Category Archives: ڕەخنە

ساختەکان لە نەفرەتەکانى هۆڵدن کۆڵفیڵدەوە، بەشی دووەم

دیدی من – خوێنەر و کتێب

کتێب: پاسەوانێک لە مەزرا

نووسەر: جەی دی سالنجەر

خوێنەر: بەڵێن عوسمان

”مەزن، ئەو وشەیەیە کە زۆر ڕقم لێیەتى، چونکە ساختەیە؛ هەر جارێک گوێم لێی دەبێت، ڕشانەوەم دێت.”

هۆڵدن دەڵێت: ”لەم دنیایەدا، ئەگەر شتێک هەبێت ڕقم لێی بێت، ئەوە سینەمایە.” ئەو بەو زمانە مێردمنداڵییەى خۆیەوە هەجوویەکى ئاوێتە بە ڕەخنە و ڕق دەهاوێژێت بۆ سینەما و فیلم، پێی وایە سینەماش یەکێکە لە ساختەچییەکانى ترى جیهان، دەمامکێکە بەسەر دەمامکێکى ترەوە، پەردەیەکە لە پێش پەردەى خۆحەشاردان لە بەرگى دووڕووییدا. بەشێکى ئەم ڕقە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە سینەما کردەوەیەکى ترى بەکۆمەڵى مرۆڤە ساختەکانە و دەکرێت لە هەر ساتێکدا و لە بچووکترین دەرفەتدا بگۆڕدرێت بە گەورەترین ساختەیى کۆمەڵگە. ئەم تێڕوانینە، هاوشێوەى ئەوەى ئێرە لە بەشێک لە بەرهەمەکانى ترى سالنجەردا ئامادەیى هەیە؛ سالنجەریش سینەمای خۆش نەویستووە و لە زمانى هۆڵدنەوە گوتوویەتى: ”ئاخر لەوە تێدەگەم کەسێک کارێکى دیکەى نەبێت، بڕوات بۆ سینەما، بەڵام کەسێک زۆر مەبەستى بێت و بچێت و تەنانەت بە هەڵەداوان دەڕوات تا زوو بگاتە ئەوێ، ئەوە خەفەتم دەداتێ.” یان کە دەڵێت: ”فیلمە نەفرەتییەکان دەتوانن وێرانت بکەن.” ئەکتەرەکانیش ڕزگاریان نەبووە لە دژایەتییەکانى: ”من ڕقم لە ئەکتەرەکان دەبێتەوە، هەرگیز وەک ئەو خەڵک ئاساییە هەڵسوکەوت ناکەن، بەڵام خۆیان پێیان وانییە. ئەکتەرە زۆر باشەکان کەمێک ئاساییترن، بەڵام هێشتا بەو شێوەیە نییە کە حەز بکەى تەماشایان بکەیت، ئینجا ئەگەر ئەکتەرێک زۆر باش بێت، پێوەى دیارە کە خۆى دەزانێت زۆر باشە، ئەوەش دەیشێوێنێت.”

دواجار ئەوەى دەمێنێتەوە لەبارەى نەفرەتەکانى هۆڵدنەوە بگوترێت، ئەوەیە کە تفکردن لە هەموو شتێک، خەمێکى قووڵ لە پشتیەوەیەتى، کە لەوانەیە ئەویش بەپێى پێویست درکى بە هەموو لایەنەکانى نەکردبێت. هۆڵدن دەڵێت: ”هەتاو تەنها ئەو کاتانە دەردەکەوێت، کە خۆى مەیلى لێیە.” سەڕەڕاى نا و بەرپەرچدانەوەکانى، جێگرەوەى دزێوییەکانى لە هەگبەدایە. هۆڵدن دەیەوێت بە گەڕانەوە بۆ سروشت و پاکێتیى مرۆڤ، خۆى لەو دنیا ناحەز و قەشمەرە داببڕێت، لەمەشدا ژیان و دەرونى گرفتارە، بە جۆرێک لە نێوان بەرداشى منداڵى و گەورەیى قەتیس ماوەتەوە. قاقاکانى ئەو، پێکەنینە بە گەورەکان تا ڕادەى بێباکى و بزەیە بۆ منداڵ هەتا ئاستى هیوا. ئەمە بە تەواوى ڕوونە لە ڕۆمانەکەدا کە هۆڵدن سۆزى بۆ منداڵان هەیە و پێی وایە هێشتا نەبوون بە مرۆڤى ساختەکار، دەشیەوێت ڕێگر بێت لەوەى ببن بە بەشێک لە دەمامکلەسەرەکان. قارەمانەکەمان بە باسکردنێکى لێوانلێو لە وەسفکردن، تامەزرۆیى خۆى بۆ هەموو پرسیارە جیدییەکانى سروشت دەردەبڕێت: ”بیرم لەو گۆمەى سینتڕەڵ پارک دەکردەوە، کە دەکەوێتە بەشى خوارووى پارکەکەوە، دەمگوت ئاخۆ کاتێک من دەڕۆمەوە بۆ ماڵەوە گۆمەکە بەستبێتى؟ ئەى ئەگەر وابێت، مراوییەکان چوون بۆ کوێ؟ تۆ بڵێى مراوییەکان بۆ کوێ چووبن، کاتێک گۆماوەکە هەر هەمووى بووە بە سەهۆڵ و سەرتاسەر بەستوویەتى؟ ئاخۆ کەسێک بە بارهەڵگرێکەوە هاتبێت و بردبنى بۆ باخچەیەکى ئاژەڵان، یان شوێنێک، یان بۆ خۆیان بۆ دوور فڕیبێتن؟” ئەگەرچى بە گێڕانەوەى تەواوى ئەو سەرگەردانییەى دنیا، ڕۆمانەکە فێرمان دەکات کە ژیانکردن چەندێک کۆمیدى و غەمگینە، لێ بە ساتە زوو ڕابورد و ڕووداوە بچووکەکانى کۆتاییدا لەوە حاڵى دەبین کە هۆڵدن دەیەوێت پێناسەیەکى نوێ بۆ دنیا بکات و منداڵیش خاڵى سەرەکیى ئەم پێناسەیە و پینەیەکى گەشى بەرگە نوێیەکەى جیهانە. هەر بۆیە هەموو هەوڵى ئەو ئەوەیە منداڵان نەگەن بە مەزراى گەوران. خەمى مەزنى ئەو تەنها ڕزگارکردنى خوشکە بچووکەکەیەتى لەدەست ساختەییەکان، بەدەر لەوە هیچ گرنگى بە بەهاکانى کۆمەڵگە نادات. خودى ڕۆمانەکە، کارێکى چڕى ئاڵۆزە لەسەر وێنەى ناشیرینى مرۆڤ لە تەمەنى گەورەییدا، لە لاکەى تریشەوە سالنجەر کار لەسەر پاکێتى و جوانیى مرۆڤ لە سەردەمى منداڵیدا دەکات. هۆڵدنى شکێنەرى یاساغەکان، دوودڵ ماوەتەوە لە نێوان ئەو دوو قۆناغەى تەمەن، لە نێوان دووڕیانى منداڵى و گەورەییدا نازانێت دروست چى بکات. ئارەزوو دەکات گەورە دەرکەوێت و بە هۆکارى دەمامکى گەورەیى خواستى گەورەبوونیشى نییە، بەڵام ناتوانێت بگەڕێتەوە بەرەو دواو.

نەفرینى پاڵەوانەکە لە گەورەیى، نەفرەتە لە ساختەیى. گەورەکان هەمیشە هۆڵدن نائومێد دەکەن؛ ئەو بەشەى کۆتایى چیرۆکەکە سەبارەت بە هۆڵدن و مستەر ئەنتۆلینى، ئەو تەنها کەسەى کە هۆڵدن هەموو دەم وای بۆ دەچوو دەتوانێت متمانەى پێ بکات، کەچى لادەر دەرچوو. مێردمنداڵەکە ئەم دنیایەى پێ خۆش نییە، چونکە پڕیەتى لەو کەسانەى شتێک دەڵێن و مەبەستیان شتێکى ترە، بۆیە ڕقى لە گەورە گەمژەکان و ساختە گومڕاکانە. لێرەوە سالنجەر بێهیوایى خۆى بەرانبەر گەورەکان و ئومێدى هەڵچنراوى لەسەر منداڵان نماییش دەکات.

نووسەرەکە پێوەى دیارە کە بەشێکى زۆرى ڕۆمانەکەى تەرخان کردووە بۆ بابەتى گەڕانێکى ماندووکەر بەشوێن دۆزینەوەى خوددا، ئەوەش بە گەڕانەوە بۆ سروشت و منداڵى، کە هەردووکیان خۆدەربازکردنە لەوەى ببیت بە ساختە. لە کن هۆڵدن گەورەکان هەموویان دووڕوو و درۆزنن، بۆیە هەوڵى قارەمانەکە ڕزگارکرددنى منداڵانە لەچنگ تەوژمى گەورەبوون، ئەو ناهێڵێت لە دوندى منداڵییەوە بگلێن و بکەونە ناو خەرەندى گەورەییەوە. هۆڵدن جیاوازیى منداڵى بێخەوش و گەورەى زۆرڕوو تۆخ دەکاتەوە بەو مەبەستەى بیکات بە خەمى سەرشانى و بە ئەرکى خۆى هەڵسێت کە نەهێڵێت منداڵەکان بکەونە دۆڵى گەورەبوون و ساختەییەوە، ئەو لەو نیگا سۆزدارییەوە بەرانبەر خوشکەکەى بە خەوتوویى، خەیاڵى وەردەچەرخێت: ”سەیرە! کە گەورەکان دەبینیت خەوتوون و دەمیان داچەقیوە، زۆر ناشیرینن، بەڵام منداڵان وەها نین، منداڵەکان دیمەنیان ناشیرین نییە، تەنانەت ئەگەر هەموو سەرینەکەشیان کردبێت بە لیک، هێشتا هەر ناشیرین نین.” هۆڵدن خەونەکەى خۆیشى، دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵ و بە تەنیا ژیان لە کوخێکدا، لەم پانتاییەددا جێ کردووەتەوە. پاسەوانێک لە مەزرا چیرۆکى هەنگاونانى ئەو ڕۆحە خاوێنەیە بەرەو گەورەساڵى و ناخاوێنى، هۆڵدنیش لە کێشەیەکى دەروونیى سەختدایە لەو بارەیەوە.

جێرۆم دێڤد سالنجەر، چیرۆکنووس و ڕۆماننووسى هاوچەرخى ئەمەریکى، لە ساڵى 1919دا لەدایک بووە. لە ڕووى پیشە ئەدەبییەکەیەوە تا کۆتاییەکانى تەمەنى پێشکەوتنى بەرچاوى بە خۆیەوە نەبینیوە، جگە لەوەش بەرهەمەکانى سالنجەر کەم و ناوازەن، ئەو بە تەنها خاوەنى چوار کتێبە: کۆچیرۆکێک، دوو چیرۆکى درێژ و ڕۆمانە تاقانەکەى. سالنجەر خاوەنى ناوبانگێکى ڕێزلێگیراوە و بە داهێنانە ئەدەبییە جوانەکانى وەک ئەدیبێکى جیاواز و نوێ لە ئەدەبى ئەمەریکیدا لە سەدەى بیستدا تەماشا دەکرێت. ئەو زیاتر لە چل ساڵى کۆتایى تەمەنى خۆى بە گۆشەگیرى و پەراوێزنشینى بەسەر بردووە، سالنجەر چووە بۆ دارستانێک دوور لە شار، مرۆڤ و دنیاى مۆدێرنە ژیاوە، تەنانەت حەزى بە دیدارى هیچ کەسێک نەکردووە، ئەم ئیحساس و بێدەنگییەى تا کۆتا ساتەکانى تەمەنى درێژەى کێشاوە. ئەو دوورەپەرێزى ئەو، دوورەپەرێزى بووە لە ساختەکان. سالنجەر لە 2010دا ماڵئاوایى لە ژیان و دنیا کردووە.

پاسەوانێک لە مەزرا یەکەمین و دواهەمین ڕۆمانى سالنجەرە، بە هۆى ناوەڕۆک، زمان و تەکنیکە باڵا و ئاستبەرزەکانى بە شاکارێکى دانسقە دادەنرێت. ڕۆمانەکە سەرەتا بە بەش بەش لە ڕۆژنامەدا بڵاو کرایەوە، پاشتر لە ساڵى 1951دا وەک کتێبێک چاپ کرا. بە پاساوى نائەخلاقى و لادان لە لە یاساکانى کۆمەڵگە، بۆ ساڵانێک ئەم ڕۆمانە قەدەغە کرا، سەڕەڕاى ئەمەش کاریگەرى و شوێندەستى خۆى دانا لە هزرى خوێنەردا.

کاریگەرىی ڕۆمانەکە هێندە سەرسووڕهێنەرە، کە بووەتە هۆى تاوانى کوشتن: لە ساڵى 1980دا دەیڤد چەپمەن، هونەرمەندى بەناوبانگ جان لینۆن بە چوار فیشەک دەکوژێت، دواتریش لە چاوپێکەوتن و داداگاییکردنەکانیدا ئەوە دەردەخات دواى ڕووداوەکە دەستى کردووە بە خوێندنەوەى پاسەوانێک لە مەزرا و چاوەڕێى پۆلیسى کردووە تا هاتووە و دەستگیرى کردووە، هەروەها ئەوەشى ئاشکرا کردووە کە بۆیە جان لینۆنى کوشتووە، چونکە پێی وابووە ساختەیە، ئەم بیرۆکەیەش لەگەڵ شاکەسى ڕۆمانەکەى سالنجەر، یەک شتە.

پاسەوانێک لە مەزرا هەردەم لە پێشى پێشەوەى کتێب و ڕۆمانە باش و جوانەکان ناوى هاتووە، ماڵپەڕى تێلیگراف بەپێى بۆچوون و پێشنیارەکانى نووسەر و ڕەخنەگرانى جیهانى، ڕۆمانەکەى لە ڕیزبەندى ئەو سەد ڕۆمانەدا جێ کردووەتەوە کە پێیان باشە خەڵکان بەر لە مردنیان بیانخوێننەوە و لەکیس خۆیانى نەدەن. هەروەک ڕۆژنامەى گاردیانیش باشترین ڕۆمانە هەڵبژێردراوەکانى جیهانى لە لیستێکى دەناویدا بڵاو کردووەتەوە و پاسەوانێک لە مەزراش یەکێکە لەو ناوانە.

ئەم شاکارە ئەدەبییە، لە ساڵى 2012دا، لە زمانى یەکەمییەوە، کە ئینگلیزییە، بە کوردییەکى پاراو و جوان، لە لایەن ژوان جەلالەوە وەرگێڕدراوە و ناوەندى غەزەلنووس چاپ و بڵاوی کردووەتەوە، پاشتریش لە ساڵى 2015دا چاپى دووەمى بڵاو کراوەتەوە. وەرگێڕ بۆ ئەوەى بەرهەمێکى باش و شاییستە پێشکەش بە خوێنەر و کتێبخانەى کوردى بکات، ماوەى دوو ساڵ خەریکى کارەکانى ئەم وەرگێڕانە بووە.

چۆنێتیی ڕنینەوەی هێشووەکانی تووڕەیی، بەشی یەکەم

دیدی من

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ژیار هۆمەر

”ئەوەی مێژوو لەسەری نادوێ، ڕۆمان بۆمان دەگێڕێتەوە.”

کارلۆس فوێنتێس

هێشووەکانی تووڕەیی (The Grapes of Wrath)، ڕۆمانی نووسەری بەنێوبانگی ئەمەریکی، جۆن شتاینبێکە. هێشووەکانی تووڕەیی بریتییە لە گێڕانەوەی پاڵەپەستۆی نایەکسانی لە سەروبەندی قاتوقڕییە گەورەکەی ئەمەریکادا لە ساڵانی ١٩٣٠یەکاندا. باسی گەشتێکی دوورودرێژ و پڕچەرمەسەریی بنەماڵەیەکی دەستکورتی ئەمەریکییە، کە بە هیوای ژیانێکی باشتر لە ویلایەتی ئۆکلاهۆماوە کۆچ دەکەن بەرەو کالیفۆرنیا، بەڵام وەک ئەوەی ئەوان پێشبینیی دەکەن، ڕووداوەکان ناچنە پێشەوە. ئەم ڕۆمانە لە ساڵی ١٩٣٩دا بڵاو کراوەتەوە و ساڵی ١٩٦٣ شتایبنێک خەڵاتی نۆبێڵی بۆ ئەدەبیات لەسەر وەردەگرێت، هەروەها بە یەکێک لە چل شاکارەکەی سەدەی بیستەم دێتە هەژمار. لە ساڵی ١٩٦٠دا هێنری فۆندای دەرهێنەر لەسەر ئەم ڕۆمانە فیلمێک دروست دەکات.

جۆن شتێنبێرگ – نووسەری هێشووەکانی تووڕەیی

”[…] واقوڕماوی لە تێڕوانینەکاندا بەدی دەکرێ و درەوشانەوەی تووڕەیی لە چاوانی برسییەکان بڵێسە دەسەنێ. هێشووەکانی تووڕەیی نێو گیانی خەڵکی هەڵدەئاوسێنێ و پێ دەگات، ئەمە زەنگێکە بۆ ڕنینەوەی هێشووەکان…” (ل: ٦٢٤)

چیرۆکەکە لە دەستپێکی خولی نوێی گۆڕانکاری لە ئابووریی کیشوەری ئەمەریکادا ڕوو دەدات، سەروەختێک کە شەماڵی پیشەسازی و گیروگرفتی ئابووری ڕوو لە ژیانی ڕەشوڕووت دەکات. ڕقی جووتیاران دەگات کەشکەلانی فەلەک، جووتیارگەلێک کە بەس لەگەڵ خاکەناز و پاچ و گاسندا ئاشناییان هەیە و خوویان پێوە گرتووە. سا ئێستاکە بە هۆی دەرکەوتنی تراکتۆر لە ڕەزەکانیاندا (لەبەر ئەوەی قەرزگەلێک کە لە بانکیان وەرگرتووە و ئێستا زەوییەکانیان لەدەست داوە)، تووشی بەڵایەکی نوێ دەبن لە ژیانیاندا، ئەویش ئاوارەییە. بینینی ڕیکلامێکی کار لە کالیفۆرنیا هێزیان دەهێنێتەوە بەر، چاری ناچار ملی ڕێ دەگرن. ئەوان نازانن ئەگەر مەکینە و پیشەسازی لە دەست کەسێکدا بێت چ چەکێکی بەهێز و تۆقێنەرەوە، تەواوی ژیانی ئەوانی خاپوور کرد.

کەڤەری کتێبی هێشووەکانی تووڕەیی

”بنەماڵەیەک وڵاتیان جێ هێشتووە. سەرگەورەی خێزانەکە پارەی لە بانک قەرز کردووە. ئێستاکە بانک زەوییەکەی دەوێت. بانک کاتێک دەبێتە خاوەنی زەوییەکان، تراکتۆری دەوێ نەوەک بنەماڵە […] بەڵام ئەم تراکتۆرە دوو ئیشی پێ دەکرێ: زەوییەکان لە چنگی ئێمە دەردێنێ و فڕێمان دەدات دەرێ. خۆ لە نێوان تراکتۆر و تانکدا جیاوازییەکی وەها نییە. هەردووکیان خەڵک دەردەکەن، دەیانتۆقێنن و برینداریان دەکەن. ئەم ئەو شتەیە کە دەبێت بیری لێ بیکەینەوە…” (ل: ٢٦٥)

ناوی ڕۆمانەکە
ناونیشانی ئەم کتێبە لە سروودی جەنگی کۆمارییەوە وەرگیراوە، ئەم سروودە ساڵی ١٨٦١ لە لایەن جولیا واردەوە نووسراوە، کە یەکێک بوو لە لایەنگیرانی کۆیلەکان بۆ کودەتا.

دەقی سروودەکە  بە ئینگلیزی:
Mine eyes have seen the glory of the coming of the Lord
He is trampling out the vintage where the grapes of wrath are stored.

بە کوردی:
چاوانی ئەمن بینیویانە شکۆی نزیکبوونەوەی خوداوەندا
کە هێشووەکانی تووڕەیی دەفلیقێنێتەوە لە کۆگای باخی ترێدا

کڵێشەی ئەم ڕۆمانە دابەش دەبێت بەسەر سێ قۆناغدا:
١. بەشی ١-١١، ئۆکلاهۆما.
٢. بەشی ١٢-١٨، گەشت.
٣. بەشی ١٩-٣٠، کالیفۆرنیا.

کەسایەتییە سەرەکییەکان
1. تۆم جاد: کوڕی بنەماڵەیەکی باڵادەستی جووتیارە، کە لەسەر دەمەبۆڵە کەسێکی بە خاکەناز کوشتووە. بڕیاری حەوت ساڵ دەستگیرکردنی بۆ دەردەکرێ، پاش تێپەڕاندنی چوار ساڵ لە بەندیخانە، بڕیارێکی لێخۆشبوون دەیگرێتەوە و ئازاد دەکرێ. لە ڕێگەی گەڕانەوە بەرەو ماڵەوە، تووشی کەیزی دەبێت.
2. جیم کەیزی: پێشتر قەشە بوو، بەڵام چیدی بڕوای بە ئایین نەماوە. پێشتر گوتاربێژ بووە و ئامۆژگاریی خەڵکی کردووە، بە کەسێکی لفتڕەوان و خۆشمەشرەب ناسراوە، بەڵام چیدی نازانێ خەڵک بەرەو کوێ ڕێنمایی بکات.
”من ئامادەیی ڕێنماییکردنی خەڵکیم تێدایە، بەڵام بەرەو کوێ ڕێنماییان بکەم؟ نازانم.” (ل: ٤١)
3. باوکەجاد: بەڕێوەبردنی بنەماڵەی جاد لە ئەستۆی باوکەجاددایە. وەرزێرێکە کە زەوییەکەی بە هۆی قەرزی بانکەوە لەدەست دەدات و لەگەڵ بنەماڵەکەی ملی ڕی دەگرنە بەر بەرەو کالیفۆرنیا.
٤. دایکە جاد: کۆڵەکەی خێزانی جادەکانە. بیرتیژ و دنیادیدەیە. خەمی گەورەی ئەوەیە شیرازەی خێزانەکەی لێک هەڵنەوەشێت.
5. مامە جۆن: برای باوکەجادە. تاکوتەنیایە. هەمیشە هەست بە بێزاری و تاوان دەکات. ژنەکەی بەسەر منداڵەوە گیانی دەرچووە.
6. ڕۆزا شارۆن: کچە گەورەی بنەماڵەی جادە. تەمەنی نۆزدە ساڵە. شووی کردووە بە کۆنی و دووگیانە. خەون و پلانی زۆریان بۆ ژیانیان لە کالیفۆرینا هەیە.
7. داپیر و باپیرە: سەرگەورەی بنەماڵەکەن. بە درێژایی تەمەنیان خەریکی جووتیاری و ڕەنجبەری بوون. هەردووکیان لە کۆچەکەیان لە ئۆکلاهۆماوە بەرەو کالیفۆرینا گیانیان لەدەست دەدەن.
8. نەوا جاد: کوڕەگەورەی بنەماڵەیە. کەسێکی خاووخلیچیک و دەستەوەستانە، بەڵام زۆر بەسۆز و هەستیارە.
9. ئال جاد: تەمەنی شازدە ساڵە. هەمیشە عەوداڵی کچ و ئوتومبێلە. ئەو دەبێتە شۆفێری گەشتی بنەماڵەکەی بەرەو کالیفۆرینا.
10. ڕۆتی جاد: تەمەنی دوازدە ساڵە. بچووکترین کچی بنەماڵەیە و لە هەڕەتی لاوێتیدایە.
11. وینفێڵد جاد: تەمەنی دەساڵانە و بچووکترین ئەندامی خێزانەکەیە.
12. موێلی گرەیڤز: دراوسێی خێزانی جادە لە ئۆکلاهۆما. هەوروەها ئەویش زەوییەکەی لێ داگیر کراوە. خێزانەکەی کۆچیان کردووە، بەڵام هەر ئەم ماوەتەوە.
13. ئایڤی و سارا (ویڵسەن): خەڵکی کانزاسن. لە نیوەی ڕێ، جادەکان تووشی ویڵەسەنەکان دەبن کە لایان داوەتە قەراغ جادەکە و ئوتومبێلەکەیان پەکی کەوتووە. تۆم و ئال بۆیان چاک دەکەنەوە. پاشان تاکو سنووری کالیفۆرنیا پێکەوە هاوسەفەر دەبن.
14. بەڕێز واتنڕایت و خاتوو واینڕایت: جێی بنەماڵەی جاد دەکەنەوە لە فارگۆنەکەدا و یارمەتییان دەدەن.
15. ئەگنیس واینڕایت: کچۆلەیەکی تەمەن شازدەساڵانە، لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا شوو بە ئال جاد دەکات.
16. ئێزرا هیوستن: سەرۆکی کەمپی حوکمییە لە ناوچەی ویدپاتچ.
17. ویڵی ئیتەن: بەڕێوبەری بەشی سەمایە لە کەمپەکەدا.

لەبارەی ڕۆمانە سەیرەکەی ستیڤنسنەوە

دیدی من
ڕێزان فەتاح

ڕۆمانی مەسەلە سەیرەکەی دکتۆر جیکڵ و مستەر هایدی نووسەری سکۆتلەندی ڕۆبەرت لویس ستیڤنسن، سەر بە ئەدەبی کلاسیکی ئینگلیزە، لە ساڵی ١٨٨٦دا بڵاو کراوەتەوە. دوای زیاتر لە سەدەیەک، ئێستاش دەقێکی ئەدەبیی گرنگە و بە نەمری ماوەتەوە. لەناو تەواوی بەرهەمەکانی دەنگدانەوەیەکی جیهانیی هەیە. چەند جارێک کراوەتە فیلم و شانۆ. بیرۆکەکەی لە خەونێکی خۆی وەرگرتووە. بە ڕۆمانێکی خەیاڵی، زانستی و ترسناک دادەنرێت. ڕووداوەکانی لە شاری لەندەن ڕوو دەدەن. بەسەر دە بەشدا دابەش کراوە، هەر لە بەشی یەکەمەوە نووسەر دەتباتە ناو دونیای گێڕانەوەی چیرۆکە تەلیسماوییەکەی، تامەزرۆ دەبیت سەرەداوی بەسەرهاتەکەت بۆ دەرکەوێت، کەچی درککردن بە مەسەلەکە لە سەرەتاوە کەمێک قورسە.

بەگشتی چیرۆکی ڕۆمانەکە دەربارەی پارێزەرێکی لەندەنییە، لێکۆلینەوە لە ڕووداوێک دەکات لە نێوان هاوڕێیەکی و کەسێکی نەناسراو، کە لە درەنگانی شەوێکی زستان لە شەقامەکانی شاری لەندەن ڕوو دەدات. کاتێک پارێزەر و هاوڕێکەی پیاسە دەکەن، بە لای دەرگەیەکدا تێپەڕدەبن، دەرگەکە چیرۆکێکی خەمناک و ترسناک بیری هاورێکەی دەهێنێتەوە و ئەویش دەیگێڕێتەوە.

کەیسەکە بە کراوەیی ماوەتەوە، وەک پارێزەرێک ڕۆڵی پشکنەرێک دەگێرێت، هەوڵی دۆزینەوەی نهێنیی ڕووداوەکە دەدات. پاڵەوانی ڕۆمانەکە دکتۆرێکە بە ناوی هێنری جێکڵ، بیرۆکەی ئەوەی لا گەڵاڵە دەبێت کە مرۆڤ یەکێک نییە و بەڵکو دوانە، واتا لە ناخی هەر یەکێکدا چاکە و خراپە بوونی هەیە. هەروەها بۆ سەلماندنی بیرۆکەکەی، دەست بە لێکۆلینەوە دەکات؛ گیراوەیەک دادەهێنێت تا ئەم دوو لایەنەی مرۆڤ لە یەکدی جیا بکاتەوە، سەرکێشانە هەر خۆیشی گیراوەکە دەخواتەوە، بەمەش گیرۆدەی لایەنی شەڕانیی ناخی خۆی دەبێت و لە کەسایەتیی هاید دەردەکەوێت.

ئەم ڕۆمانە لە ڕووی دەروونناسی و کۆمەڵناسییەوە، شایانی خویندنەوە و هەڵوەستەلەسەرکردنە، ئەوەی لێرەدا تیشکی دەخەمە سەر، هەریەکە لە تایبەتمەندیی کارەکتەرەکان و بابەتی سەرەکییە.


تایبەتمەندی کارەکتەرەکان

ئەگەر باس لە تایبەتمەندیی کارەکتەرەکان بکەین، ئەوا دەبینین نووسەر بە وردی وەسفی ئاکار و ڕەفتاری هەریەک لەو فیگەرانەی کردووە، کە ڕۆڵی سەرەکییان هەیە، لێرەدا کۆی دەقەکە لە خزمەت چیرۆکە سەیرەکەی فیگەری سەرەکیدایە و هیچ یەک لە کارەکتەرەکانی تر باسی چیرۆکی خۆیان نەکردووە.

 کارەکتەرەکانی بەسەر دوو چینی کۆمەڵایەتی دابەش کردووە: چینی خانەدان و چینی خزمەتکار. کارەکتەرە سەرەکییەکان خاسییەتەکانیان زۆر لە یەکەوە نزیکن، لە چینی خانەدانەکانن و پلەی کۆمەڵایەتیی بەرزیان هەیە و خاوەنی بڕوانامەن. لە ڕەگەزی نێرن زگورتین، پەیڕەوکاری ئایینێکی ئاسمانین، کە مەسیحییەتە. پابەندی دابونەریتەکانی کۆمەڵگەن. هەست بە بچووکترین جیاوازی ناکەین لە نێوانیان، تەنها لە شێوازی خواردن و بڕوانامەکانیان نەبێت. تاکی ئاقڵ و گوێڕایەڵن، گوێڕایەڵی ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی کە وڵات بەڕێوە دەبات و هەروەها ئەو دەسەڵاتە ئایینییەی کە سەرچاوەکەی لە کڵێسا و قەشەکانەوەیە. ئەوان هەر لە بنەڕەتەوە وا بارهێنراون و پەروەردە کراون، تەنانەت ئایینیش وەک عادەتێک بۆیان ماوەتەوە، نەک ئەوەی بە ویستی خۆیان هەڵیانبژاردبێت. سەبارەت بە ڕۆڵی ژن، بە شێوەیەکی گشتی لە چەند دیمەنێکی کەمدا دەرکەوتووە، ئەویش وەک کەسایەتییەکی لاواز و پلەی کۆمەڵایەتیی نزم، تەنها لە حاڵەتی خزمەتکار و قوربانیدایە. ستیڤنسن لەم ڕێیەوە وێنای کۆمەڵگەی ئەوسای ئینگلیز و کۆمەڵگە هاوشێوەکانی دەکات کە کۆمەڵگەیەکی پارێزکارە.


بابەتی سەرەکی

بابەتی سەرەکیی ڕۆمانەکە کەسێتیی دوانەییە (واتە بوونی هەردوو رەگەزی چاکە و خراپە لە ناخی مرۆڤ)، ئەگەرچی هەندێ بابەتی تر لە باکگراوندی تێکستەکەدا دەردەکەوێ، وەک هاورێیەتی، کوشتن و توندوتیژی، بەڵام ئەوەی بە زەقی دیارە و جەختی لەسەر کراوەتەوە، دوانەییە، کە بووەتە پرسێکی ئاڵۆز لە ژیانی تایبەتیی مرۆڤەکاندا.

ئەم ڕۆمانە لە زەمەنێک نووسراوە کە زانست بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، ئەو کاتەی کە ئەقڵی زانستی وردەوردە زاڵ دەبوو، مرۆڤی لە هەقیقەت و سروشتی خۆی دادەبڕی و دووری دەخستەوە لە ئازادی. ستیڤنسن لە فەزایەکی زانستی و فۆڕمێکی ئەدەبی باسی لەو ململانێ سەختەی نێوان هەردوو لایەنی چاکە و خراپەی کردوە، کە لە ناخی مرۆڤدا سەرهەڵدەدەن لە ئەنجامی هۆکارگەلێکی دەرەکی، بەم هۆیەوەش تاک ڕووبەڕووی  فشار و شڵەژان دەبێتەوە و فاکتەرێکیشە بۆ توشبوون بە نەخۆشیی دەروونی. ئەگەرچی هەردوو هێزی چاکە و خراپە توانای ئاڕاستەکردنی مرۆڤیان هەیە، بەڵام کۆمەڵگە و ئەو ژینگەیەی کە خودی کەسەکەی تێدا پەروەردە دەبێت، ڕۆڵی سەرەکی دەبینن، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکە لە بنەڕەتەوە خواستی لەسەر چاکەکارییە و خراپە تەنێکە سەر بە جیهانی دەرەوەی دەروونی مرۆڤە.

ستیڤنسن کاتێک وەسفی شەقامەکانی لەندەن و خەڵکەکە دەکات، ڕاستەوخۆ وێنای شێوازی ژیان لەناو کۆمەلگەیەکی چەقبەستوومان بۆ دەکات، ژینگەیەکی لەم شێوەیە رێخۆشکەرە تاکو تاک خودی خۆی نەبێت، سڵ لە ڕەفتارە سروشتییەکانی بکاتەوە، بەلایەوە نەنگی و عەیبە بێت ئەگەر کارێکی هەڵە ئەنجام بدات. ئەوان  هەست بەم واقیع و ڕاستەقینەیە ناکەن، کەچی کاریگەریی دۆخەکە لە ڕەفتاریاندا ڕەنگی داوەتەوە. ئەو کاتەی دکتۆر باس لە چاکە و خراپە دەکات، وەک دوو ڕەگەزی سروشتیی مرۆڤ، نزیکترین هاوڕێ و هاوکاری بە خەیاڵپڵاو و فیکرتێکچووی دادەنێت، کار دەگاتە ئەوەی پەیوەندییان لەگەل یەک دەپچڕێت.

ڕۆبەرت لویس ستیڤنسن

نووسەر درکی بە ئازار و دۆخی خراپی کۆمەڵگەکەی کرد، لەوێدا توندڕەوی بە ناوی ئایین و زاڵێتیی کۆتوبەندی کۆمەڵایەتیی مرۆڤی دۆگما و چەقبەستوی پێگەیاندبوو. مرۆڤ لەم جۆرە کۆمەڵگەیانە لە ترسی وەلانان و پەراوێزخستن، ناتوانێت ئارەزووەکانی دەستەبەر بکات، بۆیە یان پەنا دەباتە بەر شێوە ژیانێکی پەنهان و نهێنی، یان فەرامۆشکردن و کپکردنی ئارەزەوەکانی. لە هەردوو باردا لایەنی دەروونی ناجێگیر دەبێت.

کێشەی سەرەکیی کەسایەتیی دوانەیی، بریتییە لە چەپاندن و کپکردنی ئارەزووەکان، چونکە ئەو خواستی لەسەر ئەنجامدانی کارێکە، کەچی دەوروبەر و کۆمەڵگە کارێکی تری لێ داوا دەکات، بەمەش بەردەوام لەژێر فشار دەبێت. لەم بارەیەوە فرۆید پێی وایە مرۆڤ جگە لە عەقڵی ئاگایی (Conscious)، خاوەنی عەقڵێکی ترە، کە عەقڵی نائاگاییە (نەست) (Unconscious). لە نەستدا ئارەزووە کپکراوەکانی مرۆڤ جێگیر دەبێت. هەروەها کەسایەتیی مرۆڤی بەسەر سێ توخمی بنەڕەتی دابەش کردووە، ئەوانیش ئید، ئیگۆ و سوپەرئیگۆن. هەریەک لەمانە ئەرک و بەرپرسیارێتییان هەیە. کاتێک ئیگۆ بریتییە لە هەڵسوکەوت و کردارەکانمان لە واقعی ژیانی ڕۆژانە، ئید بریتییە لە ئارەزوو و خواستەکانمان، ئەمەش لە لایەن سێیەم توخمەوە بەرهەڵستی دەکرێت، کە سوپەرئیگۆیە، هێزێکی دەرەکی و چەپێنەر و سزادەرە، واتە بریتییە لە داواکارییەکانی دەوروبەر و ئەو کۆتوبەندانەی کە لەناو هەر کۆمەڵگەیەکدا بوونی هەیە.

سەرکوتکردنی ئارەزو و ویستەکان لە نەستدا، دۆخێکی ناجێگیری دەروونی بۆ مرۆڤ بەدی دەهێنێت. ئەوەی پێویستە، پاراستنی هاوسەنگییە. ئەگەر تاک توانیی بە شێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەل ئارەزووەکانی بکات، خۆی لە بەربەستەکانی کۆمەڵگە و خودی دەروونی ڕزگار بکات، ئەوە مرۆڤێکی ئازاد و بەرەو باڵایی و ئاسوودەیی ڕۆحی هەنگاو دەنێت. بۆیە دەبێت هۆشیار بێت و ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی بناسێت، تا زیاتر خۆی بناسێ، زیاتر دەتوانێت ئەم هاوسەنگییە ڕابگرێت.

لێرەدا لەناو دەقی ڕۆمانەکەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە جێکڵ حەزە چەپێنراوەکانی نەستی، ئەو حەزانەی لەبەر بەها باڵاکانی کۆمەڵگە و ناو ناوبانگی نەیتوانی تێریان بکات، هەوڵی دا لە فۆڕمێکی ئەخلاقی و عەقڵانی بەرجەستەیان بکات، هەر ئەمەش پاڵنەری لێکۆلینەوەکەی بوو. هەروەها زانیارییەکی ئەوتۆی سەبارەت بە ناسنامەی کەسێتیی خۆی نەبوو، بۆیە کاتێک گیراوەکەی لەسەر خۆی تاقی دەکاتەوە، لەپڕ کەسایەتییەکی تر لەو سەر هەڵدەدات، ئەویش هایدە. هایدێک، شەڕانگێز و نقومبوو لەناو ئارەزووە ڕەمەکیەکانی.

لە کۆتاییدا گرنگیی ئەم ڕۆمانە تەنها لە ڕووی دەروونناسی و کۆمەڵناسییەوە نییە، بەڵکو لە لایەنی زانستییشەوە پرسیاری ئەوە دەورووژێنێ، کە ئایا دەکرێت داهێنانی زانستی بگاتە ئەو ئاستەی لە ڕێی دەرمانەوە، گۆڕانکاریی ریشەیی لە ئەخلاقی مرۆڤ ڕوو بدات؟

  • ئەم ڕۆمانە لە لایەن جەبار سابیر، لە فارسییەوە وەرگێردراوەتە بۆ کوردی و ساڵی ٢٠١٦ چاپ و بڵاو کراوەتەوە

جەوهەری هونەر و پرسە سەردەمییەکان

 دیدی من
بەختیار حەمەسوور


پرسی جەوهەری هونەر هەڤپەیوەند بە باس و خواستەکانی سەردەمەوە، لە پرسە گرنگ و هەنووکەییەکانە، کە دەبێت لە سیاق و ڕەوتدا بخوێنرێتەوە و تیۆریزە بکرێت. جەوهەری هونەر، یان بڵێین کڕۆکی هونەر، هونەرییبوونی هونەرە، گەڕان و گومانە لە پێناو کەشف و داهێناندا. جەوهەری هونەر پێچەوانەی جەوهەرە ئیلاهی و ئاسمانییەکان، پڕ و پتەو نییە، بەڵکوو جەوهەرە لە کەلێن و قەڵشتەکاندا، درزە، بۆشاییەکە لە زەمەن و زماندا چێ بووە و کەسی هونەرمەند (هونەرمەند بە مانای داهێنەر) ئەم کەلێن و قەڵشتانە دەبینێت و لە هەوڵی دۆزینەوە و داهێناندا دەکۆشێت و بە گوتەی فاکنەر: ئارەقەی ڕۆح دەڕێژێت. جەوهەری هونەر لە ڕوودان و بەریەککەوتنی زەمەندا دەتوانێت هەبێت، ڕوودان، بەو مانای کە ئالێن بەدیوو دەیڵێت: «ئەو کاتە دەتوانێت بێتەدی کە دەرکەوتن وەک بزربوونی لێ دێت.» ڕوودان ساتێکە کە تێیدا پچڕان و بنیادنانەوە سەروبن دەدەنەوە لە یەک، بەڵام هونەر ناتوانێت شایەتحاڵ و بینەری هەموو ئەو ڕووداوانە بێت کە لە جیهاندا ڕوو دەدەن، بۆیە بەدیوو، سووژەی داهێنەر و پەیوەندی بە ڕووداوەکانەوە لە ئاستی «بڕێکدا» دادەنێت، واتە سووژەی داهێنەر دەتوانێت لە بڕێک لە ڕووداوەکان و بڕێک لە جیهان بدوێت، یان بە ناڕاستەوخۆ و بە بوونی کەناڵێکی تر، دەتوانێت لە ڕووداوەکان بدوێت و بنووسێت، ئێمە ناتوانین لە پەیوەندییەکی گشتگیر و بەرفراواندا بین لەگەڵ جیهان، بەڵکوو پەیوەندی ئێمە، پەیوەندی بەشە بە گشتەوە، واتە لە ڕێی بەشەکانەوە دەتوانین لە گشت بگەین.

جیهانی هاوچەرخ، وەک ئالێن بەدیوو لە وتارە ناوازەکەیدا: جەوهەری هونەر، دەڵێت: «جیهانی مەیلە بە جەنگ، جەنگی نێوان لەززەت و قوربانی، ڕایەڵی نێوان ئەم دوو بەرەیەیش هێزی مەرگە.» بەڵام بابەتی هونەر و جەوهەرەکەی، شتێکە لە دەرەوەی ئەم جەنگە، یانی دەبێت لە دەرەوەی ئەم پشێویی و فەوزایە بێت و هەوڵی دەربازبوون بدات و دەرەتانێک بێت بۆ دۆزینەوەی پارادایمێکی نوێ لەم بەستێنەدا، گۆڕانێک بێت لە فۆڕمی هونەردا، فۆڕم بە مانای بینینێکی نوێ و نایاب و سەرچەشن، یان بڵێین: فۆڕمدان بەو ئۆبژانەی لە دەرەوەی فۆڕم و نۆرمەکاندان و وەک ماددەیەکی خام هەن. ڕووداوێکی هونەری نوێباو کاتێک دەتوانێت ڕوو بدات، کە سەرەتا بە دابڕکردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بابەت و باوەڕە مەنفی و نامومکینانەی پێشوو و ئێستا، کە مەحاڵ و نەکردە دەردەکەون و وا پێشان دەدرێن کە قابیلی هێنان و کردن نین بە بابەتی نوێ و موسبەت و مومکین، ببن بە بابەتی نوێ و موسبەت و مومکین. ئەمەیش دەکەوێتە سەر توانا و ئیمکانی خەللاقیەت و گەڕان، گومان و دڕدۆنگی تاکی داهێنەر و حەساسیەتبوونی بەرامبەر بە دەرکەوتە و دیاردە جیاواز و پەرتەوازەکان، کۆکردنەوەیان لە زەین و پنتێکدا، بۆ پێدانی دەرفەتی تێگەیشتن و زەروورەتی سەردەم.

سەردەم و ئەو جیهانەی تێیدا دەژین و هەڵدەسووڕێین، بەرامبەر پرس و بابەتە چارەنووسساز و بڕیارلێدەرەکان، سەبارەت بە ژیان و داهاتوو و چۆنێتیی تەحەموولکردن و گوزارانمان، لێڵە و ناڕوون، پرسی ئایین، پرسی سیاسەت، پرسی ئەخلاق، پرسی یاسا و قانوون، پرسی ڕەگەز و کار و… پرسگەلێکن ناڕۆشن و مەتەڵاوی، تەڵخن، لێرەدایە ئالێن بەدیوو بەرپرسیارێتییەکی تایبەت دەداتە جەوهەری هونەر: تیشک و ڕووناکی‌خستنەسەر ئەم لێڵ و ناڕوونیانە بۆ یارمەتیدانی مرۆڤایەتی لە دۆزینەوەی پارادایم و زەینێکی نوێی وشیار و بڕیاردەر. هەڵبەت ئەم بەرپرسیارێتییە مەرجدارە؛ مەرجدار بەو واتایەی کە ئەرک و جەوهەری هونەر نەبێت بە گوێزەرەوە و حەماڵی پرسەکان، چونکە لەم بارەدا هونەر دەبێت بە مەسخەرە و دروشمبازی، بەڵکوو بە پێشاندان و هەڵکۆڵینی ئەو پرسانە لە فۆڕمێکی تازە و سەردەمیدا، لە چۆنێتیی مامەڵە و بەرکەوتنی ئەم پرسانە لە سەرجەم جومگەکانی تاک و کۆمەڵگەدا، هونەر دەتوانێت سەرلەنوێ خۆی مانیڤێست بکاتەوە. ڕیزێکی درێژ لە نووسەرانی وەک بوودلێر، ئەدۆڕنۆ، بینیامین، بیکێت، گیزنبێرگ و… سەر بەم نەریتەن. وەک سەرەتا گوتمان، جەوهەری هونەر، هونەرییبوونی هونەرە، واتە پشتگوێ‌نەخستن و نەدیونەگرتنی فۆڕم و ئیمکانیەتە تازەکانە، ئەمەیش دەروازەی بابەتێکی تر دەکاتەوە و دەکرێت سەربەخۆ و بە جیا لێی بدوێین؛ بابەتی حەساسیەت و قودرەتی نوێگەریی و داهێنان لەناو فەزایەکی ئاخنراو و تاودراو بە پاراستن و بەرگریکردن لە ترادیشن و موقەددەس.

گەڕانەوە بۆ سروشت و لاوێتیی: ئیکۆکریتیسیزم و پاسەوانێک لە مەزرا

دیدی من ئەکادیمی پەبڵیکەیشن
لە ئینگلیزییەوە: شێنێ موحه‌مه‌د


پێشەکی

پرسیارێک بەردەوام لە ڕۆمانی پاسەوانێک لە مەزرادا دووبارە دەبێتەوە: ”دەزانی ئەو مراوییانە بۆ کوێ دەڕۆن، کاتێ ھەمووی دەیبەستێ؟“ ئەمەش باری دەروونیی پاڵەوانی کتێبەکە و پرسی ئەو بۆ داھاتوو ڕوون دەکاتەوە. ئەمە جگە لە پێناسەیەک بۆ ژیانی نووسەر، پێناسەیەکیشە بۆ ژیانی نەوەی دوای جەنگی جیھانیی دووەم. جگە لە چەند چیرۆکێکی کورت، پاسەوانێک لە مەزرا تاکە ڕۆمانی بڵاوکراوەی جەی دی سالنجەرە. بە ھۆی ئەو ھەموو باسەی ئەم کتێبە بەدوای خۆیدا ھێنای، ناوبانگێکی زۆری لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا پەیدا کرد.  تا ئێستاش لە لایەن زۆرێک لە ڕەخنەگران و خوێنەرانەوە، سالنجەر بە یەکێک لە باشترین و کاریگەرترین نووسەری فیکشن لە مێژووی ئەدەبی ھاوچەرخی ئەمریکادا ھەژمار دەکرێت.

پاسەوانێک لە مەزرا وێنەیەکی جوانی گەنجێکی تەمەن شازدە ساڵ بۆ خوێنەر دەکێشێت. گێڕەرەوەی چیرۆکەکە، ھۆڵدن، پاڵەوانی ناو ڕۆمانەکەیە و ئەزموونی سێ ڕۆژی خۆیمان لە نیو یۆرک بۆ دەگێڕێتەوە لە پاش ئەوەی لە خوێندنگە دەردەکرێت بە ھۆی ناچالاکی لە خوێندندا. ئەو لە ڕێگەی قسەکردن لەگەڵ پەرستارێک، سۆزانییەک، فیبی خوشکە بچووکی و مامۆستاکەی لە ماوەی ئەم سێ ڕۆژەدا، دووڕوویی ناو دونیای گەورەکان ئاشکرا دەکات، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی سۆزێکی زۆر تایبەت بۆ منداڵ لە دڵیدا دروست بێت. چیرۆکەکە سنوورەکانی تەمەن، خوێندن و کلتوور تێدەپەڕێنێت. پاش زیاتر لە ٣٠ ساڵ، ئێستایش بە کتێبێکی ”کلاسیکی مۆدێرن“ لە ئەدەبی ھاوچەرخی ئەمریکادا دادەنرێت.  لە چیرۆکەکەدا، ھۆڵدن دەیەوێت ببێتە ”پاسەوانێک لە مەزرا“، کە ئەمەش حەزی ئەو بۆ گەڕانەوە بۆ منداڵیی، سروشت و بیری ئیکۆفیلۆسۆفی (فەلسەفەی ژینگەزانی) ڕوون دەکاتەوە.


ئیکۆکریتیسیزم

شێرڵ گڵۆتفێڵتی لە پێناسەکردنی ئیکۆکریتیسیزمدا (ڕەخنەی ژینگەزانی) دەڵێت: ”لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر پەیوەندیی نێوان ئەدەب و ژینگەی فیزیکیی“. سادەییی ئەم پێناسەیە سەرنج ڕاکێشە، بەڵام پرسیارێک بە دوای خۆیدا دەھێنێت: ئایا ئیکۆکریتیسیزم تەنھا شەرابی کۆن دەکاتە بتڵی نوێوە؟ لاورێنس بوێڵ، وەک کەسێکی ژینگەپارێز، بەم جۆرە پێناسەی ئیکۆکریتیسیزم دەکات: ”لێکۆڵینەوەیەکە لە پەیوەندیی نێوان ئەدەب و بارودۆخی ڕۆحیی کەسێکی پابەند بە ژینگەوە“ (430). ئەمەش پێناسەیەکی دروستە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئیکۆکریتیسیزم تەنھا شیکردنەوەی سروشت نییە لە دەقێکی ئەدەبیدا، بەڵکو ئەو جیھانبینییەیە کە سه‌نتەر تێیدا ژینگەیە (ئیکۆسێنتریک)، کە ئیتیکی ژینگەیی فراوان دەکاتەوە. لە ژێر ڕێنمایی ئەم جیھانبینییە، مرۆڤ دەتوانێت ئەوە ببینێت کە جیھان دەکرێت فۆڕم و ژینگەی دیکەش لەخۆ بگرێت. ئیکۆکریتیسیزم ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچوونە باوەکان لە بارەی ژینگە زۆر تەنگن، بەجۆرێک کە بینینی ئێمەی سنووردار کردوە بەرامبەر بە بوونی بوونەوەر و ژیانی دیکە لە جیھاندا. ئامانجی ئیکۆکریتیسیزم لێکۆڵینەوەیە لە ڕۆڵی ئەدەب لەو پەیوەندییە ئاڵۆزەی لە نێوان مرۆڤ و ژینگە، ھزر و جیھان،  بیرکردنەوە و بووندا ھەیە. ئەم ڕەخنەیە لە کاتێکدا ھەوڵێکی زۆری ھەیە بۆ دروستکردنی پەیوەندی نێوان کلتوور و ئەدەب، بەڵام خۆی لەو خەیاڵانە بەدوور دەگرێت کە تێیدا چارەسەر تەنھا لە گەڕانەوەدایە بۆ ڕابردوو کە کاتێک مرۆڤ و سروشت لە ھارمۆنیدا بوون، هه‌روه‌ها ھەوڵدەدات گۆڕانێک لە ئاگاییی مرۆڤ بە شیکردنەوەی کارە ئەدەبییەکان و سەیرکردنی سروشت بەشێوازێکی جیاواز تێیاندا دروست بکات. ئەمەش ڕەنگە مرۆڤ بپارێزێت لەو قەیرانانەی لە ئێستادا لە ئیکۆڵۆجی (زانستی ژینگە)دا ھەیە. ئاڵدۆ لیۆپۆڵد ( ١٨٨٧ – ١٩٤٨) لەو کتێبەی کە لە پاش مردنیدا بڵاوبووه‌وە، ساڵنامەیەکی وڵاتی لم، باس لە بیری ئیکۆلۆجیی دەکات و گرنگیی ھاوئاھەنگیی لەگەڵ سروشتدا دووپات دەکاتەوە. ھەر کاتێک مرۆڤایەتی وەک تاکێک سەیری زیندەوەر بکات کە بایەخێکی جەوھەرییان لە نێودایە، ئەوکات ڕێزیان نیشان دەدات. چەمکی بیری ئیکۆلۆجی (ژینگەزانی) باس لەوە دەکات كه‌ مرۆڤ دەبێت بزانێت ئێمە تەنھا یەک توخمین لە ژینگەدا. ئەمە بیرۆکەی سەرەکیی بزوتنەوەی ژینگەزانی ھاوچەرخە. بەڵام مرۆڤ چاوەڕێی لەناوچوون دەکات پێش ئەوەی ھیچ کارێک بکات بۆ بەرھەڵستی کردنی تێکدانی ژینگە. ئاڵدۆ لیۆپۆڵد ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئێمە دەبێت ھەوڵێکی زۆرمان بۆ دروستکردنی ھارمۆنیی بێت لەگەڵ ژینگەدا.


پاسەوانێک لە مەزرا

پاسەوانی مەزراکە یەکەم دەرکەوتنی لە ڕۆمانەکەدا ئەو کاتەیە کە ھۆڵدن تەماشای منداڵێکی بچووک دەکات کە گۆرانی دەڵێت و ھۆنراوەی کە لەناو مەزراکەوە دێت‌ـی ڕۆبێرت بۆرنس دەڵێتەوە:

”بە ڕادەی ڕۆژیی پێشوو سارد نەبوو، بەڵام ھێشتا خۆر بەدەرەوە نەبوو، زۆر خۆش نەبوو بۆ پیاسە، بەڵام شتێکی جوانم بینی، خێزانێک لە پێشمەوە دەڕۆشتن، کە لەوە دەچوو تازە لە کڵێسە ھاتبنە دەرەوە – باوک و دایکێک، لەگەڵ منداڵێکی بچکۆلە لە تەمەنی شەشساڵاندا – تاڕادەیەک ھەژار دیاربوون. لەبری ئەوەی بەسەر شۆستەکەدا ڕێ بکا، بەسەر شەقامەکەدا دەڕۆشت، بەڵام ڕاست بە تەنیشت لێواری شۆستەکەوە، وەک ئەوەی بەسەر ڕاستەھێڵێکدا بڕوا، ھەر بەو چەشنە ڕۆشتنەی منداڵان ھەیانە، تەواوی کاتەکە ھم ھم‌ـی دەکرد و لەبەرخۆیەوە گۆرانیی دەگوت. چوومە نزیکترەوە، تا گوێم لێی بێ چ گۆرانییەک دەڵێ. ئەو گۆرانییەی دەگوت ئەگەر کەسێک کەسێکی تر بگرێت، کە لەناو مەزراکەوە دێ…ئەویش بۆخۆی بە تەنیشت لێواری شۆستەکەدا دەڕۆشت و گۆرانیی دەگوت، ئەگەر کەسێک کەسێکی تر بگرێت، کە لە ناو مەزراکەوە دێ. ئیتر من ھەستم دەکرد باشترم، ھەستم دەکرد چیتر ئەوەندە دڵتەنگ نیم“  (181).

کاتێک فیبی لە ھۆڵدن دەپرسێت کە چی لە ژیان دەوێت، ئەو دیسانەوە بەم وێنەیە وەڵامی دەداتەوە: ”پاسەوانێک لە مەزرا“. ھۆڵدن خەیاڵی کێڵگەیەک دەکات کە لەسەر خەرەندێکە، پڕ لە منداڵ کە ڕادەکەن و یاری دەکەن. ئەو دەڵێت حەز دەکات پارێزگاریی لە منداڵەکان بکات و لە کاتی کەوتنە خوارەوە لە خەرەندەکە ڕزگاریان بکات.

”بەردەوام ئەو ھەموومنداڵە بچکۆلەیە وێنا دەکەم، کە لە ناو مەزرایەکی گەورەدا یاری دەکەن، بە ھەزاران منداڵی بچکۆلە، کەسیش، جگە لە من، لەوناوە نییە، مەبەستم کەسی گەورەیە. منیش لەسەر لێواری خەرەندێکی قەشمەردا وەستاوم، کارم ئەوەیە ھەموو ئەوانە بگرمەوە، کە بەرەو خەرەندەکە مل دەنێن، یانی لەوکاتەدا، کە دەڕۆن و ئاگایان لێ نییە بۆ کوێ دەچن، من دەبێ لە شوێنێکەوە پەیدا ببم و بیانگرم. بەو ڕۆژگارە کاری من ئەوە دەبێ. من، لەو مەزرایەدا، تەنیا، پاسەوانێک دەبم. “ (263).

دەکرێت ئەم خەونەی ھۆڵدن دوو مانای ھەبێت، یەکەم: ژیان لە مەزرایەک. بەدڵنیاییەوە مەزرا ھێمایەکە بۆ سروشتێک کە پڕە لە ئارامیی، جوانیی و پاکیی. ھۆڵدن لە ڕێگەی سروشتەوە بەشوێن پیرۆزیی مرۆڤدا دەگەڕێت. ھەرچەندە ئه‌و لە شارێکی گەورەدا لەدایک بووە، ھەمیشە ئارەزووی جێھێشتنی تەلارە بەرز و ھەوربڕەکان دەکات بۆ ژیان کردن لە ناو مەزرایەکی پاک و نوێ. دووەم: بوون بە پاسەوانێک. لە کۆمەڵگەیەکدا کە کەسەکان بە پێی ئەو بڕە پارەیەی بە دەستی دەھێنن ھەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت  و ڕووکەشیبوون بۆتە دروشم، ئەم گەنجە نائومێدە و دژایەتیی ئەو ھەموو ساختەیییه‌ دەکات کە دەوری داوە. ھۆڵدن ھەوڵ بۆ بەدەستھێنانی ھەندێک شت دەدات کە توانای ماناوەیان ھەیە، وەک ڕاستی، ئازادی و خۆشەویستی.


سۆز بۆ منداڵ: وێنەیەک لە سروشت

ئەو سۆزەی کە ھۆڵدن بۆ منداڵ ھەیەتی یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی ئیکۆکریتیسیزم. منداڵ بەشێکە لە سروشت، ئەمەش چەمکێکی باوە لە فەلسەفەی ڕۆمانتیسیزم. سالنجەر باوەڕی وایە کە مرۆڤ لە منداڵیدا بێتاوانە، بەڵام لەگەڵ چوونە ناو کۆمەڵگه‌وە ئەم بێتاوانییە لەدەست دەدات. سالنجەر یەکەم نوسەر نییە کە ئەم بیرۆکەیەی بە ئاشکرا باس کردبێت، وڵیام وۆردسوۆرس دەڵێت: ”منداڵ باوکی مرۆڤایەتییە“.ئەم دێڕە دژی ئەو بۆچوونەیە کە ڕۆژانە مامەڵەی منداڵی پێ دەکەین. ئەم دێڕە شوێنکەوتنێکی قووڵی ڕۆحییە کە بانگەشەیە بۆ پاکترین و جوانترین سپێریچواڵیزم. ھەموو ئەو ئازار و تراومایانەی لە ژیانی گەورەکاندا ھەیە، لە جیھانی منداڵدا دەڕەوێتەوە. ھۆڵدن دەیەوێت لەو جیھانەی کە پڕە لە جیاکاری و گەڕانێکی ماندووکەر بە شوێن دۆزینەوەی خوود ده‌رباز بێت.


ھاڕمۆنیی

ئەو ھەموو نیگەرانییەی کە ھۆڵدن بۆ گیاندارانی ھەیە ھارمۆنیی ئەوە لەگەڵ سروشتدا. پێداگریی ئەو بۆ زانینی ئەوەی مراوییەکان لە زستاندا بۆ کوێ دەچن و گەڕان بۆ مراوییەکان لە ناو سێنتڕاڵ پارک لە نیو یۆرک، ئەمە زۆر بە جوانی ڕوون دەکاتەوە. مراوییەکان لە گۆمێکدا دەژین کە بەشێکە لە سروشت و سروشت پارێزگاریی لێ دەکات، وەک چۆن شۆفێری تاکسییەکە دەڵێت: ” ئەگەر تۆ ماسییەک بی، دایکی ئێمە، کە سروشتە، خۆی ئاگای لێت دەبێ، وانییە؟“ ( 132).

لە ھەموو کلتوورێکدا ویستی گەڕانەوە بۆ سروشت دیاردەیەکی زۆر ئاساییە و تێمایەکی ھەمیشەییە. بە ھۆی ئەو ئەشکەنجەیەی ھۆڵدن ئەزموونی دەکرد لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا، ھیوای بە  ژیانی پەنابەریی خۆرئاوا دەخواست. لە مێژوودا رۆژئاوا جێی ئەو کەسانە بووە کە ھەستیان دەکرد لە جێیەکی لەباردا ناژین.

”تا پارەکە تەواو دەبێ لە کوخێکدا دەمێنینەوە، ئینجا، کە پارەکە تەواو بوو، دەتوانم کارێک پەیدا بکەم، لە شوێنێک جۆگەیەکی لێ بێ و ئەوانە. دوایی دەتوانین ھاوسەرگیری بکەین، یان شتێکی وا. زستانان خۆم دەتوانم دار بۆ خۆمان بجنم و ئەوانە. خوا دەیزانێ، زۆر خۆشی بەسەر دەبەین“  (204).

کارەکتەری ھۆڵدن وەک نەوەیەکی ترانسێندێنتاڵەکانی ئەمریکایە. ئەم ویستەی ئەو بۆ سروشت ھەیەتی زۆر نزیکی دەکاتەوە لە کارەکتەری واڵدنی  ھێنری دەیڤد سرۆ:

”سەیری ئۆتۆمبیل بۆ نموونە، زۆربەی خەڵکی شێتی ئۆتۆمبیلن، نیگەران دەبن ئەگەر ئۆتۆمبیلەکانیان شوختێکی تێ بکەوێ، دایمەش باسی ئەوە دەکەن دەتوانن چەند میل بە یەک گاڵۆن بەنزین ببڕن، ئینجا ئەگەر ئۆتۆمبیلێکی تازە تازەش بکڕن، بیر لەوە دەکەنەوە بیگۆڕن بە دانەیەک لەوەش تازەتر بێ. من تەنانەت ئۆتۆمبیلە کۆنەکانیشم حەز لێ نییە، پێم باشترە ئەسپێکی مەلعوونم ھەبێ، بەس نییە ئەسپ مرۆڤانەیە.“ (202).


سەرنج: بۆ دێڕەکانی ڕۆمانەکە، سوود لە چاپی کوردیی ڕۆمانی پاسەوانێک لە مەزرا وەرگیراوە بە وەرگێڕانی ژوان جەلال كه‌  ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌.

ئەفسانەی سیزیف

دیدی من

ئەلبێر کامۆ
وەرگێڕانی: ئەکبەر حەسەن

خواوەندەکان سیزیفیان مەحکوم کرد بێبڕانەوە گاشەبەردێک بۆ سەر لوتکەی چیایەک سەربخات. وەختێک سیزیف بەردەکەی سەردەخست، بەردەکە بە هۆی قورسییەکەیەوە بەردەبووەوە بۆ خوارەوە. بەم جۆرە، خواوەندەکان باوەڕیان وابوو هیچ سزایەک ئەوەندەی بەردەوام ئەنجامدانی کارێکی بێمانا و بێهیوا تۆقێنەر نییە.

ئەگەر باوەڕ بە قسەکانی هۆمیرۆس بکەین، هیچ مرۆڤێک بە ڕادەی سیزیف دانا و عاقڵ نەبووە. بەپێی چیرۆکێکی تر، سیزیف حەزی لە ڕێگری بووە. من هیچ ناودژییەک لەمەدا نابینمەوە. بۆچوونەکان لەسەر هۆی کارەکەی سیزیف لە جیهانی خوارەوەدا (underworld) جیاوازن. یەکەم هۆی لۆمەکردنی سیزیف، گاڵتەکردنی بوو بە خواوەندەکان و نهێنییەکانی  لێ دزین. دەوترێت ژوپیتەر ئیجینی کچی ئیسوبوسی ڕفاندووە. باوکەکە لەم ڕفاندنە زۆر دڵگران بووە و لای سیزیف سکاڵای کردووە. سیزیف کە ئاگاداری ڕفاندنەکە بوو، پێنشیازی بۆ باوکە کرد تا یارمەتیی بدات بە مەرجی ئەوەی ئاو بگەیەنێتە قەڵای کورنتوس. ئەمەش مانای ئەوەیە سیزیف ئاوی بەسەر هەورەگرمەی ئاسماندا پەسەند کردووە. هەر لەبەر ئەمەش خواوەندەکان سزایان داوە و ناردوویانە بۆ  جیهانی خوارەوە. هۆمیرۆس ئەوەشمان پێ دەڵێت کە سیزیف مەرگی کۆتوبەند کردووە. پلوتۆش بەرگەی دیمەنی ئیمپراتۆریەتە بێدەنگ و چۆڵوهۆڵەکەی نەگرتووە، تووڕە بووە و خواوەندی جەنگی ناردووە. خواوەندی جەنگیش مەرگی لە چنگی سیزیف ڕزگار کردووە.

هەروەها ئەوەش دەوترێت کاتێک سیزیف لە مەرگ نزیک بووەتەوە، ویستوویەتی ڕادەی خۆشەویستیی هاوسەرەکەی تاقی بکاتەوە. فەرمانی بە هاوسەرەکەی کردووە لاشە نەنێژراوەکەی لە ناوەڕاستی گۆڕەپانە گشتییەکە فڕێ بدات. بەم شێوەیە، کاتێک سیزیف بەئاگا دێتەوە، خۆی لە جیهانی خوارەوەدا دەبینێتەوە. ئەوەی کە زۆر سیزیف بێزار دەکات، ئەو گوێڕایەڵییەیە کە لەگەڵ خۆشەویستیی مرۆییدا ناتەبایە. لەبەر ئەوەش داوای مۆڵەت لە پلوتۆ دەکات بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سەر زەوی و هاوسەرەکەی سزا بدات. بەڵام کاتێک گەڕایەوە و سەرلەنوێ ڕوخساری جیهانی بینییەوە، چێژی لە ئاو و هەتاو، گەرمیی بەردەکان و دەریاکان وەرگرت، نەیویست جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ تاریکیی دۆزەخ. سیزیف گوێی بە بانگکردن و ئاماژەکانی تووڕەیی و ئاگادارکردنەوەکان نەدا. ساڵانێک ڕووبەڕووی لەنجەی کەنداوەکان، درەوشانەوەی دەریا و زەردەخەنەی زەوی ژیا. دەبوو خواوەندەکان بڕیارێک بدەن. عەتارد (خواوەندی پەیام)یان ناردە گیانی. عەتاردیش یەخەی ئەم بوونەوەرەی گرت، لە خۆشییەکانی دای بڕی و بە زۆری زۆرداری گێڕایەوە جیهانی خوارەوە کە لەوێدا گاشەبەردەکە چاوەڕێی بوو. ڕقەبەرایەتیکردنی خواوەندەکان، ڕقبوونەوەی لە مەرگ و پەرۆشیی بۆ ژیان بوونە هۆی ئەو ئازارە تۆقێنەرەی کە هەموو بوونی لەپێناوی هیچدا تەرخان بکات. ئەمەیە ئەو باجەی کە دەبێت لە بەرامبەر پەرۆشبوون بۆ ئەم زەوییەدا بیدەین.

بە ڕاستی تێدەگەین سیزیف پاڵەوانی ئەبسێردە، چ لە میانەی پەرۆشییەکانی و چ لە میانەی ئازارەکانیەوە. هیچ کەسێک لە جیهانی خوارەوەدا باسی سیزیفمان بۆ ناکات. ئەفسانەکان بۆیە دروست بوون، تا هەناسەیەک بە خەیاڵ بدەن. سەبارەت بەم ئەفسانەیە، مرۆڤ تەقەلای جەستەیەک دەبینێت کە گاشەبەردێک تا سەرەوە دەبات، بەڵام لە سەرەوە خلۆر دەبێتەوە، دووبارە و چەندبارە هەمان گاشەبەرد سەردەخات و دیسانەوە لە سەرەوە خلۆر دەبێتەوە. مرۆڤ ئەو ڕوخسارە گرژە، ڕوومەتی نووساوی بە گاشەبەردەکەوە، ئەو شان و ملەی گاشەبەردە تەپوتۆزاوییەکەی هەڵگرتووە، ئەو پێیانەی بوون بە کۆڵەکە بۆی، دەستپێکردنەوەیەکی نوێ بە دوو دەستی درێژکراوەوە، دوو دەستی مرۆیی کە خۆڵاوی بوون، دەبینێت. لە کۆتایی تەقەلایەکی دوورودرێژدا کە فەزایەکی بێ ئاسمان و زەمەنێکی بێ قووڵایی دەیپێون، سیزیف دەگاتە ئامانجەکە. لەوێدا دەبینێت گاشەبەردەکە لە چەند ساتێکی دیاریکراودا بەرەو جیهانی خوارەوە خلۆر دەبێتەوە کە دەبێت جارێکی تر لێیەوە بەرەو لوتکە سەری بخاتەوە. جارێکی تر دێتە خوارەوە بۆ پێدەشتەکە.

گرنگیی سیزیف بۆ من لە میانەی ئەم گەڕانەوە و کورتەئێستکردنەدایە. ئەو ڕوخسارەی کە زۆر نزیکە لە گاشەبەردەکە و ئازار دەچێژێت، هەمان گاشەبەردەکەیە. وێنای ئەو مرۆڤە دەکەم کە بە هەنگاوی قورس، بەڵام ڕێکوپێک بەرەو ئەشکەنجە بێکۆتاییەکە دێتە خوارەوە. ئەو ساتەی کە لە وچان دەچێت و بێگومان لەگەڵ گەڕانەوەی ئەشکەنجەکەدا دەگەڕێتەوە، ساتی هۆشیاربوونەوەیە. چونکە هەر ساتێک لەو ساتانە کە لوتکەکە جێ دەهێڵێت و بەرەو پەناگەی خواوەندەکان دێتە خوارەوە، لە چارەنووسی خۆی باڵاترە، لە گاشەبەردەکەی بەهێزترە.

بەم جۆرە، ئەگەر ئەم ئەفسانەیە تراژیک بێت، ئەوا لەبەر ئەوەیە کە پاڵەوانەکەی هۆشیارە پێی. ئەشکەنجەکە چ مانایەکی هەیە ئەگەر سیزیف لە هەر هەنگاوێکدا هیوای بە سەرکەوتن نەبێت؟ کرێکار ئەمڕۆ و سەرجەم ڕۆژەکانی تری ژیانی هەمان کار دەکات. چارەنووسی کرێکارەکە کەمئەبسێردتر نییە. ئەم چارەنووسە تەنها ئەو کاتە دەبێت بە چارەنووسێکی تراژیک کە کرێکارەکە هۆشیار بێت پێی. بەم شێوەیە، سیزیفی پرۆلیتاریای خواوەندەکان، سیزیفی بێدەسەڵات و یاخی، هۆشیارە بەوەی تا چەند بارودۆخی نالەبارە: لە کاتی هاتنەخوارەوەیدا بیر لەم بارودۆخەی دەکاتەوە. ئەو ڕۆشناییەی کە مایەی ئەشکەنجەکەیەتی، لە هەمان کاتدا تاجی سەرکەوتنەکەیەتی. هیچ چارەنووسێک نییە ڕقلێبوونەوە تێی نەپەڕێنێت.

ئەگەر هەندێک جار هاتنەخوارەوە مایەی داخ و پەژارە بێت، ئەوا دەشێت هەندێک جاری تر مایەی چێژ بێت. ئەم وشەیە زۆر نییە. وێنای ئەوە دەکەم جارێکی تر سیزیف دێتە خوارەوە بۆ گاشەبەردەکەی و پەژارەکە لە سەرەتادایە. چونکە کاتێک وێنای زەوی بە تەواوەتی بە یادەوەرییەوە نووساوە، کاتێک بانگی بەختەوەری زۆر پێداگیر دەبێت، دەشێت ئەو کاتە نیگەرانی لە دڵی مرۆڤەوە سەرچاوە بگرێت: ئەو کاتە گاشەبەردەکە سەرکەوتن بە دەست دەهێنێت، خودی گاشەبەردەکە خۆیەتی، ئەم نیگەرانییە هەمان گاشەبەردەکەیە. ئەو نیگەرانییەی کە سنووری نییە، لەوە قورسترە هەڵبگیرێت. ئەمەیە شەوە سەختەکانمان (Gethsemane)٭. بەڵام حەقیقەتە کوشندەکان، هەر ئەوەندەی کە ناسران، ئیتر لەناو دەچن. بەم شێوەیە، ئۆدیپ لە سەرەتادا ملکەچی چارەنووس دەبێت بەبێ ئەوەی پێی بزانێت. بەڵام ئەو کاتەی بە چارەنووس دەزانێت، تراژیدیاکەی دەست پێ دەکات. بەڵام لە هەمان کاتدا کە کوێر و بێهیوایە، دەزانێت تاقە پەیوەستی کە دەیبەسێتەوە بە جیهانەوە، دەستی ساردی کیژێکە. لێرەدا تێبینییەکی بەرچاو دێتە پێشەوە: “سەرەڕای هەموو ئەم ئازارانە و بەساڵاچوونم، جوامێریی ڕۆحم وام لێ دەکات ئەنجامگیریی ئەوە بکەم هەموو شتێک لە جێی خۆیدایە.” بەم شێوەیە، ئۆدیپ (ی سۆفۆکلیس) هەروەک کێریلیۆڤ (ی دۆستۆیڤسکی) ڕاچێتەی سەرکەوتنی ئەبسێرد دەخاتە ڕوو. بەم جۆرە، حیکمەتی دێرین پەیوەست دەبێت بە پاڵەوانی مۆدێرنەوە.

مرۆڤ ناتوانێت ئەبسێرد بدۆزێتەوە بەبێ فریوخواردن بۆ نووسینی ڕێبەرێک لەبارەی بەختەوەرییەوە. “پاشان چی؟ لەمیانەی ڕێگه‌یەکی ئاوا بەرتەسکەوە؟” بەڵام تەنها یەک جیهان هەیە. بەختەوەری و ئەبسێرد دوو ڕووی یەک دراون و لە یەک جیا نابنەوە. لەبەر ئەوە، هەڵەیە ئەگەر بڵێین بەختەوەری بە پێویست لە دۆزینەوەی ئەبسێردەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام دەشێت ئەوەش ڕوو بدات هەستی ئەبسێرد لە بەختەوەرییەوە سەرچاوە بگرێت. ئۆدیپ دەڵێت “من باوەڕم وایە هەموو شتێک باشە.” ئەم دەستەواژەیە دەستەواژەیەکی پیرۆزە و لە جیهانی توندوتیژ و سنوورداری مرۆڤدا دووبارە دەکرێتەوە، فێرمان دەکات هیشتا هەموو شتێک لە دەست نەچووە. خواوەندێک لەم جیهانە دەکاتە دەرەوە کە ناڕەزامەندی و چێژی ئازارە ئەبسێردەکانی هێناوەتە ناویەوە. چارەنووس دەکات بە مەسەلەیەکی مرۆڤانە کە دەبێت لە نێوان مرۆڤاندا یەکلایی بکرێتەوە.

کۆی بەختەوەرییە بێدەنگەکەی سیزیف لێرەدایە. ئەو خاوەنی چارەنووسی خۆیەتی. گاشەبەردەکە هیی خۆیەتی. مەسەلەکە بۆ مرۆڤی ئەبسێرد بە هەمان شێوەیە. کاتێک سەیری ئەشکەنجەی خۆی دەکات، هەموو بتەکان بێدەنگ دەکات. لە گەردوونێکدا کە کوتوپڕ گەڕاوەتەوە بۆ بێدەنگیی خۆی، هەزاران دەنگی بچووکی پرسیارکەر سەرهەڵدەدەن. بانگی نائاگاییانە و شاراوە، بانگهێشتکردن لە هەموو ڕوخسارەکانەوە هەڵگەڕانەوەی پێویست و باجی سەرکەوتنن. هیچ هەتاوێک نییە بەبێ سێبەر، پێویستە ئاشنای شەو بین. مرۆڤی ئەبسێرد بە بەڵێ وەڵام دەداتەوە و تەقەلاکانی ناوەستن. چونکە ئەگەر چارەنووسێکی شەخسی هەبێت، ئەوا قەدەرێکی باڵا نییە. ئەوپەڕی تەنها یەک قەدەری باڵا هەیە کە حەتمی و قێزەونە (مەرگ). لەمە بترازێت، مرۆڤ سەروه‌ری ڕۆژگاری خۆیەتی. ئا لەو ساتە دیاریکراوەدا کاتێک مرۆڤ سەیری ژیانی ڕابوردووی دەکات، سیزیف کە گەڕاوەتەوە بۆ لای گاشەبەردەکەی، لەو زنجیرە کردارە پێکەوەنەبەسراوانە ڕادەمێنێت کە بوون بە چارەنووسی، چارەنووسێک کە خۆی دروستی کردووە، لە یادەوەریدا پێکەوە بەسراون و بە مردن کۆتاییان دێت. بەم شێوەیە، کە باوەڕی بە بنچینە مرۆییەکانی هەر شتێکی مرۆییانە هەیە، وەک ئەو نابینایەی کە دەیەوێت ببینێت و لە هەمان کاتدا دەشزانێت شەو کۆتایی نایەت، درێژە بە ڕەوتەکەی خۆی دەدات، گاشەبەردەکە هێشتا خلۆر دەبێتەوە.

سیزیف لە دامێنی چیاکەدا بەجێ دەهێڵم. هەمیشە بارە قورسەکەی مرۆڤ دەبینین. سیزیف ئەمانەتە باڵاکەمان فێر دەکات: خواوەندەکان ڕەت دەکاتەوە و گاشەبەردەکە هەڵدەگرێت. باوەڕیشی بەوەیە هەموو شتێک لە جێی خۆیدایە. ئەو جیهانەی ئیتر بێ سەرگەورەیە، بە لای ئەوەوە نە بێکەڵکە و نە بێمانایە. هەر گەردێکی ئەو گاشەبەردە، هەر پارچەکانزایەکی ئەو چیایە کە شەو باڵی بەسەردا کێشاوە، خۆی لە خۆیدا جیهانێکە. کۆششکردن بۆ گەشتن بە ترۆپکی چیاکە بەسە بۆ ئەوەی دڵی مرۆڤ پڕ بکاتەوە. دەبێت سیزیف وەک مرۆڤێکی بەختەوەر وێنا بکەین.

٭ گەتسێمانێ – Gethsemane: لە دەقە ئینگلیزییەکەدا نووسراوە (Gethsemane)، باخێکە لە دامێنی چیای ئۆلیڤ لە ئۆرشەلیم. بەپێی گێڕانەوەی گۆسپێڵ، مەسیح و هاوڕێکانی بۆ دواهەمین جار ئێوارەخوانی خواییان تێدا کرد.

سەرنج: بۆ وەرگێڕانی ئەم گوتارە پشتم بە وەرگێڕانەکەی ئەنیس زەکی بەستووە، کە لە ماڵپەڕی ئەلمەعابیر بڵاو کراوەتەوە. پاشان سوودم لە وەرگێڕانەکەی عەبدولمونعیم ئەلحەنەفی  و وەرگێڕانە ئینگلیزییەکە وه‌رگرتووه‌. (وەرگێڕ)

 

ئه‌م گوتاره‌ له‌ هه‌فته‌نامه‌ی چاودێر، ژماره‌ ٤٤٤ (پاشکۆی ڕوانگه و ڕه‌خنه‌، ژماره‌ ١٧٦) له‌ ڕۆژی ١١/١١/٢٠١٣ بڵاو بووه‌ته‌وه‌

ئیکزستێنشیاڵیزم لە ڕۆمانی ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان‌دا

دیدی من – ئەکادیمیا

ئیبتیسام تەوھامی عەدی

لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

ئەبستراکت

لە ڕۆمانی ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختماندا، جۆن گرین گەشتێکی خۆدۆزینەوە بە دوو مێردمنداڵی توشبوو بە شێرپەنجە ئەنجام دەدات. کارەکتەری سەرەکی، ھەیزڵ گرەیس، تووشبوویه‌کی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ی سییه‌کانه‌، ھەر بۆیە بەبێ بۆریی ھەناسەدان توانای ھەناسەدانی نییە. لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا دەبینین کە ھەیزڵ لە دوورەوە چاودێریی ژیانی خۆی دەکات وەک لەوەی تێیدا بژی. بە ھۆی پێداگیریی دایکییەوە، ھەیزڵ به‌شداریی گرووپێکی پشتگیری ده‌کات، له‌و گرووپه‌ش ئۆگەستس واتەرسی حەڤدەساڵ و چەند کەسێکی دیکه‌ی ھاوتەمەنی خۆی دەناسێت، کە بە ھەمان شێوە دژی شێرپەنجە دەجەنگن. لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا ھەیزڵ دەگات بەو باوەڕەی کە جوانیی ژیان لە ژمارەی ڕۆژ و مانگ و ساڵەکاندا نییە، بەڵکو لە ھەڵبژاردنی ئەو کارەدایە کە لە ماوەی ئەو کاتەدا ئه‌نجامی ده‌ده‌یت.

پێشەکی

ئەم ڕۆمانە بە ڕووکەش چیرۆکێکی غەمگینی خۆشەویستیی نێوان ھەیزڵ و ئۆگەستسە، ھەروەھا چیرۆکی ژیانکردنی دوو مێردمنداڵە لەگەڵ شێرپەنجەدا. ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا، زیرەکی و خوێنشیرینی و دیدی ئەوانە بۆ ژیان و باوەڕەکانیان. ھەیزڵی لاو ناوی “تایبەتمەندیی شێرپەنجە” و “نارنجۆک”ی  بۆ ناساندنی خۆی هه‌ڵبژاردووه‌. گەورەترین ترسی ئۆگەستس ئەوەیە کە بە تەواوی لەبیر بکرێت، ھەر بۆیە ئامانجی ئەو لە ژیاندا دۆزینەوەی مانایەکە بۆ ئەو ژیانە کورتەی لە بەردەستیەتی. لە ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختماندا، جۆن گرین ئیکزستێنشیاڵیزم بەکار دێنێت و لە ڕێگه‌ی کارەکتەرەکانیەوە بێمانایی و پووچیی ژیان پیشان دەدات. ئامانجی ئەم خوێندنەوەیە ڕوونکردنەوەی فەلسەفەی ئیکزستێنشیاڵیزم و بیرۆکەی ئەبسێردە لەم ڕۆمانەدا.

ئیکزستێنشیاڵیزم

کاتێک گەنجەکان عاشقی یه‌کدی ده‌بن، چاویان پڕ ده‌بێت لە وزە و ھەست بە بوونی جیھانێکی پڕ لە دەرفەت دەکەن. لە کارەکتەرەکانی ئەم ڕۆمانەدا ھەمان تایبەتمەندی بەدی دەکرێت.ھەیزڵ چیرۆکی ئه‌ڤینی خۆی و ئۆگەستس بە چیرۆکێکی ئەفسانەیی بەراورد دەکات: “ئەوەی ئێمە چیرۆکێکی خۆشه‌ویستیی ئه‌فسانه‌یی بوو.” (به‌شی بیسته‌م، لاپه‌ڕه‌ ٢٩٨) بەڵام پەیوەندییەکەیان جیاوازتر و ئاڵۆزترە، ئاڵۆزییەکی وەک ڕۆمیۆ و جولێت نا، بەڵکو سەختیی پەیوەندییەکەیان بە ھۆی بارودۆخی تەندروستییانەوەیە. بۆری ھەناسە و خێزانێکی ھەمیشە نیگەران، بەردەوام بیرخەرەوەی ئەو بارودۆخەن کە ئەوان تێیکەوتوون، کە توانیویانە گەشەی گرێکانیان ھێواش بکەنەوە، بەڵام نەیانتوانیوە بیوەستێنن.

بەھۆی شێرپه‌نجه‌که‌یانه‌وه‌، ھەیزڵ و ئۆگەستس کاتێکی  زیاتر بە بیرکردنەوە لە گرنگیی ژیان بەسەر دەبەن بە بەراورد لەگەڵ گه‌نجه‌ ئاساییه‌کان. بە ھۆی ئاگاییانەوە لەو کاتە سنووردارەی لە ژیاندا ھەیانە، ھەست بە گرنگیی دۆزینەوەی وەڵامەکان دەکەن. جۆن گرین خوێنەرەکانی بە کارەکتەرەکانی ئاشنا دەکات لە کاتی غەمگینی و تەنیایی و نائومێدییان، ئەمانەش سێ لێنزی تایبەتی ئیکزستێنشیاڵیزمن بۆ سه‌یرکردنی ژیان لێوەی.

ئۆگه‌ستس سیزیفێكی یه‌ك قاچه‌
ئۆگه‌ستس سیزیفێكی یه‌ك قاچه‌ || ئیلوستره‌یته‌ر: سابات عه‌باس

سەختە پێناسەیەکی ڕوونی ئیکزستێنشیاڵیزم دیاری بکرێت؛ خاڵی سەرەکیی ئەم فەلسەفەیە باس لەوە دەکات کە ژیانی تاک بریتییە لە دیاریکردنی مەبەستی سەرەکیی بوون، ئەمەش واتا تاک بەئاگایە و خواستی ئازادییان ھەیە، تا بە سەربەخۆیی بژین و کار بکەن، پێش ئەوەی بۆ پۆل و جۆرێکی تایبەت جودا بکرێنه‌وه‌. ژان پۆڵ سارتەر لە ئێکزستێشیاڵیزم مرۆڤبوونە نووسیویەتی: “مرۆڤ سەرەتا دێتە بوون، دواتر ڕووبەڕووی خۆی دەبێتەوە، بە جیھاندا شەپۆل دەدات، دواتر خۆی دەدۆزێتەوە.” بە ھەمان شێوە دوو کارەکتەرە سەرەکییەکەی ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان لە پۆلێنکردنی منداڵە نەخۆشەکانەوە یان کاریگه‌رییه‌ لاوه‌کییه‌کانی شێرپه‌نجه‌وه‌، دەگەنە قۆناغێک کە وەک تاکێک، سەرەڕای ڕاستییەکان، خواستی ئازادییان ھەیە بۆ بڕیاردانی گرتنە دەستی کۆنترۆڵی ژیانیان، دروستکردنی بەھاکانی خۆیان و دیاریکردنی مانای ژیانیان.

خاڵێکی تری گرنگی تیۆری ئیکزستێنشیاڵیزم هەقیقەتە (فاکتیسیتی)، کە سارتەر لە بوون و نه‌بووندا باسی لێوە دەکات. هەقیقەت سنوور و مەرجدانانە بۆ ئازادی. ئەو سنوورەی کە تاک لە ژیانیدا ھەڵینەبژاردووە، بەڵام پێی مەحکوومە، بۆ نموونە شێرپەنجە. بەڵام لەگەڵ ئەم مەحکوومبوونەش، گرنگی و مانای بوونی کەسێک بەند نییە بەم هەقیقەتەوە. بە واتایەکی دی، تاک ئازادانە بڕیار دەدات چەندێک گرنگی بدات بەو هەقیقەتەی پێوەی بەندە. بۆ نموونە، کاردانەوەی ھەیزڵ بۆ شێرپەنجە بە بەراورد لەگەڵ ئۆگەستس، ڕوونکردنەوەیەکە بۆ ئەو دوو مامەڵەیەی کە تاک بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەقیقەت ھەڵیدەبژێرێت.

وەڵامی دوو کارەکتەری ناو ڕۆمانەکە بۆ هه‌قیقەت جیاوازە؛ ھەیزڵ ھیچ بەرھەڵستیی هەقیقەتەکەی ناکات  و گرنگ نییە بۆی بژیێ یان بمرێت، ئەو ھەموو بوونی خۆی وەک “تایبەتمەندیی شێرپەنجە” دەبینێت و خۆی بە نارنجۆکێک بەراورد دەکات کە له‌ خاڵێکدا ده‌ته‌قێته‌وه‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌وره‌به‌ری ئازار ده‌دات:

”له‌ کۆتاییه‌کانی زستانی حه‌ڤده‌ساڵیمدا، دایکم پێی و ا بوو که‌ تووشی خه‌مۆکی بووم. له‌وانه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێی وا بووبێت چونکه‌ به‌ ده‌گمه‌ن له‌ ماڵ ده‌چوومه‌ ده‌ره‌وه‌، زۆربه‌ی کاته‌کانم له ‌ناو جێخه‌وه‌که‌مدا به‌ڕێ ده‌کرد، خوێندنه‌وه‌ی هه‌مان کتێب به‌ به‌رده‌وامی، به‌ ده‌گمه‌ن نانم ده‌خوارد، هه‌روه‌ها زۆربه‌ی زۆری کاته‌ به‌تاڵه‌کانیشم بۆ بیرکردنه‌وه‌ له‌ مردن ته‌رخان کردبوو.”

(به‌شی یه‌که‌م، لاپه‌ڕه‌ ١٧)

”به‌ڵام وه‌ک هه‌میشه‌، من نه‌مردم. له‌ که‌ناره‌که‌ به‌جێ مام و شه‌پۆله‌کان بێهۆش و بێئاگایان کردم، به‌ڵام نقوم نه‌بووم.”

( به‌شی حه‌وته‌م، لاپه‌ڕه‌ ١٣١)

ئەو غەمگینییەی بووە بە تایبەتمەندییەکی دیدی ئیکزستێنشیاڵیزم، لە گوتەیەکی ھەیزڵدا بە ڕوونی ئاشکرا دەبێت، کاتێک ھەیزڵ بۆ خێزانەکەی ڕوون دەکاتەوە کە دەبێت ئاشنایی لەگەڵ کەسانی نوێ دروست نەکات، چونکە ئەو لە کۆتاییدا دەمرێت و بەمەش ئازاریان دەدات. وەک سارتەر دەڵێت: “ئێمە  مه‌حکوومین بە غەمگینی، چونکە ھیچ ڕێگەیەکی ترمان نییە جگە لەوەی ھەست بە قورسایی ھەڵبژاردنەکانی خۆمان بکەین بەسەر ژیانی خۆمان و ژیانی ئەوانی دیکه‌شەوە.”

”دایه‌، من وه‌ک… وه‌ک… من وه‌ک نارنجۆکێک وام. من نارنجۆکێکم و له‌ خاڵێکدا ده‌ته‌قمه‌وه‌ و ده‌مه‌وێت ڕێژه‌ی قوربانییه‌کان که‌م بکه‌مه‌وه‌… من نارنجۆکێکم. ته‌نیا ده‌مه‌وێت له‌ خه‌ڵک دوور بم و کتێب بخوێنمه‌وه‌ و بیر بکه‌مه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئێوه‌ بم، چونکه‌ هیچ شتێک نییه‌ بتوانم بیکه‌م ئێوه‌ ئازار بدات؛ ئێوه‌ زۆر به‌هێزن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ تکایه‌ ته‌نیا لێم گه‌ڕێن ئه‌وه‌ بکه‌م، باش؟ من غه‌مبار نیم. چیتر پێویستم به‌وه‌ نییه‌ بڕۆمه‌ ده‌ره‌وه‌. هه‌روه‌ها من ناتوانم ببم به‌ هه‌رزه‌کارێکی ئاسایی، چونکه‌ من نارنجۆکێکم.”

(به‌شی شه‌شه‌م، لاپه‌ڕه‌ ١٢٥)

چاپی كوردیی ڕۆمانه‌كه‌ || فۆتۆ: هه‌رێم عه‌لی

بەڵام ھەیزڵ خولیای دۆزینەوەی کۆتایی کتێبە دڵخوازەکەی، ئازارێکی مەزن، ده‌که‌وێته‌ سه‌ری، کە دەربارەی فەلسەفەی ئیکزستێنشیاڵیزمە و دەڵێت بوونی مرۆڤ واتا گەڕان بەدوای مانایەک بۆ ژیانیان. ویستی ھەیزڵ بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی کارەکتەرە ڕزگاربووەکان لە شێرپەنجە ھێمایەکە بۆ ویستی دۆزینەوەی مانایەک بۆ ئەم ژیانە و ژیانی دواتری خۆی:

”هه‌روه‌ک چۆن جه‌سته‌ و بیرکردنه‌وه‌کانم هیی خۆم بوون، ئازارێکی مه‌زنیش کتێبی من بوو.”

(به‌شی دووه‌م، لاپه‌ڕه‌ ٥١)

دواتر دەبینین ئه‌و بێباکییه‌ی ھەیزڵ بەرامبەر به‌ ژیان ھەیەتی، دەگۆڕێت بۆ ویستی ژیانکردن و خۆشویستن، ئەمەش لەپاش ئەوەی بۆی ڕوون دەبێتەوە گرنگیی ژیانی ئەو لە ساتە خۆشەکان و دەستکەوتەکانیەتی، وەک لەوەی لە ژمارەی ساڵەکانیدا بێت. دەڵێت :

”من ژماره‌ی زیاترم ده‌وێت له‌وه‌ی که‌ به‌ده‌ستی ده‌هێنم، خودایه‌، ژماره‌ی زیاتریشم ده‌وێت بۆ ئۆگه‌ستس له‌وه‌ی که‌ به‌ده‌ستی هێناوه‌. به‌ڵام گه‌س، ئه‌ڤینداری من، ناتوانم پێت بڵێم که‌ چه‌نده‌ سوپاسگوزارم بۆ ئه‌و ناکۆتا که‌مه‌ی خۆمان. به‌ هه‌موو جیهانی ناگۆڕمه‌وه‌. تۆ هه‌تاهه‌تاییه‌کت پێ به‌خشیم به‌ کۆمه‌ڵێک ڕۆژی دیاریکراوه‌وه‌، من سوپاسگوزارم.”

(به‌شی بیسته‌م، لاپه‌ڕه‌ ٢٩٩)

ھەرچەندە ھەیزڵ و ئۆگەستس کاتێکی سنوورداریان پێکه‌وه‌ هه‌بوو، بەڵام دەکرێت پەیوەندییەکەیان وه‌ک په‌یوه‌نییه‌کی ناکۆتا تەماشا بکرێت. ئۆگەستس ھاوکاریی ھەیزڵی کرد لە خۆدۆزینەوە و ھێنانەدیی خەونەکەی و بینینی نووسەری ئازارێکی مەزن. بوونی ئۆگەستس لە ژیانی ھەیزڵدا دیدی ئه‌وی بۆ ژیان گۆڕی و هه‌یزڵ لە نارنجۆکێکەوە بوو بە تاکێک کە دەتوانێت ژیانی کەسێک بگۆڕێت، ئەمەش ئەو وانە سەرەکییەیە کە جۆن گرین لە ڕۆمانەکەیدا بۆمان ڕوون دەکاتەوە. ئەم بیرۆکەیە لەم بەشەی خوارەوەی کتێبەکەدا ڕوون دەبێتەوە، کە تێیدا ئۆگەستس گرنگیی ڕزگارکردنی ئەو منداڵانە لە یارییە ڤیدیۆییه‌کاندا بۆ ھەیزڵ ڕوون دەکاتەوە:

”هه‌موو ڕزگارکردنێک شتێکی کاتییه‌. من خوله‌کێکم بۆ کڕین. له‌وانه‌یه‌ ئه‌و خوله‌که‌، یه‌ک کاتژمێری بۆ کڕیبن و ئه‌و کاتژمێره‌ش ساڵێکی بۆ کڕیبێتن. هه‌یزڵ گره‌یس، هیچ که‌س ناتوانێت ئه‌به‌دییه‌تیان بۆ ده‌سته‌به‌ر بکات، به‌ڵام ژیانم خوله‌کێکی بۆ ده‌سته‌به‌ر کردن. ئه‌مه‌ش شتێکی که‌م نییه‌.”

(به‌شی چواره‌م، لاپه‌ڕه‌ ٨٠)

بە پێچەوانەوەی ھەیزڵەوە، ئۆگەستس هەقیقەتەکانی خۆی پشتگوێ دەخات. ڕووبەڕووبونەوەی مەرگ ھەمیشە ترسێکی زۆر بووە بۆ ئەو، چونکە دوای مردنی، ئه‌و بە ته‌واوی لەبیر دەکرێت، بەڵام دواتر ئەم ترسە دەبێتە ھۆی دروستبوونی ویستی خۆدۆزینەوە. لە ڕۆمانەکەدا ھەڕەمی ماسلۆو، کە دەروونناسی ئەمریکیی ئەبراھام ئێچ ماسلۆو نووسیویه‌تی، دەری دەخات کاتێک ویستە سەرەتاییەکان بەدی دێن، تاکەکان بەرەو قۆناغی بەرزتری پلەبەندییەکە سەر دەکەون تاکو دەگەنە ویستی کۆتایی بۆ خۆدۆزینەوە. ئەمەش واتا دیاریکردنی ڕێگەیەک لە ژیاندا و جێھێشتنی میراتییه‌ک تا بە ھۆیەوە یاد بکرێتەوە و ببێت بە بەڵگەیەک بۆ بوونی ئەو:

”ئه‌گه‌ر تۆ ژیانێکی مانادار و پڕبایه‌خ نه‌ژیت، به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ ده‌بێ مردنێکی مانادار و پایه‌دار بمری، خۆشت ئه‌مه‌ ده‌زانی؟ هه‌روه‌ها، من له‌وه‌ش ده‌ترسم که‌ نه‌ ژیانێک ده‌ژیم هیچ مانایه‌کی هه‌بێ و نه‌ مردنێک ده‌مرم که‌ هیچ مانایه‌کی هه‌بێ.”

(به‌شی یازده‌یه‌م، لاپه‌ڕه‌ ١٩٨)

”زۆربه‌ی که‌سه‌کان ده‌یانه‌وێت له‌دوای خۆیان نیشانه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌م جیهانه‌ به‌جێ بهێڵن. به‌جێهێشتنی میراتییه‌ک. که‌ دوای مردنیش، تا ماوه‌یه‌کی دوورمه‌ودا بمێنێته‌وه‌. ئێمه‌ هه‌موو ده‌مانه‌وێت یاد بکرێینه‌وه‌. به‌ هه‌مان شێوه‌، منیش. ئه‌وه‌ی که‌ زۆر بێزارم ده‌کات ئه‌وه‌یه‌، بوون به‌ قوربانییه‌کی تری له‌یادکراو له‌ جه‌نگێکی دێرین و شه‌رمه‌زارکه‌ردا؛ جه‌نگی دژ به‌ نه‌خۆشی.”

(به‌شی بیستوپێنجه‌م، لاپه‌ڕه‌ ٣٥١)

بیرۆکەی هەقیقەت لە ناوی ڕۆمانەکەوە، ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان، باس دەکرێت. لە شانۆنامەی قەیسەر جولیوسی شەکسپیردا، قەیسەر دەڵێت: “بروتوسی ئازیز، ھەڵەکە لە ئەستێرەکانی بەختی ئێمه‌دا نییە، بەڵکو لە خۆماندایە، چونکە ئێمە کەسانی نزمین.” لەم دێڕەدا قەیسەر دەڵێت کە مرۆڤ بە ھۆی ئەو هەقیقەتەی پێی مەحکوومە لەناو دەچێت، نەک بە ھۆی چارەنووسەوە. بەڵام جۆن گرین لە ڕۆمانەکەیدا ناوی ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان ھەڵدەبژێرێت تا بتوانێت بڵێت ھەندێک کات ھەڵەی خۆمان نییە، ھەندێک ڕووداو ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت یان گۆڕانکاریی تێدا بکرێت، وەک شێرپەنجە. بەڵام جوانیی پەیامەکە لەوەدایە کە ھێشتا دەتوانین بژین و بڕیار بدەین سەرەڕای ئەو ھەڵەیەی لە ئەستێرەکانماندا ھەیە.

جۆن گرین

بیرۆکەی ئەبسێرد لە ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختماندا

گەشتی ئەم دوو مێردمنداڵە زیرەک و قسەخۆشە ڕوونکردنەوەیەکە بۆ ئەو چەمکەی کامۆ پێی ده‌گوت “ھەستی ئەبسێرد”. بیرۆکەی ئەبسێرد لە زۆر کاری ئیکزستێنشیاڵیزمدا ھەیە. کامۆ ئه‌بسێرده‌ پاڵه‌وان بە کەسێک دادەنێت کە ژیان وەک ھەوڵێکی بەردەوام دەبینێت و لە ناخیدا یاخیبوونێکی بەردەوام دژی دۆگمابوونی ھەیە. ئەمەش ھەمان حاڵەتی ئەم دوو نەخۆشەیە کاتێک بە بێھیواییەوە لە دژی ئەو سنوورانە یاخی دەبن، کە بە ھۆی نەخۆشییەکەیانەوە پێی مەحکوم بوون.

“ئەم یاخیبوونەیە کە بەھا بە ژیان دەبەخشێت. خۆی بەسەر ھەموو ژیاندا بڵاو دەکاتەوە و مەزنیه‌تی بەو ژیانە دەدات. بۆ کەسێکیش چاوبەست مەودای بینینی نەگرتبێت، ھیچ دیمەنێک نییە جوانتر لە دیمەنی ئاوەز لە ململانێیدا لەگەڵ واقیعێکدا کە لە سەروو خۆیەوەیەتی.”

(ئەفسانەی سیزیف، ئەلبێر کامۆ، و: ئازاد بەرزنجی، ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ٢٠١٥)

ئەلبێر کامۆ باوەڕە ئایینییەکان وەک ھەوڵێک بۆ ڕاکردن لە ئەبسێرد دەبینێ. ئایین بۆ ئەو چارەسەرێکی ھەڵخەڵەتێنەرە بۆ ئەو سروشتە ئەبسێردەی لە هەقیقەتدا ھەیە. بەپێی کامۆ مرۆڤی ئەبسێرد دەبێت ئاگاییەکی تەواوی به‌رانبه‌ر به‌ شوێنی خۆی هه‌بێت، کە لە ئەنجامگیرییەکی پوچگەرایانە دەڵێت:

“مرۆڤی ئەبسێرد لە پنتێکی ڕێگه‌ی ژیانیدا ڕووبەڕووی ھەڵفریوان دەبێتەوە. مێژوو ھەم ئایین ھەم پێغەمبەر و تەنانەت پێغەمبەری بێخوداشی تێدایه‌. مرۆڤی ئەبسێرد داوای لێ دەکرێ ئەو بازدانە ئەنجام بدات. ھەموو وەڵامەکەی ئەویش ئەوەیە کە بە تەواوی تێناگات و شتەکان بە لایەوە ڕوون نین. لە ڕاستیدا ئەو شتێک ناکات کە بە تەواوی لێی تێنەگەیشتبێت.”

(ئەفسانەی سیزیف، ئەلبێر کامۆ، و: ئازاد بەرزنجی، ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ٢٠١٥)

بە ھەمان شێوە کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانی ھەڵەی ناو ئەستێرەکانی بەختمان، ھەیزڵ، ھیچ گرنگییەک بە ئایین نادات. مرۆڤ چیرۆک یان خودا دروست دەکات بۆ پڕکردنەوەی بەتاڵی و ویستی دۆزینەوەی وەڵام و مانا. بەڵام، ھەیزڵ زۆر کات ئایینی وەک دژی ئینتێلێکچواڵیزم دەبینی. هه‌یزڵ باوه‌ڕی به‌ گه‌ردوون هه‌یه‌ و ئۆگه‌ستسیش باوه‌ڕی به‌ ”شتێک” هه‌یه‌. بیرۆکه‌ی ئه‌بسێردیی ئایین بۆ پڕکردنه‌وه‌ی پووچیی بوونی مرۆڤه‌کان له‌ ژیاندا له‌ ڕۆمانه‌که‌دا له‌ گرووپی پشتگیرییه‌که‌ ده‌رده‌که‌وێت:

 ”ئێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی بازنه‌یی ڕێک له‌ ناوه‌ڕاستی خاچه‌که‌دا داده‌نیشتین، له‌و شوێنه‌ی که‌ دوو داره‌که‌ به‌ یه‌ک ده‌گه‌ن، له‌و شوێنه‌ی که‌ دڵی مه‌سیحی لێیه‌. شته‌کان به‌م شێوه‌یه‌ له‌ دڵی خودادا به‌ڕێوه‌ ده‌چوون: شه‌ش، حه‌وت، بۆ ده‌ که‌س له‌ ئێمه‌ به‌ پێ یان عه‌ره‌بانه‌ ده‌چووینه‌ ژووره‌وه‌، هه‌ندێ کولیچه‌ و ئاوی لیمۆمان ده‌خوارد، له‌ بازنه‌ی باوه‌ڕدا داده‌نیشتین و گوێمان له‌ چیرۆکه‌ خه‌ماوییه‌ هه‌زارجار گێڕدراوه‌که‌ی ژیانی پاتریک ده‌گرت، که‌ چۆن تووشی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ی گون ببوو و هه‌موان پێیان وا بووه‌ که‌ ده‌مرێت، به‌ڵام ئه‌و نه‌مرد و ئه‌وه‌تا ئه‌و لێره‌یه‌، گه‌نجێکی ته‌واو پێگه‌یشتوو، له‌ ژێرزه‌مینی که‌نیسه‌یه‌ک له‌ ١٣٧ه‌مین جوانترین شاری ئه‌مه‌ریکا، له‌ هاوسه‌ره‌که‌ی جیا بووه‌ته‌وه‌، مودمین بووه‌ به‌ یارییه‌ ڤیدیۆییه‌کان، بێ هاوڕێ و دۆست، خه‌ریکی بونیادنانی ژیانێکی نوێیه‌ به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ ژیانی ڕابردووی.”

(به‌شی یه‌که‌م، لاپه‌ڕه‌ ١٩)

سەرنجی وەرگێڕ: بۆ دێڕەکانی ڕۆمانەکە، سوود لە چاپی کوردیی ڕۆمانی هه‌ڵه‌ی ناو ئه‌ستێره‌کانی به‌ختمان وەرگیراوە، کە ساڵی ٢٠١٦ به‌ وه‌رگێڕانی ژیوار جه‌وهه‌ر له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووسوە چاپ و بڵاو کرایه‌وه‌.

سیزیف و هامسته‌ر و مرۆڤی مۆدێرنه‌ له‌ ڕۆمانی هه‌ڵه‌ی ناو ئه‌ستێره‌كانی به‌ختماندا

دیدی من – ژیوار جه‌وهه‌ر

   یه‌كێك له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه‌ ڕۆمانی هه‌ڵه‌ی ناو ئه‌ستێره‌كانی به‌ختمانـی  جۆن گرینـی پێ جودا ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌و تێكه‌ڵاوكردنه‌یه‌ كه‌ له‌ نێوان ئه‌فسانه‌ و ئه‌ده‌بیاتی كلاسیكیدا له‌گه‌ڵ چیرۆك و كاراكته‌ره‌كانیدا ده‌یكات، به‌شێوه‌یه‌ك زۆرێك له‌ كاراكته‌ره‌كانی له‌ ته‌مه‌نی لاویه‌تیی دان و له‌ جیهانێكی مۆدێرنه‌دا ده‌ژین، به‌ڵام شێوازی بیركردنه‌وه‌یان سه‌ر به‌م سه‌رده‌مه‌ نییه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌بوایه‌ ئه‌وان له‌ سه‌رده‌مێكی زووتردا له‌دایكبوونایه‌. یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی ناوداربوونی ڕۆمانی هه‌ڵه‌ی ناو ئه‌ستێره‌كانی به‌ختمان به‌كارهێانی زۆری مێتافۆر و ئه‌م تێكه‌ڵاوكردنه‌ بوو. ده‌تواندرێت بگوترێت ئه‌م ڕۆمانه‌ ڕۆمانێكی چین چینه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ئه‌گه‌ر خوێنه‌رێكی سه‌ره‌تایی بیخوێنێته‌وه‌ چێژێكی جیاوازی لێ ده‌بینێت – چینه‌ سه‌ره‌تاكانی ده‌خوێنێته‌وه‌ – و ئه‌گه‌ر كه‌سێكی دیكه‌ش به‌ وردی بیخوێنێته‌وه چێژێكی جیاوازتری لێ ده‌بینێت. جۆن گرین له‌ شوێنێكدا ده‌ڵێت، ”من دیاریم بۆ ئه‌وانه‌ هه‌یه‌ كه‌ كتێبه‌كه‌ به‌ وردی ده‌خوێننه‌وه‌، دیارییه‌كه‌ش ئه‌و چێژه‌یه‌ كه‌ له‌ كاتی گه‌یشتن به‌ مانای مێتافۆر و هێماكان هه‌ستی پێ ده‌كه‌ن.”

   حیكایه‌تخوانی ڕۆمانه‌كه‌ هه‌یزڵ له‌گه‌ڵ ئه‌وینداره‌كه‌ی، ئۆگه‌ستس، ڕۆمانێكیان زۆر به‌دڵه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌ نووسه‌ره‌كه‌ی، پیته‌ر ڤان هاوتن، بگه‌ن و چه‌ندین پرسیاری لێ بكه‌ن ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ دوای ته‌واوبوونی ڕۆمانه‌كه‌ كاراكته‌ره‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه‌ چییان به‌سه‌ر دێ. ئانا، حیكایه‌تخوانی ئه‌و ڕۆمانه‌، هامسته‌رێكی هه‌یه‌ و له‌ چه‌ند شوێنێكی ناو ڕۆمانه‌كه‌ ناوی ده‌هێندرێت؛ هامسته‌ر گیاندارێكی ماڵییه‌ كه‌ هه‌ر له‌ مشكێكی گه‌وره‌ ده‌چێت. كاتێك هه‌یزڵ و ئۆگه‌ستس گفتوگۆ له‌ باره‌ی ڕۆمانه‌كه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌ هامسته‌ره‌ سیزیف ناوی ده‌هێنن. له‌ یه‌كێك له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كاندا، ڕۆژنامه‌نووسێك پرسیار له‌ جۆن گرین ده‌كات، ”بۆچی بڕیارتدا ناوی هامسته‌ره‌كه‌ی ئانا بنێیت هامسته‌ره‌ سیزیف؟” ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێت، ”سیزیف هه‌میشه‌ به‌ردێكی به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ی گردێك ده‌برد بێ ئه‌وه‌ی به‌ هیچ شوێنێك بگات، هامسته‌ریش هه‌میشه‌ به‌ده‌وری خولخولۆكه‌یه‌كدا ده‌خولێته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌ هیچ شوێنێك بگات. هه‌موو ئه‌وه‌ی من بیرم لێ ده‌كرده‌وه‌ ئه‌مه‌ بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی كتێبه‌كان خوێنه‌ره‌كانیانن، ده‌ی ئه‌گه‌ر ڕێگه‌یه‌كی تر، ڕێگه‌یه‌كی باشتر هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌م مێتافۆره‌ تێ بگه‌ین، له‌وه‌ باشتر نابێ!”

project-50%db%b9
هامسته‌ر و خولخولۆكه‌كه‌ی
ئیلوستره‌یته‌ر: سابات عه‌باس

   ئه‌گه‌رچی له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا له‌ دوو بۆ سێ شوێن ناوی هامسته‌ره‌كه‌ ده‌هێندرێت و جۆن گرینـیش پێی وایه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی ئاماژه‌ی پێداوه‌ له‌یه‌ك ده‌چن، به‌ڵام ده‌توانین به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ لێی تێبگه‌ین. ده‌كرێت هامسته‌ره‌كه‌ مێتافۆرێك بێت بۆ مرۆڤی مۆدێرنه‌. ئه‌گه‌ر سیزیف به‌رده‌كه‌ی بردبێته‌ سه‌ره‌وه‌ی گرده‌كه‌ و دواتر بۆ خواره‌وه‌ی گرده‌كه‌ خلۆری كردبێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش كارێكی بێمانا و پووچ بێت، ئه‌وا ئه‌وه‌ی هامسته‌ره‌كه‌، مرۆڤی مۆدێرن، ده‌یكات ته‌واو ئه‌بسێرد و بێمانه‌یه‌. وه‌ك چۆن هامسته‌ر ئاره‌زوو ده‌كات به‌ ده‌وری خولخولۆكه‌یه‌كدا بسوڕێته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌ هیچ شوێنێك بگات و هیچ مه‌به‌ستێكی هه‌بێت، ته‌نیا شتێكی دووباره‌ ده‌كات، ده‌كرێت ئه‌مه‌ بۆ مرۆڤی مۆدێرنه‌ش ڕاست بێت، ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌موو ڕۆژێك ژیانێكی دووباره‌ ده‌ژی و به‌ ده‌وری سیسته‌مێكی دیاریكراودا ده‌سوڕێته‌وه‌ – ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی گێژبوون و بێئاگابوونی – كه‌واته‌ سیسته‌مێك هه‌یه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆی لێی ده‌خوڕێت. ئه‌وه‌ی كه‌ هامسته‌ریش گیاندارێكی ماڵییه‌ و ئاسان داتواندرێت ڕابهێندرێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ مرۆڤی مۆدێرنه‌ش زۆر ئاسان ده‌تواندرێت په‌یوه‌ست بكرێت به‌ سیسته‌مێكی دیاریكراو، ڕابهێندرێت و ماڵی بكرێت، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی باوك له‌ ڕۆمانی حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكمـی شێرزاد حه‌سه‌نـدا ئه‌نجامی ده‌دات؛ به‌و واتایه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌ مۆدێرنه‌كه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و خولخولۆكه‌یه‌، ئه‌وا هه‌ر به‌ گێژیی و بێئاگایی ده‌مێنێته‌وه‌، یان به‌ خولخولۆكه‌كه‌ ڕاهاتووه‌ و داوای ئه‌وێ ده‌كاته‌وه‌. دواتر له‌ ڕۆمانه‌كه‌شدا، تاكه‌شتێك كه‌ ده‌رباره‌ی هامسته‌ره‌كه‌ ده‌یزانین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌مرێت. ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی مرۆڤی مۆدێرنه‌ش ده‌یزانین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌مرێت بێئه‌وه‌ی شتێكی گرنگی ئه‌نجام دابێ، شتێك كه‌ دواتر خه‌ڵكی یادی بكه‌نه‌وه‌.

   به‌ڵام سیزیف جیاوازه‌، سیزیف به‌ئاگایه‌. پێویسته‌ ئێمه‌ سیزیف وه‌ك پاڵه‌وانێك ببینین، چونكه‌ ئه‌و ده‌زانێت ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی ده‌دات ئه‌بسێرد و بێمانه‌یه‌. ئۆگه‌ستسـیش سیزیفێكی یه‌ك قاچه‌. ئه‌و خه‌می ڕزگاركردنی جیهانی له‌ كۆڵناوه‌ و به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ی گرده‌كه‌ هه‌ڵده‌زنێ؛ ئه‌و یاریزانی یاریی تۆپی سه‌به‌ته‌یه‌ و یاریزانێكی زۆر باشه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌ر تۆپێك هه‌ڵبدات، گۆڵ تۆمار ده‌كات. پێش ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌وه‌ بكات تووشی شێرپه‌نجه‌ ئێسقان بووه‌ و ده‌بێت یه‌كێك له‌ قاچه‌كانی ببڕدرێته‌وه‌، هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یكات بێمانایه‌، له‌ كاتێكدا ده‌شزانێت ڕۆژێك دێ ئه‌و ده‌مرێت و كه‌سیش ئه‌وی بیرنامێنێت، چونكه‌ ”ڕۆژگارێك دێت ئێمه‌ هه‌موو ده‌مرین. ڕۆژگارێك دێت كه‌ هیچ مرۆڤێك نامێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ یاد بێت كه‌ هه‌رگیز كه‌سێك بوونی هه‌بووبێت، یان ئه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی مرۆڤایه‌تی هه‌رگیز شتێكی ئه‌نجام دابێت. هیچ كه‌سێك نامێنێته‌وه‌ ئه‌ریستۆ و كیلۆپاترای له‌ یاد بێت، چ جای تۆ. هه‌رشتێك كه‌ ئه‌نجاممان داوه‌ و بونیادمان ناوه‌ و نووسیومانه‌ له‌ بیر ده‌چنه‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ش له‌ پێناوی هیچ دایه‌. له‌وانه‌یه‌ ئه‌م زه‌مه‌نه‌ به‌م زووانه‌ بێت و له‌وانه‌شه‌ دوای چه‌ندین ملیۆن ساڵی دیكه‌ بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ وێرانبوونی خۆریش ڕزگارمان بێت، ناتوانین بۆ هه‌میشه‌ ڕزگار بین…” (جۆن گرین، هه‌ڵه‌ی ناو ئه‌ستێره‌كانی به‌ختمان).

project-53
ئۆگه‌ستس؛ سیزیفێكی یه‌ك قاچه‌
ئیلوستره‌یته‌ر: سابات عه‌باس

ده‌كرێت خوێنه‌ره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌ ڕۆمانێكی ڕۆمانسیی یان سێنتیمێنتاڵ دابنێن، به‌ڵام ئه‌م لایه‌نه‌ و چه‌ندین لایه‌نیتر هه‌ن كه‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ ده‌خه‌نه‌ ناو ئه‌و ڕۆمانانه‌ی كه‌ سه‌ر به‌ ئه‌ده‌بیاتی ئه‌بسێردن، ڕۆمانێك كه‌ كاراكته‌ره‌كانی ناتوانن مه‌به‌ستێك بۆ بوونیان بدۆزنه‌وه‌، به‌ڵام هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ ڕێگه‌ی ئه‌زموون و كرداره‌كانیانه‌وه‌ مانا دروست بكه‌ن، ”تاكه‌شتێك كه به‌ هۆیه‌وه‌ ده‌توانین به‌ره‌نگاریی ئه‌م پووچییه‌ ببینه‌وه‌ هونه‌ر و داهێنانه‌” (ئه‌لبێر كامۆ، ئه‌فسانه‌ی سیزیف)، یان هه‌روه‌ك پیته‌ر ڤان هاوتنـی نووسه‌ر، له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ هه‌یزڵ و ئۆگه‌ستس، ده‌پرسێت، ”ئایا ئه‌و مانا ڕاچڵه‌كێنه‌ كه‌مخایه‌نه‌ی كه‌ هونه‌ر پێمان ده‌به‌خشێت به‌هاداره‌؟ یان تاكه‌به‌هایه‌ك له‌ تێپه‌ڕاندنی ئاسوودانه‌ی كاتدایه‌؟” (جۆن گرین، هه‌ڵه‌ی ناو ئه‌ستێره‌كانی به‌ختمان).

جۆن گرین ده‌رباره‌ی تێگه‌شتن و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌ ده‌ڵێت، ”هه‌روه‌ك ده‌گوترێت، خاوه‌نی كتێبه‌كان خوێنه‌ره‌كانن و من هیچ كێشه‌یه‌كم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ خه‌ڵكی كتێبه‌كه‌ی منیان به‌دڵ نه‌بێت یان ڕه‌خنه‌ی لێ بگرن، چونكه‌ له‌ ڕاستیدا ئه‌م كتێبانه‌ به‌ كتێبی خۆم نازانم. من ئیشه‌كه‌ی خۆم به‌ باشی ئه‌نجام داوه‌، ئه‌وه‌ی پێم كراوه‌ كردوومه‌. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر خوێنه‌ر؛ ده‌بێت خوێنه‌ریش ئیشی خۆی به‌ باشی بكات. ئه‌گه‌ر پێكه‌وه‌ بتوانین شتێكی به‌نرخ و باش دروست بكه‌ین، ده‌ی من سوپاسگوزارم. ئه‌گه‌ریش نه‌مان توانی، ئه‌مه‌ زۆر خراپه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ نووسه‌ری دیكه‌ زۆرن.”

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ ٥٢٨ هەفتەنامەی ڕه‌خنه‌ی چاودێردا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌

لێکدانەوەیەکی سێمیۆلۆژیکی بۆ چیرۆکی ئەیووب

دیدی من – وێستمینیستەر سیۆلۆجیکەڵ جۆرناڵ

ئێڵمەر بی سمیک

لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

لەم تێکستەدا ھەوڵ دەدەین خوێندنەوەیەکی سێمیۆلۆژیکی ئەنجام بدەین. ئەم خوێندنەوەیە ھێما بەکار دەھێنێت بۆ تێگەیشتن لە تێکست، لەبەر ئەوەی لێکدانەوە باوەکان ڕەنگە ھەموو کات ڕاست نەبن، ئەم خوێندنەوەیە بۆ ھەر لێکدانەوەیەک کە لە یاسای شیکارکردنی کتێبە پیرۆزەکان دەرنەچێت کراوە دەبێت. جەیمس جەی ویڵیامس دەڵێت: ”تێکستێک لە ناو کتێبی پیرۆزەوە وەرگیرابێت بە ئاسانی ناتوانرێت بکرێتە ڕیزی ژانرایەک کە لە دەرەوەی ئەم کتێبانە بن.”

 ویلیام ویدبی لە کتێبی ھێما 7 چیرۆکی ئەیووب وەک تێکستێکی کۆمیدی لێک دەداتەوە؛  ویدبی دەڵێت کە بە ھەندێک لە ئاماژەی ناو تێکستەکە دەتوانین ھەست بەوە بکەین کە پرسیارەکانی ئەیووب وەک گومانێک وان و دەبنە گاڵتەکردن بە بەشێک لەو باوەڕە باوانەی کە لە ئاییندا ھەن.  بەڵام بۆ لێکدانەوەیەکی ڕاست ناکرێت تەنیا وشە یان دێڕ لێک بدرێنەوە، بەڵکو دەبێت ئەو دێڕانە لەناو دەقەکەدا شی بکرێنەوە. ئەیووب بە گاڵتەجاڕییەوە ناپرسێت: “کێ دەتوانێت بە خودا بڵێت ‘تۆ چی دەکەیت؟'” (9:12)  ئەو پرسیارەی مێشکی ئەیووب‌ی داگیر کردووە ئەوە نییە کە ئایا ھەموو ھێزێک بۆ خودا دەگەڕێتەوە یان نا، بەڵکو ئەو لەوە دەپرسێت کە ئایا خودا چۆن ئەو ھێزە زۆرەی بەکار دەھێنێت. کەواتە دادپەروەری، نەک ھێز، ئەو پرسیارەیە کە بیرکردنەوەکانی ئەیووب ئاڵۆز دەکات. بەھێزیی خودا بووەتە ھۆی دروستکردنی تارمایی خودایەکی نادادپەروەر لە ھزری ئەیووب‌دا.  بەڵام لەگەڵ ئەم پرسیارکردنەشدا ئەیووب باوەڕی بە دادوەریی خودا ھەیە و دەزانێت خودا تەنیا کەسە کە تاوانەکانی دەسڕێتەوە و لێی تێدەگات (13:18). “ئەگەر ئەو خودا نەبێت، کەواتە کێ خودایە؟” ( 9: 24) ئەیووب ئازار دەچێژێت و ئەزموون و لۆژیکی ناکۆکن، بەھ ۆی ئەمەشەوە گوتەکانی دژیەکن. ئەو دژی خودا لەگەڵ خودادا مشتومڕ دەکات.

jobc10

شیکردنەوەی پرسیارەکان بە جۆرێک کە مانای گاڵتەکردن بێت بەو باوەڕانە، دەتوانێت مانای تێکستەکە تەواو پێچەوانە بکاتەوە. ئەم بۆچوونەش نەشیاو نییە، بەڵام دەبێت دەق وەلا نەنرێت لە کاتێکدا دێڕێک شی دەکرێتەوە.  ئەیووب دەڵێت: “دەسەڵات و  ژیری بۆ خودا دەگەڕێتەوە. ڕاوێژ و تێگەیشتن تەنیا ھیی خودایە” (12:13).  لێرەدا ئەمەش دەکرێت وەک ڕەخنەیەک ببینرێت کە واتە خودا بەو جۆرەش بەھێز و ژیر نییە.  کەسێکی ژیر، بۆ ئەوەی بونیاد بنێت دەبێت سەرەتا ڕوخێنەر بێت، بەڵام کاتێک خودا شتێک لە ناو دەبات، مەحاڵە دروست بکرێتەوە.  “ئەوەی خودا دەیڕوخێنێت، دروست نابێتەوە” (12:14).  کەسێکی ژیر کەش بۆ باشتربوونی باری ژیان بەکار دەھێنێت، بەڵام خودا “ئاو دەگەڕێنێتەوە و وشکایی دروست دەکات، هەروەها کاتێک ئاو دەکاتەوە، خاکەکە وێران دەکات.” (12:15).  بە واتایەکی دی، خودا گەردوون بە خراپی بەڕێوە دەبات و ھێزی خۆی ژیرانە بەکار ناھێنێت. بەڵام ئەگەر ئەمە لێکدانەوەیەکی دروست بێت، ئەیووب ھیچ لەو گرفت و دوودڵییانەی نەدەبوو کە لە تەواوی دەقەکەدا ھەستی پێ دەکەین.  ئەمە بۆچوونێکی زۆر ناھاوسەنگ و سادەیە بۆ پەیوەندیی خودا بەم جیھانەوە، بە جۆرێک کە شیکردنەوەکە خۆی دەبێتە کارێکی کۆمیدی. سوفر نیعمان‌ی ھاوڕێی دەپرسێت: “تۆ دەتوانیت لە نھێنییەکانی خودا تێبگەیت؟” (11:70)، ئەیوب لە وەڵامدا دەڵێت” ”کارەکانی خودا بێگومان ئاڵۆز و پڕنھێنین.”

bookjob

ھەڵەیە ئەگەر گومان لە ناخی ئەیووب بکەین، هەروەها ھاوڕێکانی ھەڵە بوون کە پێیان وا بوو ڕەفتارەکانی ئەیووب ئەم ئازارچەشتنەی لێ کەوتەوە.  سەرزەنشتکردنی ئەیووب لە لایەن خوداوە لە بەشی 38:2 تەنیا بۆ ئەو قسانەی بوو کە لە کاتی  ئازارە سەختەکانی دەیگوت، نەک بۆ گوناھەکانی پێشتری. ئەو تیۆرییەی ھاوڕێکانی دایان ڕشتبوو ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوان دەتوانن پێشبینیی کارەکانی خودا بکەن و دەتوانن لەوە تێبگەن کە خودا بۆ ئەیووب سزا دەدات. ئیلھو لێرەدا دێتە ناوەوە و ڕوونی دەکاتەوە کە ھاوڕێکان و ئەیووب خۆیشی خاوەنی ئەو زانیارییە نین. خودا پیشانی دەدات کە زانیاریی مرۆڤ چەند سنووردارە و دەفەرموێت: “ئەو کەسە کێیە کە مەبەستەکانی من بە گوتە بێ زانیارییەکانی خۆیەوە لێڵ دەکات؟” (38:2).  دواتر خودا سەرنجی ئەیووب لە یاسا توندەکانی ئایینەوە دوور دەکاتەوە، ھەر بۆیە لە کۆتاییدا ئەیووب لەو ئەندازە فراوانەی پەیوەندیی خودا بە دروستکراوەکانییەوە تێدەگات.

مەزرای ئاژەڵان و 1984: شۆڕشە سەرنەکەوتووەکان، بەشی دووەم

دیدی من – ئای ئێس ڕیڤیو

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

1984 بەناوبانگترین کتێبی جۆرج ئۆروێڵ‌ـە. زۆربەی دیبەیتەکان لە چەپ و ڕاستیشەوە لەسەر ئەم کارەی ئۆروێڵ‌ـە؛ ڕاستەکان ئەم کتێبە دژی سۆشیالیستەکان بەکار دێنن و ھەندێک لە چەپەکان وەک ئەفسانەیەک مەزەندەی دەکەن کە دژەستاڵین‌ـە. ئۆروێڵ لەم کارەدا مەبەستی ئاگادارکردنەوە بووە لە سیستەمی تۆتالیتاری لە بەڕیتانیا و یەکێتیی سۆڤییەت.

کارەکتەری سەرەکی لە ،1984 وینستۆن سمیت‌ـە، کە لە ئۆقیانوسیا لەژێر سیستەمیێکی تۆتالیتاری دەژی. لەم ڕۆمانەدا ئۆقیانوسیا یەکێکە لە وڵاتە زلھێزەکانی جیھان و لە جەنگێکی ھەمیشەییدایە لەگەڵ دوو زلھێزەکەی تری جیھان، ئۆراسیا و ڕۆژھەڵاتی ئاسیا. وینستۆن بەبەردەوامی لەژێر چاودێریی ڕێبەری گەورە و پۆلیسی خەیاڵدا دەژی، ھەر وشەیەک یان خەیاڵێک دژی سیستەمەکە لە ھزریدا دەبێتە ھۆی ڕووبەڕووبوونەوی وینستۆن لەگەڵ پۆلیسی خەیاڵ. وینستۆن لە وەزارەتی ڕاستی لە بەشی پروپاگەندە کار دەکات وە کارەکەی نووسینەوە و گۆڕینی ڕابردووە. یەکێک لە ناودارترین دروشمەکانی ئۆروێڵ لەم کارەیدا دەردەکەوێت، کە تیایدا زۆر وریایانە ئایدیای دژیەکانەی بیری تۆتالیتارەکان دەخاتە ڕوو: “شەڕ ئاشتییە، کۆیلایەتی ئازادییە، نەزانی ھێزە.”

گرنگیی ڕۆمانەکە لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە وینستۆن پرسیار لەو ڕەوشی ژیانکردنە دەکات و باس لەو بەرھەڵستییەی ناخی خۆی دەکات، کە بەردەوام لە زیادبووندایە. وینستۆن دەپرسێت، “چۆن دەتوانیت بزانیت چەند لەمانە ڕاستن؟ پێدەچێت ڕاست بێت و ژیانی مرۆڤەکان ئێستا باشتر بێت وەک لە ژیانی پێش شۆڕش. بەڵام ھەستکردن بەو بارودۆخە سەختەی ئێستا لێی دەژیت، بەڵگەیە بۆ بوونی زەمەنێک کە بارودۆخی ژیان لەمە باشتر بووە وە تەنھا بەڵگەیەکیش کە بوونی ھەبێت، ئەو ناڕەزایییە بێدەنگانەی ناخی خۆتن.”
george-orwell (1)

وینستۆن لە دەفتەری یادەوەریەکەیدا دەنوسێت: ” تێدەگەم چۆن، بەڵام  تێناگەم بۆ.” بەردەوام دەبێت و دەڵێت، “ئازادی واتە ئازادیی گوتنی دوو کۆی دوو دەکاتە چوار. ئەگەر ئەم ئازادییە بەدەست ھات، ھەموو شتێکی تر بەدوایدا دێتە دی.”

وینستۆن و خۆشەویستەکەی، جولیا، دەیانەوێت یاخی ببن و ھەوڵی دۆزینەوەی ئەو ھێزە بەرگرییە دەدەن کە بە ناوی کۆمیتەی برایەتی تەنھا وەک ئەفسانەیەک بوونی ھەیە. ئەوان دەیانەوێت بە بوون بە ئەندام لەم کۆمیتەیە ئەوھێزە لە ناو ببەن، کە کۆنتڕۆڵی ھەموو لایەنێکی ژیانیان دەکات. وینستۆن بە جولیا دەڵێت، “ئەو کاتەی توانییان ئەوینی تۆم تێدا نەھێڵن، ئەو کاتە بەڕاستی تۆم بە دەستەوە داوە.” وەڵامی جولیاـش: “ئەوەیان پێ ناکرێت. ھەموو شتێکیان پێ دەکرێت ئەوە نەبێت. ڕێیان نییە بچنە ناو ناختەوە.” بەڵام ئەوان ھەڵەن؛ دەستگیر دەکرێن و لە ژوورە  مەترسیدارەکە، ژوری 101، ئەشکەنجە دەدرێن، ھزر و ھەناویان تێک دەشکێندرێت. لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا، وینستۆن خۆشەویستیی خۆی بۆ ڕێبەری گەورە ڕادەگەیەنێت. ئەو وێنە تاریکانەی ئۆروێڵ لە کاتی ئەشکەنجەکاندا دەیاننەخشێنێت، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو سەرنجڕاکێشن.

لە 1984ـدا، ھیوایەک بۆ چینی کرێکاران لە وینستۆن و خوێنەرانیشدا دەبینرێت، بەڵام ھەرکاتێک دەرگەی ھیوا دەکرێتەوە ئۆروێڵ زۆر بەتوندی ئەو دەرگەیە دادەخات. ئەو کرێکاران بە کەسانێک وێنا دەکات کە ھیچ ئاگایییەکیان نییە لە کۆمەڵگەدا لە نزمترین چینن و ھیچ ویستێکی دژایەتیکردنیان نییە. ئۆروێڵ لە باسی کرێکاراندا دەڵێت، “وەک مێروو وان و تەنھا شتە بچووکەکانی پێش خۆیان دەبینن، ھیچ تەنێکی گەورە نابینن.” ئۆرویڵ کرێکاران وەک پارادۆکسێکی بێچارەسەر دەبینێت و دەڵێت، “ھەتا بەئاگا نەیەن، ھەرگیز یاخی نابن، تەنانەت دوای یاخیبوونیشیان ناتوانن بەئاگا بێنەوە.” ئەم بۆچوونەی ئۆروێڵ ھەموو ئەو ئەگەرانە ڕەت دەکاتەوە کە کرێکاران دەتوانن ببن بە ھێزێک کە گۆڕانکاری دێنێتە دی. پاوڵ ئۆفڵین، ڕەخنەگری ئەدەبیی چەپ، دەڵێت، “بەدڵنیایییەوە 1984 ئاگەدارکردنەوەیەکە لەو ستەمانەی دەکرێت لە داھاتوودا ڕووبدات، بەڵام لە ھەمان کاتتدا ئۆروێڵ دەیەوێت ئەو تەنھا ھێزە بخنکێنێت کە ئەگەری ھەیە بتوانێت ڕێگری لە ھاتنە دی ئەو ئاگەدارکردنەوانە بکات.” لێرەدا مەبەست تەنھا دەرخستنی بێ سوودیی یاخیبوونە لە کاتێکدا کە ڕابەری یاخییەکان، گۆڵدستەین، کە ئۆروێڵ وەک لیۆن ترۆتسکی‌ـی شۆڕشگێڕی ڕوسی وێنای دەکات و خودی یاخیگەرێتی ئەفسانەیەکە و ڕێبەری گەورە دروستی کردوون. ئازارەکانی وینستۆن و و شکستەکەی ھەقیقەتێکی ڕەھان. ئەشکەنجەدەری وینستن، ئۆبراین، دەڵێت، “ھەموو کات، لە ھەموو ساتێکدا، جۆشێکی زۆر بۆ بردنەوە ھەیە. بەڵام ئەگەر وێنەیەکی داھاتووت دەوێت، جزمەیەک بێنە خەیاڵت کە بەسەر ڕووخساری مرۆڤەوەیە.”
download

ڕەخنەیەکی توند لەو پارادۆکس و دژیەکیانە دەگیردرێت کە لە ڕۆمانی 1984ـدا ھەیە. ئەم دژیەکیانە بوونەتە ھۆکاری دروستبوونی چەند تێڕوانینێک کە ئۆروێڵ ھەرگیز نیازی نەبووە خوێندنەوەی لەم جۆرەی بۆ بکرێت. ئەمەش بە شێوازێکە کە پەبلیشەری ئۆروێڵ دەڵێت ئەم کتێبە نرخی یەک ملیۆن دەنگە بۆ پارێزگارەکان.

 ھەندێک لە ڕاستەکان ستراتیژییەکی جیاواز لەگەڵ ئۆروێڵ بەکار دەھێنن، کە ئەویش سڕینەوەی ھەموو ئەو بەشانەیە کە ئۆروێڵ تێیدا دژی کاپیتاڵیزم دەنوسێت و ھەوڵی دەرخستنی کارە نەشیاوەکانیان دەدات. بەڵام چەپە ستالینییەکان زۆر بەتوندی ڕەخنە لە ئۆروێل دەگرن بەتایبەتی لە ڕۆمانی 1984ـدا. ئایزاک دۆیچەر، کە یەکێکە لە باوکانی چەپی نوێ، ئۆروێڵ وەک ئەنارکیست ھەژمار دەکات کە دەیەوێت پشێوی دروست ببێت و پشتگیری ھیچ دەسەڵاتێک ناکات. دۆیچەر باوەڕی وایە کە یەکێتیی سۆڤییەت دەوڵەتی کرێکارانە و داگیرکردنی ڕۆژئاوای ئەوروپا بەرەوپێشچوونێک بوو بۆیان. مارکسیستەکانی پێشوو، وەک کریستۆفەر ھیچێنس و ڕەیمۆند ویڵیامس، کارەکانی ئۆروێڵ‌ـیان وەک ڕەتکردنەوەیەک بۆ چەپەکان و وەک بیانوویەک بۆ دەستکێشانەوەی خۆیان بەکار ھێناوە.

animal-farm-george-orwell-paperback-cover-art

کاتێک کە ئۆروێڵ بە ھۆی نەخۆشیی سیل‌ـەوە دەیناڵاند، قسەوباس لەسەر  ڕۆمانی 1984 دەستی پێ کرد. ئۆروێڵ ھەندێک ھەنگاوی نا بۆ ڕزگارکردنی ئەم کارە لەدەست ڕاستەکان و دەریخست کە ” ڕۆمانە نوێیەکەم ھێرشێک نییە بۆ سۆشیالیزم.”

ئۆفڵین لە کتێبەکەیدا دەڵێت، ” مەترسییەکە لەو بونیادەیە کە بەسەر کۆمەڵگەی سۆشیالیست و کاپیتاڵیستی لیبراڵ‌ـدا سەپێنەراوە، ئەویش پێویستیی خۆئامادەکردنە بۆ جەنگێکی ھەمیشەیی دژی ڕوسیا و چەکە نوێیەکان، کە لە نێویاندا بۆمبی ئەتۆمی بەھێزترین بوو… بەڵام بە ھەمان شێوە مەترسیش لە دیدی تۆتالیتاریی نووسەرەکاندایە. ئەو مۆڕاڵەی کە دەبێت لەم مەترسییانەوە دروست ببێت زۆر سانایە: ڕێگە مەدەن تۆتالیتاری ڕوو بدات. ئەمەش پشت بە ئێوە دەبەستێت.”