Category Archives: خوێنەر و کتێب

ساختەکان لە نەفرەتەکانى هۆڵدن کۆڵفیڵدەوە، بەشی یەکەم

دیدی من – خوێنەر و کتێب

کتێب: پاسەوانێک لە مەزرا

نووسەر: جەی دی سالنجەر

خوێنەر: بەڵێن عوسمان

”مەزن، ئەو وشەیەیە کە زۆر ڕقم لێیەتى، چونکە ساختەیە؛ هەر جارێک گوێم لێی دەبێت، ڕشانەوەم دێت.”

هۆڵدن بە کڵاوە سوورە قوچکە درێژە یەکدۆلارییەکەیەوە، کە هیى ڕاوە، نەفرەت لە مرۆڤ و دنیاى ساختە دەکات، دەیەوێت ببێت بە پاسەوانى مەزراى منداڵانى بچکۆلە و نەهێڵێت تێکەڵاوى مەزراى گەورەکان ببن. خەونیەتى بۆ هەمیشە لەسەر خەرەندە قەشمەرەکەوە چاودێرییان بکات: ”بەردەوام ئەو هەموو منداڵە بچکۆلەیە وێنا دەکەم کە لە ناو مەزرایەکى گەورەدا یارى دەکەن، بە هەزاران منداڵى بچکۆلە، کەسیش، جگە لە من لەو ناوە نییە، مەبەستم کەسى گەورەیە. منیش لەسەر لێوارى خەرەندێکى قەشمەردا وەستاوم، کارم ئەوەیە هەموو ئەوانە بگرمەوە کە بەرەو خەرەندەکە مل دەنێن، یانى لەو کاتەدا کە دەڕۆن و ئاگایان لێ نییە بۆ کوێ دەچن؛ من دەبێت لە شوێنێکەوە پەیدا ببم و بیانگرم. بەو ڕۆژگارە کارى من ئەوە دەبێت. من لەو مەزرایەدا تەنها پاسەوانێک دەبم. دەزانم شێتانەیە، بەڵام حەز دەکەم ببم بەوە، دەشزانم شێتانەیە.”

هۆڵدن کۆڵفیڵد پاڵەوانى ڕۆمانى پاسەوانێک لە مەزرای جەى دى سالنجەرە. یەکێکە لە هەرە بەناوبانگترین و کاریگەرترین کارەکتەرە ئەدەبییە دروستکراوەکانى جیهان. ناسراویى ئەم کەسایەتییە بە شێوازێکە کە لە کۆمەڵێک جێگا و چەند دەقێکى ئەدەبیى تریشدا سوودى لێ وەرگیراوە و بەکار هاتووە. هەروەها لە ناو بزاوتى جەماوەرییشدا بووە بە نموونە، لە دەیەکانى شەشەم و حەوتەمى سەدەى ڕابردوودا ناوەکەى بووەتە دروشمى سەرەکیى هەندێک لەو بزووتنەوانە.

 هۆڵدن تاکێکە کە جیهان لە گۆشەیەکى ترەوە دەبینێت و دنیاشمان لە ڕووناکییەکى تەواو جیاوازەوە پیشان دەدات. خوێندنەوەى سەرگوزشتە ناوازەکەى ئەم کوڕە، خۆکارانە دەتگەڕێنێتەوە بۆ دیوى دووەمى خۆت. بە کورتى هۆڵدن لە ڕێى چاو و گوێى سێیەمیەوە دەبینێت و دەبیستێت. وا دەردەکەوێت سالنجەر پشتى بە ئەزموونەکانى ناو ژیانى خۆى بەستبێت لە چێکردنى کارەکتەرى هۆڵدندا. دیمەن و ڕووداوە خوڵقێنراوەکانى نێو ژیانى هۆڵدن لە کات و شوێندا ئاشنان بە خۆى، بە شێوەیەک کە بیرکردنەوە، هەڵوێست و مامەڵەى هۆڵدن نزیکە لە ئەوانەى سالنجەرەوە، لە فۆڕمى ژیانبەسەربردنیشدا بێگانە نین بە یەکتر، بەتایبەت تەنهایى هەردووکیان؛ گۆشەگیریى هۆڵدن لە سەرەتاکانى تەمەنیدا و ونبوونى سالنجەر لە کۆتا ساڵەکانى ژیانیدا.

ناوەڕۆک و بیرۆکەکانى ناو ڕۆمانەکە بێبەرى نین لە دەرخستنى بیروباوەڕ و دنیابینیى سالنجەر. ئەو بە سوودوەرگرتن لە وێستگە شاراوە و ساتە پەنهانەکانى ژیانى خۆى، وێناى هەرزەکارێکى یاخى دەکات، کە ڕووبەڕووى حەقیقەت دەبێتەوە و واقیع ڕەت دەکاتەوە لە کۆمەڵگایەکى شێواو و ناڕێکدا. ژیانە ناخۆشەکەى هاندەر دەبێت بۆ ڕەتکردنەوەى تەواوى سیستم بە دەرکەوتە کلتوورییەکانیەوە، بە خێزان، هاوڕێیەتى و خۆشەویستییشەوە. ململانێى هۆڵدن لەگەڵ ساختەیى مرۆڤ و کۆمەڵگە، بە دیوێکیشدا پیشاندەرى جەنگى سالنجەرە بەرانبەر دەمامکەکانى دنیا و جیهانێکى سەرڕێژ لە نواندن. نووسەر بە شێوازێک بێزاریى خۆى دەخاتە ڕوو، کە بووە بە کۆنسێپتێکى ناوەندیى چیرۆکەکە و لە کرۆکى خەمۆکیى هەرزەکارێکدا خۆى ڕەنگڕێژ دەکات، بەڵام ئەمەى بە جۆرێک کردووە کە قارەمانەکە ئازاد بێت ئەوەى خۆى بیەوێت ئەوە بڵێت، تەکنیکە جوان و بەچێژەکانى لە جێى خۆیاندان، هۆڵدن هێندە سەربەستە کە لە هەندێک بەشى کەمدا، پێچەوانەى سالنجەریش دێتە گۆ، ئەمەش خاڵێکى جودا و یەکلاییکەرەوەیە تا پاسەوانێک لە مەزرا ببێت بە شاکارێکى ئەدەبیى باڵا.

چیرۆکى نێو ڕۆمانەکە، چیرۆکێکى سێ ڕۆژیى هەرزەکارێکى حەڤدە ساڵى تەنیایە، کە بۆ جارى سێیەم و لە سێیەمین خوێندنگەى دەردەکرێت، بە هۆى ناچالاکى لەتەک وانەکانى و بێباکیى بەرانبەر هەموو شتەکانى ترى ناو خوێندنگە. لەمەوە ڕێڕەوى ژیانى ڕووداوگەلێک لەخۆ دەگرێت، کە هۆڵدن خۆى تیایاندا چیرۆکخوانە و لە سووچێکى ترەوە بە تەکنیکى تا ڕادەیەک ئاڵۆز و زمانێکى نەخشێنراو بە باسى هەست و ئازارەکان، چیرۆکەکەمان بە ودەکارییەکانیەوە بۆ دەگێڕێتەوە. ئەو بەدەم ڕابواردن بەو قەشمەرجاڕییەى دنیاوە، وردە وردە و تراژیدیایانە بەسەرهاتە تراژیدییەکەى خۆى بەیان دەکات.

کۆڵفیڵد پاش دەرکرانى لە خوێندنگەکەى، بە هۆى بەشەڕهاتن لەگەڵ هاوڕێ و هاوژوورێکیدا، زووتر لە وادەى خۆى ئەو ناوە چۆڵ دەکات، بەڵام ناگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە؛ ئەوەش بۆ ئەوەى خۆى بەدوور بگرێت لە لێپرسینەوەى دایکوباوکى، هەتا نامەى ئاگادارکردنەوەیان لە لایەن بەڕێوەبەرى خوێدنگەکەوە پێ دەگات. دواتر وەک بێکەس و بێماڵێک ملى ڕێ دەگرێت، لە بەشەناوخۆیى خوێندنگەوە ڕوو دەکاتە کوچەکانى شار؛ سوارى شەمەندەفەر و تاکسى دەبێت، شەقامەکانى نیو یۆرک تەى دەکات، لە هۆتێل دەمێنێتەوە و دەڕواتە باڕ، حەز لە جگەرەکێشان، مەیخواردنەوە و ئافرەتبازى دەکات. لە شەوى کۆتاییدا، بە نهێنى و دوور لە چاوى خێزانەکەى دەچێتەوە ماڵەوە، بۆئەوەى فیبى، خوشکە بچکۆلەى ببینێت، چونکە بیری دەکات و دەشیەوێت هەندێک پارەى بە قەرز لێ وەربگرێت بۆ جێبەجێکردنى پلانەکەى ناو مێشکى. لە ڕۆژى پاشتردا، هۆڵدن نەخشەى جێهێشتنى شارەکە و هەڵهاتن بەرەو دارستان دادەڕێژێت، تا لەوێ بۆ هەتاهەتایە بە تەنیا ژیان بەسەر ببات، بەڵام فیبیى زرنگ و خەمخۆر، پلانەکەى تێک دەدات، ئەویش بە خاترى ئارامکردنەوەى خوشکە بچکۆلە خۆشەویستەکەى، دەست لەو خەون و ئامانجەى هەڵدەگرێت و ناڕوات بۆ ئەو کوخەى کە لە خەیاڵدانیدا هێناویەتە پێشچاوى. لێرەدا چیرۆکەکە کۆتایى دێت.

بۆ خوێندنەوەیەکى سەرپێیى، پاسەوانێک لە مەزرا سەربووردەى هەرزەکارێکە کە چیرۆکە کاریگەرەکەى هاوهەستیت لا دروست دەکات، وەلێ بە شۆڕبوونەوە بە قووڵایى و نێوەڕۆکى باسەکەدا بۆت دەردەکەوێت کە نیشانە ئاشکرا و شاراوەکانى، پەیامێکى تریشیان لە خۆیاندا هەڵگرتووە، کە لە بنەڕەتدا پەیامى سالنجەریشە.

نەفرەتکردن، شێوازى ناڕازیبوونى پاڵەوانەکەمانە؛ نەفرەت لە هەموو شتێک، هەموو کەسێک و هەموو شوێنێک. بەدەم تەریقبوونەوەوە، پێکەنین بە کەسانى جیدى و بەدەبەنگزانینى ئەوانى دى، سیماى نەفرەتەکانیەتى. تەقەلاکانى هۆڵدن، ڕێخۆشکەرە تا تامى بێتامیى دنیا بکەین و چێژ لە بێچێژیى جیهان وەربگرین.

هۆڵدن ڕاستەوخۆ قسەمان لەگەڵ دەکات، پێمان دەڵێت ڕقى لە مرۆڤى دەمامکدار و هەست، قسە و کردەوەى دەستکردە. بە زمانێکى گاڵتەجاڕانە پووچێتیى کایە بۆشەکانى ژیانمان پێ دەناسێنێت. تێماندەگەیەنێت چەند سەختە ژیانکردن لە جیهانى ساختەکاندا! بە سادەترین نموونە ئەمە دەسەلمێنێت: ”ئەگەر ئەو کچەى دێت بۆ لات جوان بێت، کێ گوێ دەداتێ گەر درەنگیش کەوتبێت؟ کەس.” گەر سەروکارت لەگەڵ سالنجەردا هەبێت، ئەوکات بۆت دەردەکەوێت کە جنێوەکانى هۆڵدن تەنها بێبەهاکردنى قەدەغەکراوەکان نییە لەپێناوى نەفرینى ڕووت لە کۆمەڵگە، بەڵکو گەیشتنە بە لوتکەیەکى نوێى ئەخلاقیش، هەڵبەت بە پێناسە و بەرگێکى تایبەتى نوێ و جیاوازتر لەوانى دى. ئەو دەڵێت: ”خەڵکى هەمیشە پێیان وایە شتێک کە ڕاست بوو، بە ڕەهایى ڕاستە.” زمانى نەفرەتکردنى هۆڵدن پڕیەتى لە وێنەى مەجازى بۆ دووبارە داڕشتنەوەى چەمکەکان و دروستکردنى مانایەکى تر بۆ ئەخلاق. میتافۆریەتیی ئەو زمانە هاوتەریبە لەگەڵ خاسییەتەکانى مۆڕاڵ بە هەموو واتا گشتییەکانیەوە، بێ ئەوەى وانە ڕەوشتییە دووبارە و بێزراوەکانمان بۆ بڵێتەوە…

ساختەکان ئەو جۆرانەن کە هۆڵدن بە زمانە تەنزئاساکەیەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. هەمیشە ئەو ماسکانە دەبینێت ڕوخسارى ڕاستەقینەى خەڵکى داپۆشیوە. دەستى هۆڵدن، دەستێکە بۆ داماڵینى ماسک لەو دەموچاوانە. ئەم جۆرە بەرەنگارییە بە ڕووپۆشێکى کۆمیدى و ناواخندارەوە دەگوزەرێت، هۆڵدن پێی وایە ساختەکان چەندە فریودەرن، ئەوەندەش فریودراون: ”کوڕە! سەیرە، هەر ئەوەندەت لەسەرە شتێک بڵێیت کە کەس تێىنەگات، ئیتر هەرچییەکت بوێت بۆت دەکەن.”

فەلسەفەى پاڵەوانەکە، بەشێکە لە فەلسەفەى هیچگەرایى (Nihilism)، دیارتر لەو خاڵانەدا کە نکۆڵى لە لەبەرکردنى بەرگى پیرۆز و پێبەخشینى بەها بە شت، کەس و شوێنەکان دەکات. ئەو بە تێروانینێکى نیمچەنیهێلستییەوە بە پووچ بڕیار و ڕێوڕەسمەکان وەسف دەکات، بە سووکییشەوە لە دابونەریتەکان دەڕوانێت. بۆچوونەکانى تێکەڵاو بە ئومێدە سەرابییەکانى لەسەر ئەو هێڵە کێشاوە. هۆڵدن کێشەى مرۆڤى سەردەمى لە خۆلادان لە گفتوگۆدا بینیوەتەوە، ئەمەش پیرۆزى و تاکڕەویى بەرهەم ێناوە، گوتوویەتى: ”ڕێک ئەوەیە گرفتى دەبەنگەکان، هەرگیز نایانەوێت گفتوگۆ لەسەر هیچ شتێک بکەن، هەر بەوەدا دەتوانیت دەبەنگەکان بناسیتەوە.”

پیاسەکردن بە شەقامەکانى نیو وۆرک، بێهیوابوونە لە مرۆڤەکان، گۆشەگیرییە لە جیهان و سەرهەڵگرتنە لەدەستى ڕووکارە درۆیینەکان. نیازەکانى هۆڵدن جیاکردنەوەى جیهانێک بۆ خۆى و کێشانى هێڵێکە وەک سنوورى دنیاکەى، هەتا جیای بکاتەوە لە ساختەکان. خەونى وى خۆدابڕینە لە هەموو چەپەڵییەکان، چونکە دەزانێت چەندە سامناکە ژیانى پڕ لە خەوش و دووڕوویى، ئەوەتا دەیگێڕێتەوە: ”دواى ئەوەى دەرگەم داخست و هاتمە ژوورى دانیشتنەکەوە، هاوارى شتێکى لێ کردم، بەڵام باش گوێم لێى نەبوو، تا ڕادەیەک دڵنیام هاوارى کرد ‘بەختێکى باش!’ هیوادارم ئەوە نەبووبێت، خۆزگەم بە جەهەننەم و بەس ئەوە نەبووبێت. هەرگیز هاوارى ‘بەختێکى باش!’ لە کەس ناکەم، ئاخر کە بیرى لێ دەکەیتەوە، زۆر ترسناک دێتە بەرگوێ.” لە جێگەیەکى تریشدا دەڵێت: ”ئەمە دایمە دەمکوژێت، کە بە کەسێک دەڵێم ‘خۆشحاڵم بە ناسینت.’ لە کاتێکدا بە هیچ جۆرێک بە ناسینى خۆشحاڵ نیم، بەڵام ئەگەر بتەوێت درێژە بە ژیان بدەیت، ئیتر دەبێت ئەو شتانەش بڵێیت.”

خۆدوورخستنەوە لە مێگەل و نامۆبوون، کارى لەپێشینەى هۆڵدنە، چونکە لای وایە کایە جیاجیاکانى ژیان ساختەن، بۆ وێنە، سینەما. هەرزەکارەکە ڕقى لە سینەمایە، لەبەر ئەوەى ئەویش ساختەیە؛ هەم خۆى، هەم تەماشاچییەکانى.

خوێنەر و کتێب: خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەکان 

دیدی من – خوێنەر کتێب

کتێب: ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەکان

نووسەر: عەتا محەمەد

خوێنەر: نوها فایەق

ڕێبەری کتێبسازە کوژراوەکان، کتێبێکە تا ئەوپەری سنوور خەیاڵییە و تا ئەوپەڕی سنوور واقیعییە؛ نووسەر گەمەیەکی زۆر قەشەنگی پێ دەکات لە نێوان واقیع و خەیاڵدا.

چیرۆکی ڕۆمانەکە باس لە ژنومێردێکی کورد دەکات، کە لە ئەورووپا دەژین. لە یەکێک لە بەیانییەکاندا مریەم داوای جیابوونە لە شێرکۆ دەکات، بە هۆی ئەوەی کە شەوێک لە کاتی سێکسدا، لەجیاتیی مریەم بە ماریا ناوی بردووە. مریەم هەست دەکات کە بە خەیاڵی ماریا لەگەڵی دەخەوێت. ئەو بەیانییە شێرکۆ لە ماڵ دەڕواتە دەرەوە و هەرگیز ناگەڕێتەوە، تا لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا بۆمان دەردەکەوێت کە دەکریت چەتەکانی خەیاڵ کوشتبێتیان. مریەمیش دەست دەکات بە گەڕان بەدوای ناوی ماریادا و کۆمەڵێک پەڕەی نووسراو دەدۆزێتەوە، بە ناوی ڕۆمانی سوارەکانی تەنهایی و لە ناو ئەم ڕۆمانەشدا ڕۆمانێکی تر بە ناوی چەتەکانی خەیاڵ دەخوێنێتەوە.

ئەوەی دەژی خۆمانین یان ناوەکانمان، تا کۆتایی ڕۆمانەکە ئەم پرسیارە هاوتەریب لەگەڵ ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەدا دەڕوات؛ ئەگەر ئەو شەوە شێرکۆ مریەمی هەر بە ناوی مریەم بانگ بکردایە، مریەم دەستنووسی ڕۆمانەکەی نەدەدۆزییەوە، یان ئەو ڕۆمانەی کە شێرزاد نوسیوبووی و کارەکتەرەکانی چوار ژنی خەڵکی خۆرهەڵاتن و هەریەکەیان بە هۆکارێک گەشتوونەتە ئەورووپا، هەمان ناوی مریەم و هاوڕێکانیان نەبوایە، ئەوا ڕەنگ بوو مریەم نهێنیی دیارنەمانی شێرکۆی بۆ دەرنەکەوتایە، یان ئەو نامەیەی کە مریەم لە کاتی هەرزەکاریدا بە خەیاڵی کوڕە میوەفرۆشەکە بۆ شەوبۆی هاوڕێی نوسیبوو و هەر ئەندامێکی بە میوەیەک چواندووە، ماڵەوەی شەوبۆ دەیبینن و زۆری لێ دەدەن، ئەگەر ناوی کوڕە میوەفرۆشەکە لەو نامەیەدا نەبوایە، شەوبۆ دووچاری لێدان نەدەبووەوە.
لە هەمان کاتدا عەتا محەمەد باسی ئەو کتێبانەمان بۆ دەکات، کە بەبێ ناوی نووسەرەکانیان چاپ کراون.

لە ڕۆمانەکەدا شێرزاد بە ناوێکی خوازراو خۆی ڕادەست کردووە و کێشەی ناوی بۆ دروست بووە، کە ناوی شێرزاد نەناسراوە و ئیقامەی بۆ نایەتەوە  شێرکۆ باسی نازناوی شاعیرە کوردەکان بۆ هاوڕێکەی، ماریا دەکات، کە چۆن لەبەر خۆپارێزی بە ناوی خوازراو شیعرەکانیان بڵاو کردووەتە و پێی وایە کە ئەگەر نالی ئەو نووسەرە بێت کە خدر دروستی کردووە، ئەوا مەلا محەمەد دوو جار نووسەرێکی لە ناخیدا دروست کردووە، بەوەی یەکەم جار نازناوی مەشوی هەڵبژاردوە، کە نازانین چیی بەسەر هاتووە و لە دواتردا بە نازناوی مەحوی ناسرا.

سنووری نێوان خەیاڵ و واقیع لە ڕۆمانەکەدا

ماریا کچێکە کە سنووری نێوان خەیاڵ و واقیعی تێکەڵ کردووە و بە هۆی ئەمەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە، پێی وایە بە خوێندنەوەی هەر کتێبێک، بەشێک لەو لە ناو کتێبەکەدا جێ دەمینێت. نووسەر زۆر بە جوانی توانیویەتی واقیع تێکەڵ بەم ڕۆمانە بکات، ڕووداوەکانی ساڵانی نەوەدەکان، کە تیایدا زۆربەی کتێبەکان لە باشووری کوردستان قاچاخ بوون، مردنی عومەری مەکتەبە، کە پاش نۆ مانگ تەرمەکەی لە گۆماویکدا دۆزرایەوە، بەراورد کراوە بە مردنی  پابلۆ نیرۆدای شاعیری چیلی. نموونەی ئەو نووسەرانەی کە لە ساتیکدا هەست دەکەن ناتوانن بنووسن، نمونەی کالۆلیسکانۆ دەهێنێتەوە و لە کوردیشدا، دێڕە شیعرەکەی گۆرانی شاعیرمان بیر دەهێنێتەوە، کە دەڵێ:

هەرچەند دەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵبەستم

لە نموونەی ئەو نووسەرانەی کە کتیبێک دەنووسن و دوای ئەوە هەست دەکەن توانای نووسینیان نییە، ئەم حاڵەتەش بە پەتای بارتلیبی ناو دەنرێت، نمسونەی ئەوان محەمەد عومەر عوسمان و ئەحمەد هەردی دێنێتەوە.

لە ڕۆمانەکەدا دەکەوینە بەردەم ئەو نووسەرانەی کە لە دوای نووسینی یەکەم کتێبیان لە لایەن چەتەکانی خەیاڵەوە کوژراون، نموونەی ئەوانە بە جەمال عیرفان و عەبدولخالق مەعرووف دێنێتەوە.

لە کۆتاییدا، لە ناو ڕێبەری کتیبسازە کوژراوەکاندا بە ڕۆمانێکی تر دەگەین، وەک پێشتر باس کرا، بە ناوی سوارەکانی تەنهایی، کە شێرکۆی هاوسەری مریەم خەریکی نووسینی بووە و بە تەواونەکراوی دەمێنێتەوە، لە پاش دیارنەمانی شێرکۆ و ئاشنابوونی مریەم بە شێرزاد و زانینی ئەوەی کە شێرزاد خەریکی نووسینی ڕۆمانێکە، کە ژیانی مریەم و هاوڕێکانیەتی. مریەم پرسیاری ئەوە لە شێرزاد دەکات، کە شێرکۆ لە ڕۆمانەکەی ئەودا چیی لێ دێت، شێرزادیش پێی دەڵێ کە لە ڕۆمانەکەی ئەودا شێرکۆ کوژراوە .

لە کۆتایی کتێبەکەدا، دوو پەڕەی سپی هەن، بۆ ئەو کەسەنانەی توانای بەخشینی ژیانیان بە کارەکتەرێکی تر هەیە، یان توانای بەردەوامیدانیان بە چیرۆکەکە هەیە، لەوێدا بینووسن.

خوێنەر و کتێب: ساڵانێک بوو بۆ کلیل ده‌گه‌ڕایت، به‌ڵام ده‌رگە هه‌میشه‌ کراوه‌ بوو

دیدی من – خوێنەر و کتێب

کتێب: پڵنگە سپییەکە

نووسەر: ئەرڤەند ئەدیگا

خوێنەر: عەلی ئەحمەد

پڵنگه‌ سپییه‌که‌ به‌ یه‌کێک له‌و ڕۆمانانه‌ ده‌زانم، که‌ فره‌ڕه‌هه‌ند و خاوه‌نی په‌یامی مرۆڤایه‌تییه‌. ئارژه‌ند ئه‌دیگای نووسه‌ر، که‌ به‌ ڕه‌گه‌ز هیندییه‌، له‌چاو ته‌مه‌نی خۆی له‌ ده‌رگەی زۆر بابه‌ تو گرفتی هه‌نوکه‌یی و مێژوویی ده‌دات، که‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانین به‌بێ پاسپۆرت به‌ نێو کوچه‌ و گوند و شاری گه‌وره ‌و جه‌نجاڵی دێلهیدا گوزه‌ر بکه‌ین.

یه‌ک له‌و ڕه‌هه‌ندانه‌ په‌روه‌رده ‌و کلتووری وڵاته‌که‌یه‌، که‌ ئاشنامان ده‌کات به‌و وابه‌سته‌ییە ئایینی و کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی، که‌ هه‌ریه‌ک له‌ هاووڵاتییانی هیندستان به‌ جۆرێک پێوه‌ی گرێ دراون، سیستمی خوێندنگە ‌و شێوازی مامه‌ڵه‌ی مامۆستا و که‌رتی په‌روه‌رده‌، که‌ کاریگه‌ریی جه‌وهه‌ری له‌ ژیانی تاکی هیندی هه‌یه‌. منداڵی هه‌ژاره‌کان ناتوانن بگه‌نه‌ ئه‌نجامێک، به‌ چه‌ندین بیانوو، که‌ سه‌ره‌کیترینیان خودی هه‌ژارییه‌.

کتێبی پڵنگە سپییەکە

یه‌کێکی تر له‌و مه‌سه‌لانه‌ی که‌ نووسه‌ر زۆر جه‌ختی له‌سه‌ر کردووه‌، جیاوازیی چینایه‌تییه‌، که‌ وه‌ک درزێکی گه‌وره ‌و ڕوون له‌ نێوان خێڵ و جوگرافیادا ده‌بینرێت.

دێلهیی پایته‌خت، وه‌ک شارێکی مۆدێرن به ‌ئاشکرا له ‌نێوان گه‌ڕه‌که‌ هه‌ژارنشینه‌کان و سه‌رمایه‌داره‌کان و کونسوڵخانه‌ و هۆتێله‌ پێنج ئه‌ستێرکان، له ‌ڕووی خزموتگوزاری و پاکوخاوێنی و ئاستی هۆشیاریی تاکه‌کان، جیاوازییه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه‌. ماهیه‌تی شار و ئاستی پایته‌ختێتیی دێلهی، له‌و دێڕه‌دا خراوه‌ته‌ به‌ر نه‌شته‌ری ڕه‌خنه‌یه‌کی جیدیه‌وه: ”هیندستان ته‌نها پایته‌ختی یه‌ک وڵات نییه‌، به‌ڵکو پایته‌ختی دوو وڵاته‌ (تاریکی و ڕوناکی).” نووسه‌ر ئه‌م دوو چه‌مکه‌ وه‌ک له ‌زۆر شوێنی ڕۆمانه‌که‌ به‌کار دێنێت، وه‌ک دوو دنیای ته‌واو دژیه‌ک.

یه‌ک له ‌سیما دیاره‌کانی هیندستان، که‌ نووسه‌ر ده‌یخاته‌ ڕوو، بوونی ئه‌و هه‌موو خودا و ڕێچکانه‌یه‌، که‌ هه‌ریه‌که‌یان سه‌رچاوه‌گرتوون به‌ مێژووی تایبه‌تی خۆیان و ئه‌داکردنی دروشمه‌ جیاوازه‌کان.

نووسه‌ر توانیویه‌تی وێنه‌یه‌کی بێ ڕتووشی مرۆڤی هیندیمان پیشان بدات، له ‌به‌پیرۆززانینی شوێن و کات و په‌رستراوه‌کان.

گوزارشتکردنی هێنده‌ به ‌زمانێکی پاراو کراوه‌، که‌ له ‌هه‌ندێ شوێنی ڕۆمانه‌که‌ خه‌ریکه‌ خۆت له‌ کلکڕاوه‌شانی گامێش و گاکانی سه‌رجاده ‌و بازاڕکان لا بده‌یت و بۆنی هاڵاوی شیاکه‌ و جۆگه‌له‌کان دێن به ‌لووتتدا.

ئارڤه‌ند ئه‌دیگا، لە ‌ڕێگه‌ی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی (باڵرام حه‌ڵواچی)، ڕه‌خنه‌ی توند له ‌سیستمی سیاسیی هیندستان ده‌گرێت، که‌ به ‌ناوی دیموکراسییه‌وه‌ گه‌وره‌ترین پێشێلکا‌ریی دیموکراسی و مافی مرۆڤه‌، که‌ خۆی له‌ گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل و قۆرخکردنی بازاڕ و ئابووریی وڵات ده‌بینێته‌وه‌.

باڵرام له ڕێگه‌ی نامه‌یه‌ک، که‌ بۆ جیاباو، سه‌رۆکی وڵاتی چین ده‌ینووسێت، کاتێک بۆ سه‌ردان دێته‌ هیندستان، به‌راورد لە نێوان چین و هیندستاندا ده‌کات، له ‌هه‌ندێ لایه‌نه‌وه‌، داوا له‌ جیاباو ده‌کات که‌ پێچه‌وانه‌ی قسه‌کانی سه‌رۆکی هیندستان به ‌ڕاست وه‌ربگرێت.

باڵرام له ‌شوێنێکدا که‌ قسه‌ له‌سه‌ر بانگه‌شه‌ی ده‌نگدان و دیموکراسی ده‌کات، ده‌ڵێت: ”ئه‌گه‌ر من وڵاتم بونیاد بنایه‌، پێش هه‌موو شتێک بۆریی ئاوه‌ڕۆم داده‌نا، دوای ئه‌وه‌ دیموکراسی، دواییش ده‌چووم نامیلکه‌ و په‌یکه‌ری گاندیم پێشکه‌ش به‌ خه‌ڵک ده‌کرد.” ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌کی ڕوونه‌ به‌وه‌ی که‌ سیاسییه‌کان هه‌میشه‌ مه‌زنیی که‌سایه‌تییه‌ مێژووییه‌کانی وڵات، وه‌ک شه‌رعییه‌تدان به‌ ئاڕاسته‌ سیاسییه‌کانیان به‌کار دێنن.

کارەکته‌ری باڵرام، که‌ له‌ خوێندنگە‌ ده‌رده‌هێنرێت و ده‌خرێته‌ به‌ر کاروکاسپی، ئه‌مه‌ له ‌کاتێکدایه‌ که‌ باڵرام خوێندکارێکی زیره‌که‌، به ‌جۆرێک، مامۆستاکه‌ی به‌ پڵنگی سپی وه‌سفی ده‌کات.

عەلی ئەحمەد

هه‌ر بۆیه‌ به ‌دوورخستنه‌وه‌ی له ‌خوێندنگە، برینێکی قووڵ ده‌کاته‌ ڕۆحیه‌وه‌. به ‌شێوه‌یه‌ک، که‌ دواجار ده‌یکاته‌ پیاوکوژ، ئه‌ویش به ‌کوشتنی ئاسۆک، خاوه‌نکاره‌که‌ی. به ‌هه‌مان ئاڕاسته‌ی کوشتنی پیره‌ژنه‌ سووخۆره‌که‌ له ‌لایه‌ن ڕاسکۆلنیکۆڤ، له ‌ڕۆمانی تاوان و سزای فیودۆر دۆستۆیڤسکیدا، به‌ڵام له ‌فۆڕمێکی تردا.

نووسه‌ر ناوی سێ شاعیری به‌ناوبانگی دنیا دێنێت، که‌ ئه‌وانیش مه‌ولانا، ئیقباڵی لاهوری و میرزا غالیبن‌، که‌ کاریگه‌ریی دنیابینی و ڕۆحی فه‌لسه‌فه‌گه‌راییان له‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی هه‌یه‌.

لایه‌نێکی تری ڕۆمانه‌که‌، پیشاندانی دیوێکی تری ژیانی هیندییه‌کانه،‌ له‌ژێر ڕه‌حمی خاوه‌نکاره‌کانیان، که‌ وه‌ک کۆیله‌یه‌ک ده‌ڕوانێته‌ به‌رده‌سته‌کانیان. به ‌شێوه‌یه‌ک، نووسه‌ر ژیانی ئه‌وانی شوبهاندووه‌ به‌و که‌ڵەشێرانه‌ی که ‌له ‌ناو قه‌فه‌سدان له‌ بازاره‌ هه‌ژارنشینه‌کانی دێلهی.

باڵرام پاش چاوخشاندنی به‌ یه‌کێک له‌ کتێبه‌ کۆن و زه‌رده‌کاندا، ئه‌م گوته‌یه‌ی به‌رچاو ده‌که‌وێت: ”ساڵانێک بوو به‌دوای کلیلدا ده‌گه‌ڕایت، به‌ڵام ده‌رگە هه‌میشه‌ کراوه‌ بوو.” ئه‌مه‌ش وه‌ک گوزارشتکرن له‌ به‌ هه‌ڵه‌ هه‌نگاونانی مرۆڤ بۆ هێنانه‌دیی خولیا و ئاواته‌کانی و بوونی گه‌نجینه‌که‌ له ‌به‌رده‌مماندا، یان له‌ ته‌نیشتماندا، له ‌کاتێکدا ئێمه‌ بۆ گه‌یشتنمان، دورتر ده‌ڕۆین.

دواجار له‌بیرمان نه‌چێت، ئاماژه‌ به‌ وه‌رگێڕانه‌ جوان و پاراوه‌که‌ی شلێر ڕه‌شید بکه‌ین، که‌ سه‌لیقه‌یه‌کی تایبه‌تی به‌کار بردووه‌ له‌ گه‌یاندنی په‌یام و بیری نووسه‌ر به ‌خوێنه‌ری کورد.

خوێنەر و کتێب: ڕانانێک بۆ ڕۆمانی خانووەکەی مزگەوتێ

دیدی من – خوێنەر و کتێب

کتێب: خانووەکەی مزگەوتێ

نووسەر: قادر عەبدولڵا

خوێنەر: سەربەست ڕەیحان

خانووەکەی مزگەوتێ، ڕۆمانێکی نووسەری ئێرانی، ‌‌حسین سەجادی قائم‌مقامی فەراهانییە، کە ناوی خوازراوی قادر عەبدولڵایە. نووسەر دەربارەی ناوە خوازراوەکەی دەڵێت کە دوو هاوڕێی هاوبیری چەپی کوردی دەبن، یەکێکیان ناوی قادرە و لە ڕشتەی پزیشکی دەخوێنێت، ئەوی دیکە ناوی عەبدولڵایە و ئەندازیاریی تەلارسازی دەخوێنێت، لەبەر بیروباوەڕ و چالاکییەکەیان، یەکێک لەوان بە دەستی ڕژێمی شا و ئەوی دیکەش بە دەستی ڕژێمی ئایەتولڵاکان لەسێدارە دەدرێت.

کاتێک کتێبەکەی دەنووسێت، هیچ وەشانێک ئامادە نییە بە ناوی ڕاستەقینەی خۆی بڵاوی بکاتەوە، بۆیە دەبێت ناوێکی خوازراو دابنێت. ئەویش سڵی لێ ناکاتەوە و ناوی یەکەمی هەردوو هاوڕێیەکەی دەکاتە پاشناوی خۆی. ئیدی لەو کاتەوە، لە کاتی لەچاپدانی کتێبەکانی لە ساڵی ١٩٨٠ەوە، ناوی دەبێتە قادرعەبدولڵا.

ئەم ڕۆمانە بە زمانی هۆڵەندی نووسراوە و لە ساڵی ٢٠٠٧دا بە یەکێک لە دە باشترین ڕۆمانی ئەو وڵاتە دادەنرێت. تا ئێستا بۆ بیستوحەوت زمانی جیاواز وەرگێڕدراوە، شەفیقی حاجی خدر لە هۆڵەندییەوە وەریگێڕاوە بۆ کوردی.

خانووەکەی مزگەوتێ، گوزەرێکی دوورودرێژە بە ناو مێژووی پڕ لە ململانێ و کێشمەكێشی قۆناغێکی گرنگ، لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتی ئێراندا، لە سەردەمی حوکمی پاشایەتی و ئەوگۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییانەی بە دوایدا دێن. خوێندنەوەیەکی وردە بۆ هەڵوەستەکردن لەسەر بەریەککەوتنە ئایدۆلۆژی و سیاسییەکانی سەردەمێک، کە ناوچەکەی گرتبووەوە؛ بەریەککەوتنەکانی نێوان پیاوانی ئایینی عەمامەلەسەر و دەسەڵاتدارەکانی کە پایەکانی دەوڵەتیان لەدەست دابوو.


وێنەکەمان لە ڕێگەی خێزانێکی ئایینداری ئەو سەردەمەوە پیشان دەدات، کە کۆنتڕۆلی ئابووریی بازاڕ و لە ڕێگەی مزگەوتەوە خەڵکیان ئاڕاستەی ڕووداوەکان دەکرد. لە ماڵی ئاغاجان، لە تەنیشتی مزگەوتی شارەکەوە بەرەو شەقام و کۆڵانەکان زنجان ڕێ دەکەین، باڵندەکانی سەر منارەی مزگەوتەکە کاتێک کۆچ دەکەن، لەگەڵ خۆیان بەرەو کارگەی مافوورەکان هەڵمان دەگرن، ئاشنامان دەکەن بە هونەری بەرزی کاری دەستیی ئافرەتەکان و سەرقاڵبوونیان بە کێشانی تابلۆکانی ناو فەرشەکانی گوندییەکان.

مەلای مزگەوتی گەورەی شار، دوای نوێژی عەسر دەڕوات بەرەو ژێرزەمینەکان، بۆ کێشانی شیشە و دانانی قلیانێک. لە کاتی ئامادەکردنی گوتاری هەینی بۆ ئەم هەفتەیە و شەوانە لە بەردەم حەوزی ناو حوجرەکەی، نامەی دڵداریی ژنانی شار دەخوێنێتەوە. کاتێک یەکێک لە ئافرەتە شۆخەکان بۆی دەنووسێت تاسەی باوەش دەکەم تا تێر بۆنت بکەم، ژیانی پڕ لە ڕەفاهییەتی پیاوە ئایینییەکان و یاخیبوونی گەنجەکان لەو کلتوورە دەکەوێتە بەر دیدەمان، پێمان دەڵێت هەمیشە دەبێت بترسین، بە ترسەوە سەیری ژیان بکەین، تەنانەت ترس لە مرۆڤەکانی تر، ترس لە پیاوەکانی دیکەش، ترس لە ژن. لە ڕادیۆ، لە تەلەڤزیۆن، لە موزیک، لە سینەما، ئەوان ڕێگەیەکمان پیشان دەدەن، تەنها گۆرستانەکانمان خۆش بوێن، پێمان دەڵێن ئاخر تەنها گۆڕەکان ماڵی هەمیشەییمانن.

لە گۆشەیەکی تری ئەم ماڵەدا، مرۆڤێکی تر هەیە جیاواز لەوانی تر، ئەو لە چاوی کامێراکەیەوە لە ژیان دەڕوانێت، ئەو نووسرەتی فۆتۆگرافەرە، کە لەگەڵ وێنەکانی دەمانبات بەرەو کووچەوکۆڵانەکانی شارەکان، ڕووداو و گۆڕانکارییەکان دیکیۆمێنت دەکات، چالاکییە فەرهەنگی و کلتووری و ئایینییەکان دەخاتە ناو وێنەوە. ئێوارەیەکیان لەگەڵ خۆی دەمانبات بەرەو شەقامی لالەزاری تاران، بەرەو تیاترۆخانەیەک لە یەکێک لە پەنجەرەکانەوە دەنگی ئاواز و موزیک نزیک دەبێتەوە لە گوێچکەمان، کچانی شار دەبینین لەسەر شانۆ سەما دەکەن و گۆرانییەکانی مەهوەش ئامادەبوان زیاتر پڕجۆش دەکات. نوسرەت دەچێتە ناو ململانێ سیاسییەکان، دەبێت بە وێنەگرێکی نهێنیی شۆڕش و ڤیدیۆکان ڕەوانەی دەرەوە دەکات، خەون بەوەوە دەبینێت ببێتە دەرهێنەری سینەما، بەڵام شۆڕش سینەمای بەرەو کوێ برد، هۆڵەکانی سینەما بوون بە هۆڵەکانی دادگاییکردنی سینەماکاران و هونەرمەندان.

لە ژوورێکی تری ئەم خانووەدا، گەنجێکی تری بەویقار هەیە، کە پەنجەرەی ژوورەکەی دەڕوانێت بەسەر حەوزی ناو باخچەکە، کە نوێژخوێنان دەستنوێژ دەگرن تێیدا. سێبەری دارمێوەکە، بەیانیان دەرکەوتنی ڕۆژ دوادەخات، بۆ ئەوەی دەرگە لەسەر سپێدەیەکی تازە بکاتەوە. شاباڵ، گەنجە یاخییەکەی ئەم خانووەیە، کە دونیابینییەکی تری هەیە بۆ ژیانی، لە گۆشەیەکی ترەوە دەڕوانێت بۆ ئەو مزگەوتەی چەند هەنگاوێک لە ژوورەکەیەوە دوورە و هەمیشە دەنگی بڵندگۆکە زووتر پێی دەگات. گفتوگۆکانی لەگەڵ ئاغاجانی باوکی، هەمیشە بە تەواونەکراوی دەمێنێتەوە، ئەو گەنجێکی ناو رێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵە چەپەکانی ئەو سەردەم و باوکێکی وابەستە بە سەردانیکردن بە مزگەوتەوە، هەمێشە ڕێگەکانی جیا دەکردنەوە. هەر لە سەرەتاوە بە نهێنی خەریکی خوێندنەوەی کتێبە قەدەغەکراوەکانی ئەو سەردەمەی نووسەرە شوورەوییەکانە، لە تەمەنێکی زووەوە دەست دەکات بە نووسینی چیرۆک و بابەتی ڕەخنەیی. کاتێک باوکی پێی دەزانێت کۆمەڵێک کتێبی قەدەغەکراو لە ژوورەکەیدا هەن، دەچێت بە باوەش دەیانکاتە ڕووبارەکەی نزیکی ماڵی خۆیان، نەوەک ئەم کتێبانە داهاتووی نادیاری کوڕەکەی بەرەو ئاڕاستەیەکی نادیار ببات. ئەمە پێمان دەڵێت هەمیشە ڕژێمە سیاسییەکان هەوڵ دەدەن نەک ئاکار و ڕەفتار، بەڵکو دەبێت بیرکردنەوە و ڕوانینمان لەدەستی ئەواندا بێت.

هێواشهێواش نووسەر لەگەڵ خۆی دەمانبات بۆ قۆناغەکانی سەرهەڵدانی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ و دیوە شاراوەکانی ئەم شۆڕشە و ململانێ سەختەکانی نێوان ئایەتولڵاکان لە قووم و دەسەڵاتدارانی پایتەخت. ئایا پەیام و خەسڵەتەکانی شۆڕش تا کۆتایی وەک خۆی دەمێنێتەوە؟ کێێە بڕیار لە شۆڕشگێڕیی مرۆڤەکان دەدات و دەلالەتەکانی شۆڕش وەک خۆی دەگەیەنن؟ ئایا پەیامەکانی پێش و دوای شۆڕش بە ڕاستگۆیی جێبەجێ دەکرێن؟ وێنای مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی جوان دەخاتە بەرچاومان، کە هەمیشە دوای قەرەباڵغی و دروشمە ڕەنگاوڕەنگەکان کەوتوون.

لەگەڵ ڕاوێژکار و بەرپرسی نووسینگەی خومەینی، ئایەتولڵا خاڵخاڵی دەچین بۆ نەجەف، لە یەکێک لەو خانوانەی ژیانی تێدا دەکات، دەبینە میوان و ژیانی ڕۆژانەی سەرکردەیەک و ڕابەرێک دەبینین، کە بە ملیۆنان کەس، لە پشت وشەکانیەوە دونیایەکی جیاوازتر و خەونی زیاتر دەبینین. لە نەجەفەوە سەفەر دەکەین بۆ پاریس، پیاوێکی ئایینی، کە ڕیبەریی پرجەماوەر و جووڵانەوەی سیاسی دەکات، لەو سەردەمەدا  لە پاریسی پایتەختی جوانی و قەشەنگی سەرپەرشتیی شۆڕشەکەی دەکات. لە ڕۆژەکانی سەرەتای گەیشتنی بەو وڵاتە، لەگەڵ پەیامنێری کەناڵی ئەی بی سی، دەچین بۆگەڕەکی نیفلە لی شاتو، کە دەکەوێتە دەرەوەی پاریس، بۆ ئەنجامدانی یەکەمین چاوپێکەوتنی ڤیدیۆیی. کاتێک ئیمام دەردەکەوێت، بۆ یەکەم جار لەسەر مافوورێکی ئێرانی دانیشتووە، لە باخچەی ماڵەکەی و لە پشتیەوە ئایەتولڵا بەهەشتی و بەتولی خێزانی دەردەکەوێت. هاووڵاتییانی وڵات چ هەستێکیان لا دروست بێت؟ کاتێک بە کۆمەڵ لە مزگەوت و چایخانەکان دانیشتوون و لەگەل دەرکەوتنی ئیمام پڕ بە گەروویان هاوار دەکەن: ”سلام بر خمینی!”

لە ڕۆژانی دواتردا، هاووڵاتییان بە کۆمەڵ دەڕژێنە سەر شەقامەکان و گۆڕانکارییە سیاسییەکان وردەوردە لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە؛ شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ دەبن بە دەسەڵاتدارەکانی ئەمڕۆ، دادوەرەکان و دەسەڵاتدارەکان ئایەتولڵاکانی دوێنێن بڕیار لە چارەنووس و ژیانی هاونیشتمانییان دەدەن، هۆڵی سینەماکان دەبن بۆ زیندان و شوێنی لێپرسینەوەی هاووڵاتییان، گەنجێکی زانکۆ بڕیاری مردنی بەسەردا جێبەجێ دەکرێ، تەنها لەبەر ئەوەی کتێبیکی ڕێگەپێنەدراوی لە گیرفانیدا دەدۆزرێتەوە، کچێکی شۆخ دەکرێتە زیندانەوە، تەنها لەبەر ئەوەی قژی بڵاو بووەتەوە بەسەر شانەکانیدا. لەکۆتایدا دەگەینە ئەوەی هەموو گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، چەندە کاریگەریی لەسەر ژیانی داهاتووی هاووڵاتییان دروست دەکەن، سیستمە سیاسییەکان چەندە ڕێگرن لە ماف و ئازادییە تاکەکەسییەکان.

خوێنەر و کتێب: ئامادەیی ئەنفال لە دەقە ئەدەبییەکانی بەختیار عەلیدا

دیدی من خوێنەر و کتێب

کتێب: بەشێک له‌ کارە ئەدەبییەکانی بەختیار عەلی
خوێنەر: هەڵمەت حسێن


خەمی ئێمە بۆ ئەنفال، هەمان خەمی شێرکۆ بێکەسە بۆ ئەنفال؛ شێرکۆ بێکەس لە گوتارێکیدا بە ناونیشانی چەند پەیڤێک دەربارەی چیرۆکی کوردی، کە لە ژمارە چلونۆی گۆڤاری ئایندە بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێ: ”لێرەدا من ڕووی دەمم لە چیرۆکنووسە بەهرەدار بەتواناکانمانە، ئەوە پازدە ساڵە کارەساتی هۆلۆکۆستی کورد (ئەنفال)، دۆزەخی ئەمدونیا، ڕووی داوە. لەو ئەنفالەوە مێژووی ئێمە بوو بە مێژوویەکی تر. ئەنفال مرۆڤی کوردی گەیاندە سەحرای عەدەمی بەر لە قیامەت! ئەم قیامەتەی ئەنفال، تا ئەمڕۆ لەناو چیرۆکی کوردیدا چیی کردووە؟! چیی بۆ نووسراوە؟! بەڕاستی ئەمەیش هەر کارەساتە، چیرۆکنووسانی میللەتی ئەنفال، چیرۆکیان بۆ ئەنفال نەبێت!“ (1) بەڵام جێگەی خۆشیەتی کاتێک ئەمی شاعیر ڕەخنە لە چیرۆکنووسان دەگرێ لەبارەی کەمی بەرهەمییان سەبارەت بە ئەنفال، چیرۆکنووسانیش بێژن ئەرێ شاعیران چیان کردووە بۆ ئەنفال؟ ئەرێ سەرهۆزانڤانی شیعری هاوچەرخمان (شێرکۆ بێکەس)، چیی کردووە بۆ ئەنفال؟ ئەنفال تا چەندە لە شیعرەکانی شێرکۆدا ڕەنگی داوەتەوە؟ لەڕاستیدا ئەنفال بە قووڵی کاری کردووەتە سەر شێرکۆ، بەڵام هەرگیز تەواوی جیهانبینیی ئەوی دانەپۆشیوە. ئەمە نەک هەر شێرکۆ بێکەس، بەڵکو بەختیار عەلییش بە ناڕاستەوخۆ باسی لە ئەنفال کردووە، جگە لە ڕۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەکانی، کە ڕێک باسکردنە لە ئەنفال،  بێ ئەوەی یەک جاریش چییە ناوی ئەنفال بێنێت (”ئەوانە ئێمەین دەمرین، کەسی ئێمەن کە هەموو شەوێک دەیانهێننە ئەو بیابانە و دەیانکوژن، ئەو کوردانەن کە لە باکوورەوە دەیانهێنن و لەو دەشتانەدا دەیانکوژن“) (2) ئەوانی تری ناڕاستەوخۆ گوزارشتکردنن. ئەوەی هەیەتی لەناو ڕۆمانەکاندا، دەربڕینی ناڕاستەوخۆیە لەو دۆخە سایکۆلۆژییەی مرۆڤی کورد دوای کارەساتەکانی وەک کوشتن لە سەردەمی شۆڕشی نوێ (١٩٧٦-١٩٩١)، ئەنفال  (١٩٨٨)، کۆڕەو (١٩٩٢)، شەڕی ناوخۆ (١٩٩٤-١٩٩٨) و تا دوایی. بۆ نموونە هەر کەسێک ڕۆمانی غەزەلنووس و باغەکانی خەیاڵ بخوێنێتەوە، باش دەزانێ ڕۆحی بارۆنەکان چۆن هەمان ڕۆحی بەرپرسە سیاسییەکانی ئێمەیە و چەندە دڕندەن. ڕۆحی کارەکتەری غەزەلنووسیش، ڕۆحی ئەدیبێکی ئێمەیە، کە لە کۆتاییدا بە دەستی بارۆنێک دەکوژرێ. هەروەها پێشتریش غەزەلنووس نیوەکەی تری خۆی، موراد جەمیل، هەر بە دەستی ئەمان کوژراوە. یان لە ڕۆمانی کەشتیی فریشتەکاندا، کە سێ بەرگە، باسی ئەو نەهامەتییانە دەکات کە شۆڕش بەسەر ئێمەیدا هێناوە. دەستبردن بۆ ئەوەی گومان بخەیتە سەر شۆڕش و وەک پیرۆز سەیرنەکردنی، شتێکی بوێرانە بوو لە ئەدەبدا، کە بەختیار لە زۆربەی ڕۆمانەکانیدا گوزارشتی لێوە دەکات (”لەناو هەموو جۆرەکانی پیاوکوژدا، شۆڕشگێڕان لە هەمووان ئاسوودەترن“) (3)(”لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشەوە، دونیا پڕ دەبێت لە پیاوکوژی دەمامکدار، کە لە قیافەی پێغەمبەراندا خۆیان پیشان دەدەن“) (4)شتێک کە بەر لە بەختیار عەلی، ئەدیبێکی تر، محەمەد موکری، ئەنجامی دابوو و لە لایەن شۆڕشەوەش بڕیاڕی کوشتنی بۆ دەرکرا لەسەر نۆڤلێتێکی بە ناوی سەگوەڕ (”هەموو شۆڕشێک لە جێگەیەکدا شۆڕشگێڕەکانی دەبن بە جانەوەر“) (5)لەم ڕۆمانەیدا (کەشتیی فریشتەکان)، بە وردی و بە وەسفێکی فانتازیایانەوە باس لە تێکشکانی دەروونی کوردی دەکات؛ چۆن فریشتەکانی ناومان دێنە دەرەوە و لێمان بێزار دەبن، کاتێکیش دێنە دەرەوە یان ئێمە خۆمان ئازاریان دەدەین یان تاقمی مەلەککوژان دروست دەکرێت، تا وای لێ دێت لە کۆتایی بەرگی یەکەمی ڕۆمانەکەدا، کەشتیی فریشتەکان لە لایەن ئەو تاقمەوە دەسووتێندرێ. فریشتەکانی ناومان و ڕۆحە پاک و ناشەڕانگێزەکەی ئێمە، کە جەنگ و شۆڕش و ئەنفال نەیهێشت ببێت، هەمان شتن، کە نەمانهێشت، یان باشترە بڵێین نەیانهێشت ڕۆحێکی ناشەڕخوازانەمان هەبێت. یان لە ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیادا، کە باس لە سێ سەریاسەکان دەکات، دەڵێ: ”سێ حەرامزادە بوون لە شەوە تاریکەکانی شۆڕشدا لەدایک بوون.“ (6)ئیتر ئەمە بەختیارە، لای ئەو ”شۆڕش ئەوەیە لە گوڵ تێبگەیت…“(٧)

کوشتنی تاقانەی دووەم بە دەستی پیاوەکانی سوڵتان لە ڕۆمانی مەرگی تاقانەی دووەمدا، هەمان جۆری کوشتنی موراد جەمیلە لە ڕۆمانی غەزەلنوس و باغەکانی خه‌یاڵدا. مەبەست لە جۆری کوشتن، ئەوەیە کە ئەو هێزەی ئەوانیان کوشت، هێزێک بوون مافیا بوون و لە دەسەڵات و حوکمڕانیشدا بوون (”لەوێ، تێگەیشتم ئەمە ڕۆژگاری بازرگانە قژڕەشە باڵابەرزەکانە.“) (8) (”ویقاری ئەو مردنە کتوپڕە، ڕەنگی لە ڕەنگی گەنجێکی بێئەزموون و دونیانەدیوەوە گۆڕیبوو بۆ ڕەنگی پیاوێکی بەهەیبەت و کامڵ.“)(9) هەروەها هەر کەسێک بەشی کاسێتی سێیەم لە ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیادا بخوێنێتەوە، وەک چەند لاپەڕەیەکی جوان لە دەقێکی ناوازە و شاکاردا دیمەنێکی ئەنفال دەبینێ (”لەو سەردەمەدا کە بەعسییەکان وەک جانەوەری بیبەزەیی هەموو شتیان وێران دەکرد، کەمتەرخەمیی مرۆڤ بۆ مرۆڤیش گەیشتبووە ئەوپەڕی… دڕندەیی ئەوە نییە ئەوانی دی بکوژیت، بەڵکو ئەوەیە وابکەیت کەس لەبیری ئەوانی دیدا نەبێت.“) (10)بەعس لە ئەنفالدا گەیشت بە ترۆپکی کۆجیتۆکەی خۆی، کۆجیتۆی ”من دەکوژم، کەواتە من هەم“. گوتاری شۆڕشیش کە گوتاری مانەوە بوو، ئەگەر بکرێ ئێمە کۆجیتۆی بۆ بتاشین، بە ئیزن وەرگرتن لە دیکارت، دەبێ کۆجیتۆیەکی لەم چەشنە دەرببڕین: ”من هەم، کەواتە هەم.“ واتا هیچ شتێک مانا نابەخشێ بە بوونم، جگە لە خودی هەستکردنم بە مانەوە. لە ڕۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەکاندا، زۆر باس لە بیابان دەکات: ”بێدەنگ تەماشای ئەوانە دەکەن کە لە بەردەمیاندا زیندەبەچاڵ دەکرێن. هەزاران ڕۆح کە بە بیاباندە ڕادەکەن و لەسەر ئەو سنوورەدا کە ژیان لە مردن جیا دەکاتەوە دەوەستن.“(١١)

کەشی ڕایسیزم لە ڕۆمانەکانیدا بەرجەستە دەکات و باس لە دۆخی گەلان بەرانبەر خۆیان و بەرانبەر گەلانی تر دێنێتە بەر باس (”لە مەڕاسیمەکەدا دێلاوارییەکان بەو سەگانە وەسف کران کە تەنها بە پانکردنەوەی سەریان زەوی لە شەڕ و ئافەتیان ڕزگاری دەبێت، دێلاواریان بە سەرزەمینی مەیموونە بێکلکەکان ناونا.“) (12)(”هەموو غەریبەیەک، هەر کەسێک زمانی لە خەڵکی دێلاوار نەچووبایە، مەزهەبی جیا بوایە، پیاوانی سەی ئەسڵان وەک دوژمن سەیریان دەکرد.“)(١٣) (”دەبوو هەموو هاوڵاتییەکی مەمەدحەسار گەر ئامادەگیی ئەوەشی تێدا نەبێت، خۆی دێلاوارییەک بکوژێت، ئامادەگیی ئەوەی تێدا بێت لەزەت لە سەربڕین و ئازاردانیان ببینێت.“) (14)لە ڕۆمانی شاری مۆسیقارە سپییەکانیشدا، لەسەر زمانی سامیری بابلی دەڵێت: ”لە بیابان گۆڕی گەورەمان هەڵدەکەند و ژن و منداڵمان تیا زیندەبەچاڵ دەکرد.“(١٥)


پەراوێزەکان

١ شێرکۆ بێکەس: چەند پەیڤێک دەربارەی چیرۆکی کوردی، گۆڤاری ئایندە، ژمارە ٤٩، ٢٠٠٣، لاپەڕە ٢٣.

٢ بەختیار عەلی: شاری مۆسیقارە سپییەکان، چاپی چوارەم، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، سلێمانی، چاپخانە لە تاران، ٢٠١٦، لاپەڕە ٢٨٣.

٣ بەختیار عەلی: کەشتیی فریشتەکان، کتێبی یەکەم، چاپی یەکەم، لە بڵاوکراوەکانی ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب، سلێمانی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، ٢٠١٢، لاپەڕە ٢٥٩.

٤ بەختیار عەلی: کەشتیی فریشتەکان، کتێبی دووەم، چاپی یەکەم، ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، سلێمانی، چاپخانەی کارۆ، ٢٠١٣، لاپەڕە ١٥٦.

٥ بەختیار عەلی: کەشتیی فریشتەکان، کتێبی یەکەم، لاپەڕە ٣٦٤.

٦  بەختیار عەلی: دواهەمین هەناری دونیا، چاپی پێنجەم، ناوەندی ڕۆشنبیریی و هونەریی ئەندێشە، سلێمانی، چاپخانەی رجایی/تاران، ٢٠١٤، لاپەڕە ٣٦٩.

٧  بەختیار عەلی: تا ماتەمی گول… تا خوێنی فریشتە، چاپی سێهەم، ناوەندی ڕۆشنبیریی و هونەریی ئەندێشە، سلێمانی، چاپخانەی رجایی/تاران، ٢٠١٤، لاپەڕە ٣٦٣.

٨  بەختیار عەلی: تا ماتەمی گول… تا خوێنی فریشتە، لاپەڕە ١٦٥.

٩  بەختیار عەلی: مەرگی تاقانەی دووەم، چاپی دووەم، لە بڵاوکراوەکانی نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی، سوید، چاپخانەی میدیا-ستۆکهۆڵم، ٢٠٠١، لاپەڕە ٦٨.

١٠ بەختیار عەلی: کەشتیی فریشتەکان، کتێبی یەکەم، لاپەڕە ٧٣٨.

١١ بەختیار عەلی: شاری مۆسیقارە سپییەکان، لاپەڕە ٢٧٦.

١٢  بەختیار عەلی: هەورەکانی دانیال، چاپی یەکەم، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، سلێمانی، چاپخانەی پەنجەرە، ٢٠١٥، لاپەڕە ٥١٧-٥١٨.

١٣  بەختیار عەلی: هەورەکانی دانیال، چاپی یەکەم، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، سلێمانی، چاپخانەی پەنجەرە، ٢٠١٥، لاپەڕە ٢٧٣.

١٤  بەختیار عەلی: هەورەکانی دانیال، چاپی یەکەم، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، سلێمانی، چاپخانەی پەنجەرە، ٢٠١٥، لاپەڕە ٥١٩.

١٥  بەختیار عەلی: شاری مۆسیقارە سپییەکان، چاپی چوارەم، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، سلێمانی، چاپخانە لە تاران، ٢٠١٦، لاپەڕە ٢٤٣.

خوێنەر و کتێب: دەربارەی ڕۆمانی زیكزیکە

دیدی منخوێنه‌ر و كتێب

كتێب: زیكزیكـه‌
نووسه‌ر: ئه‌حمه‌د غوڵامی
خوێنه‌ر: فه‌رمان ئه‌حمه‌د

لەوەتەی ڕۆمان وەک ژانرێکی ئەدەبی سەری هەڵداوە، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر جێگەی خۆی قایم کردووە و ئیدی وەکی یەکێک لە باڵاترین ژانرە ئەدەبییەکان، بووەتە کەناڵێکی زیندووی گوزارشتکردن لە خەمە مرۆییەکانی سەردەم(1)، بۆیە لێرەشەوە ڕۆمان وەک ژانرێکی ئەدەبیی زیندوو، بەردەوام لێکۆڵینەوە و ڕانانیشی بەدووی خۆیدا هێناوه‌ بۆ دەرخستنی لایەنە ئیستاتیکییەکانی یان ڕەخنە یاخود قسەکردن لەسەر پەیامەکەی.

لە دیدی ئورهان پامووکیشەوە ڕۆمانەکان ژیانی دووەمن(2)، لە هەر کۆمەڵگه‌یەکەوە بێن واقیعی (ڕەنگ و ڕووخسار و کەس و جەنجاڵییەکان و عەقڵیەت)ی ئەو کۆمەڵگه‌یە وێنا دەکه‌ن. ڕۆمانی زیکزیکە کە نووسه‌ری ئێرانی ئەحمەد غوڵامی بنووسێتی و مەریوان هەڵەبجەیی کردوویەتی بە کوردی، ڕۆمانێکی قەبارە بچووكه‌‌ و لە توێی نەوەد ڕووپەڕدا، ململانێی نه‌وه‌كان، یان چیرۆكی عیشقه‌ناكامه‌كانمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ و پێمان ئێژێت کە عەقڵیەتی دەسەڵاتداری لەو كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی كه‌ ڕۆمانه‌كه‌ی لێوه‌ هاتووه‌، ئاوێنەی عەقڵیەتی تاکەکانێتی، واتە عەقڵیه‌تێكی كۆنەپارێزی و بابسالاری، کە لە هەوڵی ئەوەدایە تاك له‌ جڤاتدا بتوێنێته‌وه‌ و تۆ بكات به‌ خۆی و چ بکەی و چ نەکەی ئەوانی دی بۆتی دیاری بکەن، بەردەوامیش ئەیەوێت شوناسی تاکگەرایت له‌ تاك بستێنێته‌وه‌ و ئازادییەکانت سنوردار بکات و نەهێڵێت خۆت بیت بە جۆرێک کە ده‌بێت هەمووان ئەوە بن کە سیستەم دەیەوێت لێیان، واته‌ به‌ هه‌مان نه‌زمی هه‌ڵپه‌ڕكێكه‌ هه‌ڵپه‌ڕن و له‌ ڕیزه‌كه‌ ده‌رنه‌چن. دەنا دواجار سیستەم ڕێگەی خۆی هەیە بۆ توانەوەی تاک لە چڤات و كپكردنی ده‌نگی ئه‌و زیكه‌زیكانه‌ی ئێره‌وئه‌وێ كه‌ لێ ناگه‌ڕین به‌ ئه‌رخه‌یان بنووێ و خه‌وی نه‌زڕێ، خودی مرۆڤیش کە ئەو سیستەمەی دروست کردووە شارەزاترین و بەدترین دوژمنی خۆیەتی، کە چۆن سزاگەلێکی وەکی ژووری ئینفرادی ده‌خوڵقێنێ و وا دەکات تاکی یاخی لە سایەیدا ڕۆژێ گوێیەک ڕۆژێ پەنجەیەک هتد … هەڵوەرێنێ و خۆی بخواتەوە.

له‌ ڕۆمانه‌كه‌وه‌: ڤانکوخ گوێی لێکردبووەوە بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵام بەنەوشە دەیگوت ئەم قسە هەلەقوبەلەقانە چییە، لەتاوعیشقەکەی وایکرد.

لە هونەری ڕۆماننووسیندا، دەستپێک هەم بۆ خوێنەر هەمیش بۆ نووسەر زێدەتر جێی بایەخە. بە شێوەیەک ده‌بێت ئەو چەند دێڕەی سەرەتا وا بکات خوێنه‌ر بە تاسوقەوە تا کۆتایی لەگەڵ ڕۆمانەکە بچێت و دەرخەری چەقی ڕۆمانەکەش بێت.هەربۆیەشە سەروەختی نووسین، نووسەرانیش زۆر بۆیان گرنگە و دڵیان لە مشتیانە و نیگەرانن لەوەی کە لە کوێوە و بە چی دەست پێ بکەن. بنووس لە زیکزیکەدا بەم په‌ره‌گرافه‌ سەرنجڕاکێشەی كه‌ لێره‌وبه‌دواوه‌ دێ، دەست پێ دەکات کە خوێنەر کەمەندکێشی نێو دنیای ڕۆمانەکە دەکات و چاوی خوێنەر هەر کە دەچێتە سەر ئەم دێڕانە، بایەخ و جوانی ڕۆمانەکە هەست پێ ئەکا: ”کۆتایی هەرشتێک واتە مەرگ و مەرگیش شتێکە تا کەسێک ئەزموونی نەکات، تێیناگات و کاتێکیش کە ئەزموونی کرد، ئیدی ئەزموونکردنی بۆ خۆی و کەسانی تریش سوودی نییە، باوکم مەرگی بە خراپترین شێوە ئەزموون کرد. لەسەر محاجەرەی هۆڵی فوتساڵەکە دانیشتبوو تۆپێک بەر سەری کەوت، سەری بەر دیوارەکە کەوت و کەوتە سەر زەوی و مرد.“

ئەم پەرەگرافە بە جۆرێک جێی خۆی گرتووە، زیادەگۆیی نییە ئەگەر بڵێین هەموو ڕۆمانەکەیە یاخود هەموو ڕۆمانەکە لەمەدا کۆبووەتەوە. لە باسی مەرگی باوکیدا گێڕەرەوە کە بابەک ڕەزایی کارەکتەری سەرەکییە، مەرگی باوکی تەنزاندووە، پوچی و بێمانایی ژیان و لاوازی مرۆڤ لە بەرامبەر مەرگدا باڵی بەسەر ئاسمانی ڕۆمانەکەدا کێشاوە.

ئەز نازانم بۆ ئەم دواییانە هەرچی ڕۆمانێکی ئێرانی دەخوێنمەوە تەمی ڕەش ئاسمانەکەی گرتووە و لە مەرگ یان هەڵوەرینی خەونەکان دەدوێ. وەک لە پەرەگرافی یەکەمدا باوکی گێڕەرەوە، مەرگ کۆتایی بە خەونەکانی دەهێنیت و ناهێڵێ ئەوەی دەیەوێ کە ئەنجامی یارییەکەیە بببینێت و چەند دێڕێک دواتر و لە هەمان پەرەگراف خودی گێڕەرەوەش دوای باسکردنی مەرگی گاڵتەجارانەی باوکی، مەرگی خۆیشی ڕادەگەیەنێ، هایتە ئێژێ: ” بێزار بووم لە تۆپ و دواجاریش تۆپێک دای لە ناوەڕاستی خەونەکانم. کاتێک ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی خولی نۆیەمی سەرۆککۆمارییان ڕاگەیاند……..وەک بڵێیت هەموو شتێک وێران بوو.“

ڕۆمانەکە کە لەسەر سێ هێڵی سەرەکی دەچێت، ئەو سێ هێڵە سەرەکیەش لە دەرەوەی واقیع نین؛ چیرۆکەکانی لە واقیعەوە سەرچاوەی گرتووە. یەکێکی دیکەش لە چیرۆکەکانی نێو ڕۆمانەکە کە باسکردنە لە چیرۆکی خۆشەویستیی بابەکی گێڕەرەوە، هەر ئاوێتەکراو گرێدراوی باس و چیرۆکەکانی تری نێو ڕۆمانەکەیە و بە هەمان شێوە ئاکامه‌كه‌ی هەڵوەرێن و نائومێدییە، دوای ئەوەی لەگەڵ بەنەوشە لەسەر کاری ڕۆژنامەوانی دەگیرێت و دەخرێتە زیندان .

ئەگەر تۆزێ بێینە دەر لەو باسە، پانزە شانزە ساڵێک دەبێ زیکزیکەم نەژنەوتگە، بۆ من گەڕانەوەیەکی جوان و بیرهێنانەوەیەکی چێژ بەخش بوو، بە منداڵی لە نێو دڕکوداڵەکاندا گوێمان ڕادەدێرا تا دەنگی زیکەزیکی ئەو مێشولەیه‌ ببیستین و لە بۆسەدابووین تا بیگرین و لە نێو دەستمان حەپسی کەین، تا بەتەنێ بۆ ئێمە بخوێنێ، بەس نەمان دەزانی ئه‌گه‌ر لە سروشتی خۆی دایماڵی، ڕەنگە درەقەتی ئەوە نەیە لە نێو دەستاندا بێ و بمرێ، بۆیە دواجار باڵێ یا کلکێ یا گوێیەکی لێ دەبووەوە و ده‌مرد، ئێمە چێژمان لە گرتنی ئەو چشتە جیاوازە وەردەگرت، ئاخر ئەو بە تاریکی شەودا کە هەناسەی دەدا ڕووناکییەک بە پاشیەوە دادەگیرسا و ئێمەش بە دووی دەکەوتین تا خامۆشمان دەکرد، ئەووەخت پێیان دەگوت گۆهەسارە، هەتا زێدەتر بیر لە تایبه‌تمه‌ندیی ئەو مێشولەیە بکەینەوە، چاکتر بۆمان دەردەکەوێ ئەو ڕۆمانە لە چی دەدوێ و بۆ بەو ناوەوەیە.

خوڵاسە؛ ڕۆمانەکە ئەگەرچی کلک و گوێ کراوە و سانسۆرکراوە، لێ کەوی نەکراوە و پەیامەکەشی ون نەبووە. ئەمەش دیالۆگێکی تری نێو ڕۆمانەکەیە دوای ئەوەی بابەک ده‌چێتە بەره‌کانی جەنگ لەگەڵ فەرماندەکەی ئاشنایەتی پەیدا دەکات، کە مامۆستا بووە و دوورخراوەتەوە بۆ بەرەکانی جەنگ:

وتی: تۆ تا ئێستا کەرێتیت کردووە؟

وتم: نەخێر قوربان؟

وتی: کەواتە دەیکەی، دەزانی چی؟

وتم: چی قوربان؟

وتی: تۆش لەو کەسانەی کەرێتی لەگەڵ ئازادیدا تێکەڵ دەکەی.

سوپاس بۆ کاک مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕانێکی جوانی بۆ ڕۆمانەکە کردووە.


په‌راوێزه‌كان:

(1)بونیادی ڕووداو،  ئاری عوسمان خه‌یات

(2)ڕۆماننووسی ساده‌ و ڕۆماننووسی بیركه‌ره‌وه‌، ئورهان پامووك

خوێنەر و کتێب: دەربارەی ڕۆمانى قه‌سابخانه‌ی ژماره‌ پێنج

دیدی منخوێنه‌ر و كتێب


كتێب: قه‌سابخانه‌ی ژماره‌ پێنج
نووسه‌ر: کوورت ڤۆنێگه‌ت
خوێنه‌ر: به‌رهه‌م ئه‌نوه‌ر

هەڵبەت کاتێک لە کۆتایی مانگی یەکەمی بەهاری ٢٠١٣دا قەسابخانەی ژمارە پێنجم لە کتێبخانەیەکی بچووک و لاتەریکدا بینی و کڕی، هەرگیز بە خاتری نووسەرەکە و بابەتی چیرۆکەکە نەبوو- چوون نە دەمناسی و نە هیچم دەربارەی بیستبوو-  بەڵکو تەنها بینینی دوو وشە – کە ناوێکیان دروست دەکرد – بۆ من بەسبوو، ئەویش عەتا نەهایی وەرگێڕی کتێبەکە بوو.

”چیرۆکی شکست و ڕسوایی سەربازان!“
درێسدن شارێکە لە ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا و هاوسنوری وڵاتی چیک و پۆڵندایە. ئەم شارە لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووه‌مدا -واتە لە بەهاری ١٩٤٥دا – لە لایەن دەوڵەتە هاوپەیمانەکان، ئەمریکا و بەریتانیا، بۆمباران دەکرێت و لە دەست دەسەڵاتی نازییەکان ئازاد دەکرێت. ئەم ئازادییەش بە مردن و سوتانی زیاتر لە ١٣٥ هەزار کەس دێتە دی.
(بەڵێ کاری دنیا ئاوایە)

نوسەری ئەمریکایی کوورت ڤۆنێگه‌ت ڕۆمانێک بە ناوی قەسابخانەی ژمارە پێنج لە بارەی ئەم تراژیدیایەوە دەنووسێت و ساڵی ١٩٦٩ چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.
چیرۆکی ڕۆمانەکە لە خزمەتی بیرۆکەیەکی مەزندایە، ئەویش نەفرەتکردن و ناشرینکردنی شەڕە، ئیتر شەڕ لە پێناوی هەر ئایدیا و مەبەستێکدا بێت.
دیارە کاتێک ئێمە ئەم وشانە (جەنگی جیهانیی دووەم، ئەڵمانیا، نازییەکان) پێکەوە دەبینین و دەژنەوین ڕاستەخۆ خەیاڵمان بۆ هۆڵۆکۆست و دڕندەیی هیتلەریزمەکان دەڕوات. پڕۆسەی پاکتاوکردنی ئەو جولەکانەمان بیردێتەوە کە زیاتر لە ٦ ملیۆنیان لەناوچوون. بەڵام ئەم کتێبە پێچەوانەی خەیاڵی ئێمە زیاتر کار لەسەر نیشاندانی قێزەونی دەرئەنجامی هەوڵی هاوپەیمانەکان و بە تایبەت ئەمریکا دەکات، بۆ ڕزگارکردنی درێسدن. شارێکی خاپووربوو کە ژمارەی مردووان تێیدا تەقریبەن هاوشانی هێرۆشیما و ناگازاکی بوو! بەو جیاوازییەی کە کوشتار و وێرانکارییەکەی درێسدن وەک ئەوان دەنگدانەوەی جیهانی نەبوو!
(بەڵێ کاری دنیا ئاوایە)

نووسەری ئەم کتێبە، یاخود پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە، یەکێک لەو سەربازانەیە، کە لە دوایین شەوی بۆمببارانکردنی درێسدندا، بە دیلکراوی لە شارەکەدا بووە و بە پەرجوویەک ڕزگاری بووە و بە ڕێکەوت، یەکێک نەبووە لەو هەزاران هەزار مردووەی ژێر دار و پەردووی بینا ڕوخاوەکان!

کوورت ڤۆنێگه‌ت

ڤۆنێگه‌ت بۆ نیشاندانی زیاتری قێزەونی و مەینەتییەکانی شەڕ، لە پاڵ بەکارهێنانی زمانێکی تەژی لە تەنز و تەوس و گاڵتەجاڕی، تەکنیکێکی نایاب بەکار دەبات، کە بریتییە لە گۆڕینی بەردەوامی کات و شوێنی چیرۆک و ڕووداوەکان. ئەم تەکنیکی شوێن/کات گۆڕینە هێندە لێزانانە پەیڕەوکراوە، کە بەهۆیەوە دەتوانین هەست بە کاریگەییەکانی شەڕ بکەین لەسەر دەروون و خەیاڵی سەربازان بە گشتی و دەربازبووانی جەنگ بە تایبەتی. پاڵەوانی ڕۆمانەکە بەردەوام لە نێوان چەند زەمانێکدا لە گەشتدایە، گەشت لە نێوان تەمەنی منداڵی و لاوێتی و پیریدا. بە زمانێکی تر، سەفەر لە نێوان ڕۆژگارەکانی بەر لە جەنگ و سەردەمانی جەنگ و دوای جەنگ.
ڕێدەکەوێت لە لاپەڕەیەکدا، هەندێ جار لە پەرەگرافێکدا، دوو شوێن/کاتی جیاواز، واتە دوو چیرۆک و دوو ڕووداوی جیاواز ببیندرێت. ئەم وردەکارییە کارێک دەکات نەتوانین چاوپۆشی تانانەت لە ڕستەیەکیش بکەین. شێوازی گێڕانەوەکە بە جۆرێک چڕوپڕ و داڕێژراوە، کە هەست بەهیچ جۆرە زیادەڕەوییەک نەکەیت. ئەمە وا دەکات لە کتێبێکی ٢٥٠ لاپەڕەیی نەک پەرەگرافێک، تەنانەت ڕستەیەکیش زیادە و بێ کاریگەریی دەرنەکەوێت. واتە بۆ ئەوەی لەگەڵ خەیاڵی بیلی، پاڵەوانی ڕۆمانەکە، هەمیشە لە سەفەرە بەردەوامەکانیدا بەشدار بین، پێویستمان بە حەوسەڵەیەکی زیاتر و سەلیقەیەکی باشترە و هەرگیز، ناشێت و نابێت لە ڕستەیەک خافڵگیر بین.

عادەتەن لە جەنگدا دوو بەرە هەیە، لایەنێک کە پێی وایە لەسەر حەقە و لایەنێک کە وا دەردەکەوێت ناحەقە، بەڵام ڕەهەندێکی جوانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە لە خزمەتی هیچ کام لەم دوو لایەندا نییە. بەڵکو وەک ئەلبوومێکی وێنەیی ژیانی ئەو سەباز و بەرکەوتووانەمان نیشان دەدات کە تا ئاستی نابوودبوون و ڕیسوایی، لە زیانلێکەوتووانی جەنگن. سەرابازانێک، کە جوانترین ساتەکانی ژیانیان دەبێتە سووتوی شەڕەکان. خۆشترین هەناسەکانیان لە نزیک شەڕگەکان و لەناو تانک و سەربازگەکاندا دەدەن. لە باشترین حاڵەتدا برسییانە و سەرمایانە و بە گشتی، لە نێوان خەو و بێدارییاندا جیاوازییەک نییە!
(بەڵێ کاری دنیا ئاوایە)

بەڵێ، وەک چۆن هەمیشە ئاو خواردنەوە پێویستییە و ئاساییە، ئاوهاش لە ساتی جەنگدا کوشتن و بڕین پێویستییە و ئاساییە. چونکە شەڕ تەنها یەک یاسای هەیە –ئەگەر نەکوژیت، دەکوژرێیت-
دەشێت بڵێین ئەم کتێبە تەواو لە خزمەتی نیشاندانی پوچییەتی و بێهودەیی ژیانێکدایە، کە یاساگەلێکی هاوشێوەی تێدا پیادەکرێت.


قەسابخانەی ژمارە پێنج. کوورت ڤۆنێگه‌ت. وەرگێڕانی؛ عەتا نەهایی. سەردەم، ۲۰۰٨.

خوێنەر و کتێب: دەربارەی ڕۆمانى ماى نەیم ئز لەیلا

دیدی من – خوێنەر کتێب

کتێب: مای نەیم ئز لەیلا

نووسەر: بی‌تا مەلەکووتی

خوێنەر: یونس سلێمان ئەحمەد


ڕۆمانى ماى نەیم ئز لەیلا لەجنووسینى خانمەنووسەرى ئێرانى، بی‌تا مەلەکووتىیە، لە لایەن مەریوان هەڵەبجەییەوە بۆسەر زمانى کوردى وەرگێڕراوە.

ڕۆمانەکە بە شێواز و تەکنیکى بەرز ئاشنامان دەکات بە چەند باسێکى گرنگ، وەک شۆڕشى ئێران و دەرئەنجامەکانى، تەنیایی و عەشق و خیانەت و ژیانى تاراوگە و ڕووداوى یازدەى سێپتمبەر و جیاوازیى کلتوورى.

ڕۆمانەکە لە دووتوێی 128 لاپەڕە و 17 بەشدا بە تەکنیکى سێ گێڕەرەوە، کە هەر یەکێکیان بەشێک دەگێڕنەوە و دەگۆڕێن، باسى چیرۆکى کچێک دەکات بە ناوى لەیلا، کە دواى ئەوەى لە ئێران لەدواى شۆڕشى ئیسلامى، برایەکى بە ناوى ئەمیر عەلى بە تاوانى پەیوەندى بە گروپێکى کۆمۆنیستى دەستگیر دەکرێت و دواتر لەسێدارە دەدرێت.

لەیلا هاوسەرگیریی لەگەڵ پیاوێکى ئێرانیی تەمەن چل ساڵى بە ناوى سەدرى کرد، سەدرى پێشتر ژنى هەبووە، بەڵام  منداڵیان نەبووە لێ جیا بووەتەوە، بۆیە هاوسەرگیریی لەگەڵ لەیلا کرد.

لەیلاش خۆى گەیاندە ئەمەریکا، ڕووبەڕووى زۆر گرفت دەبێتەوە، ئەوەش بە هۆى ئەوەى کلتوورى ئەمەریکى جیاوازە لە کلتوورى ئێرانى، هەروەها لەیلا لە ئەمەریکا لە یانەیەک کار دەکات، لەوێ کوڕێک بە ناوى جۆنۆتۆن دەناسێت و پەیوەندیى لەگەڵ دروست دەکات، هەر ئەم کوڕە کچێنیی لەیلا دەستێنێت، دواتر لەیلا کوڕێکى ئێرانى بە ناوى ناسر دەناسێت، هاوسەرگیریی لەگەڵ دەکات، منداڵێکى کچیان دەبێت ناوى دەنێن تانیا.

ناسر لە کۆمپانیایەک وەک شۆفێرى بارهەڵگر کار دەکات، دواتر پەیوەندى لەگەڵ کچێک بە ناوى دانیلا دروست دەکات، لەیلاش بەو پەیوەندییە دەزانێت و لە ناسر جیا دەبێتەوە.

لەیلاش کوڕێکى ترى ئێرانى بە ناوى یوسف دەناسێت، پەیوەندیى لەگەڵ دروست دەکات، یوسف کە سەرقاڵى نووسینى ڕۆمانێکە، بە تەواوبوونى دەگەڕێتەوە بۆ ئێران.

لە ڕۆمانەکەدا باسى ڕووداوى یازدەى سێپتێمبەر دەکات، کە چۆن لە ڕێگاى دوو فڕۆکەوە دوو تاوەرى گەورە دەڕوخێت.

لەبارەى ئەم ڕۆمانەوە، لە چاوپێکەتنێکدا لەگەڵ بی‌تا مەلەکووتى، بەم جۆرە باسى ڕۆمانەکە دەکات:

”من ساڵی ٢٠٠٦دا دەستم کرد بە نووسینی ڕۆمانەکە، هەر ئەو ساڵەی کۆچم کردبوو هاتبووم بۆ ئەمەریکا، ساڵی ٢٠٠٧ تەواوم کرد و خستمە لاوە. ساڵی ٢٠١٠ سەرلەنوێ چوومەوە سەروەختی، لەبەر ئەوەی دەمویست زۆر باش لە زەینمدا جێگیر ببێت. دەمویست ماوەیەک لێی دوور بم  و دواتر بڕۆمەوە و کاری لەسەر بکەم، تا بتوانم باش پاکنووسی بکەم. بڕیاڕ بوو ساڵی ٢٠١٠ دەزگای باران لە سوید چاپی بکات. زۆر مەیلی لە چاپدانی پیشان دابوو، بەڵام بێبەڵێنییان کرد و منیش لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٢دا ئەم کتێبەم دا بە خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی ناکوجا لە پاریس، ئەوانیش هەمان ساڵی ٢٠١٢ چاپیان کرد. سەرەتا کەسێتییەکانم نووسیبوو، واتە لەیلا، یوسف، ناسڕ و تانیام نووسیبوون، تەنانەت سەرەتا زۆربەی کەسێتییە لاوەکییەکانیشم لە زەیندا بوو. گرێچنی سەرەکیی ڕۆمانەکەشم نووسیبوو، تەنانەت پێش ئەوەش دەست بە نووسینی بەشی یەکەم بکەم. بەڵام هەندێک لە چیرۆکە لاوەکییەکان لە پڕۆسەی نووسینی ڕۆمانەکەدا دروست بوون، هەروەها بڕیارم دا کۆتایی یەکێک لە گێڕانەوەکانیش لە پڕۆسەی نووسینی ڕۆمانەکدا بگۆڕم.“

ئەزموونی تایبەتیم زۆر بەکەڵکم هات، گەرچی لە ناو هەموو ئەو کەسێتییانەی کە تا ئێستا نووسیومن و بەدیم هێناون، لەیلا دوورترین کەسێتییە لە خۆمەوە، هەموو ڕووداوەکانیش خەیاڵین، بەڵام ئەزموونی کەسیی خۆم وەک کەسێک کە لە حەفتاکاندا لەدایک بووە و شۆڕشی گەلانی ئێران و شەڕ و دژوازیی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا بینیوە، چیرۆکی کۆچی هاوڕێ و خزمان و ئازیزەکانی خۆی بیستووە و خۆیشی کۆچی کردووە، هەموو ئەمانە زۆر یارمەتیدەرم بوون. دەمویست لە ڕێگەی ژیانی لەیلاوە لە چارەنووسی خەڵکانێک بدوێم، کە خەڵکی من بوون و من خۆشم یەکێک بووم لەوان، کە لەناو دژوازی و ترس و دڵەراوکێ و ئازارکانیاندا گەورە ببووم. دەمویست ڕەنگدانەوەی مێژووی هاوچەرخ و ئەو پەنجا ساڵ دواییەی ئێران لە ڕۆمانەکەدا بێت. ئەمانە هەمووی پڕئێش بوون، بەڵام لە هەمان کاتدا شیرین بوون. شیرین بوون، لەبەر ئەوەی لەو میترۆپۆڵە گەورە شێتە خۆشەویستەدا، واتە نیویۆرک، خۆم دۆزییەوە. شیرین بوون، چونکە من ئەم ڕۆمانەم بە چەشنێک دەست پێ کرد و نووسی، کە بە هیچ شێوەیەک بیرم لە سانسۆر و وەزارەتی چاودێری و ئەوەی کە ئەم کتێبە دەبێت بۆ چاپ مۆڵەت وەربگرێت، نەکردەوە، کەواتە ناکرێت بڵێین نابێت ئەم وشەیە بنووسین، ئەم باسە بنووسین، باسی ئەم پەیوەندییە بکەین، ئەمە وا بکرێـت و وا نەکرێت، بێ بیرکردنەوە لەم شتانە نووسیم و هەر لە سەرەتاوە بە خۆمم گوت من ئەم کتێبە بێ کەموزیادکرنی تەنانەت یەک وشەش چاپ دەکەم. یەک لەو هۆکارانەشی کە بە هیچ شێوەیەک ئەم کتێبەم بۆ چاپ نەناردەوە بۆ ئێران، هەر ئەمانە بوون، خۆشترین بەشی و چێژبەخشترین بەشی ئەمە بوو.”

  • ڕۆمانى ماى نەیم ئز لەیلا، بى تا مەلەکوتى، وەرگێڕانى: مەریوان هەڵەبجەیی، چاپخانەى حەمدى، سلێمانى، ٢٠١٦
  • چاوپێکەوتنى مەریوان هەڵەبجەیی لەگەڵ ڕۆماننووس بى‌تا مەلەکووتى

خوێنەر و کتێب: ڕانانێک بۆ ڕۆمانى سێ هەنگاو و سێدارەیەک

دیدی من – خوێنەر و کتێب

کتێب: سێ هەنگاو و سێدارەیەک
نووسەر: جان دۆست
خوێنەر: یونس سلێمان ئەحمەد

سێ هەنگاو و سێدارەیەک نوێترین ڕۆمانی جان دۆستە، لە لایەن وریا غەفوورى لە زاری کرمانجیی کوردییەوە داڕێژراوەتەوە بۆ زاری سۆرانی. ڕۆمانەکە گێڕانەوەی شەوی کۆتایی ژیانی شۆڕشگێڕی ناودارى کورد ، شێخ سەعیدی پیرانە، کە لە لایەن دەسەڵاتدارانى تورکیا لەسێدارە درا.

ڕۆماننووس هەوڵی داوە بە داڕشتنێکى جوان و زمانێکى شاعیرانە ئاشنامان بکات بە ژیانى شێخ سەعیدى پیران لە سێ هەنگاو لەپێش لەسێدارەدانی شێخ سەعید دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردووى خۆى، وەکو فلاشباک گوزەرێک دەکات بە ناو حەفتا ساڵى ژیانیدا.

هەنگاوى یەکەم گەڕانەوەیە بۆ قۆناغى منداڵى شێخ سەعید پیران ئەو کاتەى شێخ تەمەنى نەگەیشتووەتە یەک ساڵ پێ گرتووە.

هەروەها باسى سەردەمى فەقێیەتىی شێخ سەعید دەکات، کە بۆ خوێندن چووە بۆ مووش و لەوێ زانستەکانى ئەو سەردەمەى خوێندووە.

 ڕۆمانەکە بێبەش نییە لە عەشق و خۆشەویستى ئەو دەمەى شێخ لە مووش، کە دەگەڕێتەوە لە حەوشەى ماڵەوە کچێک دەبینێت عاشقى دەبێت، ئەو کچە ناوى پەریخان دەبێت، کچى پیاوێک بووە باوکى سەرباز بووە و لە شەڕێکدا کوژراوە، ئەو کاتە پەریخان تازە لەدایک بووە، لە خنووسەوە دێن بۆ پاڵۆ لە ماڵى شێح سەعید دەژیا.

 شێخ خۆشەویستییەکە زۆرى بۆى هەیە هەمیشە بیرى لاى بوو و زۆر کات بەیەکەوە قسە دەکەن.

ڕۆژێک لە لاى بیرئاوى ماڵەوە، شێخ سەعید تینووى دەبێت، پەریخانیش دەیەوێت ئاوى بۆ هەڵبگۆزێت، بەڵام پەریخان دەکەوێتە ناو بیرەکە و گیان لەدەست دەدات، ئەمەش کاریگەرىی زۆر لەسەر شێخ سەعید دروست دەکات.

لەڕۆمانەکەدا ئاماژە بەهەردوو کۆنگرەى سیڤەر و لۆزان دەکات، بە جۆرێک سیڤەر بە گوڵدان و لۆزان بە بەرد چواندووە.

شێخ سەعیدى پیران وەکو شۆڕشگێڕێک ویستوویەتى کورد بە مافەکانى بگات، بۆ ئەمەش دواى پرس و ڕاوێژکردن لەگەڵ سەرۆکعەشیرەت و کەسایەتییە ناودارەکان، بڕیاری داوە شۆڕش لە دژى دەسەڵاتى تورکى ئەنجام بدات، هەروەها عەلیڕەزاى کوڕى نارد بۆ شارى حەلەب تا پشتگیرىی زیاتر بەدەست بهێنێت بۆ شۆڕشەکەى.

ڕوژی ٢١ی ئازاری ساڵی ١٩٢٥ دانرا بە یەکەم ڕوژی ھەڵگیرسانی شۆڕش. لە نیوەی دوەمی مانگی یەکەمی ساڵی ١٩٢٥دا شێخ سەعید گەشتێکی بە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا کرد، دەچووە ھەر ناوچەیەک بە کومەڵ لایەنگر و دۆست ڕوویان تێدەکرد. لە ٥ی شوباتی ١٩٢٥، شیخ سەعید خانیی بەجێ ھیشت و لەگەڵ سەد سوارە بەرەو گوندی پیران بەڕی کەوتن بۆ ماڵی عەبدولڕەحیمی برای. ھەر لەو شەوەدا مەفرەزەیەکی سوپای تورک بە سەرۆکایەتیی حوسنی ئەفەندی و موستەفا عالیم، کە ھاتبوون بۆ گرتنی چەند کەسێک لە گوندنشینەکان. شێخ سەعید ڕازی نەبوو کە کەس بگیرێت. ئەمە بووە ھۆی ئەوەی کە ھەردوو لا سەنگەر لە یەک بگرن. لەپاش شەڕ و تەقەکردن، چەندەھا کەس لە مەفرەزەی دوژمن کوژران و ئەوانی تریش بە دیل گیران.

ئەم ڕووداوە بووە هۆى ئەوەى کە شۆڕش لە وادەى دیاریکراوى خۆى پێش بکەوێت، لە ماوەیەکى کەمدا پرسکى شۆڕش زۆر ناوچەى گرتەوە و چەندین ناوچە کۆنترۆڵکراو ئامادەکارى کرا بۆ کۆنترۆڵکردنى شارى ئامەد، بەڵام دواى چەند هەوڵێک سەرکەوتوو نەبوون لە گرتنى شارى ئامەد.

لەڕۆمانەکەدا باس لە خیانەتى هەندێک کەس دەکات لە شۆڕش، ڕۆماننووس لە ڕێگاى کارەکتەرى قاسم بەگ کە بە هاوزاواى شێخ دەیناسێنێت، خیانەت لە شێخ سەعید دەکات، شوێنى شێخ و هاوڕێکانى بە دوژمن دەڵێت و بە هۆیەوە شێخ سەعید لە نزیک لەسەر پردی چەمى جیرانان دەستگیر دەکرێت و دواى مانەوەى حەفتا ڕۆژ لە زیندان، لەگەڵ پۆلێک لە شۆڕشگێرانى تر لەسێدارە درا.

هەر لە ڕۆمانەکەدا باسى دوو کەسایەتى دەکات، کە لە شۆڕشەکەى شێخ سەعید ڕۆڵى کاریگەریان هەبووە، ئەوانیش یوسف زیبا و خالید جەبری بەگ، کە دواتر دەستگیر دەکرێن و لەسێدارە دەدەرێن.

ئەم دوو کەسایەتییە لە چالاکترین ئەندامانی کۆمەڵەی سەرخۆبوون بوون، کە ھەموو بڕیارە گرنگەکانی کۆمەڵەیان دەگەیاندە دوورترین ناوچەکانی کوردستان.

ڕۆماننووس لە پەرەگرافێکدا بەم شێوەیە باسى خەیاڵى شێخ سەعیدى پیران دەکات:

[playbuzz-item url=”//www.playbuzz.com/didimn10/1-18-2017-8-10-51-pm” info=”false” shares=”false” comments=”false” recommend=”undefined” margin-top=”20″]

لە شوێنێکى ترى ڕۆمانەکەدا باس لە کاریگەرىی وڵاتە زلهێزەکان و چارەنووسى کورد دەکات:

”شەڕى مەزن کۆتایی هاتبوو. ئیدى بەڕووى پرسى مەزن لە خۆڵەمێشى ئارامیدا دەهاتە تەقاندن. کوردانیش بەڕووى خۆیان هاوێشتە سەر ئەم ژیلەمۆیە. پاریس، لەندەن و واشینگتۆن بووبوونە ئەو سێکوچکەى کە ئاگرى تژى بەڕوو لەناویدا دەهاتە شێواندن. کوردان ئێش و ئازارەکانیان، هیواکانیان، خەونەکانیان خستە تووبەرەى دڕاو و دایان بە شانیاندا و ڕوویان کردە ئەو پایتەختانەى چارەنووسى میللەتان تێیدا لەسەر مێز ڕاکشابوو.“

بەگشتى بە خوێندنەوەى ئەم ڕۆمانە خوێنەر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى شۆڕشى شێخ سەعیدى پیران و ئاشناى ڕووداوەکانى ئەو ڕۆژگارە دەبێت.

پێش ئەوەى خوێنەر دەست بکات بە خوێندنەوەى ڕۆمانەکە، ئەم چەند دێڕە نووسراوە:

”ئەم ڕۆمانە لە تاریکەشەودا لەژێر سێبەری سێدارەکان و باسکی خەیاڵێکی داگیرساودا ڕووی داوە. بۆ خوێندنەوەی پێویستت بە چرا نییە.“

خوێنەر و کتێب: ڕانانێک بۆ ڕۆمانی پێشمەرگە

دیدی من – خوێنەر و کتێب

کتێب: پێشمەرگە

نووسەر: ڕەحیمی قازی

خوێنەر: یونس سلێمان ئەحمەد

ڕۆمانى پێشمەرگە لە نووسینى ڕەحیمى قازییە، بۆ یەکەم جار لە ساڵى ١٩٦٠دا لە شارى بەغداد چاپ کراوە. ڕۆمانەکە باسى سەرەتاکانى درووستبوونى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد دەکات.

چیرۆکى ڕۆمانەکە باس لە خێزانێک دەکات بە ناوى مامەند لە گوندى کانى سەوز جووتیارە و کار بۆ ئاغایەک بە ناوى قەرەنى ئاغا دەکات،  کەسێکى زۆر خراپە و دەستى لەگەڵ کاربەدەستانى ڕژێمدا تێکەڵ کردووە، جووتیاران دەچەوسێنێتەوە.

مامەند کوڕێکى هەیە بە ناوى پیرۆت، عاشقى کچێک دەبێت لە گوندێکى تر، کچەکە ناوى مرۆتە، کچێکى زۆر جوانە، برایەکى هەیە بە ناوى شێرکۆ.

ئاغاى ئەو گوندە ناوى مینە ئاغایە، کەسێکى زۆر خراپە. سەرەڕاى ئەوەى کە سێ ژنى هەیە، بەڵام بەردەوام چاوى لە ژنى ترە، بۆیە چاو دەبڕێتە مرۆت. بۆ بەدەستهێنانى مرۆت، هەموو ڕێگەیەک تاقی دەکاتەوە، بەڵام مرۆت بە هیچ جۆرێک ڕازى نابێت.

سەرئەنجام مینە ئاغا لە ڕێگەى ژنێکەوە بە ناوى فاتمە، فێڵێک دەدۆزێتەوە کە مرۆت لەگەڵ فاتمە بێت بۆ کردنى گیایی بەهارە لە دارستان، ئەویش دەستى پێ بگات.

فاتمە بە بیانووى ئەوەى کە ئاغاژن داواى گیای بەهارەى لێ کردووە بۆی بێنێت، ئەمیش بە تەنیا ناتوانێت، داوا لە مرۆت دەکات هاوکارى بکات لەگەڵیدا بێت، مرۆتیش بەوە ڕازى دەبێت و لەگەڵى دەچێت بۆ دارستان. تا درەنگانى ئێوارە لەوێ دەبن، فاتمە خۆى دەشارێتەوە، دواى مینە ئاغا دێت پەلامارى مرۆت دەدات. هەرچەند مرۆت هەوڵ دەدات، بێئەنجام دەبێت. ئاغا دەستتدرێژى دەکاتە سەر مرۆت. دوایى ئەوە مرۆت بڕیار دەدات کە خۆى بخنکێنێت و لەژێر دارێکدا خۆى دەخنکێنێت.

دواى گەڕانەوەى شێرکۆ بۆ ماڵەوە، دەبینێت مرۆت لەماڵەوە نییە. سەرەتا گۆمانى ئەوە دەکات، کە پیرۆت هەڵیگرتووە، بەڵام پاش ئەوەى دڵنیا دەبێت کە مرۆت کەلوپەلى کردنى گیایی بەهارەى بردووە. دەڕوات بەرەو دارستان، لەوێ تەرمى خوشکەکەى دەدۆزێتەوە، دواتر پیرۆتیش لە کاتى ناشتنى دێت بۆ گۆڕستان و زۆر دڵگران دەبێت کە خۆشەویستەکەى لەدەست داوە.

ئەو کاتەى شێرکۆ تەرمى خوشکەکەی دەدۆزێتەوە، شوێنپێ ئەسپ و جگەرە دەبینێت، یەکسەر دەزانێت کە ئەوە کارى ئاغا بووە.

پیرۆت لەگەڵ چەند هاوڕێیەکى تریدا کەمین بۆ بەرپرسى ژاندارمى سەقز دادەنێن و دەیکوژن، پیرۆت دوو چەک هەڵدەگرێت و دەیبات لە شوێنێک دەیشارێتەوە، دواتر هەواڵى کوژرانى ئەو بەرپرسە بڵاو دەبێتەوە.

پیرۆت دەچێت بۆ لاى شێرکۆ، باسى ئەوەى بۆ دەکات کە دەیەوێت تۆڵەى مرۆت بکاتەوە، بۆ ئەوەش دوو چەکى پەیدا کردووە، شێرکۆش ئەوەى پێ باشە، پلان دادەنێن بۆ ئەوەى کە مینە ئاغا بکوژن، دواى ئەوەى خەرمانەکەى دەسووتێنن سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن و مینە ئاغا دەکوژن و تۆلەى مرۆت دەکەنەوە.

دواى ئەو ڕووداوە پیرۆت و شێرکۆ دەچنە ناو کۆمەڵەى ژ.ک، دەبنە ئەندام لە ڕێگەى کەسێکەوە بە ناوى مۆتیاس. دواتر ئاشنای کەسێک دەبن بە ناوى بنایی، کە دەکاتە پێشەوا قازى محەمەد.

دواى گەشەکردنى زیاترى کۆمەڵە بڕیار دەدرێت کە هێرش بۆ کۆنترۆڵکردنى سەقز و دەورووبەرى ببەن، بۆ ئەمەش پیرۆت سەرپەرشتیی نزیکەى چل پێشمەرگە دەکات و هێرش دەکەنە سەر کانى سەوز، بەڵام لەو کاتەدا قەرەنى ئاغا لە ڕاو دەبێت، باوکى پیرۆتیش بۆ پەیداکردنى بژێوى لە ناو ئەشکەوتێکدا دەبێت، دەىدۆزنەوە دواى ئەوەى قەرەنى ئاغا زۆرى لێ دەدات گیان لەدەست دەدات.

پیرۆت کاتێک دەگاتە ماڵەوە، دایکى خەریکە نەیناسێتەوە، چونکە زۆر گۆڕاوە پاش ئەوەى هەواڵى باوکى دەپرسێت، دەڵێن چووە بۆ پەیداکردنى بژێوى ئەویش یەکسەر دەچێت بۆ لاى ئەشکەوتەکە تەرمى باوکى دەبینێت دواى ئەو ڕووداوە قەرەنى ئاغا بەرەو تاران ڕادەکات.