Category Archives: موزیک

ڕەستاک، موزیک و گۆرانیی هەموو نەتەوەکانی ئێران، بەشی دووەم

دیدی من – بەرتەرینها

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە فارسییەوە: بیار ڕەشید

هەست دەکەم گرووپی ڕەستاک پێویستی بە ناساندن و پێشەکی نەبێت، چونکە تا ڕادەیەکی باش لە ناو کورد و گوێگرانی موزیک و گۆرانیدا ناسراوە. ئەم گرووپە لە ساڵی ١٩٩٧وە وەک گرووپێکی موزیکیی ئەزموونی، دەستی بە چالاکی کردووە. کاری سەرەکیی ڕەستاک گەڕانە بەدوای موزیک و گۆرانیی کۆن و ڕەسەنی ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا و دووبارە داڕشتنەوەی بە فۆڕمێکی ئەمڕۆیی، بەبێ ئەوەی ڕەسەنایەتیی موزیک و گۆرانییەکە ون بکەن.

ئەم دیدارە ماڵپەری بەرتەرینها، لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠١١دا بڵاوی کردووەتەوە، کە تێیدا هەریەک لە ئەندامانی، بە جۆرێک باس لە شێوەی کارکردنی ڕەستاک و ئەزموونی خۆیان دەکەن لەو گرووپەدا. دەکرێت کۆی دیدارەکەش وەک جۆرێک لە پێناسە بێت بۆ گرووپی ڕەستاک.

سارا نادری، ژەنیار

”گەنجانمان بە موزیکی سوننەتی ئاشنا کرد.”

بە بڕوای من ڕەستاک لە دروستکردنی پەیوەندیی نێوان نەوەی نوێ و موزیکی ڕەسەنی ئێرانیدا، کاریگەرییەکی زۆری هەبووە. من جگە لە چالاکییەکانی ڕەستاک، هەندێک کاری تری وەک وانەبێژی ئەنجام دەدەم، لەبەر ئەوە زیاتر لە ناو خەڵکدام و کاردانەوەی جیاواز دەبینم. دوای ئەوەی کە یەکەم ئەلبوومی ئێمە ڕەوانەی بازاڕ کرا، کچان و کوڕانی تەمەن شازدە بۆ حەڤدە ساڵم دەبینی، دەیانگوت: ”خانمی نادری، پێشبینینیی ئەم ئەلبوومە، هیچ جۆرە پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئامێرە سوننەتی و ڕەسەنەکانی ئێراندا نەبوو، چ بگات بە موزیک و گۆرانیی ناوچەکانی ئێران!” هەتا چەندین کەس بە منیان گوتووە پێشبینینیی کارەکانی ئێوە نەماندەزانی چ ئامێرێک لە ئێراندا هەیە، بەڵام دوای ئەو کارانە، ئامێرە میللی و ناوچەییەکانی ئێرانمان ناسی. موزیکی ئێران تەنها بە موزیکی سوننەتی و کلاسیک و پۆپ کۆتایی نایەت، بەڵکو موزیکی ناوچەییش بوونی هەیە.

سارا نادری و دانوش اسد پور

لەبەر ئەوەی لە هەموو گۆرانییەکانی ڕەستاکدا هەست بە جووڵەیەکی زۆر و زمانێکی پاراو دەکرێت کە شیاوی تێگەیشتنە، ئەمەش وای کردووە گەنجان بە پێچەوانەی ئەوەی پێشبینیمان دەکرد، پێشوازییەکی زۆر باش لە گرووپ و ئەلبوومەکەمان بکەن. بە بڕوای من، دەرکەوتنی ڕەستاک لە موزیکی سوننەتیدا، کودەتایەک بوو لە دنیای موزیکی سوننەتی و ناوچەیی ئێراندا.

”گوێگرانی ئێمە خەویان لێ ناکەوێت!”

ئەم بابەتە بۆ خۆیشم زۆر سەرنجڕاکێش بوو، کە خوێندکارە تەمەن سێ بۆ چوار ساڵەکانم گۆرانییەکانی ڕەستاکیان لەبەرە و بە حەزێکی زۆرەوە دەیڵێنەوە، یان منداڵی ئەو کەسانەی کە هاوڕێی ئەندامانی گرووپن، لەگەڵ ئەوەی تەمەنیان کەمە و توانای قسەکردنیان نییە، بەڵام یەکبەیەکی ئەندامانی گرووپ دەناسن و  بۆ نموونە دەزانن پوورە سارا یان مامە فەرزاد چ ئامێرێک دەژەنێت! یان چەندین جار بینیومە کە دایکوباوکان بۆ خەواندنی منداڵەکانیان سوودیان لە گۆرانییەکانی ڕەستاک وەرگرتووە. یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی ئەمانە ئەوە بوو، کە زۆرینە بە هیچ جۆرێک نەیاندەزانی موزیکی ناوچەیی دەکرێت تا ئەم ئاستە پڕوزە پێشکەش بکرێت، لەبەر ئەوە زۆربەی تەمەنەکان کە پێشتر موزیکی پۆپ ببووە خۆراکیان، لەگەڵ موزیکێکی نوێدا ئاشنا بوون، بە جۆرێک پێشوازییان لێ کرد کە بێ خۆهەڵکێشان دەڵێم چەندین جار بە منیان گوتووە ئەگەر ڕۆژێک گوێ لە ڕەستاک نەگرین خەومان لێ ناکەوێت!

نیما نیک تەبع، ژەنیار

”ئێمە لەگەڵ موزیکی پۆپدا پێشبڕکێ ناکەین.”

هەست ناکەم لە نێوان موزیکی فۆلکلۆر، سوننەتی و پۆپدا هیچ پێشبڕکێیەک هەبێت، کە بمانەوێت بردنەوەی خۆمان مسۆگەر بکەین! ڕەنگە لە نێوان خودی ئەندامەکانی ڕەستاکدا ئارەزوومەندی بۆ ستایلە جیاوازەکانی موزیک هەبێت و ئەندامان گوێ لە هەموو جۆرە موزێکێک بگرن، بەڵام خاڵێک کە بۆ هەمومان گرنگ بوو، ئەوە بوو کە بتەوێ و نەتەوێ نەوەی نوێی ئێمە بەه ۆی سایەی موزیکی پۆپ بەسەر موزیکی وڵاتدا، ئارەزوویەکی زیاتریان بۆی هەبوو، هەر ئەم کەسانە دوای دەرکەوتنی ڕەستاک، ئارەزووی موزیکەکەی دەکەن و چێژی لێ وەردەگرن، ئەمەش دەتوانێت ئومێدێک بێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە وەک ڕەستاک گرنگی بە موزیکی فۆلکلۆر و سوننەتی دەدەن. لەڕاستیدا ڕەستاک بە هۆی گۆرانییەکانی و ئەو جۆرە ئامادەکردنانەی بۆ موزیک هەیبوو، جەماوەرێکی زۆری پەیدا کرد، کە جێگەی شانازیی ئێمە بوو. لە کۆنسێرت و کارەکانماندا هیچ کاتێک دوای ئەوە نەکەوتووین کە پێشبڕکێ لەگەڵ موزیکی پۆپدا بکەین و باشتر و خراپتر دەربخەین، هەر ستایلێک جەماوەری تایبەت بە خۆی هەیە و ئێمەش بە هۆی تازەیی موزیکەکەمانەوە، سەرکەوتوو بووین لەوەی جەماوەرێکی زۆر بۆ خۆمان ڕابکێشین.

حسنا پارسا و نیما نیک طبع

”موزیکی ڕەستاک، موزیکی ئەمڕۆی ئێران…”

کێشەیەک کە هەموو کاتێک ڕووبەڕوی دەبووینەوە، ئەوە بوو کە پێشبینیی هەموان بۆ موزیکی سوننەتی، موزیکێکی خەمهێنەری گۆشەگیرانە بوو و یەک پێناسەی هەبوو، بەڵام ئەو موزیکەی ئەمڕۆ ڕەستاک پێشکەشی دەکات، تەواوی ئەو پێش داوەرییانەی لەناو بردووە و پیشانی داوە موزیکی سوننەتی تەنها بۆ ئەو دۆخانە نییە و دەتوانێت لە هەر تەمەنێکدا گوێگر و بینەری هەبێت. بە بڕوای من ناوێک کە دەتوانین لە موزیکی ڕەستاکی بنێین، موزیکی ئەمڕۆ و هاوچەرخی ئێرانە، چونکە جگە لەوە، نە دەتوانین بڵێن موزیکێکی تەواو سوننەتییە، نە موزیکێکی ڕۆژئاواییە، لەبەر ئەوەی هیچ جۆرە ئامێرێکی ڕۆژئاوایی لەم گرووپەدا بەکار ناهێنرێت و لە ڕووی موزیکیشەوە ناتوانیت ناوێکی تری لێ بنێیت.

سەبا جەمالی، ژەنیار

هەموو ئەو گۆرانییانەی کە پێشکەشیان دەکەین، بۆ هەموو ئەندامانی گرووپ خاوەنی بیرەوەرین و ناتوانرێت بەرهەمێکی تایبەت دیاری بکرێت، بەڵام هەموو کاتێک لە کاتی پێشکەشکردنی بەرهەمی سەوزەڵێ، کە کوردییە، وزەیەکی زۆر لە نێوان ئەندامانی گرووپدا ئاڵوگۆڕ دەکرێت و بیرەوەریی زیاتری هاوبەشمان لە کاتی پێشکەشکردنیدا هەیە. ئەگەر سەرنجتان دابێت، بۆ ئامادەکردنی هەموو بەرهەمەکان وزەیەکی زۆر بەکار هێنراوە، بەڵام ئەو جۆری وزەیەی لە بەرهەمەکانی وەک کوردی، بەختیاری و بوشەهریدا هەیە، جیاوازە. لە کاتی ئامێرژەنیندا، هەموو ئەندامەکانی ڕەستاک لەگەڵ یەکتردا هاوسۆز و ڕاستگۆن، لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ئەنجامی کارەکانمان ئەوەندە جێگەی قبووڵکردنە.

سبا جمالی

”خانەوادەکەم کێشەیان لەگەڵ کارەکەمدا نییە.”

ئەو کاتەی کە منداڵ بووم و لەگەڵ دنیای موزیک و ئەم جۆرە کارانەدا ئاشناییم هەبوو، هیچ کەسێک بە ئامادەییم لە گرووپەکاندا کێشەی نەبوو، چونکە باوکم لە بواری ئەدەبیاتدا کاری دەکرد و لەگەڵ دنیای شیعر و ئەدەبدا ئاشنایی تەواوی هەبوو، لەبەر ئەوە هیچ کاتێک لە لایەن خانەوادەوە ڕووبەڕووی کێشە نەبوومەوە.

بەهزاد مورادی، ژەنیار و گۆرانیبێژ

من و فەرزاد کە شانازی دەکەین گۆرانیبێژانی گرووپی ڕەستاک بین، لە بنەڕەتدا کوردین، لەبەر ئەوە خۆمان زاراوەیەک شارەزاین، بەڵام لە کاتی پێشکەشکردنی بەرهەمی ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا، بۆ گوتنەوە و ئەدای ڕاستی زاراوەی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران، هەوڵێکی زۆر دەدەین، چونکە بۆ هەر نەتەوەیەک دەربڕینی ڕاستی زاراوە و وشە تایبەتەکانی شوێنەکەی، گرنگییەکی زۆری هەیە، ئێمە بەپێی توانامان هەوڵمان داوە لە کاتی ئەداکردنی زاراوە جیاوازەکاندا، نزیکترین ئەدای ئەو زاراوانە پێشکەش بکەین. ئێمە کە خۆمان کوردین و دەزانین ئەگەر کەسێک کورد نەبێت و بیەوێت بە زاراوەکەمان قسە بکات و لە کاتی هەڵەکردنیدا چ هەستێکمان دەبێت، وردی و سەرنجێکی زۆر بەکار دەهێنین، تا خوانەکردە نەبینە هۆکاری دڵتەنگیی گرووپێک یان نەتەوەیەکی تایبەت. هەڵبەت چەند ساڵێکە سەرقاڵی گوێگرتنین لە موزیکی ناوچە جیاوازەکانی ئێران، کە بەشێک لەوە بەدواداچوونی مەیدانی بووە و بەشەکەی تریشی پەیوەندیی بە کۆمەڵێک سەرچاوەوە هەیە، کە لە بەردەستماندایە، لەبەر ئەوە تەکنیک و چڕینی گۆرانیبێژە جیاوازەکان، لە ئەداکردنی ڕاستی زاراوە جۆراوجۆرەکاندا یارمەتییەکی زۆری ئێمەی داوە. دوای گوێگرتن لەم گۆرانی و موزیکانە، مامۆستایان و هونەرمەندانی هەر ناوچەیەک، هاوکارییەکی زۆری ئێمەیان کردووە، تا ئاواز و ئەدای ڕاستی وشەکانیان فێر بین. بۆ نموونە، بۆ بەرهەمە ئازەرییەکەمان، لەگەڵ ئەو مامۆستایانەی کە یارمەتییان داین، هاوڕێیەکی زۆر باشیش لەگەڵماندا بوو، کە هەم بە کوردییەکی ڕەوان قسەی دەکرد و هەم بە ئازەری، لەبەر ئەوە بۆ بەرهەمە ئازەرییەکەمان زۆر سوودمان لە ڕێنماییەکانی بینی، بە بڕوای من بەرهەمێکی باش دەرچوو.

”هەموو نەتەوەکانی من…”

خاڵێکی سەرنجڕاکێش کە پێویستە لەبارەی ڕەستاکەوە بیزانیت، ئەوەیە کە ئەندامانی ڕەستاک هەریەکەیان خەڵکی ناوچەیەکی ئێرانە، بۆ نموونە ئومێد کە زەڕب دەژەنێت، ئازەرییە، نیما خەڵکی کرمانە، سیامەک سپهری باوکی مازندەرانییە و دایکی شیرازی، یاوەر ئەحمەد فەر بەختیارییە و خەڵکی باشووری وڵاتە و… لەبەر ئەم هۆکارە لە کاتی هەڵبژاردنی بەرهەمەکاندا، تەنها شتێک کە بیری لێ دەکەینەوە، جوانپێشکەشکردنی ئەو بەرهەمەیە، ئەگەرنا، ئەو بەرهەمەی هەڵی دەبژێرین تایبەت بێت بە کام ناوچەی جوگرافی ئێرانەوە، هیچ گرنگییەکی نییە.

”خەڵکی لە ئێستادا پێناسەمان دەکەن.”

بە دڵنیایی چەند کات تێپەڕێت، هەموومان لە کارەکەماندا پێگەیشتووتر دەبین، بۆ نموونە دەکرێت ساڵی داهاتوو گۆرانیگوتنی من و فەرزاد لە ئێستامان باشتر بێت، هەتا ئەمە بۆ ئەندامەکانی تری گرووپیش ڕاستە. بۆ نموونە بەرهەمی ڕەعنا، کە گەیلانی بوو، یان گەل گەل، کە ئازەری بوو، بەراورد بە بەرهەمی لەیلا، کە لە زمانی فارسییەوە نزیکترە، کاتێکی زیاتریان ویست تا ئەدای وشەکانیان بە ڕاستی بکرێت. ئێستاش کاتێک ئامادەکاری و  پێشکەشکردنی بەرهەمێک دەگاتە کۆتایی، لە هاوڕێ نزیکەکانم دەپرسم ”چۆن بوو؟” هەموو کاتێک هەوڵ دەدەم بە ڕاهێنانی زیاتر، خۆم لەوە نزیکتر بکەمەوە کە خۆم دەمەوێت. خۆشبەختانە تا ئەمڕۆ بیروبۆچوونی هاوڕێیانی خۆم و ئەندامەکانی تریش لەسەر ئەو کارانەی کردومانە ئەرێنی بووە.

”بە ئێمە دەڵێن بەڕێز ڕەستاک.”

هەوڵەکانی من و فەرزاد تەنها پەیوەندیدار نییە بە گۆرانی وتنەوە، ئێمە بەو ئەندازەیەی کە گرنگی بە گۆرانی وتن دەدەین، فێربوون و ژەنینی ئامێرە جیاوازەکانیشمان خستۆتە بەرنامەی کارمانەوە و هەوڵدەدەین ئەو دووانە پێکەوە ئەنجام بدەین. ئەمە ڕاستە کە هەموو کات گۆرانیبێژ بەراورد بە ئەندامانی تری گروپ زیاتر لەبەرچاوە، وەک چۆن لەهەندێک شوێن بە ناوی (بەڕێز ڕەستاک) بانگمان دەکەن، بەڵام هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە وەک هەر ئەندامێکی تری ڕەستاک بناسرێین و خەڵکی بەوجۆرە بمانناسن کە مەبەستمانە.

”گۆرانییەکانی ئێمە بە یەک شەو لەدایک نابن.”

بەو جۆرەی کە گوتم، لەبەر ئەوەی کە ئەندامەکانی گرووپ هەریەکەیان خەڵکی ناوچەیەکی ئێرانە، لە کاتی هەڵبژاردنی بەرهەمەکاندا زانیاریی تەواو لە مامۆستایان و هونەرمەندانی ئەو شوێنە وەردەگرن و بە سوودبینین لە گفتوگۆ و ڕێنماییەکانی باوک و باپیرانیان، ڕێگای ڕاستی هەڵبژاردنی بەرهەمەکە بۆ گرووپ دەستنیشان دەکەن. لە لایەکی ترەوە، سەرچاوە تۆمارکراوەکان و ئەو توێژینەوە مەیدانییانەی ئەنجامیان دەدەین، بۆ نموونە سەردانی شوێنێکی تایبەت دەکەین تا لەگەڵ ئامێرەکانی موزیک و شێوەی گۆرانیگوتنیان ئاشنا بین، جۆرێکی تری ئەو کارانەن کە لە کاتی هەڵبژاردنی بەرهەمەکاندا ئەنجامی دەدەین. دوای ئەوەی کە بەرهەمێکمان دۆزییەوە و لامان پەسەند بوو، دەچینە لای چەند مامۆستا و شارەزایەکی ئەو شوێنە، کە دەکرێت پێک هاتبن لە ڕۆشنبیر، شاعیر، موزیسیان و تا دوایی. لەڕاستیدا پێش هەر کەسێک کە بیری لێ بکەینەوە، ئەوان دەتوانن لە ئامادەکردنی هەرچی باشتری ئەو بەرهەمەدا هاوکاریمان بکەن.

ڕەستاک، موزیک و گۆرانیی هەموو نەتەوەکانی ئێران، بەشی یەکەم

دیدی من – بەرتەرینها

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە فارسییەوە: بیار ڕەشید

هەست دەکەم گرووپی ڕەستاک پێویستی بە ناساندن و پێشەکی نەبێت، چونکە تا ڕادەیەکی باش لە ناو کورد و گوێگرانی موزیک و گۆرانیدا ناسراوە. ئەم گرووپە لە ساڵی ١٩٩٧وە وەک گرووپێکی موزیکیی ئەزموونی، دەستی بە چالاکی کردووە. کاری سەرەکیی ڕەستاک گەڕانە بەدوای موزیک و گۆرانیی کۆن و ڕەسەنی ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا و دووبارە داڕشتنەوەی بە فۆڕمێکی ئەمڕۆیی، بەبێ ئەوەی ڕەسەنایەتیی موزیک و گۆرانییەکە ون بکەن.

گروپی موزیکی ڕەستاک

ئەم دیدارە ماڵپەری بەرتەرینها، لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠١١دا بڵاوی کردووەتەوە، کە تێیدا هەریەک لە ئەندامانی، بە جۆرێک باس لە شێوەی کارکردنی ڕەستاک و ئەزموونی خۆیان دەکەن لەو گرووپەدا. دەکرێت کۆی دیدارەکەش وەک جۆرێک لە پێناسە بێت بۆ گرووپی ڕەستاک.

سیامەک سپهری، سەرپەرشتیاری گرووپی ڕەستاک

 

”تۆوی ڕەستاکمان لە کاتی سەربازیدا چاند.”

کاتێک فەرزاد مورادیم ناسی، ئەو جگە لە گۆرانیگوتن، بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە ئامێری تەنبووری دەژەنی، مەبەستم ئەوەیە کە ئەگەر فەرزاد پیانۆی بژەندایە، ڕەنگە موزیکی ئەمڕۆی گرووپەکەی ئێمە هەمان ئەو موزیکە بوایە، کە لەو پیانۆیەدا بوو، لەڕاستیدا موزیکی ئێمە لەسەر بنەمای ئەندامانی گرووپەکە شێوەی خۆی وەرگرت، نەوەک ئەندامان بەپێی جۆری موزیک (واتە گرووپەکەمان لەسەر ستایلێکی دیاریکراوی موزیک دروست نەکرد و ئەندامەکانمان بەپێی ئەو ستایلە وەربگرین، بەڵکو لە ژمارەی ئەو کەسانە دروست بوو، کە یەکترمان دەناسی (و.ک)). بەڵام ئەمڕۆ بە تێگەیشتن لەوەی هەیە، ڕەستاک شێوەی خۆی وەرگرتووە و جۆری کارکردنیشی دیاریکراوە، ئەو هاوڕێیانەشی لە گرووپەکەماندا زیاد دەبن لەسەر بنەمای ئەو پێویستییەیە کە هەستی پێ دەکرێت.

من لە بەشی جیۆلۆجی دەمخوێند، بەڵام ساڵی سێیەم خوێندنەکەم ڕەت کردەوە، هەڵبەت لەسەر بنەمای یاسا دەبوو بچمە سەربازی. بیرۆکەی سەرەکیی ڕەستاکیش هەر ئەو کاتە سەری هەڵدا، کە لە سەربازیدا لەگەڵ یەکێک لە باشترین هاوڕێکانم بە ناوی بەهزاد پوورنەقی، ئاشنا بووم و دوای ئەوە بە هاتنی ڕەزا عابدیان، فەرزاد مورادی و پیران مهاجری، ڕەستاک دروست بوو، دوای ئەوە بە هاتنی یاوەر ئەحمەدی فەر، ئەکبەر ئیسماعیل پوور، سارا نادری و تا دوایی، ڕەستاک درێژەی بە ڕێگەکەی دا.

”کارەکانم پێشکەش بە ڕۆحی براکەم دەکەم.”

پێویستە لەبارەی ئەفراوە قسە بکەم؛ ئەو برام بوو، جگە لەوەش باشترین هاوڕێی ژیانم بوو و باشترین هاوڕێی ژیانمە، هەڵبەت ساڵێک لە من منداڵتر بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لە خوێندندا ساڵێک پێش خرابوو، لەگەڵ من لە پۆلێکدا بوو. ئەوەندەی کە من عاشقی دنیای موزیک بووم، ئەفرا ئەوەندە عاشقی زانست و فێربوون بوو؛ تا ئەو کاتەی لە تاقیکردنەوەی بەشی میکانیک، بە پلەی یەکەم لە زانکۆ وەرگیرا و پاشان بە بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە خوێندنی ماستەری زانکۆی تەکنەلۆژیی شەریف، درێژەی بە خوێندن دا. لەوێش بە بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە بەشی ئەندازیاریی پزیشکی، هەوڵی دا بگاتە پلە بەرزەکانی زانست. بە هۆی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە خوێندنی ماستەردا، ڕاستەوخۆ ڕووی کردە زانکۆی پۆلەتەکنیکی و ڕێک ئەو ڕۆژەی چووە ئەم زانکۆیە بۆ خوێندنی دکتۆرا لە بەشی ئەندازیاریی پزیشکی، دووچاری ئازارێکی مێشک بوو، چەند ساڵێک بەو هۆیەوە لە هەموو شتێک دوور کەوتەوە، بەڵام نەژیا و ڕۆیشت… هەموو کاتێک باوەڕم بەم ڕستەیە هەیە، کە دەڵێت: ”سەفەرم بۆ جیهانێکی تر کرد و لە بوونی تۆدا کە بیر لە من دەکەیتەوە، دەژیم.” بەم هۆیەشەوە هەموو ئەو کارانەی تا ئەمڕۆ ئەنجامم داون، پێشکەشم کردوون بە رۆحی ئەفرای ئازیز.

بە بڕوای من، ئەگەر ئەمڕۆ تەمەنی ڕەستاک بووەتە پازدە ساڵ، لەبەر ئەوەیە کە هەر ئەندامێکی ئەم گرووپە وا هەست دەکات کەسی یەکەمە؛ جیاواز لەوەی زۆرینە بیری لێ دەکەنەوە، کە دەبێت پێچەوانەی ئەم بابەتە بێت و باوەڕم وایە پێویستە هەر کەسێک وا بیر بکاتەوە لە ڕەستاکدا کەسی یەکەمە، چونکە ڕەستاک گرێدراوی ئەوە و هەرچییەک تێیدا ڕوو بدات، ئەنجامەکەی ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەسە، کە هیوادارم هەمیشە ڕەستاک بەرەو دەسکەوتی باش هەنگاو بنێت. ئەوەی لەم پازدە ساڵەدا ئەزموونمان کرد، کە زیاتری سوپاسگوزار و قەرزاری باوکمین، ئەوە بووە کە فێر بووین پەیوەندییە گرووپی و مرۆییەکانی نێوان ئەندامانی ڕەستاک، هەمووکات بەردەوام بێت و وەک باوکم دەڵێت، ئەگەر ڕۆژێک بە هۆکاری جیاواز ئیتر نەمانتوانی لە بواری موزیکدا پێکەوە کار بکەین، لانیکەم بتوانین وەک چەند هاوڕێیەکی گیانیبەگیانی پێکەوە چێژ لە ژیان ببینین. وا بیر دەکەمەوە ئەوەی کە ئەم چەند کەسە بە تێکەڵەیەک لە سەلیقە و حەزی ژیانی تاکەکەسی و چێژە تایبەتیەکانی خود و تا دوایی، پێکەوە کار دەکەن و لەگەڵ یەکدا پەیوەندییەکی تۆکمەیان هەیە، لە ئەنجامدا ئەو کارەی بەرهەم دێت، زۆر جوانتر و دڵگیرترە بەراورد بەوەی یەک کەس بیەوێت بە تەنیا ئەنجامی بدات.

 

ئەکبەر ئیسماعیلی پوور، ژەنیار

سیامەک سپهری و ئەکبەر ئیسماعیلی

”هەندێک کات ڕەخنە لە کارەکانم دەگرن!”

ئەندامانی ڕەستاک بە هۆی ئەو توێژینەوانەی کە بۆ ئەدای ڕاستیی زاراوە جیاوازەکان ئەنجامیان داوە و لە ڕێگەی ڕاهێنان و ئەزموونی زۆریشەوە، سەرکەوتوو بوون لەوەی ڕێگەی ڕاستیی دەربڕینی وشە لە زاراوە جیاوازەکاندا بدۆزنەوە. هەڵبەت بۆ گەیشتن بەم ئاستە، لە زۆر سەرچاوەوە زانیاریمان وەرگرتووە. بە دڵنیایی کەسانی دەوروبەرمان ڕەخنە لە کارەکانمان دەگرن و هەندێک کات کێشەیان بۆ دروست دەکەن!

”یاسا ڕەستاکییەکان.”

جگە لەو کارەی کە لە بەشی ژەنینی گرووپەکەدا هەمە، یەکێک لە ئەرکەکانی تری من کە چەند ساڵێکە لەئەستۆم گرتووە، کۆکردنەوەی ئەندامانی گرووپە لە دەوری یەکتر. هەڵبەت ئەم کارە نەک تەنها لە گرووپی ڕەستاکدا، بەڵکو لە زۆربەی گرووپەکاندا لە ڕیزی قورسترین کارەکانە، بەڵام بە هۆی ئەوەی ئەندامانی گرووپەکە بە شێوەیەکی پیشەیی سەیری ئەم کارە دەکەن، تا ڕادەیەک سەختییەکانی کەم بووەتەوە، هەڵبەت لە سەرەتادا لەم کارەدا کێشەی زۆرمان هەبوو، بەڵام لە کۆتاییدا دۆخەکە زۆر باشتر بووە، چونکە ئەندامەکان ڕێزی یاساکان دەگرن و هەماهەنگییشیان لەگەڵ گرووپدا زۆر باشە. بە دڵنیایی بە هۆی ڕێگەی هاتووچۆی تارانەوە، هەندێک کات ئەندامان لە کاتی کۆنسێرت یان ڕاهێناندا دوادەکەون، بەڵام دڵخۆشین کە ئەندامان ڕێز لە یاساکان دەگرن و پەیڕەویان دەکەن.

کاوە سەروەریان، ژەنیار

”خۆیشم پێشبینیی ئەم پێشوازییەم نەدەکرد!”

لە مێژووی موزیکی دنیادا، کۆمەڵێک گرووپ یان هەندێک کەس هەبوون کە لە ماوە و کاتێکی دیاریکراودا جەماوەرێکی زۆریان هەبووە، لە ئێستادا ئەمە بۆ ڕەستاک ڕاستە و هیچ گومانێکی تێدا نییە. هەتا کاتێک لەگەڵ چەند کەسێكی موزیکژەنی ئێراندا لەبارەی ڕەستاکەوە گفتوگۆم کرد، لە دەرکەوتنی ڕەستاک و ئەوەی کە لە گۆرانییەکانیدا ئامێرە میللی و سوننەتییەکانی ئێرانی بەکار هێناوە، زۆر دڵخۆش بوون. ئەوەی کە لە کۆنسێرتێکدا دوو هەزار کەس ئامادە بن، هانت بدەن و تا دوایی، کە چەند ساڵێک بوو ئەمە تەنها بۆ موزیکی پۆپ دەکرا، بەڵام خۆشبەختانە هەمان شت بۆ ڕەستاکیش کرا.

ڕەزا عابدیان، ژەنیار

”زمانی هاوبەشی هەموو دنیا.”

لەبیرمە کاتێک لە فێستیڤاڵەکانی دەرەوەی وڵات و لە بەردەم نەتەوە جیاوازەکاندا کارەکانمان پێشکەش دەکرد، ئەو کەسانەی کە لەوێ بوون، پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ موزیک و گۆرانییەکانماندا دروست دەکرد، لەبەر ئەم هۆکارە بە بڕوای من پێویست ناکات زمانمان هاوبەش بێت، بەڵکو زمانی موزیک خاڵی هاوبەشمانە. لە ئێستادا هەست ناکەم پلانێکی تایبەتمان بۆ پێشکەشکردنی موزیکی نێودەوڵەتی هەبێت و بمانەوێت بە زمانەکانی تری جیهان گۆرانی و موزیک ئامادە بکەین، بەڵام دڵنیام ئەگەر ڕۆژێک کارێکی لەو جۆرە بکەین، فەرزاد و بەهزاد مورادی، گۆرانیبێژانی گرووپ، توانای ئەنجامدانی ئەوەیان هەیە.

لە کاتی هەڵبژادنی هەر گۆرانی یان پارچە موزیکێکدا، بە گەڕانەوە بۆ شوێن و ڕەگەزی ئەندامانی گرووپ، هەروەها ئەو پەیوەندییەی بۆ نموونە کەسێک بە شوێنێکی دیاریکراوی ئێرانەوە هەیەتی، دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک توێژینەوەی مەیدانی و سوودوەرگرتن لە ئەرشیفە کۆنەکان، پارچە موزیک یان گۆرانییەکان بۆ ئامادەکردن هەڵدەبژێردرێن، لە دانیشتنێکدا کە ئەندامان تێیدا بەشدارن، لەگەڵ دڵسۆزیی سیامەک سپهری، سەرپەرشتیاری گرووپ، ئەو پارچەیە هەڵدەبژێرین کە توانای کارلەسەرکردنی هەبێت و لە شێوەی کارەکانی گرووپەکەمانەوە نزیکتر بێت.

”هەموو ڕێگەکان دەچنەوە سەر ئەو.”

لە ڕەستاکدا هاوبیری زۆرمان هەن، کە هاوکارێکی باشی ئێمەن و پێویستە سوپاسی هەمویان بکەم، بەڵام بە بڕوای من یەکەمین کەسێک کە بۆ زۆر شت سوپاسگوزاری ئەوین، بەڕێز مەنووچەر سپهری، باوکی سیامەک سپهرییە، هەڵبەت چەندین کەسی تریش. هەرچەندە بۆ کارەکانی ڕەستاک پەیوەندیمان لەگەڵ زۆر کەسدا هەیە، بەڵام بڕیاردەری سەرەکیی هەموو کارەکان لە کۆتاییدا سیامەک سپهرییە و هەموو ڕێگەکان دەچنەوە سەر ئەو. بە بڕوای من بەڕێوەبەریی گرووپێکی گەورەی وەک ڕەستاک، کارێکی ئاسان نییە، کە سیامەک بە شاییستەبوونی تەواوەوە لەئەستۆی گرتووە.

”ڕەستاک لە دوای ئێمەش زیندووە.”
گرنگترین شتێک کە لە ڕۆژی یەکەمەوە لە نێوان هەموو ئەنداماندا هەبوو، دڵسۆزی و هاوڕێیەتی بوو، کە بووە هۆکاری دروستبوونی ڕەستاک. ئەمە ڕاستە کە نزیکەی پازدە ساڵ بەسەر لەدایکبوونی ڕەستاکدا تێدەپەڕێت، بەڵام لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا ژمارەی چالاکییەکانی گرووپ زیاتر بووە، وا هەست دەکەم هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی ڕەستاک، هەر ئەم ماوە زۆرەی پێکەوەبوون بێت لە دەوری یەکتر. وا بیر دەکەمەوە ڕەستاک لە دوای ئێمەشەوە درێژە بە ژیانی خۆی دەدات، چونکە ئەو ئامادەباشییەی کە لە ئەنداماندا دەیبینم و ئەو ئیمەیڵانەی لە دایکوباوکی منداڵانی تەمەن یەک ساڵەوە پێمان دەگات و دەڵێن ”منداڵەکانمان بەرانبەر موزیک و گۆرانییەکانی ئێوە کاردانەوەی ئەرێنی پیشان دەدەن”، دڵنیایی منی لەم لایەنەوە زیاتر کردووە.

هەر جارەو زاراوەیەک: ئێكسپرێشینزم لە هونەری شێوەکاری و موزیکدا

دیدی من

توانا حەمە

ئێكسپرێشینزم یەكێكە لە قوتابخانە هونەرەییەكانی مۆدێرنە، كە بە تێكشكاندنی فۆڕمەكان، بە پەیامی زیادەرۆیئامێز (مبالغە)، دیوی ڕاستیی ناشیرینی و ناپەسەندی بەیان بكات. بناغەی ئەم شێوازە لەسەر بنەمای ئەو بڕوایە بوو، كە ئیدی پێویستە هونەرمەند هەستی ڕاستەقینەی خۆی بەیان بكات؛ ئەگەر جیهان ناشیرین و نەفرەتییە، پێویستە ئەو خاڵە بە شێوەیەكی بێ ڕتووش و بێ ڕووپۆشکردن گوزارشتی لێ بكات، نابێت خۆی بە بیروباوەڕ و فەرماییشتە كۆنەكان ببەستێتەوە، كە زیاتر کاریان ڕەتووشكردن و پەنهانكردنی ناشیرینییەكانەی ژیانە.

‎ئەم بیرە لە پێش جەنگی جیهانیی یەكەمەوە لە هەندێک لەو نووسراوانەی کە دەربارەی هونەری شێوەکاری بینراون، دەركەوتووە، بەڵام زۆر بە زوویی پەلی بۆ هۆنراوە، ڕۆمان، شانۆ، سینەما و موزیك هاویشتووە و زیاتر پەرەی سەندووە.

‎پێشینەی شێوەشكێنی لە هونەری شێوەكاریدا بۆ هیرونیموس، ماتیاس گرونوالد (سەدەی پازدەیەم)  و دمنیكوس تئوتوكوپولوس ئێلگركو (سەدەی شازدەیەم) دەگەڕێتەوە. بەڵام ڤان کووخی شێوەكاری پۆستئەمپرێشنیست، لە كۆتایی سەدەی نۆزدەیەم بە پێشڕەوی (ئاڤانگارد) ڕێچکەشکێنی و فۆڕمشکێنی لە هونەری شێوەکاریدا دادەنرێت. ئەو بە هێڵە لەرزۆكەكان و ڕەنگی توند و زیادەڕۆیی كارەكانیدا، وەك یەكێك لە پێشڕەوانی ئێكسپرێشینزم هەژمار دەكرێت. ئەو خۆی دەربارەی تابلۆی بەردەمی قاوەخانە لە شەودا (Café Terrace at Night) نوسیبووی كە ئەم كارەی ئەو، بەیانكردنی ئەو پەیامەیە، کە قاوەخانە لە شەودا چ شوێنێکە! چۆن دەتوانێت مرۆڤ لە نێوانێک دابنێت، بەرەو شێتی یان بەرەو تاوانکاری ببات.

تابلۆی لە بەردەمی قاوەخانە لە شەودا (Café Terrace at Night)

 دوابەدوای ئەو ئیدوارد مونشی نەرویجی لە تابلۆی هاوار (The Scream) لە ساڵی ١٨٩٣دا بە شێوەیەکی ئاگاهانەی هونەری ئێكسپرێشینزمی بەرجەستەی کرد بوو. تابلۆی هاوار یەکێکە لە ژمارەیەک تابلۆی مونش بە ناونیشانی چێوەنەقشی ژیان (Frieze of life The)، بابەتەکانی نێو ئەم کۆمەڵە تابلۆیە گوزارشتن لە چەپاندنی سێکسی، تەنیایی، خودبێگانەیی و نەفرەت لە ژیانکردنە.

بە شێوەیەکی گشتی لە ئەڵمانیادا دوو گرووپی جیاواز بە سەردەستەی هونەری ئێكسپرێشینزمی خۆیان دەناساند:

تابلۆی هاوار (The Scream)

گرووپی یەکەم بە ناوی پرد (die brücke)، کە لە ساڵی ١٩٠٥دا سەریان هەڵدا، خۆیان بە دوژمنی ڕیالیزم و شێوازە کۆنەکان دەناساند و کارەکانی خۆیشیان بە ”پردی بەرەو هونەری ئاییندە” ناو دەبرد. کارەکانی ئەم گرووپە بە شێوەکاریی سادە، بە هێڵی زبر و ڕەنگی توند تایبەتمەند بوون و پێی دەناسرانەوە.

گرووپی دووەم، بە سوارچاکی شین (die blauer reiter) خۆیان ناساند، کە پێشڕەوانی ئەم گرووپە، ڤاسیلی کاندینسکی و فرانز مارک بوون. ئەوانیش بە بەکارهێنانی ڕەنگی شین لە کارەکانیاندا دەناسرانەوە. گەرچی سوارچاکانی شین بە زوویی کۆتاییان بە ڕەوتەکەیان هێنا، بەڵام کاندنسکی بەردەوامیی دا بە ڕەوتەکە دا. بە هۆی نزیکیی لە شۆنبێرگی موزیکدانەری ئەڵمانییەوە، کارەکانی ئەو بە سەر زۆرێک لە نۆت و بەرگی بڵاوکراوەکانی ئارنۆڵد شۆنبیرگ دەبینرێت.

دەتوانرێت بگوترێت ئێكسپرێشینزم، لە ئەنجامی ئەو نائومێدییە ڕۆحییەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم لە دنیای هونەردا هاتووەتە گۆرێ، لە کاتێکدا کە کوشتار، بیماری، هەژاری و تەنیایی وێنەی دۆزەخیان لە سەرزەوی نەخشاندبوو. هەر کاریگەریی ئەم وێنانە بوو، لە کاری شێوەکاران، موزیسیانان، هونەرمەندانی و شاعیرانی ئەو سەردەمەدا ڕەنگی داوەتەوە.

شیوازی ئێكسپرێشینزم لە موزیکی جیهانیدا، دەتوانرێت بگوترێت نیشانەکانی هەستکردن بە دەرکەوتنی ئێکسپرشینیزم زیاتر لە نێو دانراوە موزیکییەکانی سەردەمی نوڕۆمانتیکدا دەبینرێت. بۆ نموونە زۆرێک لەو نیشانانە لە سیمفۆنییەکانی گۆستاف مالەر دەدرۆزێتەوە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، شونبێرگ بە ئاڤانگاردی ئەم ڕەوتە دادەنرێت. گەرچی ئەو لە سەرەتادا وەک ژەنیاری ڤایۆلین سەرقاڵی کاری موزیک بوو، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: ”پاش هەشت ساڵ لە ژەنینی ئامێری ڤایۆلین، بڕیارم دا ئیدی کاری موزیک دانان بکەم.” ئەو بۆ یەکەم جار یەکەمین پەیامی ئیکسپرشینیزمی خۆی لە شاکاری شەوی نادیاردا (Verklärte Nacht)، بەرجەستە کرد.

شەوی نادیار (Verklärte Nacht)

شونبێرگ لەم کارەیدا فۆڕمتێکشکێنیی خۆی، بە نادیاری و ناڕۆشنی لە هارمۆنیداناندا  گوزارشتی ئێكسپرێشینزمی خۆی ئاڕاستە کردبوو، ئەویش بە ڕەهابوون و دوورکەوتنەوە لە تۆنالیتەی کۆن، یان بەکودەتاکردن لە هارمۆنیدانانە باوەکاندا، موزیکی پۆستتۆنال، ئەزموونی ئەتۆنال، داوزدەتۆنی و سوریالی لە دنیای موزیکدا چەسپاند. باری ناهەموار، نەناسراو و ناهاوسەنگیی دەروونی کە یەکێک لە سیماکانی شانۆی ئێكسپرێشینزمی بوو، هەر بۆیە هەمان شێواز و سیمایانە لە کۆتا ئۆپێرای شۆنبێرگدا دەبینرێت.

نامۆیی لە هارمۆنی، یەکێکە لە تایبەتمەندی و ڕەگەزە سەرەکییەکانی موزیکی شۆنبیرگ، بەڵام شێوازە لە گۆرانیگوتن لە شاکارەکانیدا زۆر نوێ بوو، بۆیە لە لایەن تیۆرزانە کۆنەکانەکانەوە ڕەت دەکرایەوە.

ئارنۆڵد شونبێرگ

 ئۆپیرای وتسیک wozzeck)) (١٩١٧)، شاکاری ئەلبان بیرغ، خوێندکاری شۆنبیرگ، بە یەکێک لە دیارترین نموونەی ئۆپێرای ئێكسپرێشینزم دادەنرێت. ئەو بە هاوبەشی نماییشنامەی وتسیک (١٨٣٦) لە نووسینی کارل جۆرج بوخنر، ئەم شاکارەی داناوە، کە باس لە چیرۆکێکی تراژیدیی سەربازێک دەکات، کە لە لایەن ماریی هاوسەریەوە پەیمانشکێنیی لەگەڵ دەکرێت. بەمە نائومێد و نائارام دەبێت. ئەم کارە بە شێوازیکی ئێكسپرێشینزمی و زمانێکی توندوتیژی موزیک و نواندن، پەیوەندییە مرۆییەکانی ئەو ڕۆژگارە دەخاتە ڕوو.

هەروەها دوو ئۆپێرای ڕیتچارد شتراوس، سالومە و ئەلکترا، بە نموونەی دیکەی ئۆپیرای ئێكسپرێشینزمی هەژمار دەکرێن. پاشان هەمان ئەم ژانرا و شێوازە موزیکییە دێتە نێو بواری موزیکی فیلمی سینەمایی (بێ وشە، دەنگ)، بە نموونە کابینەی دکتۆر کالیگیری (The Cabinet of Dr. Caligari) (١٩٢٠)، دەرهێنانی ڕۆبەرت وینە و موزیکی لە لایەن پیتر شیرمان دانراوە، بە یەکێک لە دیارترین موزیکی فیلم دادەنرێت، کە بە شێوازی ئێكسپرێشینزمی نووسراوە.

بە شێوەیەکی گشتی، هونەرمەندانی ئێكسپرێشینزمی کاریان ئەوە بوو، بە گفتوگۆکردن بە زمان و ئاکتی هونەری، بەدبەختییەکانی ژیانی مۆدێرنە بخەنە ڕوو. بەرجەستەکردنی ئەو نائومیدی و ناهەموارییانەی، کە لە ئەنجامی جەنگ و ماڵوێرانی و لایەنە نەرێنییەکانی مۆدێرنە، کە هاتبوونە بوون، هەموو ئەمانە ناسنامەی (Identity) قوتابخانەی ئێكسپرێشینزمی و ئەو ڕۆژگارە بوون.

بڕوانە:

  • ١. آنارسون، تاریخ هنرمدرن (نقاشی و پیکره سازی ومعماری درقرن بیستم)، م. مصطفی اسلامیه، چاپ اول موسسه انتشارات اگاه1375اگ

٢. ٢. احمدی بابک، موسیقی شناسی فرهنگ تحلیلی مفاهیم، چاپ: اول، نشر مرکز، تهران، ١٣٨٩، ٤١٢.

کەیهان کەلهووڕ و عەلیڕەزا قوربانی کۆنسێرتێک ساز دەکەن

دیدی من

لە زنجیرەی پازدەهەمین ساڵیادی موزیکی جیهانیی ئاسیای بچووک، کەیهان کەڵهووڕ و عەلیڕەزا قوربانی، موزیسیانی کورد و گۆرانیبێژی فارس، بە سپۆنسەریی بانکی تی دی، پێکەوەلە تۆرۆنتۆی پایتەختی کەنەدا لە ١٤\٥\٢٠١٧دا کۆنسێرتێک ساز  دەکەن.

یەکێک لە هەرە خۆشەویسترین و کونسڵی موزیک و گۆرانیی وڵاتی ئێران،هەریەکە لە کەیهان کەڵهووڕی کەمانچەژەن و عەلیڕەزا قوربانی گۆرانیبێژ، پێکەوە لە کۆنسێرتێکدا بەشداری دەکەن، کە بڕیارە لەو کۆنسێرتەدا شیعرە کلاسیکییەکان بکرێنە گۆرانی و تێکەڵ بە موزیک بکرێن. لەگەڵیاندا ژەنیاری تۆمباک، بەهرۆز جەمالی، بەشدار دەبێت.

نوێترین گۆرانی علیرزا قوربانی- فروغ

بە وێنە: کۆنسێرتی گەشتێکی موزیکی لە یۆنانەوە تا کوردستان

دیدی من

فۆتۆ: بیار ڕەشید

ڕۆژی سێشەممە، بەرواری ٤\٤\٢٠١٧، لە زانکۆی ئەمەریکی لە عێراق-سلێمانی لە باشووری کوردستان، کۆنسێرتێک بە ناونیشانی گەشتێکی موزیکی لە یۆنانەوە تا کوردستان بەڕێوە چوو، کە تیایدا سێ ژەنیاری یۆنانی و سێ ژەنیاری کورد بەشدار بوون.

ژەنیارە یۆنانییەکان بریتی بوون لە کۆنستانتینۆس، گیانیس پۆڵیۆس و ماتیۆس، کە بەشی یەکەمی گەشتەکە لە ژەنین و گوتنی چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری یۆنانی و موزیکە جیهانییەکان پێک هاتبوو، لە لایەنیانەوە.

ژەنیارە کوردەکان بریتی بوون لە هەژار زەهاوی، ئەرتان تەکین و ئەیووب عەلی، کە بەشی دووەمی گەشتەکە لە ژەنین و گوتنی چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردی پێک هاتبوو، لە لایەنیانەوە.

دواتر و لە بەشی سێیەم و کۆتایی گەشتەکەدا، هەردوو لایەن، ژەنیارە یۆنانی و کوردەکان، موزیکی گەلەکانیان ئاوێتەی یەک کرد و چەند بەرهەمێکیان پێشکەش کرد، کە لە ڕووی ئاواز و موزیکەوە لە یەکتر نزیک بوون.

هەژار زەهاوی سەبارەت بەم جۆرە لە موزیک و ئاوێتەکردنە، بۆ ئامادەبوان گوتی: ”ئاوێتەکردنی موزیکی گەلان و ژەنین و گوتنیان پێکەوە، دەکرێت هەم کارێکی گران و هەم کارێکی ئاسان بێت، بەڵام ئەوەی گرنگە، ئەوەیە چۆن بە وردییەوە ئاوازە لێکچووەکان دەدۆزیتەوە و ئاوێتەی یەکتریان دەکەیت.”

جێگەی باسە ئەم کۆنسێرتە، لە ڕۆژانی پێشووتردا لە شاری هەولێری باشووری کوردستان، لە چەند شوێنێکی جیاواز بەڕێوە چوو.

لە ڕۆژی ٣ی نیسانیشدا وۆرکشۆپێک بۆ ئەو ژەنیارە یۆنانیانە سازکرا کە تیایدا کۆنستۆنتینۆس وتی: “سوپاستان دەکەم، سەرەتا سوپاسی زەهاوی دەکەم، پاشان سوپاسی سەرۆکی بۆردی زانکۆی ئەمەریکی لە عێراق-سلێمانی. من زۆر دڵخۆشم کە ئەمڕۆ لێرەم. یۆنان هەمیشە پردێکی کلتووری بووە لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا، ئەمەش زۆر بە باشی لە موزیکەکەیدا ڕەنگی داوەتەوە. کەم کۆمەڵگە هەیە کە پێگەی موزیک تیایدا پێگەیەکی گرنگ نەبێت. لە بەڵگەکانمدا پشت بە دوو نموونە دەبەستم، کە دوو کەسی جیاواز باسیان لێوە کردووە: یەکەمیان ئالان لوماکسە، کە موزیکناسێکی ئەمەریکییە، کاری لەسەر موزیک و گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی تەواوی دنیا کردووە و نووسیونییەتیەوە، هەروەها کاری لەسەر هەموو ئەو تایبەتمەندییانە کردووە کە ئەو موزیکە فۆلکلۆرییانە هەیانە. هەوڵی داوە ئەمە وێنەدانەوەیەک بێت بۆ کۆمەڵگەکەی. “

ئەو بەردەوام بوو: “دوو ڤۆکاڵ لە ناوچەی یۆناندا هەن، یەکەمیان ئەناتۆڵیانە، دووەمیشیان ڕۆژئاواییە. بۆ ئەوانەی شارەزاییان لە موزیکدا هەیە، ئێمە لە بەشەکەی ئەناتۆڵیاندا چارەکەتۆنمان هەیە، کە لە سنووری ٦٠٠ کیلۆمەتردا ئەم چارەکەتۆنە کاڵ دەبێتەوە، ئەمە بۆ وایە؟ ئێمە هێشتا لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکەین و نازانین هۆکارەکەی چییە. کەسی دووەمیان کە دەمەوێت لەبارەیەوە بدوێم، ئەلفرێد تۆماتییە، کە لێکۆڵەرێکی فەڕەنسییە، لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەوە کردووە کە دەنگ چۆن دروست دەبێت لە قوڕگی مرۆڤدا. دەنگ شتێکە کە نابینرێت، بەڵکو دەبێت وێنای بکەین. هەوا هەڵدەمژین، بەڵام هەمیشە لەو کاتەدا دەنگ دروست دەکەین کە هەناسە دەدەینەوە. ئەوەی ئەلفرێد تۆماتی دۆزیویەتییەوە شتێکی زۆر گرنگە، هەموو ئەو قسانەی کە دەیکەین یاخود ئەو دەنگانەی دروستی دەکەین، ناتوانین دروستیان بکەین ئەگەر نەتوانین ببیستین. ڕەنگە ئەمە سادە بێت بەلاتانەوە، بەڵام وانییە. من ناتوانم بە ئینگلیزییەکی ئەکسێنتی ئۆکسفۆردییانە قسەتان لەگەڵ بکەم، چونکە گوێیەکانم وەک هەمان شێوەی یەکێک کە بەڕیتانییە ڕانەهاتووە. ئەمە مانای ئەوە نییە کە من ناتوانم ئەمە بکەم، بەڵکو پەیوەندی بەوەوەیە کە ناتوانم گوێم لەوە بێت. ئێستا دێینە سەر ئەوەی ئەمە چ پەیوەندییەکی بە موزیکەوە هەیە؛ کاتێک تۆ دەنگێک دەردەکەیت، ئەگەر ئۆ بێت یاخود ئا، بۆ گوێگری نەتەوەیەکی جیاواز، جیاواز ئەو دەنگە وەردەگرێت. هەر زمانێکی جیاواز لە دنیادا پێگەی خۆی هەیە. “

لەبارەی دەنگەکانی موزیکەوە کۆنستانتینۆس وتی: “لە موزیکی یۆنانیدا ئەو ڤاوڵانەی هەن بریتین لە ئا، ئێ، ئی، ئۆ، ئو، لە زمانەکانی تردا جیاوازن. بۆ نموونە لە فەڕەنسا ئیو هەیە، ئەمەش بە هەمان شێوە لە گۆرانی و شێوازی گوتنی ئاوازی یۆنانیدا دەیبینین. “

 

”موزیکی کلاسیک، لوتکەی شیعرییەتە لە ئەلفوبێی موزیکدا. بناغەی مۆسیقای نەتەوەیی ئێمە، مۆسیقای کەنیسەیە.” نموونەیەکی ئەو پارچە موزیکە دەهێنێتەوە و دەڵێت: ”ئەمە مەقامی ئێمەیە. ئەوەی گرنگە بۆ ئەم موزیکە، هەر بۆ زانیاریتان موزیکی بیزەنتین بە هیچ جۆرێک بە نۆتە نانوسرێت، بەڵکو سیستەمێکی تایبەتی خۆی هەیە. ئێستاش دەچمە سەر ستایلی ئەناتۆڵیا، کە ئێمە بەکاری دەهێنین، تەواو کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەو کاتەی کە یۆنان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئاسیای بچووکدا بوو، یاخود ئاسیای بچووک دەستی بەسەردا گرتبوو. ترابزۆن یەکێکە لەو ناوچانەی کە ئەم ستایلەی زۆر تێدا بەکار هاتووە و لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، کە تا ساڵی ١٩٢٢ش ئەو ناوچەیە بەشێک بووە لە وڵاتی یۆنان، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی داگیرکارییەوە ناوچەیەکی تورکیایە.”

This slideshow requires JavaScript.

نوێترين ئەلبوومى گۆرانيى هۆمايون شەجەريان بڵاو کرايەوە

ديدى منموزيکێ ما
لە فارسييەوە: سەليم جەمال

ئەلبوومى گۆرانیی ڕەگى خەوى هۆمايون شەجەريان بڵاو کرايەوە، کە تێيدا سوهراب پوورنازرى کارى موزيکى بۆ ئەنجام داوە و لە لايەن کۆمپانياى هونەریی شار بڵاو کراوەتەوە.

ئەو ئەلبوومە جگە لەو موزيکەى کە بۆ فيلمى سينەمايى ڕەگى خەو بەرهەم هاتووە، لە چوار تراکى ديکەيش پێک هاتووە، بە ناوەکانى ئەهاى ئاگەدار، ڕەگى خەو، هەور دەبارێت و خەريکە گريانم دێت. لەو ئەلبوومەدا سوود لە شيعرەکانى شاعيرانى کلاسيکی، وەک مەولانا جەلالەدين، حسێن مەنزەوى و ئەمير خەسرەو دەهلەوى، وەرگيراون.

دەيڤد گارنر، موزيسيانى ئەمەريکى، بەرديا کيارەس موزيسيان و ڕابەرى ئۆرکسترا و ئارين کەشيشى موزيسيان و ژەنيارى گيتاری باس، لەو ئەلبوومەدا ڕۆڵى ڕێکخستنى گشت تراکەکانيان بينيوە.

بەم زوانە فيلمى سينەمايى ڕەگى خەو دەست بە نماييشکردنی گشتیی دەکرێت، لە کاتێکدا کە ئەو فيلمە لە فێستيڤاڵى فيلمى فەجر نماييش کرا و خەڵاتى باشترين ئەکتەرى ژن بەخشرايە لەيلا حاتەمى، ئەکتەرى بەتواناى وڵاتى ئێران.

شایەنی باسە هۆمايون شەجەريان و سوهراب پوورنازرى ماوەيەک بەر لە ئێستا ئەلبوومێکى ترى ڤيديۆييان بە ناوى نهێنیی خوداوەند بڵاو کردووەتەوە.

كرته‌ لێره‌ بكه‌ بۆ داگرتنی ته‌واوی ئه‌لبوومی ڕه‌گی خه‌و

به‌ كولتووركردنی گوێگرتن له‌ موزیک له یادی كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی گه‌لی كورددا

دیدی من

ساڵانه ‌له ‌باشووری كوردستان یادكردنه‌وه‌ی كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه ‌به‌ چه‌ندان گۆرانیی شینوشه‌پۆڕ و نیشاندانه‌وه‌ی وێنه‌ی تۆقینه‌ری یاده‌كه ‌له‌ كه‌ناڵه‌كانه‌وه‌ ته‌نها بۆ ماوه‌ی بیست و چوار كاتژمێر، به‌ڕێوه‌ ده‌چێ. ده‌كرێت یاده‌كان كلتووریتر و جوانتر بكرێنه‌وه‌، تا هه‌م دڵته‌نگی و هه‌م شادمانیمان به‌ شێوه‌ی فه‌رهه‌نگیتر نماییش بكه‌ین.

ئه‌مساڵ مامۆستا چیا فایه‌ق، مامۆستا له‌ به‌شی كۆمه‌ڵناسیی زانكۆی سلێمانی، هه‌نگاوی به‌ كولتووركردنی یاده‌كه‌ی به‌ په‌خشكردنی پارچه‌موزیكێكی هونه‌رمه‌ندی كورد كه‌یهان كه‌لهووڕ ده‌ست پێ كردووه. ‌دیاره ‌له‌ بنه‌ڕه‌تدا كه‌لهووڕ كاره‌كه‌ی به‌ناوی شاری خامۆشـه‌وه ‌بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ی كردووه‌‌ و بیرۆكه‌كه‌ی مامۆستا چیا فایه‌ق ئاماده‌كردنه‌وه‌ی سیدییه‌كی ئه‌و موزیكه‌یه ‌به‌ هه‌مان ناوی شاری خامۆشه‌وه‌، پاشان بڵاوكردنه‌وه‌یه‌تی به‌ناو ناوه‌نده‌ كولتووری و هونه‌رییه‌كانی شاری سلێمانیدا، هاوتا بۆ كافێ، مۆڵ و شوێنه‌ گشتییه‌كان. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ڕای كه‌یهان كه‌لهووڕ وه‌رگێراوه‌ و خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕیوه‌ كه‌ مایه‌ی شانازییه‌ ‌بۆ ئه‌و، هاوڕێیانی ‌كوردستان و شاری هه‌ڵه‌بجه ‌موزیكه‌كه‌ی په‌خش بكه‌ن.

دەربارەی ئەم پرۆژەیە چیا فایەق بۆ دیدی من گوتی: ”مه‌به‌ست له‌م‌ كاره ‌ئه‌وه‌یه ‌هه‌مان  موزیک له‌ شوێنه ‌جیاكاندا سه‌ر له‌ به‌یانی تا كۆتایی ڕۆژه‌كه (١٦/٣) ‌پەخش بكرێت و به‌ جۆرێكی تر ده‌ست بده‌ینه‌وه‌ له‌ یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆمان، به‌مه‌ش ده‌بێته ‌پرسیار بۆ كه‌سانی بێگانه ‌و ته‌نانه‌ت كه‌مایه‌تیی تری نیشته‌جێی شاری سلێمانی، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ ڕێز له‌ برین و ئازاری ئێمه‌ بگرن.“

ڕوونیشی کردەوە: ”دیزاین و هێلكاریی سیدییه‌كه ‌هونه‌رمه‌ند گۆران محه‌مه‌د كردوویه‌تی و ماڵپه‌ڕی كولتووریی دیدی من و گرووپی کەشکۆڵ، كاری میدیایی بۆ پڕۆژه‌كه ‌ده‌كات و کەمپەینێک لە سۆشیال میدیا بۆ بڵاوکردنەوە و تایبەتکردنی ئەم موزیکە بە یادی کارەساتی کیمابارانکردنی هەڵەبجە، ڕادەگەێنێت. هیوادارین هه‌مووان به‌شدار بن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كه‌.“

شاری خامۆش / شانزەی سێ ئازارمان دەکەین بە ئاواز

زەمەنێكه جەستەی نیوه مردووی ئەم دنیا بچوكەی ئێمه به شیوەن و پرسه لەم ئازار بۆ ئەو ئازار هەڵدێت. ساڵانێكه له ڕێگەی گێڕانەوەی نۆستالیژیی و كڕاندنی قەتماغەی برینەوه چاومان دەسڕین، هەر بەدوای ڕۆحی قوربانی كورد و نیشتیمانەوه شیوەنمان گێڕاوه و هیچ كاتێك له بارەیەوه تێڕانەماوین. كاتێك لەخۆمان بپرسین هەڵەبجه چییه؟ جگه له فرمێسكڕشتن و نەفرەتكردن له سێو هیچمان نییه! لە بارەی ئەنفالەوه هێشتاش له بیابانی باشوور دەڕوانین! بۆ شەنگالیش چەكەكانمان لەسەر پێیه شێوازی گێڕانەوەی یادەوەریی ئێمه هاوشێوەی پرۆسەكانی لەناوبردن و قڕكردنی كورد تاقەتپڕوكێنه، به جۆرێك كه هیچ دەلالەتێكی یادەوەری و ڕێزگرتنی كارەساتی لەخۆ نەگرتووه، ئەمه جگە لەوەی ئەم قوربانیدان و قڕكردنانه هیچی به ئێمه نەبەخشیوه. چونكه ئەگەر كارەساتەكان هیچ به جڤات نەبەخشن، ئەوا جڤات كارەساتەكان له یاد دەكات. لەم چەند ساڵەی دواییدا بە ڕوونی تێبینی ئەوه دەكرێت. جڤاتێك نەتوانێت پارێزگاری له ئینتیمای تاكەكانی به خۆیەوه بكات، ناتوانێت ئینیتما بۆ یادەوری و كارەساتەكان دروست بكات. هەروەكو ئەو تێزەی كۆمەڵناسی فەرەنسی مۆریس هالبواكس لەبارەی یادەوەرییەوه دەیخاته ڕوو، بەوەی كه یادەوەری تاك تەنها لە نێو خودی تاكەكەسدا قەتیس نابێت، بەڵكو جێگەیەك له چوارچێوەی ژیانی جڤاتدا دەگرێت، بە مەرجێك جڤات دەرفەتی پەیوەندیگرتنی ئەو یادەورییه بەخۆیەوه بدات. جڤاتی ئێمه له ڕێگەی شێوازه سواوەكەیەوه ناتوانێت یادی هەڵەبجه له یادگه‌ی هەڵەبجەیەكانیشدا بپارێزێت. ئەمه جگه لەوەی ئێمه خەریكین یادەوەری مەسرەف دەكەین وەك ئەو كاڵایانەی له بۆنه و ئاهەنگەكاندا مەسرەفیان دەكەین. هەروەها بەپێی تێزی هالبواكس ئەوەی بەردەوامی به مانەوەی جڤات دەدات، یادەوەرییه. له كۆمەڵگەی ئێمەدا دوو هۆكاری سەرەكی بوونیان هەیه تا یادەوەری ئێمه پەرتبێ: یەكەم زۆری كارەساتەكان و دووەمیان خەیاڵدانی بەتاڵی سیاسی كورده. له ڕاستیدا هۆكاری یەكەم، سیاسییەكان بۆ نماییشی جەماوەری و گەمەی سیاسی بەكاریان هێناوه لە كاتێكدا دەبوو بەپێچەوانەوه بێت، تا دۆزی ئێمه هەمیشه دەستی بەتاڵ نەبێت. دروستكردنی سیمبول و یادەوەری، پێویستی به ناوەندێكی كۆمەڵایەتی و كولتووری عەقڵانی و ڕێكخراو هەیه، تا بتوانێت پەیوەندی یادەوەری ناو زیهنی تاك لەگەڵ ڕووداوەكاندا له پانتایی گرووپە لۆكاڵیەکەوه، بۆ پانتایەكی بەرینتری جوگرافی فراوان بكات. ئێمه نەك هەر نەمان توانیوه له ڕێگەی قوربانیدان و كارەساتەكانەوه له نێو جەنگەڵی جیهاندا خۆمان بپارێزین، بەڵكو نەمانتوانیوه حورمەتی قوربانییەكانیشمان بگرین. له سۆنگەی وردبوونەوەیەكی ساده و بچكۆلەوه بیرمان لەوه كردەوه كه نەریتێكی دیكه جێگەی ئەو بیمارییه له یادكردنەوەی كارەساتەكاندا بگرێت. بە جۆرێك ئەگەر ڕێبوارێك لەو ڕۆژەدا لەشارێكی كوردستان بێت، بپرسێت بۆ؟ پێمان وابوو ئەگەر كۆی شوێنه گشتییەكانی شاری سلێمانی لەو ڕۆژەدا پارچه مۆزیكی شاری خامۆش‌ـی شاكاری كەیهان كەلهووڕ پەخش بكەن كه كارێكی ناوازەیه بۆ یادی هەڵەبجه، هاوكات دەزگا میدیاییەكان له بری شیوەنێكی دەستەپاچه و گێڕانەوەیەكی بێ تەكنیك، بێدەنگ بن و تەنها ئەم موزیكه پەخش بكەن، یان كاتێكی زۆریان بۆ ئەمه تەرخان بكەن، زۆر پەیامدارتره. ڕەنگه تاكەدەنگی ئێمه دوور له ژاوەژاوی سیاسییەكان و بۆڵەبۆڵ و ناڵەی خێڵ، موزیك بێت. موزیك هەم دەتوانێت وەك زەردەپەڕ دەنگی حیكایەتی غەدری ئێمه لە دووتوێی حەریرا هەڵبگرێت و هەم دەتوانێت پرسیار لە جیهان و ئایدۆلۆژیاكانی بكات لە بارەی مەرگی ئێمەوه. زیاده گۆیی نییه بڵین: ئەم كاره دەیان دەلالەتی سیمبولی هەیه. ئەگەر ئومێدی ئەم بیره بچوكه بگاته جێ و رۆژێكی تەواو شارێك و دەیان شاری كوردستان به تێكڕا گوێ له یەك ئاواز بگرن.

چیا فایەق

 دەتوانن بە بڵاوکردنەوەی بەستەری موزیکەکە لە پەڕە و ئەکاونتەکانی خۆتان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لەگەڵ هاشتاگی #هه‌ڵه‌بجه‌_شاری_خامۆش #HalabjaSilentCity بەشداری لەم کەمپەینەدا بکەن و موزیکەکەی کەیهان کەلهووڕ بکەن بە سمبولێک بۆ شاری هەڵەبجەی شەهید.

به‌ وێنه‌؛ یه‌كه‌م ڕۆژی كۆنسێرتی گرووپی ڕۆنا له‌ سینه‌ما سالم

دیدی من

ئێواره‌ی ڕۆژی ٢ـی ٣ـی ٢٠١٧، یه‌كه‌م ڕۆژی كۆنسێرتی گرووپی ڕۆنا له‌ سینه‌ما سالم به‌ڕێوه‌ چوو. كۆنسێرته‌كه‌ له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووسه‌وه‌ ڕێك خراوه‌. بڕیاره‌ ڕۆژی هه‌ینی، ٣ـی ٣ـی ٢٠١٧ دووه‌م ڕۆژی كۆنسێرته‌كه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت.

This slideshow requires JavaScript.

نوێترين ئەلبوومى گۆرانیى شاهين نەجەفى بڵاو كرايەوە

ديدى من پێگەى فەرميى شاهين نەجەفى

لە فارسييەوە: سەليم جەمال


شاهين نەجەفیی گۆرانيبێژ، گۆرانينووس و موزيسيانى پڕۆتێستى ناودارى فارس، نوێترين ئەلبوومى خۆى بە ناوى «ڕاديكاڵ» بڵاو كردەوە. نه‌جه‌فی لە ئێستادا لە وڵاتى ئەڵمانيا نيشتەجێيە؛ بە هۆى ڕەخنە و تانەگرتنى لە سياسەتى وڵاتی ئێران، لە لايەن وڵاتى ئێرانەوە ڕێگریی لێ ده‌كرێت بچێته‌ وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ و سزاى لە سێدارەدانى بەسەردا سەپێندراوە.

  نەجەفى لە دواى كۆچكردنى بۆ وڵاتى ئەڵمانيا، تاوەكو ئێستا بەردەوامە لەسەر چالاكييەكانى خۆى لە بوارى موزيكیى ڕاپ و ڕۆك، هەروەها هەڵبژاردنى شيعرى كۆمەڵايەتیى و سياسیى. ئەو هەوڵ دەدات جەوهەرى شاعيرانە و ئەدەبی، چەمكى فەلسەفى و سياسى لەناو گۆرانیيەكانى پەيڕەو بكات. زۆرينەى شيعر و هۆنراوەكانى نەجەفى؛ سەرەڕۆيى سياسى، خۆفەڕزكردنى ئایینی، پڕۆلیتاريەت، هەژاريى، جياكارى جنسى، سانسۆركردن، چينى كرێكار، لەسێدارەدان، تلياككێشان و هۆمۆفۆبيان.

شاهين نەجەفى لە هەژمارى تايبەتیى خۆى لە تۆڕى كۆمەڵايەتیی فەيسبووك لەبارەى ئەلبوومى ڕاديكاڵ» نووسیویه‌تی: ”ئەو ئەلبوومە شێواز و ژانرگەلێك لەخۆ دەگرێت؛ لە ئاوازى كوردى تاكو« ميلۆديیەكانى فلامێنگۆ، لە پڕۆگراسيڤ مێتاڵ تا سايكدليك ڕۆك، لە ڕاپ ئۆركێستراڵ تا لق و بەشەكانى ڕۆك.“

ئەلبوومى «ڕاديكاڵ» لە دوانزە گۆرانى پێكهاتووە بە ناوەكانى: ڕاديكاڵ، لە گشت شوێنێك نيگارى كێشا، ژەهرئاو، حەزرەتى نان، ئومەت، موسەديق، ئۆقرە، مەجنوون، ڕۆكسانا، شەو، زارێك پڕاوپڕ لە هاوار، يەكبگرن.

كه‌ڤه‌ری ئه‌لبوومی ڕادیكاڵ

پێكهاتەى ئەلبوومى ڕاديكاڵ:

گۆرانينووسەكان:

  • شاهين نەجەفى: ١٠ گۆرانى نووسيوە، جگە لە گۆرانى ئومەت و زارێك پڕاوپڕ لە هاوار، كە مەزدەك نيزافەت نووسيوونی
  • كارى موزيكى تەواوى گۆرانييەكان: شاهين نەجەفى                                         

ئەركى ڕێكخستنى گۆرانيیەكان:

  • ڕاديكال، حەزرەتى نان، مەجنوون: مەجيد كازمى
  • ژەهرئاو: فەرجام
  • موسەديق: بێن تراوينسكى
  • ڕۆكسانا، يەكبگرن: كاوە
  • لە گشت شوێنێك نيگارى كێشا، ئومەت، ئۆقرە، شەو: شاهين نەجەفى 

له‌ كه‌ناڵی تایبه‌تیی شاهین نه‌جه‌فه‌فی، ده‌توانن گوێبیستی ته‌واوی ئه‌لبوومی ڕادیكاڵ بن


 
ڤیدیۆكلیپی ژه‌هرئاو، كه‌ به‌ كوالێتی 4K به‌رده‌سته‌ و به‌ شێوازی °360 كاری وێنه‌گرتنی بۆ كراوه‌

بە هاودەمیى كەيهان كەلهووڕ گرووپی موزيكیى ڕێگەى ئاوريشم بوو بە خاوەنى خەڵاتى گرامى

ديدى منمێهر نيوز

لە فارسييەوە: سەليم جەمال


بەپێى ڕاپۆرتى ئاژانسى هەواڵى مێهر نيوز، يويو ما چەلۆژەنى ناودارى ئەمەريكى – چينى و ڕابەرى گرووپی موزيكیى ڕێگەى ئاوريشم، هەروەها كەيهان كەلهووڕ موزيسيان و كەمانچەژەنى ناودارى كورد كە ئەويش يەكێكە لە ئەندامانى ئەو گرووپه‌ موزيكييە، بوون بە خاوەنى خەڵاتى گرامی بۆ باشترین ئه‌لبوومی موزیكیی جیهانی بۆ ئەلبوومى بەرەو ماڵەوە گۆرانيم بۆ بڵێ.

مەڕاسيمى بەخشينى خەڵاتى گرامى، كە بە گرنگترين خەڵاتى موزيكى جيهانى هەژمار دەكرێت، شەوى يەكشەممە ١٢/٢/٢٠١٧ لە هۆڵى ستيپلەيس لە لۆس‌ئه‌نجلۆسى ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمەريكا بەڕێوەچوو. لە هەمان كاتدا ئەو بەرهەمە موزيكييە كارامانەى كە لە ساڵى ڕابردوودا بەرهەم هاتن، خەڵات كران.

به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی گرووپی موزیكیی ڕێگه‌ی ئاوریشم له‌ كاتی به‌ده‌ست هێنانی خه‌ڵاته‌كه‌

ئەو مەڕاسيمە كە پەنجاونۆيەمين خولى بەخشينى خەڵاتى گرامى بوو، تا ڕادەيەك كەشێكى سياسى شڵەژاوى بەخۆيەوە دەبينى، بەهۆى پەلكێشبوونى دۆناڵد ترەمپ سەرۆكى نوێكارى ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمەريكا.

ماڵپەڕى فەرميى گرووپی موزيكیى ڕێگەى ئاوريشم، دواى بەدەستهێنانى ئەو خەڵاتە ڕاى گەياند؛ ئەلبومى بەرەو ماڵەوە گۆرانيم بۆ بڵێ بە نيازى نزيكردنەوەى گشت پێكهاتەكانى جيهان بەرهەم هاتووە.

گرووپی موزيكیى ڕێگەى ئاوريشم لە ساڵى ٢٠٠٠دا بونياد نراوە لە لايەن يويو ما؛ گرووپێك كە ژەنيارەكانى لە نەژاد و وڵاتانى جياوازدان،  بەكارهێنانى ئامێرى موزيكى نوێگەر ئەو گرووپه‌ی هەنگاوێك لە نێودەوڵەتيبوون نزيك كردووەتەوە.

ساڵى ڕابردوو، مۆرگان نێڤڵ سينەماكارى ناودارى ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمەريكا، بەڵگەفيلمێكى لەبارەى ئەو تيمە موزيكييە بەرهەمهێنا بە ناونيشانى موزيكى بێگانەكان.

كرته‌ لێره‌ بكه‌ بۆ داگرتنی ئه‌لبوومی به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ گۆرانیم بۆ بڵێ