Category Archives: ڕاپۆرت

دۆگما ٩٥، ڕەهەندێک بۆ فیلمی ڕیاڵ

دیدی من

لارس ڤۆن ترەیەر

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: چێنەر بەدری

دۆگما ٩٥، ئاسۆیەکە بۆ بەگرتەکردنی ژیان ، چەمکێکی ڕەمزییە بۆ کۆمەڵەیەک لە دەرهێنەرانی فیلم، کە لە بەهاری ١٩٩٥دا، لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک بڕیاری دامەزراندنیان دا، ئامانجیش لێی دروستکردنی زنجیرەیەک شۆڕشە لە زۆر ئاڕاستەی سینەما و بەرهەمهێنانی فیلمدا، ڕزگارکردنی ئاکت و جووڵەیە لە وێنە دەستکردەکان و ناواقیعیەکاندا.

لارس ڤۆن ترەیەر

بۆ دۆگما ٩٥ لە ئێستادا ؟ بۆچی بۆ ئێمە؟

ئەمە ئەو پرسیارەیە کە زۆر لە ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین: بۆ سینەمامان نییە؟ دەرهێنەر و سینەماکارەکانی ئێمە بۆ هێند تەوەزەلن؟

بەگشتی لە کاتی نەبوونی دنیابینی و نائاشناییمان لە مانای سینەما و فیلم و نەبوونی کەسانێک کە خەونی سینەماییان هەیە، کەوتووینەتە ڕەوشێکەوە کە لەشکرێک لە سینەماکاری تەوەزەل و تەمبەڵ دروست بووە، کە تەواوی ناتوانایی و گەمژەیی خۆیان لە پشت کۆمەڵی وشەدا حەشار داوە، کە بە هیچ شێوەیەک بنەمای سەرەکی نین بۆ هێنانەوەی بیانوویەکی گونجاو، ئەویش ئەوەیە کە هەموو وەک ئەوەی لە کۆبونەوەیەکی هاوبەشدا بڕیاریان دابێ، خۆیان لە پشت ڕستەگەلی وەک:

  1. نەبوونی ئابووری و پاڵپشتی مادی بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێک کە بتوانێت بە ڕکابەریی فیلمە جیهانییەکان.
  2. نەبوونی کەرەستەی پێشکەوتووی سینەمای بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێک کە بتوانێت لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان بەشداریی پێ بکرێت.
  3. نەبوونی بینەری پێویست و نەبوونی کلتوور و بینەرێکی کراوە و تێگەیشتوو لە هونەر و سینەما.

لە وەڵامی ئەمانەشدا، من پێم وایە کە ئەمانە کۆمەڵی بیانوون کە دەلالەت لە تەوەزەلی دەکەن، وەک لەوەی هۆکارگەلێکی واقیعی بن، ئەویش بە هۆی ئەوەی ئەو بەڕێزانە وەک ئەوەی منداڵێکی خوێندنگە بن، هەمیشە چاویان لەوەیە دایە و بابە پێداویستییەکانی دیاری بکەن ئەو تەنها ئەوەی لەسەرە بخوێنێت.

کەرەستەی تایبەتی سینەماییش، لە کۆتاییدا لە بنەماکانی دۆگما ٩٥، بەتایبەتی قسەی لەسەر دەکرێت و ڕوون دەکرێتەوە، بۆیە لێرەدا ئەم خاڵە بەجێ دێڵم بۆ بنەماکانی دۆگما وەڵامیان بداتەوە.

نەبوونی بینەر و کلتوورێکی کراوە، هەمان بیانووە کە نووسەرەکانیشمان لە پشتیدا خۆیان حەشار داوە؛ من دەپرسم، کاری ئێوە چییە کەواتە؟ ئایا ئەوە کاری ئێوە نییە گۆڕانکاریی کلتووری دروست بکەن؟ یان دەتانەوێ حازر بنووسن و بەرهەمەکانتان بکڕرێت و بخوێنرێتەوە و ببینرێت؟ لە سەرەتاوە تا کۆتایی ئەمە کێشەی نووسەر و سینەماکارە ئەمە چارەسەر بکات و بەرهەمێک بەرهەم بێنێت، کە بخوێنرێتەوە و ببینرێت و درک بەوە بکات، کە هەڵەکە لە خودی ئێوەدایە، دەلالەتە لەوەی کە ئێوە تا ئێستا نەتانتوانیوە بەرهەمێک بەرهەم بێنن کە شایەنی خوێندنەوە و بینین بێت. بۆ زنجیرە تورکییەکان سەیر دەکرێن لە وڵاتی ئێمە و ناوخۆییەکان نا؟ بۆ پاولۆ کۆیلۆ لە نووسەرەکانی ئێمە زیاتر دەخوێنرێنەوە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە دەبێت نووسەر و سینەماکارەکان بەدوایدا بچن و وەڵام و چارەیەکی جی بۆ بدۆزنەوە.

بنەماکانی دۆگما ٩٥

  1. کاری وێنەگرتن و بەرهەمهێنانی گرتە, پێویستە لە ناو لۆکەیشندا ئەنجام بدرێت.

واتا خۆبەدوورگرتن بە هەموو شێوەیەک لە ستۆدیۆی تایبەت و دروستکرنی دیکۆری تایبەت بۆ ئەنجامدانی وێنەگرتن، هەر کارێکیش لە قۆناغی پۆست پرۆدەکشندا بە کۆمپیوتەر بۆ دروستکردنی لۆکەیشنی کۆمپیوتەری، قەدەغەیە.

  1. دەنگ و ڕەنگ دەبێت پێکەوە بەرهەم بێن لە کاتی وێنەگرتندا.

دروستکرنی موزیک و ئیفێکتە دەنگییەکان پێویستە لەگەڵ نواندن و وێنەکاندا پێکەوە بەرهەم بێن و گرتە بکرێن، دروستکردنی موزیک و ئیفێکت لە پاش وێنەگرتن و بەکارهێنانی ستۆدیۆی تایبەت قەدەغەیە، بە هۆی ئەوەی وا دەکات کرێی تێچون زۆر بەرز بکاتەوە و دەنگێکی واشمان بۆ دروست دەکات کە بینەر بە تەواوەتی هەست بکات کە ئەوە دەنگێکی ناڕاستی و دروست کراوە.

پێویستە دەنگ بەرهەمهێنان لە ڕێگەی ئامێری موزیکی لایڤەوە بێت یان بە شێوەی جەد و ئامێرە هاوشێوەکانی لە ناو لۆکەیشنی گرتەکەدا بێتە بوون.

لارس ڤۆن ترەیەر
  1. کامێرا و کامێرامان دەبێت جارێکی تر ئاشنای یەک ببنەوە و لە یەک جودا نەبن، ئەمەش بەو مانایەی بەکارهێنانی ئامێری تایبەت دەبێت ئەنجام نەدرێت و کامێرا و کامێرامان وەک یەک جەستە بە یەکەوە بن و جودا نەبن.
  2. فیلمەکان دەبێت لە ناو ڕەنگدا بن؛ بەکارنەهێنانی کاری ئۆپتیکی و فلتەر. ئەمەش بەو مانایەی خۆبەدوورگرتن لە ڕووناکیی تایبەت و کۆمەڵە فلتەرانێک کە ڕەنگێکی جودا لە ژیانماندا پیشان دەدەن، ئەگەر ڕووناکی لە حاڵەتێکدا پێویست بوو دەبێت لە ڕێی گڵۆپی ئاساییەوە چارەسەر بکرێت یان لە ڕێی فلاشی کامێراکانەوە ناوچە تاریکەکان ڕووناک بکرێنەوە.
  3. کات و شوێنی فیلم و گرتەکان ئێرە و ئێستایە. واتە شوێن کات دەبێت سەرزەوی و گێڕانەوەی ژیان و بەرهەمهێنانی ژیان بێت، نەک دروستکرن و بەرهەمهێنانی کات و شوێنی خەیاڵی و ناواقیعی.
  4. ژانەر بوونی نییە، ئێمە ژیان دەگێڕینەوە و بەرهەم دێنین، نەک پارچەپارچەی بکەین.
  5. بەرهەمهێنانی گرتە و وێنەکان دەبێ بە شێوەی ئەکادیمەی، کە ٣٥ میلیمە، بگیرێن.
  6. دەرهێنەر تاکێکە لە ناو کاستەکەدا، نابێت حیسابی تایبەتی بۆ بکرێت و تەواوی فیلم بە خراپی و باشییەوە بدرێتە ئەو.

فیلمی کوردیی بێدەنگ لە فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر بەشداری دەکات

 

دیدی من – بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر

فیلمی کوردیی بێدەنگ، لە دەرهێنانی سینەماکارانی ئێرانیی دانیشتووی وڵاتی ئیتاڵیا، عەلی عەسگەری و فەڕنووش سەمەدی، بەرهەمی وڵاتانی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا، لە بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی سینەمای سەعادەت، لەمیانەی سیوپێنجەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر، لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسوو لە شاری تاران، نماییش دەکرێت و لەگەڵ چواردە فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە ڕکابەریدا دەبێت.

ئەم کورتەفیلمە چیرۆکی کچێکی کورد و دایکی پەنابەری، لە وڵاتی ئیتاڵیا بۆ بینەر دەگێڕێتەوە، کە سەردانی دکتۆر دەکەن، بەڵام کچەکە لەجیاتیی ئەوەی کە قسەکانی دکتۆرەکە وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردی، بێدەنگ دەبێت.

فیلمی کوردیی بێدەنگ

بێدەنگ، کە بۆ یەکەمین جار لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی نێودەوڵەتیی شەستونۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان لە وڵاتی فەڕەنسا و هەروەها کۆمەڵێک فێستیڤاڵی جیهانی نماییش کراوە و تا ئێستا چەندین خەڵاتی گرنگی بەدەست هێناوە، لە بەشی پێشبڕکێی کورتەفیلمەکانی سینەمای جیهان، لە چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک لە باشووری کوردستان نماییش کرا.

فیلمی کوردیی بێدەنگ

کورتەفیلمی بێدەنگ بۆ بردنەوەی خەڵاتی بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی سینەمای سەعادەت، لە سیوپێنجەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر، لەگەڵ چواردە کورتەفیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە ڕکابەریدا دەبێت، لەوانە کورتەفیلمی قوناغ، لە دەرهێنانی ئەیوان فێرناندێز دی کۆرۆبا لە وڵاتی ئیسپانیا، کورتەفیلمی ئامالیمبۆ، لە دەرهێنانی خوان پابلۆ لیبۆسارت لە وڵاتی سوید،  کورتەفیلمی بە هۆی ئەڤینەوە، لە دەرهێنانی یوم عەبدوالغەفوور شاهین لە وڵاتی تورکیا، کورتەفیلمی ئەوپەڕی سنوور، لە دەرهێنانی دانیلە لۆکا لە وڵاتی سویسڕا، کورتەفیلمی هێرش بۆ هەژدیها، لە دەرهێنانی یان بۆبنیچک لە وڵاتانی کۆماری چیک و ئسلۆڤانیا، کورتەفیلمی هەڕاجی خەونەکان، لە دەرهێنانی ولاد بۆزیانۆ لە وڵاتی ڕۆمانیا،  کورتەفیلمی ماڵ لە دەرهێنانی ئێرینا تسیلیک لە وڵاتی ئۆکراین، کورتەفیلمی نامرۆڤانە، لە دەرهێنانی دانیەل دیمیدرۆف لە وڵاتی ڕووسیا،  کورتەفیلمی رۆژەکانی دوایی، لە دەرهێنانی ئارتۆرۆ لێئۆن لیرنا لە وڵاتانی پڕۆ و ئیسپانیا، کورتەفیلمی مەسخ، لە دەرهێنانی ئادریان ئارسە لە وڵاتی مەکسیک، کورتەفیلمی سرتەکانی با، لە دەرهێنانی لۆئیک ژۆنە لە وڵاتی فەڕەنسا، کورتەفیلمی ڕیکلامی فرۆش، لە دەرهێنانی قەسیدە گوڵمەکانی لە وڵاتی ئێران، کورتەفیلمی تەناوب، لە دەرهێنانی عەلی خوشدونی فەراهانی لە وڵاتی ئێران و هەروەها کورتەفیلمی پێشخزمەت، لە دەرهێنانی فوڕنووش عابیدی لە وڵاتی ئێران.

سێ فیلمی کوردی لە بەشی بازاڕی فیلمی فێستیڤاڵی جیهانیی فەجر نماییش دەکرێن

 

دیدی من – بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر

 

کورتە فیلمی دارزا لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد ئیرەد محەمەدی ڕەزینی، کورتەفیلمی تەناف لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد ئازەر مەنسووری و

کورتەفیلمی لە حەسەکە بە ئەڤینەوە لە دەرهێنانی محەمەد فراهانی، لە بەشی بازاڕی نێودەوڵەتیی فیلم لەمیانەی سیوپێنجەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر، لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسوو لە شاری تاران نماییش دەکرێن.

ئەمساڵ هەژدە کورتەفیلم لە نێوان کورتەفیلمەکانی بەشی بیستەمین خولی بازاڕی نێودەوڵەتیی فیلم هەڵبژێردراون و لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەدا، بۆ میوانانی بیانی، بەرپرسانی فێستیڤاڵە جیهانییەکان و هەروەها کڕیارانی فیلم، نماییش دەکرێن.

ناوی ئەم هەژدە کورتەفیلم و هەروەها دەرهێنەرەکانیان، کە لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی بیستەمین خولی بازاڕی نێودەوڵەتیی فیلم هەڵبژێردراون، لەمیانەی سیوپێنجەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر نماییش دەکرێن، بریتین لە کورتەفیلمەکانی دارزا لە دەرهێنانی سینەماکاری کرماشانی ئیرەد محەمەدی ڕەزینی، تەناف لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد ئازەر مەنسووری، لە حەسەکە بە ئەڤینەوە لە دەرهێنانی محەمەد فراهانی، عەمەلیات 747 لە دەرهێنانی محەمەد ئیسماعیلی، یەکەمین ڕۆژی پاییز لە دەرهێنانی عادل تەبریزی، لەسەر سەربان لە دەرهێنانی ئەمیر حسێن کەتبزادە، خەواڵوو لە دەرهێنانی بێهنام عافییەت، سێبەرێک کە بووە ڕووناکی لە دەرهێنانی نازەنین سوبحان سەربەندی، هەراس لە دەرهێنانی جەلال نەعیمی، ڕۆژێکی ئاسایی لە دەرهێنانی سەعید سابری، نەنە هوما لە دەرهێنانی داوود جەلیلی، ساین ئۆت لە دەرهێنانی زەهرا ئاهوویی، کۆتایی هەفتە لە دەرهێنانی وەحید بێمانی، گەڕانەوە لە دەرهێنانی ئێحسان مەلازادە، بە چاوی خوشک لە دەرهێنانی ئەفشین ئەخلاقی، دایە فەریدە و باوە حوسێن لە دەرهێنانی شیرین قەرەداغی، یەکتری لە دەرهێنانی عەلی زەڕنگار و هەروەها ئێستا لە دەرهێنانی ستەفا گەندومکار.

زیاتر لە سێسەد و پەنجا میوانی بیانی لە شەستوشەش وڵاتەوە لە فێستیڤاڵی جیهانیی فەجر بەشداری دەکەن

دیدی من 

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر

زیاتر لە سێسەد و پەنجا میوانی بیانی لە شەستوشەش وڵاتی جیهان، لە سیوپێنجەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر لە شاری تاران، بەشداری دەکەن.

لەم بارەیەوە، عەلیڕەزا شوجاع نووری، گوتەبێژیی فێستیڤاڵەکە، ڕایگەیاند: ”میوانانی بیانی ئەم فێستیڤاڵە لە سیویەک وڵاتی کیشوەری ئاسیا، بیستوسێ وڵاتی ئەورووپی، شەش وڵاتی کیشوەری ئەفریقا، پێنج وڵاتی کیشوەری ئەمەریکا و ئوستوراڵیا پێک دێن، کە لەم ناوەندەدا لە بیستوچوار وڵاتی ئیسلامییش میوانمان هەن.”

گوتیشی: ”میوانە بیانییەکان چەندین گرووپن، لەوانە دەرهێنەران، سیناریستان، ئەکتەران، دیمەنە تایبەتە وێنەییەکان، بەرهەمهێنەران، بەرپرسانی فێستیڤاڵەکان و هەروەها کڕیاڕانی فیلم لەخۆ دەگرن.”

ئەم ئەکتەرە ناودارەی سینەمای ئێران ئاشکراشی کرد: ”بەشێک لە میوانانیش لە بەهرەمەندە فیلمسازییەکان پێک دێن، کە تەمەنیان لە خوارووی بیستوحەوت ساڵدایە و نیوەی ئەم ڕێژەیە لە وڵاتی ئێرانن، واتە پەنجاوپێنج کەس لە هەموو پارێزگاکانی ئێران و پەنجاوپێنج کەسی دیکەش لە وڵاتانی موسڵمانی ناوچەکە و کیشوەری ئاسیا و وڵاتانی دیکە دەستنیشان کراون، کە لە بەشی دارولفنوون بەشداری دەکەن.”

عەلیڕەزا شوجاع نووری لە کۆتاییدا سەبارەت بە دوایین بارودۆخی یانەی سیوپێنجەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجریش گوتی: ”تا ئێستا زیاتر لە پازدە هەزار کەس لەم یانەیەدا ناونووسییان کردووە، ئەم ڕێژەیە ڕوو لە زیادبوونە و پێشبینی دەکرێت ئەندامانی یانەکە لە ڕزێرڤکردنی بلیت و داشکان و هەروەها لە بەرنامەکانی فێستیڤاڵ، بە شێوەی تایبەت کارئاسانیان بۆ بکرێت.”

سەد و چل فیلم لە پەنجاوهەشت وڵاتی جیهان لە فێستیڤاڵی جیهانیی فەجر بەشداری دەکەن

دیدی من – بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر

ئەمساڵ پەنجاوهەشت وڵاتی جیهان بە فیلمەکانیان، لە سیوپێنجەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر بەشداری دەکەن، کە لەم ناوەندەدا وڵاتی ئێران بە سیوپێنج فیلم و وڵاتی فەڕەنسا بە حەڤدە فیلم، زیاترین رێژەی بەشدارییان لەم فێستیڤاڵەدا هەیە.

ئەم وڵاتانەی کە بە فیلمەکانیان لە سیوپێنجەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر بەشدارن، بریتین لە فەڕەنسا بە حەڤدە فیلم، ئیسپانیا، ڕووسیا، ئەڵمانیا، ژاپۆن، کۆریای باشوور و تورکیا بە شەش فیلم، ئەمەریکا، چین، لیتۆنی و پۆڵەندا بە چوار فیلم، کۆماری چیک بە سێ فیلم، میسڕ، ئستۆنی، ئەرژەنتین، هەنگاریا، میانمار، هۆنگ کۆنگ، هیندیستان، ئیتاڵیا، قەزاقستان، لیتۆنی، مەکسیک، رۆمانیا، سوید، سویسڕا و بەڕیتانیا بە دوو فیلم.

پۆستەری فێستیڤاڵی فیلمی فەجر

هەروەها وڵاتانی ئوستوراڵیا، هۆڵەندا، بەلژیکا، ئەفغانستان، بەنگلادش، بۆسنی و هێرزێگۆڤین، جۆرجیا، کرۆواسی، بڕازیل، کۆلۆمبیا، کامبۆج، ئێکوادۆر، مۆلداوی، ئەندۆنێزی، عێراق، کەنەدا، ئۆردۆن، فینلەندا، مالێزی، مۆغۆلستان، نیجریە، نۆروێژ، پاکستان، پرۆ، فیلیپین، دانماڕک، عەڕەبستان، سەنگاپوور، ئۆکڕاین و ئیماڕات، بە یەک فیلم لە بەشە جۆراجۆرەکانی فێستیڤاڵەکەدا بەشداری دەکەن، هەڵبەت هەندێک لە فیلمەکان بەرهەمی هاوبەشی چەندین وڵاتن.

سیوپێنجەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر، بە بەڕێوەبەریی گشتیی سینەماکاری ئێرانی ڕەزا میرکەریمی و بەشداریی بەرهەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لە رۆژانی ٢١-٢٨\٤\2017، لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسوو لە شاری تاران بەڕێوە دەچێت.

پۆستەری بەشی ڕوانگەی شەرق لە فێستیڤاڵی جیهانیی فەجر پەردەی لەسەر لادرا

دیدی من – بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر

ئەمساڵ لە بەشی جیلوەگاە شەرق، واتە ڕوانگەی شەرق (سینەمای ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی)، لەمیانەی سیوپێنجەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر، دوازدە فیلم لە وڵاتانی چین، ژاپۆن، تورکیا، هیندستان، قەزاقستان، جۆرجیا، بەنگلادیش، سەنگاپوور، قرقیزستان، کۆریای باشوور، ئەفغانستان و ئەردەن، بە هاوڕێیەتیی لەگەڵ سێ فیلمی ئێرانی نماییش دەکرێن.

بەپێی یاسا و ڕێسا نوێیەکانی ئەم فێستیڤاڵە، کە ساڵی رابردوودا پلانی بۆ داڕێژرا و ڕەچاو گیرا، فیلمەکانی بەشی جیلوەگاە شەرقیش هەروەک پێشبڕکێی نێودەوڵەتی، بەتایبەت لە ناو ئەو فیلمانە هەڵدەبژێردرێن، کە تاکو ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئیسلامی نماییش نەکراون.

پۆستەری بەشی ڕوانگەی شەرق لە فێستیڤاڵی فیلمی فەجر

ئەمساڵ لە سیوپێنجەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر، هەندێک لە فیلمەکانی بەشی ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی، یەکەمین نماییشی ئاسیایی خۆیان لەم فێستیڤاڵەدا دەبینن.

چوار دادوەری بیانی و دادوەرێکی ئێرانی لە نێوان فیلمەکانی ئاسیایی بەشی جیلوەگاە شەرق و بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی، سێ تەندیسی سیمورغی سیمین بە باشترین فیلمی درێژ، باشترین کورتەفیلم و باشترین دەرهێنەریی ئاسیایی دەبەخشن.

سیوپێنجەمین خولی فێستیڤاڵی جیهانیی فیلمی فەجر، بە بەڕێوەبەریی گشتیی سینەماکاری ئێرانی ڕەزا میرکەریمی و بەشداریی بەرهەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لە رۆژانی ٢١-٢٨\٤\2017، لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسوو لە شاری تاران بەڕێوە دەچێت.

پەڕاوی گونەی: یەشیم ئوستائۆغڵوو دەربارەی یەڵماز گونەی دەدوێت

 

ئەم پەڕاوە، لە چوارچێوەی ئیڤێنتی دەرهێنەرێک لە زیندانەوەدایە، کە بە هاوبەشی لە لایەن ماڵپەری کلتووریی دیدی من، ڕێکخراوی کلتووریی کەشکۆڵ و سینەما سالم ڕێک خراوە

دیدی من

یەشیم ئوستائۆغڵوو لە چاوپێکەوتنێکدا لەبارەی یەڵماز گونەیەوە دەڵێت: “پاش گونەی، هیچ فیلمێکی باش نابینم، بەلایەنی کەمەوە ئەو فیلمانەی من ئاگەداریانم.” پێی وایە کە تەوژمێکی نوێی فیلمسازان بوونی نییە لە تورکیادا. ئەو دەڵێت کە فیلمەکان و کەسایەتیی گونەی بۆ ئەو زۆر گرنگە. “هەمیشە حەزم لە کارەکانی گونەی بووە. گونەی کەسایەتی بوو، کەسایەتیی گرنگ، پێم وایە زۆر گرنگە لە هونەردا خۆت بیت. مرۆڤدۆستییەکی زۆری هەبوو؛ بەڕاستی هونەرمەند بوو. شوێن و خەڵکەکەی خۆی دەناسی.”

یەڵماز گونەی و کارەکتەری فیلمەکانی _ ئیلوسترەیشن: سابات عەباس

ئەو پێی وایە سینەمای گونەی سینەمایەکی سیاسی نییە، بەڵکو “کاتێک خەڵکی لە ژیانی واقیعدا دەبینیت، لەگەڵ ئەو بەریەککەوتن و دژوەستانەوانەی خەڵک، خێرا دەچیتە سەروو سیاسەتەوە.” فیلمەکانی گونەی سیاسی نین. ژیان خۆی سیاسییە. کردەوەکانی مرۆڤ سیاسین. گونەییش دەیەوێت فیلم لەبارەی ژیانەوە دروست بکات، لەبارەی ئەوانەی لە ژیاندان و هەناسە دەدەن.

ئیلوسترەیشن : سابات عەباس

سینەمای تورکی بە یەڵماز گونەی دەستی پێ کرد و بە یەڵماز گونەی کۆتایی هات (تەنانەت دەکرێت بڵێین بە فیلمی ڕێگە، کۆتایی هاتووە). تورکیا هەر لە سەرەتای دروستبوونی سینەماوە فیلمیان بەرهەم هێناوە و کەسایەتیی گرنگیان بەرهەم هێناوە، فیلمسازەکانیان بە وڵاتەکانی جیهاندا گەشتیان کردووە تاوەکو کاری سینەمایی بکەن، لەوانە ئەکتەری شانۆیی موحسین ئیرتوگروڵ، کە سەفەری یەکێتیی سۆڤێتی کردووە لە ناوەڕاستی بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا و لە ساڵی ١٩٣١دا یەکەمین فیلمی درێژی دەنگیی خۆی بەرهەم هێناوە و لە ساڵی ١٩٥٣شدا یەکەمین فیلمی ڕەنگیی خۆی بەرهەم هێناوە. سینەمای تورکی هەمیشە سینەمایەکی بازاڕی بووە و بە تەواوی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی شانۆوە. ئەو کاتەی گونەی دێتە جیهانی سینەمای تورکیاوە، زۆر پێش دروستکردنی فیلمی ڕێگە، کەسێکی بەناوبانگ بووە و بە پاشای ناحەز ناوی دەرکردووە.

دیمەنێک لە فیلمی ڕێگەی یەڵماز گونەی

ئایا گونەی وەک دەرهێنەرێک و سیناریستێک چیی بە سینەمای تورکیا بەخشیوە لە شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا؟ لەڕاستیدا ئەو هیچ داهێنانێکی لە تێمای فیلمەکانیدا نەکردووە، بەڵام جیا لە دەرهێنەر و فیلمسازەکانی تر، کە زۆرینەیان لە ئیستەنبووڵ و شارە گەورەکانی تردا لەدایک ببوون، گونەی لە شارۆچکەیەکی دوورەدەستی ئەناتۆڵیادا لەدایک ببوو و هەژاریی ئەو ناوچەیەی چەشتبوو. جیا لەوەش، گونەی وەک کوردێک هەمیشە چەوساندنەوەی ئەو کەمەنەتەوەیەی بە چاوەکانی خۆی دیوە و لە خەیاڵیدا ماوەتەوە. گونەی لە زەمەنێکی زۆر کورتدا ژیاوە و فیلمی دروست کردووە: لە ساڵی ١٩٧٤ەوە لە زیندانەوە فیلم دروست دەکات بە هاوەڵیی هاوڕێکانی، لەوانەش شەریف گورێن و زەکی ئۆکتان. لە پاش مردنی گونەییش، ئەم ڕێبازە بەردەوامیی پێ درا و فیلمی باشتر دروست کرا.

خوێندنەوەی کتێب هەمیشە یارمەتیدەرێکی باش بووە بۆ دروستکردنی فیلمی باشتر، هەمیشە ئەدەب شتی زیاتری بە سینەما داوە. کاتێک بابەتێکی ئەدەبی دەکرێتە فیلمێک، دەکرێت وەک شتێکی ئاسایی بیبینین، بێ ئەوەی بیر لە تێکستە ئەدەبییەکە بکەینەوە، چونکە ئەوانە دوو بابەتی جیاوازن. دەکرێت فیلم کاریگەریی بەسەر فیلمەکانی ترەوە هەبێت، بۆ نموونە فیلمی مێگەلی یەڵماز گونەی، زۆر شتی لە چیرۆکدا لەگەڵ فیلمی ڕووباری سووری هاوک (١٩٤٨) بەش کردووە.

دیمەنێک لە فیلمی دیواری یەڵماز گونەی

زۆر فیلم هەن لە مێژووی سینەمای تورکیادا باسیان لە مەسەلەی کورد کردووە، بەڵام دەکرێت فیلمی ڕێگە بە فیلمی دەستپێک دابنێین لەو مەسەلەیەدا. دواتریش کۆمەڵێک دەرهێنەری تر دێن و مەسەلەی کورد دەکەنە بابەتێکی سەرەکیی فیلمەکانیان. یەشیم ئۆستائۆغڵوو لە فیلمی گەشتێک ڕووە و خۆر، بە شێوەیەکی زۆر جیاواز باس لە کێشەی کورد دەکات. ئەو هەرگیز شێوە کلاسیکییەکە بۆ باسکردنی کێشەی کورد لە فیلمەکەیدا ناخاتە ڕوو، ئێمە هێزی سەربازی و شۆڕشگێڕ نابینین. ئەو حاڵەتەی ئەو وڵاتە تیایدا دەژی، لە ڕێگەی کوڕێکی لادێی تورکیاوە دەبینین. یەشیم زۆر ئازایانە مەسەلەی لەناوبردنی کوردان لە فیلمەکەیدا باس دەکات. ساڵی ١٩٩٦یش فیلمێکی تری بە ناوی با ڕووناکی هەبێت، کە باسی شەڕی پەکەکە و هێزە سەربازییەکانی تورکیا دەکات لە شاخە بەفراوییەکانی تورکیادا، دروست کردووە.

پەڕاوی گونەی: فاتیح ئاکین دەربارەی فیلمی ڕێگەی یەڵماز گونەی و شەریف گورێن

ئەم پەڕاوە، لە چوارچێوەی ئیڤێنتی دەرهێنەرێک لە زیندانەوەدایە، کە بە هاوبەشی لە لایەن ماڵپەری کلتووریی دیدی من، ڕێکخراوی کلتووریی کەشکۆڵ و سینەما سالم ڕێک خراوە

دیدی من – تەلەگراف

شێیلا جۆنستن

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

فاتیح ئاکین یەکێکە لەو کەسانەی لە هامبۆرگ لە خێزانێکی نەوەی یەکەمی ئاوارەی تورکی، لە ئەڵمانیا لەدایک بووە. ئەو دوور لە ڕەگی کلتووریی خۆی گەورە بووە، بەڵام شێتگیرانە چیرۆکی هاونیشتمانییانی دەگێڕێتەوە و بە شێوەیەکی دونیابینیانە. فیلمە تراژید-کۆمیدییەکەی دەربارەی هاونیشتمانییە تورکە-ئەڵمانەکان، ورچی ئاڵتوونیی لە ساڵی ٢٠٠٤دا بردەوە و ناوی فیلمی ئەورووپای ئەو ساڵەی پێ بەخشرا. چیرۆکی فیلمەکانی ئاکین، بە هەمان شێوەی یەڵماز گونەی، فیلمسازی کورد، لە دەوری مەسەلە مرۆیی و مافی کەمەنەتەوەکان و میللەتی خێرلەخۆنەدیوی تورکیا دەسووڕێتەوە. ئاکین دەربارەی یەڵماز گونەی دەڵێت: “ئەو پاڵەوان بوو؛ ئەو پاڵەوانە. ئێمە بە جۆرێک لە جۆرەکان نەوەی ئەوین.”

فاتیح ئاکین

کەسایەتیی ناسراوی تورکیا، یەڵماز گونەی، لە زیاتر لە سەد فیلمدا ڕۆڵی گێڕاوە، بەتایبەتییش لە فیلمە ئەکشن و عەسابەکاندا. ئەو ڕووپەڕی زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی تورکیای داپۆشیووە و بە پادشای ناحەز ناوبانگی دەرکردووە. ئەم دەرهێنەرە کوردە، دواتر بە هۆی چەندین کەیسی سیاسییەوە دەخرێتە زیندان و زۆرینەی تەمەنی خۆی لە زینداندا بەسەر دەبات، لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی خۆی وەک دەرهێنەرێکی جیهانی بناسێنێت. فیلمی ڕێگەی گونەی، لە ساڵی ١٩٨٢دا توانی خەڵاتی چڵەخورمای ئاڵتوون بەدەست بهێنێت و دوای دوو ساڵ لەو فیلمە، بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد، لە تەمەنی چلوحەوتساڵیدا، کاتێک لە غوربەتدا دەژیا و لە وڵاتی خۆی دوور بوو، مافی هاووڵاتیبوونیشی لێسەندرابووەوە. ڕەخنەگرەکان بە هەردوو کەسایەتیی ڕۆژئاوایی چێ گیڤارا و جەیمس دین بەراوردیان کردووە، بەڵام هێشتا تا ئەمڕۆش، زۆر خەڵک لە دەرەوەی تورکیا نایناسن. ئاکین دەیەوێت ئەمە بگۆڕێت.

یەڵماز گونەی

سەرەڕای کەسایەتییە کاریزماییەکەی، گونەی لە زۆر ڕووەوە خۆشەویست نەبوو، هەروەها قورسیش بوو مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت. “ئەو دوژمنی زۆر بوو. زۆر خەڵکی نزیک لە ئەوم ناسیوە، لە ئەکتەر و بەرهەمهێنەر و ژن و منداڵەکانیشی. پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ گونەی زۆر خراپ بووە.” ئاکین لە زاری کوڕەکەی گونەیەوە، ئەوەی بیستووە کە چۆن هەفتەیەکی لەگەڵ باوکیدا لە زیندان بەسەر بردووە، کە زۆری لێ کردووە گوتەکانی ماو بە دڵ فێر ببێت. “ئەگەر هەڵەی تێدا بکردنایە، بۆکسی دەخوارد.”

پارادۆکسە گەورەکە ئەوەیە، کە ئەو فیلمانەی گونەی بەرهەمی هێناون، پڕسۆز و مرۆیی بوون. ئەو لە زینداندا بوو بە تۆمەتی کوشتنی قازییەک، بەڵام لە زینداندا سیناریۆی فیلمی ڕێگەی نووسی.

ئاکین دەڵێت: “لە زیندانێکی گەورەدا بوو، کە سەد و بیست پیاوی تێدا بووە. هەموان قسەیان دەکرد، ئەویش نەیدەتوانی کار بکات، چونکە زۆر ژاوەژاو بووە. بۆیە دەستی کردووە بە نووسینەوەی چیرۆکەکانی ئەوان و پێنج لەو چیرۆکانەی هەڵبژاردووە بۆ بناغەی سیناریۆکەی.”

فیلمی ڕێگە

فیلمی ڕێگە چیرۆکی پێنج کەسایەتیی جیاواز دەگێڕێتەوە، کە بۆ ماوەی هەفتەیەک پشوو دەدرێن لە زیندان و دەگەڕێنەوە بۆ لای خێزانەکانیان بۆ چوار جێگەی جیاواز. لە چیرۆکە جیاوازەکانیانەوە، گونەی دێت پۆرترەیتی وڵاتێکی بەسەربازیکراوی دیکتاتۆریمان پیشان دەدات، وەک ئەوەی پێمان دەڵێت، ئەوەی لە زیندانە بچووکەکەدا دەگوزەرێت، هەمان شتە کە لە دەرەوەی زیندانەکە دەگوزەرێت، واتە وڵاتەکە بەگشتی زیندانێکی گەورەیە. لە فیلمەکەوە ئەو چەوساندنەوەیەمان پیشان دەدات، کە لە ناوچە کوردنشینەکان هەیە: هەژارییەکی سەخت، نەبوونی خوێندەواری و هەروەها عەقڵی فیوداڵی دەربارەی ژن، گشتیان لە یەک فیلمدا کۆ کراونەتەوە و پرسیار لە مرۆڤبوونی ئێمە دەکات.

گونەی کەسێکی زۆر توندوتیژ بووە سەبارەت بە کارکردن و بەرهەمهێنانی وێنە بۆ فیلمەکانی، ئەو پێش ئەوەی لەگەڵ شەریف گورین دەست بە کار بکات، لەگەڵ ئێردن کێڕاڵ کاری کردووە، بەڵام چونکە کارکردنی بەدڵ نەبووە، هاتووە ئەو فیلمەی ئەو بەرهەمی هێناوە سووتاندوویەتی. ئەمە کارێکی زۆر ناخۆش دەبێت بۆ کیراڵ، کە بۆ دروستکردنی ئەو فیلمە، بە ڕێگەوە، نزیکەی بیست دەیەی پێ چووە.

دواتر گونەی دێت شەریف گورین هەڵدەبژێرێت، کە وەک دەرهێنەری هاوبەشی فیلمی ڕێگە ناوی دەرکردووە. پرسیارەکە ئەوەیە، کە تا چەند گونەی کۆنترۆڵی فیلمەکانی کردووە لە پشتی زیندانەکانەوە؟ بەڵام بە دڵنیاییەوە، کێشەکە ئەوەیە کە نە کیراڵ و نە گورین، فیلمی سەربەخۆیان دروست نەکردووە، تا ئێمە بێین بەراوردیان بکەین بە گونەی.

شەریف گورین

“دیمەنی فیلمەکان لەسەر دیوارێکی سپی، بەرانبەر زیندانەکە بۆ گونەی نماییش دەکرا و زیندانییەکان گشتیان پێکەوە سەیری دیمەن بە دیمەنی فیلمەکەیان دەکرد. لەو کاتەی کە دەبوو مۆنتاژی فیلمەکەی بکات، گونەی لە زیندان هەڵهات و بەرەو سویسرا ڕۆیشت. کاتێک لە کان نماییش کرا، کۆمەڵێک کەسی بۆ دابین کرابوو تا بیپارێزن لەدەست خزمەتکارانی نهێنیی تورکی.”

لە سەرەتای تەمەنی هەرزەکاریدا، دایکی ئاکین نماییشی فیلمی ڕێگەی بۆ کۆمەڵێک لە هاوڕێکانی لە ماڵەکەی کردووە، دواتر مشتومڕ و قسە دەربارەی فیلمەکە کراوە. ئاکین سەرسام بووە بەو کەشە دڵتەنگەی لە فیلمەکەدا هەیە. یەکێک لە زیندانییەکان کە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، دەبینێت ژنەکەی ڕۆیشتووە و بووەتە سۆزانی. ئەرکی ئەو ئەوەیە بیهێنێتەوە، تاوەکو سزای بدات.

هەست دەکەین کە ڕەنگە لێی خۆش بێت، بەڵام تەقلید و خۆبەزلزانین ڕێگریی لێ دەکەن لەوەی یارمەتیی بدات و دواتر لە سەرمادا لەسەر چیا بەفراوییەکە، ژنەکە ڕەق دەبێتەوە، لە هەمان ئەو جێگەیەی پێشتر ئەسپی مێردەکەی تیایدا ڕەق دەبێتەوە.

ئەوان منداڵەکەشیان لەگەڵدایە، کە تەمەنی دوازدە ساڵە، هەمان ئەو تەمەنەیە کە ئاکین بۆ یەکەم جار فیلمەکەی تیادا بینیوە. ئەو دەڵێت بیرمە کە بە تەواوەتی تووشی شۆکی کردم. ئەمە سینەمایەکی زۆر فیزیکییە: ڕێک دەبەسترێیت بە شاشەی نماییشی فیلمەکەوە. ئەو ئازارەی کارەکتەرەکان هەستی پێ دەکەن، تۆش هەستیان پێ دەکەیت. شتێکە هەرگیز لەبیری ناکەیت.

فیلمی ئیڤێنتی دەرهێنەرێک لە زیندانەوە: سەید خان، بوکی سەر زەوی

دیدی من

پشتیوان کەمال

لە چوارچێوەی بەرنامەکانی ئیڤێنتی دەرهێنەرێک لە زیندانەوە، بڕیارە ڕۆژی ١\٤\٢٠١٤، سەعات ٥:٠٠ی ئێوارە، یەکەمین فیمی ڵماز گونەی، سەید خان، بە ژێرنووسی کوردی لە سینەما سالم نماییش بکرێت و لەگەڵیدا ئیڤێنتەکە دەست پێ بکات. کارزان کاردۆزی، کە یەکێکە لە پانێلیستەکانی پانێلی ئیڤێنتی دەرهێنەرێک لە زیندانەوە، ئەم فیلمەی ژێرنووس کردووە.

چیرۆکی فیلمەکە

سەید خان پیاوێکە کە کۆمەڵێکی زۆر دوژمنی هەیە، ڕۆژێک عاشقی خوشکی مورسیت دەبێت، کەژێ. مورسیت هیچ کێشەی لەگەڵ ئەوەدا نییە و ئاساییە بەوەی ئەم دوو دڵدارە ببنە هاوسەری یەکتری، ئەویش بە مەرجێک، کە دەبێت سەید خان دوژمنایەتی نەهێڵێت و ژیانێکی ئاسوودە بۆ کەژێ دابین بکات. دەست بە گەشتێک دەکات بۆ ئەوەی دوژمنایەتییەکانی نەهێڵێت؛ ڕۆژێک پاش ماوەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ شارۆچکەکەی، ئەو ڕۆژەی کە دەگەڕێتەوە، ئاهەنگی هاوسەرگیریی کەژێیە و هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی تردا دەکات.

 کارزان کاردۆزی دەربارەی ئەو فیلمە دەڵێت: “وەک هەمیشە، گونەی لە کۆتایی فیلمەکەدا دەتخاتە هەناسەبڕکێ. لە کارە سەرەتاییەکانی گونەیدا، سەید خان چیرۆکێکی فۆلکلۆری هەیە، بەشێکی فیلمەکە ڕۆژئاواییە و بەشێکی تێمای فیلمەکەش بریتییە لە تۆڵەسەندنەوە، پڕە لە هەستی شیعری. فیلمەکە چیرۆکی عەشقێکی تراژیدی نێوان سەید خان و کەژێ دەگێڕێتەوە، کە پاش حەوت ساڵ لە جێهێشتنی شارۆچکەکەی بۆ نەهێشتنی دوژمنەکانی، دەگەڕێتەوە و دەبینێت کە کەژێ هاوسەرگیری لەگەڵ ئاغای گوندەکەدا دەکات. سیناریۆی فیلمەکە زۆر بە جوانی داڕێژراوە و هەر زوو فیلمەکە لە چیرۆکێکی عەشقەوە بە هەڵە دەگۆڕێت بۆ چیرۆکێکی تراژیدی، ئاغاکە سەید هەڵدەخەڵەتێنێت تاوەکو فیشەک بە کەژێوە بنێت. هەر ئەو کاتەی خان ئەوە دەزانێت کە فیشەکی بە کەژێوە ناوە و هەڵخەڵەتێنراوە، دەست دەکات بەوەی تۆڵەی خۆی لە ئاغا بکاتەوە. گونەی کە هەر خۆی سیناریست و دەرهێنەر و ئەکتەری فیلمەکەیە، زۆر بە باشی توانیویەتی ئەوە پیشان بدات کە چۆن فیلمێکی تۆڵەسەندنەوە دروست بکات، بەتایبەتی لە خولەکەکانی کۆتایی فیلمەکەدا، هەست دەکەیت سەیری فیلمێکی سێرجیۆ لیۆنی یاخود کوروساوا دەکەیت. بێگومان گونەی لە دروستکردنی فیلمی ئەکشندا زۆر شارەزایە و زۆر بە باشی دەتوانێت کۆنتڕۆڵی هەموو شتێک بکات.”

پانێلی ئیڤێنتی دەرهێنەرێک لە زیندانەوە: کاریگەریی سینەمای نیوڕیالیزمی ئیتاڵی لەسەر فیلمەکانی یەڵماز گونەی

دیدی من

بڕیارە ڕۆژی ٢/٤/٢٠١٧، سەعات ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ، لەمیانی بەڕیوەچوونی ئیڤێنتی کلتووریی دەرهێنەرێک لە زیندانەوە، کە تایبەتە بە یادکردنەوەی گەورە فیلمسازی کورد، یەڵماز گونەی، لە هەشتایەمین ساڵیادی لەدایکبوونیدا، پانێڵێکی تایبەت بە ژیان و بەرهەمە هونەرییەکانی گونەی لە ناو هۆڵی سینەما سالم بەڕێوە بچێت. لەو پانێڵەدا چەند لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت بە گونەی پێشکەش دەکرێت.

پشتیوان کەمال بابەکر، سەرپەرشتیاری گشتی، دامەزرێنەر و وێبدیزاینەری ماڵپەڕی کلتووریی دیدی من بووە، هەروەها سەرپەرشتیاری بەشی سینەما بووە لە ماڵپەڕی کلتووریی سولی ئۆن. چەندین بابەت و گوتاری سینەمایی لە گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەرە کوردییەکاندا بڵاو کردووەتەوە. دەرهێنانی بۆ دوو فیلمی دۆکیۆمێنتەری لە کەناڵی ئاسمانیی کەی ئێن ئێن کردووە و لە فیلمێکی دۆکیۆمێنتەریشدا سەبارەت بە ژیانی شاعیری کورد شێرکۆ بێکەس کردووە، بە نواند لە پەخشانەشیعری ئێستا کچێک نیشتیمانمەدا. بڵاوکراوەکانی بە زمانی ئینگلیزی، بریتین لە وەرگێڕانی کۆمەڵێک شعری وەرگێڕدراوی شاعیری کورد دلاوەر قەرەداغی، لە لۆچ ڕاڤین ڕیڤیو. لە دیسەمبەری ٢٠١٦دا بڕوانامەی بەکالریۆسی لە زانکۆی ئەمەریکی لە عێراق-سلێمانی، لە تەکنەلۆژیای زانیاری وەک سەرەکی و ئەدەبی ئینگلیزی وەک لاوەکی، بەدەست هێناوە. لە ئێستادا وێبدیزاینەر، یاریدەدەری لێکۆڵەر و ڤیدیۆگرافەرە لە ڕێکخراوی کلتووریی کەشکۆڵ.

پشتیوان کەمال لە پانێڵی دەرهێنەرێک لە زیندانەوە، بە بابەتی کاریگەریی سینەمای نیوڕیالیزمی ئیتاڵی لەسەر فیلمەکانی یەڵماز گونەی بەشدارە. نیوڕیالیزمی ئیتاڵیای پاش جەنگی جیهانیی دووەم، تەنها کاردانەوەیەکی هونەری نەبووە، بەڵکو بە هۆی پێویستییەوە لەدایک بووە. ئەوەی وادەکات پێناسەکردنی ئەم بزووتنەوەیە قورس بکات و جێی بایەخ بێت ئەوەیە، هەرچەندە زۆرینەی فیلمە نیوڕیالیستەکان لە شێوازێکدا هاوبەشن، بەتایبەتی لە ڕووی تێما و بابەتی کارکردنیانەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ڕێگەی جیاوازیان هەیە، تاوەکو پیشانی بدەن یاخود کاری لەسەر بکەن. بۆ تورکیایەکی پڕ لە کودەتای سەربازی و دۆزی کورد، نیوڕیالیزم دەبێتە چەکێکی گەورە بەدەست یەڵماز گونەیەوە، تا بتوانێت ئازارەکانی تاکی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی فیلمەکانیەوە پیشان بدات.

یەڵماز دەڵێت: ” خەڵکی ئەم مەملەکەتەی ئێمە کەسانێکی باش و زیرەکن، ئاگادارن لە ئیتاڵیا چی دەگوزەرێت، لە فەڕەنسا، چینیشیان ئاگا لێیە، تەنانەت ئاگایان لە فڵانیستانیش هەیە، بەڵام ئاگایان لە نێو ماڵی خۆیان نییە. بۆ یارمەتیی وڵاتێکی دوورەدەستی ئەوپەڕی دونیا باکیان نییە گیانی خۆیان فیدا بکەن. شیعریان بۆ دەنووسن، لاڵانەوەیان بۆ دەکەن. خەڵکی ئەو میللەتەی ئێمە کتێب چاپ دەکەن، کە ئازاری لادێیەک باس دەکات لە فڵانیستان، بەڵام پشتیان لە خەڵکی مەملەکەتەکەی من کردووە، مەملەکەتەکەی من نابینن، نایانبینن.”

یەڵماز پشتی لە مەملەکەتەکەی خۆی نەکردووە، بەڵکو هەوڵ دەدات بە هەموو هێزی خۆی ڕووبەڕووی هێزە داگیرکەرەکان ببێتەوە و ئازاری مەملەکەتەکەی خۆی لە فیلمەکانیدا باس بکات. ئەو لە چلوحەوت ساڵی ژیانیدا، سیازدە ساڵی لە زیندانەکانی تورکیادا بەسەر برد بە هۆی ئەوەی ڕووبەڕووی هێزێکی ستەمکار دەوەستایەوە. زیندان زیانی بە گونەی گەیاند و وانەشی فێر کرد. فیلمەکانی باسیان لە زیندان دەکرد، کارەکتەرەکانی لە زیندانەوە دەخولقاند، چاوی کامێراکەی لە زیندانەوە ئاڕاستەی سەر شەقامەکانی تورکیا دەکرد و فیلمەکانی دروست دەکرد، یاخود بە پێچەوانەوە. بۆ نموونە، کارەکتەرەکانی گونەی لە فیلمی ڕێگەدا، لە زیندان دەچنە دەر و دەیانەوێت پشوویەک وەربگرن بۆ ماوەی هەفتەیەک، بەڵام دەبینن کە هەموو تورکیا زیندانێکی گەورەیە. لە فیلمی دیواردا بە پێچەوانەوە، کۆمەڵێ کارەکتەری جیاواز، لە شوێنی جیاوازەوە لە زیندانێکدا دەبینین. ئەو جیهانی بۆ خستووینەتە ناو زیندانێک.