ساختەکان لە نەفرەتەکانى هۆڵدن کۆڵفیڵدەوە، بەشی دووەم

دیدی من – خوێنەر و کتێب

کتێب: پاسەوانێک لە مەزرا

نووسەر: جەی دی سالنجەر

خوێنەر: بەڵێن عوسمان

”مەزن، ئەو وشەیەیە کە زۆر ڕقم لێیەتى، چونکە ساختەیە؛ هەر جارێک گوێم لێی دەبێت، ڕشانەوەم دێت.”

هۆڵدن دەڵێت: ”لەم دنیایەدا، ئەگەر شتێک هەبێت ڕقم لێی بێت، ئەوە سینەمایە.” ئەو بەو زمانە مێردمنداڵییەى خۆیەوە هەجوویەکى ئاوێتە بە ڕەخنە و ڕق دەهاوێژێت بۆ سینەما و فیلم، پێی وایە سینەماش یەکێکە لە ساختەچییەکانى ترى جیهان، دەمامکێکە بەسەر دەمامکێکى ترەوە، پەردەیەکە لە پێش پەردەى خۆحەشاردان لە بەرگى دووڕووییدا. بەشێکى ئەم ڕقە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە سینەما کردەوەیەکى ترى بەکۆمەڵى مرۆڤە ساختەکانە و دەکرێت لە هەر ساتێکدا و لە بچووکترین دەرفەتدا بگۆڕدرێت بە گەورەترین ساختەیى کۆمەڵگە. ئەم تێڕوانینە، هاوشێوەى ئەوەى ئێرە لە بەشێک لە بەرهەمەکانى ترى سالنجەردا ئامادەیى هەیە؛ سالنجەریش سینەمای خۆش نەویستووە و لە زمانى هۆڵدنەوە گوتوویەتى: ”ئاخر لەوە تێدەگەم کەسێک کارێکى دیکەى نەبێت، بڕوات بۆ سینەما، بەڵام کەسێک زۆر مەبەستى بێت و بچێت و تەنانەت بە هەڵەداوان دەڕوات تا زوو بگاتە ئەوێ، ئەوە خەفەتم دەداتێ.” یان کە دەڵێت: ”فیلمە نەفرەتییەکان دەتوانن وێرانت بکەن.” ئەکتەرەکانیش ڕزگاریان نەبووە لە دژایەتییەکانى: ”من ڕقم لە ئەکتەرەکان دەبێتەوە، هەرگیز وەک ئەو خەڵک ئاساییە هەڵسوکەوت ناکەن، بەڵام خۆیان پێیان وانییە. ئەکتەرە زۆر باشەکان کەمێک ئاساییترن، بەڵام هێشتا بەو شێوەیە نییە کە حەز بکەى تەماشایان بکەیت، ئینجا ئەگەر ئەکتەرێک زۆر باش بێت، پێوەى دیارە کە خۆى دەزانێت زۆر باشە، ئەوەش دەیشێوێنێت.”

دواجار ئەوەى دەمێنێتەوە لەبارەى نەفرەتەکانى هۆڵدنەوە بگوترێت، ئەوەیە کە تفکردن لە هەموو شتێک، خەمێکى قووڵ لە پشتیەوەیەتى، کە لەوانەیە ئەویش بەپێى پێویست درکى بە هەموو لایەنەکانى نەکردبێت. هۆڵدن دەڵێت: ”هەتاو تەنها ئەو کاتانە دەردەکەوێت، کە خۆى مەیلى لێیە.” سەڕەڕاى نا و بەرپەرچدانەوەکانى، جێگرەوەى دزێوییەکانى لە هەگبەدایە. هۆڵدن دەیەوێت بە گەڕانەوە بۆ سروشت و پاکێتیى مرۆڤ، خۆى لەو دنیا ناحەز و قەشمەرە داببڕێت، لەمەشدا ژیان و دەرونى گرفتارە، بە جۆرێک لە نێوان بەرداشى منداڵى و گەورەیى قەتیس ماوەتەوە. قاقاکانى ئەو، پێکەنینە بە گەورەکان تا ڕادەى بێباکى و بزەیە بۆ منداڵ هەتا ئاستى هیوا. ئەمە بە تەواوى ڕوونە لە ڕۆمانەکەدا کە هۆڵدن سۆزى بۆ منداڵان هەیە و پێی وایە هێشتا نەبوون بە مرۆڤى ساختەکار، دەشیەوێت ڕێگر بێت لەوەى ببن بە بەشێک لە دەمامکلەسەرەکان. قارەمانەکەمان بە باسکردنێکى لێوانلێو لە وەسفکردن، تامەزرۆیى خۆى بۆ هەموو پرسیارە جیدییەکانى سروشت دەردەبڕێت: ”بیرم لەو گۆمەى سینتڕەڵ پارک دەکردەوە، کە دەکەوێتە بەشى خوارووى پارکەکەوە، دەمگوت ئاخۆ کاتێک من دەڕۆمەوە بۆ ماڵەوە گۆمەکە بەستبێتى؟ ئەى ئەگەر وابێت، مراوییەکان چوون بۆ کوێ؟ تۆ بڵێى مراوییەکان بۆ کوێ چووبن، کاتێک گۆماوەکە هەر هەمووى بووە بە سەهۆڵ و سەرتاسەر بەستوویەتى؟ ئاخۆ کەسێک بە بارهەڵگرێکەوە هاتبێت و بردبنى بۆ باخچەیەکى ئاژەڵان، یان شوێنێک، یان بۆ خۆیان بۆ دوور فڕیبێتن؟” ئەگەرچى بە گێڕانەوەى تەواوى ئەو سەرگەردانییەى دنیا، ڕۆمانەکە فێرمان دەکات کە ژیانکردن چەندێک کۆمیدى و غەمگینە، لێ بە ساتە زوو ڕابورد و ڕووداوە بچووکەکانى کۆتاییدا لەوە حاڵى دەبین کە هۆڵدن دەیەوێت پێناسەیەکى نوێ بۆ دنیا بکات و منداڵیش خاڵى سەرەکیى ئەم پێناسەیە و پینەیەکى گەشى بەرگە نوێیەکەى جیهانە. هەر بۆیە هەموو هەوڵى ئەو ئەوەیە منداڵان نەگەن بە مەزراى گەوران. خەمى مەزنى ئەو تەنها ڕزگارکردنى خوشکە بچووکەکەیەتى لەدەست ساختەییەکان، بەدەر لەوە هیچ گرنگى بە بەهاکانى کۆمەڵگە نادات. خودى ڕۆمانەکە، کارێکى چڕى ئاڵۆزە لەسەر وێنەى ناشیرینى مرۆڤ لە تەمەنى گەورەییدا، لە لاکەى تریشەوە سالنجەر کار لەسەر پاکێتى و جوانیى مرۆڤ لە سەردەمى منداڵیدا دەکات. هۆڵدنى شکێنەرى یاساغەکان، دوودڵ ماوەتەوە لە نێوان ئەو دوو قۆناغەى تەمەن، لە نێوان دووڕیانى منداڵى و گەورەییدا نازانێت دروست چى بکات. ئارەزوو دەکات گەورە دەرکەوێت و بە هۆکارى دەمامکى گەورەیى خواستى گەورەبوونیشى نییە، بەڵام ناتوانێت بگەڕێتەوە بەرەو دواو.

نەفرینى پاڵەوانەکە لە گەورەیى، نەفرەتە لە ساختەیى. گەورەکان هەمیشە هۆڵدن نائومێد دەکەن؛ ئەو بەشەى کۆتایى چیرۆکەکە سەبارەت بە هۆڵدن و مستەر ئەنتۆلینى، ئەو تەنها کەسەى کە هۆڵدن هەموو دەم وای بۆ دەچوو دەتوانێت متمانەى پێ بکات، کەچى لادەر دەرچوو. مێردمنداڵەکە ئەم دنیایەى پێ خۆش نییە، چونکە پڕیەتى لەو کەسانەى شتێک دەڵێن و مەبەستیان شتێکى ترە، بۆیە ڕقى لە گەورە گەمژەکان و ساختە گومڕاکانە. لێرەوە سالنجەر بێهیوایى خۆى بەرانبەر گەورەکان و ئومێدى هەڵچنراوى لەسەر منداڵان نماییش دەکات.

نووسەرەکە پێوەى دیارە کە بەشێکى زۆرى ڕۆمانەکەى تەرخان کردووە بۆ بابەتى گەڕانێکى ماندووکەر بەشوێن دۆزینەوەى خوددا، ئەوەش بە گەڕانەوە بۆ سروشت و منداڵى، کە هەردووکیان خۆدەربازکردنە لەوەى ببیت بە ساختە. لە کن هۆڵدن گەورەکان هەموویان دووڕوو و درۆزنن، بۆیە هەوڵى قارەمانەکە ڕزگارکرددنى منداڵانە لەچنگ تەوژمى گەورەبوون، ئەو ناهێڵێت لە دوندى منداڵییەوە بگلێن و بکەونە ناو خەرەندى گەورەییەوە. هۆڵدن جیاوازیى منداڵى بێخەوش و گەورەى زۆرڕوو تۆخ دەکاتەوە بەو مەبەستەى بیکات بە خەمى سەرشانى و بە ئەرکى خۆى هەڵسێت کە نەهێڵێت منداڵەکان بکەونە دۆڵى گەورەبوون و ساختەییەوە، ئەو لەو نیگا سۆزدارییەوە بەرانبەر خوشکەکەى بە خەوتوویى، خەیاڵى وەردەچەرخێت: ”سەیرە! کە گەورەکان دەبینیت خەوتوون و دەمیان داچەقیوە، زۆر ناشیرینن، بەڵام منداڵان وەها نین، منداڵەکان دیمەنیان ناشیرین نییە، تەنانەت ئەگەر هەموو سەرینەکەشیان کردبێت بە لیک، هێشتا هەر ناشیرین نین.” هۆڵدن خەونەکەى خۆیشى، دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵ و بە تەنیا ژیان لە کوخێکدا، لەم پانتاییەددا جێ کردووەتەوە. پاسەوانێک لە مەزرا چیرۆکى هەنگاونانى ئەو ڕۆحە خاوێنەیە بەرەو گەورەساڵى و ناخاوێنى، هۆڵدنیش لە کێشەیەکى دەروونیى سەختدایە لەو بارەیەوە.

جێرۆم دێڤد سالنجەر، چیرۆکنووس و ڕۆماننووسى هاوچەرخى ئەمەریکى، لە ساڵى 1919دا لەدایک بووە. لە ڕووى پیشە ئەدەبییەکەیەوە تا کۆتاییەکانى تەمەنى پێشکەوتنى بەرچاوى بە خۆیەوە نەبینیوە، جگە لەوەش بەرهەمەکانى سالنجەر کەم و ناوازەن، ئەو بە تەنها خاوەنى چوار کتێبە: کۆچیرۆکێک، دوو چیرۆکى درێژ و ڕۆمانە تاقانەکەى. سالنجەر خاوەنى ناوبانگێکى ڕێزلێگیراوە و بە داهێنانە ئەدەبییە جوانەکانى وەک ئەدیبێکى جیاواز و نوێ لە ئەدەبى ئەمەریکیدا لە سەدەى بیستدا تەماشا دەکرێت. ئەو زیاتر لە چل ساڵى کۆتایى تەمەنى خۆى بە گۆشەگیرى و پەراوێزنشینى بەسەر بردووە، سالنجەر چووە بۆ دارستانێک دوور لە شار، مرۆڤ و دنیاى مۆدێرنە ژیاوە، تەنانەت حەزى بە دیدارى هیچ کەسێک نەکردووە، ئەم ئیحساس و بێدەنگییەى تا کۆتا ساتەکانى تەمەنى درێژەى کێشاوە. ئەو دوورەپەرێزى ئەو، دوورەپەرێزى بووە لە ساختەکان. سالنجەر لە 2010دا ماڵئاوایى لە ژیان و دنیا کردووە.

پاسەوانێک لە مەزرا یەکەمین و دواهەمین ڕۆمانى سالنجەرە، بە هۆى ناوەڕۆک، زمان و تەکنیکە باڵا و ئاستبەرزەکانى بە شاکارێکى دانسقە دادەنرێت. ڕۆمانەکە سەرەتا بە بەش بەش لە ڕۆژنامەدا بڵاو کرایەوە، پاشتر لە ساڵى 1951دا وەک کتێبێک چاپ کرا. بە پاساوى نائەخلاقى و لادان لە لە یاساکانى کۆمەڵگە، بۆ ساڵانێک ئەم ڕۆمانە قەدەغە کرا، سەڕەڕاى ئەمەش کاریگەرى و شوێندەستى خۆى دانا لە هزرى خوێنەردا.

کاریگەرىی ڕۆمانەکە هێندە سەرسووڕهێنەرە، کە بووەتە هۆى تاوانى کوشتن: لە ساڵى 1980دا دەیڤد چەپمەن، هونەرمەندى بەناوبانگ جان لینۆن بە چوار فیشەک دەکوژێت، دواتریش لە چاوپێکەوتن و داداگاییکردنەکانیدا ئەوە دەردەخات دواى ڕووداوەکە دەستى کردووە بە خوێندنەوەى پاسەوانێک لە مەزرا و چاوەڕێى پۆلیسى کردووە تا هاتووە و دەستگیرى کردووە، هەروەها ئەوەشى ئاشکرا کردووە کە بۆیە جان لینۆنى کوشتووە، چونکە پێی وابووە ساختەیە، ئەم بیرۆکەیەش لەگەڵ شاکەسى ڕۆمانەکەى سالنجەر، یەک شتە.

پاسەوانێک لە مەزرا هەردەم لە پێشى پێشەوەى کتێب و ڕۆمانە باش و جوانەکان ناوى هاتووە، ماڵپەڕى تێلیگراف بەپێى بۆچوون و پێشنیارەکانى نووسەر و ڕەخنەگرانى جیهانى، ڕۆمانەکەى لە ڕیزبەندى ئەو سەد ڕۆمانەدا جێ کردووەتەوە کە پێیان باشە خەڵکان بەر لە مردنیان بیانخوێننەوە و لەکیس خۆیانى نەدەن. هەروەک ڕۆژنامەى گاردیانیش باشترین ڕۆمانە هەڵبژێردراوەکانى جیهانى لە لیستێکى دەناویدا بڵاو کردووەتەوە و پاسەوانێک لە مەزراش یەکێکە لەو ناوانە.

ئەم شاکارە ئەدەبییە، لە ساڵى 2012دا، لە زمانى یەکەمییەوە، کە ئینگلیزییە، بە کوردییەکى پاراو و جوان، لە لایەن ژوان جەلالەوە وەرگێڕدراوە و ناوەندى غەزەلنووس چاپ و بڵاوی کردووەتەوە، پاشتریش لە ساڵى 2015دا چاپى دووەمى بڵاو کراوەتەوە. وەرگێڕ بۆ ئەوەى بەرهەمێکى باش و شاییستە پێشکەش بە خوێنەر و کتێبخانەى کوردى بکات، ماوەى دوو ساڵ خەریکى کارەکانى ئەم وەرگێڕانە بووە.