێگە سەرەکییەکەیە بۆ ناسینی شارستانی و ڕۆشنبیریەکان لە جیهاندا و هەروەهاش بۆ دەرخستنی ڕووی گەشی کلتور و فەرهەنگی کوردیمان.

– هۆکاریی پەراوێزی بەرنامە کلتورییەکان لە بەرامبەر سیاسی و ئابوورییەکان چییە؟ واتە بۆچی هەفتەی جارێک بەرنامەیەکی کلتووری هەیە، بەڵام هەموو شەوێک بەرنامەی سیاسی هەیە، یاخود بۆچی  لە ڕۆژنامەیەکدا بابەتە کلتوورییەکان بە پاشکۆ و بەشێکی لاوەکی دەردەچن؟

*هۆکارەکان زۆرن؛ لەوانە تێنەگەیشتن لە بەهاکانی کلتور و فەرهەنگ، هەستکردن بەوەی بەرنامە و وتارە سیاسیەکان شتێکی زۆر گرنگن، نەبوون یان کەمی خەڵکی پسپۆڕ لە بواری کلتور و فەرهەنگدا لە نێوەندە میدیاییەکاندا، خۆ دوور خستنەوە لەوەی کلتور و فەرهەنگ بەشێکی دانەبڕوان لە ئێستامان. زۆر جار بووە هەواڵێکی کلتوری و فەرهەنگی گەلێک بایەخی زیاتر هەبووە لەو هەواڵانەی لاپەڕە یەکی ڕۆژنامەیەکیان داگیرکردووە. سەبارەت بە بەشی دووهەمی پرسیارەکەشت، گەر وەک هەنگاوێکی بەرایی لە دۆسێی پاشکۆیەتی بڕوانین، پێم وایە بوونی باشترە لە نەبوونی، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەر هەر بە پاشکۆیی بمێنێتەوە ئەوا ئەو هەنگاوە بەراییە بە هەنگاوی خراپ دەناسێندرێت.

– ئایا زانکۆ و پەیمانگاکان توانیویانە ڕۆژنامەوانی کلتوری دروستبکەن یان تەنها کارگەی بەرهەمهێنانی بێژەر و پەیامنێر و کامێراکانن؟ واتە ئەو کەسانەی کە بەرنامە کلتورییەکان یاخود لە ڕۆژنامە کلتورییەکان کار دەکەن، دەرچووی بەشی ڕاگەیاندنن یان تەنها حەز و خولیایان بۆ کلتور هەیە و بەجۆرێک لە جۆرەکان نوسەر و ڕۆشنبیرن؟

*مەرج نییە ئەوانەی لە زانکۆ و پەیمانگاکان بواری ڕاگەیاندن دەخوێنن، ڕۆژنامەوان بن، یان بتوانن ببنە ڕۆژنامەوان. لە ڕۆژنامەوانی کوردیدا هیشتا کارە ڕۆژنامەوانییەکان جیانەکراونەتەوە و زۆر جار بینیومانە ڕۆژنامەوانێک لە چەند بوارێکدا کار دەکات، بەڵام هەوڵ هەن بۆ ئەو جیاکردنەوانە. کۆلیژ و پەیمانگاکان پرەنسیپەکانی ڕۆژنامەوانی فێری خوێندکارەکان دەکەن، نەک ڕۆژنامەوانی پسپۆڕ بەرهەم بێنن، پێشم وایە ئەمەیان دەکەوێتە سەر خواست و خولیای ڕۆژنامەوان کە مەرج نییە دەرچووی کۆلیژ و پەیمانگاکانیش بێت. دەبێت کەسی ڕۆژنامەوان خۆی بزانێت چیی دەوێت، و دەخوازێت سەنگی بخاتە سەر چ بوارێک لە کارکردنی ڕۆژنامەوانیدا. لە پەیوەندی بە پرسیارەکەتەوە لەوانەیە کەسێکی دەرەوەی بواری میدیا، بڕوانامەی هەبێت یان نا گرفت نییە، بەڵام شارەزابێت لە کلتوردا، دەشێت لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەیدا لە بواری کلتور و فەرهەنگدا زۆر باشتر بێت لە یەکێک کە خۆیشی نازانێت بۆ دەیەوێت ببێتە ڕۆژنامەوان.

– پرسیاری تایبەت: ئایا گرنگی بە کام بابەتانە دەدرێت لە تی ڤی و ڕۆژنامەکان کە بەشی کلتووریان هەیە؟ واتە لە کام بەشی کایەی کلتووردا زیاتر هەواڵ و بەرنامە ئامادە دەکەن؟ گرنگی بە زەوق و ویست و حەزی گشتی دەدەن یان بابەتیانە و بەپێی سەردەم و ڕۆژ کار دەکەن؟

*زیاتر بایەخ بە چالاکییەکانی ئێستا دەدرێن، بەڵام بایەخدانێکی سادەن، ڕۆچوونە ناو قوڵایی باسەکان نین، بۆ نمونە تا ئێستا بەرنامەیەکم نەبینیوە (لەوانەشە هەبووبێت و من نەمدیبێت) لەسەر بۆ نمونە قۆناغەکانی گۆڕانکاری لە جل و بەرگی کوردی ژنانە و پیاوانەشدا، یان بەراوردێک لە نێوان گۆرانییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و بیستەمدا، یان کام ڕەنگ لای هونەرمەندانی شێوەکاری کورددا زۆرتر بەکاردەهێنرێت و بۆچی، یان بۆچی خوێندنەوە نەبۆتە بارێکی باو، ڕایەڵە هاوبەشەکان لە نێوان فەرهەنگی نەتەوەکاندا چین و چی نین…. هتد. ئەمانە گرنگن باسبکرێن و بخرێنە بەردەم وەرگر. ئەوەی ئایا خواستی وەرگر ڕەچاو دەکرێت یان نا، بەڕاستی نازانم، ئەگەر بکرێت ئەوە شتێکی باشە بەڵام دەشبێت بزانرێت لەبەرچاوگرتنی حەزی وەرگر لەسەر بنچینەی چ جۆرە ئامارێکە.  زۆر گرنگە میدیا ڕێ نیشاندەر بێت ئایا لە دەروازەکانی ئێستاوە بچینە ناو کلتور و فەرهەنگمانەوە یان لە دەروازەکانی ڕابردوومانەوە، پێمان بڵێت لە کوێوە ئێمە دابڕاوین و چۆنیش دەتوانین ئەو کەلێنانەی دابڕانەکان دروستیان کردوون، پڕ بکەینەوە و لەگەڵ مێژووی کلتور و فەرهەنگماندا ئاشت ببینەوە.

-دواجار گووتەی بەڕێزتان لەسەر ڕۆژنامەگەری کوردی؟

* تەمەنی ڕۆژنامەوانیمان 119 ساڵە، زیاتر لە 25 ساڵە کورد لە باشور خۆی بەڕێوەدەبات بەڵام مەخابن هێشتا خاوەنی میدیایەک نیین پێی بگوترێت میدیای نیشتمانی. ئیشکردن بۆ ئەم میدیا نیستمانیە لەم هەلومەرجەدا کارێکی سانا نییە و نابێت، بەڵام گەر خواست و سوربوون هەبێت لەسەری ئەوا دەشێت ببینە خاوەنی ئەو میدیا نیشتمانییە. شەرمەزارییەکی گەورەیە لە بری نوسینەوەی مێژووی پڕ شکۆی میقداد بەدرخان و مێژووی ڕۆژنامەوانیمان، بێین مێژووی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردن و کوژرانی ڕۆژنامەوانەکانمان بنوسینەوە.   پیرۆزباییم بۆ بەڕێزت و بۆ هاوکارانت و بۆ هەموو هاوپیشەکانم لە هەر جێیەکن. سوپاسیش بۆ ئەم دەرفەتە.

ئامادەکاری پەڕاو: ساڤان ئاکۆ