Category Archives: ڕەخنە

سینەمای کوردی، گیرخواردووی تەڵزگەی چیرۆک و جووڵە مردووەکان، بەشی دووەم و کۆتایی

دیدی من
چێنەر بەدری

جووڵە

”ئەو کاتەی بابەتی جووڵە هاتە ناو دونیای فەلسەفەوە و فەیلەسووفەکان هەوڵیان دەدا بۆ تەفسیرکردنی، سینەما هاتە بوون.”

                                 ژیل دولوز

خاڵی بەهێزی دەرهێنەرانی قوتابخانەی سینەمای نوێی فەڕەنسی، کۆنسێپتی جووڵە و گرتەگرتنێتی، کە بۆیان دڵی سینەمایە وئامانجی بەرهەمهێنانی فیلم و جیاوازی لەگەڵ فۆڕمە هونەرییەکانی تردا لێرەوەیە، هەروەها بۆ ئەدیب و ڕۆماننووسە جیهانییەکانیش هەمیشە خاڵێک بووە بۆ لەسەروەستان و هەوڵ بۆ تێگەیشتنی پەیوەندی لەگەڵ کردار و دەروون و ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەسەر خود و بەرانبەر دروستی دەکات،  ئەمەش لە پزیشکی لادێ و ئەمەریکای کافکادا دەگاتە ئەو ئاستەی، کە تەواوی بابەتە ورووژاوەکانی تر بۆ ئەوە بەکار دێت، بەردەوام بیر لە جووڵە بکەینەوە،  بەتایبەتی ڕۆمانی ئەمەریکا، کە بە ئەو پیاوەی کە وون بووش ناسراوە (١٩١١-١٩١٤)، بۆ مارکسیش (زۆرترین سەردەممان لە بیرکردنەوەدا بردووەتە سەر و ئێستا کاتی کارە)م کاریش لێرەدا هەستانە لەسەر کورسییەکان و دروستکردن و ئەنجامدانی جووڵەیە

جووڵە پڕۆسەیەکە لەگەڵ مۆدێرنەدا دێتە ناو دونیای فیکر و شیکردنەوەی بۆ دەکرێت و ڕەهەندەکانی دەستنیشان دەکرێت، تا مۆدێرنە ئامادەیی خۆی ڕانەگەیەنێت و شێوەی خۆی دەرنەخات، ئەستەمە قسە لەسەر جووڵە بکەین وەک کایەیەکی هزری و جێی تێڕامان. لێرەوە ئێمەیەک کە لە چوارلاوە تەوق دراوین بە ترادیشناڵ و ژیانکردنی سوننەتی، سینەمای ئێمە وا لێ دەکات کامێرایەکی چەقبەستوو و  وێنەیەکی وەستاومان بۆ بەرهەم بێنین، لەبری جووڵە و خێرایی. تاقانە وێنە بخەینە سەر شریتی فیلم و بەدیار دیمەنێکەوە دابنیشین، لەبری وێنەی بەردەوام و بازدان بەسەر پێگرەکاندا.

دونیای ئێمە، دونیای زۆربڵێیی و ورتەورتە نەبڕاوەکانە، ئەمەش بە هەمان شێوەی خاڵی پێشوو، پەیوەندیی بە ژیانکردنی مۆدێرنانە و ترادیشناڵەوە هەیە؛ دونیای مۆدێرنە  دونیای ئەکتەکانە، پرەنسیپەکان و هەڵسەنگاندنەکان لەگەڵ ئاکتدا تاووتوێ دەکات، بەڵام دونیای ئێمەی ترادیشناڵ هەمیشە لە قسەکردن و مەنەلۆگدا گیرخواردووی ئەوەیە، کە ئایا زیاتر بدوێین یان کاتێکی نادیاری داهاتوو پێشنیاربکەین بۆ ئاکت، هاوشێوەی  سیفەتی کارەکتەرەکانی نووسەری ئێمە، کە بێگومان گواستنەوەی واقیعی تاکی ئێمەیە بۆناو کتێبەکان، هەمیشە لە ورتەورتێکی نەبڕاوە و خۆدواندایە، دانیشتنە لەسەر هەمان کورسی بێ جووڵە یان دروستتر، دەستگرتنە بە کورسییەکەی ژێریەوە و توندگیرکردنی پێیەکانی لە زەوی. هەر هەوڵێکیش بۆ خستنەبەر کامێرای ئەم جیهانە و نماییشکردنی لەسەر سکرینەکان، دیمەنی کامێرایەکی چاودێری دەگوازێتەوە، نەک کامێرا و چاوێکی سینەمایی.

وەک بەرچاو ڕوونییەک بۆ خوێنەر، کارێکی گرنگ بۆ بەراوردی ڕەخنە و بەرهەمی ئامادە ئاماژە بە چەند فیلمێک بدەین و لەگەڵ ئەو پرسانەی لە بابەتەکەدا ورووژێندراون، بەراورد بکەین:

– فیلمی ژانی گەل، ڕۆمانێکە لە نووسینی نووسەر و سیاسەتمەدار، ئیبراهیم ئەحمەد و جەمیل ڕۆستەمی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و لە لایەن کۆمپانیای سولی فیلمەوە کاری بەرهەمهێنانی بۆ کراوە. ئەوەی کە وای کردووە ئەم فیلمە ببێت بە بابەت بۆ قسەکردن و بەراوردەکەمان، دوو خاڵی سەرەکیین:

١- ئاشکرایە کە لە دونیای سینەمادا و قۆناغی یەکەمی، کە سیناریۆیە، پڕۆسەی داڕشتنەوەی فۆڕمە ئەدەبییەکانی وەک شیعر و چیرۆک و ڕۆمان و ئەفسانە، دەگۆڕدرێن بۆ دیمەن و شێوازی تایبەتی ئەکادیمی، بەگشتییش نووسەری داڕێژەرەوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەرچاو شێواز و ئایدیا تایبەتییەکانی خۆی تێکەڵ بە بابەتەکە دەکات، تا ئەو ئاستەی لە زۆربەی حاڵەتەکاندا تەواو خۆی جودا دەردەخات لە بەرانبەر نووسینە ئۆرگیناڵەکەدا، ئەمەش بە هۆی

 کاری  نووسەرەوە و گوێزەرەوە، کە تەنها لە شێوازە داڕشتنەوە ئەکادیمییەکەدا قەتیس نابێت، بەڵکو گۆڕینی وێنەی هزرییە بۆ وێنەی ڕاستی و دونیابینیی ئایینی، تا بتوانێت لە ڕێیەوە گرتنی بە چاوی کامێراکان و بەوێنەکردنی ئایدیاکان کارێکی کردەیی بێت، هەروەک کە لە فیلمی ڕۆمیۆ و جولیێتی باز لورماندا (١٩٩٦) دەیبینین؛ لورماند وەک دەرهێنەر و داڕێژەرەوەی دەقی شانۆی ڕۆمیۆ و جولیێتیی شەکسپیر تا ئەو سنوورە دەڕوات، کە ئەگەر کەسێک بەرهەمەکانی بەرگوێ نەکەوتبێت و بە جارێک بیانخەیتە بەردەستی، بێگومان کەمترین هاوشێوەیی و لێکچوون دەبینێت لە نێوانیاندا، بە هۆی گۆڕینی کات و شوێن و شێوازی ژیان و و دیکۆر و لۆکەیشنەوە، کە سەد لە سەد جودایە لەوەی کە شەکسپیر وێنای کردووە و نوسیوویەتی.

بە داخەوە فیلمی ژانی گەل هیچ خاسییەتێکی لەوانەی تێدا نییە، لەبری ئەوەش دەرهێنەر و نووسەری داڕێژەرەوە، هێند بە ئەقڵێکی ترادیشناڵی و بەبڤەزانینی گۆڕینی دەق کاری کردووە، کە خوێندنەوە و تەماشاکردنی فیلمەکە هەمان وێنە و هەمان دونیابینی و دیکۆر و لۆکەیشن و تەسەوری سەردەمی خۆی دەگوازێتەوە، ئەمە ئەگەر نەڵێین کەمتر دەگوازێتەوە، وەک ڕاو بۆچوونی ئەو کەسانەی کە دەقە ئۆرجیناڵ و وێنە سینەماییەکەیان بەراورد کردووە.

ژانی گەل لە کەڤەری گۆڤارە ئێرانیەکان

٢- لە لایەکی تریش، شێوازی گرتەکان وێڕای ئەو ژمارە بێشومارەی بڕین و پێکەوەگرێدانەوە و گۆڕینی لۆکەیشن و ڕێکردنی بەردەوامی ئەکتەرەکان، نەتوانراوە جووڵە وەک پرۆسەی گواستنەوە و جووڵە وەک کاری کامێرا نماییش بکات، لەم سۆنگەیەوەیە وێڕای بودجەیەکی زەبەلاحی تەرخانکراو، کە بێگومانم بە هۆی هۆکاری تایبەتەوە لە چەندین ملیۆن دۆلاری کەمتر بۆ تەرخان نەکراوە  و ئەکتەرانی تا ڕادەیەک لە باشترین ئەکتەرەکانی سەرشاشەکانمان، نەیانتوانیوە سادەترین خەڵات و ڕێزلێنان بەدەست بێنن و فیلمەکە  وەک هەڵبژێردراوێک لە فێستیڤاڵەکاندا  قبووڵ بکرێن، زیاتر بە هۆی ئەوەی لە سەرەتاوە ئەم بەرهەمە هێندە ئامانجێکی تایبەت و داخوازییەکی تاکەکانەیە، ئامانجێکی سینەمایی و هونەری نییە.

  • فیلمی بێکەس (٢٠١٢)، نووسین و دەرهێنانی کارزان قادر و بەرهەمهێنانی ساندرا هارمس و کارە تەکنیکییەکانیشی لە لایەن کاستێکی سویدی ئەنجام دراوە و وێنە گیراوە، هەر بۆیە تا ڕادەیەکی زۆر باش توانراوە جووڵە و دونیابینیەکان هاوتایی فیلمێکی سینەمایی ڕێ بکەن، کە بێگومان ئەم فیلمە دەتوانین پێی بڵێین تاقانە فیلمی سینەمای کوردی، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجی من بوو، بابەت و ناوەڕۆکی فیلمەکە و کۆتاییەکەیەتی.

سەرەتا لە سینەمای مۆدێرنی ئەورووپی بەگشتی و سینەمای فەڕەنسی، کە تەنها ڕکابەرێکی هۆڵیوودە، چیرۆک و گێڕانەوە وەک بیانوویەک بەکار دەهێنرێت بۆ نماییشکردنی ئایدیا وێنەکان و خێرایی و جووڵە و گرتە، لە ژانری جوانیناسی، ئەمەش بە زەقی لە سینەمای رۆبێرت بریسۆن و جان لۆک گۆدارد و فرانسیس تروفاوت و ئەوانی تر، کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی و تایبەتتر دوای ساڵی ١٩٥٥، پاش چەقبەستن و گیاندانی سینەمای ئەورووپیدا، بڕیاریان دا هەوڵ بدەن بۆ ئەنجامدانی باشترین فیلم و قووڵترین ئایدیا، بە کەمترین کەرەستە و کەمترین تێچوون، ئەمەش کۆمەڵە بەرهەمێکی لێ کەوتەوە کە تا هەنووکە و لە دوای پێشکەوتنە پێشبینینەکراوەکانی تەکنەلۆجیای تایبەت، هێشتاکە لە پێشەنگی باشترین فیلمەکانی جیهاندان.

بابەتی فیلمی بێکەس وەک هەر بابەتێکی ناو دونیای ئێمە، گیرخواردووی یادکردنەوە و خەیاڵێکی نۆستالژییە و تەواو سیخناخە بە دیمەنی جێی بەزەیی، ئەمەشە وای کردووە ختووکەی هەستی جەماوەر و بینەرەکانی بدات و هیچ ڕەخنەیەک یان کەمترین ڕەخنە ئاڕاستەی فیلمەکە کرابێت. لە بەرانبەردا نووسەر و دەرهێنەر، کە لە ناو جیهانی ڕۆژئاوا و سینەمای ئەورووپیدایە و ڕۆژانە بەریان دەکەوێت، دەیتوانی بە شێوازێکی جیاواز دەروونشیکاری بۆ تاک و کۆمەڵی کوردی بکردایە و لە کارەکتەرەکانیدا ڕەنگیان بدایەتەوە.

تێڕامانێکی تر، کە هەر یەکێک لە ئێمە بۆی دروست بووە، شێوازی کۆتاییپێهاتنی فیلمەکەیە، کە تیایدا هەوڵ دراوە بە شێوازێکی مۆدێرنانە و فۆڕمێکی نوێی گرتن لە چرکەیەکی ناچاوەڕوانکراو، هێشتنەوەی بۆشاییەکی بیری بۆ بینەر کۆتایی پێ بهێنرێت، بەڵام من پێم وابوو کە تەواو بوون و بەکارهێنانی ئەو تەکنیکە یەکەم کارە، کە لە لایەن کۆمپانیای سویدی و بە ناوی وڵاتی سویدەوە بڵاو دەبێتەوە و ژێرنووسی سویدییشی بۆکراوە، دەبوایە دەرهێنەر وریایانەتر دەستی بۆ تەکنیکێکی لەم شێوەیە ببردایە و لەو چیرۆکە لۆکاڵیانەدا دایبماڵیایە، کە تەنها لەهزری ئێمەدا بوونیان هەیە . دووەم، شوێن و چوارچێوەی چیرۆکەکە لە شوێنێکدا کۆتاهات، کە زیاتر بۆ ئەوەیە بینەر وا لێ بکات چاوەڕێی بەشی تر بێت، وەک لەوەی ببێت بە بەشێک لە پرۆسەی بەرهەمهێن و ئایدیا و دونیابینییە جیاوازەکان قسە لەسەر کۆتایی بکەن.

لەگەڵ ئەم سەرنجانەشدا، تا شوێنێک دەتوانین  فیلمێکی لەم شیوەیە وا وەسف بکەین، توانای ئەوەی هەبێت کە تەکانێک بە ڕەوتی سینەمای کوردی بدات و لەو قوڕاوە دەری بێنێت و جێی هیوا بێت و چاوپۆشی بکەین لەوەی کرێی تێچوونی فیلمەکە دوو ملیۆن یۆرۆیە، کە دەکاتە دوو ملیارد و پێنجسەد وسی و نۆ ملیۆن و نۆسەد و حەفتا و شەش هەزار و حەوتسەد دیناری عێراقی، کە بێگومان سەرمان دەسووڕمێت فیلمێک بەو دونیا بچووک و بەکارهێنانی لۆکەیشنی ئاسایی و بەکارنەهێنانی هیچ ئەکتەرێکی ناسراو، چۆن پارەیەکی وای پێویست بووە لە بەرهەمهێنانی.

سینەمای کوردی، گیرخواردووی تەڵزگەی چیرۆک و جووڵە مردووەکان، بەشی یەکەم

دیدی من
چێنەر بەدری

دروست تا ئەم چرکەساتەش ئەستەمە سینەمای کوردی یان فیلمی کوردی، وەک بەرهەمێکی سینەمایی سەیر بکەین و تێیبڕوانین. هەرچەند لەم دواییانەدا چەند هەوڵێک دراوە و هەبووە بۆ دروستکردنی کایەیەک بەو ناوەوە، بەڵام بە داخەوە تا هەنووکە نە هیچی دیارە و نە توانیویەتی ببێت بە بناغەیەک بۆ بنیاتنانی کایەیەکی وا گرنگ و جیهانی، کە زیادەڕەوی نییە ناوی بنێین ”دێوەزمەی کایە هزرییەکان”، چونکە لە ماوەیەکی کورت و خێراییەکی چاوەڕواننەکراودا، توانیویەتی زۆربەی کایەکان هەڵبلووشێت و لە هەناویدا هەڵیان بگرێت، وەک فەلسەفە ، سیاسەت، فیکر، جووڵە ، هونەر/جوانیناسی، وێنە، ئەدەب و تا دوایی.

بەگشتیش کەسانی تایبەتی ئەم بوارە، هۆکارەکان دەگەڕێننەوە بۆ هۆکارگەلێکی وەک نەبوونی پێداویستییە مۆدێرنە سینەماییەکان، لە کامێراوە تا پۆست پرۆدەکشن و نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین و نەبوونی کەسان و لایەنی بەهێزی بێلایەن، وەک پشتگیرییەکی مادی و پارێزگاری، کە ئەم هۆکارانە هێندەی بیانوویەکی گرینۆکانەیە، هێند لە ڕاستییەوە نزیک نییە، چونکە هەزاران بەرهەمی جیهانیمان لە بەردەستدایە، کە لە سەردەمێکدا بەرهەم هاتوون، خەونیان بە سادەترین کەرەستەوە بینیوە.  کەواتە جیاوازییەکە بابەتی خەونە. بۆ ئەوان،  کەسێک لە کوچەیەکدا خەون دەبینێت، جیهان دەکات بە گرتە. کوچە بە کوچەی شار و ڕووداو بە ڕووداوی بۆ جیهان بگێڕێتەوە. بە باخچەکاندا ڕەت دەبێت، مەیخانەکانمان پێ دەناسێنێ، هێڵ بە ژێر ناشرینییەکاندا دەهێنێت، چێژ دەکات بە وێنە.  بۆ ئێمە خەونبین لەناو زۆنگاوی ڕابردوودا، تا گەردنی داپۆشراوە و هەموو خەون و ئاواتەکانی وا لە ڕابردوودا. دونیای ئێمە دونیایەکی بێچێژ و سیخناخ بە گریانە.

”پێبکەنە، جیهان لەگەڵتدا پێدەکەنێ، بگری، بە تەنها دەگریت.”

فلیمی کوڕە پیرەکە

فیلمی کوڕە پیرەکە

 سیناریۆ

دوایین فۆڕمی ئەدەبی و یەکێکە لە گرنگرن و بەبەهاترین پرۆسەکانی ناو بەرهەمهێنانی فلیم، بە ڕای زۆرینەی ڕەخنەگرانی سینەمایش تەواوی پرۆسەکە پشتبەستووە بە سیناریۆ، بەڵام سیناریۆ لە چیرۆک زیاتر دەبێ چی بێت؟

هەڵەیەکی گەورەی هزر و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگەی ئێمە، لەوەدایە پێمان وایە سیناریۆ چیرۆکە و بڕیاری باش و خراپی فلیمێک لەسەر کاریگەریی چیرۆکەکەی لەسەرمان بدەین، وەک ئەوەی کە زۆرینەی بینەرانی ئێمە و تەنانەت ئەوانەی کە وەک ڕۆشنبیر داوایان لێ دەکرێت لە بەرنامە و گۆڤارەکاندا قسە لەسەر سینەما بکەن، حیکایەت و بالۆرەمان بۆ دەگێرنەوە، لەبری فلیم ناتێگەیشتنەکەش تەنها لەوانەدا کۆ نابێتەوە، بەڵکو ناتێگەیشتنێکی کلتوورییە؛ کلتووری ئێمە بە درێژایی مێژوو، سەروکاری لەگەڵ وشەدا هەبووە.

تابلۆ و دیزاینی خانوبەرە و کارە ئەندازیارییەکانیش نەوە دوای نەوە لەبری پەیکەر و وێنە، هێڵکاری و نووسراوە ئایینی و ئایدۆلۆژییەکانی گواستووەتەوە بۆ ناو هزری گشتی، لە کاتێکدا سینەما سەروکاری لەگەڵ وێنە و چاودا هەیە. لێرەوەیە کە سیناریۆ لای ئێمە نووسەر کاری لەسەر دەکات (نووسین، گواستنەوە) و دەقێک بەرهەم دێنێت، نامۆیە بە چاو .

کێشەیەکی تر، کە زیاتر لە سینەما،  ئەدەب و فیکر بەدەستییەوە دەناڵێنێ، ئەو سووڕانەوە بەردەوامەی ئەدەبی و فیکریی ئێمەیە لەناو بازنەیەکی تراژیدیی سوننەتی، کە باشترە بە کڕووزانەوەی سوننەتی ناوی ببەین. حیکایەتێک حیکایەتکەرەکەی لە پشتی کارەکتەرەکانەوە دەکڕووزێتەوە و دەیەوێ جێی بەزەیی بێت و هاودەمی بین بۆ ناو دونیایەکەوە، کە کۆتایی و مەرگ لەودیو دەرگەکەوە چاوەڕێمانە. هەر هەنگاوێک بۆ چوونەدەرەوە کۆتاییە و دەبین بە وەهم ئەم پەنگە و تیامانەوە ئەدەبی و فیکرییە، لە قاڵبێکی دیاریکراو و ناتوانایی بۆتێپەڕاندنی، وای کردووە نە ئەدەبمان بەگشتی لە ماڵەکەی خۆمان زیاتر ڕێ بکات و نە سیناریۆ وەک دوایین فۆڕمی نووسینی ئەدەبی، ئاشنا بێت. لەم سۆنگەیەوە، کاتێک کە کەسێکی سینەمایی دەیەوێت بەدوای دەقێکدا بگەڕی و بیگوازێتەوە بۆ سیناریۆ، کارێکی مەحاڵە لە کتێبخانەی کوردیدا بتوانێت بەرهەمێک بدۆزێتەوە ڕکابەری سەرەتاییترین و کرچوکاڵترین بەرهەمە جیهانییەکان بکات، بە هۆی ئەوەی ئەدەبی کوردی تا هەنووکە لە فۆڕمێکی کلاسیکدا کار دەکات و خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە و لەسەر مەبنای ڕیزکردنی وشە بەندە، ئەمەش بە ڕوونی لە دوایین بەرهەمەکانی شێرزاد حەسەن (دوا شەوی دابەزینی عیسا) و بەختیار عەلی (هەورەکانی دانیاڵ) دەبینرێت، کە بە دیدگای گشتی، باشترین نووسەرەکانی ئێمەن.  لەدوای خوێندنەوەیان، یەکەم پرسیارم ئەوە بوو، چی وا دەکات دوای ژیانێک لەناو کایەی نووسین، هەمان چیرۆک و هەمان کارەکتەر قسە بکات؟ بۆ دونیای ئێمە ئاسمان بێ هەوری ڕەش و دونیای بێ خۆڵبارین و هەستی بەرەوپیرهاتنی مەرگ زیاتر ناتوانێت بەرهەم بێنێت؟ دوای تەمەنێکی دوورودرێژ لەناو کتێبخانەکان، هەمان حیکایەت خۆی سەدبارە دەکاتەوە. بە ڕادەیەک، دونیابینیی هەر یەکێک لە نووسەرەکان، دەمانبەنەوە سەر ڕێگەیەکی هاوبەش. ڕێگەیەک، کە کۆتاییەکەی دووڕیانێکە، دەبێ نەوە دوای نەوە لەناویدا بسووڕێینەوە.

ئەم دونیا کرچوکاڵ و دووڕیانەی نووسەر بەرهەمی دێنێت، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر هزری گشتی و لەوێشەوە بۆ سینەما هەیە، چونکە سینەما لە سەرەتای ڕێکردنیدا، پێویستی بە چیرۆکێک هەیە بۆ گێڕانەوە. ئەگەر وەک بیانوویەکیش بەکاری بێنین بۆ نماییشی هونەرە چاوییەکان، ئێمە نە هەرگیزیش لە سەرەتای پرۆسەی سینەمادا، کەسێکی وەک ژان لوک گۆدارد تێدا دێتە بوون و وێنەیەکی تەواومان بۆ بگوازێتەوە بێ چیرۆک، نە سینەما توانای هەیە وەک فیکر ڕادیکاڵبوون لەناو خۆیدا جێ بکاتەوە. سوربوون لەسەر بیرۆکە، مانای خنکاندن و مردنە بۆ سینەما، لەبەر ئەوەی سینەما مەحکوومە بە بینەری جیهانی و گشتی، نەک ناوخۆی و تایبەت. بە هۆی گرانی و زەخمیی تێچووی پرۆسەکە، کە داوای ڕادیکاڵبوونە، بەپێی ئەوەی چەمکی ڕادیکاڵبوون بەردەوام جەخت لەسەر بیرۆکەیەکی دیاریکراو و پانتاییەکی جوگرافیی دیاریکراو دەکاتەوە.

پەڕاوی گونەی: فیلمی گەشتێک ڕووە و خۆر، پەروەردەیەکی مۆراڵیی بێتاوانێک

ئەم پەڕاوە، لە چوارچێوەی ئیڤێنتی دەرهێنەرێک لە زیندانەوەدایە، کە بە هاوبەشی لە لایەن ماڵپەری کلتووریی دیدی من، ڕێکخراوی کلتووریی کەشکۆڵ و سینەما سالم ڕێک خراوە

دیدی من – نیویۆرک تایم، ئێڵڤز میتچێڵ

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

گەشتێک ڕووە و خۆر، فیلمێکە پڕ لە ژیان. فیلمەکە لە ئیستانبووڵ وێنەی گیراوە و چیرۆکی مەمەد دەگێڕێتەوە (نەورۆز باز)، پیاوێک بە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین کار لە مێژووی فیلمی مۆدێرندا دەبینین. کاری مەمەد بریتییە لە دۆزینەوەی شوێنی لێچوون لە بۆریی ئاوەکانی ژێرزەویی شارەکەیدا. دەمێکی بۆریی بۆشی باریک لەسەر قیرتاوەکە دادەنێت و گوێ دەنێت بە لاکەی تریەوە، تاوەکو بتوانێت هەست بە لێچوون بکات لە بۆرییەکاندا. ئەو بۆرییەکە بۆ سەرنجڕاکێشانی خۆشەویستەکەشی، ئارزو (میزگین کاپازان) بەکار دەهێنێت، بۆ نموونە بە بەکارهێنانی بۆرییەکە، بە خۆشەویستەکەی دەڵێت شەمەندەفەرەکە چەندی ماوە بۆ گەیشتنی بەو شوێنەی تیایدا وەستاون. ئەو پارچە بۆرییە لە فیلمەکەدا هێمای میتافۆریی هەیە؛ ئەو شتانەشی هەستەکانی ناتوانن بیاندۆزنەوە، ئەو دەتوانێت لە ڕێگەی بۆرییەکەیەوە هەستیان پێ بکات: دەتوانێت گوێبیستی ئەو شتانەش بێت کە لە ژێرزەوی ڕوو دەدەن.

ترەیلەری فیلمی گەشتێک ڕووە و خۆر

نووسەر و دەرهێنەر، یەشیم ئوستائۆغڵوو، بە زوویی ئەم ئامێرەمان لێ دوور دەخاتەوە. وێنەیەکە پشووت پێ دەبەخشێت، مەمەد و بۆرییەکەی: فیلمسازەکە زۆر شاعیریانە ئەم ئامێرە بەکار دەهێنێت، چونکە کاتێک دیار نامێنێت، بینەری فیلمەکە هەست دەکات بیری دەکات.

مەمەد لەگەڵ بەرزان (نەزمی قیریخ) دەبنە هاوڕێ، کە بە عەرەبانەکەی لەسەر جادە موزیک دەفرۆشێت. بەرزان کوردە، باوکی لێی دراوە و فڕێندراوە. مەمەدیش بە هەمان شێوە لەبەر ڕەنگی پێستی ئازار دراوە، بۆیە هەست بەو ئازارە دەکات. بەرزان بەشێکە لە شۆڕشی کوردان لە تورکیا، هاوڕێیەتییەکەی لەگەڵ مەمەد پەروەردەیەکی باشی دەداتێ. سەرەتا لە ئەشکەنجەوە فێر دەبێت.

یەشیم ئۆستائۆغلو

پاش گەڕانی ئەو پاسەی مەمەد تیایدا سەرنشینە، تاوانبار دەکرێت. پیاوێک لە پاسەکە دابەزیوە و دەمانچەیەکی لەدوا جێ دەمێنێت، پۆلیسەکانیش پێیان وایە کە ئەوە چەکی مەمەدە. پاش ئەوەی ئەوان لە لێکۆڵینەوە دەبنەوە لەگەڵیدا، ڕوخساری مەمەد هەمووی برین دەبێت، ئەو وێنەیەی کاتێک ئەو لە تونێلێکەوە دەردەکەوێت، بە دوای خۆیدا بۆرییەکە ڕادەکێشێت، شتێکە لەبیر ناکرێت.

سێبەری گراهام گرین باڵی بەسەر فیلمەکەدا کێشاوە، کە باس لە پەروەردەی مۆڕاڵیی بێتاوانێک دەکات.

پاش ئەوەی مەمەد کارەکەی لەدەست دەدات، هاوژوورەکانی دەیکەنە سەر شەقامەکان.

تەنها ئارزو لەگەڵیدا دەمێنێتەوە. دەخوازێت زیاتر لەبارەی کێشەکانی بەرزانەوە بزانێت.

بەرزان دەڵێت: “بەخێوکەرەکەم دەیگوت ئەگەر خەونێکی ترسناکت بینی، خۆت هەڵبگێڕەوە.”

مەمەدی پەشۆکاو وەڵامی دەداتەوە: “چۆن دەتوانیت خۆت هەڵبگێڕیتەوە کاتێک لە خەودایت؟”

گەشتێک ڕووە و خۆر فیلمێکی درامییە سەبارەت بە خەونێکی ناخۆش، کاتێک بە ئاگایی دەیبینین.

زانیاری دەرباری فیلمەکە:

سیناریست و دەرهێنەر: یەشیم ئوستائۆغڵوو

زمان: تورکی

سینەماتۆگرافیست: جاکێک پێتریجکی

مۆنتێر: نیکۆڵاس گاستەر

موزیک: ڤلاتکۆ ستیڤانۆڤسکی

بەڕێوەبەری هونەری: ناتالی یەریس

کات: سەد و چوار خولکە

بەرهەمهێنەر: بەهرۆ هاشیمیان

پەڕاوی گونەی: دواهەمین فیلمی گونەی

ئەم پەڕاوە، لە چوارچێوەی ئیڤێنتی دەرهێنەرێک لە زیندانەوەدایە، کە بە هاوبەشی لە لایەن ماڵپەری کلتووریی دیدی من، ڕێکخراوی کلتووریی کەشکۆڵ و سینەما سالم ڕێک خراوە

دیدی من

کریس کۆچێرا

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

پەرستگەیەکی کۆن لە گوندێکی بچووکدا  لە باکووری پاریس، لەناکاو دەبێتە بەشێک لە تورکیا. بەسەر دەرگەکەیەوە شتێک هەڵواسراوە و بە تورکی نووسراوە “زیندانی ناوەندی”. نووسین لە هەموو جێگەیەکدا دەبینرێت، کە مستەفا کەمال پیرۆز دەکەن، لەوانە: “چ دڵخۆشییەکە بۆ مرۆڤ کە دەڵێت من تورکم.”

لە ناوەوەی پەرستگاکەدا ، کۆمەڵێک دیواری تازە دروستبوو ناوچەیەکی جوێ کردووەتەوە، کە تیایدا زیندانییەکان ڕاهێنانی ڕۆژانەی خۆیان دەکەن لەژێر چاودێریی پاسەوانەکاندا. لەو کۆڵانەوەی کە دەچێتە بینا سەرەکییەکەوە، ئوتومبیلێکی کادیلاک بە هێواشی بە ناو کۆمەڵێک ژندا تێدەپەڕێت، ئەو ژنانە سەریان داپۆشراوە بە پەڕۆیەکی ترادیشناڵی ناوچەی ئەناتۆڵیا، پیاوەکانیش بیجامەی گەورەیان لەبەردایە.

یەڵماز گونەی وێنەیەکی چاوەڕواننەکراوی گەیشتنی جەنەڕاڵی پشکنەری زیندانییەکانی گرتووە. ئەکتەرەکە پیاوێکی فەڕەنسییە، کە هەروەها لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی فەڕەنساش کار دەکات. هەمیشە پێدەکەنێت، لەسەرخۆیە و هەستێکی گاڵتەبازانەشی تیایە.

“پەنجەرەکان بشکێنن، تاوەکو باڵندەکان خۆیان ئازاد بکەن”؛ چیرۆکی فیلمەکە باس لە شۆڕشێک دەکات لە زیندانەوە (فیلمی پێشتری گونەییش، ڕێگە، هەمان تێمای زیندانی بەکار هێناوە).

منداڵانی زیندانەکە شۆڕشەکە ئەنجام دەدەن. یەڵماز گونەی ئەکتەرێکی نەشارەزای ئۆرۆگوایی بەکار هێناوە بۆ ڕۆڵی کەسایەتیی پاسەوانەکە، چ کاردانەوەیەکی دەبێت کاتێک یەکێک لە منداڵەکان لە چێشتخانەی زیندانەکەدا کار دەکات و پاسەوانەکە بە چەقۆیەکی گەورە دەترسێنێت. بەڵام شۆڕشەکە هەرەس دەهێنێت و فیلمەکە تەواو دەبێت بە هاتنی کۆمەڵێک منداڵی تر بۆ زیندانەکە.

بۆ دروستکردنی ئەتمۆستفێری تایبەتی زیندانەکە، ئەرکێکی قورسە بە ئەکتەری ناپڕۆفشناڵ کارەکە ئەنجام بدەیت، بەڵام یەڵماز گونەی بە بەکارهێنانی تەکنیکی ڕیاڵیزمی شیعری، ئەم کێشەیەی نەهێشتووە.

ئەو فیلمەکەی بە بەکارهێنانی سەد منداڵ، کە زۆرینەیان کوردن، دروست کردووە، کە لە ڕۆژهەڵاتی بەرلین و فەڕەنساوە هێنابوونی، هەروەها سەد منداڵی زیادەی تر: پاسەوانی زیندانییەکە، کەسانی نیشتەجێ و خزم و کەسانی تر. هەروەها سەد کەسی تەکنیکی لەو فیلمەدا هەبوون، کە لەگەڵ یەڵمازدا بوون لەو پەرستگە کۆنەدا.

منداڵەکان دڵخۆش بوون بە ئەنجامدانی ئەو سەرکێشییە. “بیهێننە پێش چاوت، چ سەرکێشیەکە بۆ منداڵانێک کە ناتوانن خەون بە ژیانێکی شاییستەوە ببینن لە ڕۆژهەڵاتی بەرلین و فەڕەنسا؛ بەڵام ئێستا ئەستێرەن.” تونجێل کورتس وای گوت؛ تاکە ئەکتەری بەئەزموونی ناو فیلمەکە.

لە کاتی ئاساییدا، پەرستگەکە خوێندنگایەکی ناو گوندە. لە یەکێک لە دیوارەکاندا هێشتا دەتوانیت ئەو یاسایانە بخوێنیتەوە کە لە لایەن خوێندکارەکانەوە نووسراون، بۆ نموونە: “قەدەغەیە لە کاتی وانەدا خەون ببینیت.”

یەڵماز گونەی چەندین شتی گەورە بەرهەمهێنەرەکانی ڕەت کردووەتەوە، کە ویستوویانە فیلمەکەیان بۆ دروست بکات، چونکە ئەو هەمیشە ویستوویەتی ئازادانە لە فیلمەکانیدا کار بکات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بەرهەمهێنەرەی لە کۆتاییدا هەڵی بژارد هەلومەرجی زۆر قورسی بۆ کارکردنی دانا. نابێت هیچ دەستکارییەک و فلتەرێک هەبێت بۆ سیناریۆی فیلمەکە، پێش ئەو ڕۆژەی بەرهەمهێنەرەکە دەستنیشانی دەکات بۆ کارکردن.

که‌ سالنجەر باسى سینه‌ما ده‌کات، باسى چى ده‌کات؟

دیدی من

حه‌مه‌ قادر

”لەم دنیایه‌دا ئه‌گه‌ر شتێک هه‌بێت ڕقم لێى بێت، ئه‌وه‌ سینه‌مایه.“
—هۆڵدن کاوڵفێڵد، پاسه‌وانێک له‌ مه‌زرا

پێشه‌کى

که‌ یه‌که‌م جار رۆمانى پاسه‌وانێک له‌مه‌زراى جەی دى سالنجەرم خوێنده‌وه‌، دواى پرسیارى ئه‌وه‌ى مرواییه‌کان چیان لێ دێت، یه‌کسه‌ر پرسیارى ئه‌وه‌م بۆ دروست بوو، سالنجەر بۆچى هێنده‌ ڕقى له‌ سینه‌مایه‌؟

سینه‌ما له‌ سه‌ره‌تاکانیدا له‌ ئیقتباسى ئه‌ده‌بییه‌وه‌ ده‌ستی پێ کرد، زۆربه‌ى فیلمه‌کانى یه‌که‌مین ساڵه‌کانى مێژووى سینه‌ما له‌ ئه‌ده‌بى سه‌ده‌ى نۆزده‌یه‌مه‌وه‌ وه‌رگیراون. گریفس D.W.Griffith که‌ هه‌موو وه‌ک باوکى سینه‌ما ده‌یناسین، مۆنتاژى ته‌ریبى له‌ ئه‌ده‌بیاتى چارلز دیکنزه‌وه‌ وه‌رگرت. سێرگى ئه‌یزنشتاین Sergei Eisenstein  ده‌رهێنه‌رى گه‌وره‌ى ڕووسیا، گرته‌ کورته‌کانى خۆى به‌ کارکردى وشه‌ لاى جیمس جۆیس ده‌شوبهاند. فلاشباک/ فلاش فۆروارد، پلۆت، کاراکته‌رسازى، و به‌شی هه‌ره‌ زۆرى زمانى سینه‌ما، قه‌رزدارى دونیاى ئه‌ده‌بیاته‌. سینه‌ما تا ئێستاش له‌ په‌یوه‌ندییه‌کى توند و ئێجگار ورددایه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیات. وه‌ک ئه‌وه‌ى ئه‌ده‌بیات و سینه‌ما به‌تایبه‌تى له‌ ئێستادا، بووبن به‌ دوانه‌یه‌کى لێکجیانه‌کراو: فیلمسازان ده‌بێ ئه‌ده‌بیات بخوێننه‌وه‌، نوسه‌ران ده‌بێ فیلم ببینن.

به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ى رۆمانى پاسه‌وانێک له‌ مه‌زرا له‌ زۆر رۆمانى دیکه‌ جیا بکاته‌وه،‌ هه‌جوویەکى ڕاسته‌وخۆى سینه‌ما و فیلم بێت له‌ زمانى کارەکته‌رى سه‌ره‌کى، هۆڵدن کاوڵفێڵده‌وه‌. هۆڵدن به‌ درێژایى ڕۆمانه‌که،‌ به‌ چه‌ندین شێوه‌ و له‌ زمانى مێردمنداڵانه‌ى خۆیه‌وه،‌ به‌شێکى زۆر له‌ ڕق و ڕه‌خنه‌کانى خۆى له‌ ده‌وروبه‌ر به ‌هۆى سینه‌ماوه‌ ده‌خاته‌ ڕوو. ئه‌م ڕقه‌ تا ئاستێک ده‌ڕوات، که‌ هۆڵدن راسته‌وخۆ ئه‌م دێڕه‌ بڵێت: ”له‌م دنیایه‌دا ئه‌گه‌ر شتێک هه‌بێت رقم لێى بێت، ئه‌وه‌ سینه‌مایه‌.” به‌ڵام ناوهێنانى سینه‌ما ته‌نها تایبه‌ت نییه‌ به‌م ڕۆمانه‌، له‌ زۆربه‌ى چیرۆک و نووسراوه‌کانى دیکه‌ى سالنجەردا سینه‌ما ئاماده‌یى هه‌یه.

به‌رهه‌مه‌کانى سالنجەر به‌ جۆرێک قه‌رزدارى سینه‌مان، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ سه‌یر بێت نووسه‌رێک، که‌ تا ئه‌م ڕاده‌یه‌ ڕقى له‌ سینه‌ما بێت، چۆن قه‌رزدارى سینه‌مایه‌! سالنجەر له‌ ماڵه‌که‌یدا ئه‌رشیڤێکى گه‌وره‌ى سینه‌مایى هه‌بوو، چیرۆکێکى کراوه‌ به ‌فیلم، دواى چاپکردنى ڕۆمانى پاسه‌وانێک له‌ مه‌زرا و کاریگه‌رییه‌ گه‌وره‌که‌ى له‌سه‌ر ئه‌مریکا، زۆر له‌ سینه‌ماکاران (بۆنمونه‌ ئیلیا کازان) داواى به‌فیلمکردنى ئه‌م ڕۆمانه‌یان له‌ سالنجەر کرد، به‌ڵام سالنجەر ڕازى نه‌بوو. ئه‌م رۆمانه‌ لێوانلێوه‌ له‌ ناوى سینه‌ما، له‌ ناوى ئه‌کته‌ر، له‌ ناوى فیلمى جۆراوجۆر. هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌رخه‌رى ئه‌و ڕاستییه‌ن سالنجەر به‌رله‌وه‌ى بکه‌وێته‌ هه‌جووکردنى سینه‌ما، سینه‌ما (سینه‌ماى ئه‌مریکا)ى بینییوه‌ و یه‌کێک بووه‌ له‌ بینه‌ره‌ جیدییه‌کانى فیلمه‌کانى ئه‌وکات.

پاسه‌وانێك له‌ مه‌زرا

کاوڵفێڵد وه‌ک کامێرا

به‌ڵام ئه‌وه‌ى لێره‌دا گرنگ بێت کاریگه‌رىی ناڕاسته‌وخۆى سینه‌مایه‌ له‌سه‌ر نووسینى سالنجەر، که‌ بیگومان ته‌نها پاسه‌وانێک له‌ مه‌زرا ناگرێته‌وه‌ و تایبه‌ته‌ به‌ به‌رهه‌مه‌کانى دیکه‌ى ئه‌م نووسه‌ره‌ش. گێرانه‌وه‌ى پاسه‌وانێک له‌ مه‌زرا، گێڕانه‌وه‌یه‌کی سۆبجێکتیڤه‌ (P.O.V ) ئێمه‌ له‌ چاوى کاوڵفێڵده‌وه‌ رووداوه‌کان ده‌بینین و گێرانه‌وه‌که‌ش به‌ره‌و پێش ده‌چێت. به‌م جۆره‌ کاوڵفێڵد کامێراى ناو ڕۆمانه‌که‌یه‌. کامێرایه‌ک که‌ به‌ ناو کۆمه‌ڵگەدا گه‌شت ده‌کات، شوێنه‌کان و مرۆڤه‌ جیاوازه‌کان ده‌بینێت، کاوڵفێڵد کامێرایه‌کى پرسیارکه‌ر و گومانکار و ره‌خنه‌گرى ناو کۆمه‌ڵگەیه‌. کامێرایه‌ک که‌ له ‌ده‌ره‌وه‌ى سینه‌ما ده‌یه‌وێت سینه‌ما ببینێت. به‌شێک له‌ ڕه‌خنه‌ و قسه‌ تونده‌کانى کاوڵفێڵد له‌سه‌ر ده‌وربه‌ر، به‌ هۆى سینه‌ماوه‌ شکڵ ده‌گرێت. بۆ نموونه،‌ ئه‌و کاته‌ى قسه‌ له‌سه‌ر دى بیى براى ده‌کات: “ئه‌وه‌ کوشتوومى ئێستا دى بى له‌ هۆڵیوود بووه‌ به‌ قه‌حبه‌.” (ل8) یان له‌ شوێنێکى دیکه‌دا که‌ ده‌که‌وێته‌ ڕه‌خنه‌ى هه‌ڵسوکه‌وتى کچه‌کانى ناو یانه‌که‌، ده‌ڵێت: “هه‌رسێکیان به‌رده‌وام چاویان له‌ ژووره‌ نه‌فره‌تییه‌که‌دا ده‌گێرا، وه‌ک ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕێ بن کۆمه‌ڵێک ئه‌ستێره‌ى سینه‌مایى نه‌فره‌تى له‌ هه‌رساتێکدا بێ خۆیان به‌ ژووردا بکه‌ن.” (ل 119) په‌یوه‌ندىی کاوڵفێڵد له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر، بێگومان په‌یوه‌ندیی تاکێکه‌ به‌ کۆمه‌ڵگەکه‌یه‌وه‌. کاوڵفێڵد نازانێت چىی ده‌وێت، به‌ڵام بێگومان ده‌زانێت چىی ناوێت. ڕە‌خنه‌کانى کاوڵفێڵد له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگەکه‌ى، بێگومان چه‌ند ڕه‌خنه‌یه‌ له‌ هه‌ڵسوکه‌وتێکى دیاریکراو، ئه‌وه‌نده‌ش ڕه‌خنه‌یه‌ له‌ سه‌رچاوه‌کانى نۆرمه‌ کۆمه‌ڵایه‌یتیه‌کان، که‌ ڕه‌فتار و به‌هاى تایبه‌تى دروست ده‌که‌ن. گومان له‌وه‌دا نییه‌ سینه‌ما له‌و سه‌رده‌مه‌ى ئه‌مریکا (بێگومان ئێستاش) به‌شدارییه‌کى گرنگى دورستبوونى ئه‌خلاقییاتى کۆمه‌ڵگەى ئه‌مریکى ده‌کات. سینه‌ما به‌شداره‌ له‌ په‌یوه‌ستکردنه‌وه‌ى تاکى ناو ئه‌م کۆمه‌ڵگەیه‌ به ‌خۆیه‌وه‌ و داوجار به‌ کۆمه‌ڵگە و جیهانیشه‌وه‌. کاوڵفێڵد زۆر جار خۆیشى وه‌ک مێردمنداڵێک ده‌که‌وێته‌ ژێر ئه‌م کاریگه‌رییه‌وه‌: “من هێنده‌ى ژه‌هر ڕقم له‌ فیلمه‌، به‌ڵام چێژ له‌ لاساییکردنه‌وه‌ى ئه‌کته‌ره‌کان ده‌بینم.” (ل‌49) ئه‌گه‌ر بڕیار وا بێت سالنجەر له ‌ڕێگه‌ى هۆڵدن کاوڵفێڵده‌وه‌ ڕه‌خنه‌ى کۆمه‌ڵگە بکات، بێگومان ده‌بێ ڕه‌خنه‌ى ئه‌و سه‌رچاوانه‌ش بکات، که‌ نۆرمه‌کانى ئه‌و کۆمه‌ڵگەیه‌ دروست ده‌که‌ن، که‌ بێگومان سینه‌ما یه‌کێکه‌ له‌ سه‌ره‌کیترینیان. به‌م جۆره‌ ڕه‌خنه‌ى سالنجەر له‌ سینه‌ما، ڕه‌خنه‌ نییه‌ له‌ سینه‌ما وه‌ک ئه‌وه‌ى ده‌بینرێت، به‌ڵام ڕه‌خنه‌یه‌ له‌و کاریگه‌رییه‌ى که‌ ده‌شێت سینه‌ما له‌سه‌ر ئاستى گشتىی کۆمه‌ڵگەیه‌کدا دروستى بکات، ڕه‌فتاره‌کان دیارى بکات، بیرکردنه‌وه‌کان بگۆڕێت و به‌گشتى ئه‌خلاقیان بۆ ده‌ستنیشان بکات. سالنجەر له‌ پاسه‌وانێک له‌ مه‌زرا سینه‌ماى وه‌ک واقیعێکى ته‌ریب به‌ واقیعى سینه‌ما ده‌رخستووه‌. واقیعێک که‌ بۆ ڕه‌خنه‌لێگرتنى ناچار بووه‌ ته‌نانه‌ت له‌ زمانى کاوڵفێڵده‌وه‌ بکه‌وێته‌ ڕه‌خنه‌ى ئه‌کته‌ره‌کانیشى و وێنه‌ى واقیعییان دیسان دروست بکاته‌وه‌: “بۆ خاترى خوا خۆ تۆ ده‌تگوت جۆ بلۆ و دوودهگکییه‌؟ جۆ بلۆو؟ ئه‌و پیاوه‌ زه‌به‌لاحه‌ شه‌ڕانییه‌ که‌ هه‌میشه‌ له‌ فیلمه‌کانیدا رۆڵى شه‌قاوه‌ و کاوبۆى ده‌بینێ؟” سالنجەر به‌م دێڕه‌ به ‌ته‌واوى قودسییه‌تى درۆزنانه‌ى په‌رده‌ى سینه‌ما تێک ده‌شکێنێت. زۆر ئاسان سۆپه‌رستاره‌کانى سینه‌ماش ده‌خاته‌وه‌ جێگه‌ى ڕاسته‌قینه‌ى خۆیان و ماهییه‌تى درۆزنانه‌ى سینه‌ما ئاشکرا ده‌کات. کێشه‌ى سینه‌ما لاى سالنجەر له‌ به‌رهه‌مه‌کانیدا ئه‌وه‌یه‌، که‌ سینه‌ما واقیعى ڕاسته‌قینه‌ى ئێمه‌ نییه‌، به‌ڵام هه‌موو ده‌یپه‌رستن! بۆ نموونه‌ له‌ چیرۆکى پێش جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئه‌سکیمۆکان ده‌نووسێت: “ئه‌م کوڕه‌ى من په‌لکێش ده‌که‌ن بۆ بینینى هه‌ندێک فیلم که‌ هه‌رگیز ڕوو ناده‌ن، فیلمى گه‌نگسته‌رى، ڤێستێرن، میوزکاڵ…”


هۆڵیوود له‌ چله‌کاندا

به‌ڵام سینه‌ما، ئه‌م په‌رستگا مۆدێرنه‌، بۆچى هێند سالنجەرى ترساندووه‌؟! با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ هۆڵیوودى ده‌یه‌ى چل، ئه‌و کاته‌ى که‌ ڕۆمانى پاسه‌وانێک له‌ مه‌زرا ده‌نووسرێت.

بێگومان مێژووى هۆڵیوود له‌ ساڵانى چلدا گرێدراوى جه‌نگى ئه‌مریکا بوو له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ى خۆیدا. له‌ ساڵى 1941دا دواى ڕاگه‌یاندنى شه‌ڕى ئه‌مریکا و ژاپۆن، فرانکلین ڕۆزڤێلت سه‌رۆکى ئه‌وکاتى ئه‌مریکا، به‌شێکى به ‌ناوى کاروبارى سینه‌مایى BMPA دامه‌زراند و هۆڵیوودییش کۆمیته‌ى کاروبارى جه‌نگى کرده‌وه‌.(1) له‌م قۆناغه‌دا هۆڵیوود به‌ ته‌واوى ده‌بێته‌ ئامڕازى پڕوپاگه‌نداى جه‌نگى ئه‌مریکا و ده‌وڵه‌ت شه‌ش ته‌وه‌رى بۆ فیلمه‌کانى هۆڵیوود پێشنیار کرد، که‌ هاوکۆک بێت له‌گه‌ڵ مه‌به‌سته‌کانى جه‌نگدا. هۆڵیوود دواى ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ شوێنى به‌رهه‌مهێنانى کۆمه‌ڵێک فیلمى بێنرخ بۆ خزمه‌تى مه‌به‌سته‌کانى جه‌نگ. چه‌ند فیلمێکى وه‌ک دروود بۆ دلێرى، ژیان له‌ مه‌ترسیدا، فه‌رمانده‌ى هه‌وره‌کان، به‌ره‌و که‌ناره‌کانى تریپۆلى، ئێمه‌ یه‌کگرتووین، نه‌فره‌ت له‌ هیتله‌ر و تا دوایی. لێره‌وه‌ خه‌ڵکى ئه‌مریکا له‌ چاوى هۆلیوود و فیلمه‌کانییه‌وه‌ ته‌ماشاى جه‌نگیان ده‌کرد. په‌یوه‌ندیى ئه‌وان له‌گه‌ڵ جه‌نگ و دوژمنه‌کانیان، په‌یوه‌ندییه‌ک بوو سینه‌ما دروستى کردبوو. له‌دواى ساڵى 1945یش، که‌ جه‌نگ کۆتایی هات، هۆڵیوود ته‌نها ڕه‌هه‌نده‌ پۆزه‌تیڤه‌کانى جه‌نگى لێک ده‌دایه‌وه‌ نه‌ک کاره‌ساته‌ ده‌روونییه‌کانى دواى جه‌نگ. “له‌ نێوان ساڵانى 1941-1945 هۆڵیوود 1700 فیلمى به‌رهه‌ مهێنا، که‌ زیاتر له‌ 500 دانه‌یان له‌سه‌ر جه‌نگ و فاشیزم دروست کران. هۆڵیوود له ‌کاتى جه‌نگدا به ‌شێوه‌ى بیستوچوار کاتژمێر ده‌رگەى سینه‌ماکانى به‌سه‌ر بینه‌راندا ده‌کرده‌وه‌ و فیلمبینین وه‌ک کرده‌یه‌کى نه‌ته‌وه‌یى لێ هاتبوو. له‌دواى جه‌نگیش خه‌ڵکى به‌ لێشاو ڕوویان له‌ سینه‌ماکان ده‌کرد.” (٢)

ئه‌م زانییاریانه‌ بۆچى گرنگن؟! له‌و چه‌ند دێڕه‌ى سه‌ره‌وه‌ ده‌بینین که‌ سینه‌ما له‌و کاتانه‌دا که‌ سالنجەر سه‌رقاڵى نووسینى ڕۆمانه‌که‌ى بوو، سینه‌ما خۆراکى ڕۆحیی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بوو که‌ له ‌چه‌ندین به‌ره‌وه‌ په‌لامارى جیهانى دابوو. سینه‌ما بۆ ئه‌وکات جگه‌ له‌وه‌ى په‌نجه‌ره‌ى کۆمه‌ڵگەى ئه‌مریکا بوو، به‌سه‌ر ده‌ره‌وه‌ى خۆیدا، به‌ڵکو جۆرێک ده‌رمانى ڕۆحى و ده‌روونییش بوو بۆ ئه‌و فشاره‌ى له‌سه‌ریان بوو. که‌واته‌ زۆر ئاساییه‌ که‌ سینه‌ما به‌شدارییه‌کى ئاوها گرنگ بکات له‌ دروستکردنى ڕە‌فتار و مێنتاڵیتیی کۆمه‌ڵگەى ئه‌مریکادا که‌ بێگومان تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌. سالنجەر زۆر باش ده‌زانێت سینه‌ما که‌ له‌م قۆناغه‌دا کراوه‌ به‌ یارییه‌ک به‌ده‌ست ده‌وڵه‌ت و سوپاوه‌، چۆن ده‌توانێت کۆمه‌ڵگە له‌ حه‌قیقه‌ته‌کان دوور بخاته‌وه‌. ڕقى هۆڵدن کاوڵفێڵد له‌ سینه‌ما لێره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات، له‌وه‌ى که‌ سینه‌ما جگه‌ له‌وه‌ى ڕه‌فتارى کۆمه‌ڵگە دیارى ده‌کات، ئاوهاش ده‌توانێ چاوبه‌ست له‌ هه‌مومان بکات. سینه‌ما و فیلمبینین که‌ وه‌ک له‌سه‌ره‌وه‌ باس کرا، بووه‌ته‌ کرده‌یه‌کى ده‌سته‌جه‌معى زۆر ئاساییه‌ که‌ له‌ چاوى کاوڵفێڵده‌وه‌ بکه‌وێته‌وه‌ به‌ر ڕه‌خنه.‌

سالنجه‌ر

سالنجەر و سینه‌ما

به‌ڵام سالنجەر زیاد له‌وه‌ى خۆى حه‌ز به‌ ئاشکراکردنى بکات، له‌ژێر کاریگه‌ریی سینه‌ما و ته‌کنیکه‌کانى گێرانه‌وه‌ی سینه‌ماییدایه‌. ئێمه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسمان له‌وه‌ کرد که‌ سینه‌ما و ئه‌ده‌بیات دوو جۆر گوزارشتى جیاوازن، به‌ ڕاده‌یه‌ک جیاواز که‌ که‌سێکى وه‌ک رۆبرت بریسۆن(3) پێى وایه‌ مێژووى سینه‌ما تا ئه‌وکات بریتی بووه‌ له‌ مێژووى نماییشى ئه‌ده‌بى، نه‌ک سینه‌ما. به ‌مانایه‌کى دیکه‌ سینه‌ما نه‌یتوانیبوو سنوورى خۆى له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیات جیا بکاته‌وه‌ و بگاته‌ زمانى تایبه‌تى خۆى. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م قسه‌یه‌ بۆ ئێستا به ‌ته‌واوى ڕاست نییه‌ و ده‌کرێ بڵێین ئیدى سینه‌ما نه‌ک ته‌نیا ته‌واو له‌ ئه‌ده‌ب (له‌ڕووى ته‌عبیره‌وه‌) دوور که‌وتووەته‌وه،‌ به‌ڵکو کاریگه‌رییشى له‌سه‌ر نووسین و ئه‌ده‌بیات دروست کردووه‌. سالنجەر هه‌م له‌ پاسه‌وانێک له‌مه‌زرا و هه‌م له‌ چیرۆکه‌کانیدا (هۆشیارانه‌ یاخود ناهۆشیارانه‌) چه‌ندین ته‌کنیکى سینه‌مایى بۆ گێرانه‌وه‌ به‌کار ده‌بات. له‌هه‌ندێک شوێندا ڕاسته‌وخۆ ئاماژه‌ به‌م کاریگه‌رییه‌ ده‌دات، له‌ هه‌ندێک شوێنى دیکه‌دا به ‌جۆرێک دێڕه‌کان ڕیز ده‌کات وه‌ک ئه‌وه‌ى هه‌ر دێڕێک گرته‌یه‌کى سینه‌مایى بێت و بوارى وێنه‌سازى ده‌خوڵقێنێت.

هه‌موو ئه‌مانه‌ جگه‌ له‌وه‌ى که‌ به‌رده‌وام سینه‌ما له ‌ناو ئه‌ده‌بیاتى سالنجەردا ئاماده‌یى هه‌یه‌. زێده‌ڕۆیى نییه‌ ئه‌گه‌ر بڵێین ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌شانه‌ى که‌ له‌م ڕۆمانه‌دا به ‌جۆرێک په‌یوه‌ندییان به‌ قسه‌کانى کاوڵفێڵده‌وه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر فیلم و سینه‌ما لا بده‌ین، بێگومان که‌لێنێک له‌ ڕۆمانه‌که‌دا دروست ده‌بێت.

بۆ نموونه‌ سالنجەر کورتەچیرۆکى من حه‌پۆلم به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ست پێ ده‌کات:

”سه‌عات نزیکه‌ی هه‌شت، تاریک بوو، بارانیش ده‌باری، ساردیش بوو، وه‌ک سه‌لاجه‌، ده‌نگی باش ده‌هات، هه‌روه‌ک فیلمه‌ ترسناکه‌کان له‌و شه‌وه‌دا که‌ پیاوخراپی فیلمه‌که‌ ده‌کوژرێت.”

ئه‌م ده‌ستپێکه‌ له‌ چیرۆکدا زۆر به ‌ئاشکرا ده‌یسه‌لمێنێت، که‌ چۆن سینه‌ما لاى سالنجەر بووه‌ به‌ به‌شێک له‌ تێڕوانینه‌کانى بۆ دونیا. دوو جۆر کاریگه‌رىی سینه‌ما له‌م ده‌ستپێکه‌دا ده‌بینین: یه‌که‌م، ناوهێنانى سینه‌ما و چواندنى ئه‌و فه‌زایه‌ى کارەکته‌ر هه‌ستى پێ ده‌کات به‌ فه‌زاى فیلمێکى ترسناک، دووه‌م، خۆبینینه‌وه‌ى کارەکته‌ر وه‌ک ئه‌کته‌رێکى سینه‌ما له ‌ناو فیلمێکى ترسناکدا. بێگومان ده‌ستپێکێکى زۆر به‌مانایه‌، وێنه‌یه‌که‌ که‌ سالنجەر به ‌هۆى سینه‌ماوه‌ توانیویه‌تى وێنه‌ى دیکه‌ش له ‌ناو وێنه‌ى یه‌که‌مدا دروست بکات. ئه‌گه‌رچى نووسه‌ر تا کۆتایى ته‌مه‌ن ڕێگه‌ى به‌ هیچ ده‌رهێنه‌رێک نه‌دا فیلمێک له‌سه‌ر ڕۆمانى پاسه‌وانێک له‌ مه‌زرا دروست بکات، به‌ڵام خۆیشى له‌ نامه‌یه‌کدا بۆ فیلمسازێک نکۆڵى له‌وه ‌ناکات، که‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ چه‌ندین دیمه‌نی تێدایه‌ که‌ ده‌کرێ ته‌واو سینه‌مایى بن.(4) بێگومان به‌فیلمکردنى پاسه‌وانێک له ‌مه‌زرا ئێجگار سه‌خته‌، به‌ڵام که‌س ناتوانێ نکۆڵى له‌وه‌ بکات که‌ چه‌ند دیمه‌نێکى وه‌ک تاریکیی ژوورى خوشکه‌ بچووکه‌که‌ى کاوڵفێڵد ئه‌و کاته‌ى پاره‌که‌ ده‌دات به‌ کاوڵفێڵد، یان بارینى باران و وڕکگرتنى خوشکه‌که‌ى لاى شارى یارییه‌که‌، دیمه‌نى لێخورینى شه‌وانه‌ى ته‌کسییه‌کان و ئه‌و پرسیاره‌ى که‌ کاوڵفێڵد له‌ شۆفێره‌که‌ى ده‌کات، فه‌زاى گشتیی به‌شى ناوخۆیى قۆتابخانه‌ى پێنسى، فه‌زاى کافه‌ و تا دوایی، ده‌کرێت سینه‌مایى بن و سالنجەر سوودى له‌ سینه‌ما وه‌رگرتبێت بۆ نووسینیان.

له‌ چیرۆکى پێش جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئه‌سکیمۆکاندا، سه‌رنجى ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ بده‌ن: “دواتر له‌سه‌ر کورسیه‌کى حه‌ریریی گوڵدار دانیشت، قاچى خسته‌ سه‌ر قاچ، و ده‌موچاوى به ‌ده‌ستى داپۆشى، وه‌ک که‌سێک که‌ له‌شى داهێزرابێت، یان چاوى ئازارى به‌رکه‌وتبێت، نووکى په‌نجه‌ کراوه‌کانى له‌ چاوه‌ نوقاوه‌که‌ى ده‌خشاند، ده‌ستى له‌ ده‌موچاوى دورخسته‌وه‌ و گوتى: ئه‌مرۆ ترسناکترین رۆژى ته‌مه‌نى من بوو.” هه‌موو ئه‌م کورته‌ دێرانه‌ سه‌ربه‌خۆیى خۆیان هه‌یه‌، وه‌ک گرته‌ (shot)ێک که‌ له‌ سینه‌مادا بچووکترین به‌شى فیلمه‌. هه‌ریه‌ک له‌م دێڕه‌ کورتانه‌ ده‌کرێت گرته‌ى فیلمێک بن. سالنجەر به ‌ته‌واوى ورده‌کارییه‌کانى ئه‌م جووڵه‌یه‌ى بۆ ئێمه‌ وێنا کردووه‌. وه‌ک ئه‌وه‌ى ستۆرى بۆرد و دیکۆباجى فیلمێکمان له‌ به‌رده‌ستدا بێت.

سالنجەر نۆڤلێتێکى هه‌یه‌ به‌ ناوى دارستانى ئاوه‌ژوو، که‌ پڕه‌ له ‌نموونه‌ى جۆراوجۆر بۆ ئه‌م باسه‌ى ئێمه‌. له‌ به‌شێکى نۆڤلێته‌که‌دا ئه‌و کاته‌ى، که‌ گێره‌ره‌وه‌ ده‌یه‌وێت بگوازێته‌وه‌ بۆ زه‌مه‌نێکى دیکه‌، گواستنه‌وه‌یه‌کى سه‌رنجراکێش ده‌بینین و ده‌ڵێت: “له‌م شوێنه‌ى چیرۆکه‌که‌دا ده‌مه‌وێت له‌ ته‌کنیکێکى هۆڵیوودى به‌کار ببه‌م. ڕۆژژمێرێک که‌ په‌ڕه‌کانى به ‌هۆى باى پانکه‌یه‌کى کاره‌بایى نادیاره‌وه‌، هه‌ڵده‌درێته‌وه‌ و دره‌ختێکى گه‌وره‌ له‌ ستۆدیۆیه‌کدا له ‌ماوه‌ى دوو چرکه‌دا، له‌ زستانێکى سه‌خت و سارده‌وه‌ ده‌گاته‌ به‌هارێکى سه‌وز”. (ل٤٢)

ئه‌م گواستنه‌وه‌/ترانزه‌یشنه‌ هه‌روه‌ک ده‌ستپێکى چیرۆکى من حه‌پۆلم، له ‌دوو ئاستدا سینه‌ماییه‌. هه‌م وه‌ک ناوهێنانى ڕاسته‌وخۆى سینه‌ما و هۆڵیوود، هه‌م وه‌ک به‌کاربردنى ته‌کنیکى سینه‌مایى.

بێگومان نمونه‌ى زۆرتر هەن، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بزانین ئه‌گه‌رچى سالنجەر سینه‌ما یان باشتره‌ بڵێن کاریگه‌ریی سینه‌ماى خۆش ناوێت، به‌ڵام وه‌ک قه‌رزدارى سینه‌ما ده‌مێنێته‌وه‌. سینه‌ما به ‌هه‌موو شێوازێک به‌شێکى دانه‌بڕاوه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتى سالنجەر.


کۆتایى

هۆڵدن کاوڵفێڵد له‌ به‌شێکى ڕۆمانى پاسه‌وانێک له ‌مه‌زرادا ده‌ڵێت: “ئاخر له‌وه‌ تێده‌گه‌م که‌سێک که‌ کارێکى دیکه‌ى نه‌بێت، بڕوا بۆ سینه‌ما، به‌ڵام که‌سێک زۆر مه‌به‌ستى بێ بچێ و ته‌نانه‌ت به‌ هه‌ڵه‌داوان ده‌ڕوات تا زوو بگاته‌ ئه‌وێ ، ئه‌وه‌ خه‌فه‌تم ده‌داتێ.”

ساڵانى نووسینى ئه‌م ڕۆمانه‌ هێشتا سنوورى سینه‌ما وه‌ک پیشه‌سازى/سینه‌ما وه‌ک هونه‌ر دیارى به‌ ته‌واوى ڕوون و ئاشکرا نه‌بوو. هێشتا شاکاره‌ گرنگه‌کانى سینه‌ما زۆربه‌یان دروست نه‌کرابوون. به‌ کورتى هێشتا سالنجەر نه‌یزانیبوو سینه‌ما ده‌شێت بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ هونه‌رى و نوخبه‌ییه‌ى، که‌ نه‌ک خه‌ڵک بۆ بلیتکڕین ڕیز نه‌به‌ستن، به‌ڵکو ته‌نها که‌مینه‌یه‌ک بینه‌رى بن. سینه‌مایه‌ک که‌ دیسان به ‌پێچه‌وانه‌وه‌ کاریگه‌رى له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتیش ده‌بێت. سینه‌مایه‌ک که‌ سالنجەر لێى ده‌ترسێت سینه‌مایه‌ک نه‌بوو هونه‌رى، سینه‌مایه‌ک نه‌بوو که‌ به ‌ته‌واوى له‌ نیوه‌ى دووه‌مى سه‌ده‌ى بیسته‌مدا ڕه‌گى داکوتا، به‌ڵکو سینه‌مایه‌کى ساخته‌کار و بازرگانى بوو. سینه‌مایه‌ک بوو که‌ کۆمه‌ڵگە ده‌کات به‌ یارییه‌ک  و چۆنى بوێت به‌ڕێوه‌ى ده‌بات.

که‌ سالنجەر باسى سینه‌ما ده‌کات، باسى دیوه‌ ترسناکه‌که‌ى سینه‌مایه‌ک ده‌کات، که‌ لێکه‌وته‌کانى له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگە بینیبوو.


په‌راوێز و سه‌رچاوه‌کان

به‌ داخه‌وه‌ جگه‌ له‌ ڕۆمانى پاسه‌وانێک له‌ مه‌زرا که‌ لە لایه‌ن ژوان جه‌لاله‌وه‌ کراوه‌ به ‌کوردى، هیچ به‌رهه‌م و ته‌نانه‌ت (تائه‌و شوێنه‌ى من بزانم) کورته‌چیرۆکى سالنجەر نه‌کراوه‌ به‌ کوردى. هه‌ربۆیه‌ زیاتر له‌م گوتاره‌دا گرنگیی ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌م رۆمانه‌ بوو.

جه‌ى.دى سالنجەر/پاسه‌وانێک له‌مه‌زرا/ وه‌رگێرانى له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: ژوان جه‌لال. له‌بڵاوکراوه‌کانى ناوه‌ندى غه‌زه‌لنوس بۆ چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌.

1.دیوید.ا.کوک/ تاریخ جامع سینه‌ماى جیهان/ترجمه‌ هوشنگ ازادى ور/جلد اول/ ص: 555 نشر چشمه‌/تهران

  1. 2. هه‌مان…ل 559

3.بۆ زیاتر خوێندنه‌وه‌ له‌سه‌ر بۆچۆنه‌کانى رۆبێرت بریسۆن و سینه‌ماتۆگرافى بڕوانه‌/ سینه‌ماتۆگراف و ئه‌ده‌بیات: بابه‌ک ئه‌حمه‌دى، وه‌رگێرانى حه‌مه‌ قادر. له‌ گۆڤارى گه‌لاوێژى نوێ.

  1. 4. بڕوانه‌ ده‌قى ته‌واوى ئه‌م نامه‌یه‌ که‌ هه‌ر له‌م پاشکۆ تایبه‌ته‌دا چاپکراوه‌.

تێبینى: جگه‌ له‌ پاسه‌وانێک له‌مه‌زرا، چه‌ند چیرۆکێکى سالنجەر وه‌ک:

من حه‌پۆلم/ به‌رله‌جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئه‌سکیمۆکان/جه‌نگه‌ڵى ئاوه‌ژوو و ..هتدى وه‌رگیراوه‌.

له‌م لینکه‌دا ماڵپه‌رى تایم چه‌ند فیلمێکى دیاریکردووه‌ که‌ ئیلهامیان له‌به‌رهه‌مه‌کانى سالنجەر وه‌رگرتووه‌:

لینكی یه‌كه‌م

لینكی دووه‌م

دیکتاتۆری مەزن، یەکەمین فیلمی دەنگیی چاپلن

دیدی من – ڕۆجەر ئیبەرت

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

لە ساڵی ١٩٣٨دا, ناسراوترین ئەستێرەی فیلم لە جیهاندا دەستی کرد بە ئامادەکردنی خۆی بۆ دروستکردنی فیلمێک سەبارەت بە دڕندەترین کەسایەتیی سەدەی بیستەم. چارلی چاپلن کەمێک شێوەی لە ئەدۆڵف هیتلەر دەچوو، بەشێکی زۆریشی بە هۆی ئەوەوە بوو کە هیتلەر هەمان شێوازی سمێڵی چاپلنی دانابوو. بەکارهێنانی ئەم لێکچوونە بووە بابەتی سەرەکیی فیلمەکەی چاپلن، کە تیایدا ساتیرێکی بەکار هێنا، دیکتاتۆرێک و سەرتاشێکی جوولەکەی دانیشتووی گەڕەکی جوولەکەنشینەکان بە هۆی لێکچوونیانەوە جێگایان دەگۆڕدرێت. بەرهەمی ئەم خەیاڵ و بیرکردنەوەیە، فیلمی دیکتاتۆری مەزن بوو لە ساڵی ١٩٤٠دا، کە یەکەمین فیلمی چاپلن بوو دەنگی تیادا بێت و یەکەمین فیلمی بوو کە لە ماوەی کارکردنیدا زۆرترین داهاتی بەدەست هێنا. هەرچەندە ئەم فیلمە بووە هۆی ئەوەی کە ناڕەحەتیی زۆری بۆ دروست بکات و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بووە هۆی ئەوەی کە بە تەواوی لە ئەمەریکا دوور بکەوێتەوە و بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لە غوربەتدا بمێنێتەوە.

لە ساڵی ١٩٣٨دا، هێشتا هیتلەر بە بەرجەستەکەری خراپەکاری نەناسرابوو لە جیهاندا. هێزە جیاکەرەوە بەهێزەکانی ئەمەریکا یاسایەکیان دانا بۆ دەستتێوەرنەدانیان لە کێشەکانی ئەورووپادا، هەروەها دەنگۆی یاساکانی هیتلەریش بۆ لەناوبردن و قڕکردنی جوولەکەکان لە لایەن گرووپە دژەسامییەکانەوە پشتگیری و دەستخۆشیی لێ کرا. هەندێک لە دوژمنە کۆنەکانی هیتلەر، لەنێویاندا دژە فەڕەنسی و ئەمەریکییەکان، کە لە جەنگی ناوخۆی ئیسپانیادا بەشدار بوون، دواتر بە دژەفاشیستی پێنەگیو ناسران. ئەوان بە شەڕکردن دژی فاشیزم، لە کاتێکدا هێشتا هیتلەر وەک هاوپەیمانێک سەیر دەکرا، گومانی ئەوەیان دروست کرد کە ڕەنگە کۆمونیست بن. فیلمی دیکتاتۆری مەزن بە گوتارێکی درێژ کۆتایی پێ دێت، کە سیستەمی دیکتاتۆری تاوانبار دەکات و ئاوات بۆ دیموکراسی دەخوازێت بە فەراهەمکردنی ئازادیی تاکەکەسییەوە. بۆ چەپەکان ئەم فیلمە وەک بەهایەکی ئەمەریکییەکان تەماشا دەکرا، بۆ هەندێک لە ڕاستەکانیش ڕوانینێکی لیبڕاڵانەیان تێدا دەخوێندەوە.

ئەگەر چاپلن کەسێکی پێگەیشتوو نەبوایە، قورس دەبوو کە بتوانێت ئەو فیلمە بەرهەم بهێنێت. کاتێک سەرەتا ترسەکانی هۆڵۆکۆست دەرکەوتن و بڵاو بووەوە، چیتر هیتلەر وەک کەسێکی هەزەلی تەماشا نەدەکرا، بە هیچ جۆرێک. پێش هەموویان کۆمپانیای مارکس برازەرس فیلمی Duck Soupیان  لە ساڵی ١٩٣٣ بەرهەمهێنا کە تیایدا گروچۆ ڕۆڵی دیکتاتۆر ڕوفۆس تی فایەرفڵای دەگێڕێت بە شێوەیەکی زۆر کۆمیدییانە، ئەمیش بۆ دەربڕین بوو لەوەی بڵێت چی لە ئەورووپادا دەگوزەرێت و چی بەڕێوەیە. لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٤٢، ئێرنیشت لوبیتشی ئەڵمانی فیلمی To Be or Not To Beی بەرهەم هێنا، کە جاکی بێنی وەک ئەکتەر ڕۆڵی سەرەکیی تیا دەگێڕا و باسی داگیرکردنی پۆڵەندای دەکرد لە لایەن هیتلەرەوە.

فیلمەکەی چاپلن ڕاستەوخۆ دەیەوێت هیتلەر بکاتە ئامانج. چاپلن هەرگیز ئەو حەزە شێتانەی نازییەکانی لەو کاتەدا بەو شێوەیەی هیتلەر دەیخواست نەزانیوە، بەڵام پاش ئەوەی ڕووداوەکان ڕوویان دا و نازییەکان دەستیان بە پەلامار کرد، ئەم فیلمە کە سوکایەتییەکی گەورە بە هیتلەر دەکات و گاڵتەی پێ دەکات لە دواتردا لە وڵاتەکانی ئیسپانیا، ئیتاڵیا و ئیرلەندا قەدەغە کرا، بەڵام لە ئەمەریکا و شوێنەکانی تر بە شێوەیەک بینەری هەبوو کە ئەمڕۆ گرانە بیهێنیتە بەرچاوت. هەرگیز کارەکتەرێکی خەیاڵی نەبووە کە هێندەی ترامپی گچکە خۆشەویست بووبێت، کە چاپلن بەو ناوەوە ناسرابوو، هەرچەندە چاپلن هەموو هەوڵێکی داوە لە دیکتاتۆری مەزندا تەواو بە کەسایەتییەکی نوێوە دەربکەوێت و تڕامپی گچکە لەبیر بکەین، بەڵام بێگوومان ناتوانین وەک بینەر لەبیری بکەین. تەنیا ئەو جیاوازیە دەبینین کە چاپلن لە فیلمەکانی پێشتردا کەسایەتییەکی کۆمیدیی هەیە و لە دیکتاتۆری مەزندا کەسایەتییەکی سیاسیی ساتیر وەردەگرێت.

ڕۆجەر ئیبەرت || ١٩٤٢ – ٢٠١٣

چیرۆکی فیلمەکە یەکێکە لەو چیرۆکە ئاڵۆزانەی کە وا دەکات ڕووداوەکان زۆر شیاو نەبن. پاڵەوانەکە، سەرتاش و سەربازی جەنگی جیهانیی یەکەمە، ژیانی فڕۆکەوانێکی ئەڵمان بە ناوی شوڵتز ڕزگار دەکات و بە سەلامەتی دەیگەڕێنێتەوە بۆ خاکەکەی، هەموو ئەو کاتەی لەگەڵی دەبێت نازانێت کە ئەو دوژمنە. پاش ئەوەی لە کاتی نیشتنەوەیاندا تووشی ڕووداو دەبن، ئەو سەرتاشە تووشی لەبیرچوونەوە دەبێت، بۆ ماوەی بیست ساڵیش نازانێت کە ئەو کێیە. پاشان چاک دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ دوکانی سەرتاشییەکەی لە تۆماینیا کە هینکڵ تیایدا لە ژێر ئاڵای خاچی دوانیدا دەسەڵاتی گرتووەتە دەست. هێزەکانی گێژەڵووکە بە ناو گەڕەکی جوولەکەنشینەکاندا دەڕۆن، پەنجەرە دەشکێنن و جوولەکەکان کۆ دەکەنەوە و ئازاریان دەدەن، بەڵام لە دواتردا بە هۆی یارمەتیی شوڵتز کە ئێستا بووەتە وەزیری یاریدەدەر، سەرتاشەکە دەناسێتەوە یارمەتی دەدرێت، بەو هۆیەوە هیچ یەک لە هێزەکانی جوولەکە لە ماڵی سەرتاشەکە نزیک نابنەوە.

سەرتاشەکە، کە هەرگیز ناوی نابیستین لە فیلمەکەدا، عاشقی هانای کارەکەرە کە پاڵێت گۆدارد ڕۆڵی دەگێڕێت، هاوسەری چاپلن بووە لەو کاتەدا. ئەم سەرتاشە لە لایەن دراوسێ کۆنەکانیەوە هاوکاری دەکرێت، بەڵام دواتر لەگەڵ شوڵتز دەخرێنە ناو کەمپی زۆرەملێکان. هینکڵ دواتر کە خەریکی ڕاوکردنە لەسەر بەلەمێک و سەرتاش و شوڵتزیش لە زیندان ڕادەکەن بە جلی سەربازییەوە، لە لایەن هێزەکانی گێژەڵوکەوە هینکڵ دەستگیر دەکرێت و سەرتاشەکە وەک دیکتاتۆر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

فیلمە کلاسیکییەکەی چاپلن کۆمەڵێک دیمەنی گرنگی پانتۆمایم لەخۆ دەگرێت، لەنێویاندا سەما بەناوبانگەکەی چاپلن لەگەڵ میزەڵانەکە کە وێنەی زەویی لەسەر نەخشێنراوە و وێنای ئەوە دەکات کە هینکڵ یاری بە زەوی دەکات. دیمەنێکیش هەیە کە تیایدا پێنج پیاو دەیانەوێت پارچەیەک کێک بخۆن و لە نێویدا پارچەیەک دراو هەیە، بۆ هەر کەسێک دەربچێت دەبێت ئەو خۆی ئامادە بکات بۆ کوشتنی هینکڵ. کەسیان نایانەوێت پارچە دراوەکە بدۆزنەوە و فێڵکردنیشی تیایە. بێگومان دیمەنەکانی سەردانکردنی بانزینی ناپالۆنیی دراوسێ وڵاتی هینکڵ، کە ناپالۆنی دەبێت نمایشی موسۆلینی بکات، کۆمەڵێک دیمەنی زۆر کۆمیدی و سیاسی لەخۆ دەگرن، لەوانە وا دەکەن کە ناپالۆنی لەسەر کورسییەکی بچووک دابنیشێت تاوەکو هینکڵی گچکە لەو گەورەتر دەربکەوێت، پاشانیش کاتێک هەردووکیان لەسەر کورسیی سەرتاشیەکە دادەنیشن، هەریەکەیان دەیانەوێت لەوی تریان بەرزتر بن و خۆیان بەرز دەکەنەوە.

ئەمەی چاپلن لە ساڵی ١٩٤٠دا کردی، زۆر لەسەری کەوت، ئەو کەسایەتییە کۆمیدیاکەی خۆی بەکار هێنا لە دژی هیتلەر لە هەوڵێکی زۆر سەرکەوتوانەدا، تاوەکو وەک کەسێکی گێل پیشانی بدات. بینەرەکان کاردانەوەیەکی گەورەیان پیشان دا سەبارەت بەو هەستە کۆمیدییەی لە فیلمەکەدا هەیە. پاڵێورابوو بۆ پێنج خەڵاتی ئۆسکار، باشترین فیلم، باشترین ئەکتەر، باشترین ئەکتەری یاریدەدەر، سیناریۆ و موزیک. بەڵام بینەرەکانی ئەو کاتە و تا ئێستاش پێیان وایە کە فیلمەکە کۆتاییەکی کوشندەی هەیە، کاتێک سەرتاشەکە ڕۆڵی هینکڵ وەردەگرێت و وێنای دەکات، گوتارێکی سێ دەقیقەیی پێشکەش دەکات کە تیایدا چاپلن لەو ڕێگایەوە تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە باشە و خراپە لە جیهاندا پیشان دەدات.

زۆر سەیرە، کاتێک هیچ کەسێک هەوڵ نادات هینکڵی گۆڕاو بوەستێنێت. چاپلن ڕاستەوخۆ قسەکانی بۆ کامێرا دەکات، بە دەنگی خۆی، بێ هیچ هەستێکی کۆمیدی، خەڵکی لە تەواوی جیهانەوە گوێیان لە قسەکانی گرتووە لە ڕادیۆکانەوە. ئەوانەی ئەو دەیڵێت تەواو ڕاستن، بەڵام هەستە کۆمیدییەکە لەناو دەبات و وێنەکە دەکاتە وانەیەک بۆ بینەران. دواتریش دیمەنێکی گۆداردییانە دەبینین، کاتێک کامێرا بەرز دەبێتەوە و ئاسمانمان پیشان دەدات. چاپلن کەسایەتییە کۆمیدییەکەی فڕێ دەدات، ئەمەش کارەساتە، بێگومان تۆنی فیلمەکە دەگۆڕێت. ئەو پرسیارەشمان لا دروست دەکات کە ئایا تا کەی چاپلن قسە دەکات؟ (پرسیارێک کە هەرگیز نابێت لە فیلمێکی کۆمیدیا بیکەین).

ژیانێکی سەرنجڕاکێشه‌

دیدی من

ڕۆجەر ئیبەرت

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

دەکرێت بڵێین لابردنی مافی خاوەندارێتی سوودێکی گەورەی گەیاندووە بە فیلمی ئەمە ژیانێکی سەرنجڕاکێشە، چونکە ئەم فیلمە لەم چەند دەیەیەی دواییدا جارێکی تر توانیی ببووژێتەوە و فیلمە لەبیرکراوەکەی فڕانک کاپرا جارێکی تر بووەوە باسی عاشقانی فیلم لە جیهاندا. ئەم فیلمە توانیی هەریەک لە فڕانک کاپرای دەرهێنەر و جەیمس ستیوارتی ئەکتەر بژێنێتەوە، کە هەریەک لەم دوانە بە باشترین کاری خۆیان ناوی دەبەن. هەروەها بە هۆی ئەم لابردنی مافی خاوەندارێتییەشەوە، کۆمەڵێک گۆڕانکاری بەسەر ئەم فیلمەدا هێنراوە، یەکێک لەوانە بریتییە لەوەی کە لە هەندێک شوێندا فیلمەکە ڕەنگی پێ دراوە و چیتر هاووڵاتییان ناتوانن فیلمەکە بە ڕەشوسپی ببینن، کە ئەمەش ڕەسەنایەتیی فیلمەکەی لەناو بردووە. لەو بارەیەوە جەیمەس ستیوارت دەڵێت: “هەوڵم دا تەماشای ڤێرژنە ڕەنگاوڕەنگەکەی فیلمەکە بکەم، بەڵام یەکسەر دەبوو بیکوژێنمەوە، تەماشاکردنی ئەو فیلمە بە ڕەنگاوڕەنگ ماندووم دەکات.”

پۆسته‌ری فیلمه‌كه‌

ئەوەی گرنگە دەربارەی فیلمی ئەمە ژیانێکی سەرنجڕاکێشە، ئەوەیە کە تا تەمەنی فیلمەکە زیاتر بێت، ئەوەندە فیلمەکە بەنرختر دەبێت؛ هەروەک فیلمەکانی کاسابلانکا و پیاوی سێیەم. هەندێک فیلم، تەنانەت باشەکانیش، دەکرێت تەنیا جارێک تەماشایان بکەین. کاتێک لە زۆر ڕووەوە زانیاری دەربارەی ئەو فیلمانە بەدەست دەهێنین، ئەوا نهێنیی خۆیان لەدەست دەدەن. فیلمیش هەیە کە دەکرێت زیاتر لە چەندین جار تەماشای بکەین. وەک گۆرانییە باشەکان، تا گوێیان لێ بگریت و بیانبینیت زیاتر خۆشت دەوێن و دێنە ڕۆحتەوە. بێگومان فیلمی ئەمە ژیانێکی سەرنجڕاکێشە لەو فیلمانەیه‌ تا تەماشای بکەیت نرخی زیاتر دەبێت.

”هەندێک فیلم، تەنانەت باشەکانیش، دەکرێت تەنیا جارێک تەماشایان بکەین.“

لەم دواییانەدا جارێکی تر سەیری فیلمەکەم کردەوە، کە Criterion Collection بە شێوەیەکی زۆر جوان بڵاوی کردبووەوە. چیرۆکی فیلمەکە وەک هەموو ئەو فیلمانەی تر نییە کە باسی کریسمس دەکات. لە جێی ئەوەی فیلمەکە بێت کارەکتەرێکی دڵخۆشمان پیشان بدات، فیلمەکە لە کۆمەڵێک دیمەنی جواندا کارەکتەرێکی غەمگین و بێهیوامان پیشان دەدات.

ڕۆجەر ئیبەرت || ١٩٤٢ – ٢٠١٣

کارەکتەرە سەرەکییەکە بێگومان جەیمس ستیوارتە، ئەو لە سەرەتای تەمەنیدا هیوا دەخوازێت کە زۆر جێگەی جیهان بڕوات و بگەڕێت، بەڵام هەمیشە ڕووداوەکان ڕێگریی لێ دەکەن لەوەی خەونەکەی بهێنێتە دی، بەتایبەتی لێپرسراوێتیی ئەو لە خێزانەکەیدا و سەرپەرشتیکردنی کاری خێزانەکەی، کە ئەمەش تاکە شتە دەتوانێت ڕێگری بکات لە چاوچنۆکییەکانی پۆتەر، کە یەکێکە لە دەوڵەمەندەکانی ئەو ناوچەیە و دەخوازێت هەموو شتێک بۆ ئەو بێت.

جۆرج هاوڕێ شیرینەکەی خوێندنگەی، ماری، دەکاتە هاوسەری خۆی، کە لەم فیلمەدا یەکەم ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتوانە. ئەوان دەست دەکەن بەوەی گەشە بە خێزانەکەیان بدەن و یارمەتیی زۆرێک لە خێزانە هەژارەکان دەدەن تا خانووی خۆیان بکڕن و گەشە بە ژیانیان بدەن. مامی جۆرج ڕۆژێک هەندێک لە پارەی بانقەکە ون دەکات لە کاتی کریسمسدا، بێگومان پارەکە دەکەوێتە دەست پۆتەر، ئەویش هەمیشە بەدوای ڕێگەیەکەوە بووە تاوەکو جۆرج بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە. جۆرج هەموو هیوایەک لەدەست دەدات و هەوڵی ئەوە دەدات لە پردێکەوە خۆی هەڵبدات و خۆی بکوژێت، بەڵام فریشتەیەکەی پلەدوو بە ناوی کلارێنس ڕزگاری دەکات و تێیدەگەیەنێت ژیان بێ جۆرج لە شارۆچکەی بێدفۆرد فۆڵس چۆن دەبوو، کاتێک هیوای ئەوە دەخوازێت خۆزگە هەرگیز بوونی نەبوایە.

فڕانک کاپرا || ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه‌

پاش گەڕانەوەی لە خزمەتی سەربازی لە دووەم جەنگی جیهانی، ئەمە یەکەمین فیلمی فڕانک کاپرا بوو کە بەرهەمی هێنا، بۆیە هەوڵی دا فیلمێکی تایبەت بەرهەم بهێنێت بۆ یادکردنەوەی ژیان و خەونی هاووڵاتییانی ئەمەریکا، کە هەوڵیان دا ڕاستترین کار بکەن لەو جەنگەدا. کاپرا هەرگیز نەیویستووە ئەم فیلمە ببێتە فیلمێک سەبارەت بە کریسمس. کاپرا پاش ئەوەی لە سییەکانی سەدەی بیستەمدا یەکێک بوو لە دەرهێنەرە مەزنەکانی هۆڵیوود بە دروستکردنی چەندین فیلمی گرنگ، بیرۆکەی فیلمە نوێکەی لە چیرۆکێکەوە وەرگرت کە لەسەر ڕەفەی ستۆدیۆکان تۆزی لەسەر نیشتبوو.

بۆ ستیوارت، فیلمەکە هەلێک بوو تاوەکو دیسانەوە لەگەڵ کاپرا دەست بکاتەوە بە کارکردن، پاش ئەوەی پێشتریش لە فیلمی تردا نواندنی بۆ کردبوو. فیلمەکە هەرگیز یەکێک نەببوو لە فیلمە دڵخوازەکان لای بینەران تاوەکو مافی خاوەندارێتیی ئەم فیلمە هەڵگیرا و هەموو هاووڵاتییەک توانی ئەم فیلمە ببینێت لەم دواییانەدا.

ئەم فیلمە هەرگیز وەک فیلمەکانی پێشتری کاپرا سەرکەوتنی نەبەخشی پێی لە زەمەنی خۆیدا، بەڵام وا دەردەکەوێت لە ئێستادا یەکێک بێت لە فیلمە هەرە باشەکانی مێژووی سینەما و هەمیشە بینەران لە ساتەوەختە جیاوازەکان و بەتایبەتی لە شەوی کریسمسدا بگەڕێنەوە بۆی و تەماشای بکەن.

تڕه‌یله‌ری فیلمی ئه‌مه‌ ژیانێكی سه‌رنجڕاكێشه‌:

پەڕاوی میازاکی: تۆتۆرۆی دراوسێم

دیدی من – رۆجەر ئیبێرت

لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

ئەم فیلمە باس لە جیھانێک دەکات کە دەبوو لێی بژین، ئەو جیھانە نا کە داگیرمان کردووە. فیلمێک بێ ھیچ توندوتیژییەک، بێ ھیچ دیمەنێکی شەڕ، لەم فیلمەدا ھیچ گەورەیەکی بەدکار و ھیچ دڕندەیەکی تۆقێنەر بوونی نییە، جیھانێکی بێزیانە، جیھانێک کە بوونەوەرێکی باڵابەرزی نامۆ لە دارستاندا دەبینیت لە باوەشیدا خۆت گرژ دەکەیت و سەرخەوێک دەشکێنیت.

تۆتۆرۆی دراوسێم بە یەکێک لە دڵخوازترین فیلمی خێزانی دادەنرێت، بەبێ ئەوەی ھیچ ڕیکلامێکی بۆ کرابێت. بەپێی داتابەیسی ئینتەرنێت، بە پێنج باشترین فیلمی خێزانی ھەڵبژێردراوە، کە لەدوای تۆی ستۆڕی دوو و لەپێش شرێکەوەیە. ئانیم ئینسایکڵۆپیدیا بە باشترین فیلمی ئەنیمەیشنی یابانی ناوی دەبات.

ئەم فیلمە نموونەیەکی ترە لە کارە جوانەکانی ھایۆ میازاکی، کە ھەرچەندە ئایسۆ تاکاھاتای ھاوکاری لە ستۆدیۆی گیبڵی پێ دەچێت ھاوشانی بێت،بەڵام میازاکی بە باشترین ئەنیمەیتۆری یابانی ناسراوە. تۆتۆرۆ و گۆڕی گوڵە ئەستێرەکانی تاکاھاتا لە ساڵی 1988دا بڵاو بوونەوە. میازاکی بە شێوازێکی کلاسیکی کار دەکات و ھەر فرەیمێک بە تەنیا ماماڵەی لەگەڵ دەکات و وردەکارییەکانی دەکێشێت.

ئەنیمەیشن لە یابان کارێکی گەورەیە، میازاکی پێی دەگوترێت دیزنیی یابان، ھەرچەندە ناوێکی زۆر شیاو نییە، چونکە واڵت دیزنی ئەنیمەیتۆر نەبوو و میازاکی خۆی فیلمەکانی خۆی دەکێشێت. فیلمی شازادە مۆنۆنۆکی لە ساڵی 1999دا لە یابان لە تایتانیک زیاتر دەنگی دایەوە. نوێترین فیلمی، شاری ڕۆحەکان، کە لە مانگی حەوتی 2001 دا بڵاو بووەوە و لە مۆنۆنۆکی زیاتر دەنگی دایەوە. لە نۆ فیلمە زۆر باشەکانی میازاکی، ئەوانەی لە ئەمەریکا ناوبانگی زۆریان بەدەست ھێنا، ئەمانەن: خزمەتگوزاریی گەیاندنی خێرای کیکی (1989)، قەڵایەک لە ئاسمان (1986)، جەنگاوەرەکانی با (1984)، قەڵای کاگلیۆسترۆ (1979).

فیلمەکانی میازاکی زۆر سەرنجڕاکێشن بە بەکارھێنانی ڕەنگی ئاوی بۆ باکگراوندی فرەیمەکانی و بە کارکردن لەسەر کارەکتەری جیاواز و تایبەت بە کلتووری یابان، کە چاوی خڕ و گەورە و  لێوێک کە ھەندێک کات وەک خاڵێک بچووکە ھەندێک کاتیش وەک ئەشکەوتێک گەورەیە. وردەکارییەکان ھۆکارێکی ترن لە تایبەتمەندیی فیلمەکانی میازاکی، بۆ نموونە، لە تۆرۆتۆدا منداڵەکان سەیری تاڤگەیەکی بچووک دەکەن نزیک ماڵی خۆیان، بەڵام لە خوارەوەدا بتڵێک کەوتووەتە ناو جۆگەکەوە.

فیلمەکە چیرۆکی دوو خوشکی لاو دەگێڕێتەوە، ساتسوکی و می کوساکابا. لە سەرەتای چیرۆکەکە، باوکی دەیانباتە ماڵە نوێیەکەیان کە نزیک دارستانێکی گەورەیە. دایکە نەخۆشەکەیان گوێزراوەتە بۆ نەخۆشخانەیەک لەو ناوچەیە. فیلمەکە دەربارەی دوو کچە، واتا وەک ھەموو ئەنیمەیشنەکانی ئەمەریکا دەربارەی دوو کوڕ یان کوڕ و کچێک نییە. باوکێکی بەھێز و پڕسۆز کە دژ بەو حەزە زۆرەی ھۆڵیوودە بۆ دروستکردنی کارەکتەری خراپ. دایکیان نەخۆشە، ھیچ نەخۆشییەک لە ئەنیمەیشنی ئەمریکییدا بوونی ھەیە؟

کاتێک دوو خوشکەکە پرسیار لە کوڕێکی دراوسێیان دەکەن چۆن ماڵە نوێیکەیان بدۆزنەوە، ڕوخساری بە جۆرێک دەگوڕێت، ئەم دەربڕینەش بینەر دەیبینێت بەڵام ئەوان نایبین. کاتێک می ساتسوکی چەند خاڵێکی ڕەش دەبینن بە خێرایی لە ترسدا ڕادەکات. باوکیان دەڵێت: ” پێدەچێت تەنیا غوبار بن.”  بەڵام دایەنێکی پیر کە گرنگی بە ماڵەکە دەدات دڵنیا دەبێتەوە کە ئەوانە تارمایی سووتن کە حەز بە ماڵی چۆڵ دەکەن و کاتێک گوێیان لە پێکەنین دەبێت ماڵەکە جێ

دەھێڵن.

بیر لەو دیمەنە بکەوە کە منداڵەکان لە ماڵەکە نزیک دەبنەوە. ستوونێک لەژێر بەلەکۆنەکە ھەیە کە خەریکە دەڕووخێت، زۆر بە وریاییەوە کەمێک پاڵی پێوە دەنێن و ڕایدەکێشن، هەروەها دیمەنەکە پیشانی دەدات کە چۆن ستوونەکە بە ناجێگیریی بنمیچەکەی ھەڵگرتووە، بەڵام ھەر بەشێکە لە بنمیچەکە بۆیە وەک فیلمێکی ئەمەریکی بە دەنگێکی بەرزەوە ناکەوێت. کە دەچنە ناو ماڵەکەوە، دەترسن بەڵام پەنجەرەکە دەکەنەوە و سڵاو لە باوکیان دەکەن.

باوکیان بە ھێمنییەوە گوێ بۆ باسی بوونەوەرە سەیرەکان دەگرێت. تارمایی و تۆتۆرۆ بوونیان ھەیە؟ بە دڵنیاییەوە لە خەیاڵی کچەکاندا بوونی ھەیە، بە ھەمان شێوەی بوونەوەرە جوانەکانی تر، وەک کات بوس کە بە شەواندا لە ناو دارستانەکە دەگەڕێت و ھەردوو چاوی گڵۆپن.

ڕۆبێرت پلامۆندۆمی ڕەخنەگر دەڵێت: “لە کاتێکدا قورسە کە گەورەکان باوەڕ بە قسەکانی منداڵەکان بکەن، بەڵام بۆ تەنیا جارێکیش میازاکی منداڵەکان ڕووبەڕووی ترسێک ناکاتەوە کە گەورەکان بە درۆزنیان ناو بنێن، ئەم مامەڵەیە و قبووڵکردنی تارمایی لە یاباندا جیاوازیی گەورەی نێوان ئەم دوو کلتوورە ڕوون دەکاتەوە.”

تۆتۆرۆی دراوسێم باس لە ئەزموون و بارودۆخ و گەڕانی منداڵەکان دەکات، باس لە ناکۆکی و ھەڕەشە ناکات. ئەم بوونەوەرە لە ئەفسانەکانی یاباندا بوونی نییە، بەڵکو دروستکراوی میازاکییە تایبەت بەم فیلمە. میی بچکۆلە یەکەم تۆتۆرۆی بچووک دەدۆزێتەوە، کە لە کەروێشکێک دەچێت و بە باخەکەیاندا و دواتر بۆ ناو دارستانەکە دوای دەکەوێت. باوکی کە بە تەنیا لە ماڵەوەیە و بە کارەکانیەوە سەرقاڵە، تێبینیی نەمانی می ناکات. بە تونێلێکی سەوزاییدا دوای تۆتۆرۆی بچوک دەکەوێت و دواتر دەبینێت کە لەسەر سنگی بوونەوەرێکی گەورە وەستاوە. میازاکی تاریکی و ترسناکی دارستانەکە ناقۆزێتەوە، کاتێک سێتسوکی و باوکی دەچن بەشوێن میدا بگەڕێن بەبێ ھیچ کێشەیەک دەیدۆزنەوە، لەسەر زەوییەکە خەوی لێکەوتووە و تۆتۆرۆ دیار نەماوە.

هایۆ میازاکی
ئیلوسترەیشن: سابات عەباس

دواتر کچەکان دەچن بۆ وێستگەی پاسەکە، کات درەنگ دەبێت و پاس ناگات. بە بێدەنگی تۆتۆرۆ دێتە لایان. باران دادەکات، کچەکان چەترەکەیان ھەڵدەکەن وە دانەیەک دەدەن بە تۆتۆرۆ . دواتر پاسەکە دەگات و دەبینین کە دیمەنەکە چەند بە بێدەنگیی مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، کە لێرەدا شەو و ناو دارستان تەنیا بارودۆخێکی جیاوازن نەک جێیەکی ترسناک. فیلمەکە ھیچ بەدکارێکی تێدا نییە، پێشتر فیلمی ئەنیمەیشنی ورچی وانییش ھیش بەدکارێکی تێدا نەبوو، بەڵام لە ڤێرژنە ئەمەریکییە نوێکەیدا، واڵاسی بەدکار ھاتووەتە ناوەوە.

دوو بارودۆخی لەناکاو ڕوو دەدەن: یەکێکیان سەردانکردنی دایکیانە لە نەخۆشخانە، کە دەیەوێت ھەموو دەنگوباسی ماڵە نوێیەکەی بزانێت، هەروەها دووەم کاتێک سێتسوکی لە نەخۆشخانەوە تەلەفونی بۆ دەکرێت و داوای پەیوەندیکردن بە باوکیەوە دەکەن. لە ھەردوو باروودۆخەکەدا، نەخۆشیی دایکیان وەک ڕاستییەک لە ژیانیاندا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت نەک وەک تراژیدیایەک کە بووەتە ھۆی غەمگینیی خێزانەکە.

ھیچ پڵۆتێکی ناکۆکیی نێوان منداڵ و گەورە لە فیلمەکەدا بوونی نییە. خێزان جێیەکی ئارامکەری وەک بەھەشت ناسێندراوە. باوک کەسێکی ژیرە و چیرۆکی منداڵەکانی قبووڵ دەکات و متمانەی بە کچەکانی ھەیە و بە بیرێکی کراوەوە گوێیان بۆ دەگرێت.  فیلمی تۆتۆرۆ تەنیا بە ھۆی ئەم ھەستە گەرمەی لە نێویدا ھەیە ناوبانگی بەدەست نەھێناوە، بەڵکو پڕە لە دیمەنی کۆمیدی دوو کارەکتەری ژیری بچکۆلە. ھەر وەک ژیان، کەمێک غەمگینە، کەمێک ترسناکە، کەمێک چاوەڕواننەکراوە.

سەرپەرشتیاری پەڕاو: پشتیوان کەمال

پەڕاوی میازاکی: کیسەڵە سوورەکە، فیلمێکی بێوشە

دیدی من – بی ئێف ئای

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

ستۆدیۆ گیبڵی یەکەم بەرهەمی هاوبەشی نێودەوڵەتیی بەرهەم هێنا، کە ئەویش ئەفسانەیەکی زۆر جوان دەگێڕێتەوە، تیایدا جوانی و نهێنی و دراما و چیرۆکی دڵشکان تێکەڵ دەکرێن، تەنانەت یەک وشەش لەم فیلمەدا ناگوترێت. ئەم فیلمە بە دەستکەوتێکی گەورە دادەنرێت بۆ ئەنیمەیتەر مایکڵ دودۆک دێ ویت.

کاتێک دەست دەکەیت بە تەماشاکردنی فیلمەکە، تۆتۆرۆی کارەکتەری یەکێک لە فیلمەکانی ستۆدیۆ گیبڵی لەسەر شاشەکە دەردەکەوێت، کە بووەتە لۆگۆیەک بۆ ئەو ستۆدیۆ بەناوبانگەی ئەنیمەیشن لە جیهاندا. بە شێوەیەکی ئاسایی ئاسمانێکی شین لە پشتی تۆتۆرۆوە دەردەکەوێت، بەڵام لەبەر ڕێزی دەرهێنەری دانیمارکی، مایکڵ دودۆک دێ ویتی دەرهێنەری کیسەڵە سوورەکە، یەکەم بەرهەمی ستۆدیۆ گیبڵی، کە بە زمانی یابانی دروست نەکرابێت، لێرەدا پشت تۆتۆرۆ کراوە بە سوور.

پاش ئەوەی میازاکی کورتەفیلمی ئەنیمەیشنی باوک و کچی بینی، گوتی: “ئەگەر ڕۆژێک ستۆدیۆ گیبڵی بڕیار بدات بەرهەمی ئەنیمەتەرێک لە دەرەوەی ئەندامەکانی ستۆدیۆ گیبڵی بەرهەم بهێنێت، ئەوا دودۆک دەبێت.” ئەو کورتەفیلمە ئەنیمەیشنە هەشت خولەکییە، لە زۆر ڕووەوە لە کارەکانی ستۆدیۆ گیبڵییەوە نزیکە، کە کارەکانی ئەو ستۆدیۆیە وەک تیۆریی لێ هاتووە و دەتوانین بڵێین لە ژێر کاریگەریی “Ghiblism” دروست کراوە. ئەم کورتەفیلمە دەربارەی لەدەستدانە؛ ئەو بە کۆمەڵێک وێنەی سادە توانیویەتی بابەتی غەمباری چیرۆکەکەی پیشان بدات. لە سەروو هەموو شتێکیشەوە، زۆر گرنگیی بە سروشت داوە. میازاکی، عاشقی هەورەکانە، هیچ گومانی تێدا نییە کاتێک تەماشای کورتەفیلمەکە دەکەین، کۆمەڵێک ڕێگەی جیاواز دەبینین، کە دودۆک بەکاری هێناوە بۆ کێشانی هەورەکان و ئاسمان.

کورتە فیلمی ئەنیمەیشنی براوەی ئۆسکار
باوک و کچ

شازدە ساڵ پاش باوک و کچ، کارە هاوبەشییەکەی ستۆدیۆ گیبڵی و دودۆک هاتە بەرهەم. دودۆک ئەوەی ڕەت کردبووەوە کە فیلمە نوێیکەی، کیسەڵە سوورەکە، بە فیلمی درێژ بەرهەم بهێنرێت، بڕوای وا بوو گەلێک ئاڵۆز دەبێت، تا ئەو کاتەی بیستی کێ دەبێتە بەرهەمهێنەری فیلمەکەی. ئەوکاتیش پێی وا بوو ئەوە تەنیا گاڵتەیە، کە ستۆدیۆ گیبڵی بەرهەمهێنەی فیلمەکەی بن. کیسەڵە سوورەکە لە فەڕەنسا دروست کراوە، لەگەڵ هاودامەزرێنەری ستۆدیۆ گیبڵی تاکاهاتا ئیساو، کە وەک بەرهەمهێنەری هونەری کاری کردووە، هەروەها سینارۆکەشی بە هاوبەش لەگەڵ دەرهێنەری فەڕەنسی پاسکاڵ فێران نووسراوە.

وێنەکانی دودۆک هێندە پڕن لە ئازار، کە ناتوانیت خۆت بەرامبەر ئازارەکانی بگریت، حەز دەکەیت هاوار بکەیت. ئەمە ڕەنگە ڕای عاشقێکی سینەما بێت، بەڵام کە تەماشای کیسەڵە سوورەکە دەکەیت، ئەستەمە ئەم هەستەت بۆ دروست نەبێت.

چیرۆکی فیلمەکە لە ناوەڕاستی زریانێکەوە دەست پێ دەکات، شەپۆلە ڕەساسییەکان سکرینەکە دادەپۆشن. کەسێک لە ئاوەکەدا دەبینین نوقم بووە و هەوڵ دەدات خۆی ڕزگار بکات. پاشان لە قەراغ زەریاکە پیاوەکە دەبینین بە کۆمەڵێک پارچەی شکاوی بەلەمەکە لە تەنیشتی. قرژاڵێک دەچێتە ناو قاچی. پیاوەکە هەڵدەستێت و دەچێت دەگەڕێت تا بزانێت ئەو جێگەیە کوێیە، لەو کاتەدا ئێمە تەواوی دوورگەکە دەبینین و بینەر بەو جێگەیە ئاشنا دەبێت. ئەو هاوار دەکات و دەگری، چونکە تاکە هاوەڵ و هاوڕێی ئەو لەو دوورگەیەدا تەنیا قرژاڵەکانن. کۆمەڵێک جار هەوڵی ئەوە دەدات کە خۆی ڕزگار بکات بە دروستکردنی بەلەمێک بە داری بامبوو، بەڵام هەموو جارەکان هێزێکی نادیار بەلەمەکەی تێک دەشکێنێت. لە کۆتاییدا دوژمنەکەی دەدۆزێتەوە، کیسەڵێکی سوور.

من لێرەوە واز لە چیرۆک دەهێنم، چونکە دڵنیام ناتانەوێت زیاتر دەربارەی ئەم چیرۆکە فانتازییە پڕ لە نهێنییە بزانن پێش ئەوەی بیبینن. فیلمەکە هەشتا خولەکە و تەواو فیلمێکی بێوشەیە، هیچ وشەیەکی تێدا ناوترێت.

فیلمەکە کۆمەڵێک خەونی تێدایە، لەگەڵ کۆمەڵێک چیرۆکی هێمایی دەربارەی ژیان. وێنەکان بەهای فیلمەکەن بێ هیچ درۆ و دەلەسەیەکیش دەتوانین بڵێین بەرزترین ئاستی هونەرن. زۆر دیمەنی کلۆس ئەپی کارەکتەرەکان نابینین، بەڵام وێنەی نزیکی ئاژەڵەکانی ناو فیلمەکە دەبینین. زۆر گرنگە ئەم فیلمە لەسەر شاشەی گەورە تەماشا بکرێت بۆ هەستکردن بە  تەواوی وردەکاریی کێشراو و دیجیتاڵیی ناو فیلمەکە.

سەرپەرشتیاری پەڕاو: پشتیوان کەمال

لاله‌نگییه‌کان مه‌نێژن

دیدی من

سەرکەوت جەبار

 

زازا ئوروشازده‌ ده‌رهێنه‌رێکی جۆرجییه‌ و تا ئێستا ته‌نیا سێ فیلمی در‌وست کردووه‌. ساڵی ٢٠١٣ فیلمی لاله‌نگی‌ی دروست کرد. فیلمه‌که‌ تێڕوانێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌یه‌ بۆ جه‌نگ و پاشانیش بۆ مرۆڤ. ئه‌گه‌ر زازا به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، ده‌توانێت فیلمی دیکه‌ پێشکه‌ش به‌ سینه‌ما بکات. زازا دوور له‌و تێڕوانینه‌وه‌ فیلمه‌که‌ی دروست کردووه‌، که‌ تاڕاده‌یه‌ک زاڵه‌ و تا ئێستاش به‌رده‌وامیی هه‌یه‌، تێڕوانینێک که‌ بۆ دروستکردنی فیلمێک له‌سه‌ر جه‌نگ، فیلمه‌که‌ پڕ ده‌که‌ن له‌ کاره‌کته‌ر و سه‌رباز و تانک و تۆپ. زازا توانیویه‌تی به‌ چوار کاره‌کته‌ر توحفه‌یه‌کی سینه‌مایی دروست بکات، که‌ جگه‌ له‌ ستاییش شتێکی دیکه‌ی بۆ نه‌هێشتووینه‌ته‌وه‌.

maxresdefault

 ئیڤۆ پیاوێکی نزیک شه‌ستساڵانه‌، له‌ گوندێکی ته‌ریک و چۆڵکراو، خه‌ریکی دروستکردنی سندوقه‌ بۆ لاله‌نگی، تا مارگۆس لاله‌نگییه‌کانی بڕنێت و بیفرۆشێت. له‌وانه‌یه‌ پرسیارێک بۆ بینه‌ر دروست ببێت، که‌ تا ڕاده‌یه‌کیش مافی خۆیه‌تی ئه‌و پرسیاره‌ بکات: فرۆشتنی لاله‌نگی له‌ کاتی جه‌نگدا بۆ؟ له‌وانه‌شه‌ بینه‌ر وه‌ک شتێکی مه‌هزه‌له‌ و گاڵته‌جاڕی سه‌یری بکات. به‌ڵام له‌ ڕاستیدا مارگۆس مانایه‌کی تر، یان شتێکی دیکه‌ی له‌ لاله‌نگی ده‌وێت؛ بۆ ئه‌و فرۆشتنی لاله‌نگییه‌کانی و ده‌ربازبوون له‌و گونده‌ و چوونی بۆ ئیستۆنیا، مانای ئازادبوونی ده‌گه‌یه‌نێت. چیتر له‌ فیلمه‌که‌دا لاله‌نگی وه‌ک میوه‌ مانای خۆی له‌ ده‌ست ده‌دات و ده‌بێته‌ سیمبولێک بۆ ئازادی و گونده‌که‌ش ده‌بێته‌ به‌ندیخانه‌ بۆ مارگۆس. مارگۆس کاره‌کته‌رێکه‌ تا ڕاده‌یه‌ک ژیانی خۆش ده‌وێت، ده‌یه‌وێت له‌و جه‌نگه‌ هه‌ڵبێت و بگات به‌ ئیستۆنیا. گه‌یشتن به‌ ئیستۆنیا مانای ژیانێکی دیکه‌یه‌ بۆ مارگۆس، مانای به‌ده‌ستهێنانی ئازادییه‌.

فیلمی لاله‌نگی مانایه‌کی دیکه‌ ده‌دات به‌ سینه‌ما، تێڕوانێکی نوێیه‌ بۆ نووسینی سیناریۆ و کاره‌کته‌رسازیی و ده‌رهێنان. کاره‌کته‌ری مارگۆس و ئیڤۆ تا ڕاده‌یه‌ک دژ و پێچه‌وانه‌ی یه‌کترن، مارگۆس مانایه‌ک بۆ بێمانایی و پووچیی ژیان ده‌دۆزێته‌وه‌، ئیڤۆ پیر بووه‌ و شتێکی له‌ ژیان ناوێت. ئیڤۆ ئه‌زموونه‌کانی فێری کردووه‌ ژیان چ مانایه‌کی هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌ گونده‌که‌ی ماوه‌ته‌وه‌ و شتێکی زۆری ناوێت له‌ ژیان، به‌ڵام مارگۆس پێچه‌وانه‌ی ئیڤۆ بیر ده‌کاته‌وه‌.

زیره‌کیی زازا له‌وه‌دایه‌ ئه‌م دوو کاره‌کته‌ره‌ی له‌ فیلمه‌که‌یدا گونجاندووه‌، بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌رکه‌وتنێک له ‌نێوان ئه‌م دوو کاره‌کته‌ره‌ ڕوو بدات له‌سه‌ر مانای ژیان، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئارگۆمێنتێک بگۆڕنه‌وه‌ ده‌رباره‌ی ژیان و مانای ژیان، به‌ڵام زازا به‌ کامێراکه‌ی و زه‌رده‌خه‌نه‌ی کاره‌کته‌ره‌کانی، ئه‌و پووچی و بێماناییه‌ی له‌ ژیاندا هه‌یه‌ به‌ بینه‌ری ده‌ڵێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ کاره‌کته‌رێکی باسی بێمانایی ژیان بکات.

ئەم فیلمە لە ئێستادا لە سینەما سالم لە شاری سلێمانی لە نماییشدایە لەم کاتانەدا:

پێنجشه‌ممه‌ ١٣/١٠/٢٠١٦ تا هه‌ینی ١٤/١٠/٢٠١٦: کاتژمێر ٩:٠٠ی شه‌و