Category Archives: ڕەخنە

گریانی پەیکەرەکان لە ناو ژاوەژاوی مرۆڤایەتیدا

دیدی من

گۆران ڕەسول

پێنج ساڵان بووم، ڕۆژێک لەگەڵ دایکم لە بازاڕەوە بەرەو ماڵ دەگەڕاینەوە. هەمیشە لەو ڕێگەیەی کە دەیبردینەوە ماڵ پەیکەرێک هەبوو، ئێستا نازانم ئەو پەیکەرە ماوە یان نا، ڕەنگە ئەویش وەک زۆربەی شوێنە دێرینەکانی شار بۆ پڕۆژەی بازرگانی تەخت کرابێ. نازانم پەیکەری کێ بوو، بەڵام قاتێکی ئەفەندی لەبەردا بوو و شوێنی ڕیباتەکەیشی تۆزێک ناڕێک بوو، ئیتر نازانم پەیکەرتاشە ئەم بەشەی جوان دروست نەکردبوو یان ئەم ئەفەندییە هەر خۆی ڕیباتی وا بەستووە. بیرمە ئەو ڕۆژە زۆر گریام چونکە داوای جلوبەرگی تازەم کردبوو کە بۆم بکڕن، کە گەیشتینە بەردەم پەیکەرەکە دایکم وەستا و فرمێسکەکانی سڕیم و میهرەبانانە گوتی: ”بەسە هیچیتر مەگری، نابێ زۆر پارە بۆ جلوبەرگ خەرج بکەین، ئەوەتا ئەم پیاوەش لەوەتەی دەیبینی هەر ئەم چاکەت و پانتۆڵەی لە بەرە.” ئیدی بە لێڕامان و وردبوونەوە لە پەیکەرەکە و قسەکانی دایکم ژیر بوومەوە. گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە لێرەدا مەبەست لەو مێتافۆرە بوو کە دایکم بۆ ژیرکردنەوەی من بەکاری هێنا، دواتر بۆ ڕۆچوونە ناو دونیای فانتازیی پەیکەرەکان، لەوێشەوە بۆ ناو جیهانی ئابستراکستی پەیکەرەکان.

14193854_1095102927191782_1657163831_n

مرۆڤ بۆ پەیکەر دروست دەکات؟ ڕەنگە ئەم پرسیارە زیاتر لە چەند وەڵامێکی هەبێ. ئەی بۆچی مرۆڤ هەر خۆی پەیکەرەکان دەشکێنێ؟ بۆ ئەمەشیان دەیان هۆکار. خۆت بێنە جێگەی پەیکەرتاشێک کە بە زۆری پەیکەری دیکتاتۆرێکت پێ دەتاشن کە بزەیەکی کردبێ، بزەیەکی درۆیینە. ئەگەر پەیکەرسازی بەشێک بێت لە شارستانییەتی مرۆڤ و لەو ڕێگەوە مرۆڤ هەستەکانی بە جۆرێکی تر نماییش بکات، ئەوە هەمان ئەو هونەرە بەشێکی ترە لە دڕندەیی مرۆڤ بەرانبەر سروشت. ئایا پەیکەرتاشەکان گوێیان لە ناڵە و ئازاری ئەو بەردانە دەبێ کە لە هەموو لایەکەوە دەکەونە سەر جەستە و گیانی.

پەیکەر و سەرۆک
مێژوو ئەوەمان پێ دەڵێ کە لە زۆربەی جەنگەکاندا دوای داگیرکرنی شارێک، هەنگاوی یەکەم شکاندنی پەیکەری سەرۆک و کەسایەتییەکانی ئەم شارە بووە. هەرگیز ڕێک نەکەوتووە دوای شکاندن و لابردنی پەیکەری دیکتاتۆرێک لە جێگەکەی پەیکەری هونەرمەندێک یان کارێکی هونەری دابندرێت، بەڵکو پەیکەری دیکتاتۆرێکی دی قیت کراوەتەوە کە لە سەرەتادا شۆرشگێڕ بووە. هەرگیز وێنەی ئەو منداڵەم لە بیر ناچێ کە لە ڕۆژی ڕزگارکردنی بەغداد دوای ئەوەی کە پەیکەری سەدامی دیکتاتۆر بەردرایەوە و بە ناو بەغدا ڕادەکێشرا ئەم منداڵە بە پێی پەتی بە دوای کەوتبوو و بە نەعلەکانی بە سەری پەیکەرەکەدا دەکێشا وەک ئەوەی کە ئەمە سەدامی ڕاستی و زیندوو بێ. سەرۆکەکان بەردەوام لە بیری ئەوەن کە لە زۆربەی کونج و کەلەبری وڵاتدا پەیکەرەکانیان دابندرێ، ئەمەش وەک پیشاندانی هێزێک یان وەک بەبیرهێنانەوەیەک بۆ خەڵکی کە ئەوەتا ئێمە لە هەموو شوێنێک هەین. لە جەنگە کۆنەکاندا سەدان کەس تەرخان دەکران کە پەیکەرە زەبەلاحەکانی سەرۆکەکان یان خوداکان بەرەو مەیدانی جەنگ بەرن، ئەمەش وەک ڕەمزێک بۆ پاڵپشتی یان هێز. دوای ئەوەی دوو جار هێرش دەکرێتە سەر پەیکەرێکی کیم جۆنگ‌ی سەرۆکی کۆریای باکوور، بڕیار دەدرێت کە پاسەوان بۆ ئەم پەیکەرە دابندرێ. کەسێک کە هێرش دەکاتە سەر پەیکەری سەرۆکێک نیشانەی ئەوەیە کە لەم ڕێگەیە زیاتر نادۆزێتەوە بۆ شکاندنی هەیبەتی سەرۆک یان دیکتاتۆر. بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە ئەوەیە، سەرۆکێک کە هەموو شتێکی لە بەردەستدا بێ، لە ڕێگەی پاسەوان دانان بۆ پاراستنی پەیکەرەکەی بیەوێ شکۆمەندیی خۆی بپارێزێ.

14182610_1095102900525118_1280918149_n
پەیکەر و ئایین
ئایینە زەوینییەکان زۆرترین خزمەتیان بە هونەری پەیکەرتاشی کردووە، لەوەی کە بە هەزاران پەیکەری جۆراوجۆریان بۆ خوداکانیان داتاشیوە. بەڵام ئایینە ئاسمانییەکان دێن و سەرلەبەری ئەم پەیکەرانە دەشکێنن. چیرۆکی ئیبراهیم لە قورئاندا چیرۆکێکی جوانە، لەو ڕووەوە نا کە لە ڕێگەی پەیکەرێکەوە تەواوی پەیکەرەکانی دی دەشکێنێت، بەڵکو ناڕاستەوخۆ هێز دەبەخشێتە پەیکەرێکی بێ گیان و هەست. هێزێک کە هەموان چۆکی لە بەردا دەدەن. لە قورئاندا ئاماژە بەوە دەکرێ کە مرۆڤ لە قوڕ دروست کراوە، جۆرێکی پەیکەریش هەیە کە لە قوڕ دروست دەکرێت کە مێژووەکەی لە مێژووی قورئان زۆر کۆنترە. ئایینی ئیسلام بۆیە زۆر دژی پەیکەرە چونکە وەک جۆرێک لە لاسایی کردنەوەی کاری خودا سەیری دەکەن کە ئەمەش بەهەموو جۆرێک دژی بیر و باوەڕی ئایینی ئیسلامە. کاتێک لەشکری مسوڵمانان فەتحی مەککە دەکەن بەر لە هەرشتێک خێرا دەکەونە سەر شکاندنی پەیکەرەکانی هوبەل و خواکانی تر بەرلەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە ئەم شکاندنە دەبێتە هۆی توڕەکردنی بتپەرستەکان و دواتر زۆر بە ئەستەم دەتوانن وێنەی خوای خۆیان لە ناو هزری بتپەرستەکاندا بونیاد بنێن. بە واتایەکی تر، مامەڵکردن لەگەڵ بێگیاندا لەبری کارکردن لەسەر ڕۆحی زیندوان. ئەو ئیخوانە میسڕیانەی کە لە شاری مەنسورە لەچکیان خستە سەر پەیکەری ئوم کەلسوم ناڕاستەوخۆ ئەوەیان پیشان دا کە ناتوانن دەنگە ئەفسووناوییەکی کەوکەب لە هزری شەرق بهێننە دەرێ، هەر بۆیە پەلاماری پەیکەرەکەیان دا. لێکردنەوەی سەری پەیکەری ئەبوعەلای معەڕی لە سوریا لە لایەن بەرەی نوسرەوە لە ساڵی ٢٠١١ بەڵگەی ئەو جەهل و نەزانینەیە کە ناتوانێ لە فیکر و شیعری ئەبوعەلا تێبگات. تەنیا ئەو کەسانەی کە هزر و بیرکردنەوەیان لە بەرد بێت بەگژ بەرددا دێنەوە.
“فریشتە ڕوو ناکاتە ماڵێک سەگ و پەیکەری تێدا بێ.” ئەمە یەکێک لە گوتەکانی پێغەمبەری ئیسلامە کە لەچەند شوێنی تریشدا دەرباری پەیکەرتاشی و نیگارکێشی پەیامی هەبووە. ئەمە لە کاتێکدا کە لە سوڕەتی کەهفیشدا زۆر بە وردی باس لە وەفای سەگی یارانی ئەشکەوت کراوە تا ڕادەی ئەوەی کە زیاتر لە سێ سەد ساڵ لە هەمان ئەشکەوتدا لەگەڵیان خەوتووە. لە ئێستادا زۆربەی زۆری ماڵی موسڵمانەکان پەیکەری خۆراوجۆری تێدایە هەر بۆ نموونە پەیکەری گیاندارانی وەک ئەسپ و شێر، بەمەش زۆربەی زۆری ماڵی موسڵمانان خاڵین لە هەناسەی فریشتەکان. ئایا دەکرێ تەنیا و تەنیا یەک لێکدانەوەمان بۆ پەیکەر هەبێ؟ زۆر شت هەن تەنیا ئاماژەن بۆ جوانی و ڕازاندنەوە، نەک ئەوەی کە ڕۆ بچنە ناو ئەندێشە و بیرکردنەوەوە بە جۆرێک کە بگاتە پەرستن. بۆ نموونە هەبوونی پەیکەرێکی چکۆلەی چەشنی پەیکەری ئازادی لە ماڵەکەت مانای ئەوەیە کە تۆ ئەم پەیکەرە دەپەرستی، یان ئەوەتا دەتەوێ بڵێی با مرۆڤ لە هەموو شتێکی ژیانی خۆی ئازاد بێت. کریستیانەکان کە بڕوایان بە یەکتاپەرستی هەیە کەچی لە ناو پەرستگاکانیاندا دەیان پەیکەر هەن، ئەمە جگە لەوەی کە پەیکەری بچووک‌بچووکی عیسا بە ملوانکەکانیانەوە دەخەن. ئەی ئەم پارادۆکسانە لەم ئایینە ئاسمانییانەدا چین.
ساڵی ٢٠٠١ تاڵیبان بڕیاری دا هەرچی پەیکەری بودا لە ئەفغانستان هەیە نەیانهێڵێت. دیمەنی یەکێک لە سەرکردەکانی تاڵیبان کە بە ئارپیچییەک پەیکەرێکی بودا تێکدەشکێنێت، نموونەی جەهلی سەدەی بیستویەکە.

14169749_1095102950525113_1627692732_n
پەیکەر و کۆمەڵگەی کوردیی
کۆمەڵگەی کوردی لە هەموو ئەو بەرپەرچدانەوە جۆربەجۆرانەی بەرانبەر پەیکەر کە لە سەرەوە باسم کردن بێبەش نییە. ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هەموو ئەو دیاردانە بە درێژایی مێژوو و بەتایبەت لەم سێ دەیەی دوایی لە ناو کۆمەڵگەی کوردی ڕوویان داوە. لە شەڕی ناوخۆدا کاتێک گولـلەکان بە ئاڕاستەی زیندووەکان دەتەقێندران، بەر پەیکەر و تابلۆ و منارەی مزگەتەکانیش دەکەوت. ئیبن مستەوفی لەسەر قەڵای هەولێر بەدەم خوێندنەوەی کتێبەوە گولـلەیەک بە لووتی دەکەوێت و تا ئەم دوایانەش بە لووتی شکاوەوە سەری خستبووە ناو کتێبەوە. کۆمەڵگەیەک ناتوانێ پێناسە و تێگەیشتینی تازە بە بەر شتەکاندا بێنێت و دەیەوێ هەمیشە لەسەر ڕەوت و بیری کۆن بەرەو داهاتوو لێ بخوڕێت. ئەوەتا ئەندێشەیان ئەوەی هەرس نەکرد کە ئاساییە کەر پەیکەری هەبێ و وەک مرۆڤ خۆی پۆشتە بکات لە پارکی نالی لە سلێمانی هێرش دەکەنە سەر پەیکەری پەی…کەر، لای ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە دەبێ کەر تەنیا بۆ گواستنەوەی بار بێت، جارجاریش سێکس. چونکە تاکو ئێستا ڕۆشنبیریی سێکسی نەبووەتە بابەتێکی گرنگ لای زۆرینەی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە و هێشتا سێکس و قسەکردن دەربارەی تابۆ و بڤەیە، هەر بۆیە بچووکترین دیمەن لە هەر کوێیەک بێت دەیانوروژێنێت. ئەوەتا ناتوانن بەرگەی بینینی ماچی دوو بەرد بگرن و هەر بۆیە پەیکەری ماچ لەناو پارکی ئازادیدا لە سلێمانی دەسووتێنن. ناتوانیت چەند خولەکێک لە پەیکەرەکانی شوێنە گشتییەکان ڕابمێنێت چونکە ئەوەندە میز و پیساییان لە پاڵدا کراوە و زبڵیان لە بندا فڕێ دراوە، بۆنی ناخۆش وڕوکاست دەکات. پەیکەرەکان لە ناو کۆمەڵگەی کوردی زۆربەیان ڕەمزی و هێز و ئازایەتین؛ لەناو شارەکاندا بگەڕێ لەو شوێنەی پەیکەری شێرێکت بینی یان ئەسپێک دوو قاچی بەرز کردبێەتەوە بێ دوودڵی بزانە لە بەردەم بارەگای حیزبێکی سیاسیت. پەیکەرەکان لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا بێکەسن، بریندارن و خوێنیان لە بەر دەڕوا.

ئەم نووسینە لە ژمارەی ٤٠٦ـی پاشکۆی ڕەخنەی چاودێر بڵاو بووەتەوە