Category Archives: شێوەکاری

پۆستەری سینەمای سەعادەت لە فێستیڤاڵی جیهانیی فەجر پەردەی لەسەر لا درا

 

دیدی من – بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر

 

ئەمساڵ لە بەشی سینەمای سەعادەت، واتە بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی بۆ فیلمە درێژەکانی سینەمایی و کورتەفیلمەکان، لەمیانەی سیوپێنجەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر، دوازدە فیلم لە وڵاتانی چین، تورکیا، کۆلۆمبیا، ئەڕژەنتین، لێتۆنی، پۆڵەندا، هەنگاریا، رووسیا، مەکزیک، ئەندوونێزی، فەڕەنسا و ئیسپانیا، بە هاوڕێیەتی لەگەڵ سێ فیلمی ئێرانی نماییش دەکرێن.

بەپێی یاسا و ڕێسا نوێیەکانی ئەم فێستیڤاڵە، کە ساڵی رابردوودا پلانی بۆ داڕێڕژا و ڕەچاو گیرا، فیلمەکانی بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی، لە ناو ئەو فیلمانە هەڵدەبژێردرێن، کە تاکو ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەندی ئاسیا نماییش نەکرابێتن.

ئەمساڵ لە سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر، هەندێک لە فیلمەکانی بەشی سینەمای سەعادەت، یەکەمین نماییشی ئاسیای خۆیان لەم فێستیڤاڵەدا دەبینن. لەم ناوەندەدا چەندین فیلم یەکەمین نماییشی نێودەوڵەتییان لە فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر دەبێت و بۆ یەکەمین جار لە دەرەوەی وڵاتی خۆیان و لەم فێستیڤاڵەی ئێران پەردەیان لەسەر لا دەبردرێت.

پێنج دادوەری بیانی و دوو دادوەری ئێرانی فیلمە درێژە سینەمایی و کورتەفیلمەکانی بەشی سینەمای سەعادەت، واتە بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی، لە سیوپێنجەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر هەڵدەسەنگێنن.

پۆستەری بەشی سینەمای سەعادەت لە فێستیڤاڵی فیلمی فەجر

لەم بەشەدا، یەک تەندیسی سیمورغی زێڕین بە باشترین فیلم و هەروەها پێنج سیمورغی سیمین لە لقەکانی دەرهێنان، سیناریۆ، ئەکتەری پیاو، ئەکتەری ئافرەت و خەڵاتی تایبەتی دەستکەوتی هونەری لە یەکێک لە بوارەکانی وێنەگرتن، مونتاژ، موزیک، دیزاینی جلوبەرگ و یان دیزاینی سەحنە پێشکەش دەکرێت.

سیوپێنجەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر، بە بەڕێوەبەریی گشتیی سینەماکاری ئێرانی ڕەزا میرکەریمی و بەشداریی بەرهەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لە ڕۆژانی ٢١-٢٨\٤\2017 لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسوو، لە شاری تاران بەڕێوە دەچێت.

هەر جارەو زاراوەیەک: ئێكسپرێشینزم لە هونەری شێوەکاری و موزیکدا

دیدی من

توانا حەمە

ئێكسپرێشینزم یەكێكە لە قوتابخانە هونەرەییەكانی مۆدێرنە، كە بە تێكشكاندنی فۆڕمەكان، بە پەیامی زیادەرۆیئامێز (مبالغە)، دیوی ڕاستیی ناشیرینی و ناپەسەندی بەیان بكات. بناغەی ئەم شێوازە لەسەر بنەمای ئەو بڕوایە بوو، كە ئیدی پێویستە هونەرمەند هەستی ڕاستەقینەی خۆی بەیان بكات؛ ئەگەر جیهان ناشیرین و نەفرەتییە، پێویستە ئەو خاڵە بە شێوەیەكی بێ ڕتووش و بێ ڕووپۆشکردن گوزارشتی لێ بكات، نابێت خۆی بە بیروباوەڕ و فەرماییشتە كۆنەكان ببەستێتەوە، كە زیاتر کاریان ڕەتووشكردن و پەنهانكردنی ناشیرینییەكانەی ژیانە.

‎ئەم بیرە لە پێش جەنگی جیهانیی یەكەمەوە لە هەندێک لەو نووسراوانەی کە دەربارەی هونەری شێوەکاری بینراون، دەركەوتووە، بەڵام زۆر بە زوویی پەلی بۆ هۆنراوە، ڕۆمان، شانۆ، سینەما و موزیك هاویشتووە و زیاتر پەرەی سەندووە.

‎پێشینەی شێوەشكێنی لە هونەری شێوەكاریدا بۆ هیرونیموس، ماتیاس گرونوالد (سەدەی پازدەیەم)  و دمنیكوس تئوتوكوپولوس ئێلگركو (سەدەی شازدەیەم) دەگەڕێتەوە. بەڵام ڤان کووخی شێوەكاری پۆستئەمپرێشنیست، لە كۆتایی سەدەی نۆزدەیەم بە پێشڕەوی (ئاڤانگارد) ڕێچکەشکێنی و فۆڕمشکێنی لە هونەری شێوەکاریدا دادەنرێت. ئەو بە هێڵە لەرزۆكەكان و ڕەنگی توند و زیادەڕۆیی كارەكانیدا، وەك یەكێك لە پێشڕەوانی ئێكسپرێشینزم هەژمار دەكرێت. ئەو خۆی دەربارەی تابلۆی بەردەمی قاوەخانە لە شەودا (Café Terrace at Night) نوسیبووی كە ئەم كارەی ئەو، بەیانكردنی ئەو پەیامەیە، کە قاوەخانە لە شەودا چ شوێنێکە! چۆن دەتوانێت مرۆڤ لە نێوانێک دابنێت، بەرەو شێتی یان بەرەو تاوانکاری ببات.

تابلۆی لە بەردەمی قاوەخانە لە شەودا (Café Terrace at Night)

 دوابەدوای ئەو ئیدوارد مونشی نەرویجی لە تابلۆی هاوار (The Scream) لە ساڵی ١٨٩٣دا بە شێوەیەکی ئاگاهانەی هونەری ئێكسپرێشینزمی بەرجەستەی کرد بوو. تابلۆی هاوار یەکێکە لە ژمارەیەک تابلۆی مونش بە ناونیشانی چێوەنەقشی ژیان (Frieze of life The)، بابەتەکانی نێو ئەم کۆمەڵە تابلۆیە گوزارشتن لە چەپاندنی سێکسی، تەنیایی، خودبێگانەیی و نەفرەت لە ژیانکردنە.

بە شێوەیەکی گشتی لە ئەڵمانیادا دوو گرووپی جیاواز بە سەردەستەی هونەری ئێكسپرێشینزمی خۆیان دەناساند:

تابلۆی هاوار (The Scream)

گرووپی یەکەم بە ناوی پرد (die brücke)، کە لە ساڵی ١٩٠٥دا سەریان هەڵدا، خۆیان بە دوژمنی ڕیالیزم و شێوازە کۆنەکان دەناساند و کارەکانی خۆیشیان بە ”پردی بەرەو هونەری ئاییندە” ناو دەبرد. کارەکانی ئەم گرووپە بە شێوەکاریی سادە، بە هێڵی زبر و ڕەنگی توند تایبەتمەند بوون و پێی دەناسرانەوە.

گرووپی دووەم، بە سوارچاکی شین (die blauer reiter) خۆیان ناساند، کە پێشڕەوانی ئەم گرووپە، ڤاسیلی کاندینسکی و فرانز مارک بوون. ئەوانیش بە بەکارهێنانی ڕەنگی شین لە کارەکانیاندا دەناسرانەوە. گەرچی سوارچاکانی شین بە زوویی کۆتاییان بە ڕەوتەکەیان هێنا، بەڵام کاندنسکی بەردەوامیی دا بە ڕەوتەکە دا. بە هۆی نزیکیی لە شۆنبێرگی موزیکدانەری ئەڵمانییەوە، کارەکانی ئەو بە سەر زۆرێک لە نۆت و بەرگی بڵاوکراوەکانی ئارنۆڵد شۆنبیرگ دەبینرێت.

دەتوانرێت بگوترێت ئێكسپرێشینزم، لە ئەنجامی ئەو نائومێدییە ڕۆحییەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم لە دنیای هونەردا هاتووەتە گۆرێ، لە کاتێکدا کە کوشتار، بیماری، هەژاری و تەنیایی وێنەی دۆزەخیان لە سەرزەوی نەخشاندبوو. هەر کاریگەریی ئەم وێنانە بوو، لە کاری شێوەکاران، موزیسیانان، هونەرمەندانی و شاعیرانی ئەو سەردەمەدا ڕەنگی داوەتەوە.

شیوازی ئێكسپرێشینزم لە موزیکی جیهانیدا، دەتوانرێت بگوترێت نیشانەکانی هەستکردن بە دەرکەوتنی ئێکسپرشینیزم زیاتر لە نێو دانراوە موزیکییەکانی سەردەمی نوڕۆمانتیکدا دەبینرێت. بۆ نموونە زۆرێک لەو نیشانانە لە سیمفۆنییەکانی گۆستاف مالەر دەدرۆزێتەوە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، شونبێرگ بە ئاڤانگاردی ئەم ڕەوتە دادەنرێت. گەرچی ئەو لە سەرەتادا وەک ژەنیاری ڤایۆلین سەرقاڵی کاری موزیک بوو، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: ”پاش هەشت ساڵ لە ژەنینی ئامێری ڤایۆلین، بڕیارم دا ئیدی کاری موزیک دانان بکەم.” ئەو بۆ یەکەم جار یەکەمین پەیامی ئیکسپرشینیزمی خۆی لە شاکاری شەوی نادیاردا (Verklärte Nacht)، بەرجەستە کرد.

شەوی نادیار (Verklärte Nacht)

شونبێرگ لەم کارەیدا فۆڕمتێکشکێنیی خۆی، بە نادیاری و ناڕۆشنی لە هارمۆنیداناندا  گوزارشتی ئێكسپرێشینزمی خۆی ئاڕاستە کردبوو، ئەویش بە ڕەهابوون و دوورکەوتنەوە لە تۆنالیتەی کۆن، یان بەکودەتاکردن لە هارمۆنیدانانە باوەکاندا، موزیکی پۆستتۆنال، ئەزموونی ئەتۆنال، داوزدەتۆنی و سوریالی لە دنیای موزیکدا چەسپاند. باری ناهەموار، نەناسراو و ناهاوسەنگیی دەروونی کە یەکێک لە سیماکانی شانۆی ئێكسپرێشینزمی بوو، هەر بۆیە هەمان شێواز و سیمایانە لە کۆتا ئۆپێرای شۆنبێرگدا دەبینرێت.

نامۆیی لە هارمۆنی، یەکێکە لە تایبەتمەندی و ڕەگەزە سەرەکییەکانی موزیکی شۆنبیرگ، بەڵام شێوازە لە گۆرانیگوتن لە شاکارەکانیدا زۆر نوێ بوو، بۆیە لە لایەن تیۆرزانە کۆنەکانەکانەوە ڕەت دەکرایەوە.

ئارنۆڵد شونبێرگ

 ئۆپیرای وتسیک wozzeck)) (١٩١٧)، شاکاری ئەلبان بیرغ، خوێندکاری شۆنبیرگ، بە یەکێک لە دیارترین نموونەی ئۆپێرای ئێكسپرێشینزم دادەنرێت. ئەو بە هاوبەشی نماییشنامەی وتسیک (١٨٣٦) لە نووسینی کارل جۆرج بوخنر، ئەم شاکارەی داناوە، کە باس لە چیرۆکێکی تراژیدیی سەربازێک دەکات، کە لە لایەن ماریی هاوسەریەوە پەیمانشکێنیی لەگەڵ دەکرێت. بەمە نائومێد و نائارام دەبێت. ئەم کارە بە شێوازیکی ئێكسپرێشینزمی و زمانێکی توندوتیژی موزیک و نواندن، پەیوەندییە مرۆییەکانی ئەو ڕۆژگارە دەخاتە ڕوو.

هەروەها دوو ئۆپێرای ڕیتچارد شتراوس، سالومە و ئەلکترا، بە نموونەی دیکەی ئۆپیرای ئێكسپرێشینزمی هەژمار دەکرێن. پاشان هەمان ئەم ژانرا و شێوازە موزیکییە دێتە نێو بواری موزیکی فیلمی سینەمایی (بێ وشە، دەنگ)، بە نموونە کابینەی دکتۆر کالیگیری (The Cabinet of Dr. Caligari) (١٩٢٠)، دەرهێنانی ڕۆبەرت وینە و موزیکی لە لایەن پیتر شیرمان دانراوە، بە یەکێک لە دیارترین موزیکی فیلم دادەنرێت، کە بە شێوازی ئێكسپرێشینزمی نووسراوە.

بە شێوەیەکی گشتی، هونەرمەندانی ئێكسپرێشینزمی کاریان ئەوە بوو، بە گفتوگۆکردن بە زمان و ئاکتی هونەری، بەدبەختییەکانی ژیانی مۆدێرنە بخەنە ڕوو. بەرجەستەکردنی ئەو نائومیدی و ناهەموارییانەی، کە لە ئەنجامی جەنگ و ماڵوێرانی و لایەنە نەرێنییەکانی مۆدێرنە، کە هاتبوونە بوون، هەموو ئەمانە ناسنامەی (Identity) قوتابخانەی ئێكسپرێشینزمی و ئەو ڕۆژگارە بوون.

بڕوانە:

  • ١. آنارسون، تاریخ هنرمدرن (نقاشی و پیکره سازی ومعماری درقرن بیستم)، م. مصطفی اسلامیه، چاپ اول موسسه انتشارات اگاه1375اگ

٢. ٢. احمدی بابک، موسیقی شناسی فرهنگ تحلیلی مفاهیم، چاپ: اول، نشر مرکز، تهران، ١٣٨٩، ٤١٢.

گەلەرییەکی ئۆنلاین بۆ فیلمی بڕۆ دەرەوە

دیدی من – زە هەفینگتن پۆست، درێد سێنتراڵ

لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ

بڕۆ دەرەوە، فیلمێکی نایاب و هەستبزوێنی کۆمەڵایەتییە، لە لایەن جۆردان پیلەوە نووسراوە و دەرهێنانی بۆ کراوە. فیلمەکە باس لەوە دەکات کە چی ڕوو دەدات کاتێک خانمێکی سپیپێست خۆشەویستە ڕەشپێستەکەی دەهێنێتە ناو ژیانی خۆی، دواتر بە خێزانەکەی خۆی دەناسێنێت.

بینینی فیلمەکە تەنها سەرەتایە، چەندەها هەقیقەت و هێما و چرکەساتی تێدایە، کە بە درێژایی فیلمەکە شاردراونەتەوە و شایەنی وردتەماشاکردن و لێکۆڵینەوەن، هەر لە قسەکردنەوە تاوەکو یادگاریەکان کە لە فیلمەکەدا هەیە.

لەژێر کاریگەربوون بە فیلمی “بڕۆ دەرەوە”، گەلەرییەکی هونەری ئامادە کرا، بە بەشداریی چەند هونەرمەندێک. لەوانە کۆڕی بارکسدەیڵ، فرانک مۆریسۆن، سیندیسۆ نیۆنی، جێرماین رۆجەرس، شارلین ئارتی و تاج تێنفۆڵد.

This slideshow requires JavaScript.

لە یەکێک لە ئیلوسترەیشنەکاندا، کە لە لایەن شارلین ئارتی کێشراوە، فرمێسکی ڕەش بە چاوەکانی جۆرجینای ئەکتەردا دێتە خوار. هەروەها کارەکەی سیندیسۆ نیۆنی ڕوخساری کریسی ئەکتەر پیشان دەدات، کە لە ترساندا بەستوویەتی، لە پاڵ چەند وشەیەکدا، کە دەڵێت: “وەک خێزان مامەڵەمان لەگەڵدا دەکەن.”

گەلەرییەکە ئۆنلاینە و لەگەڵ گوتەیەکی جۆردان پیڵ دانراوە، کە دەڵێت: “هونەر تاکە ئامڕازە کە هەمانبێت دژ بەو هەقیقەتە سامناکەی گەردوون. هیوا دەخوازم ‘بڕۆ دەرەوە’ ئەزموونێکی گشتگیر بێت، هانی خەڵک بدات کە ئەوەی دەیانەوێت بیڵێن.”

پڕۆژەی ئێستا، پڕۆژەی چاوەڕوانبوون

دیدی منپشتیوان کەمال

فۆتۆ: پشتیوان و شێنێ

پڕۆژەی ئێستا، پڕۆژەیەکی هونەریی وماڵپەری کلتووریی سولی ئۆنە و لە ڕۆژانی ٢٧-٣١\٣\٢٠١٧، لە ژێرزەمینی ئەمنەسوورەکەی شاری سلێمانی لە نماییشدا بوو. پڕۆژەی ئێستا بۆ ماوەی نۆ مانگ کاری تێدا کراوە، سەرەتای دەستپێکردنی ئەم پڕۆژەیە بۆ ساڵێک و سێ مانگ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بەڵام  نۆ مانگی تەواو کاریان لەم پڕۆژەیەدا کردووە. ئەم پڕۆژە هونەرییە شەش هونەرمەند بە حەوت کاری هونەری تیایدا بەشدارن.

پۆستەری پڕۆژەی ئێستا

ئازەر عوسمان، ڕێکخەری پڕۆژەکە، لەبارەی کۆنسێپتی پڕۆژەکەیانەوە بۆ دیدی من گوتی: “ئێمە کارمان لەسەر چاوەڕوانیکردن یان چاوەڕوانی لە کۆمەڵگەی ئێستادا کردووە. پڕۆژەکە پەیوەستە بەو کێشە و ڕووداوانەی کە لە کۆمەڵگەی ئێستای ئێمەدا ڕوو دەدەن، یان لەو واقیعەی کە ئێستا خۆمانی تیادا دەژین. ئەو شوێنەی ئێمە کارمان تیادا کردووە، بۆ دروستکردنی پرسیارێکی نوێیە، تا بتوانین لە فۆڕمێکی نوێدا پیشانی بدەینەوە، بە شێوازێک کارمان کردووە تاوەکو کێشەیەک بخەینە ڕوو لە بەرانبەر ڕۆڵی کلتووردا، چونکە کاتێکیش دەڵێین کلتوور، بەرکەوتەیە لەگەڵ ئەم کێشانەدا، بۆ ئەوەیە بتوانین کلتووریش ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە فۆڕمێکی تردا.”

هەروەها دەڵێت: “ئێمە هەمیشە دەڵێین هونەر کێشە دەخاتە ڕوو، ئەویش بە پیشاندانی وێنەیەک، جا ئەو وێنەیە چ واقیعی بێت یاخود وێنەیەکی خێرابێت لە گوزارشتیدا، کە لە بەرانبەر بینەردا دەیخاتە ڕوو. کارەکان هەریەکەو لە پرسیاری هونەرمەند خۆیەوە دەستی پێ کردووە، لە نموونەی کارەکان کە خۆتان دەیبینن، بە شێوەیەک کاری تیادا کراوە، کە بەر واقیعی کەسەکە خۆی بکەوێت، یاخود کەسێک ئەو تاکەی لە پڕۆژەکەدا بەشدارە لە کوێدا بەر چاوەڕوانی دەکەوێت، یاخود لەو دۆخەی ئێستا تیایدا دەژین، لە کوێدا شتێک دەبێتە پرسیارێکی دیاریکراو بۆی.”

هەڵوەرینی قژ

کۆکردنەوەی قژی خۆم کە لە ماوەی٢٧٠ڕۆژدا لە چاوەڕوانی و سترێسدا وەریون.

دیدەن عەلی

 بۆ کارە هونەرییەکەی دیدەن، خۆی لەویادا بەر چاوەڕوانی دەکەوێتەوە، لە بابەتێکی کۆمەڵایەتییەوە کە ئەویش هۆنینەوەی قژە، کاتێک باس لە چاوەڕوانی دەکەین، یاخود لە گێڕانەوەی شتێک کە پەیوەست بووە بەوەی تا چەند ئەو قژە دەهۆنیتەوە بۆ درێژبوونەوەی، بۆ ئەوەی ماوەکەی بزانیت. سێسەد و چلوپێنج دانە لە ژمارەی قژی خۆی، سێسەد و چلوپێنج دانە ڕۆژ دیدەن قژی خۆی هۆنیوەتەوە و کۆی کردووەتەوە و ئەم کارە هونەرییەی پێ ئەنجام داوە. واتە ڕۆژانە ئەم لەگەڵ کارەکەدا ژیاوە.

This slideshow requires JavaScript.

 لە کارە هونەرییەکەی ئازەر عوسماندا، ئەو کاری لەسەر دوو بەش کردووە، ئەوانیش ئەوەن کە پرسیارێکی ڕاستەوخۆ لە بینەر دەکرێت: ”ئایا ئەو چاوەڕوانی چییە؟” لایەنێکی تری کارەکە، بریتییە لە پەیوەستبوون بە میدیای نوێوە، میدیای نوێ ڕۆڵێکی کۆنترۆڵ دەگێڕێت، یان چاودێریکەر. ئەم کارە کارێکی ئۆنلاینە و لە شوێنێکی تر بەری دەکەوینەوە و بەر وەڵامەکەی خۆت دەکەویتەوە. بەشێکی تری بریتییە لەو ترسەی کە لە بەرانبەر کامێرادا، لە بەرانبەر ئۆنلایندا هەیە. ئەو ترسەی هەتە کە ناتەوێ بگوازرێتەوە بۆ ئەوی دیکە، هەمیشە دەتەوێت لە چوارچێوەیەکدا بمێنێتەوە، کە پارێزراو بێت.

This slideshow requires JavaScript.

ئازەر دەڵێت: “زۆرترین وشە کە لە پڕۆژەکەی مندا نووسراوە، وشەی هیچە، یاخود گۆدۆ، چەند جارێک ئەم وشەیە نووسراوەتەوە، بۆیە دەبینین ڕەنگە ئەمە بەرکەوتەیەکی شانۆییش بێت. بەتاییەتی لەسەر دۆخی ژینگە شتی نووسیوە یاخود کلتوور یان سیاسەت. من لێرەدا کارم لەسەر ئەوە کردووە. لە دوو شوێندا کارم کردووە و شوێنت بۆ دیاری دەکەم بۆ ئەوەی ترست نەبێت و ترست بۆ دروست نەبێت و سەربەست بیت لە وەڵامەکەتدا، سەربەست بیت لەوەی کە پرسیارێکت لێ دەکرێت.”

خاتوو ڕووز بە دوو ئیش بەشدارە، لە کاری یەکەمدا ئیشی لەسەر ژماردنی ڕۆژەکانی خۆی کردووە. کارەکە کارێکی پێرفۆڕمانسە، ئیشی لەسەر ژماردنی ڕۆژ کردووە، کە ئەمە خەڵکیش تیایدا بەشداری دەکات. وەک یارییەک وایە و خەت دەکێشین. “ئەو لێرەدا کاری لەسەر پووچی کردووە، یاخود ئەو پاسیڤییەی چاوەڕوانی، کە هەر چاوەڕێ دەکەیت و بە هیچیش ناگەیت. وەکو ئاماژەم پێ دا، هەموو ئەمانە پەیوەستن بە کۆمەڵگەی ئێمەوە، بۆ نموونە ئێمە هەموومان چاوەڕوانین و هیچیش ڕوو نادات”؛ ئازەر گوتی.

 کاری دواتر بریتییە لە کارەکەی بەهرۆز خالید، کە کارێکی هونەریی مینیماڵە و کاری لەسەر فۆڕمێکی خێرا کردووە، کە ڕاستەوخۆ پێت دەڵێت تۆ چاوەڕێیت.

هەروەها ئازەر گوتی: “شتێکی جوانی تری ناو پڕۆژەکە، ئەوە بوو کە ڕاستە خۆمان کارمان لەسەر چاوەڕوانی دەکرد، بەڵام خۆیشمان لە هەمان کاتدا بەر چاوەڕوانی کەوتین. چاوەڕوانی ئەوەین کە بەردەوام فۆڕمەکان دروست ببێت، چاوەڕێی ئەوەین کە گفتوگۆکانمان چڕتر بێت، چاوەڕێی ئەوەی فۆڕمێک دروست بکەین ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو واقیعەدا بێت کە خۆمانی تێداین.”

مووچە

مووچە دیارترین بابەتی چاوەڕوانییە لەم بارودۆخەی ئێستادا بە جۆرێک هێندەی چاوەڕوانییە بۆ لێدانی دڵ و لە کار کەوتنی.

گۆڤار بابە

گۆڤار کاری لەسەر مووچە کردووە، ساڵەکانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧، لە ساڵی ٢٠١٤ چەند مووچە دراوە و ساڵانی دواتریش. هەموو ئەم کارە پشتی بە داتا بەستووە و داتاکان لە وەزارەتی دارایی وەرگیراوە.

دواهەمین کار، کاری شێرۆیە و بەرکەوتەی لایەنە سیاسییەکانە. تۆپێک هەڵدەدرێت، لای شێرۆ ئەو تۆپە چارەسەرە و ئەوانەی لە ناو خانەکاندان لایەنەکانن، لەوانە حکومەت و پەرلەمان و حیزبەکان و تا دوایی. تۆ یاری بە تۆپەکە دەکەیت، تا بزانیت چارەسەر لای کامیانە، بەڵام کاتێک یاریی پێ دەکەیت، دەبینین کە چارەسەر لای هیچیان نییە و تۆپەکە لای هیچیان ناوەستێت.

سەرەتا چارەسەر دواتر گەڕان، بە دوای لایەنی بەرپرس و پەیوەندیدارپاشان چاوەڕوانکردنی ئەنجام ٨ لایەن بوونیان هەیە لەم قەیرانە.

بەڕای تۆ کۆتایی لای کێیە؟

شێرۆ بەهرەدار

This slideshow requires JavaScript.

سەبارەت بە کۆکردنەوەی ئەم هونەرمەندانە بۆ دروستکردنی ئەم پڕۆژەیە و کارکردن لەسەر هەمان کۆنسێپت، کە ئەویش چاوەڕوانییە، ئازەر گوتی: “دەتوانم بڵێم ئەمە مێژوویەکی هەیە. من لە ٢٠٠٧ەوە وەک ڕێکخەری هونەری کارم کردووە لە بواری هونەری نوێدا. وەک ڕێکخەری هەشت پڕۆژە کارم کردووە. پێشتر وەک گرووپی سولی ئۆن کارمان کردووە و ئێستاش وەک ماڵپەری سولی ئۆن. ئەمە دووەم پڕۆژەی وێبسایتی سولی ئۆنە. پڕۆژەی یەکەم پڕۆژەی Touch بوو، ئەمەشیان پڕۆژەی ئێستا. وەک چۆن خۆمان لە بواری کلتووردا کار دەکەین، خۆمان بە بەرپرسیاریش دەزانین کە پڕۆژەمان هەبێت و تەنها لە چوارچێوەی تێکستدا کارەکانمان نەکەین. وەک ئەزموونی خۆم، لە دروستکردنی پڕۆژەدا، کۆنسێپتی کارەکان دەنووسمەوە و کۆنسێپتەکەش لە بۆشایی ناو خەڵکەوە وەردەگرم. هەمیشە حەزم کردووە لەو بابەتەدا کار بکەم کە بەر خەڵک دەکەوێتەوە. لە پڕۆژەکەی پێشترمان، Touch، کارمان لەسەر ئەوە کردبوو کە تەکنەلۆژیا چ کاریگەرییەک لەسەر تاک دروست دەکات، وەک دەبینین چاوەڕوانی لە هەموو چینوتوێژێکدایە، چاوەڕوانیی باشبوونی مووچە، چاوەڕوانیی کارەبا، قەیران نەمێنێت، جەنگ نەمێنێت، هەموو شتێک، هەموو شتێک وابەستە دەبێتەوە بە چاوەڕوانییەوە، بەڵام کەسیشمان جووڵەمان نییە. لێرەدا ئیشی کلتوور ئەوەیە قسەی هەبێت و ئایا دەبێت چی بکات؟ هەر ئەمەش ئەو پڕۆژەیەی دروست کردووە.”

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە چاوەڕوانی چ پەیوەندییەکی بە مۆدێرنەوە هەیە، ئازەر گوتی: “تایبەتمەندیی من لە میدیای نوێدایە. میدیای نوێ هەمیشە نوێ دەبێتەوە. ئەم نوێبوونەوەیە هەمیشە خەڵک کاری لەسەر دەکات، بەرکەوتەی هەیە لەگەڵیدا، بەڵام پرسیار ناکات بۆ، کاتێک بەر تازەترین تەکنەلۆژیای مۆبایل دەکەوین، بەر تازەترین ئەپدەیتەکان، بەکاری دەهێنین، بەڵام نازانین بۆ، نازانین ئۆنڵاین بۆ، تەنها وەک چاتێک دەیبینینەوە. لەو وردەکارییە تێناگەین کە لە ناو میدیادا بۆ دروست دەبێت، لەو سیستەمە سیاسییە تێناگەین کە بۆ میدیا دەخاتە ناوەوە، دەیەوێت چی کۆنترۆڵ بکات، چ پرسیارێک بکات یاخود چ بزنسێکی پێوە بکات. بۆیە زیاتریش کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین، چونکە بابەتێکە ڕۆژانە بەری دەکەوین و ڕۆژانە لەگەڵیدا دەژین. کاتێکیش پڕۆژەکە دەخەمە بەردەم هونەرمەندەکە، کۆنسێپتەکەی دەخەمە بەردەم وەک ڕێکخەرێک، جۆریک لە هەڵبژاردەیان دەدەمێ تاوەکو هەڵبژاردەکان لە نێو میدیای نوێدا بێت.”

جوانییەکانی جەنگ

دیدی من ماڵپه‌ڕی تایبه‌تیی عه‌بدوڵا عومه‌ری
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: هه‌ڵۆ فه‌ریق

عه‌بدوڵا عومه‌ریی شێوەکار و فیلمسازی سوریی، ساڵی ١٩٨٦ لە دیمەشق لەدایک بووە. ئه‌و ئەدەبیاتی ئینگلیزی لە زانکۆی دیمەشق تەواوکردووە، دواتر ڤیژوەڵ ئارتی لە پەیمانگای ئەدهەم ئیسماعیل تەواو کردووە. عه‌بدوڵا لە چەندین فیلمی ئەنیمەیشن و دروستکردنی ڤیدیۆدا بەشداریی کردووە و یەكێكیش بووە لە بەشداربوانی فیستیڤاڵی سینەمای نەتەوەیی لە دیمەشق. له‌ ئێستادا عه‌بدوڵا لە وڵاتی بەلجیکا پەناهەندەیە و لە سبۆسڵسیی پایتەخت ده‌ژی.

وەک وەڵامێک بۆ هاوکاریکردنی ئەو منداڵانەی کە لە ململانێکانی سوریادا بوونەتە قوربانی، عه‌بدوڵا پڕۆژه‌یه‌كی بە ناوی «جوانییەکانی جەنگ»ەوە ئه‌نجام دا، تێیدا بە چەند تابلۆیەک دۆخی منداڵانی ئاوارەی سوریای لە ژێر دۆخی نالەباری جەنگدا خستووەتە ڕوو.

This slideshow requires JavaScript.

منداڵێکی ٤ ساڵان هاوکاریی دایکە هونەرمەندەکەی دەکات بۆ تەواوکردنی نیگاره‌كانی

دیدی منلۆست ئەت ئی ماینەر

له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: ساڤان ئاكۆ

وێنەکێش و هونەرمەند و دایک، میسا ئەنجێلا بڕیار دەدات لەگەڵ کچە چوار ساڵانەکەی هاوبەشیی کارەکەی بکات و ڕێگه‌ی بدات بە کێشانی جەستە بۆ ئەو سەرانەی نیگاری کردوون، کارەکەی بە نرخ بکات، میسا گوتی کە ئەو ”زۆر باوەڕی بە خۆی بوو و سوور بوو لەسەر ئەوەی کە دەتوانێت هەموو وێنەیەک کە کێشاومە باشتر بکات، هەروەها توانیشی وا بکات.“ دەرئەنجامەکان جوان و سەیروسه‌مه‌ره‌ن.

This slideshow requires JavaScript.

گوگڵ ئاڕت پڕۆجێكت: ورده‌كاریی نیگاره‌كانی ڤان كۆخ‌

دیدی منژیوار جه‌وهه‌ر

گوگڵ ئاڕت پڕۆجێكت، پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی مۆزه‌خانه‌ گه‌وره‌ و بچووكه‌كان، كلاسیک و مۆدێرنه‌كان و ده‌زگا ئه‌كادیمییه‌ نێوده‌ڵه‌تییه‌كانی چل وڵاته‌. پێكه‌وه‌ توانیویانه‌ زیاتر له‌ چل‌ هه‌زار فۆتۆی ئاستبه‌رزی ئه‌و نیگارانه‌ بگرن، كه‌ له‌سه‌ر كانڤاس دروست كراون.

هه‌ندێک له‌ نیگاره‌كان به‌ فۆڕماتی گیگاپیكسڵ به‌رده‌ستن؛ ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ورده‌كار‌یی ته‌واوی ئه‌م شاكارانه‌ ببینیت.

له‌ پڕۆژه‌كه‌دا، بێجگه‌ له‌ فۆتۆ ئاستبه‌رزه‌كان، به‌ ڤیدیۆ و به شێوازی  ده‌نگی، باس له‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كان ده‌كرێت، به‌ نووسراویش چه‌ند زانیارییه‌كی ورد له‌سه‌ر نیگاره‌كان‌ هه‌یه‌، چه‌ندین خزمه‌تگوزاریی دیكه‌ش.

ئه‌م فۆتۆیانه‌ی خواره‌وه‌، هه‌ڵبژارده‌یه‌كی كه‌من له‌ كاره‌كانی نیگاركێشی هۆڵه‌ندیی ئیمپرێشیۆنیست، ڤان كۆخ.

ده‌توانیت ته‌واوی كاره‌كانی ڤان كۆخ له‌ پڕۆژه‌ی گوگڵ ئاڕت پڕۆجێكت، له‌ ویكیمێدیا ببینیت.


The Starry Night – 1889
73 × 92 cm (28.7 × 36.2 in). Oil on canvas
Museum of Modern Art



Enclosed Wheat Field with Peasant / Landscape at Saint-Rémy – 1889
29 × 36.25 in (73.7 × 92.1 cm). Oil on canvas
Indianapolis Museum of Art





Poppy field – 1890
Height: 827 mm (32.56 in). Width: 1,020 mm (40.16 in). Oil on canvas
Gemeentemuseum Den Haag




Starry night over the Rhône – 1888
Height: 720 mm (28.35 in). Width: 920 mm (36.22 in). Oil on canvas
Musée d’Orsay



Olive Orchard / Olive Grove – 1889
73.03 × 92.08 cm (28.8 × 36.3 in). Oil on canvas
Nelson-Atkins Museum of Art



The Rocks – 1888
Height: 549.402 mm (21.63 in). Width: 657.352 mm (25.88 in). Oil on canvas
Museum of Fine Arts, Houston



Wheat Field with Cypresses – 1889
Height: 73 cm (28.7 in). Width: 93.4 cm (36.8 in). Oil on canvas
Metropolitan Museum of Art



Self-portrait, 1889
Oil on canvas
National Gallery of Art

کێشراوی سەر لێواری کتێبەکان

دیدی من – ئەیب‌بووک

لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ


کێشراوی سەر لێواری کتێب، کە بۆ جوانکاری لەسەر لێواری کتێبەکان دەکرێت، لە کۆندا تەنها بۆ ناساندنی کتێبەکە کراوە، تا ئاسانتر بتوانرێت کتێبێک بناسرێتەوە.

لە دەوروبەری سەدەی شازدەیەمدا، هونەرمەندێکی ئیتاڵی بە ناوی کێسارۆ ڤێسێلۆ، دەستی کرد بە کێشانی سەر لێوارەکانی کتێب و ئەم هەلەی بە باش زانی بۆ جوانترکردنی کتێبەکان و وەک ئەوەی لەسەر کانڤاس وێنە بکێشێت، مامەلەی لەگەڵ دەکرد.

ئەم جۆرانە لە کێشراوی سەر لێوارەکان، تەنها لە کاتێکدا دیارە کە پەڕەکان بە شێوەیەکی دیاریکراو هەڵدەدرێنەوە. زۆر کات جۆرە وەستانێکی تایبەت بە خۆی هەیە، تا نووسینەکە دەربکەوێت. هەروەها ستاندێکی هەیە، کە کتێبەکەی لەسەر دادەنرێت و دەتوانیت بە شێوەی ئاسایی خۆی تابلۆکێشراوەکە ببینیت. کاتێک کتێبەکە دادەخرێت، وێنە کێشراوەکە بە نەناسراوی و ناڕوون بینراوی دەمێنێتەوە.

یەکێک لەو هونەرمەندانەی کە لە ئێستادا بە شێوەیەکی فراوان کارەکەیان دیارە، هونەرمەند مارتین فرۆستە، کە لە ساڵی ١٩٧٠وە تا ئێستا، چەندین وێنەی سەر لێواری کێشاوە، کە لە ژماردن نایەت.

This slideshow requires JavaScript.

ئاسن، لە کەرەستەی جەنگەوە بۆ هونەر

دیدی منلاژە تەها

لە کاتێکدا کە هونەری سەرشەقام و دیواربەندی هونەری لە باشووری کوردستاندا هونەرێکی پشتگوێخراوە، شێوەکار عوسمان ئەحمەد، دوایین پڕۆژەی هونەریی خۆی لە شێوەی پەیکەری لادیوار، بە ناوی پڕۆژەی ئەنفال، نماییش کرد.

کارەکە گێڕانەوەی یادەوەریی هونەرمەندە وەک شایەتحاڵێکی کارەساتەکە لە ڕێگەی هێڵکارییەوە، لە دوازدە فیگەر و سەگێک پێک هاتووە و بە مادەی ئاسن نەخشێندراوە.

شێوه‌كار عوسمان ئه‌حمه‌د

دیدی من دیمانەیەکی تایبەتی دەربارەی پڕۆژەکە، لەگەڵ شێوەکار ڕێک خستووە:

هەڵبژاردنی جێگە بۆ ئەم کارە چۆن بوو؟

لەڕاستیدا من هیچ هەڵبژاردەیەکم نەبوو، کاتێک کاک دڵشاد تەلەفوونی بۆ کردم، که له بەڕێوبەرایەتیی شێوەکاریی سلێمانی پێشنیاریان کردووه، که یەکێک له کارەکانم بکەن به دیواربەند لای گردی ڕیعایه. منیش خۆشحاڵیی خۆم دەربڕی و هەر بەیانی چووم بۆ توێژینەوە و وێنەگرتنی ئەو دیواره، تا تێگەیشتنی تەواوم هەبێت له جوگرافیای ناوچەکه. حەز دەکەم ئاماژه بەوه بدەم، ئەم شوێنه زۆر ڕووی باشی تێدایه و هەندێ خراپییشی هەیه، بەڵام لایەنە باشییەکەی زیاتره و خزمەتی کارەکە دەکات و زۆرترین بینەری دەبێت له چاوی گەنجان و منداڵانی شار، ون نابێت. منیش ئەوەم دەوێت، بۆ ئەوەی ئاییندەیەکی شکۆمەند و ئازاد مسۆگەر بکەین، دەبێت هەمیشه ڕابردووە ناخۆشەکانمان لەبەرچاو بێت.

هەبوونی ئاژەڵێک لە کارەکەدا، تایبەتمەندییەکی تری بە کارەکە داوە؛ گەر باسی ئەم خاڵە بکەیت و هۆکاری هەڵبژاردنی سەگ چییە؟

ئیمه لەگەڵ گیانلەبەردا هاوبەشی ژیانین، که ژیان له ئێمه تێک چوو، ئەوانیش لێیان تێک ده‌چێت و سرووشتی ژیان وایه. دوای ئەو کەسانه دەکەون که ئولفەتیان پێوه گرتووه و ئاگەداری بوون، به یەکەوه ژیاون. بەتایبەتی سەگ، که ئاژەڵیکی بەوەفایه مرۆڤ جێ ناهێڵیت له ناخۆشییەکانیشدا هاوبەشیی دەکات دوای دەکەوێت.

بۆچی کارکردنی تۆ بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ئەنفالە؟ ئایا ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ یادەوەریی تایبەتیت وەک شێوەکار؟

من وەک شایەتحاڵێکی ئەنفال، که له ئەنفالی دوو و سێدا به چاوی خۆم گوندەکانی ناوچەکەم بینی چۆن دەسووتان، خەڵکەکەیان ناچار دەکرد که زێدی خۆیان جێ بهێڵن و دواتر له کەمپی کراوەدا کۆیان بکەنەوه و ئەوسا له یەکیان داببڕن و به زیلی عەسکەری و تراکتۆر و پاس بەرەو خوارووی عێراقیان ببەن. لەو کاتەوه، واتا لە ساڵی ١٩٨٨ەوە، بڕیارم دا گەر زیندوو مام، دەبێت چیرۆکی ئەنفالکراوکان و کۆمەڵکوژییەکان له هەموو ئەو کەسانەی که بێئاگا بوون لەم مەرگەساته، بەئاگا بهێنم و کاریگەرییان لا بەجێ بهێڵم. خۆشحاڵم ئەم کارەم کرد و بینەرێکی گەورەم بۆ کارەکانم پەیدا کرد، بەوەی چەند جارێک له بەناوبانگترین مۆزەخانەی جیهانیدا کارەکانم پیشان داوە و ئەرشیڤ کراوه.

هەر بۆیه یادەوەرییەکانی خۆم له مەرگەساتی ئه‌نفال کرد به خوێندنێکی ماستەر، له ٢٠٠٧دا تەواوم کرد و پاشان بۆ ئەوەی یادەوەرییه نیشتمانییەکان زیندوو ڕابگرم، له مەرگەساتی ئەنفالدا خوێندنی دکتۆراکەم لەسەر دۆکیومێنتکردنی یادەوەریی قوربانییان و زیندوانی ئەنفال جێبەجی کرد، که پانزە زیندووی کەمپەکانی نوگرەسەلمان و تۆپزاون و به سەده‌ها وێنەم بۆ کێشاون و دیۆکیۆمێنت ئەرشیف کراون.

کاری هاوشێوەی ئەم پڕۆژەیەت لە داهاتوودا هەیە؟

به دڵنیاییەوه. ئەمه سەرەتایه و گەر پشتیوانی هەبێت، ئەوا کاری ئامادەکراو هەیه و دەمەوێت هەموو یادەوەریی قوربانییەکان بە مۆنۆمینت و پەیکەر له شوێنه گشتی و مۆزه‌خانەکاندا دابنێم.

جیاوازیی ئەم کارە بەراورد بە کارەکانی ڕابردووت، بەتایبەت لە ڕووی کەرەستەوە، چییە؟

جیاوازییەکی زۆری هەیه، چونکه من بە قەڵەم و کاغاز و کانڤاز کارم کردووه و ئیستا گۆڕیومه به ئاسن. بەڵام ئەم ئەزموونه خۆشحاڵم دەکات، چونکه کارەکەم له کارێکی تاکەکەسییەوە چووه قۆناغی کارێکی گرووپییەوه و ئەزموونی جیاواز تێکەڵ به یەک بوو، من زۆر لەو گرووپه فێر بووم که به یەکەوه کارمان کرد بۆ ئەم پڕۆژەیه. لێرەوه دەمەوێت سوپاسی هونەرمەندان کاک تەها کەریم، بەرهەم تەیب و سەفینی ئاسنگەر و هەموو ئەو بەڕێزانەی که به شێوەیەک هاوبەشییان کردەووه له سەرکەوتنی کارەکەمان.

ئیستا ئەم کاره یادەوەریی ئیشەکانی نەتەوەیەکه و به گرووپێک دروستمان کردووه، ڕازیبوونێکی زۆرم هەیه لەو سنوورەی که بڕیم، ئەویش بەوەی که توانیم هیڵه ئاسنەکان که به هەست گوزارشت له نەهامەتی و دابڕان و مردن دەکات، به ئاسنێکی ڕەق جێبەجی بکەم. ئەو ئاسنەی که ئێمەی پێ بۆمبباران و کیمیاباران دەکراین، فیشەک و ناپڵمەکانیان به فڕۆکە دەخسته خواره‌وه، ئیستا من هەستی هێڵێکی ناسکم پێ داوه، که گوزارشت لە کۆمەڵکوژی و نەهامەتییەکانی نەتەوەکەم دەکات.

This slideshow requires JavaScript.

باوکێک وێنە کێشراوەکانی منداڵەکەی دەکاتە هەقیقەت

دیدی من –  برایت ساید

لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ

منداڵان حەزیان بە وێناکردنی شتەکان و کێشانیانە، ئێمەی گەورەکانیش سەرسام دەبین بە داهێنان و بیرکردنەوەکانیان. باوکی منداڵێکی شەشساڵان پێگەیەکی تایبەتی بۆ منداڵەکەی کردووەتەوە و تیایدا وێنەکانی بڵاو دەکاتەوە و بە هاوکاریی بەرنامەی کۆمپیوتەریی فۆتۆشۆپ، دەیانگۆڕێت بۆ هەقیقەت.

دەرئەنجامەکەی دروستبوونی گەردوونێکی بە تەواوی جیاوازە لە گیاندارانی نامۆ و مووشەک و ئۆتۆمبێلە. پێکەنین و زەردەخەنە لە لای هەر کەسێک دروست دەبێت کە سەیری ئەم کارە ناوازانە دەکات.

This slideshow requires JavaScript.