Category Archives: ڕاپۆرت

پەڕاوی ڕۆژنامەگەریی کوردی: پیرەمێرد و ڕۆژنامەگەریی کوردی

دیدی من – ساڤان ئاکۆ

هەر کاتێک گوێبیستی ناوی پیرەمێردی شاعیر دەبین، ڕاستەوخۆ ڕۆژنامە و گۆڤار دێتە خەیاڵمان و بە پێچەوانەشەوە، هەر کاتێک باس دەچێتە سەر ڕۆژنامەگەریی کوردی، پیرەمێرد هەمیشە لە ئاوەزماندا بووە، بەو پێیەی کە دەستێکی دیاری لە ڕۆژنامەگەریی کوردیدا هەبووە و کاری زۆری تێدا کردوە، تا کۆتاییەکانی ژیانی لە کارکردنی لە ڕۆژنامەدا بەردەوام بووە و لە ڕێگەیەوە هەوڵی داوە بۆ بەئاگاهێنانەوەی تاکی کورد و هەروەها ئازار و مەینەتییەکانی کوردی لەو ڕۆژنامانەدا پیشان داوە، کە لە ئیستەنبووڵ بڵاوی دەکردنەوە و خاوەن ئیمتیازیان بووە. دەتوانین بڵێین کە سەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکان وەک ماڵێک یان دەفتەرێکی یاداشت بوون بۆ پیرەمێرد و سەرگوزشتەکانی خۆی تێیاندا بڵاو دەکردەوە.

پیرەمێرد ناوی حاجی تۆفیق بەگ کوڕی مەحموود ئاغایە و لە تەواوی گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بەو ناوە بابەتی بڵاو دەکردەوە، تا ساڵی ١٩٣٢ لە ژمارەی ٣١٢ی ڕۆژنامەی ژیاندا، ناوی خۆی لە حاجی تۆفیق بەگەوە کرد بە پیرەمێرد، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی شیعری بەیانی بوو لەخەو هەستام، کە ڕوانیم بەفرە باریوە. پیرەمێرد ڕۆژنامە هەفتەییەکەی ژیانی دابەش کردبوو بەسەر هەشت بەشدا، کە پێک هاتبوون لە ئەدەبی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەلسەفی، مێژوویی، زانستی، ئایینی و بەشی گاڵتەوگەپ و بەپێیان بابەتی ڕێک دەخست و بڵاو دەکردەوە. پاشان لە ژمارەی هەر ڕۆژنامەیەکدا گۆشەیەکی بۆ پەندی پێشینان دەکردەوە. هەروەها پیرەمێرد ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە چەسپاندنی ئەدەبی بەراوردکاریدا، کە لە چەند ژمارەیەکی ڕۆژنامەکەدا باسی لێوە کردوە و بەراوردی نێوان شیعری چوار نەتەوە کردووە، کە شیعرێکی عەرەبی و کوردی و تورکی و فارسین و ئەو شیعرانە لە لایەن چوار شاعیرەوە بۆ هەمان باس گوتراون.

پیرەمێرد هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوە و شیعری لا هەبووە، بەڵام هەرگیز نووسینەکانی دیار نەبوون و نەخراونەتە بەردەست. هەروەها دەتوانین بڵێین کە پیرەمێرد سەرچاوەی چەندین زانیاری و ئەدەبیات و شیعر بووە، بە هۆی ئەوەی کە خوێنەربووە لە سەرەتاکانی زووی تەمەنییەوە و بەدرێژایی تەمەنی، لەبەری کردوون و لە ئاوەزیدا هەڵی گرتوون، هەروەک خۆی لە پارچەیەک لە یادداشتەکەیدا کە لە ڕۆژنامە بڵاوی کردووەتەوە باس لەوە دەکات و دەڵێت: ”هەرچی تۆ بڵێیت کتێب و مەئخەزە لام نییە و بەدەستمەوە نییە، سەرمایەکەم حافزەیە، گەرچی ئەنووسم لە توورەکە کۆنە جاوەکەی ناو کەلـلەمی دەردێنم، کە هەشتا ساڵە من هەڵی ئەتەکێنم، وەک جەواڵی ئارد تۆزی لێ ئەبێتەوە.”

پیرەمێرد خوێندکاری کۆلێژی یاسا بووە لە ئیستەنبووڵ و کاری ڕۆژنامەوانیی بۆ ئەو لەوێوە دەستی پێ کردووە و لەوێوە ئەدەبیاتی کوردیی ناساندووە بەو جیهانە نوێیە.

سەبارەت بە زانیارییەکانی ژیانی قووڵ نابینەوە و بۆ ئەو مەبەستە دەتوانرێت سوود لە کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەی ئومێد ئاشنا وەربگیرێت، بە هەمان شێوە کە من سوودم لێی وەرگرتووە، کە تیایدا سەرجەم یادداشتەکانی پیرەمێردی لە سەرجەم ژمارەکانی گۆڤاری ژین و ژیاندا کۆ کردوونەتەوە و لە کتێبێکی دووبەرگیدا پێشکەشی خوێنەری کردوون، لەگەڵ سەرجەم بەرهەمەکانی پیرەمێرددا.

ئەمانەی دێن، ناوی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەن کە پیرەمێرد سەرنووسەر یان خاوەن یان لە دەستەی نووسەرانی بووە، یان نووسەرێکی چالاک بووە تیایاندا:

— گۆڤاری ڕەسملی کتاب، لە ئیستەنبووڵ، خاوەنی ئیمتیازی بووە

– ڕۆژنامەی کورد لە ئیستەنبووڵ، بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی بڵاو کراوەتەوە، خاوەنی ئیمتیازی بووە

– لەگەڵ فایەق سەبری بەگ، ڕۆژنامەی مصور محیطیان دەرکردووە

– لە ڕۆژنامەی ژین شیعر و نووسین و وەرگێڕانی هەیە، کە ئەمیش لە ئیستەنبووڵ بە تورکی و کوردی دەرچووە

– لە گۆڤاری نەهەنگ و لە ڕۆژنامەی شەمس و ڕۆژنامەی ترجمانی حقیقتدا زۆر جار نووسین و شیعری هەبووە، هەروەها زۆر جار سەروتاری بۆ ڕۆژنامەی إقدام و حریت نووسیوە

– لە گۆڤار إجتهاددا بەرهەمی خۆی و نەژادی کوڕی بڵاو کردووەیەوە

– سەرپەرشتی ڕۆژنامەی ژیان بووە و بەرهەمی خۆی تێدا بڵاو کردووەتەوە و دوواتر بووەتە بەرپرسیاری ڕۆژنامەکە

ئامادەکاری پەڕاو: ساڤان ئاکۆ

بۆچی شیعر؟

دیدی من – تەلەگراف

لە ئینگلیزییەوە: ساڤان ئاکۆ

دانیاڵ هالپێرن، شاعیر و بەڕێوبەری کار و بڵاوکراوەکانی ئی سی سی ئۆ، هەستا بە ئەنجامدانی ڕاپرسییەکی گرنگ سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی کە بۆچی خواست لەسەر شیعر زۆرە و شیعر چییە تا وا لە مرۆڤەکان بکات هەست بە هاودەمی و هاوخەمی بکەن و ئارامیان بکاتەوە. هەموو ئەمانەی لەژێر پرسیاری ”بۆچی شیعر؟”دا کۆ کردەوە و ئاڕاستەی کەسانی دیکەی کرد.

دانیاڵ هاڵپێڕن

دەقی ڕاپرسییەکە:

هەندێک کتێبە شیعر، چەندین کۆپیی زۆری لێ دەفرۆشرێت، بە هەستێکی چەندێتییەوە، بۆیە پشتگیریکردنی شیعر سوودی چییە؟ چ مادی بێت یان مەعنەوی. کێشەکە لەو ژمارە زۆرە کتێبە شیعرییانەی ساڵانە دەفرۆشرێن گەورەترە، کێشەکە لەبارەی زمانەوەیە. پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی ملیۆنەهای خەڵک پەنا دەبەنە بەر شیعر لە ڕێوڕەسمە گرنگەکانی وەک ئایینیەکان، ئاهەنگی هاوسەرگیری، ڕێوڕەسمی ناشتن، لە کاتی دڵخۆشیدا، لە خەم و پەژارەکاندا، پیاهەڵدان و لە بۆنەی لەدایکبوونەکاندا؟ چونکە زمانی شیعر لە زمانی ڕۆتینی خۆی بەدوور دەگرێت، بەڵام باشترین شیعر لە هەمان کاتدا شانازی بە ڕۆتینبوونی زمانەکەشیەوە دەکات، زمانێک کە بە جۆرێک جەختی خراوەتە سەر، کە مانای ڕاستەقینە و هەست و سۆزی بۆنخۆشانە هەڵدەڕێژێت.

شاعیر میرڤان گوتوویەتی: ”شیعر ئاڕاستەی تاک دەکات لە تایبەتترین، دەروونیترین، سامناکترین و خۆشترین ساتەکاندا، چونکە لە هەر فۆڕمێکی تری هونەر بە نزیکتر دەژمێردرێت بۆ ئاماژەدان بەوەی کە ناتوانرێت بگوترێت و دەربڕینی ئەوەی کە ناتوانرێت دەرببڕدرێت، شیعر لە ڕەسەنایەتیی زمانەوە نزیکە.”

هەروەها سەبارەت بە فرۆشی کتێبەکان شاعیر لویس گلوک، وەڵامی دایەوە و گوتی: ”ڕەنگە کتێبەکان نەفرۆشرێن، بەڵام نە فڕێدەدرێن و نە دەشبەخشرێنەوە. لە کتێبەکانی دیکەدا زیاتر دەخوازن کە لە دەستی خوێنەردا پەرت ببن. نامەوێت هەواڵی نوێ ببیستم لە کلتوور و ئابووریەک لەسەر داڕزین بونیاد نرابێت، بەڵام کتێبێک کە بەم جۆرە خۆش بویسترێت و پشتی پێ ببەسترێت بۆ دڵدانەوە و نوێکردنەوەیەکی خەستی دڵخۆشی، بۆ من سەرسامکەرە.”

لویس گلوک

شاعیری ئەڵمانی یانیس رایتسۆس، کە بە هۆکاری سیاسی دەستگیر کراوە، کە لە بەندینخانە بووە شیعرەکانی لەسەر کاغەزی جگەرە نووسیوە و دەیئاخنیە ناوەوەی چاکەتەکەی و کاتێک ئازاد کرا، بە شیعرەکانیەوە لەبەریدا، هاتە دەرەوە.

شاعیری ئۆکرانی ئیرینا، کاتێک لە بەندینخانە بوو، شیعرەکانی لەسەر قاپی کانزای سووپەکەیدا دەنووسی و کاتێک شیعرەکانی لەبەر دەکرد، قاپەکەی دەشت.

ڕۆماننووس ڕیچارد فۆرد، جیاواز لە شاعیرانی دی، گوتی: ”پرسیارەکە ئەوە نییە بڵێیت بۆچی شیعر، ئەوە نییە بپرسیت چی وا لە شیعر دەکات لە هەموو فۆڕمەکانی دیکەی هونەر جیاواز بێت، شیعر ڕەنگە بنچینەی هاوبەشی لەگەڵ فۆڕمەکانی دیکەی دەربڕینی جیاوازدا هەبێت. پرسیارێکی گرنگتر هەیە، کە ئەوەیە سروشتی ئەزموون چییە؟ بەتایبەتی ئەزموونی بەکارهێنانی زمان، کە دەربڕینی شاعیرانە بانگەشە دەکات بۆ ناو بوون؟ ئەزموون چییەتی و چیی تیایە کە وا ناتوانرێت دەرببڕدرێت؟ ناتوانیت بە تەواوی پێناس لەبارەی شیعرەوە بکەیت، ناتوانیت سروشتەکەی داببەزێنیتە ئاستێکی ناوەکی، کە کەمبینینێک بێت بۆ بوونە هەمەچەشنەکەی. پێم وابێت تەواوی گفتوگۆکەم پێشنیاری ئەوە دەکات، کە ئەگەر ناتوانیت بە باشی وەڵامی پرسیاری ‘بۆچی شیعر؟’ بدەیتەوە، نابێت کەم بینرخێنیت بەو ڕێگەیەی کە هەست دەکەم نایتوانیت. پاشان هەست دەکەم ئەوە بەهێزترین بەڵگەیە کە شیعر کاری خۆی دەکات؛ خولقاندنی پێویستییەکەی بنەڕەتییە و دواتر قایلکردنییەتی.”

ڕیچارد فۆڕد

کاتێک بۆ شیعرێک دەگەڕێیت لە ڕێوڕەسمێکی یادکردنەوەدا بیخوێنیتەوە، چ شتێکە کە بۆی دەگەڕێیت؟ هەروەها بۆچی بۆ شیعر دەگەڕێیت؟ پێت وایە کە لە شیعردا شتێک دەدۆزیتەوە کە خودی خۆت ناتوانیت ئەو شتە دەرببڕیت؟ کاتێک شیعرە گونجاوەکە دەدۆزیتەوە، چیت بۆ دەردەکەوێت؟ چی دەبیستی؟ چی دەگوترێ؟ هەروەها پێت وایە ئەوانەی خەریکی گریانن، چی دەبیستن؟

ئیمیڵی دیکنسن نووسیویەتی: ”گەر کتێبێک بخوێنمەوە و هەموو جەستەم بتەزێنێ، بە جۆرێک هیچ ئاگرێک هەرگیز نەتوانێ گەرمم بکاتەوە، دەزانم کە ئەوە شیعرە. گەر بە جەستەیی هەست بکەم سەرەوەی سەرم لێ کراوەتەوە، دەزانم کە ئەوە شیعرە. ئەوانە تاکە ڕێگەن کە دەیزانم بۆ پێناسی شیعر.”

دووبارە، بۆچی شیعر؟ وەڵامی شاعیر ڕۆبەرت هاس ئەوە بوو: ”بەهەشتی ونبوو، لە بەرگێکدا چاپ کرابوو کە لە هەزار و پێنجسەد تیراژ کەمتر نەبوو و گۆڕانکاریی بەسەر تەواوی زمانی ئینگلیزیدا هێنا.”

ماوەیەکی ویست، وۆردسوۆرس بیرۆکەی نوێی سەبارەت بە سروشت هەبوو، سۆریا و وۆردسوۆرسی خوێندەوە، مویر سۆریاوی خوێندەوە، تێدی ڕۆزڤیڵت مویری خوێندەوە و باخچەی نیشتمانیی زۆرمان دەست کەوت، سەدەیەکی خایاند، ئەوەی شیعر دەمانداتێ ئەرشیڤێکە، ئەرشیڤێکی پڕ لە بوون سەبارەت بەوەی مرۆڤ بیریان لە چی کردووەتەوە و هەستیان چۆن بووە لە لایەن ئەو شاعیرانەوەی کە زماندۆست بوون.

وۆردسوۆرس

بۆچی پشتگیریی شیعر بکرێت؟ بۆ ئەوانەی پەیوەندییان لەگەڵ بڵاوکراوە و پارێزەرانی دەقەکان هەیە، پشتگیری بکەن بۆ ئەوەی گرەنتیی ئەوە بدەن زمان بۆ نەوەی داهاتوومان تەندروست، بەهێز و لە کۆتاییدا نوێکراوە بمێنێتەوە و توانای هەبێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە کاتی قەیران و ئاهەنگەکاندا.

واڵاس ستیڤنس نووسیویەتی کە پلانی شاعیر بووە، کە یارمەتیی خەڵک بدات ژیانی خۆیان بژین، هەروەها چونکە لە پاڵ شاعیربوونی پیاوێکی فاینانشیاڵ بووە، نووسیویەتی: ”پارە جۆرێکە لە شیعر.” هەروەها ستیڤن خۆی گوتوویەتی: ”ئەندێشە هێزی مرۆڤە بەسەر سروشتدا.”

تیۆریی ناکەسێتیی لە لای تی ئێس ئیلیۆت

دیدی من – لیترەری ئارتیکڵس
له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: ساڤان ئاكۆ

لە تیۆریی ناکەسێتییدا، كه‌ دیارییه‌كی ناوازه‌ی تی ئێس ئیلیۆته‌ بۆ ڕێبازی ڕه‌خنه‌، دەڵێت کە شیعر و شاعیر دوو شتی جیان لە یەکتر، ئیلیۆت تیۆرییه‌كه‌ی لە دوو لایه‌نه‌وه‌ ڕوون دەکاتەوە، ئەوانیش ”پەیوەندیی شاعیر بە ڕابردووەوە “ و ”پەیوەندیی شیعر بە نووسەرەکەیەوە“

سەبارەت بە لایه‌نی یەکەم دەڵێت، ڕابردوو هەرگیز نەمردووە و لە دەمی ئێستادا ئامادەیی هەیە، هەروەها گەر بە بیرکردنەوەیەکی فراوانەوە لە شاعیر نزیک ببینەوە ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە کە نەک باشترین بەشەکان بەڵکو بەشە زۆر كه‌سییه‌كانی کارەکەی ڕەنگە ئەوانە بێت کە تیایدا شاعیرە مردووەکان و بابوباپیرانیان  نه‌مرن.

بەرەوپێشچوونی هونەرمەند قوربانیدانە بەو خوودە بەردەوامەی کە هەیەتی، کوشتنی کەسایەتیی بەردەوام. بە بڕوای ئەو ئەرکی سەرشانی شاعیرە کە لەکارەکەیدا بەرکەوتەی کەسیی و تایبەتیی خۆی داببڕێت و لە دەرئەنجامدا فۆڕمێکی نوێلە ئاوێتەبوونی ڕابردوو و ئێستادا، بەرهەم دێت .

ئەمە لایه‌نی دووەمی تیۆریی نابابه‌تییبوون دەهێنێتە به‌رباس کە تیایدا ئیلیۆت ئەوە پیشان دەدات کە گەورەیی شاعیر بەندە بەوەی کەسێتیی خۆی ڕەنگبداتەوە لە کارەکەیدا، شاعیر دەبێت حەزی تایبەتیی هەبێت و سەرنجڕاکێش بێت بە شتێک و شتێکی بەدڵ نەبێت، بەڵام نابێت لەنێو شیعرەکەیدا دایبنێت، لەگەڵ ئەوەشدا شاعیر دەبێت هەستی هەمەجۆری هەبێت کە لە ئازادیدا هەبن و بچنە قاڵبی پێکهێنانی نوێوە.

کەواتە، له‌ كۆتاییدا، ”شیعر دروستکردنی سیناریۆیەک نییە لە هەست و سۆز بەڵکو ڕاکردنە لە هەست و سۆز، دەربڕینی کەسێتی نییە بەڵکو ڕاکردنە لە کەسێتی.“ کەواتە شیعرەکە، نەوه‌ک شاعیرەکە، چەقی خاڵی ”ڕەخنەیی ڕاستگۆ و قەدرزانینی هەستیارانەن.“

دەربارەی ڕۆمانی وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان، بەشی دووەم

دیدی من

ڕابەر فاریق


پاژی دووه‌م

شه‌قامی مسیۆ دۆبرێ 

له‌ شه‌قامی مسیۆ دۆبرێدا، کیژێک ده‌ناسێ که‌ ناوی ژینایه‌. ئه‌م شه‌قامه‌، یه‌کێکه‌ له‌ شه‌قامه‌ هه‌ره‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌کانی (تانجور)، به‌وه‌ی: هه‌موو ساختمان و فرۆشگه‌کانی به‌ شێوه‌یه‌کی نائاسایی خۆیان پیشان ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ به‌ده‌ر له‌وه‌ی که‌ ڕووی پێشه‌وه‌ی ئه‌م شه‌قامه‌ ده‌ڕوانێته‌ ڕووبارێکی باریکی ئارام، ئه‌م دیمه‌نه‌یش سه‌رنجی فه‌رهاد تانجووریی دووه‌م به‌ره‌و جوانییه‌کانی خۆی به‌ کێش ده‌کا و هه‌ناسه‌ی فێنک ده‌کا.

له‌وێدا، پاڵه‌وانی ئه‌م ڕۆمانه‌ باس له‌و شوێنانه‌ ده‌کا که‌ سۆزانییه‌کان له‌ نێویدا کۆ ده‌بنه‌وه‌، ئه‌و سۆزانییانه‌ی که‌ نرخی نووستن له‌گه‌ڵیاندا په‌یوه‌سته‌ به‌ ڕێژه‌ی ته‌مه‌نیان، دوای ئه‌مانه‌یش دێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ نه‌خۆشییه‌کی پێستیی ناترسناک ده‌که‌وێته‌ جه‌سته‌ی له‌شفرۆشه‌کان و سه‌رپه‌رشتیاری شاره‌که‌یش، بڕیار ده‌دا که‌ چیدی سێکسکردن به‌ ڕووتی یاساغه‌، ئه‌م بڕیاره‌یش بۆیه‌ ده‌رده‌کا، تا له‌ ڕێگه‌ی فرۆشتنی شمه‌که‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی دی و جیاوازتر بازرگانی بکا به‌ هاووڵاتییه‌کانی و نه‌خۆشییه‌که‌یش نه‌بێ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی سێکسکاره‌کان ترسیان لێ بنیشێ. ئه‌م وێنه‌یه‌ ئه‌و سکێچه‌مان بۆ ده‌کێشێ که‌ سه‌رۆکی ئه‌م وڵاته‌ هێنده‌ی کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی له‌کن گرنگه‌، تا ئه‌و ئاسته‌ گرنگی به‌ ژیان و پارێزگاریکردن له‌ بوونی کۆمه‌ڵگه‌که‌یه‌وه‌ بێمانایه‌، ئه‌مه‌یش ده‌رهاویشته‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاتباره‌کانی جیهان له‌و کاتانه‌دا که‌ هێزیان ده‌که‌وێته‌ ده‌ست به‌ هه‌ر کڵۆجێک بێ له‌ هه‌وڵی ئه‌مه‌دا ده‌بن، که‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ مۆنۆپۆڵ بکه‌ن که‌ سه‌رمایه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌وانیان لێ سه‌وز ده‌بێ.

ڕۆماننووس، له‌ دوا پاژی شه‌قامی مسیۆ دۆبرێدا، ئه‌و سه‌ربورده‌یه‌مان بۆ باس ده‌کا که‌ ئه‌م شه‌قامه‌ چۆن ئه‌م ناوه‌ی لێ نراوه‌. له‌وێدا، له‌ زمانی پیاوێکی پیر و دواتریش گواستنه‌وه‌ی بۆ سه‌ر زمانی فه‌رهاد تانجووریی دووه‌م، ئه‌مه‌ ده‌ڵێ که‌ ناوه‌که‌ له‌وه‌وه‌ هاتووه‌، ڕۆژێک پیاوێکی شێوه‌ سیحرکار (مسیۆ دۆبرێ)، ڕوو ده‌کاته‌ ئه‌م شاره‌ و له‌ ڕێگه‌ی پێشبینییه‌ دروسته‌کانیه‌وه،‌ به‌شێکی زۆر له‌ مورید و خه‌ڵکه‌که‌ فریو ده‌دا و ده‌یانبا به‌ره‌و ژێر ڕکێفی خۆی، بۆیه‌ له‌و کاته‌وه‌ ئه‌م شه‌قامه‌ ئه‌م ناوه‌ی نراوه‌ته‌ پاڵ، کاره‌کانی ئه‌و پیاوه‌یش خراپه‌ که‌ دژه‌ مرۆڤایه‌تین، تا گێڕانه‌وه‌ی له‌ ئێسته‌دا ماونه‌ته‌وه‌، یه‌کێک له‌و سیحرانه‌یشی ئه‌مه‌یه‌ که‌ توانیویه‌تی له‌ ته‌نها شه‌وێکدا له‌ پاڵ چه‌ند ئافره‌تێکدا بخه‌وێ، ئه‌مه‌یش ده‌بێ به‌ مایه‌ی تێڕامان له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی تانجووره‌وه‌، هاوکاتیش متمانه‌کردنیان به‌ گه‌له‌ک ڕه‌وتاره‌کانی، به‌تایبه‌ت ئه‌و وه‌خته‌ی که‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌مه‌ ده‌کا که‌ وا له‌ لایه‌ن خوداوه‌نده‌وه‌ وه‌ک په‌یام پێ سپێردرا و هاتووه‌ته‌ شاره‌که‌. ئێمه‌ پێش ئه‌وه‌ی ڕاڤه‌ی خۆمان له‌سه‌ر پنته‌ چڕ بکه‌ینه‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ین که‌وا فه‌رهاد پیرباڵ له‌ چیرۆکێکیدا که‌ ناوی نیوه‌ پیاوه‌، باسی هه‌مان ئه‌و وێنایه‌ ده‌کا که‌ یوسف عیزه‌دین کێشاویه‌تی، به‌وه‌ی که‌ پاڵه‌وانی چیرۆکه‌که‌ی ئه‌و له‌ ته‌نها شه‌وێکدا ده‌توانێ له ‌ته‌ک چه‌ند ئافره‌تێکدا بخه‌وێ، ئه‌م وێکچوونه‌ کاریگه‌ریی نییه‌، به‌ڵام ئاماژه‌بۆکردنی خراپ نییه‌.

له‌باره‌ی ناونانی شه‌قام و شوێنه‌کانی شاره‌کاندا، ئه‌م وێنایه‌ گه‌له‌ک جوانه‌، چونکه‌ ئه‌گه‌ر بێت و ته‌ماشای ناوه‌کان بکه‌ین (بۆ نموونه‌ له‌ کوردستاندا)، ڕێژه‌ی زۆریان مۆنۆپۆڵ کراون، به‌ واته‌ی ئه‌مه‌ی که‌ هه‌ندێک له‌ به‌رپرسه‌ سیاسی و پڕهێزه‌کان، ڕه‌نگه‌ پێش مردنیان به‌شێک له‌ پێکهاته‌ی وه‌سیه‌ته‌که‌یان ته‌رخان بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دوای نه‌مانیاندا، په‌یکه‌ریان بۆ ساز بکردرێ، یاخود ناوی شه‌قام و شوێنه‌ گشتییه‌کانیان لێ بنرێن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی مایه‌ی مه‌ترسییه‌، هه‌وڵێکیشه‌ بۆ کارکردن بۆ مانه‌وه‌یان به‌ شێوه‌یه‌کی وه‌ها، که‌ کۆمه‌ڵگه‌ هه‌ستی پێ نه‌کا، ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م ڕۆماننووسه‌یش له‌باره‌یه‌وه‌ نووسیویه‌تی، هه‌مان ئه‌و وێنایه‌یه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌دا کێشاومانه‌.

پاژی سێیه‌م

 دارستانه‌ نائاساییه‌که‌ 

کاتێک دێینه‌ نێو ئه‌م پاژه‌، هاوکاتیش ڕۆمانه‌که‌، ئه‌و وشه‌ نائاساییه‌ی وه‌ک نێونیشانێکی بچووک داندراوه‌، خۆی مانیفێست ده‌کا له ‌نێو وێنه‌یه‌کی نائاساییدا، به‌وه‌ی که‌ کاره‌کته‌ره‌که‌ )ئه‌م کاره‌کته‌ره‌ نێوی دیار نییه‌ له‌م گفتوگۆیه‌دا)، ده‌که‌وێته‌ دیالۆگێکی کورت و قووڵ و سه‌رسووڕهێنه‌ر له‌گه‌ڵ ژینا و فه‌رهاد تانجووریی دووه‌م، به ‌واته‌ی ئه‌وه‌ی که‌ له‌وێدا ژینا و فه‌رهاد باس له‌مه‌ ده‌که‌ن که‌ باران له‌ دارستانه‌که‌دا ده‌بارێ و ئه‌وان جه‌سته‌یان ته‌ڕ نابێ، به‌ که‌وتنه‌ نێو ئه‌م حاڵه‌ته‌ کتوپڕه‌ ده‌شڵه‌ژێن، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌وتبێتنه‌ خه‌ره‌ندی وه‌همێکی نادیار، دواتریش هه‌ر خۆیان ده‌گه‌ن به‌و ئه‌نجامه‌ی که‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌م وێنه‌یه‌ی کێشاویانه‌، جگه‌ له‌ خورافات شتێکی دیی نه‌بێ، هه‌ر ئه‌م ڕوانینه‌ ده‌که‌ن به‌ یه‌قین بۆ خۆیان، به‌ڵام له‌پشت یه‌قینه‌که‌دا گومان خۆی مانیفێست ده‌کا، چونکه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که‌ خه‌یاڵیان بۆیان ده‌چێ، جیاواز نین، به‌ڵکو له‌ نێو چوارچێوه‌یه‌کدا کۆ ده‌بنه‌وه‌: وێکچوون. ئیدی خوێنه‌ر له‌م پاژه‌دا به‌ره‌وڕووی واقیعی دوو که‌س و دوو بیرکردنه‌وه‌ی سه‌ڵت ده‌بێ، لێره‌وه‌ نووسه‌ر ئه‌مه‌مان پێ ده‌ڵێ که‌ ده‌شێ ئه‌م جۆره‌ مرۆڤانه‌ی که‌ هه‌مان پێشبینیی هاوڕێ یان که‌سه‌ نزیکه‌کانی خۆیان هه‌یه‌، ترسناکییان لێ به‌رهه‌م بێ، چونکه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ دواجاردا بوونه‌وه‌ره‌ ئاوه‌زهه‌ڵگره‌کان به‌ کێش بکا بۆ سه‌ڵتبوونێک که‌ هاوشێوه‌ی ڕۆبۆتبوون بێ.

که‌واته‌ چاندنی تۆوی جیاوازی له‌ ده‌روونی خۆماندا، به‌ جۆرێک له‌ جۆره‌کان باڵاکردنمان پێ ده‌به‌خشێ و وه‌ک سه‌ره‌تایه‌کیش وه‌هایه‌ بۆ کرانه‌وه‌ به‌ ڕووی هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌ مرۆییه‌کانی دونیا و قووڵبوونه‌وه‌ له‌ خواسته‌ پێویسته‌کانمان و به‌ ئه‌نجامگه‌یاندنی ئه‌رکه‌ تاکه‌که‌سییه‌کان، چونکه‌ هه‌ر کاتێک ئێمه‌ وه‌ک تاک هه‌ستمان به‌ به‌رپرسیاری و ئه‌رکه‌کانمان نه‌کرد، ئیدی بمانه‌وێ یان نا تووشی نه‌خۆشیگه‌لێکی کوشنده‌ ده‌بینه‌وه.

کتێبە قەدەغەکراوەکان

دیدی منئەلمەکتەبەلعامە

لە عەرەبییەوە: زرار حامید

 حەوت کتێب بە هۆی هەستیاریی ئەو بابەتانەی ناوەڕۆکەکەی لەخۆی گرتوون، قەدەغە کران لە کاتی بڵاوکردنەوەیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پڕفرۆشترین و بەربڵاوترینن.

”گەر ویستت کتێبەکەت زووبەزوو بڵاو بێتەوە و هەموو کەس بیخوێنێتەوە، لەسەر بەرگی کتێبەکە بنووسە ‹قەدەغەکراو›، ئیتر زووبەزوو هەموان بەدوای کتێبەکەتدا دەگەڕێن، تا بزانن چیی لەخۆ گرتووە؛ مرۆڤ سروشتی وایە، دەیەوێت هەموو شتێک زوو بزانێت.“

—ئەنیس مەنسووڕ

ئەمانەی خوارەوە، ناوی دیارترین و پڕفرۆشترین ئەو حەوت کتێبەن، کە بە هۆی هەستیاریی ناوەڕۆکەکانیانەوە، قەدەغە کراون لە سەرەتای بڵاوبوونەوەیان:


کۆدی داڤینشی، لە نووسینی دان براون

ڕۆمانی کۆدی داڤینشی، لە نووسینی نووسەری ئەمریکی دان براون، کە ڕۆمانێکی پۆلیسییە و یەکەم جار ساڵی ٢٠٠٣ بڵاو بووەوە، لەگەل بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکە، پێشوازییەکی بەرچاوی لێ کراو نزیکەی ٧٠ میلیۆن دانەی لێ فرۆشرا. هەر زوو وەرگێردرایە سەر ٥٠ زمان و چـووە ڕیزی پڕفرۆشترین ڕۆمانەکانی دنیا بەپێی لیستی ساڵانەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز. بەڵام ئەم ڕۆمانە ڕێگریی لێ کرا بچێتە ناو فاتیکان و لوبنان و ئەردەن و میسڕ و هەندێک وڵاتی تری ئەورووپی، لە ساڵی ٢٠٠٣. ئەمەش بە بڕیاری ئەنجوومەنی کڵێساکان، لەبەر ئەوەی دان براون لە ڕۆمانەکەیدا باسی لە لایەنی مرۆڤایەتیی ژیانی مەسیح کردووە و باسی پەیوەندیی نێوان مەسیح و ماری مه‌جده‌لینی بە جۆرێک کردووە، کە دژیەک بوون لەگەڵ گێرانەوەکانی ئینجیلدا، ئەمەش بە سووکایەتیکردن بە مەسیح لەقەڵەم درا. دوابەدوای ئەم بڕیارە هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی، کۆپیی ڕێگەپێنەدراوی ڕۆمانەکەیان خستە بازاڕەوە.


ڕۆمانی هێشووەکانی تووڕەیی، لە نووسینی جۆن شتاینبیک

ڕۆمانی هێشووەکانی تووڕەیی نووسەری ئەمریکی جۆن شتاینبیک، کە براوەی خەڵاتی بۆڵتەرزی ساڵی ١٩٤٠ بووە، بە تێپەڕبوونی ماوەیەک دوای بڵاوبوونەوەی، ئەم ڕۆمانە دەستی بەسەردا گیرا و قەدەغە کرا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چونکە ئەم ڕۆمانە وا دانرا کە ڕووداوەکانی ئەو کاتەی ویلایەتی کالیفۆرنیای شێواندووە. ڕۆمانەکە باس لە چیرۆکی خێزانێکی هەژار دەکات، کە لەتاو وشکەساڵی هەڵدێن بەرەو کالیفۆرنیا، بەرەو خەونەکانیان (خەونی ئەمریکی)، بەڵام قەیرانی دارایی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٢٩ خەونەکەنیان لەناو دەبات. نووسەر لە ڕۆمانەکەیدا باس لە دژیەکیی کۆمەڵگەی ئەمریکی دەکات لە نێوان بەرزکردنەوەی دروشمی یەکسانی لە لایەک و مردنی هەژاران لە برساندا لە لایەکی تر.


ڕۆمانی دکتۆر زیڤاگۆ، لە نووسینی بۆریس باسترناک

ڕۆمانی دکتۆر زیڤاگۆی نووسەری ڕووسی، بوریس باسترناک، هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ. ئەم ڕۆمانە ساڵی ١٩٥٧ بڵاووبووەوە، ڕووداوەکانی باس لە دکتۆرێک دەکات کە دوو ئافرەتی خۆش دەوێت لە شۆڕش و باڵادەستیی شیوعییەکاندا. پاشان ئەم ڕۆمانە لە لایەن دەرهێنەردەیڤد لین کرایە فیلمێک بە هەمان ناو و توانیی پێنج خەڵاتی ئۆسکار بباتەوە. ئەم ڕۆمانە لە لایەن یەکێتیی سۆڤێت قەدەغە کرا لە ساڵی ١٩٥٨، تاکو ساڵی ١٩٨٨ بە هۆی ئەوەی ڕەخنەی لە حیزبی بەلشەفیکی و شوعییەکان گرتووە، بە پێچەوانەوە دەزگای هەواڵگریی بەڕیتانی یارمەتیدەر بوو لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆمانە، وەک چەکێک دژی یەکێتی سۆڤێت. هەروەها ئیتاڵیا و دەزگای سی ئای ئەی ئەمریکی، بە دزییەوە لە ناو مۆسکۆ و ئەو شوێنانەی سەر بە یەکێتیی سۆڤێت بوون، ئەم ڕۆمانەیان بڵاو دەکردەوە. ئەم ڕۆمانە ماوەی شەش مانگ پێشەنگی لیستی پڕفرۆشترین کتێبەکانی گرتبوو لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز.


کتێبی جەنگی بێزراو، لە نووسینی حەبیب سویدییە

ئەم کتێبە شاهـیدییەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ جەزائیر و پاڵەوانەکانی لەو کارەساتەی بەسەر جەزائیردا هات؛ حەبیب سویدییە ئەفسەری پێشوو لە هێزی تایبەت، کە ڕاسپێردرابوون بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ئیسلامی، لە کتێبەکەدا بە گشتی باس لەو کارەساتە دەکات، کە وڵاتی جەزائیر تێیدا ژیا لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٩٢دا، هەر لە کوشتن و بۆزیندانبردن و ئازاردانی منداڵ و ژن و گەنج و کوشتنیان.


کتێبی خەباتی من، لە نووسینی ئەدۆڵف هیتلەر

ئەم کتێبە گێڕانەوەی ژیانی نووسەرەکەیەتی لە لایەک و شیکردنەوەی پلانەکانی هیتلەر و تیۆریەکانیەتی لە شێوازی حوکمداریکردنیان لە لایەکی تر. ئەم کتێبە ساڵی ١٩٢٥ بڵاو بووە و بەشی دووەمیشی ساڵێک دواتر بڵاو بووەوە. هیتلەر لەم کتێبەدا ڕقی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بە جوولەکە، هەر لەم کتێبەدا پیلانی دەستگرتن بەسەر ئەورووپادا دەخاتە ڕوو، لە ئەڵمانیا پاش تەواوبوونی جەنگی جیهانیی دووەم، دەستاودەستکرنی ئەم کتێبە قەدەغە بوو، ئەم کتێبە بە هاندانێکی ئاشکرا دادەنرێت دژی سامییەکان و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم کتێبە نموونەیەکی ترسێنەرە لەو کتێبانەی کە مرۆڤی دڕندە دروست دەکات.


ڕۆمانی نانی ڕووت، لە نووسینی محەمەد شوکری

ڕۆمانی نانی ڕووت بە گرنگترین و بەناوبانگترین کاری ئەدەبیی نووسەری مەغریبی، محەمەد شوکری دادەنرێت، کە ساڵی ١٩٧٢ بە زمانی عەرەبی نووسراوە و پۆڵ بۆڵز وەریگێراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی لە ساڵی ١٩٧٣. تاهر بن جەلوون لە ساڵی ١٩٨١ وەریگێراوەتە سەر زمانی فەرەنسی. ئەم ڕۆمانە تاکو ساڵی ١٩٨٢ بە زمانی عەرەبی بڵاو نەبووەوە، واتە ١٠ ساڵ دوای نووسینی. نانی ڕووت وەرگێردراوەتە سەر ٣٨ زمانی بێگانە و بە کاریگەرترین ڕۆمان دادەنرێت لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا.


ڕۆمانی مه‌زرای ئاژەڵان، لە نووسینی جۆرج ئـۆروێڵ

ئەم ڕۆمانە ساڵی ١٩٤٥ بڵاو کرایەوە، پاش زەحمەت و ئاستەنگێکی زۆر کە نووسەر دوچاری بوو لە هەوڵی چاپکردنیدا، بەجۆرێک، چوار دەزگای بڵاوکردنەوە چاپکردنی ئەم ڕۆمانەیان ڕەت کردەوە. پێشەکیی نووسەر لە سەرجەم چاپەکاندا لا براوە، هێزی هاوپەیمانان لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانی ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم ڕۆمانە سەرتاپا ڕەخنەیە لە یەکێتیی سۆڤێت، کە ئەوکات یەکێک بوو لە هاوپەیمانەکان، هەر بۆیە بریاری ئەوەیان دا کە ئەم ڕۆمانە نابێت لە کاتی ئەم جەنگەدا بڵاو بکرێتەوە، هەر بۆیە دەزگاکانی بڵاوکردنەوە نەیاندەویست ئەم کتێبە چاپ بکەن و تەنانەت ئەو کۆپییانەشی کە بڵاو کرابوونەوە لە کتێبخانەکان، کشێندرانەوە، دواتر پاش بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆمانە لە یەکێتیی سۆڤێت و زۆربەی وڵاتە شیوعیەکانی تر، بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە قەدەغە کرا،هەروەها ئەم ڕۆمانە لە لایەن حوکمەتی کینیاوە ساڵی ١٩٩١ قەدەغە کرا. شانۆگەرییەک کە بیرۆکەکەی لەم ڕۆمانەوە وەرگیرابوو، ڕێگە نەدرا نماییش بکرێت بە هۆی ئەوەی کە ڕەخنە لە دەسەڵاتدارانی سیاسی دەگرێت. ئەم ڕۆمانە لە قوتابخانەکانی وڵاتی ئیمارات قەدەغە کرا و لە ساڵی ٢٠٠٢دا بە هۆی بوونی کۆمەڵێک دەق، کە یەک ناگرنەوە لەگەڵ بەهاکانی ئیسلام و عەرەب. تاکو ئێستاش ئەم ڕۆمانە لە کووبا و کۆریای باکوور قەدەغەیە .

دەربارەی ڕۆمانی وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان، بەشی یەکەم

دیدی من

ڕابەر فاریق


سه‌ره‌تایەک بۆ چوونه‌نێو شارێکی تر

ئه‌م ڕۆمانه‌، وێڵگه‌ی یاده‌وه‌رییه‌ گریمانکراوەکانی یوسف عیزه‌دین، ڕۆمانێکه‌ ڕه‌هه‌ندگه‌لی جیاواز و قووڵ و ئێستێتیکیی لێ ده‌بێته‌وه‌ و ده‌مانبا به‌ره‌و ده‌روازه‌ی گه‌لێک ڕوانینی په‌نهان و له‌وێوه‌یش وەک ئه‌فسوون په‌لکێشمان دەکا و ڕووبه‌ڕووی ده‌روون و فه‌نتازیا و حه‌قیقه‌تگه‌لێکی په‌یپێنه‌براومان دەکاته‌وه‌.

له‌ سه‌روه‌ختی خوێندنه‌وه‌ی پاژی یەکه‌مدا، یەکه‌مین پاڵه‌وان که‌ خۆی مانیفێست دەکا، و وەک کارەکته‌رێکی وه‌ستاو له‌ میانه‌ی فه‌نتازیاکانی و حه‌قیقه‌تدا، تووشی ئێستگه‌لێک و ڕامانگه‌لێکی قووڵمان دەکا، به‌م واته‌یه‌ی ده‌خوازێ به‌ شێوازێکی دی و به‌ چاوێکی دی، ته‌ماشای هونه‌ر و که‌سەکان و دنیا بکا و بونیادی سیفاتگه‌لێکیش له‌ نێو خۆیدا بچه‌سپێنێ، ئه‌م کارەکته‌ره‌یش فه‌رهاد تانجووریی دووه‌مه‌. ئه‌م کارەکتەره‌ به‌وه‌ ده‌ست دەکا به‌ گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییەکانی، که‌ باپیری نهێنییەکی په‌نهانی هه‌بووه‌ و هه‌رگیز بۆ ئه‌م نه‌یدرکاندووه‌، دواتر ده‌چێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ڕۆژێک له‌ قوتابخانەکه‌یدا به‌ڕێوه‌به‌رەکه‌ی بانگی دەکا و پێی ده‌ڵێ که‌ قوتابییەک هاتووه‌ته‌ نێو قوتابخانه‌، هه‌مان ناوی ئه‌می هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ڕه‌نگ و ده‌نگیشدا گه‌لەک له‌ یەکتریی نزیکن، بۆیه‌ به‌ڕێوه‌به‌رەکه‌ بڕیار ده‌دا له‌سه‌ر باجی قوتابییه‌ تازەکه‌دا بنووسێ ”فه‌رهاد تانجووریی یەکه‌م”. به‌مه‌، فه‌رهاد تانجووریی دووه‌م ده‌شڵه‌ژێ و تووڕه‌یی نێوچه‌وانی به‌جێ ناهێڵێ، به‌ڵام دوابەدوای ماوه‌یەک، ئه‌مه‌ی له‌بیر ده‌چێته‌وه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ کتووپڕه‌یش له‌ کاتێکدایه‌ که‌ دایکوباوکی سه‌فه‌ر دەکه‌ن، واته‌ ده‌چن بۆ حه‌ج و به‌ شێوه‌یەکی نه‌زانراو ون ده‌بن، وەک ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌یان وه‌هم بێ، دوای ئه‌مه‌، کوڕەکه‌یان، واته‌ فه‌رهاد تانجووریی دووه‌م، قوتابخانه‌ به‌جێ ده‌هێڵێ و بۆ کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ و دابینکردنی بژێویی ژیانی، هه‌مان ئه‌و کاره‌ دەکا، نیگارکێشیی په‌نهان، که ‌وا له‌ باپیریه‌وه‌ وەک پیشه‌ بۆ باوکی ماوه‌ته‌وه‌ و دواجاریش بۆ ئه‌م. له‌ سه‌روه‌ختی کارکردنیدا، ڕۆژێک، موشته‌رییەک دێته‌ کنی و هه‌رچی نیگارێک دەکڕێ، زیاد له‌و پاره‌یه‌ ده‌دا که‌ خاوه‌ننیگار مه‌زه‌نده‌ی فرۆشتنی کردووه‌، ئه‌مه‌یش دواتر هۆیەکه‌ی ڕوون ده‌بێته‌وه‌، به‌وه‌ی کڕیارەکه‌ پێی ده‌ڵێ ئه‌م نیگارانه‌ی که‌ تۆ دروستیان دەکه‌ی، به‌ده‌ر له‌ هێزی تۆ، هێزێکی دی له‌ پشتیانه‌وه‌ ئاماده‌یه‌، هاوکاتیش وەک ئه‌وه‌ی پێکهاته‌ی مردووەکانیان گرتبێته‌ خۆ، وه‌هان. ده‌شێ ئه‌مه‌یش یەکێک بێ له‌و فاکته‌رانه‌ی که‌ موشته‌رییەکان که‌مه‌ندکێش دەکه‌ن به‌ره‌و خۆیان، دوابه‌دوای هه‌موو ئه‌مانه‌یش، هه‌مان کڕیار کتێبی سۆفییەک بۆ فرۆشیارەکه،‌ فه‌رهاد تانجووریی دووه‌م، ده‌هێنێ تا بیخوێنێته‌وه‌. دوای تێپه‌ڕینی چه‌ند ڕۆژێک به‌سه‌ر ئه‌م هه‌موو شتانه‌دا و خوێندنه‌وه‌ی کتێبەکه‌، دواجاریش به‌رجه‌سته‌بوونی ئه‌فسوونگه‌لێکی سه‌یر له‌ نێویدا، هاوکاتیش هاتنه‌وه‌ی هه‌مان موشته‌ری و نواندنی بێده‌نگییەکی کوشنده‌، وەک ئه‌وه‌ی بزانێ فرۆشیارەکه‌ ته‌مه‌ننای ئه‌وه‌ دەکا کڕیارەکه‌ی قسه‌ بکا، کڕیارەکه‌ له‌باره‌ی کتێبی سۆفییەکه‌ ده‌ڵێ: ”وشەکان به‌شێک نین له‌ دنیای ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌، به‌ڵکو ته‌نها وه‌همگه‌لێکن و هیچ په‌یوه‌ندییەکیشیان به‌و شتانه‌وه‌ نییه،‌ که‌ قه‌وله‌ گوزارشتی لێ بکه‌ن و ئێمه‌ش پێمان وایه‌ گوزارشت له‌و شتانه‌ دەکه‌ن که‌ مه‌به‌ستمانه‌ بیانئاخنینه‌ نێو نووسینه‌وه‌.” ئیدی فه‌رهاد تانجووریی دووه‌می خاوه‌ندوکان، سه‌ری له‌مه‌ ده‌سووڕمێ و تووشی ڕاچڵەکان ده‌بێ. لێره‌دا، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ وەک خوێنه‌ر له‌م چه‌ند حاڵه‌ته‌ تێکچڕژاوانه‌ و هاوکاتیش یەکله‌دواییەکترییه‌دا، ڕابمێنین، ده‌ردەکه‌وێ که‌ ئه‌و شته‌ی کڕیارەکه‌ له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌په‌یڤێ، ته‌عبیرکردنه‌ له ‌ناوه‌وه‌ی کتێبه‌ قووڵ و ئه‌فسوونهه‌ڵگرەکان. به‌و واته‌یه‌ی هه‌رچی کتێبی پڕ لقوپۆپ هه‌ن، ئێستێتیکا و ڕه‌هه‌نده‌ قووڵەکانی جواننووسی له ‌به‌رده‌م مانا و ده‌ربڕینه‌ په‌نهان و ئامادەکانیاندان و تا ئه‌وپه‌ڕی چوونه‌ته‌ نێو ناخ و جه‌وهه‌ری مرۆڤ، که‌واته‌ ئه‌م په‌ڕه‌گرافه‌ی سه‌ره‌وه‌، هه‌م ته‌عبیر له‌ ئه‌ودیوی (نادیاریی لایه‌نەکان) نووسینه‌ جیدییەکان دەکا، هه‌م ئه‌مه‌یش مانیفێست دەکا که‌ مادام مرۆ کتێب ده‌نووسێ، مومکینه‌ به‌شێک له‌ خه‌سڵه‌ته‌ سه‌رەکییەکانی هه‌ڵبگرێ، چونکه‌ ده‌رهاویشته‌ی کێشه‌ گه‌ورەکانی خۆیه‌تی.

له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمان له‌ نهێنیی کارکردنەکه‌ کرد، ئه‌م پنته‌ پێویستی به‌ له‌سه‌روه‌ستانێکی ورد هه‌یه‌، به‌و واته‌یه‌ی که‌ هه‌ر کارکردنێک نهێنییەکی له‌ پشته‌وه‌ نه‌بێ، وەک ئه‌وه‌ وه‌هایه‌ که‌ ته‌لیسمێکی تێدا نه‌بێ، تا هه‌م قووڵاییەکانی به‌ ساناییی که‌شف نه‌بن، هه‌م ئه‌وانی دیکه‌یش قایل بکا به‌ خۆی، ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌ به‌یان دەکا که‌ به‌شێک له‌ مانه‌وه‌، به‌شێک له‌ نهێنی به‌رجه‌سته‌ دەکا، ته‌نانه‌ت فه‌زایەکیشی بۆ ده‌خوڵقێنێ، تا خۆی نماییش بکا، ئیدی، به‌شێک له‌م نهێنییه‌یش جوانی له‌ خۆدا هه‌ڵده‌گرێ و ده‌بێ به‌ کۆمەککار بۆ هه‌ر کارێک که‌ داهێنه‌رانه‌یه‌ و هێزی چه‌سپاندنی گومان درێژ دەکاته‌وه‌.

دوابه‌دوای ئه‌مانه‌یش، دەکه‌وینه‌ به‌رانبه‌ر وێنه‌یەکی دی له‌م ڕۆمانه‌دا، وێنه‌یەک که‌ تووشبوونی یەکه‌م نه‌خۆشیی فه‌رهاد تانجووریی دووه‌م، به‌رجه‌سته‌ دەکا، ئه‌م نه‌خۆشییه‌یش له‌مه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه،‌ که‌ ئه‌م کارەکتەره‌ ویستوویه‌تی سکێچێک بکێشێ، که‌ ته‌نها له‌ نێو وشه‌ و په‌ڕه‌گرافگه‌لێکی کتێبیه‌ دیارییەکه‌ی کڕیارەکه‌یدا بینیویه‌تی، ئه‌گینا ده‌شێ ئه‌مه‌ هه‌ر وه‌همێک بێ، وه‌همێکی وێنه‌یی، که‌ نووسه‌ره‌ وێنەکێشەکان ده‌یخوڵقێنن، جودا له‌مه‌یش، نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی کڕیارەکه‌ و نه‌بردنه‌وه‌ی کتێبه‌ به‌نرخەکه‌ی و پێنه‌گه‌یاندنی هه‌واڵی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م کارەکتەره‌ لە کنی قورس دەکه‌وێته‌وه‌، نه‌خۆشییەکه‌ی قووڵ و قووڵتر ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ کاتێک ده‌چێ بۆ کن دکتۆرێکی نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییەکان، هیچ چاره‌سه‌رێک وه‌رناگرێ، وەک ئه‌وه‌ی ئه‌م کاره‌ی نهێنییەکی دیکه‌ی له‌ نێو خۆدا هه‌ڵگرتبێ و به‌ هۆی که‌شفنەکردنی کۆدەکانی ئه‌م نهێنییه‌، تووشی نه‌خۆشییەکی وه‌ها هاتبێ، دواتر و پاش درێژکردنه‌وه‌ی دیالۆگەکان دکتۆر ئه‌مه‌ی پێ ده‌ڵێ، که‌ مه‌گه‌ر ته‌نها به‌ سه‌فه‌رکردن بۆ شاری تانجور باش ببی، ئه‌گینا مومکین نییه‌ له‌مه‌ ته‌ندروستتر ببی، به‌ده‌ر له‌مه‌یش، پێی ڕاده‌گه‌یه‌نێ که‌ به‌ هیچ شێوه‌یەک سه‌ر نەکاته‌وه‌ به‌م شاره‌ی که‌ ئێسته‌ تێیدا ده‌ژێی، چونکه‌ مانه‌وه‌ی له‌وێدا، مانه‌وه‌ی نه‌خۆشییرکه‌یه‌ و هیچی دی، هاوکاتیش درکه‌ونه‌ نێو باسێکی دی، باسێک که‌ شایه‌نی هه‌ڵوه‌سته‌بۆکردنه‌، به‌و واته‌یه‌ی که‌ دکتۆررکه‌ له‌ نێوه‌ڕاستی دیالۆگرکه‌یدا له‌گه‌ڵ فه‌رهاد تانجووریی دووه‌م، پێی ده‌ڵێ که‌ ڕه‌نگه‌ تۆ ئێسته‌ مردوو بی، هاوکات منیش، به‌ڵام بشتوانین قسه‌ بکه‌ین، چونکه‌ زۆربه‌ی مردوورکان تا ماوه‌یرکی درێژ نازانن که‌ مردوون.

بۆ ئه‌م باسه،‌ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئایینی ئیسلام، کۆمەکێکی باشمان دەکردرێت، به‌و واته‌یه‌ی که‌ ئه‌مه‌ مانیفێست دەکا و ڕایده‌گه‌یه‌نێ که‌ مرۆڤ وه‌ختێک به‌ یەکجاری دنیا به‌جێ ده‌هێڵێ، هه‌ر ئه‌و کاته‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکه‌ی که‌ له‌ گۆڕێکدا ده‌ینێژن، ده‌چێ بۆ گۆڕستان، له‌وێدا وه‌ها ده‌زانێ که‌ خه‌ریکی ناشتنی که‌سێکی دیکه‌ن، تا ئه‌و وه‌خته‌ی که‌ خۆڵی به‌سه‌ردا دەکه‌ن و ماڵئاوایی لێ دەکه‌ن، ئه‌ویش وه‌ها ده‌زانێ که‌ واده‌ی ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵیاندا بڕوا، به‌ڵام کاتێک ده‌یه‌وێ له‌ەنێو تابووتەکه‌دا هه‌ڵبستێ، سه‌ری خۆی دەکێشێ به‌ به‌ردەکانی چوارده‌وری. ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه‌یش، که‌ یوسف عیزه‌دینی ڕۆماننووس باسی لێ دەکا، هه‌مان ئه‌و وێنه‌یه‌یه‌، به‌ڵام بهە‌شێوه‌یەکی جیاواز و ئه‌ده‌بی، دیاره‌ ئه‌مه‌یش به‌ هه‌ر شێوه‌یەک بێ، ده‌رخه‌ری توانستی باڵای ڕۆماننووس پیشان ده‌دا، چونکه‌ بەکارهێنانی ئایین وەک که‌ره‌سته‌ی ئه‌ده‌بی، وەک جوڵاندنی ڕۆبۆته‌ به‌ەشێوه‌ی مرۆڤ، هاوکاتیش ده‌سه‌ڵات، هه‌ر مرۆڤێکیش نه‌توانێ به‌ شێوه‌یەکی هونه‌ری و ئاگایی ئه‌م کاره‌ ئه‌زموون بکا، مومکین نییه‌ بتوانێ باس له‌ بوونی خۆی بکا وەک هه‌بوویەک، که‌ جوانی و ڕه‌هه‌نده‌ گه‌وره‌ و بچووکەکانی مرۆڤ قووڵتر بکاته‌وه‌. که‌واته‌، لێره‌دا ده‌گه‌ین به‌ ئه‌م ئه‌نجامه‌: به‌رجه‌ستەکردنی ئایین وەک ئه‌وه‌ی که‌ ده‌مانه‌وێ و به‌ شێوه‌یەکی هونه‌ری، گه‌رەکی به‌ قووڵی فه‌نتازیاکانمان، هاوکاتیش باڵاییمان هه‌یه‌ تا سه‌رکه‌وتن خۆی بچه‌سپێنێ، ده‌نا شکستێکی ئاماده‌ به‌سه‌ر ده‌قەکاندا زاڵ دەکه‌ین، له‌ نائاگاییدا.

له‌ دواجاردا، فه‌رهاد تانجووریی دووه‌م، به‌ ناچاری سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ بۆ شاری تانجوور، له‌وێدا ژیان و کارکردن و ته‌نانه‌ت ئینسانەکانیش به‌ جۆرگه‌لێکی دیکه‌ن، یان ڕه‌نگه‌ له‌ پێش چاوی ئه‌م کارەکتەره‌دا خۆیان وه‌ها بنووێنن، سه‌رسووڕمانێکی بێئه‌ندازه‌یش به‌ره‌وڕووی ئه‌م کارەکتەرە (وێنهکێشە)‌ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌یش به‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌وا له‌ سه‌ره‌تادا و له‌باره‌ی نزیکبوونه‌وه‌ی ڕۆژی کاسیا جای (ئه‌و ڕۆژه‌، ڕۆژی مۆمداگیرساندن و ئاگرکردنه‌وه‌ و وه‌دوور خستنه‌وه‌ی تاریکییه‌ له‌ ڕێگه‌ی ڕۆشناییه‌وه‌)، تیراماها، که‌ ئافره‌تێکه‌ و له‌ نزیک ئه‌و شوێنه‌ی ئه‌م وێنەکێشه‌ خه‌ریکی کاری خۆی ده‌بێ، باسی ئه‌وه‌ بۆ له‌گه‌ڵ فه‌رهاد دەکا که‌ چۆن ده‌بێ بنه‌چه‌ت شارێک بێ و سه‌روه‌ختی ڕۆژی بۆنه‌کانی نه‌زانی؟ ئه‌مه‌ یەکه‌م شۆکه‌ که‌ به‌ره‌و ڕووی وێنەکێشەکه‌ ببێته‌وه‌.

لێره‌وه‌، سه‌پاندنی هه‌ر بۆنه‌یەک، وەک نواندنی به‌شێک له‌ بنه‌ماکانی ئه‌مرکردن هه‌ڵده‌گرێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مریش له‌سه‌ر هه‌مان خاڵ چڕ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌یش به‌ شێوه‌یەک خراوه‌ته‌ نێو ئه‌م ڕۆمانه،‌ که‌ خوێنه‌ر ئه‌گه‌ر نیشته‌جێی شوێنکاتی ئاگایی نه‌بێ و نه‌توانێ له‌م په‌ڕه‌گرافانه‌ ورد ببێته‌وه‌، ده‌شێ وەک ساده‌نووسییەک ته‌ماشایان بکا، بۆیه‌ گه‌رەکه‌ ئێمه‌ له‌ سه‌روه‌ختی خوێندنه‌وه‌ی ڕسته‌دا، ڕه‌چاوی مه‌فهوومی پشت ڕستەکه‌ بکه‌ین، له‌پاڵ مه‌فهوومه‌ ڕاڤەکراوەکه‌دا (‌دەرەکییەکه‌).

مەرجەکانی ڕۆشنبیر لای ئەنتوان چیخۆف

دیدی من

لە عەرەبییەوە: زرار حامید


ئەنتوان بابلۆڤیچ چیخۆف (١٨٦٠-١٩٠٤)، چیرۆکنووس و دکتۆر و شانۆنامەنووسی ڕووسی، ھەندێک لە شارەزایانی ئەدەبیات دەڵێن کە باشترین نووسەری کورتەچیرۆک بووە بە درێژایی مێژوو. دیارترین ناوی ئەدەبیاتی ڕوسیایە، لە ماوەیەکی کەمی تەمەنیدا، سەدان کورتەچیرۆک و چەندان داھێنانی ھونەریی کردووە، ھەروەھا شانۆنامەکانی کاریگەرییەکی بەرچاویان ھەبووە لەسەر ڕەوتی دراما لە سەدەی بیستەمدا.

بەم دواییانە، کۆمەڵێک لە نامەکانی چیخۆف، کە بۆ خێزانەکەی نووسین، لە دووتوێی کتێبێکدا کۆ کرانەوە بە ناوی نامە بۆ خانەوادە. لە یەکێک لە نامەکاندا، چیخۆف وەڵامی نامەیەکی نیکۆڵای برای دەداتەوە، کە پێشتر نیکۆڵای لە نامەیەکیدا بۆ چیخۆف، ناڕەزایی ئەوەی دەربڕیبوو کە خەڵکی لێی تێناگەن. چیخۆف بەم جۆرە وەڵامی دەداتەوە: ”خەڵکی زۆر باش لە تۆ تێدەگەن، کاتێک تۆ لە خۆت تێنەگەیت، ئەمە ھەڵەی خەڵکی نییە.”

 پاشان ھەر لە ڕێگەی ھەمان نامەوە، چیخۆف ھەوڵ دەدات شتێکی دیکە ڕوون بکاتەوە: ”نیکۆڵای، کێشەی تۆ ئەوەیە لە ناخی خۆتدا شکستت دروست کردووە، بارودۆخێکی درۆیینەت بۆخۆت خولقاندووە، ئەم بێزاری و دوورەپەرێزییەت ھەموو دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تۆ بە تەواوەتی بەتاڵیت لە ھەموو ڕۆشنبیرییەک، تۆ لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە تەواو ھەژاریت. لێم ببوورە ئەم قسەیەم کرد، تکایە، بەڵام وەک دەزانیت ژیان یاسای خۆی ھەیە، بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی بژیت، لەگەل ئەوانەی کە دەیانەوێت فێر بن و دڵخۆش بیت لەگەڵیان، دەبێت بڕێک لە ڕۆشنبیری بەدەست بێنیت و لەو چوارچێوەیەدا کار بکەیت. تۆ مەیلت بۆ ڕۆشنبیری ھەیە، بەڵام تۆ لێی دوور دەکەویتەوە بە ھۆی دوودڵیت و یاریکردنت لە نێوان ڕۆشنبیران و ئەوانەی وەک ڕۆشنبیر خۆیان پیشان دەدەن.”

 پاشان چیخۆف ھەشت مەرج دادەنێت، کە دەبێت لە کەسی ڕۆشنبیردا ھەبێت، ئەوانیش:

  1. ڕێزگرتن لە لایەنی ئینسانیی کەسانی تر، بۆیە کەسانی ڕۆشنبیر ھەمیشە دڵسۆزن، لەسەرخۆ، ھەموو کات ئامادەی بەخشینن، ئەوان لەگەڵ کەس بەشەڕ نایەن، لەسەر دیارنەمانی چەکوش یان سیسبوونی چڵێک لە درەختێک ھەرا لەگەل کەس نانێنەوە، کاتێک لەگەل کەسێک ژیان منەتی ئەوە ناکەن کە ئەوان لە چاکەی خۆیانە کە لەگەڵ ئەو کەسەدا ژیاون، دەڕۆن بێ ئەوەی بڵێن ”ھیچ کەس ناتوانێت لەگەڵ تۆ بژی”. ئەوان ژاوە ژاو، ساردبوون، گۆشتی بەستوو، نوکتە، یان کاتێک بێگانەیەک لە ماڵەکانیاندایە، ئەم شتانە قبووڵ دەکەن.
  2. میھرەبانن، تەنھا لەگەڵ سواڵکەرەکان و پشیلەی سەرجادەکاندا نا،ھەمیشە وان، دڵیان بۆ ئەو شتانەی دەیبینن و ئەو شتانەی نایبینن، لێ دەدات. ئەوان شەوان ناخەون تا یارمەتیی کەسێک بدەن، بیریان لای خەرجیی براکەیانە لە زانکۆ، بیریان لای ئەوەیە جلی تازە بۆ دایکیان بکڕن.
  3. ڕۆشنبیر ڕێزی ئەو شتانە دەگرێت کە ئەوانی تر ھەیانە، بۆیە ئەوەی لەسەریەتی ئەنجامی دەدات، بێ ئەوەی دەین بە ملی کەس بێت.
  4. ڕاستگۆن، لە درۆ دەترسن وەک چۆن لە ئاگر دەترسن، درۆ ناكەن تەنانەت لە بچووکترین شتیشدا، چونکە درۆکردن گاڵتەکردنە بەو کەسەی گوێت لێ دەگرێت و بە کەم تەماشاکردنیەتی. خۆیان نماییش ناکەن، ھەڵسوکەوتیان لەسەرشەقامەکان و لە ماڵەکانی خۆیاندا ھەمان شتە و بە شانوباڵی خۆیاندا ھەڵنادەن، لای ئەو ھاوڕێیانەیان کە ئاستیان کەمێک لە خوار ئەمانەوەیە. نابنە بارگرانی بۆ کەسانی دەوروبەریان، وەک ڕێزگرتنێک بۆ ئەوانی تر، کە ڕۆشنبیر زیاتر حەزی بە بێدەنگییە نەک قسە کردن .
  5. لە ئاستی خۆیان دانابەزێنن تا خەڵک میھرەبانتر بێت لەگەڵیان، کاتێک کەسێک دەردەدڵیان بۆ دەکات، گاڵتەی پێ ناکەن، ناڵێن ”ھەڵە لێم تێدەگات” یان ”تۆ ئیتر بوویت بە کەسێکی لە من نزمتر”، چونکە ھەم ئەم قسانە بێمانان، درۆن و قێزەونن، لوتبەرزی و خودپەسەندیان نییە، سوێند بە شتی پڕوپووچ ناخۆن (مەبەستم شتە باوەکانە)، ڕوو وەرناگێڕن کاتێک سەرخۆشێک دەبینن.
  6. گەر گرێبەستێکی باشیان دەست بکەوێت، وا خۆیان دەرناخەن کە گرێبەستێکی سەد ڕۆبلییان دەست کەوتووە، ھەرگیز مافی ئەوە بە خۆیان نادەن کە خۆیان لە پێش کەسانی تر دابنێن، بەھرەمەندی ڕاستەقینە ھەمیشە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ خەلک دەپارێزێت، بێ ئەوەی ھەرا بنێتەوە، وەک چۆن پێشتر کرایلۆڤ گوتبووی، “بەرمیلی بەتاڵ دەنگی زیاتر دێت وەک لە بەرمیلێکی پڕ”.
  7. گەر بەھرەیەکیان تێدا بوو، ڕێزی دەگرن و لەپێناویدا قوربانی دەدەن بە ژن و مەی و لەخۆباییبوون، ئەوان شانازی بە بەھرەکانی خۆیانەوە دەکەن، ھەر بۆیە ڕازیکردنی ڕۆشنبیران کارێکی سەختە.
  8. جوانبینی لە ناخیاندا ھەیە و گەشە دەکات، ناتوانن بە جلی دەرەوە بچنە ناو جێگەی خەوتن، بەرگەی ئەوە ناگرن کە درزی دیواری مالەکانیان پڕ ببێت لە مارومێروو، ھەوای پیس ھەڵمژن، بەپێی توانا ھەوڵ دەدەن دەست بەسەر ئارەزووە سێکسییەکانیاندا بگرن، نایانەوێت ژنەکانیان تەنها لە پاڵكەوتندا بەھرەمەند بن، ئەوان ئەوەی لە ژنیان دەوێت تەنها ھاوڕێیەتیی سەرجێگە نییە، ئەوان، بەتایبەت ئەوانەی ھونەرین، ڕێکی و مرۆڤایەتی و گرنگیپێدان و ھەستی دایکایەتیی ژنەکانیان لا گرنگە، ئەوان بە درێژایی سەعاتەکانی شەو و ڕۆژ خەریکی ڤۆدگاخواردنەوە نین، بۆن بە کۆگانەوە ناکەن، ئەوان شەراب دەخۆنەوە، تەنها کاتێک کە خەریکی بەجێھێنانی ھیچ ئەرکێک نین یاخود لە پشوودا.

چیخۆف درێژە بە قسەکردن دەدات و دەڵێت: ”ئەوە بەس نییە بۆ ڕۆشنبیر، کە تەنها لاپەرەکانی پیکویک (ڕۆمانێکی چارلز دیکینزە) بخوێنێتەوە، یاخود بەشێک لە فاوست (ڕۆمانێکی گۆتەیە) وەک ناوی خۆی بزانێت، ئەوەی لەسەر ڕۆشنبیر پێویستە، کاری بەردەوامە، شەو و ڕۆژ ، بەبێ وەستان، خوێندنەوەی بەردەوام، لێکۆلینەوە و ویست ، چونکە ھەر ساتێک کە تێدەپەڕێت، بۆ ئەو گرنگە.”

لێکچوونەکانی نێوان داستانی گلگامش و ئایینە ئیبراهیمییەکان

دیدی منمەکتەبەلعامە

لە عەرەبییەوە: زرار حامید


ئایا ئایینە ئیبراهیمییەکان (یەهوودی، مەسیحی و ئیسلام)، بیرۆکەکانیان لە داستانی گلگامشەوە وەرگرتووە؟ یان ئەو لێکچوونانەی کە لە نێوان ئەو ئایینانە و داستانی گلگامشدا هەن، تەنها ڕێکەوتێکە؟

گلگامش داستانێکی وڵاتی نێوان دووئاوانە، کە لە جیهاندا بە کۆنترین کاری ئەدەبی دادەنرێت. ئەم داستانە لەسەر تاشەقوڕینە نووسراوە و زیاد لە دانەیەکی ھەیە، کە کۆنترینیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان. بەڵام کۆکردنەوەی بە شێوەیەکی تەواو و بێکەموکوڕی، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بابلییەکان، کە مێژووی نووسینی دەگەڕێتەوە بۆ ١٢٠٠ ساڵ پێش زایین و لە لایەن پیاوێکی ئایینیەوە نووسراوە، بە ناوی شین ئایقی ئۆنینی.

داستانی گلگامش

بەڵام ئەوەی جێگەی مشتومڕە، ئەو لێکچوونە زۆرەیە کە لە نێوان داستانی گلگامش و هەندێک لە گێڕانەوەکانی ئایینە ئیبراهیمییەکاندا هەیە، دوای تێپەڕبوونی ١٢٠٠ ساڵ بەسەر نوسینەوەی گلگامشدا. لە دیارترین ئەو لێکچوونانە، ئەمانەن:

  •  بیرۆکەی بوونی خودا/خوداوەند: ئەگەر هەر دەرگایەکی زانستی ئەفسانەناسی (میسۆلۆجیا) بکەینەوە، دەبینین کە بیرۆکەی بوونی خودا یان بوونی چەند خودایەک، بیرۆکەیەکی ئێجگار کۆنە و چەندان ساڵ پێش ئایینە ئیبراهیمییەکان، ئەم بۆچوونە بوونی هەبووە، هەروەها لەم داستانەشدا بوونی زیاتر لە خودایەک، کە چارەنووسی مرۆڤ دیاری دەکەن، بە تەواوەتی ڕوون و ئاشکرایە.
  •  بیرۆکەی دروستکردنی مرۆڤ لە قوڕ: لە داستانی گلگامشدا ئاماژە بەوە کراوە کە خوداوەند ئەورورو، لە مشتێک قوڕ ئەنکیدۆی دروست کردووە، کە ئەمەش هاوشێوەی چیرۆکی دروستکردنی ئادەمە، کە ئایینە ئیبراهیمییەکان بۆمان باس دەکەن.
  •  بیرۆکەی بوونی زەویی نەمری (بەهەشت): لە داستانەکەدا خوداوەند وەک پاداشتێک، ئۆتنابشتم لە شوێنێک نیشتەجێ دەکات (زەویی نەمری)، کە تێیدا هیچ کەس پیر نابێت و نامرێت، ئەو شوێنەش دەکەوێتە دەرەوەی دونیای هەستپێکراو، ئەمەش هەمان بیرۆکەی بەهەشتە، کە ئایینە ئیبراهیمییەکان بۆمان باس دەکەن.
  • مار/شەیتان، هێمایەک بۆ خراپەکاری: لە هەردوو گێڕانەوەکەدا، واتە چ لە گلگامش و چ لە ئایینە ئیبراهیمییەکاندا، مار وەک هێمایەک بۆ خراپەکاری بەکار هاتوون. کاتێک گلگامش ئەو ڕووەکە دەدۆزێتەوە کە لاوێتیی بۆ دەگەڕێنێتەوە (ڕوەکی نەمری)، لەم کاتەدا مارێک ئەم ڕووەکە دەخوات، بە هەمان شێوە لە ئایینە ئیبراهیمییەکاندا، مارێک ئادەم فریو دەدات تاکو لە دارسێوەکە بخوات.
داستانی گلگامش
داستانی گلگامش
  •  بیرۆکەی زریانی بەهێز: زریانەکەی نووح دیارترین خاڵی لێکچوون و گەورەترین خاڵەم کە لە هەموو ئەوانی تر زیاتر جێگەی مشتومڕە. بوونی زریانی بەهێز لە داستانی گلگامش و ئایینە ئیبراهیمییەکاندا، لە داستانی گلگامشدا خوداوەند لە مرۆڤ تووڕە دەبێت و بریار دەدات کە زریانێکی بەهێز بۆ مرۆڤ بنێرێت و هەموو شت لەناو ببات، جگە لە ئۆتنابشتم و ئەو ژمارە کەمەی خەڵک، کە هاوەڵیی دەکەن و لەگەڵ نێر و مێیەک لە هەر ئاژەڵێک، بە هەمان شێوە و بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک، ئایینە ئیبراهیمییەکان دوای ١٢٠٠ ساڵ هەمان چیرۆک دەگێڕنەوە.
  •  ڕزگاربوون لە زریانەکە: کەشتییە گەورەکە خوداوەند بە ئۆتنابشتم، دەڵێت کە هەڵبستێت بە دروستکردنی کەشتییەکی گەورە بۆ ڕزگاربوون لە زریانەکە، کە درێژی و بەرزی و قەبارەی کەشتییەکەی بۆ دیاری دەکات و پێی دەڵێت بیکات بە چەند بەشێکەوە. هەمان بیرۆکە بەدی دەکرێت لە هەریەک لە قورئان و تەوراتدا.
  •  وەستانی کەشتی: وەستانی کەشتییەکە لەسەر لوتکەی شاخێک پاش تێپەڕبوونی شەش شەو و حەوت ڕۆژ بەسەر زریانەکەدا، ئەو کەشتییەی کە ئۆتنابشتم دروستی کردبوو، لەسەر لوتکەی شاخێک دەگیرسێتەوە، ئەویش پاش دابەزینی ئاستی ئاوەکە بە شێوەیەکی تەواوەتی، کە ئایینە ئیبراهیمییەکانیش هەمان چیرۆک دەگێڕنەوە، بەوەی کەشتییەکەی نووح لەسەر لوتکەی شاخێک ڕاوەستاوە.
  •  ئەو باڵندەیەی کە وشکانیی دۆزییەوە: داستانی گلگامش پێمان دەڵێت کە دوای وەستانی کەشتییەکە، ئۆتنابشتم سێ باڵندە هەڵدەدات بۆ ئاسمان، تا بزانێت کە هیچ شوێنێک هەیە ئاوی لێ نەمابێت. پاشان باڵندەکان دەڕۆن و ناگەڕێنەوە، بەمەش دەزانێت کە وشکانییان دۆزیوەتەوە. هەروەها لە تەوراتدا، نووح سێ باڵندە دەنێرێت بۆ ئاسمان، کە یەکێک لە باڵندەکان کۆترێک دەبێت و پاش فڕینی، دەگەڕێتەوە و لقی دارزەیتوونێکی بە دەنووکی هەڵگرتووە، بەمەش نووح دەزانێت کە باڵندەکە وشکانیی دۆزیوەتەوە.
داستانی گلگامش

ئەمە دیارترین ئەو لێکچوونانەن کە لە نێوان داستانی گلگامش و ئایینە ئیبراهیمییەکاندا هەبوون، کە هەندێک کەس ئەم لێکچوونانە بە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر دادەنێن لەسەر نادروستیی ئایینە ئیبراهیمییەکان و دەڵێن ئەو ئایینانە، جگە له‌ دزینی بیرۆکەی ئەفسانە و ئایینە کۆنەکانی پێش خۆیان، هیچی تر نین. هەروەها هەندێکی تریش دەڵێن ئەم لێکچوونانە تەنها ڕێکەوتێکن، بە بەڵگەی ئەوەی گێڕانەوەکان جیاوازن، وەک بوونی جیاوازی لە ئەندازەی کەشتییەکەی نووح و کەشتییەکەی ئۆتنابشتم.  بەڵام لەسەر ئاستی زانستی، زانست لەوە دڵنیامان دەکاتەوە کە هیچ بەڵگەیەک نییە ڕوودانی زریان و بەجێمانی پاشماوەی ئەو دوو کەشتییە، پشتراست بکەنەوە.

لیستی ڕۆمانە هەڵبژێردراوەکان بۆ خەڵاتی نێونەتەوەیی بۆ ڕۆمانی عەرەبی

دیدی من – ئەلخەلیج، ویکیپیدیا، ئەلیەوملسابع

لە عەرەبییەوە: زرار حەمید

خەڵاتی نێونەتەوەیی بۆ ڕۆمانی عەرەبی بە گرنگترین خەڵات دادەندرێت، کە دەدرێتە ئەو ڕۆمانانەی کە بە زمانی عەرەبی نووسراون. بە هۆی ئەو گرنگیپێدانە زۆرەی کە لە لایەن میدیا عەرەبییەکانەوە پێی دراوە، ساڵانە لە وڵاتانی عەرەبی و جیهان، خوێنەران بە گرنگییەکی زۆرەوە چاوەڕێی بڵاوکردنەوەی لیستی ڕۆمانە پاڵێوراوەکان دەکەن بۆ ئه‌م خه‌ڵاته‌، تاکو زووبەزوو بیاخوێننەوە.

خەلاتی نێونەتەوەیی بۆ ڕۆمانی عەرەبی «IPAF»، ئەمسال پێ دەنێتە خولی دەیەمینییەوە. لە ماوەی نۆ خولی ڕابردوودا، ١١٨٩ ڕۆمان پاڵیوراون بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە لە ١٨ وڵاتی عەرەبییەوە و ١٤٠ ڕۆمان بۆ لیستی درێژ، کە هەر ساڵ ١٦ ڕۆمان دەچنە لیستی درێژی، پاڵیوراوان. جگە لە ساڵی ٢٠١٢، کە ١٣ ڕۆمان مانەوە بۆ کێبركێکردن و ساڵی ٢٠١٦، کە ١٥ رۆمان مانەوە. لە مێژووی ئەم خەڵاتەدا، یەک ڕۆمان دوور خراوەتەوە پاش گەیشتنی بە لیستی کۆتایی، ئەویش ڕۆمانی خودای ئێمەی تاڵیب ڕەفاعییە، بە هۆی نەگونجانی لەگەڵ مەرجەکانی خەڵاتەکە.

ساڵانە یەک ڕۆمان دەبێتە براوەی خەڵاتەکە، بەڵام ساڵی ٢٠١١ دوو ڕۆمان خەڵاتەکەیان بەدەست هێنا. لە مێژووی ئەم کێبڕکێیەدا یەک جار نووسەری ژن خەلاتی کێبڕکێکەی بەدەست هێناوە، ئەویش خانمە نووسەری سعوودی، ڕەجا عالم بووە بۆ ڕۆمانی طوق الحمام.

ئەم کێبرکێیە لە لایەن دامەزراوەی بووكه‌ر پڕایز و بە هاوکاریی دەستەی ئەبوزەبی بۆ گەشتوگوزار و ڕووناکبیری بە ڕێوە دەبرێت لە ئیماڕات، کە یەکەم خولی ئەم کێبڕکێیە ساڵی ٢٠٠٨ ئەنجام درا .

ئەمساڵیش دامەزراوەكه‌، لیستی ناوی ئەو ڕۆمانانەی بڵاو کردەوە کە لە کێبرکێدان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی نێونەتەوەیی بۆ ڕۆمانی عەرەبی بۆ خولی دەیەم، کە لەنێوان ١٨٦ ڕۆمان، تەنیا ١٦ ڕۆمان پاڵیوراون بۆ لیستی درێژ، پاش ئەم قۆناغە، تەنیا شەش ڕۆمان دەمێننەوە بۆ لیستی کۆتایی، کە بریارە ڕۆژی ١٦ی فەبریوەری ناوی ئەو شەش ڕۆمانە ئاشکرا بکرێن لە کۆشکی ڕۆشنبیری لە جەزائیر. پاشان لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی پێشانگەی کتێبی نێودەوڵەتیی ئەبوزەبی لە ٢٧ی ئەپرێل، ناوی ئەو ڕۆمانە ئاشکرا بکرێت کە دەبێتە براوەی خەڵاتەکە. ئەوەی جێگەی باسە، براوەی یەکەمی خەڵاتەکە بڕی ٥٠ هەزار دۆلاری پێ دەدرێت و هەر ڕۆمانێکیش کە دەگاتە لیستی کۆتایی (واتە شەش ڕۆمانی کۆتایی)، بڕی ١٠ هەزار دۆلاری وەک دیاری پێ دەدرێت.

له‌نێوان ١٨٦ ڕۆمان، تەنیا ١٦ ڕۆمان پاڵیوراون بۆ لیستی درێژ

ناوی ئەو ڕۆمانانەی کە پاڵیوراوی لیستی درێژی خەڵاتی پۆکەرن، بریتین لە :

به‌رگی ڕۆمانی فەهرەست
  • ڕۆمانی فەهرەست لە نووسینی نووسەری عێراقی، سینان ئەنتوان. لە بڵاوکراوەکانی منشورات الجمل. لەم ڕۆمانەدا خوێنەر بەر دوو کارەکتەر دەکەوێت؛ نەمیر، کە مامۆستای زانکۆیە و سەرقاڵی تۆمارکردنی فیلمێکی دیکۆمێنتاریە لەسەر عێراق، ودود، کە کتێبفرۆشێکە و دەیەوێت ڕۆمانێک بنووسێت لەسەر مێژووی عێراق و باسی ئەو وێرانکارییە بکات کە بەسەر عێراقدا هات لە یەکەم ساتی جەنگی دژی عێراق. جگە لە مێژوو، نووسەر دەچێتە قووڵایی زۆر بابەتی تر. ودود بەشێک لە ڕۆمانەکی خۆی دەدات بە مامۆستای زانکۆ. لە یەکێک لە بەشەکانی ڕۆمانەکەدا کارەکتەری سەرەکی، ودود، دەڵێت ”هەندێک وردەکارییە تایبەتییەکانی ژیانی من لە وردەکاریی ژیانی تایبەتی نەمیر دەچێت، کە لە نیو یۆرک دەژی و وەک من لە هاوینی ٢٠٠٣، بە دروستی دوای مانگێک لە داگیرکردنی عێراق گەڕاوەتەوە، تاکو بەشدار بێت لە بەرهەمهێنانی فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەسەر عێراق و بەتایبەتتر شاری بەغداد، ئێمە چۆن خاڵی لێکچوونمان هەیە ئاوهاش جیاوازیمان هەیە”.
به‌رگی ڕۆمانی الـسبـیلـیات
  • ڕۆمانی الـسبـیلـیات، لە نووسینی نووسەری کوەیتی، ئیسماعیل فەهـد عەبدولڵا، لە بلاوکراوەکانی نۆڤا پڵەس. ئەم ڕۆمانە باس لە بێوەژنێک دەکات بە ناوی دایکی قاسم (ام قاسم)، کە وێڵی دۆزینەوەی تەرمی مێردەکەیەتی کاتێک لە جەنگی ئێران و عێراقدا بێسەروشوێن بوو. نووسەر سەبارەت بەم ڕۆمانە دەڵێت کارەکتەرەکانی ئەم ڕۆمانە سەرجەمیان ڕاستەقینەن، نووسەر دێت لە ژیانی دایکی قاسمەوە بارودۆخی ئەو ژنانە دەخاتە ڕوو کە هاوسەرەکانیان لەو جەنگەدا بێسەروشوێن بوون یاخود کوژراون.
  • ڕۆمانی گەوڕی کۆیلەکان، لە نووسینی خانمە نووسەری لیبی، نەجوا بن شەتوان، لە بڵاوکراوەکانی دار الساقي. ئەم ڕۆمانە باس لە دیوە شاراوەکەی مێژووی کۆیلایەتی دەکات لە لیبیای سەردەمی عوسمانییەکاندا، کە بە سەردەمی تاریکی کۆیلایەتیی رەگەزپەرستی ناسرابوو، کە تا ئێستاش کاریگەرییەکانی بەردەوامە لەسەر کۆمەڵگای لیبی.
به‌رگی ڕۆمانی المغاربة
  • ڕۆمانی المغاربة، لە نووسینی نووسەری مەغریبی عەبدولکەریم جوەیتـی، لە بڵاوکراوەکانی دار الثقافة العربیة. نووسەر لەم ڕۆمانەدا باس لە هەلومەرجی کۆمەڵگەی مەغریبی دەکات، بەتایبەت بیرکردنەوەیان. خوێنەر بەر کەسایەتیی دوو برا دەکەوێت، کە یەکێکیان نابینایە ، نایەیەک بەدی دەکات کە پڕە لە ناڕەوایی و درک بەوە دەکات کە ئەم جیهانە چیی تر لەگەڵ هیچ کەس میهرەبان نییە.
  • ڕۆمانی سـنة الرادیو، لە نووسینی خانمە نووسەری لوبنانی ڕینیا حایک، لە بڵاوکراوەکانی دار التنویر اللبنان. خانمە نووسەری لوبنانی ڕینیا حایک، خاوەنی شێوازێکی تایبەتی خۆیەتی لە نووسیندا، کە هەمیشە خوێنەر خۆی لە بەردەم کۆمەڵێک ڕووداوی ڕۆژانەی سادەدا دەبینێتەوە. نووسەر لە ڕۆمانەدا گێرانەوە دەخاتە لاوە و زیاتر گرنگی بە ڕووداوە سادەکانی ڕۆژانە دەدات و لەم ڕێگەیەوە پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤ دەخاتە ڕوو. پاڵەوانی ڕۆمانەکە گەنجێکی تەمان بیستساڵانە، کە دەبێتە میوانی بەرنامەیەک لە یەکێک لە ڕادیۆکان سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵکردنی دایکوباوک لەگەڵ منداڵەکانیان.
به‌رگی ڕۆمانی مذبحة الفلاسفة
  • ڕۆمانی مذبحة الفلاسفة، لە نووسینی نووسەری سووری تەیسیر خەلەف، لە بڵاوکراوەکانی مٶسسة العربیة للدراسة و النشر. ئەم ڕۆمانە ڕۆمانێکی مێژوییە کە باس لە ڕۆژەکانی کۆتایی شارێک دەکات بە ناوی تەدمر، کە لەو سەردەمەدا پایتەختی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆژهەڵاتە. نووسەر ڕووداوەکانمان لە زمانی کاهینی ئەو کاتەی تەدمرەوە بۆ دەگێڕێتەوە. مێژووی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٢٧٥ی زایینی.
  • ڕۆمانی أولاد غیتو – إسمي ادمی نووسەری لوبنانی ئەلیاس خوری، لە بڵاوکراوەکانی دار الأدب. ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە باس لە ساڵی ١٩٤٨ دەکات، کاتێک کە سوپای ئیسرائیلی هێرش دەکاتە سەر شارێکی فەڵەستینی و جۆگەی خوێن هەڵدەستێنن، کە زیاتر لە ٧٠ هەزار فەڵەستینی بوونە قوربانی.
  • ڕۆمانی مقتل بائع الکتبی نووسەری عێراقی سەعد محەمەد رەحیم، لە بڵاوکراوەکانی دار السطور. نووسەر لەم ڕۆمانەدا سوود لە کۆمەڵێک نامە و یادەوەری دەبینێت لە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی کەسێک هەیە بە ناوی مەحموود ئەلمەرزوق، کە بە هەڵە دەگەڕێتەوە بۆ عێراق و درێژە بە زنجیرەیەک هەڵەی تر دەدات لە ژیانی خۆیدا تاکو مردنی. تەنانەت لە ڕووداوی مردنەکەشی بە هەڵە دەبێت و ئەم لە جێگەی کەسێکی تر دەکوژرێت. نووسەر لە ڕێگەی ڕووداوی کوشتنی کارەکتەری ڕۆمانەکەوە، کۆمەڵێک نهێنی ئاشکرا دەکات لەو دەردەسەری و نەهامەتییەی کە ڕۆشنبیری عێراقی تێیدا دەژی.
به‌رگی ڕۆمانی پاولۆ
  • ڕۆمانی پاولۆی نووسەری میسڕی، یووسف رەخا، لە بڵاوکراوەکانی دار التنویر. ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە باس لە هەلومەرجی بەهاری عەرەبی دەکات و خاڵە لاوازەکانی لە ڕێگەی دانپێدانانی کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکەوە دەخاتە ڕوو، هەروەها باس لەو دەستکەوتانە دەکات کە ئیسلامی سیاسی بەدەستیان هێنا و ئاماژە بەوە دەکات کە لەژێر سایەی ئیسلامی سیاسی، ئازادیی و ڕادەربڕین بوونیان نییە و ئەوانەی شۆڕشیان کرد بەهەڵەدا چوون.
  • ڕۆمانی منتجع الساحراتی نووسەری سۆدانی، ئەمیر تاج ئەلسەر، لە بڵاوکراوەکانی دار الساقي. ئەم ڕۆمانە باس لە پەیوەندیی پەنابەرێکی ئەریتیری بە ناوی ئەببا تسفای دەکات، لەگەڵ دزێک بە ناوی عەبدولقەیوم دەلیل. لێرەوە نووسەر ئازارەکانی پەنابەران دەخاتە ڕوو، ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە و ناوی کارەکتەرەکان لەڕاستیدا بوونیان هەبووە و لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو ڕوویان داوە.
  • ڕۆمانی في غرفة العنکبوتی نووسەری میسڕی محەمەد عەبدئەلنەبی، لە بڵاوکراوەکانی دار العین. نووسەر لەم ڕۆمانەدا باس لە ژیانی هاوڕەگەزبازەکان دەکات لە کۆمەڵگەی میسڕیدا لە ڕێگەی کارەکتەرەکانیەوە. ئەم ڕۆمانە لە ڕووداوی کوین بوت وەرگیراوە، کە ساڵی ٢٠١١ ڕووی داو پۆلیسی میسڕ لە هەڵمەتێکدا ٥٢ هاوڕەگەزبازی دەستگیر کرد و ڕادەستی دادگای کردن.
به‌رگی ڕۆمانی هوت ماروک
  • ڕۆمانی هوت ماروکی نووسەری مەغریبی یاسین عەدنان، لە بلاوکراوەکانی دار العین. نووسەر باسی ئەو گۆرانکارییانە دەکات کە بەسەر وڵاتی مەغریبدا هاتوون، هەروەها ڕۆمانەکە باسی سیاسەت و ڕۆژنامەوانی دەکات لەو وڵاتە و دیوێکی شاراوەی جووڵانەوە سیاسییەکانی مەغریب دەخاتە ڕوو .
  • ڕۆمانی موت صغیری نووسەری سعـوودی محەمەد حەسەن عەلوان، لە بڵاوکراوەکانی دار الساقي. نووسەر لەم ڕۆمانەدا خوێنەر دەباتە دونیایەک کە جیاوازە لەو دنویایەی تێیدا دەژی، ئەویش دونیای عاریف و سۆفی شێخ محێدین ئیبن عەرەبییەم هەر لە سەرەتای لەدایکبوونی تاکو ئەو ڕووداوانەی لە سەردەمی ئەودا ڕوویان داوە. لە ڕێگەی ئەم ڕۆمانەوە نووسەر دەیەوێت ئەو ئازارە بخاتە ڕوو کە سۆفییەکان تێیدا ژیاون لە ژیانیاندا.
به‌رگی ڕۆمانی غرفة واحدة لا تکفي
  • ڕۆمانی غرفة واحدة لا تکفيی نووسەری ئیمارڕتی سوڵتان ئەلعەمیمی، لە بڵاوکراوەکانی منشورات الضفاف. ئەم ڕۆمانە باس لە سیخوریکردن دەکات، نووسەر دەمانباتە ژوورێکی بچووک لە شوێنێکی نەزانراو، کە کەسێک لە درزی دەرگەکەوە چاودێریی کەسێکی تر دەکات، ئەم کەسەش لە لایەن کەسێکی ترەوە چاودێری دەکرێت لە ژوورێکی ترەوە. کارەکتەرانی ئەم ڕۆمانە تەنیا چاودێریکردنی ئەوانی تر ئارام دەبنەوە. ئەم زنجیرەی چاودێری و سیخوڕیکردنە بەردەوام دەبێت و زیاد لە چیرۆکێک دروست دەکات.
به‌رگی ڕۆمانی سفاستیکا
  • ڕۆمانی سفاستیکای نووسەری عێراقی عەلی غەدیر، لە بڵاوکراوەکانی دار سطور. ئەم ڕۆمانە براوەی خەڵاتی بەغدادە بۆ ڕۆمانی عێراقی ساڵی ٢٠١٦، کە باس لە مێژووی عێراق و دروستبوونی کێشە ئایدۆلۆژییەکان دەکات کە چۆن کاریگەرییان هەبووە لەسەر تاکی عێراقی و سیاسەتی عێراق.
  • ڕۆمانی ایام الترابی نووسەری عێراقی زوهەیر ئەلهەیتی، لە بڵاوکراوەکانی دار التنویر. ئەم ڕۆمانە باس لە مێژووی خوێنڕشتن و جەنگی تائیفیی عێراق دەکات و ئەو رۆژە خوێناوییانە دەگێڕێتەوە. ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە لە کۆشکێکدایە کە کچێکی تێدا دەژی لەگەڵ براکەی، کە تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە بە هۆی بەشداریکردنی لە جەنگی ئێران و عێراق.

بۆچی ئەلیف شەفەق نووسەرێکی سەرکەوتووە؟

دیدی من

ژیار محێدین

ئەوەی خوێنەری جیهانی ڕۆمانی نوێ بێت، دەبێ گوێی لە ناوی ئەلیف شەفەق بووبێ، بەتایبەتی دوای ڕۆمانە تایبەتییەکەی، کە ناوی چل ڕێساکەی عەشقە.

ئەلیف شەفەق نووسەرێکی بە ڕەگەز تورکە و لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٧١ لە فەڕەنسا لەدایک بووە. هەتاوەکو ئێستاکە پازدە کتێبی بڵاو کردوونەتەوە و دە لەوانە ڕۆمانن. دوو ڕۆمانیشی بوونەتە پڕفرۆشترین، کە ئەمانیش چل ڕێساکەی عەشق و زۆڵەکەی ئیستانبووڵن. یەکەم ڕۆمانیشی بە ناوی شاراوە، بووە خاوەن خەڵاتی ڕۆمی لە ساڵی ١٩٩٨، کتێبەکانی تریشی چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و جیهانیی بردووەتەوە. شایانی باسە ئەلیف، بە زمانەکانی تورکی و ئینگلیزی دەنووسێت و لە نووسینەکانیشیدا، ئاماژە بە نەتەوە تێکەڵە و ژێردەستەکانی تورک دەکا.

با بزانین بۆچی ئەلیف نووسەرێکی سەرکەوتووە لە جیهانی مۆدێرندا:

یەکەم: پڵۆت تویستی زۆر بەهێز لە ڕۆمانەکانیدا

پڵۆت تویست، واتای خولقاندن، یان ئاشکراکردنی ڕووداو و نهێنییەکە لە ناوەڕاستی چیرۆک یاخود لە کۆتاییدا، کە هەرگیز خوێنەر چاوەڕێی ناکات و ئەو بیروڕایەی بۆت دروست بووە، ئەو تێگەیشتنەی کە هەتە، گشتی هەڵدەگەڕێنێتەوە.

لە چیرۆکی ڕۆمانەکانی ئەلیفدا، تویستی زۆر بەهێز و چاوەڕواننەکراو هەن. ئەوەی ڕۆمانی زۆڵەکەی ئێستانبوولی خوێندبێتەوە، دەزانێ چ جۆرە تویستێکی تێدا ڕوو دەدا. بە هەمان شێوە لە ڕۆمانی شەڕەفدا، هەڵگەڕانەوەیەکی وا ڕوو دەدا کە تەنانەت کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکەش خۆیان پێی نازانن.

دووەم: ڕێکی تایملاین و مێژوو لە ڕۆمانەکانیدا

ئەوەی ئاشنای کارەکانی ئەلیف بێ، دەزانێ کە ئەلیف زۆر بە وردی کار لەسەر تایمڵاین دەکا. تەنانەت لە ڕۆمانی چڵ ڕێساکەی عەشقدا، کە زۆربەی لە ڕووداوی ڕاستی و مێژوویەکی زۆر دوورەوە وەرگیراوە، هەموو ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکە، بە وردی کات و شوێنی دیاری کراوە و بە ڕۆژ و مانگ و ساڵ بەرواری بۆ نووسیوە. کە ئەمەش کارێکی زۆر گرانە و هەندێک جار و لە بەرهەمی نووسەراندا، تایمڵاین و مێژوو دەشێوێ و جیاوازیی دەکەوێتە ناوی. بەڵام بەرهەمەکانی ئەلیف دوورن لە شێوان و جیاوازی.

سێیەم: گونجاندنی زەمەنی کۆن

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەلیف کە لە ڕۆمانەکانیدا بەکاری دەبا، گێڕانەوەی چیرۆکێکە لە زەمەنێکی زۆر دوور لە ئێستای خۆی و خۆمانەوە. بۆ نموونە لە چل ڕێساکەی عەشقدا باس لە سەدەی سێزدەم و چواردەمی زایینی دەکا. لە شەڕەفدا باس لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دەکا. لە زۆڵەکەی ئێستانبووڵ باس لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیست دەکا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەلیف زۆر بە جوانی خۆی دەگونجێنێت لەگەل هەوا و تایبەتمەندیی ئەو سەردەمانە و زۆر بە ڕێکی زیندووی دەکاتەوە و خوێنەر دەکاتە بەشێک و هاووڵاتییەکی ئەو سەردەمە.

چوارەم: بەکارهێنانی تەکنیکی گێڕانەوە لە چاوی کارەکتەرێكه‌وه‌

ئەم جۆرە تەکنیکە، تەکنیکێکی کۆنە و لە پێشتردا نووسەرە ئینگلیزەکان بەکاریان هێناوە لە سەدەی نۆزدەهەم، وەکو سێر ئارسەر کۆنان دۆیڵ، لە ڕۆمانەکانی شارلۆک هۆڵمزدا. بەڵام تەکنیکێکی زۆر گرانە و پێویستی بە تەرکیزێکی زۆرەوە هەیە لە لایەن نووسەر، بۆ ئەوەی جیاوازی نەکەوێتە نێوان ئەو بەشەی کارەکتەرە و بەشەکەی تری کارەکتەرێکی تر. ئەلیف شەفەقیش، وەک نووسەرێک هەستاوە بە بەکاربردنی ئەم تەکنیکە، چ لە بەشێکی ڕۆمانەکە و چ لە تەواوی ڕۆمانەکە. کە ئەمەش زیرەکی و وردبینیی ئەلیف دەردەخا لە نووسیندا.