Category Archives: چاوپێکەوتن

پەڕاوی ڕۆژنامەگەریی کوردی:  دیمانە لەگەڵ بەڵێن ساڵح – لە ڕادیۆی دەنگی ئەمریکاوە/ میدیاکاری ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا

دیدی من – ساڤان ئاکۆ

بەبۆنەی ساڵیای ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە، ماڵپەڕی کلتووریی دیدی من چەند گفتوگۆیەکیی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ چەند ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی بڵاوکراوە کلتوورییەکان ئەنجامداوە، کە تیایدا چەند پرسیارێکی گشتگیری ئاڕاستەی هەریەک لەو ڕۆژنامەنووسانە کردووە، لە خوارەوە، وەڵامی ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری دەنگی ئەمریکا، بەڵێن ساڵح بۆ خوێنەران بڵاو دەکەینەوە:

– لە دۆخی ئیمڕۆدا دەبێت ڕۆڵی میدیا چی بێت؟

*ئەرکە هەرە سەرەکییەکەی میدیا گەیاندنی ڕاستییەکانە بۆ وەرگر، تا هەر هیچ نەبێت بگوترێت هەوڵێکی ڕژد لە ئارادایە بۆ دوو ئامانج؛ یەکەمیان بوونی خودی میدیایە بە دەسەڵاتی چوارهەم و دووهەمیشیان دروستکردنی ڕای گشتی. هەر نێوەندێکی میدیایی لەسەر ئەو شاڕێیە خۆی لادا، ئەوا یانی هەموو پرەنسیپەکانی میدیایی فەرامۆش کردووە وەک ئەوەی لە میدیا حیزبییەکان و میدیا سێبەرەکانیاندا دەیبینین. ئەرک و ڕۆڵی میدیا بۆ چەواشەکردن نییە هێندەی ئەوەی بۆ بەرچاوڕوونییە، بۆ برەودانە بە تێگەیشتنەکان لە ڕێی باسکردنێکی بابەتیانەی ڕووداوەکانەوە کە وەرگر بتوانێت ڕای خۆیی لەسەر بونیات بنێت. بەلای بەندەوە ئا لەمڕۆدا پێویستە میدیا، کار لەسەر پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە، ئاشتەوایی سیاسی و ئاشتەوایی نێوان پێکهاتەکانی گەلی کوردستان بکات، میدیا ببێتە زەمینەیەکی ڕەخساو بۆ دیالۆگێکی بەرپرسانە لە نێوان تاکەکانی ناو دەسەڵات و شەقامدا، میدیا خۆی ببێتە هۆکاری فشارێکی ڕاستەقینە بۆ باشترکردنی باری بژێوی خەڵک و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان بۆ خەڵک، میدیا دەتوانێت ئەو کەلێنە گەورەیەی نێوان شەقام و دەسەڵاتدا دروستبووە پڕ بکاتەوە، میدیا دەتوانێت جیاوازییەکانی نێوان دەسەڵاتدارێتی و فەرمانڕەوایەتی بخاتە ڕوو، مرۆڤی کورد بە مافە سیڤیلیەکانی ئاشنا بکات، هاوڵاتیان لە ئەرک و وابەستەیی ئاگادار بکاتەوە، میدیا دەتوانێت برەو بە گوتاری نەتەوەیی بدات کە لە ئێستادا بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوات، کە دەڵێم گوتاری نەتەوەیی، ئەڵبەت بە مانا وشک و برینگەکەی ناڵێم، بەڵکو مەبەستم ئەو گوتارە تەڕوبڕەیە کە ڕەهەندە نەتەوەییەکان لە خۆ دەگرن بە فەرهەنگ و کلتوریشەوە. یەکێک لە ڕۆڵە گرنگەکانی تری میدیا لەمڕۆدا بەدواداچوونەکانی پاش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکانە، زانینی دەرەنجامەکانیەتی.

– چۆن ئایدۆلۆجی ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە ڕۆژنامەوانیدا؟

*ناتوانم بچمە ژێر باری ئەوەی بڵێم ئایدیۆلۆژیا ڕۆڵێکی چوونیەک و گرنگ دەبینێت بۆ هەموو نێوەندە میدیاییەکان. دەشێت بۆ میدیا حیزبییەکان ئەو ڕۆڵە گرنگە ببینێت بەڵام بۆ میدیایەکی سەربەخۆ (ئەگەر هەبێت) پێموانییە بتوانێت ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینێت. ئایدیۆلۆژیا لە پەیوەندی بە میدیاوە دەشێت وەک سنوربەندکردن لێ بڕوانرێت، کاتێک نێوەندێکی میدیایی وابەستەی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو دەبێت، ناتوانێت تخوبەکانی ئەو ئایدیۆلۆژیەتە ببڕێت و دنیای ئەودیو ئەو سنورانە ببینێت، دەشێت قسەیان لەسەر بکات بەڵام قسەکردنێکن کە جێی متمانە نین. نمونەش زۆرن، لەوانە میدیای سەر بە لایەنەکان، هەر یەکە بە ڕەنگی لایەنی خۆی دێت و سەیری دنیا دەکات، میدیای یەکێتی دنیا بە سەوز دەبینێت و وەهاش نیشانی وەرگری دەدات، میدیای پارتی ناتوانێت لە دنیایەکی زەرد زیاتر هیچ شتێکی تر ببینێت و گۆڕانیش هەروەها و ئیسلامییەکانیش بە هەمان شێوە. ئیدی ئەمە گرفتی ئایدیۆلۆژیایە لە میدیادا. ئەمە بەو مانایە نییە بڵێم ناشێت میدیا خاوەنی بەرنامە و هێڵی گشتی کارکردن نەبێت، دەشێت میدیا دوور لە هەموو ئایدیۆلۆژیایەک کاری میدیایی خۆی بکات و هەوڵی خۆڵکردنە چاوی وەرگر نەدات. میدیاکاری باش، دەزانێت وەرگری  ئەمڕۆ جیاوازە و گەلێک سەرچاوەی بەدەستهێنانی زانیاری لەبەردەستدایە.

بەڵێن ساڵح

– گرنگی فۆتۆگرافی چییە لە ڕۆژنامەوانیدا؟

*دەمێکە دەگوترێت یەک وێنە لە بری هەزار وشە. زۆر جار بینیومانه‌ ده‌نوسرێت وێنه‌کان ده‌دوێن یان وێنه‌کان بۆمان ده‌گێڕنه‌وه) و چه‌ندان ده‌سته‌واژه‌ی تری هاوشێوه‌، ئه‌مانه‌ هه‌ر هیچ نیشان نه‌ده‌ن ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن ئه‌م هونه‌ره‌ چه‌نده‌ گرنگه‌ نەک هەر لە میدیادا بەڵکو لە ژیانی فەرهەنگیشماندا بە تایبەتی کە وێنە فۆتۆگرافییەکان بە “نوسین بە ڕوناکی” ناودێر دەکرێت. مەخابن هێشتا میدیای کوردی سەنگیی نەخستۆتە سەر وێنەکان تا بڵێین بۆتە دیاردە، کەم تا زۆرێک وێنە بڵاودەکرێنەوە و جێی سەرنجیشن بەڵام ئەوەی ئایا وێنەیەکی پیشەییانەیە؟! ئەمەیان دەهێڵمەوە بۆ وێنەگرە پیشەییەکان خۆیان قسەی لەسەر بکەن. وێنە گوزارشتێکی فرە ڕەهەندە و لە  کۆمەڵگەی کوردیشدا ئەم هونەرە ڕووبەڕووی گەلێک ئاستەنگی کۆمەڵایەتی و سیاسیش بۆتەوە و هەندێک جار لەوانەیە لەسەر وێنەیەک فۆتۆگرافەرەکە دووچاری دەیان گێچەڵ بووبێتەوە. بەڕاستی بە پێویستی دەزانم بڵێم ئێمە هێشتاش پێویستمان بە تێگەیشتنی زیاتر و ڕۆچوونە زیاتری ناو وێنەکان هەیە و لەگەڵ بینینی هەر وێنەیەکی فۆتۆگرافدا ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین و بزانین بۆچی ئەم وێنەیە دەشێت وەک ئامڕازێکی گەیاندن سەروسەودای لەگەڵ بکەین. دەشێت لە زۆر جاردا کاریگەری وێنەیەک لە دەیان هەوڵ و کۆشش زیاتر بێت؛ وێنەکانی هەڵەبجە، دیمەنی شەڕەکان، وێنەیەکی سروشت، وێنەی سۆزی منداڵێک بۆ بوکەشوشەکەی، وێنەی بەفربارین و ڕامان لە درەختێک، لە یەک ئامێزگرتنی دایک و جگەرگۆشەیەکی، و هەزاران دیمەنی تریش وەک نمونە.

– بنەماکانی ڕۆژنامەوانی کە پێکهاتوون لە ڕاستیی، سەربەخۆیی، بێ لایەنی، پشت پێبەستراو و مرۆیی، لە ڕۆژنامەگەری ئێمەدا -چەندێک پەیڕەو کراون و بەپێیان کار کراوە؟

*هەر هەموو ئەمانە کەوتوونەتە سەر ئەوەی کامە میدیا هەواڵەکە یان ڕووداوەکە بڵاودەکاتەوە. زۆر جار هەواڵ بڵاوکراونەتەوە بەبێ پشتڕاستکردنەوەی ڕاستی و دروستی هەواڵەکە و دواتریش ئەو میدیایەی هەواڵەکەی بڵاوکردۆتەوە داوای لێبوردنیشی لە وەرگر نەکردووە و وەک ئەوەی نە بای دیبێت و نە باران. یان دەبینیت هەواڵێک بە چەند جۆرێک داڕێژراون و هەر میدیایە بەو شێوەیە هەواڵەکە دەگەیەنێت کە لە بەرژەوەندی خۆی بێت، ئەمە لە نێو میدیای حیزبی و میدیا سێبەرەکانیشیاندا زۆر باوە، بۆیە لێرەدا هۆشیاری وەرگر زۆر گرنگە تا کوێ سود لەو هەواڵە یان باسکردنی ڕووداوەکە دەبینێت. بە داخەوە داڕشتنی هەواڵ و ڕاپۆرت لە میدیای کوردیدا بە هێند وەرنەگیراوە لە کاتێکدا دەشێت لەسەر هەواڵێک یان ڕاپۆرتێک شەڕ ڕووبدات، هەندێک میدیا هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەرکەکەی چەواشەکردن و بەلاڕێدابردنی سەرنجەکانە و وەک کاری بە بەرنامەش ئیشی لەسەر دەکات. ئەمانە بێ لەوەی ئێستا لە باشوری کوردستان خەریکە میدیای تاکە کەسەکانی ناو حیزب دەبێتە دیاردە، ئەڵبەت ئەمەش مەترسییەکی ترە ڕووبەڕووی میدیا دەبێتەوە لەو ڕوانگەیەوەی تا دوێنێ میدیاکانی حیزب هەر یەکەو بە جۆرێک هەواڵی دەدا و بەرژەوەندی حیزب لە سەروو هەموو پێوانەکانەوە بووە، بەڵام ئێستا بەرژەوەندی تاکە کەسەکانیش هاتۆتە ناوەوە و بە مەرامی تاکە کەس هەواڵ و بابەت دادەڕێژرێت بەبێ گوێدانە یاسا و ڕێسا میدیاییەکان. بۆ ئەو میدیایانەش کە دەگوترێت سەربەخۆن، سەرچاوەکانی زانیارییان تا بڵێی سنوردارە چونکە یاسایەک نییە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ڕێکبخات، هەربۆیە دەشێت ئەم جۆرە میدیایەش ناوبەناو بکەوێتە هەڵەی زانیاریەکانەوە. لە زۆرێک لە میدیا پیشەییە جیهانیەکاندا بەشێکی تایبەت هەیە لە دامەزراوەکانیاندا پێی دەگوترێت “بەشی دۆزینەوەی ڕاستییەکان” ئەرکی ئەم بەشە پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیاریانەیە کە ڕۆژنامەوان لە بابەتەکەیدا بەکاریهێناون. خۆزگە میدیای کوردیش ئاوڕێکی ڕژدانەی لەم دۆسێیە دەدایەوە. گرفتێکی تریش کە ئێستا هەیە، سۆشیال میدیایە کە هیچ سانسۆرێکی لەسەر نییە و لە زۆر باریشدا وەک بینیومانە بە خراپی بەکاردەهێنرێت و بۆتە سەرچاوەیەک بۆ هەواڵە نەخوازراو و نادروستەکان، دەبێت ئەوەش بڵێم هەندێک پەیج و ئەژمار هەن جێی ستایشێکی زۆرن.

– پێگەی پڕۆگرامە کلتورییەکان لەناو میدیای کلتورییدا لە چ ئاستێکدان، لەکاتێکدا کۆمەڵگە لە ڕووی کلتووری و فەرهەنگییەوە تا ڕادەیەک لاوازە؟

* ئەگەر بمبەخشیت، بەندە لەگەڵ بەشی دووهەمی پرسیارەکەتدا نیم کە بڵێین کۆمەڵگە لە ڕووی کلتووری و فەرهەنگییەوە لاوازە، بە پێچەوانەوە کورد وەک نەتەوە خاوەنی کلتورێکی دەوڵەمەند و فەرهەنگێکی پڕ بەهایە، بەڵام ئەوە خۆمانین بایەخێکی بەرچاومان پێنەداوە، ئەوە خۆمانین گڵی دوور بە دەرمان دەزانین و ئەوەی خۆیشمان فەرامۆش دەکەین. ئەوە خۆمانین نەمانتوانیوە لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991 ەوە تا ئێستا ژمارەیەک نێوەندی ئەکادیمی و هزری دابمەزرێنین تا ئیش لەسەر فەرهەنگ و کلتورەکەمان بکەن، توێژینەوەی ئاکادیمیانەی لەسەر ئامادەبکەن، بایەخ بە زمان بدەن، بە داخەوە لە زانکۆکانیشماندا هێندە بە گرنگییەوە لەم بابەتە گرنگ و هەستیارە ناڕوانرێت. تازە بە تازە دێین و پرسەکانی عەشرەتگەرایی و تیرەگەرایی، نازناوگەرایی زیندوو دەکەینەوە، وەلێ ئاوڕێکی بە بەزەییانە لە ڕەهەندەکانی کلتوری و فەرهەنگیشمان نادەینەوە، لە کاتێکدا فەرهەنگ و کلتور یەکێکە لە کۆڵەکە هەرە تۆکمەکانی ناسنامەی نەتەوەیی و ڕۆشنبیریش، نەک زیندووکرنەوە و پاراستنی عەشرەتگەرایی. میدیای کوردی کاری لەسەر هەردوو ڕەهەندی کلتور و فەرهەنگیش کردووە بەڵام هێندەی پێویست نییە، ئەو تەڕوبڕیەی پێشتر لە گوتاری نەتەوەییدا باسم کرد، ئەمە بەشێکیەتی، بۆیە دەکرێت میدیا چالاکانەتر بکەوێتە خۆ بۆ خزمەتکردنی کلتور و فەرهەنگی کوردیمان کە ڕاشکاوانە دەتوانم بڵێم هەموومان قەرزاریین.

– هەتا ئێستا ڕووماڵکردنی بابەتە کلتووریەکان بوونیان نییە لە زۆرینەی میدیاکاندا؟

*ئەمەش بەشێکی تری کەمتەرخەمی میدیای کوردییە لەم سەروەختە تەکنەلۆژیەدا کە ئێجگار بە ئاسانی دەتوانرێت ئەم جۆرە بەرنامانە بگەیەندرێنە دوورترین شوێن لە جیهاندا، لە کاتێکدا بابەتە فەرهەنگی و کولتورییەکان هیچیان کەمتر نییە لە وتاری سیاسیەک. ئەم کلتور و فەرهەنگە بەرهەمی کار و کۆششی نەوە لە دوای نەوەیە و دەروازەی یەکترناسین و ئاشنابوونی نەتەوەکانە، ئەمە بێ لەوەی دەشێت وەک پوختەی ڕۆشنبیری و ڕوانینی قۆناغە جیاکانی کۆمەڵگە لێی بڕوانرێت.  میدیا ڕێگە سەرەکییەکەیە بۆ ناسینی شارستانی و ڕۆشنبیریەکان لە جیهاندا و هەروەهاش بۆ دەرخستنی ڕووی گەشی کلتور و فەرهەنگی کوردیمان.

– هۆکاریی پەراوێزی بەرنامە کلتورییەکان لە بەرامبەر سیاسی و ئابوورییەکان چییە؟ واتە بۆچی هەفتەی جارێک بەرنامەیەکی کلتووری هەیە، بەڵام هەموو شەوێک بەرنامەی سیاسی هەیە، یاخود بۆچی  لە ڕۆژنامەیەکدا بابەتە کلتوورییەکان بە پاشکۆ و بەشێکی لاوەکی دەردەچن؟

*هۆکارەکان زۆرن؛ لەوانە تێنەگەیشتن لە بەهاکانی کلتور و فەرهەنگ، هەستکردن بەوەی بەرنامە و وتارە سیاسیەکان شتێکی زۆر گرنگن، نەبوون یان کەمی خەڵکی پسپۆڕ لە بواری کلتور و فەرهەنگدا لە نێوەندە میدیاییەکاندا، خۆ دوور خستنەوە لەوەی کلتور و فەرهەنگ بەشێکی دانەبڕوان لە ئێستامان. زۆر جار بووە هەواڵێکی کلتوری و فەرهەنگی گەلێک بایەخی زیاتر هەبووە لەو هەواڵانەی لاپەڕە یەکی ڕۆژنامەیەکیان داگیرکردووە. سەبارەت بە بەشی دووهەمی پرسیارەکەشت، گەر وەک هەنگاوێکی بەرایی لە دۆسێی پاشکۆیەتی بڕوانین، پێم وایە بوونی باشترە لە نەبوونی، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەر هەر بە پاشکۆیی بمێنێتەوە ئەوا ئەو هەنگاوە بەراییە بە هەنگاوی خراپ دەناسێندرێت.

– ئایا زانکۆ و پەیمانگاکان توانیویانە ڕۆژنامەوانی کلتوری دروستبکەن یان تەنها کارگەی بەرهەمهێنانی بێژەر و پەیامنێر و کامێراکانن؟ واتە ئەو کەسانەی کە بەرنامە کلتورییەکان یاخود لە ڕۆژنامە کلتورییەکان کار دەکەن، دەرچووی بەشی ڕاگەیاندنن یان تەنها حەز و خولیایان بۆ کلتور هەیە و بەجۆرێک لە جۆرەکان نوسەر و ڕۆشنبیرن؟

*مەرج نییە ئەوانەی لە زانکۆ و پەیمانگاکان بواری ڕاگەیاندن دەخوێنن، ڕۆژنامەوان بن، یان بتوانن ببنە ڕۆژنامەوان. لە ڕۆژنامەوانی کوردیدا هیشتا کارە ڕۆژنامەوانییەکان جیانەکراونەتەوە و زۆر جار بینیومانە ڕۆژنامەوانێک لە چەند بوارێکدا کار دەکات، بەڵام هەوڵ هەن بۆ ئەو جیاکردنەوانە. کۆلیژ و پەیمانگاکان پرەنسیپەکانی ڕۆژنامەوانی فێری خوێندکارەکان دەکەن، نەک ڕۆژنامەوانی پسپۆڕ بەرهەم بێنن، پێشم وایە ئەمەیان دەکەوێتە سەر خواست و خولیای ڕۆژنامەوان کە مەرج نییە دەرچووی کۆلیژ و پەیمانگاکانیش بێت. دەبێت کەسی ڕۆژنامەوان خۆی بزانێت چیی دەوێت، و دەخوازێت سەنگی بخاتە سەر چ بوارێک لە کارکردنی ڕۆژنامەوانیدا. لە پەیوەندی بە پرسیارەکەتەوە لەوانەیە کەسێکی دەرەوەی بواری میدیا، بڕوانامەی هەبێت یان نا گرفت نییە، بەڵام شارەزابێت لە کلتوردا، دەشێت لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەیدا لە بواری کلتور و فەرهەنگدا زۆر باشتر بێت لە یەکێک کە خۆیشی نازانێت بۆ دەیەوێت ببێتە ڕۆژنامەوان.

– پرسیاری تایبەت: ئایا گرنگی بە کام بابەتانە دەدرێت لە تی ڤی و ڕۆژنامەکان کە بەشی کلتووریان هەیە؟ واتە لە کام بەشی کایەی کلتووردا زیاتر هەواڵ و بەرنامە ئامادە دەکەن؟ گرنگی بە زەوق و ویست و حەزی گشتی دەدەن یان بابەتیانە و بەپێی سەردەم و ڕۆژ کار دەکەن؟

*زیاتر بایەخ بە چالاکییەکانی ئێستا دەدرێن، بەڵام بایەخدانێکی سادەن، ڕۆچوونە ناو قوڵایی باسەکان نین، بۆ نمونە تا ئێستا بەرنامەیەکم نەبینیوە (لەوانەشە هەبووبێت و من نەمدیبێت) لەسەر بۆ نمونە قۆناغەکانی گۆڕانکاری لە جل و بەرگی کوردی ژنانە و پیاوانەشدا، یان بەراوردێک لە نێوان گۆرانییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و بیستەمدا، یان کام ڕەنگ لای هونەرمەندانی شێوەکاری کورددا زۆرتر بەکاردەهێنرێت و بۆچی، یان بۆچی خوێندنەوە نەبۆتە بارێکی باو، ڕایەڵە هاوبەشەکان لە نێوان فەرهەنگی نەتەوەکاندا چین و چی نین…. هتد. ئەمانە گرنگن باسبکرێن و بخرێنە بەردەم وەرگر. ئەوەی ئایا خواستی وەرگر ڕەچاو دەکرێت یان نا، بەڕاستی نازانم، ئەگەر بکرێت ئەوە شتێکی باشە بەڵام دەشبێت بزانرێت لەبەرچاوگرتنی حەزی وەرگر لەسەر بنچینەی چ جۆرە ئامارێکە.  زۆر گرنگە میدیا ڕێ نیشاندەر بێت ئایا لە دەروازەکانی ئێستاوە بچینە ناو کلتور و فەرهەنگمانەوە یان لە دەروازەکانی ڕابردوومانەوە، پێمان بڵێت لە کوێوە ئێمە دابڕاوین و چۆنیش دەتوانین ئەو کەلێنانەی دابڕانەکان دروستیان کردوون، پڕ بکەینەوە و لەگەڵ مێژووی کلتور و فەرهەنگماندا ئاشت ببینەوە.

-دواجار گووتەی بەڕێزتان لەسەر ڕۆژنامەگەری کوردی؟

* تەمەنی ڕۆژنامەوانیمان 119 ساڵە، زیاتر لە 25 ساڵە کورد لە باشور خۆی بەڕێوەدەبات بەڵام مەخابن هێشتا خاوەنی میدیایەک نیین پێی بگوترێت میدیای نیشتمانی. ئیشکردن بۆ ئەم میدیا نیستمانیە لەم هەلومەرجەدا کارێکی سانا نییە و نابێت، بەڵام گەر خواست و سوربوون هەبێت لەسەری ئەوا دەشێت ببینە خاوەنی ئەو میدیا نیشتمانییە. شەرمەزارییەکی گەورەیە لە بری نوسینەوەی مێژووی پڕ شکۆی میقداد بەدرخان و مێژووی ڕۆژنامەوانیمان، بێین مێژووی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردن و کوژرانی ڕۆژنامەوانەکانمان بنوسینەوە.   پیرۆزباییم بۆ بەڕێزت و بۆ هاوکارانت و بۆ هەموو هاوپیشەکانم لە هەر جێیەکن. سوپاسیش بۆ ئەم دەرفەتە.

ئامادەکاری پەڕاو: ساڤان ئاکۆ

پەڕاوی ڕۆژنامەگەریی کوردی: دیمانە لەگەڵ بژار حەکیم- سەرپەرشتیاری ئەدەب و کولتووری رووداو 

پرسیار: لە دۆخی ئیمڕۆدا دەبێت ڕۆڵی میدیا چی بێت؟

بژار حەکیم: رۆڵی میدیا لە هەموو سەردەم و دۆخێکدا یەک پەیامی هەیە، ئەویش گەیاندنی راستی و دروستی زانیارییە بۆ بینەر و بیسەر و خوێنەر. بۆیە هەمیشە پەیامنی میدیا پەیامێکە لە خەڵکەوە بۆ خەڵکە و ئەو پەیامەش دەبێت بە دروستی بگاتە شوێنی خۆی.

پرسیار: چۆن ئایدۆلۆجی ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە ڕۆژنامەوانیدا؟

بژار حەکیم: میدیا بەجۆرێک لە جۆرەکان میدیا خۆی ئایدۆلۆجە و بەشی زۆری پانتایی میدیاش تەرخاندەکرێت بۆ ئایدۆلۆجیا. بەڵام میدیا و رۆژنامەڤان  هەرگیز نابێت ئایدۆلۆجیای خۆی تێکەڵ بەکاری رۆژنامەڤانی بکات. چونکە رۆژنامەڤان هەواڵ دەگوازێتەوە بۆ خوێنەر و بینەر و بیسەر.

پرسیار: گرنگی فۆتۆگرافی چییە لە ڕۆژنامەوانیدا؟

بژار حەکیم: فۆتۆ هەمیشە  گرنگ و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە لە میدیادا. فۆتۆ ستۆری بەشێک و بناخەیەکی گرنگی کاری رۆژنامەڤانییە و نابێت میدیا و رۆژنامەڤان وێنە فەرامۆش بکەن. بەشێوەیەکی دیکە فۆتۆ زمانی قسەکردنە لەسەر رووداوە جۆراوجۆرەکان وفۆتۆ زۆرترین کاریگەریی لەسەر بینەران دادەنێت. بەڵام بەداخەوە لە میدیای کوردیدا وەک پێویست گرنگی و بایەخ بە فۆتۆ نادرێت  ونەدراوە.

 پرسیار: بنەماکانی ڕۆژنامەوانی کە پێکهاتوون لە ڕاستیی، سەربەخۆیی، بێ لایەنی، پشت پێبەستراو و مرۆیی، لە ڕۆژنامەگەری ئێمەدا -چەندێک پەیڕەو کراون و بەپێیان کار کراوە؟

بژار حەکیم: لەدوای راپەڕینەوە میدیای کوردی بەشێوەی خوێندراو، بیسترا و دیتراو، لەگەشەسەندنی بەردەوامدایە. سەرەتا میدیای کوردی بە لاوازی دەستیپێکردووە واتە سەرەتا لە میدیای کوردیدا بەشێوەی ئیتێکی رۆژنامەڤانیی کارنەکراوە، ئەوەش پەیوەندی بەژینگەو دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان هەبووە. بەڵام ئێستا بەشێوەیەک لە شێوەکان و کەم تا زۆر میدیای کوردی هەوڵ دەدات بەپێی ئیتیکی رۆژنامەڤانیی کاربکات و ئەوەش بۆ میدیا خاڵێکی گرنگە کەدەبێت دووربێت لە نێوەندگیریی و دەبێط راستگۆیانە و بێلایەنانە کاربکات کە هەر ئەوەش کاری میدیایە.

پرسیار: پێگەی پڕۆگرامە کلتوورییەکان لەناو میدیای کلتوورییدا لە چ ئاستێکدان، لەکاتێکدا کۆمەڵگە لە ڕووی کلتووری و فەرهەنگییەوە تا ڕادەیەک لاوازە؟

بژار حەکیم: لەسەرەتادا زمانی رۆژنامەگەریی کوردی زمانێکی ئەدەبیی بووە، بەشێکی زۆری ئەوانەی رۆژنامە و گۆڤاری کوردیان هەبووە نووسەر و ئەدیب و شاعیر بوون. بەڵام بەشێویەکی گشتی ئەگەر سەیری میدیای کوردی بکەین کولتوور وەک پێویست گرنگ و بایەخی پێنەدراوە، بەشێکی کەمی رۆژنامە و هەفتەنامەکان کە لەباشووری کوردستان دەردەچن پاشکۆی ئەدەبیی و کولتووریان هەیە. دەبێت لە میدیای کوریدا زیاتر بایەخ بە کولتوور بدرێت و دەبێت هەوڵبدەین رۆژنامەنووسی ئەدەبیی دورست بکەین، بۆ ئەوەی زیاتر کاری فەرهەنگی و کولتووری پەرەپێبدەن.

پرسیار: هۆکاریی پەراوێزی بەرنامە کلتورییەکان لە بەرامبەر سیاسی و ئابوورییەکان چییە؟ واتە بۆچی هەفتەی جارێک بەرنامەیەکی کلتووری هەیە، بەڵام هەموو شەوێک بەرنامەی سیاسی هەیە، یاخود بۆچی  لە ڕۆژنامەیەکدا بابەتە کلتوورییەکان بە پاشکۆ و بەشێکی لاوەکی دەردەچن؟

بژار حەکیم: لە وەڵامی پێشووتدا باسی ئەوەم کردووە بەشێوەیەکی گشتی، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە میدیای کوردی پانتایی زیاتری بۆ کاری سیاسەت تەرخانکردووە، بەداخەوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی سیاسەت هەموو کایەکانی ژیانی تاکژەکانی داگیرکردووە. ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە کولتوور پەراوێزبخرێت .

پرسیاری تایبەت: ئایا گرنگی بە کام بابەتانە دەدرێت لە تی ڤی و ڕۆژنامەکان کە بەشی کلتووریان هەیە؟ واتە لە کام بەشی کایەی کلتووردا زیاتر هەواڵ و بەرنامە ئامادە دەکەن؟ گرنگی بە زەوق و ویست و حەزی گشتی دەدەن یان بابەتیانە و بەپێی سەردەم و ڕۆژ کار دەکەن؟

بژار حەکیم: بەشێویەکی گشتی بایەخدەدەن بە کولتوور، بەڵام هەر میدیایەک بەرنامەی تایبەتی خۆی هەیە. ئێمە لە ئەدەب و کولتووری هەفتەنامەی رووداو بایەخدەدەین بە بەنووسەرانی کورد و بەرهەم و لێکۆڵینەوەکانیان، هەروەها بایەخدەدەین بە وەرگێڕانی ئەدەبیاتی بێگانە و هەروەها کاریش دەکەین بۆ ئەوەی ببینە نێوەندێک بۆ لێکنزیکردنەوەی نەوەی نوێ و پێشخۆیان. ئەوە خاڵێکی گرنگە چونکە رەخساندنی پانتایی بۆ ئەو نەوانە کردنەوەی دەرگایەکە بۆ زیاتر لێکتێگەیشتنیان لە نێوانیان لەرووی ئەدەبەوە.

ئامادەکاری پەڕاو ساڤان ئاکۆ

ژمارە یەکی گۆڤاری کەلێن بڵاو کرایەوە

دیدی من – لاوک ئەبوبەکر

کۆمەڵێک گەنجی شاری سۆرانی باشووری کوردستان، گۆڤارێکی ئەدەبی و هونەریی وەرزییان بە ناوی کەلێن، چاپ و بڵاو کردەوە، کە بە گوتەی بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤارەکە، ”زه‌مینه‌ی گۆڤاری كه‌لێن، له‌ ده‌م و ساتی خۆیدا بوو، كه‌ زه‌مینه‌ی باشووری كوردستان، بواری ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری، به‌ره‌و ده‌سته‌ و شارچێتی ملی كوێره‌ڕێگه‌یه‌كی گرتووه‌، كه‌ گه‌نج و پێنووسبه‌ده‌ستانی دوای داعشی خستووه‌ته‌ په‌راوێزه‌وه”.

تیراژی گۆڤارەکە پێنجسەد دانەیە و سنووری بڵاوکردنەوەی لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستانە، کە بابەتەکانی هیی وەرگێڕ و نووسەرانی هەرچوار پارچەی کوردستانن.

دیدی من بۆ زیاتر ناساندن و زانینی هۆکار و ئامانجی چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری کەلێن، دیمانەیەکی لەگەڵ سۆران محەمەدە سوورە، بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤاری کەلێن ساز داوە:

سۆران محەمەدە سوور

گۆڤاری كلتووری بەگشتی و گۆڤاری ئەدەبی بەتایبەتی، لەم سەردەم و بارودۆخەی ئێستادا، گرنگی و بایەخی چییە؟

باشووری كوردستان ئاڵۆز و سه‌رقاڵه‌ به‌ كێشه‌ی قه‌یرانی ئابووری و قۆناغی پاشداعش، جه‌نجاڵییه‌كی زۆریش بواری میدیایی و كایه‌كانی تری ڕۆشنبیریی گرتووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش پێواری گوتاری ڕۆشنبیری و كلتووریی كوردی ده‌گه‌یه‌نێت. بۆیه‌ كاركردن له‌ چوارچێوه‌ی گۆڤار، به‌ شێوه‌یه‌كی پلان بۆداڕێژراو، له‌م ئاپۆره‌ییه‌ی حیزبه‌ سیاسییه‌كاندا، ئاماده‌بوونێكی ئه‌رێنیی باش ده‌گێڕێت، كه‌ ده‌وروبه‌ر و حزبه‌كان سه‌رقاڵن‌ به‌ ململانێیه‌ ته‌سكبینییه‌كانیان. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی دادی ئه‌م میلله‌ته‌ ته‌ریككراو له‌ مووچه‌، ماف و ئازادی ده‌دات، ئه‌وه‌ بوونی خه‌ونێكه‌ به‌ خه‌مێكی گه‌وره‌وه‌، كه‌ ‌ له ‌پشت گۆڤاره‌ هونه‌ری و ‌ئه‌ده‌بییه‌كان به‌گشتی و گۆڤاری كه‌لێن به‌تایبه‌تی‌، كه‌ شوێنێك بۆ خه‌ون و كار، ساتێك بۆ ئارامی به‌ تاكه‌كانی ده‌به‌خشێت. چجای ئه‌وه‌ی، كه‌ زۆرێك له‌ گۆڤار و ڕۆژنامه‌كان ڕاگیراون. بۆیه‌ شیمانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ گرنگ و پڕبایه‌خ ده‌بێت، به‌لای خوێنده‌وار و بخوێنی كورده‌وه‌.

گۆڤار یان ھەر بڵاوکراوەیەکی دیکەی كلتووریی نووسراو، لە سەردەمی سۆشیال میدیادا دەتوانێت ئەو پەیامانە بگەیەنێت، کە ھەین؟

بێگومان شێواز و چۆنێتیی كاركردن بۆ گه‌یاندنی په‌یام، پەیوه‌ندیی به‌و ئاڕاسته‌ هزری و ڕۆشنبیرییه‌وه‌‌ هه‌یه‌، كه‌ ده‌یگرێته‌ به‌ر. بۆیه‌ خۆته‌یاركردن و ئاماده‌كاری له‌ سه‌رده‌می سۆشیال میدیادا، بڕیار له‌سه‌ر گه‌یشتن یان نه‌گه‌یشتنی ئه‌و په‌یامه‌ ده‌دات، كه‌ ده‌ته‌وێت بیگه‌یه‌نیت. به‌ چ شێواز و جۆری كاركردنێكیش؟ بۆیه‌ له‌ سه‌رده‌می سۆشیال میدیادا، وه‌ها خۆخستنه‌ ژێرباره‌وه‌، به‌رپرسیارێتییه‌كی مه‌زنه‌. گۆڤاریش پێویستییه‌كی زۆر و ماندووبوونێكی زۆری گه‌ره‌كه‌.

بیرۆکەی دروستکردنی گۆڤاری کەلێن و ناولێنانی چۆن و بە چ ئامانجێک بوو و ئەوانەی تێیدا کار دەکەن، کێن؟

به‌ر له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌، با ئه‌مه‌ ڕاست بكه‌ینه‌وه‌: ”بیرۆكه‌” هه‌ڵه‌ی ڕێزمانیی تێكه‌وتووه‌ و پێویست ده‌كات ڕاست بكرێته‌وه‌. ”ۆكه‌” پاشگرێكه‌ بۆ بچووككردنه‌وه، وه‌ك پیاوۆكه، لاوازۆكه‌‌… به ‌هه‌مه‌حاڵ، ئه‌وه‌ی پێویستی گه‌ره‌كی وه‌ڵامی ئێوه‌یه‌، هه‌موو بڵاوكردنه‌وه‌یه‌ك زه‌مینه‌ی خۆی هه‌یه‌، زه‌مینه‌ی گۆڤاری كه‌لێنیش، له‌ ده‌م و ساتی خۆیدا بوو، كه‌ زه‌مینه‌ی كوردستان، بواری ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریی به‌ره‌و ده‌سته‌ و شارچێتی ملی كوێره‌ڕێگه‌یه‌كی گرتووه‌، كه‌ گه‌نج و پێنووسبه‌ده‌ستانی دوای داعشی خستووه‌ته‌ په‌راوێزه‌وه‌. ئه‌مه‌ بۆ هه‌ر بڵاوكراوه‌یه‌كی ئه‌مڕۆیی ته‌واوه‌. نێونانی كه‌لێنیش هه‌ر بۆ به‌رته‌كخستنه‌وه‌ و په‌رچه‌كردارێك، ده‌یه‌وێت ئه‌م كه‌لێنه‌ پڕ بكاته‌وه‌ و كه‌لێنێكیش هه‌ڵبدات بۆ چنینی ئه‌م ده‌نگه‌ به‌بڕشت و تازه‌پێگه‌یشتوانه‌ی نێو بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌ر. ئه‌مه‌ ئه‌رك و ئامانجی كه‌لێنه.‌ به‌ دابڕانیش له‌و ده‌مڕاستییه‌ و قه‌تیسمانییه‌ی ڕۆشنبیریی كوردیی گرتووه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌م جۆره‌ كاركردنه‌ به‌ گرنگیدان به‌ ده‌نگه‌ تازه‌پێگه‌یشتووه‌كان و ئه‌و نووسه‌رانه‌ی نێویان هه‌یه‌، پێمان وایه‌ خزمه‌تێك به‌ گه‌نجان، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی گه‌نجن و مه‌یلیان له‌ نووسین و بڵاوكردنه‌وه‌یه، ده‌كه‌ین.‌

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ كێن ئه‌وانه‌ی كار له‌ كه‌لێندا ده‌كه‌ن، گه‌نجن و ده‌رچووی زانستگه‌ن. هه‌ر یه‌كه‌ و له‌ بوارێكی هونه‌ر و ئه‌ده‌بیدا، لێكی كۆ كردووینه‌ته‌وه‌. نێوه‌كان هه‌ژار حسێن، عه‌لی سه‌رباز، شاڵاو عه‌بدولڵا، گۆران سه‌مه‌د و سۆران محه‌مه‌ده‌ سووره‌ن.

ئاڕاستەیەک یان ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو ھەیە، کە گۆڤارەکە لەسەری بڕوات و بابەتەکانی زادەی بن؟

ئێمه‌، ئه‌م پێنج كه‌سه،‌ هه‌ر یه‌كه‌و ئایدۆلۆژیایه‌كی جیاوازی له‌وی دیكه‌ هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی كۆ كرووه‌ته‌وه‌، هونه‌ر و ئه‌ده‌به‌. واته‌ هونه‌ر و ئه‌ده‌ب ئاڕاسته‌مان ده‌كات. بابه‌ته‌كانیش به‌پێی ئاستی توانایی و دوور له‌ لاساییكاری ده‌بن. سه‌رباری ئه‌مه،‌ پێوه‌ر بۆ هه‌ر بابه‌تێك و به‌شێك هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی ڕه‌خنه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ پوخته‌، پێشه‌كی، ئه‌نجام و سه‌رچاوه‌ی ده‌گه‌ڵدا بێت.

 

بابەتەکان لە لایەن کێوە دەنووسرێن و دابەشکاریی پێڕستی ژمارە یەکی گۆڤارەکە چۆنە؟

بابه‌ته‌كان له‌ لایه‌ن گه‌نجان، ده‌نگه‌ تازه‌پێگه‌یشتووه‌كان و ئه‌و نووسه‌رانه‌ی كه‌ خاوه‌ن ده‌نگی خۆیانن، ده‌نووسرێن. خۆشمان له‌ پێڕچێتی، ناوچه‌گه‌رێتی و هاوڕێیه‌تی به‌دوور ده‌گرین. بۆ پێڕستی ژماره‌ی یه‌كیش، ئه‌وه‌ له‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌راندایه‌.

لە باشووری کوردستان کارکردن لە کایەکانی کلتووردا ئاستەنگ و ڕێگریی زۆری ھەن و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تریش ئاستەنگ و ڕێگرییەکان بەرزونزم دەکەن؛ ئەم ئاستەنگ و ڕێگرییانە بۆ دروستکارانی گۆڤاری کەلێن ھەبوو؟ بەتایبەت لە ناوچەیەکی وەک سۆراندا، کە ڕەنگە لە ڕووی کلتوورییەوە بارودۆخێکی تایبەتتر و جیاوازتری لە ناوچەکانی دیکە ھەبێت…

بیگومان ئاسته‌نگ ده‌بن، ئاسته‌نگی گه‌وره‌ش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ داهاتوودا دێته‌ پێشه‌وه‌. ئه‌مه‌ش پێویستی به‌وه‌‌ هه‌یه‌، كه‌ پێشتر ئاماده‌كاری بۆ ئه‌مه‌ كرابێت و بیر له‌م ئاسته‌نگه‌ش كرابێته‌وه‌. به ‌هه‌مه‌حاڵ، هه‌ر ئاسته‌نگێك مادی یان نه‌ریتی و حیزبی، ده‌بێت ببڕدرێت و به‌رته‌كت بۆی هه‌بێت، به‌رته‌كیش پەیوه‌ندیداره‌ به هه‌نگاوی پێش ده‌ستبه‌كار بوون. مه‌به‌ستم پلانه‌.

کارکردنی خۆبەخشانە لە بەشە جیاوازەکانی کایەی کلتووردا، لە کۆمەڵگەی باشووری کوردستاندا بووەتە باو؛ ئایا بۆ گۆڤارێکی كلتووریی ئەدەبی، کە بە ھێڵێکی فیکری کار دەکات، ئەم جۆرە کارکردنە لەگەڵیدا دێتەوە؟

ئێمه‌ له ‌سه‌ره‌تادا وه‌ك خۆبه‌خش چووینه‌ته‌ پێشه‌وه‌، سوپاس بۆ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان، كه‌ به‌ڵێنی هاوكاریی ژماره‌ی یه‌كی پێ داین؛ واته‌ به‌ هاوكاریی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان ژماره‌ی یه‌كمان بڵاو بووه‌‌‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت كه‌ گۆڤاری كلتووریی زیاتر خواستی ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ كاركردن تێیدا خۆبه‌خشانه‌ بێت.

 

ھیوا و چاوەڕوانیتان بۆ باشڕۆیشتنی گۆڤارەکە ھەیە؟

بێگومان. چونكه‌ به‌ خه‌ون و خواستێكی زۆره‌وه‌، به‌ په‌رۆشی بۆ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، كار له‌م گۆڤاره‌دا ده‌كه‌ین و كردووشمانه‌.

پلان بۆ ئامادەکردن، چاپ و بڵاوکردنەوەی ژمارە دوو و ژمارەکانی تری گۆڤارەکە ھەیە؟ ئەگەر بەدەنگەوەھاتنی خوێنەران، کە سەرمایەی مەعنەویی ھەر ھەوڵێکی خۆبەخشانەیە، لە ئاستی چاوەڕوانی و پێویستدا نەبوو، ھێشتا بەردەوام دەبن؟

به‌دڵنیاییه‌وه‌ پلانمان بۆ ژماره‌كانی داهاتووش هه‌یه‌.

له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بیر له‌ وه‌ها گرفتێك كراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ ئێستادا دڵنیاین كه‌ پێشوازییه‌كی باش له ‌لایه‌ن خوێنه‌ر و بخوێنانه‌وه‌ له‌ كه‌لێن ده‌كرێت.

شاعیرێکی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی: گفتوگۆ لەگەڵ پابلۆ نیرۆدا، بەشی دووەم و کۆتایی

دیدی من

ڕیتا گۆیبەرت، ڕۆژنامەی پاریس ڕیڤیو، کانوونی دووەمی ١٩٧٠
لە عەرەبییەوە: زرار حەمید


”هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووم کە رۆژێک بێت ژیانم لە نێوان شیعر و سیاسەتدا دابەش ببێت.“

پابلۆ نیرۆدا بەم چەند وشەیە دەستی بە گوتاری هەڵبژاردنی بۆ سەرۆکایەتیی وڵاتی شیللی لە ڕێگەی حیزبی شیوعییەوە کرد: ”من لە ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتەم، کە بۆ دەیان ساڵ سەرکەوتن و شکست و ئاستەنگەکانمان لەم نیشتیمانەدا بینیوە. بینیمان کێ بەشدار بوو لە خۆشی و ئازارەکان لەگەڵ ئەم گەلەدا. لە چینی کرێکارەوە هاتووم، هەرگیز دەسەڵاتێکم نەبووە، تا ئێستاش پێم وایە کە ئەرکی من خزمەتکردنی گەلی شیللییە بە کارەکانم و بە شیعرەکانم. هەموو ژیانم گۆرانیم بۆ گوتوون و پارێزگاریم لێ کردوون.“

نیرۆدا دوای چەند مانگێک لە دیاریکردنی وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی شیللی، پاشەکشەی کرد لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، لەبەر خاتری کاندیدی یەکێتیی گەل، سیلڤادۆر ئەلێندی. ئەم چاوپێکەوتنە لە ماڵەکەی خۆی لە ئەیسلانگیرا، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵیدا ئەنجام دراوە، پیش پاشەکشەکردنی لە کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی شیللی.

گەر پێویست بێت یەکێک لە کارەکانت لە سووتان بپارێزیت، کام کارەت هەڵدەبژێریت؟
هیچ کامیان. ئەوانم بۆچییە؟ باشترە کچێک ڕزگار بکەم، یان کۆمەڵەچیرۆکێکی پۆلیسی، چونکە ئەوانەم لە کارە تایبەتییەکانی خۆم لا گرنگترە.

ڕەخنەی زۆرت ئاڕاستە کرا بە هۆی شێوازی ژیانت و باری ئابووریت…
بە شێوەیەکی گشتی، ئەمانە هەموو درۆن بە جۆرێکی تر، ئەمە هەموو قسەی بۆرژوازییەکانە، کە بیر لەو شتە دەکەنەوە خەڵک هەیەتی و ئەوان نییانە. بارودۆخی تایبەتیی خۆم، من خۆم تەرخان کردووە بۆ گەلەکەم، ئەوەی لە ماڵەکەمدا هەیە،  بۆ نموونە کتێبەکانم، ئەوانە کارەکانی خۆمن، کەسم بەکار نەهێناوە لە ژیانمدا، ئەمەش شتێکی نامۆیە. با ئەم تۆمەتانە ئاڕاستەی کەسێک بکرێن کە دەنووسێت و کەوچکی ئاڵتوون لە دەمیدایە! جگە لەمە، پەنجەی تۆمەتم ئاڕاستە دەکەن، من کە ماوەی پەنجا ساڵ کارم کرد، پێم دەڵێن “تەماشای بکەن… تەماشا چۆن دەژی! ماڵێکی باشی هەیە و مەی باش دەنۆشێت”، ئەمە چ لۆژیکێکە؟! پێش هەموو شتێک، زۆر زەحمەتە لە شیللی مەی خراپ بنۆشیت، چونکە مەیی ئێرە هەمووی باشە، ئەمە پەیوەندیی بە دواکەوتوویی وڵاتەکەمەوە هەیە. ئەو بارە خراپەی تێیدا دەژین. تۆ خۆت پێت دەربارەی نۆرمان میللەر پێت گوتم، کە چۆن بڕی نەوەد هەزار دۆلاری ئەمەریکیی وەرگرتووە، تەنها لەبەر ئەوەی سێ گوتاری لە ڕۆژنامەیەکی ئەمەریکای باشووردا بڵاو کردووەتەوە. لێرە گەر نووسەرێک ئەو بڕە پارەیەی پێ بدرێت، نووسەرانی تر هاواریان دەکرد “ئای لەم زێدەڕۆییە! لەم کارە ئابڕووبەرە! کەی ئەمە تەواو دەبێت!” ئەمە لەبری ئەوەی سەریان بسووڕمێت چۆن نووسەرێک ئەو بڕە پارەیە کۆ دەکاتەوە. باشە، وەک گوتم، ئەمە ئەو بەڵا گەورەیەیە کە لەپشت دواکەوتوویی کلتووری ئێمەوەیە.

ڕەنگ بێت هەموو ئەو ڕەخنانە لەبەر ئەوە ئاڕاستەت کرابن، چونکە تۆ کۆمۆنیستیت…
ڕێک وایە. چەند جار گوتراوە ئەوەی هیچی نەبێت، هیچ نادۆڕێنێت، جگە لە کۆتەکانی خۆی. من هەموو جارێک ژیانی خۆم دەخەمە مەترسییەوە، خۆم و هەموو ئەوەی هەمە، کتێبەکانم، ماڵەکەم، کە پێشتر سووتێندرا. دەستگیر کراوم، زیاد لە جارێک، دوور خراومەتەوە لەم وڵاتە، لەژێر مانەوەی زۆرەملێدا ژیانم بەسەر بردووە. من ئاسوودە نیم لەگەڵ ئەوەی کە هەمە، بەڵام ئەمە هەموو ئەو شتانەیە کە هەمن. خۆم کرد بە گاڵتەجاڕ لە پێناو خەباتی گەلەکەم، ماوەی بیست ساڵ ماڵی من ژێر چەتری حیزبی شیوعی بوو، کە ئێستا خەڵک من لە لووتکەی ئەو حیزبەدا دەبینێت. من ئێستا لەم ماڵەدام بە هۆی حیزبەکەمەوەیە. باشە، لێگەڕێ ئەوانە ئەو شتانە بڵێن کە دەیڵێن، با ئەوان لانیکەم پێڵاوەکانیان لە شوێنێک جێ بهێڵن، تا کەسێکی تر سوودی لێ ببینێت.

چەندین جار کتێبت بەخشیوە بە کتێبخانە جیاوازەکان؛ تۆ ئێستا بەشدار نیت لەو پڕۆسەیەی کە سەبارەت بە کتێب ئەنجام دەدرێت لە ئەیسلانێگرا؟
زیاتر لە کتێبخانەیەکم بەخشیوە بە تاکە زانکۆی وڵاتەکەم، من لەسەر داهاتی کتێبەکانم دەژیم، جگە لەوە سەرچاوەی داهاتی ترم نییە، شتێکم نییە لێم زیاد بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیومە بڕە پارەیەک کۆ بکەمەوە بۆ کڕینی پارچەیەک زەوی لە کەنار دەریا، تا نووسەران بتوانن هاوینان لەوێ بەسەر بەرن بۆ نووسینی کتێبەکانیان. ئەم شوێنە لە لایەن دامەزراوەی کانتالاوەوە دروست دەکرێت و لە لایەن زانکۆی کاسۆلیکی و زانکۆی شیللی و کۆمەڵگەی کتێبەوە بە هاوبەشی بەڕێوە دەبرێت.

دیوانی بیست شیعری عاشقانە و گۆرانییەکی نائومێد، کە یەکێک لە دیوانە کۆنەکانتە، تا ئێستاش دەخوێندرێتەوە لە لایەن هەزاران خوێنەرەوە، لەو کاتەی بۆ یەکەم جار چاپ کرا…
لە پێشەکیی چاپە نوییەکەیدا نووسیومە، کە بە تیراژی یەک میلیۆن دانە دەردەچێت، نازانم ئەم سەرسامییە بۆ؟ بۆچی ئێستاش خەڵکی ئەو کتێبە دەخوێننەوە، کە پڕیەتی لە خەمی خۆشەویستی و ئازارەکانی، بەتایبەت لە لایەن گەنجانەوە؟ بە ڕاشکاوی ناتوانم لەوە تێبگەم، لەوانەیە وەلامێکی گەنجانە بێت بۆ کۆمەڵێک نهێنی. ئەو کتێبە کتێبێکی غەمگینە، بەڵام هێزی ڕاکێشانەکەی ئارام ناگرێت.

 

تۆ شاعیرێکیت بەرهەمەکانت زۆربەیان وەرگێڕانیان بۆ دەکرێت بۆ سی زمانی دونیا؛ ئەو زمانە کامەیە کە باشترین وەرگێڕانی پێشکەش بە شیعرەکانت کردووە؟
لەوانەیە وەرگێڕانە ئیتاڵییەکە، بە هۆی لێکچوونی ئەم دوو زمانە. سەبارەت بە وەرگێرانی ئینگلیزی و فەڕەنسییەکەش، کە من دەزانم قسەیان پێ بکەم، لە زمانی ئیسپانی نزیک نین، نە لە دەربڕین و نە لە کێش و سەروای وشەکاندا. بابەتەکە پەیوەندیی بە توانای وەرگێڕانەوە نییە، دەڵێن توانای وەرگێڕان شیعرەکە دەگەیەنێت، بەڵام لەڕاستیدا دەستپاکیی وەرگێڕان و دانانەوەی واتا، شیعر لەناو دەبات. لە زۆربەی وەرگێڕانە فەڕەنسییەکان بۆ شیعرەکانم (ناڵێم هەمووی)،  دەبینم شیعرم هەڵدێت و هیچ وەک خۆی نییە. کەس ناتوانێت خۆی دەربخات بڵێت وەرگێڕانەکە لە دەقە ڕەسەنەکە دەچێت. من گەر بە فەڕەنسی شیعرم بنووسیایە، ئەوکاتیش ئەم دوو دەقە لێک نەدەچوون، ئەمەش بە هۆی جیاوازیی ئاستی وشەکان؛ ئەوکات من شتێکی جیاوازم دەنووسی.

هەندێک کەس بەوە تاوانبارت دەکەن کە دوژمنایەتیت لەگەڵ خۆرخێ لویس بۆرخێس هەبێت…
لەوانەیە ئەم دوژمنایەتییە ڕگوڕیشەیەکی ڕۆشنیری یان فیکریی هەبێت، ئەویش بە هۆی تێڕوانینە جیاوازەکانمانەوە. هەریەک لە ئێمە دەتوانێت بە ئارامی بجەنگێت، بەڵام من دوژمنی ترم هەیە جگە لە نووسەرەکان؛ دوژمنی من ئیمپریالیزمە، دوژمنی من سەرمایەدارەکانن، ئەوانەن کە ناپاڵمیان نا بە ڤێتنامەوە؛ بەڵام بۆرخێس دوژمنم نییە.

بۆچوونت لەسەر کتێبەکانی بۆرخێس چییە؟
بۆرخێس نووسەرێکی مەزنە، هەرکەس بە ئیسپانی قسە بکات شانازی دەکات بە بوونی ئەو لە لوتکەی هەڕەمی ئەمەریکای لاتیندا. پێش بۆرخێس، ژمارەیەکی کەم نووسەرمان هەبوون، کە بەراورد بکرێن بە نووسەرە ئەورووپییەکان، بەڵام هەرگیز نووسەرێکمان نەبووە بە ئەندازەی بۆرخێس لەسەر ئاستی جیهان بخوێندرێتەوە. ناتوانم بڵێم ئەو مەزنترینە، داواکارم کە کەسانی تر ئەو تێبپەرێنن، بەڵام بە شێوەیەک لە شێوەکان دەرگەی کردەوە لە بەردەم گرنگیدانی ئەدەبیی ئەورووپییەکان بە وڵاتەکەمان. بەلام وەک خۆم، بۆرخێس وەک دایناسۆڕ بیر دەکاتەوە. باشە، ئەمە دژی من نییە، ئەو هیچ ئاگای لەو شتانە نییە کە لە دونیای هاوچەرخدا ڕوو دەدەن، ئەویش وادەزانێت من وام، کەواتە ئێمە وەک یەکین.

کام شاعیری ڕووسی بە باشترین دەزانیت؟
لەوانەیە دیارترین سیمای شیعری ڕووسی، مایاکۆڤسکی بێت.

ئامۆژگاریت بۆ شاعیرە لاوەکان چییە؟
ئۆو! هیچ ئامۆژگارییەک نییە بۆ شاعیرە لاوەکان! ئەوان دەبێت خۆیان ڕێگەی خۆیان ببڕن، ئەوان دەبێت دووچاری سزا ببن، تا بتوانن بە شێوازێکی باش گوزارشت لە خۆیان بکەن.

دەتوانیت سەبارەت بە کاریگەرییە قووڵەکەت بە سروشت بۆمان بدوێیت؟
لە منداڵیمەوە پارێزگاریم لە هەستەکانی خۆم کردووە بەرانبەر بە باڵندە و سەدەف و دارستان و ڕووەکەکان، بۆ شوێنی زۆر چووم، تا سەدەفی دەریایی ببینم. ژمارەیەکی زۆرم لێ کۆ کردبوونەوە، کتێبێکم نووسی بە ناوی هونەری باڵندەکان، دەربارەی ئاژەڵە لەناوچووەکان و بومەلەرزەی دەریایی، تەنانەت دەربارەی گیاکانیش نووسیومە. ناتوانم دوور لە سروشت بژیم، لەوانەیە بۆ دوو ڕۆژ هۆتێلم پێ خۆش بێت، یان بۆ سەعاتێک فڕۆکەم خۆش بوێت، بەڵام دڵخۆش دەبم کاتێک خۆم دەبینمەوە لە ناو درەخت و دارستانەکاندا، یان لەسەر لم، یان کاتی گەشتی دەریایی، یان کاتێک ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئاگر دەبم؛ زەوی، ئاو، هەوا…

شاعیرێکی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی: گفتوگۆ لەگەڵ پابلۆ نیرۆدا، بەشی یەکەم

 دیدی من
ڕیتا گۆیبەرت، ڕۆژنامەی پاریس ڕیڤیو، کانوونی دووەم ١٩٧٠
لە عەرەبییەوە: زرار حەمید


”هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووم کە رۆژێک بێت ژیانم لە نێوان شیعر و سیاسەتدا دابەش ببێت.“

پابلۆ نیرۆدا بەم چەند وشەیە دەستی بە گوتاری هەڵبژاردنی بۆ سەرۆکایەتیی وڵاتی شیللی لە ڕێگەی حیزبی شیوعییەوە کرد: ”من لە ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتەم، کە بۆ دەیان ساڵ سەرکەوتن و شکست و ئاستەنگەکانمان لەم نیشتیمانەدا بینیوە. بینیمان کێ بەشدار بوو لە خۆشی و ئازارەکان لەگەڵ ئەم گەلەدا. لە چینی کرێکارەوە هاتووم، هەرگیز دەسەڵاتێکم نەبووە، تا ئێستاش پێم وایە کە ئەرکی من خزمەتکردنی گەلی شیللییە بە کارەکانم و بە شیعرەکانم. هەموو ژیانم گۆرانیم بۆ گوتوون و پارێزگاریم لێ کردوون.“

نیرۆدا دوای چەند مانگێک لە دیاریکردنی وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی شیللی، پاشەکشەی کرد لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، لەبەر خاتری کاندیدی یەکێتیی گەل، سیلڤادۆر ئەلێندی. ئەم چاوپێکەوتنە لە ماڵەکەی خۆی لە ئەیسلانگیرا، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵیدا ئەنجام دراوە، پیش پاشەکشەکردنی لە کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی شیللی.

ئەیسلانێگرا، یان دوورگە ڕەشەکە، لەڕاستیدا ئەم شوینە نە دوورگە بوو و نە ڕەش بوو، بەڵکو کەنارێکی سەرنجڕاکێشە، کە چل کیلۆمەتر لە باشووری فالباریسۆوە دوورە و نزیکەی دوو سەعات بە ئۆتۆمبێل لە سانتیاگۆی پایتەختەوە دوورە. کەس نازانێت ناوی دوورگە ڕەشەکە لە چییەوە هاتووە، نیرۆدا پێی وایە ئەم ناوە لە بەردە ڕەشەکانی ئەو ناوچەیەوە هاتووە. پێش سی ساڵ، بەر لەوەی ئەم ناوچەیە وەک ئێستا ناوێکی دیار و شوێنێکی گرنگ بێت، نیرۆدا لە داهاتی کتێبەکانی، شەش هەزار مەتر زەویی چوارگۆشەی لەسەر لێواری دەریا کڕی، کە ئەم ڕووبەرە ماڵێکی بچووکی لەخۆ گرتبوو.

نیرۆدا چەند ماڵێکی تری هەبوون، لە سانتیاگۆی پایتەخت ماڵێک و ماڵێکی تریش لە فالباریسۆ، بەڵام نیرۆدا بە شێوەیەکی نیمچەهەمیشەیی، لە خانووەکەی ئیسلانێگرا دەژی، لەگەڵ ژنی سێیەمی، ماتێلدا، کە پابلۆ ناوی لێ نابوو باتوخا، ئەو مەعشووقەی کە نیرۆدا ناودارترین شیعرە عاشقانەکانی بۆ ئەو دەگوتن.

ماتێلدا خاوەن باڵایەکی بەرز و لاشەیەکی پڕ بوو، ڕەنگی پێستی زەیتوونی، لووتێکی ڕێک و دوو چاوی گەشی گەورەی هەبوون، کەمێک بە خاوی دەجووڵا، لە کاتی قسەکردندا زمانێکی پاراوی هەبوو.

ئەم گفتوگۆیە لە ماوەیەکی کورت و پچڕپچڕدا ئەنجام دراوە ، سەرەتا لە کتێبخانەکە دەستمان بە گفتوگۆ کرد، کە بەشێکی باشی لە ماڵەکەی نیرۆدا داگیر کردبوو. چاوەڕێم کرد تاکو وەڵامی ئەو پۆستانەی دایەوە کە ئەو بەیانییە بۆی هاتبوون، پاشان لە پێداچوونەوەی بۆ یەکێک لە شیعرەکانی، کە ئامادەی دەکرد بۆ چاپی نوێی دیوانە نوێیەکەی بە ناوی بیست شیعر و گۆرانییەکی نائومێد. کاتێک نیرۆدا شیعر دەنووسێت، مەرەکەبێکی سەوز بەکار دەهێنێت، لەسەر دەفتەرێکی ئاسایی. نیرۆدا دەتوانێت شیعرێکی درێژ لە ماوەیەکی کەمدا بنووسێت، دوای ئەوەی کە هەڵەچنیی دەکات، بە ئامێری چاپ دەنووسرێن، لە لایەن سکرتێر و هاوڕێی نزیکی، هۆمێرۆ ئارسی.

دوانیوەڕۆ، پاش ئەوەی نیرۆدا کەمێک دەستبەتاڵ بوو لەسەر کورسییەکی بەردین دانیشتین، بەرانبەر دەریا. نیرۆدا لە کاتی قسەکردندا گوێی دەنا بە ئامێری تۆمارەکەی تایبەت بە خۆیەوە، کە دەنگی شەپۆلەکانی تێدا تۆمار کرابوو. لەو کاتەدا ئەم ئاوازە وەک باکگراوندێکی موزیکی بوو بۆ قسەکانی نیرۆدا.


بۆچی ناوەکەی خۆت گۆڕی؟  بۆچی پابلۆ نیرۆدات هەڵبژارد؟
لەڕاستیدا بیرم نایەتەوە، لەو کاتەدا من تەمەنم تەنها سیازدە ساڵ یان چواردە ساڵ بوو، بیرم دێت باوکم زۆری پێ ناخۆش بوو کاتێک پێم ڕاگەیاند کە ئارەزووی نووسینم هەیە. ئەو پێی وابوو نووسین وێرانم دەکات و خێزانەکەشم وێران دەکات، ئەو لەسەر ئاستێکی لۆکاڵی بیری دەکردەوە، هەر بۆیە تووڕە نەبووم و هیچ بەرپرسیارێتییەکم سەبارەت بەو هۆکارانە لەئەستۆ نەگرت، بۆیە گۆڕینی ناوەکەم پاڵنەر بوو.

ئایا بە هۆی شەیداییت بە نووسەری چیکی جان نیرۆدا، نازناوی نیرۆدات هەڵبژارد؟
چیرۆکێکی کورتی ئەوم خوێندبووەوە، ئەوکات شیعرەکانیم نەخوێندبووەوە، کتێبێکی هەبوو بە ناوی کۆمەڵێک چیرۆک لە مالا ستراناوە، باسی لەو خەڵکە سادانە دەکرد کە لە کۆڵانێکی پراگ بەو ناوە دەژیان (نیرۆدا)، لەوانەیە ناوە نوێیەکەم لەوێوە هاتبێت. لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی چیک منیان خۆش دەوێت و وەک یەکێک لە خۆیان سەیرم دەکەن، زیاد لە جارێک پەیوەندیمان هەبووە.

لە حاڵەتێکدا گەر وەک سەرۆکی شیللی هەلبژێردرایت، بەردەوام دەبیت لە نووسین؟
نووسین بۆ من وەک هەناسەدان وایە، وەک چۆن بێ هەناسەدان ناتوانم بژیم، ئاوهاش بێ نووسین ناژیم.

 

پابلۆ نیرۆدا له‌ ته‌مه‌نی لاوێتییدا

هیچ شاعیرێک دەناسیت کە پۆستێکی سیاسیی باڵایان وەرگرتبێت و سەرکەوتوو بووبن؟
سەردەمی ئێمە سەردەمی شاعیرانی باڵادەستە، بۆ نموونە ماو تسی تۆنگ، ماو تسی کۆمەڵێک بەهرەی تریشی هەن، وەک دەزانیت ئەو مەلەوانێکی باشە، کەچی من مەلەوانی نازانم. شاعیرێکی گەورەی تریش هەیە، لیۆبۆلد سینگۆر، سەرۆکی سەنیگال. کەسێکی تریش بە ناوی ئەیم سیزار، شاعیرێکی سوریالییە، کە ئەمیری بەرەی فەڕەنسییە لە مارتینییک. لە وڵاتەکەم پتر شاعیران لە سیاسەتەوە گلاون، بەڵام کەسیان نەگەیشتوونەتە سەرۆککۆماری. لە لایەکی ترەوە کۆمەڵێک سەرۆک هەبوون کە پەخشانیان نووسیوە، بۆ نمونە ڕۆمۆلۆ گالیلۆس، کە سەرۆکی فەنزوێللا بوو.

چۆن هەڵمەتی سەرۆکایەتییەکەت بەڕێوە برد؟
سەرەتا مینبەرێکمان دروست کرد، پاشان بەردەوام گۆرانیی فۆلکلۆریمان بۆ دەگوتن، هەندێکیش دەیانویست بۆچوونی سیاسیی ئێمە بزانن، کە ئەویش پەیوەندیی بە ههڵمەتەکەمانەوە هەبوو. من پێم خۆش بوو بچم بۆ گوندەکان، لەوێ ئازادیی زیاترە و ڕێکخستنیش کەمتر، یانی کەشەکەی کەشێکی شاعیری بوو. هەمیشە دوای گوتار شیعرم دەخوێندەوە، گەر ئەمەم نەکردایە، خەڵکەکە بە نائومێدی دەڕۆیشتن، دەمویست بۆچوونە سیاسییەکانی خۆمیان پێ بڵێم، بەڵام هەموو قسەکانم هەر ئەم بابەتە نەبوو، چونکە خەڵک پێویستیان بە زمانێکی جیاوازە.

کاردانەوەی خەڵک چۆنە کاتێک شیعرەکانت دەخوێنیتەوە؟
ئەوان منیان خۆش دەوێت و سۆزێکی زۆریان بۆم هەیە، هەندێک جار ناتوانم بچمە هەندێک شوێن یان لە هەندێک شوێن بێمە دەرەوە، هاوەڵی تایبەتم هەیە، کە دەمپارێزن لە ئاپۆڕا، ئەمەش بە هۆی ئەوەی ڕۆژنامەکان دەورم دەدەن، لە هەموو شوێنێک تووشی ئەمە دەبم.

گەر لە نێوان سەرۆکایەتیی شیللی و خەڵاتی نۆبێڵ، کە زیاد لە جارێک بۆ ئەو خەڵاتە کاندید کراویت، هەڵبژاردنی یەکێکیانت بدەنێ، کامیان هەلدەبژێریت؟
ناکرێت پرسیارێک هەبێت بە هەڵبژاردن لە نێوان دوو شت، کە بەم ئەندازەیە لە یەکتری دوور بن.

ئەی ئەگەر سەرۆکایەتیی شیللی و خەڵاتی نۆبێڵ لەسەر ئەم مێزە دابنێین؟
لەو حاڵەتەدا هەڵدەستم و دەچمە سەر مێزێکی تر.

لات وایە کە دیاریکردنی ساموێل بیکێت بۆ خەڵاتی نۆبێڵی ساڵی پێشوو شتێکی دادپەروەرانە بوو؟
بەڵێ، بیکێت شتی کورت دەنووسێت، بەڵام شتی ناوازەن. خەڵاتی نۆبێڵ بە هەر کەس بدرێت، ڕێزلێنانێکی ئەدەبیی گەورەیە. من لەو کەسانە نیم کە زۆربڵێیی بکەم دەربارەی ئەوەی کێ شاییستەی ئەم خەڵاتەیە و کێ شاییستە نییە، ئەوەی گرنگە لەم خەڵاتەدا (ئەگەر گرنگیی هەبێت)، پێدانی ڕێزە بەو کەسەی خەڵاتەکە دەباتەوە.

پەیوەندییەکی بەناوبانگ هەبوو لە نێوان تۆ و جۆزێ بێلیسدا، کە تۆ بەردەوام لە شیعرەکانت دا ئاماژەت پێ دەدا…
بەڵێ، ئەو ئافرەتێک بوو شوێنەوارێکی قووڵی لە شیعرەکانمدا جێ هێشت، تەنانەت لە تازەترین کتێبمدا.

کەواتە شیعرەکانت پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەل ڕێڕەوی ژیانت هەیە؟
ئەمە شتێکی ئاساییە، دەبێت ژیانی شاعیر ڕەنگدانەوەی لەسەر شیعرەکانی هەبێت، ئەمە یاسای هونەر و یاسای ژیانە.

دەکرێت شیعرەکانت بۆ چەند قۆناغێک دابەش بکرێت، ڕاستە؟
بۆچوونێکی جیاوزم لەم بارەیەوە هەیە؛ من قۆناغم نییە، ئەوە ڕەخنەگرەکان ئەو شتە دەدۆزنەوە. گەر بتوانم شتێک بڵێم، ئەوا دەڵێم شیعرەکانم تایبەتمەندیی جەستەی مرۆڤیان هەیە: شیرەخۆرە بوون کاتێک بچووک بووم، منداڵانە بوون کاتێک گەنج بووم، نائومێدانە بوون کاتێک دەمناڵاند و شەڕکەر بوون کاتێک لە ململانێی کۆمەڵایەتیدا بووم. شیعرەکانی ئێستام تێکەڵەیەکە لەم شتانە، من بە هۆی پاڵنەرێکی ناوەکییەوە دەنووسم و پێم وایە کە ئەمە بەسەر هەموو شاعیراندا دێت، بەتایبەت شاعیران.

جارێک تۆم بینی لە ناو ئۆتۆمبێلدا دەتنووسی…
لە کوێ بتوانم و کەی بتوانم، دەنووسم؛ من بە بەردەوامی دەنووسم.

هەموو شتەکان بە دەستت دەنووسیت یان بە ئامێری نووسین؟
دوای ئەو ڕووداوەی تووشم هات پێش چەند مانگێک، کە بووە هۆی شکانی پەنجەم، ناتوانم ئامێری نووسین بەکار بێنم، گەرامەوە بۆ خووی گەنجانە و بە دەستم دەنووسم. ئەم دواییانە بۆم ئاشکرا بوو کاتێک بە دەست شیعر دەنووسم، شیعرەکان زیاتر هەستیارن و زیاتر شیاوی داڕشتنن. ڕۆبەرت گریفز لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت: ”بۆ ئەوەی بیر بکەینەوە، دەبێت خۆمان بەدوور بگرین لەو شتانەی کە بەرهەمی دەستەکانمان نین.” دەیتوانی ئەمەشی بۆ زیاد بکات، کە شیعر دەبێت بە دەست بنووسرێت. ئامێری نووسین ئەو پەیوەندییە گەرمەی نێوان من و شیعری نەهێشت، بەڵام دەستەکانم لە جاران زیاتر ئەو پەیوەندییەی گێڕایەوە.

کاتێک دەنووسیت، تەنیایی هەڵدەبژێریت؟
بەڵێ. بەڵام بێدەنگی تەواو بێزارم دەکات.

ڕۆژێک لە ڕۆژان مەیلت بەلای پەخشاندا نەچووە؟
پەخشان… هەموو تەمەنم بەپێویستم نەزانیوە جگە لە شیعر بە هیچ شتێکی تر گوزارشت لە ناخم بکەم، هەرگیز پەخشانم بەلاوە گرنگ نەبووە، بەڵام هەندێک کاتی دیاریکراو پەخشان دەنووسم،  یان لە بۆنەیەکی دیاریکراودا. ناتوانم بڵێم هەموو تەمەنم دەست لە نووسینی پەخشان هەڵدەگرم، بەڵکو بە شێوەیەکی کاتی دەینووسم.

په‌نجاهه‌مین ساڵیادی مه‌رگی فرووغ: گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئیبراهیم گوڵستان

دیدی منبی‌بی‌سی فارسی

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شەماڵ وەلی

”زۆر گێلانەیە کە دوو کەس یەکتریان خۆش بوێت بێن نامەکان هەڵبگرن.“

فرووغ فەرووخزاد ناوێکی ئاشنایە لە دنیای ئێمەدا. بی‌بی‌سی بە بۆنەی پەنجاساڵەی مەرگی ئەم شاعیرە ئێرانییەوە گفتوگۆیەکی لەگەڵ نووسەر و سینەماکار ئیبراهیم گوڵستاندا ئەنجام دا. گوڵستان لە دواهەمین ڕۆژەکانی ژیانی فرووغدا، خۆشەویستی ئەو شاعیرە بوو.

بێگومان زۆرێک لە خوێنەرانی شیعری فرووغ دەمێک بوو تامەزرۆی ئەوە بوون کە لە زاری خودی ئیبراهیم گوڵستانەوە گوێبیستی چۆنیەتیی ئەم پەیوەندییە سۆزدارییە بن، بەڵام گوڵستان لەو بەرنامەیدا کە ١١ـی ٢ـی ٢٠١٧ بڵاو بووەوە، پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان قسەی کرد، بە کورتی، ئەو دوور لە هەر هەستێکی ئاشقانە دوا و ئەمەش خوێنەرانی شیعری فرووغی، بەو هەموو چاوەڕوانییەوە تووڕە کرد.

ئیبراهیم گوڵستان بە کەسێکی توند و قسەڕەق ناسراوە کە کەمتر هەستوسۆزی خۆی دەردەبڕێت، بۆیە لە سەرەتای بەرنامەکەدا کاتێک داریووش کەریمی، پێشکەشکارەکە، لێی دەپرسێت کە ئاخۆ فرووغ‌ لە ژیانیدا ناڕازیی بووە، گوڵستان لە وەڵامدا دەڵێت: ”بەهەرحاڵ مرۆڤ بە گشتی ناڕازییە، منیش ئێستا ناڕازیم کە قسە لەگەڵ تۆدا دەکەم، زۆریشی پێ چوو تا بەم بەرنامەیە ڕازی بم.“

سەبارەت بەو چەند نامەیەی کە لەم دوایییانەدا بڵاو بوونەوە و تێیدا دەردەکەوێت کە فرووغ هەستوسۆزێکی زۆر بۆ گوڵستان دەردەبڕێت، کە تەنانەت بۆی دەنووسێت: ”بە قوربانی قەیتانی پێڵاوەکانت بم“ گوڵستان دەڵێت: ”زۆر گێلانەیە کە دوو کەس یەکتریان خۆش بوێت بێن نامەکان هەڵبگرن.“ لە درێژەی قسەکانیدا گوڵستان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو نامەكانی خۆی هەڵنەگرتووە و نامەکانی فرووغیش بە ڕێکەوت کەوتوونەتەوە دەست ئەو. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو دەبوو بە جۆرێک ئەو هەموو هەستوسۆزەی فرووغ دامرکێنێتەوە، واتە ئەو هەوڵی نەداوە کە بە هەمان گەرموگوڕیی فرووغ بێت.

فرووغ له‌ كاتی ده‌رهێنانی به‌ڵگه‌فیلمی ماڵه‌كه‌ ڕه‌شه‌، كه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی ئیبراهیم گوڵستانه‌

لە بەشێکی چاوپێکەوتنەکه‌دا داریووش کەریمی پرسیاری ئەوە لە گوڵستان دەکات کە ئاخۆ هاوسەرگیریتان کرد، یاخود تەنیا سیغە بوو، بە گشتی ئەم پرسیارە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئێرانییەکانی تووڕە کرد، ئەم پرسیارە و زۆر پرسیاری تریش، بەڵام گوڵستان بە شێوەیەکی گشتی خۆی لە هەندێ شت دەدزێتەوە کە هەڵبەت مافی خۆیەتی، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات ئەوکات کە لەگەڵ فرووغدا پەیوەندیی هەبووە ژنەکەشی، فەخری، ئاگەدار بووە و ڕازی بووە؛ سێبەسێش چوون بۆ گەڕان، بەڵام هەرگیز لەگەڵ فرووغ بە فەرمیی هاوسەرگیریی نەکردووە.

داریووش کەریمی بە گوڵستان دەڵێت: ”ئێستا زیاتر بیری کامیان دەکەیت؟ ژنەکەت یان فرووغ؟“ گوڵستان دەڵێت: ”خۆ تەرازووم پێ نییە.“

هەروەها گوڵستان لە بەشێکی چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژە بە نەشتەرگەرییە جوانکارییەکەی فرووغ دەکات و دەڵێت: ”فرووغ لووتە زلەکەی عەمەلیات کرد، چونکە بە منداڵی پیاوێک لە باوەشی گرتووە و پێی وتووە کە لووتی تۆش وەک لووتی من زلە.“ گوڵستان دەڵێ فرووغ دوای نەشتەرگەرییەکە زۆر جوانتر بووبوو.

گوڵستان لە شوێنێکی تردا ئاماژە بە مێردە کۆنەکەی فرووغ دەکات و دەڵێت: ”جارێکیان لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا بە فرووغی گوتووە ئەگەر هەر ئێستا لێرە لەگەڵمدا بخەویت دەهێڵم منداڵەکەت ببینیت.“ فرووغ چونکە ناهێڵن منداڵەکەی خۆی ببینێت، ناچار منداڵێک تەبەنی دەکات.

داریووش کەریمی سەبارەت بەوەی کە گوڵستان ئێرانی بەجێ هێشتووە، دەپرسێت: ”تۆ دوای مەرگی فرووغ ئێرانت بەجێ هێشت و بە گشتی نەگەڕایتەوە، ئایا لەبەر مەرگی فرووغ بوو؟“ گوڵستان دەڵێت: ”قسەی قۆڕە.“

هەروەها داریووش کەریمی ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر ئێستا فرووغ مابوایە دەگەڕایتەوە بۆ ئێران بۆ ئەوەی فیلم دروست بکەیت؟“ گوڵستان لە وەڵامدا دەڵێت: ”بێمەعنایە، من چووزانم.“

بە گشتی ئامانە چەند سەرەقەڵەمێک بوون لە قسەکانی نووسەر و فیلمسازی ئێرانی ئیبراهیم گوڵستان، کە بە دواهەمین خۆشەویستی فرووغ ناسراوە، پیاوێکە ڕووڕاستانە قسەکانی خۆی بەیان دەکات کە ڕەنگە بە دڵی زۆرێک نەبێت. ئەو لە ئێستادا و لە تەمەنی ٩٤ـساڵیدا لە کۆشکوتەلارێکی شاهانەدا دەژیت.

ته‌واوی گفتوگۆكه‌:

ڕه‌شبینی و نۆستالژیا، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئاگۆتا كریستۆف

دیدی من

لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی


ئاگۆتا کریستۆف، نووسەری دەفتەری گەورە، ساڵی ١٩٣٥ لە چیکڤاندی هەنگاریا لەدایک بووە و ڕۆژی ٢٧ی ژوییە لە تەمەنی ٧٥ ساڵی لە شاری نۆشاتێلی سوییس کۆچی دوایی کردووە. ساڵی ١٩٥٦ هەنگاریای کۆمۆنیستی جێهێشتووە و لە سوییس نیشتەجێ بووە و لە کارگەیەکی سەعاتسازی کاری کردووە. کتێبەکانی بۆ زیاتر لە سی زمانی دونیا وەرگێڕدراون. ناوبراو ساڵی ٢٠٠٥، بە چاپی کتێبی جیاوازییەکی نییە کە کۆمەڵێک دەقی کۆنن و لە ماوەی چل ساڵدا نووسراون، بۆ هەمیشە وازی لە نووسین هێناوە و نەیتوانیوە کتێبە نوێیەکەی تەواو بکا. لەم وتوێژەی خوارەوەدا وەڵامی پرسیارەکانی دیدیێ ژاکۆبی داوەتەوە کە لە سوییس ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ئەنجام داوە.

تیک-تاکی سەعاتی دیوار لەو ئاپارتمانە تاریکەدا دەبیسترێ کە ئەم ژنە ڕۆماننووسە تیایدا بێدەنگ بووە. ئاگۆتا کریستۆف نووسەرێکە لە قسەکردندا هەژارە. خوڵقێنەری دەفتەری گەورە کە لە ساڵی ١٩٨٦دا بە دونیای دەناسێنێ، وەک کچی بێکێت و سیۆران، تینووی ڕستەی قەبە و مانای گەورە نییە.
دوایین کتێبی جیاوازییەکی نییە لە کۆمەڵێک دەقی کۆن پێک دێ کە لە ئەرشیڤی کتێبخانەی بێرن دۆزراونەتەوە، هەندێک دەقی ریالیست و پووچگەران کە وێدەچێ چل ساڵ لەمەوپێش فڕێ درابنەتە نێو سندووقی پۆستەوە و پۆستەچی هەڵیگرتبنەوە.

ئاگۆتا کریستۆف ئەو کچەی ساڵی ١٩٣٥ لە گوندێکی بچکۆلانەی هەنگاریا لەدایک بووە، چۆن توانیویەتی بگاتە ئەو ئاستە؟ ئاگۆتا لە نێو مریشک و قاز و مراویدا، لە نێو مەزرایەکی دوور لە ئاسوودەیی – بێبەری لە کارەبا، تەلەفۆن، ئاوی خاوێن و نانی ڕۆژانە – گەورە بووە. لەگەڵ جەنگدا، مناڵێتی برسییەتی، بەڵام خۆشەویستی دڵەکزە و ژانی گەدە دەڕەوێنێتەوە: ”شەش ساڵم تەمەن بوو. ئاشقی قەشە ببووم کە بەردەوام دەهاتە ماڵمان. ئەو بێ ڕادە خۆشی دەویستم و بەڵێنی پێ دابووم کە گەورە بووم زەماوەندم لەگەڵ بکا. بەڵام لەگەڵ کەسێکی تردا زەماوەندی کرد. بە خۆمم گوت: تەنانەت قەشەکانیش درۆ دەکەن. هەستێکی سامناک بوو.“

ئاگۆتا دەبێتە کوڕیژگەیەک و دەکەوێتە ژێر کاریگەریی دەسەڵاتی براگەورەکەی، خۆشەویستێکی هەمیشەیی تری. ”براگەورەکەم تەمبێمانی دەکرد. تەنانەت هەندێک خراو بوو. خۆشمان دەویست.“ چونکە باوکی ئاگۆتا هەرگیز بۆ ئەو باوک نەبوو. ”بابم مامۆستا بوو. کتێبی دەخوێندەوە و دەینووسی: بەردەوام لە ژوورەکەی خۆی بوو. کەسێکی جددی بوو.“ لە دوایین چیرۆکی کتێبی جیاوازییەکی نییە، ئاگۆتا ئەم گۆشەگیرییە تاڵە دێنێتەوە بیر کە هەرگیز حەزی لێ نەبووە: ”باوکم لە هیچ کوێ دەست لە نێو دەستی مندا پیاسەی نەکردووە.“

ئاگۆتا کریستۆف لە تەمەنی نۆ ساڵیدا لە شارۆچکەیەک نیشتەجێ دەبێ کە دواتر دەبێتە شاری نێو دەفتەری گەورە. بە درێژایی چەندین ساڵ، یان بەدفەڕی دەکا یان لەگەڵ براکەی خەریکی خوێندنەوە دەبێ. ”ئەمە دایکمی وە گریان دێنا کە ئیرەیی بە خۆشەویستی ئێمە بۆ کتێب دەبرد.“

لە تەمەنی چواردە ساڵیدا دەچێتە قوتابخانەیەکی شەوانە لە بیست کیلۆمەتری ئەو شارە. ”دابڕانێکی دژوار بوو. مافی ئەوەمان نەبوو بچینە دەرێ، بەڵام من ڕۆژانی یەکشەممە ڕامدەکرد و دەگەڕامەوە ماڵێ.“ بەردەوام گەڕانەوە، بەڵام هەمیشە وازهێنان لە هەموو شتێک. کارەساتیی تا هەتایی ئاگۆتا کریستۆف.

ئاگۆتا کریستۆف

زۆری پێناچی ساڵی ١٩٥٦ شۆڕش سەرکوت دەکرێ. مێردی ئەو ژنە گەنجە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە یەکێتی سۆڤییەت دەکەوێتە گرتووخانەوە. دواجار بڕیار دەدا بە نێو لێڕەواردا بەرەو ئوتریش ڕابکا. ئاگۆتا کریستۆف بە کۆرپە چوار مانگەکەی نێو باوەشییەوە، هەموو شتێک بەجێ دێڵێ. لە ماوەی ساڵانی شۆڕشدا، ڕووسەکان شوێنی سنوورپارێزەکان دەگرنەوە، ئەوان تەقە لە حەوا دەکەن بەڵام ئەو تاپۆیانەی بەرەو ئەو هێڵە دەخووشن کە ناوی لێ نراوە ”سنوور“، گوێیان بەم تەقانە نابزوێ.

ئەوسا ئاگۆتا و بنەماڵە گچکەکەی دەگەنە سوییس. ”من بە دڵی خۆم هەڵنەهاتووم. ئەگەر زانیبام بۆ هەتا هەتایە دەمێنمەوە، زێدی خۆمم جێ نەدەهێشت. لەم هەڵبژاردەیە پەژیوانم.“ ڕستەکان دەکەون، وەک کاغەزێک کە بکەوێتە نێو قەرتاڵەی ژیانەوە.”کارەساتە“، وا دەڵێ. بەڵام ئەی ئازادیی ڕادەربڕین؟ ”من لێرە باشتر نەبووم.“

ئەی بۆچوونی سەبارەت بە هاتنی بۆ نۆشاتێل، ئەو شارەی مێردەکەی بوورسێکی زانکۆی لێ وەرگرت و ئێستاش هەروا لەم شارە دەژی: ”سەرەتا، لە گوندێک ماڵێکی بچووکمان هەبوو و منیش لە کارگەیەکی سەعات سازیدا ئیشم دەکرد. لە هەنگاریا خراپتر بوو. تەنانەت کاتی ئەوەم نەبوو بنووسم. شەوانە پاش خەواندنی مناڵەکان و پاک و خاوێنی، چەند شیعرێکم دەنووسی.“ سوییس وڵاتی ئازارەکانیەتی.

ئێستا هەست ناکەن لە سوییس باشترن؟ بە کورتی وەڵام دەداتەوە خراپ نییە. دەیتوانی بڵێ: ”جیاوازییەکی نییە“، هەروەک سەردێڕی بەرگی ئەو کتێبەی ئەم ڕۆژانەی دوایی چاپی کردووە. ئەم سەردێڕە هیی کتێبەکەیە یان هیی ژیانی؟ ”حەزم لەم شێوازی دەربڕینەیە. یانی: پەیوەندیی بە منەوە نییە. من ڕەشبین لەدایک بووم. تەنانەت کە مناڵ بووم، تێنەدەگەیشتم بۆچی خەڵک پێدەکەنن. کاتێ دەمبینی دایک‌وباوکم پێدەکەنن لۆمەم دەکردن.”

ڕەشبینی و نۆستالژیا. تەنانەت شاکارەکەی ئاگۆتا کریستۆف دەفتەری گەورەیش لە ژێر سێبەری ئەمانەدا نووسراوە: دوابەدوای گێڕانەوەی ژیانی کچێنی بۆ مناڵەکانی بیرۆکەی نووسینی کۆمەڵێ بابەتی کورتی لەسەر جەنگ بە مێشک دەگا. سێ ڕۆمان دەنووسێ، پاشان شانۆنامەیەک، بەسەرهاتی ژیانی خۆی و دواجار ”جیاوازییەکی نییە“.

ئەی ئەمڕۆ؟ ئاگۆتا دەنووسێ بێ ئەوەی بنووسێ. ”چەندین جار لەسەر یەک بەشێک دەنووسمەوە، بەڵام باش دەرنایە. پاشان دەست بە نووسینی بەشێکی تر دەکەم، بەڵام ئەمەش ئەو شتە نییە کە دەمەوێ. پێم وایە لە چاو ڕابردوو چاوەڕوانیم زۆر زیاترە.“ بزەیەکی سارد و پاشان ئەم دانپێدانانە: ”ڕقم لە شێوازی نووسینەکەمە.“ ئەمجارەیان هەوڵ دەدا بە شێوەی کچۆڵەیەکی ئەڤیندار خۆ بنوێنێ. کتێبەکە ئەگەر ڕووناکی ژیان ببینێ ناوی ”ئاگلائێ لە نێو کێڵگەکاندا“ دەبێ. بەڵام زۆر هیوای بەوە نییە تەواوی بکا.

ئاگۆتا بە دەست دەنووسێ، لە نێو کۆمەڵێک دەفتەری جیاوازدا. هەڵەیەک و دەفتەرێکی نوێ. ”دەبێ هەموویان سەر لە نوێ بخوێنمەوە.“ ئەو کارە ناکا. لە خۆی ڕا نابینێ. ئەی ئەگەر بێ ئەوەی هەست پێ بکا، کتێبەکەی تەواو بێ؟ پێدەکەنێ. بێگوناهییەکی کەمێک خەیاڵی، وەک ئەوەی لەناکاو پارچە مۆسیقایەکی بێدەنگی بژەنێ: ”بەڵێ، زۆر باش دەبێ.“

گفتوگۆ له‌گه‌ڵ میشێل بووتۆر

دیدی من

سەڵاحەدین بایەزیدی



”ڕەنگە ڕۆژێک ئیتر کەس ڕۆمان نەنووسێ.“

ئەگەر بە ئۆتۆمبێلی خۆت نەبێ، ئاسان نییە لە وادەی دیاریکراودا چاوت بە میشێل بووتۆر، شاعیر و نووسەری ناسراوی فەڕەنسا بکەوێ. چونکە لە گوندێکی چەپەک و پەراوێزخراوی سەر بە لووسەنژ، کە لەسەر سنووری سویس هەڵکەوتووە، دەژیا. لە گەراجەکانی ژنێڤ، کەس نەبوو تەنانەت ناوی گوندەکەشی بیستبێ، تەنیا ئەوەندەیان دەزانی کە کەرەستەکانی هاتوچۆی گشتی ڕێیان ناکەوێتە ئەو شوێنە و دەبوایە بە تەکسی بچم. کە لە لووسەنژ ڕووم کردە ئەو شۆفیری تەکسییەی چاوەڕوانی ڕێبوار بوو، وادەی دیدارەکە تەنیا چەند خولەکێکی مابووەوە و ترسی ئەوەم ڕێ نیشتبوو شۆفێر تەکسییەکە بە ناشارەزایی ڕێگەکەم دوورتر بکاتەوە. بەڵام لێرەوە بەدوا مێشێل بووتۆر ناونیشانێکی ئاشنا بوو. پێش ئەوەی ئادرەسی ماڵەکەی بدۆزمەوە و بە شۆفیرەکەی بدەم، بە ڕێکەوت ناوی بووتۆرم هێنا. شۆفیرەکە زەردەخەنەیەکی کرد و وەک ئەوەی هەستێ پێ کردبێ وەدرەنگی کەوتووم، دەستبەجێ کەوتە ڕێ و گوتی بە ناوبڕ دەمگەیەنێت. شۆفیرەکە ڕۆمانەکانی میشێل بووتۆری نەخوێندبووەوە، چونکە بە قسەی خۆی، دانووی لەگەڵ “ڕۆمانی نوێ”دا ناکوڵێ، بەڵام باسی لەوە دەکرد خەڵکێکی زۆری بۆ ماڵەکەی ئەو نووسەرە گواستووەتەوە و جارجارەش لە تەلەڤزیۆن گوێی لە قسە و دیمانەکانی گرتووە. بە چاوگێڕانم بە دیمەنەکانی دەوروبەردا، بۆی دەرکەوت پرسیاری ئەوەم لە مێشکدا ورووژاوە، کە بۆچی ئەم نووسەرە ڕچەشکێنە لەم کوێرەدێیە دەژی. بێ ئەوەی پرسیارەکەم بێنمە سەر زمان، شۆفیرەکە هەڵیدایە: ”وەک دەبینن، لە خۆڕا نییە لێرەکانە دەژی، ئێرە شوێنێکی بەڕاستی سەرنجڕاکێشە.” واش بوو.

دواجار، میشێل بووتۆر بە گەرموگوڕیی ناسیاوێک لە ماڵەکەی خۆیدا پێشوازیی لێ کردم. هێشتا بە خۆوە بوو و لە خوێندنەوە و نووسین دانەبڕابوو، بەڵام ئەو له‌ كۆتاییه‌كانی ته‌مه‌نیدا چیتر خۆی بە ڕۆمان و ژانرەکانی تری ئەدەبەوە سەرقاڵ نه‌ده‌كرد و زیاتر شیعری دەنووسی. ساڵی ١٩٥٩، دوایین ڕۆمانی بە ناوی پلەکان نووسیوە، کە دەستپێکی ساڵی ١٩٦٠ چاپ بووە و ئیدی لەوساوە، واتە پتر لە نیو سەدەیە، بە لای ڕۆماندا نەچووەتەوە. دەڵێ: “چونکە بەپێی پێویست نووسیم. زۆرم کتێب و نووسراوە چاپ کرد. ئێستا پڕۆژەیەکی گەورەم وەک نووسین بە دەستەوە نییە.”

تاقانە یادگاریی ڕۆمانی نوێ

مێشێل بووتۆر بەگشتی چوار ڕۆمانی نووسیوە و بەو ڕۆمانانە و لە سەرووی هەمووشیانەوە بە ڕۆمانی وەرچەرخان، ناوبانگی جیهانیی دەرکردوە. یەکەم ڕۆمانی ساڵی ١٩٥٤ لە لایەن وەشانخانەی مینوی لە پاریس چاپ کراوە. ڕۆمانەکانی میشێل بووتۆر دەچنە خانەی ڕۆمانی نوێ یان قوتابخانەی مینوییەوە. ئەو ڕەوتەی لەسەر کۆمەڵێک ڕەتکردنەوەی هاوبەش دامەزرابوو، لەوانە ڕەتکردنەوەی فۆرمی کلاسیکی ڕۆمان، ڕەتکردنەوەی فۆرمی پشتئەستوور بە بالزاک و ڕیالیزم، ڕەتکردنەوەی قارەمان، ڕەتکردنەوەی بەسەرهات، ڕەتکردنەوە جیاوازی خستنە نێوان فۆڕم و نێوەڕۆک.

میشێل بووتۆر لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەری وەک ناتالی سارۆت، ئالێن رۆب گرییێ، کلۆد سیمۆن، مارگریت دووراس و رۆبێر پانژێ بە گرنگترین سیماکانی ڕۆمانی نوێ لەقەڵەم دەدرێن. ئەمڕۆکە هەرچەند بووتۆر تەنیا یادگاری ئەو کاروانەیە، بەڵام هاوکات و بگرە پێش ئەوان ماڵئاوایی لە بزاوتی ئەدەبیی ڕۆمانی نوێ کردووە، کە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو و شەشتەکان، هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە فەڕەنسا، لە لووتکەی خۆیدا بوو.

ئەی ئەگەر میشێل بووتۆر درێژەی بە نووسینی ڕۆمان دابایە، هەمدیس شێوازی ڕۆمانی نوێی بەکار دەهێنا؟ وڵامدانەوەی پرسیارەکە ئەستەمە. بووتۆر بە پێکەنینەوە دەڵێ مێژوویەکە ئیتر ڕۆمان نانووسم. بەڵام سەرسامبوونی خۆی بە نووسەرانی سەر بە “کارگەی ئەدەبیاتی هێزە نادیارەکان” (Oulipo) نیشان دەدا: “لە ناو نووسەرانی Oulipoدا، کۆمەڵێک قەڵەمبەدەست هەن کە فرە فۆرمالیستن و نووسراوەکانیان مایەی تێڕامانە. بۆ نموونە نووسەرانی وەک ژۆرژ پێرێک و ژاک ڕووبۆ. ژۆرژ پێرێک کتێبێکی نووسیوە بە ناوی ونبوون کە پیتی e لە سەرانسەری کتێبەکەدا بەدی ناکرێ. کارێکی بێهاوتایە، چونکە ئەم پیتە لە فەڕەنسیدا لە هەموو پیتەکان زیاتر بەکار دەبرێ. بەڵام ئەم کتێبە بێ ئەو پێتە نووسراوە و سەرکەوتووش بووە”. بووتۆر، هۆکاری سەرنجڕاکێشبوونی ئەم نووسەرانە و هەروەها بەرهەمەکانی نووسەرانی ڕۆمانی نوێ بۆ ئەوە دەگه‌ڕانده‌وه‌، کە هاندەر و ورووژێنەری هێزی خەیاڵن. “هەر چەشنە جوانکارییەک لە لەحن و دەربڕیندا سەرنجم ڕادەکێشێ”، میشێل بووتۆر وا دەڵێ.

داهاتووی ڕۆمان

ئاساییە ئەگەر میشێل بووتۆر، بە پێچەوانەی ڕۆماننووسەکانی دیکە، سەبارەت بە ڕۆمان و داهاتوو و مانەوەی ئەم ژانرە ئەدەبییە دەمارگرژ نەبێ. ئەخە ئەو بۆ خۆی نووسەری جۆرێک لە ڕۆمان بووە کە بە دژەڕۆمان ناسراوە. دەربارەی پێشەڕۆژی ڕۆمان، پێی وایە بۆی هەیە ڕۆمان بوونی نەمێنێ وەک چۆن پێش ئەوەی لەدایک بێ، بە درێژایی چەندین سەدە بوونی نەبووە. بووتۆر بەم جۆرە بۆچوونی خۆی لەسەر داهاتووی ڕۆمان دەردەبڕێ: “ڕۆمان شتێک نییە بەردەوام هەبووبێ. ڕۆمان وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین و پێناسەی بۆ دەکەین، بە درێژایی چەندین سەدە هەر بوونی نەبووە. بۆیە دەکرێ کتوپڕ نەمێنێ و شتێکی دیکە، بۆ نموونە فیلم یان ئەڵقەی تەلەڤزیۆنی جێگەی بگرێتەوە. ڕۆمان لە واتا باوەکەیدا یانی کتێبێکی کاغەزی کە بەسەرهاتێک دەگێڕێتەوە، کە لە لاپەڕەی یەکەمەوە دەست پێ دەکەین و پاش کۆمەڵێک فراز و نشێو، دەگەینە دوایین لاپەڕە. دەشی ئیتر ئەمە نەمێنێ. بۆی هەیە ڕۆژێک خەڵک چیتر ڕۆمان نەنووسن. بەسەرهاتەکان بە شێوەیەکی دیکە بگێڕدرێنەوە. بەڵام نەک لە توێی ئەو کتێبەی ئێستا دەیناسین. دیارە ڕۆمانی کۆن هەر دەخوێنرێتەوە و بەردەوام بۆ خەڵکی سەرنجڕاکێش دەبێ.”

مێشێل بووتۆر کە پیشان دەدا نێوانی لەگەڵ تەکنۆلۆژیا خۆشە و پێشوازی لە هەر چەشنە ئەفراندنێکی نوێ دەکا، بێ نیگەرانی، لە کاتێکدا دەوروبەری بە کتێب و ڕۆمان ئابڵۆقە دراوە، دەڵێ: “ڕەنگە شتی باشتر لە ڕۆمان بەرهەم بهێنرێ. ڕۆمان دەکرێ وەک هەنگاوێک سەیری بکرێ بەرەو فۆڕمێکی تری ئەدەبی. هەڵبەت ئێستاش ڕۆمان خەریکە جێگرەوەی بۆ پەیدا دەبێ. ئەمە نایەتە ئەو واتایەی کە ڕۆمانی کۆن ناخوێنرێتەوە. ڕۆمانی کۆن، هیی دوێنێ و تەنانەت هیی ئەمڕۆش هەر دەخوێنرێنەوە. بەڵام ڕەنگە ڕۆژێک ئیتر کەس ڕۆمان نەنووسێ. ڕەنگە خەڵک بە شتی ترەوە سەرقاڵ بن. دیار نییە، لەوانەشە ڕۆمان هەر وا برەوی هەبێ.”

”ڕۆمانەکانم بە کوردی وەربگێڕن“

نەک هەر میشێل بووتۆر، بەڵکو هیچ کام لە نووسەرانی بزاڤی ڕۆمانی نوێ، لە زمانی کوردیدا ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە و کتێبەکانیان نەکراونەتە کوردی. لە کاتێکدا بزاڤی ڕۆمانی نوێ و نووسەرەکانی ناوبانگێکی جیهانییان هەیە و بە زۆربەی هەرە زۆری زمانەکانی دونیا وەرگێڕدراون. کە باسی ئەگەری وەرگێڕانی ڕۆمانەکانی میشێل بووتۆر بۆ سەر زمانی کوردی دەکەم، چاوەکانی دەبریسکێنەوە و بە خۆشحاڵییەوە دەڵێ:  “وەرگێڕانی ڕۆمانەکانم بە زمانی کوردی بۆ من وەک خەون وایە. تەنانەت بە خەیاڵیشمدا نەهاتووە. ڕۆمانەکانم بکەنە کوردی.” ئاماژە بەوەش دەکا گرینگە نموونەکانی ڕۆمانی نوێ لە ئەرشیڤی هەموو زمانەکاندا هەبن و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەیان بۆ بکرێ.


میشێل بووتۆر لە شاری مۆنزەن بارۆل، لە باکووری فەڕەنسا لەدایک بووە. لە وڵاتانی دەرەوە، بەتایبەت لە میسڕ، مامۆستای زمانی فەڕەنسی بووە و ساڵانی ١٩٥٠ لە قوتابخانەی نێونەتەوەیی لە ژنێڤ وانەی فەلسەفەی گوتووەتەوە. لە زانکۆکانی ئەمریکا، فەڕەنسا و دواتر سویسیش مامۆستای ئەدەبیات بووە و ساڵی ١٩٩١دا خانەنشین کراوە.

بێجگە لە نووسینی ڕۆمان و شیعر، دەیان کتێبی دیکەی سەبارەت بە ئەدەبیات و نیگارکێشی چاپ کردووە و چەند کتێبێکی وەرگێڕدراویشی هەیە. ساڵی ٢٠١٣، خەڵاتی ئەدەبیاتی ئاکادیمیای فەڕەنسای بۆ کۆی بەرهەمەکانی وەرگرتووە. بووتۆر لە گوندێکی سەر بە لووسەنژی فەرەنسا لە نزیک ژنێڤ دەژیا. میشێل بووتۆر، مانگی ١٢ی  ٢٠١٦ لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.


This slideshow requires JavaScript.

گفتوگۆی مەریوان هەڵەبجەیی لەگەڵ بی تا مەلەکوتی، بەشی سێیەم و کۆتایی

دیدی من

مای نەیم ئز لەیلا، یەکەم ڕۆمانی شاعیر و نووسەری فارس بی تا مەلەکوتییە، کە مەریوان هەڵەبجەیی لە زمانی فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی و لە بڵاوکراوەکانی بیستەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژە. مەریوان هەڵەبجەیی وەرگێڕ، گفتوگۆیەکی لەگەڵ بی تا مەلەکوتی ئەنجام داوە، کە تیایدا دەربارەی ناوەڕۆک و تەکنیکی نووسینی ڕۆمانەکە قسە دەکەن؛ دیدی من سەرجەمی ئەو گفتوگۆیە بۆ خوێنەران بڵاو دەکاتەوە.

هەمیشە دەڵێن کاتێک نووسەر کۆچ دەکات، وەک ئەو درەختە وایە کە لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵیان کێشابێت و بردبێتیانە جێگەیەکی تر، هەر بەو ڕادەیەی ئەگەری وشکبوونی درەختەکە زۆرە، ئەگەری نەنووسین و وشکبوونی توانای نووسەر لە غوربەتدا زۆرە، چونکە لە ناو خەڵکی خۆیدا ناژی و دوورە لە زمان و ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگەکەی خۆی، تا چەند هاوڕای؟

بە هەرحاڵ، دووری لە زمانی فارسی ئازاردەرە، بەڵام بە ڕای من لە سەردەمی ئێمەدا بە بوونی ئینتەرنێت و دونیای مەجازی، ئەو دابڕانە قووڵ و ڕیشەییەی کە لە ڕابردووی کۆندا باس دەکرا، زۆر مانای نییە. ئێستا دەتوانی کتێب بنووسیت و لە ئینتەرنێتدا بڵاوی بکەیتەوە. هەر ئێرانییەک لە دوورترین جێگەی ئێران، یان هەرجێگەیەکی تردا، ئینتەرنێتی هەبێت، دەتوانێت کتێبەکە بەدەست بهێنێت. ئێستا بە هۆی فەیسبووکەوە خوێنەرانی ئەدەبیات لە فەیسبووک و ئینستاگرام و تێلگرامدا پەیوەندییان لەگەڵ ئەو نووسەرانەدا هەیە، کە دەیانخوێننەوە و خۆشیان دەوێن. نووسەرانیش هەر ساتە ئاگایان لە هەموو ئەو ڕووداوە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کلتووری و ئابوورییانەیە کە لە وڵاتەکەیان و لە هەرجێگەیەکی دونیادا لە ساتی ڕووداندان.

مەریوان هەڵەبجەیی وەرگێڕ و بی تا مەلەکوتی نووسەر

نووسەرانی زۆر لە نەوەی یەکەم و دووەم و سێیەمی کۆچبەری ئێرانی، لە ناویشیاندا محەمەد عەلی جەمالزادە، بوزورگ عەلەوی، سادق چوبەک، غوڵام حسەین ساعدی، نادر نادرپوور و تا دوایی، پاش چەندین ساڵ مانەوە لە غوربەتدا و ڕۆچوون و قووڵبوونەوە لە ناو ئەو کۆمەڵگەیەی کە کۆچیان بۆی کردبوو، بەڵام دواجار نەیانتوانی لە ئەزموونی ژیانی غوربەتیاندا بەرهەمی زۆر باش بنووسن و پێش بکەون، یان نەوەی سێیەم وەک عەباس مەعرووفی، نەسیم خاکسار، مەنسوور کوشان و تا دوایی، باشترین بەرهەمەکانیان لە ناوەوەی ئێران نووسی و پاش چەند ساڵ ژیان لە دەرەوەی وڵات، چیتر بەرهەمەکانیان ئەو جوانی و توانا و وزەیەی ڕابردووی تێدا نەدەبینرا. پێت وایە نەوەی ئێوە بتوانێت بە هۆی بوونی ئەو ئامڕازانەی کە ئاماژەت پێ کردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئەم هاوکێشەیە بگۆڕن و بەرهەمی جیاواز و سەرکەوتوو بەدی بهێنن؟

بە ڕای من لەبەر ئەوەی ئێمە هەموومان لە گوندێکی جیهانیدا دەژین، دەتوانین ئەم هاوکێشەیە بگۆڕین. بە هۆی فەزای مەجازییەوە، نووسەرانی نەوەی من و دواتر دەتوانن بەردەوام زیندوو و شاد و پڕ لە وزە بن و نوێ بمێننەوە. دوایین هەواڵ و ڕووداوەکان و تەنانەت هەر لەوساتەدا ڕووداوێکی وەک بارانبارین لە شارێکی وەک تاران ببین. من کە لە پڕاگ دەژیم، دەتوانم هەر لەو ساتەدا ببینم چۆن لە نیاوەرانی تاران بەفر دەبارێت و هەر لەو ساتەدا گرتەکەیم پێ دەگات. دەکرێت وەک نووسەرێکی ئێرانی لە دەرەوەی ئێران بژیت و بەرهەمێکی نەمر بنووسیت، لە هەر تەمەن و دۆخێکدا بێت.

ئێرانییەکان لەوەدا بەناوبانگن کە خەڵکانێکی شاد و زیندوون و لە هەموو دۆخێکدا تەنز و نوکتە دەگێڕنەوە و گۆرانی دەڵێن و پێدەکەنن و بەردەوام بەدوای کەشێکی شادەوەن، بەڵام زۆربەی کەسێتییەکانی ڕۆمانەکەی تۆ ژیانێکی تەواو تاڵ و ناخۆشیان هەیە و کەمترین شادییان پێوە دەبینرێت، ڕاستە هەموویان ڕابردوویەکی زۆر ناخۆشیان هەبووە، کە کاریگەریی لەسەر ژیانی ئێستا و ئاییندەشیان داناوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەرفەتی ئەوەی هەبوو، ئەوەی کە ئێمە لە مرۆڤی ئێرانی و بارودۆخی ڕۆحیی شاد و گەرم و لە ژیانی ڕۆژانەیاندا دەبینرێت بەرجەستەی بکەیت، ئایا بارودۆخی ڕۆحیی خۆت و کارەکتەری نووسەر تا چەند دەتوانێت بە تەواوی لە بەدیهێنانی ئەم کارەکتەرانە و کەشی ڕۆمانەکادا کاریگەر بێت و سێبەری بەسەر کەسێتییەکانەوە هەبووبێت؟

ڕەنگە ئەمە بگەڕێتەوە بۆ کەسێتی و سروشتی خۆم، بە داخەوە ڕەنگە ئەمە یەکێک بێت لە کەمووکوڕییەکانی بەرهەمەکانم. حەزم لە تەنزە، بەڵام لە پێنووسی منەوە زۆر دوورە. لە هەندێک لە چیرۆکەکاندا، یان لە خودی ئەم ڕۆمانەشدا، هەوڵم دا کەمێک بە لای تەنزدا بچم، بەڵام دەرەنجامێکی ترسناکی هەبوو.

لە یەکێک لە گفتوگۆکانتدا بە جوانی ئاماژەت بەوە کردووە کە لە زۆربەی بەرهەمی ژنانی ئێرانیدا چ لە ئێران و چ لە دەرەوەی ئێران، خودسانسۆرییەکی زۆر هەیە، هەمیشە شتێک لە ناو بەرهەمەکاندا کەمە، ژنان زۆربەیان یەک هاوسەریان هەیە، بۆ نموونە عاشقی کەسێکی تر دەبن یان عاشقی کەسێکی تر بوون و لەگەڵ کەسێکی تردا هاوسەرگیرییان کردووە. ڕاستییەکەى کەسێتی و کارەکتەری ژن لە چیرۆک و ڕۆمانەکاندا لە یەک دوو پەیوەندیدا کورت دەبنەوە، لە کاتێکدا لە ژیانی ڕاستەقینەدا بە هیچ شێوەیەک وا نییە، واتە چ ژن و چ پیاو زیاد لە پەیوەندییەکیان هەیە و سەروکاریان لەگەڵ مرۆڤی زۆردا هەیە، تۆ چەندە هەوڵت داوە و دەیدەیت کە لەم ڕووەوە کەسێتییەکانت ڕاستگۆ و جێگەی باوەڕ بن، کە لە ڕووی کۆمەڵناسی و دەروونناسییشەوە زۆر گرنگە، بەتایبەت ئەو کەسێتییانەی کە بەدی دەهێنیت زیاتر جێگەی باوەڕ و و ئازا و جەسوور بن. لە چیرۆکە کۆن و فۆلکلۆرییەکان و لە ئەفسانە و تەنانەت ئەدەبیاتی کلاسیک و بەرهەمێکی گرنگی وەک شانامەی فیردەوسییشدا، کەسێتیی ژنی زۆر ئازا و عاشق هەن، لەبەر عەشقەکەیان هەموو کارێک دەکەن، ئایا ئەمە کاریگەریی سانسۆری زاڵە بەسەر کلتوور و نەریتی و ئایینی بەربڵاو لە ناو کۆمەڵگەدا، کە تەنانەت نووسەران، کە لە مرۆڤە پێشڕەوەکانی سەردەمی خۆیانن، ئاوا دەنووسن؟

هۆکارگەلی زۆر هەن، ڕەگ و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژنە بێئابڕوو و چاوقایم و بێحەیایەی سادقی هیدایەت، ژنی ناو بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئێمە یان زۆر باڵان و دەست نایانگاتێ، یان بێئابڕوو و خراپەکارن. بەڵام لە ناو نووسەرانی نەوەی من و پێش من و یان تەنانەت گەنجتر لە منیشدا، هەن کەسێتیی ژنیان بەدی هێناوە، کە زۆر لەگەڵ هەقیقەتی ئەمڕۆی ژنانی سەردەمی ئیمەدا دێنەوە. ژن بەو شێوەیە نییە کە لە ژیانیدا تەنیا یەک جار عاشقی کەسێک بێت وهاوسەرگیری بکات، بە دڵنیاییەوە لە ژیانیدا مرۆڤی زۆر دەناسێت و ئەزموونی زۆری هەبووە و دەبێت، بە هەمان شێوە هەر پیاوێکیش هەمان ئەزموونی دەبێت، جیاوازیی نییە. ئەمە لەو بەرهەمەی کە من نووسیم بە دڵنیاییەوە هەیە و لە بەرهەمی هەندێک لە هاوڕێکانیشمدا بینیومە و لەو حاڵەتی تاکعاشقی و تاکهاوسەرییەی، کە بە ڕای من زۆر دوورە لە سەردەمی ئێمەوە ئەوانیش لێی دوورکەوتوونەتەوە.

چ هەستێکت هەیە کە چەند ڕۆژی تر دەچیتە سەرزەمینێک کە یەکەم ڕۆمانت بەو زمانە وەرگێڕدراوە، ڕاستییەکەی یەکەم زمانیشە بەرهەمەکەتی بۆ وەرگێڕدراوە، بڕیاریشە جگە لە شیعرخوێندنەوە، واژۆکردن لەسەر وەرگێڕانی کوردیی ڕۆمانەکەت، لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ و لە شارەکانی سلێمانی وهەڵەبجە بەڕێوە بچێت؟

هەستێکی پڕ جۆشوخرۆشی تایبەتم هەیە. وەرگێڕانی کوردیی ئەم ڕۆمانە ڕووداوێکی گرنگە و یەکێکە لە خاڵەکانى وەرچەرخانی ژیانی هونەری من، ئەزموونێکی پڕ لە شادی و خۆشی و پڕنوورە. زۆر سوپاسی تۆی ئازیز دەکەم، کە بوویتە هۆی ئەوەی ئەزموونێکی وا تاقانە بۆ من ڕوو بدات. هەست دەکەم پەنجەرەیەکی نوێم کردووەتەوە بۆ هەوایەکی تازە، هەست دەکەم بووم بە هیی دوو نەتەوە، بووم بە خاوەنی دوو زمان، هەست دەکەم بوومەتە نیشتەجێی جیهان.

گفتوگۆی مەریوان هەڵەبجەیی لەگەڵ بی تا مەلەکوتی، بەشی دووەم

دیدی من

مای نەیم ئز لەیلا، یەکەم ڕۆمانی شاعیر و نووسەری فارس بی تا مەلەکوتییە، کە مەریوان هەڵەبجەیی لە زمانی فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی و لە بڵاوکراوەکانی بیستەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژە.

Continue reading گفتوگۆی مەریوان هەڵەبجەیی لەگەڵ بی تا مەلەکوتی، بەشی دووەم