Category Archives: ڕاپۆرت

ڕەستاک، موزیک و گۆرانیی هەموو نەتەوەکانی ئێران، بەشی یەکەم

دیدی من – بەرتەرینها

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە فارسییەوە: بیار ڕەشید

هەست دەکەم گرووپی ڕەستاک پێویستی بە ناساندن و پێشەکی نەبێت، چونکە تا ڕادەیەکی باش لە ناو کورد و گوێگرانی موزیک و گۆرانیدا ناسراوە. ئەم گرووپە لە ساڵی ١٩٩٧وە وەک گرووپێکی موزیکیی ئەزموونی، دەستی بە چالاکی کردووە. کاری سەرەکیی ڕەستاک گەڕانە بەدوای موزیک و گۆرانیی کۆن و ڕەسەنی ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا و دووبارە داڕشتنەوەی بە فۆڕمێکی ئەمڕۆیی، بەبێ ئەوەی ڕەسەنایەتیی موزیک و گۆرانییەکە ون بکەن.

گروپی موزیکی ڕەستاک

ئەم دیدارە ماڵپەری بەرتەرینها، لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠١١دا بڵاوی کردووەتەوە، کە تێیدا هەریەک لە ئەندامانی، بە جۆرێک باس لە شێوەی کارکردنی ڕەستاک و ئەزموونی خۆیان دەکەن لەو گرووپەدا. دەکرێت کۆی دیدارەکەش وەک جۆرێک لە پێناسە بێت بۆ گرووپی ڕەستاک.

سیامەک سپهری، سەرپەرشتیاری گرووپی ڕەستاک

 

”تۆوی ڕەستاکمان لە کاتی سەربازیدا چاند.”

کاتێک فەرزاد مورادیم ناسی، ئەو جگە لە گۆرانیگوتن، بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە ئامێری تەنبووری دەژەنی، مەبەستم ئەوەیە کە ئەگەر فەرزاد پیانۆی بژەندایە، ڕەنگە موزیکی ئەمڕۆی گرووپەکەی ئێمە هەمان ئەو موزیکە بوایە، کە لەو پیانۆیەدا بوو، لەڕاستیدا موزیکی ئێمە لەسەر بنەمای ئەندامانی گرووپەکە شێوەی خۆی وەرگرت، نەوەک ئەندامان بەپێی جۆری موزیک (واتە گرووپەکەمان لەسەر ستایلێکی دیاریکراوی موزیک دروست نەکرد و ئەندامەکانمان بەپێی ئەو ستایلە وەربگرین، بەڵکو لە ژمارەی ئەو کەسانە دروست بوو، کە یەکترمان دەناسی (و.ک)). بەڵام ئەمڕۆ بە تێگەیشتن لەوەی هەیە، ڕەستاک شێوەی خۆی وەرگرتووە و جۆری کارکردنیشی دیاریکراوە، ئەو هاوڕێیانەشی لە گرووپەکەماندا زیاد دەبن لەسەر بنەمای ئەو پێویستییەیە کە هەستی پێ دەکرێت.

من لە بەشی جیۆلۆجی دەمخوێند، بەڵام ساڵی سێیەم خوێندنەکەم ڕەت کردەوە، هەڵبەت لەسەر بنەمای یاسا دەبوو بچمە سەربازی. بیرۆکەی سەرەکیی ڕەستاکیش هەر ئەو کاتە سەری هەڵدا، کە لە سەربازیدا لەگەڵ یەکێک لە باشترین هاوڕێکانم بە ناوی بەهزاد پوورنەقی، ئاشنا بووم و دوای ئەوە بە هاتنی ڕەزا عابدیان، فەرزاد مورادی و پیران مهاجری، ڕەستاک دروست بوو، دوای ئەوە بە هاتنی یاوەر ئەحمەدی فەر، ئەکبەر ئیسماعیل پوور، سارا نادری و تا دوایی، ڕەستاک درێژەی بە ڕێگەکەی دا.

”کارەکانم پێشکەش بە ڕۆحی براکەم دەکەم.”

پێویستە لەبارەی ئەفراوە قسە بکەم؛ ئەو برام بوو، جگە لەوەش باشترین هاوڕێی ژیانم بوو و باشترین هاوڕێی ژیانمە، هەڵبەت ساڵێک لە من منداڵتر بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی لە خوێندندا ساڵێک پێش خرابوو، لەگەڵ من لە پۆلێکدا بوو. ئەوەندەی کە من عاشقی دنیای موزیک بووم، ئەفرا ئەوەندە عاشقی زانست و فێربوون بوو؛ تا ئەو کاتەی لە تاقیکردنەوەی بەشی میکانیک، بە پلەی یەکەم لە زانکۆ وەرگیرا و پاشان بە بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە خوێندنی ماستەری زانکۆی تەکنەلۆژیی شەریف، درێژەی بە خوێندن دا. لەوێش بە بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە بەشی ئەندازیاریی پزیشکی، هەوڵی دا بگاتە پلە بەرزەکانی زانست. بە هۆی بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە خوێندنی ماستەردا، ڕاستەوخۆ ڕووی کردە زانکۆی پۆلەتەکنیکی و ڕێک ئەو ڕۆژەی چووە ئەم زانکۆیە بۆ خوێندنی دکتۆرا لە بەشی ئەندازیاریی پزیشکی، دووچاری ئازارێکی مێشک بوو، چەند ساڵێک بەو هۆیەوە لە هەموو شتێک دوور کەوتەوە، بەڵام نەژیا و ڕۆیشت… هەموو کاتێک باوەڕم بەم ڕستەیە هەیە، کە دەڵێت: ”سەفەرم بۆ جیهانێکی تر کرد و لە بوونی تۆدا کە بیر لە من دەکەیتەوە، دەژیم.” بەم هۆیەشەوە هەموو ئەو کارانەی تا ئەمڕۆ ئەنجامم داون، پێشکەشم کردوون بە رۆحی ئەفرای ئازیز.

بە بڕوای من، ئەگەر ئەمڕۆ تەمەنی ڕەستاک بووەتە پازدە ساڵ، لەبەر ئەوەیە کە هەر ئەندامێکی ئەم گرووپە وا هەست دەکات کەسی یەکەمە؛ جیاواز لەوەی زۆرینە بیری لێ دەکەنەوە، کە دەبێت پێچەوانەی ئەم بابەتە بێت و باوەڕم وایە پێویستە هەر کەسێک وا بیر بکاتەوە لە ڕەستاکدا کەسی یەکەمە، چونکە ڕەستاک گرێدراوی ئەوە و هەرچییەک تێیدا ڕوو بدات، ئەنجامەکەی ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەسە، کە هیوادارم هەمیشە ڕەستاک بەرەو دەسکەوتی باش هەنگاو بنێت. ئەوەی لەم پازدە ساڵەدا ئەزموونمان کرد، کە زیاتری سوپاسگوزار و قەرزاری باوکمین، ئەوە بووە کە فێر بووین پەیوەندییە گرووپی و مرۆییەکانی نێوان ئەندامانی ڕەستاک، هەمووکات بەردەوام بێت و وەک باوکم دەڵێت، ئەگەر ڕۆژێک بە هۆکاری جیاواز ئیتر نەمانتوانی لە بواری موزیکدا پێکەوە کار بکەین، لانیکەم بتوانین وەک چەند هاوڕێیەکی گیانیبەگیانی پێکەوە چێژ لە ژیان ببینین. وا بیر دەکەمەوە ئەوەی کە ئەم چەند کەسە بە تێکەڵەیەک لە سەلیقە و حەزی ژیانی تاکەکەسی و چێژە تایبەتیەکانی خود و تا دوایی، پێکەوە کار دەکەن و لەگەڵ یەکدا پەیوەندییەکی تۆکمەیان هەیە، لە ئەنجامدا ئەو کارەی بەرهەم دێت، زۆر جوانتر و دڵگیرترە بەراورد بەوەی یەک کەس بیەوێت بە تەنیا ئەنجامی بدات.

 

ئەکبەر ئیسماعیلی پوور، ژەنیار

سیامەک سپهری و ئەکبەر ئیسماعیلی

”هەندێک کات ڕەخنە لە کارەکانم دەگرن!”

ئەندامانی ڕەستاک بە هۆی ئەو توێژینەوانەی کە بۆ ئەدای ڕاستیی زاراوە جیاوازەکان ئەنجامیان داوە و لە ڕێگەی ڕاهێنان و ئەزموونی زۆریشەوە، سەرکەوتوو بوون لەوەی ڕێگەی ڕاستیی دەربڕینی وشە لە زاراوە جیاوازەکاندا بدۆزنەوە. هەڵبەت بۆ گەیشتن بەم ئاستە، لە زۆر سەرچاوەوە زانیاریمان وەرگرتووە. بە دڵنیایی کەسانی دەوروبەرمان ڕەخنە لە کارەکانمان دەگرن و هەندێک کات کێشەیان بۆ دروست دەکەن!

”یاسا ڕەستاکییەکان.”

جگە لەو کارەی کە لە بەشی ژەنینی گرووپەکەدا هەمە، یەکێک لە ئەرکەکانی تری من کە چەند ساڵێکە لەئەستۆم گرتووە، کۆکردنەوەی ئەندامانی گرووپە لە دەوری یەکتر. هەڵبەت ئەم کارە نەک تەنها لە گرووپی ڕەستاکدا، بەڵکو لە زۆربەی گرووپەکاندا لە ڕیزی قورسترین کارەکانە، بەڵام بە هۆی ئەوەی ئەندامانی گرووپەکە بە شێوەیەکی پیشەیی سەیری ئەم کارە دەکەن، تا ڕادەیەک سەختییەکانی کەم بووەتەوە، هەڵبەت لە سەرەتادا لەم کارەدا کێشەی زۆرمان هەبوو، بەڵام لە کۆتاییدا دۆخەکە زۆر باشتر بووە، چونکە ئەندامەکان ڕێزی یاساکان دەگرن و هەماهەنگییشیان لەگەڵ گرووپدا زۆر باشە. بە دڵنیایی بە هۆی ڕێگەی هاتووچۆی تارانەوە، هەندێک کات ئەندامان لە کاتی کۆنسێرت یان ڕاهێناندا دوادەکەون، بەڵام دڵخۆشین کە ئەندامان ڕێز لە یاساکان دەگرن و پەیڕەویان دەکەن.

کاوە سەروەریان، ژەنیار

”خۆیشم پێشبینیی ئەم پێشوازییەم نەدەکرد!”

لە مێژووی موزیکی دنیادا، کۆمەڵێک گرووپ یان هەندێک کەس هەبوون کە لە ماوە و کاتێکی دیاریکراودا جەماوەرێکی زۆریان هەبووە، لە ئێستادا ئەمە بۆ ڕەستاک ڕاستە و هیچ گومانێکی تێدا نییە. هەتا کاتێک لەگەڵ چەند کەسێكی موزیکژەنی ئێراندا لەبارەی ڕەستاکەوە گفتوگۆم کرد، لە دەرکەوتنی ڕەستاک و ئەوەی کە لە گۆرانییەکانیدا ئامێرە میللی و سوننەتییەکانی ئێرانی بەکار هێناوە، زۆر دڵخۆش بوون. ئەوەی کە لە کۆنسێرتێکدا دوو هەزار کەس ئامادە بن، هانت بدەن و تا دوایی، کە چەند ساڵێک بوو ئەمە تەنها بۆ موزیکی پۆپ دەکرا، بەڵام خۆشبەختانە هەمان شت بۆ ڕەستاکیش کرا.

ڕەزا عابدیان، ژەنیار

”زمانی هاوبەشی هەموو دنیا.”

لەبیرمە کاتێک لە فێستیڤاڵەکانی دەرەوەی وڵات و لە بەردەم نەتەوە جیاوازەکاندا کارەکانمان پێشکەش دەکرد، ئەو کەسانەی کە لەوێ بوون، پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ موزیک و گۆرانییەکانماندا دروست دەکرد، لەبەر ئەم هۆکارە بە بڕوای من پێویست ناکات زمانمان هاوبەش بێت، بەڵکو زمانی موزیک خاڵی هاوبەشمانە. لە ئێستادا هەست ناکەم پلانێکی تایبەتمان بۆ پێشکەشکردنی موزیکی نێودەوڵەتی هەبێت و بمانەوێت بە زمانەکانی تری جیهان گۆرانی و موزیک ئامادە بکەین، بەڵام دڵنیام ئەگەر ڕۆژێک کارێکی لەو جۆرە بکەین، فەرزاد و بەهزاد مورادی، گۆرانیبێژانی گرووپ، توانای ئەنجامدانی ئەوەیان هەیە.

لە کاتی هەڵبژادنی هەر گۆرانی یان پارچە موزیکێکدا، بە گەڕانەوە بۆ شوێن و ڕەگەزی ئەندامانی گرووپ، هەروەها ئەو پەیوەندییەی بۆ نموونە کەسێک بە شوێنێکی دیاریکراوی ئێرانەوە هەیەتی، دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک توێژینەوەی مەیدانی و سوودوەرگرتن لە ئەرشیفە کۆنەکان، پارچە موزیک یان گۆرانییەکان بۆ ئامادەکردن هەڵدەبژێردرێن، لە دانیشتنێکدا کە ئەندامان تێیدا بەشدارن، لەگەڵ دڵسۆزیی سیامەک سپهری، سەرپەرشتیاری گرووپ، ئەو پارچەیە هەڵدەبژێرین کە توانای کارلەسەرکردنی هەبێت و لە شێوەی کارەکانی گرووپەکەمانەوە نزیکتر بێت.

”هەموو ڕێگەکان دەچنەوە سەر ئەو.”

لە ڕەستاکدا هاوبیری زۆرمان هەن، کە هاوکارێکی باشی ئێمەن و پێویستە سوپاسی هەمویان بکەم، بەڵام بە بڕوای من یەکەمین کەسێک کە بۆ زۆر شت سوپاسگوزاری ئەوین، بەڕێز مەنووچەر سپهری، باوکی سیامەک سپهرییە، هەڵبەت چەندین کەسی تریش. هەرچەندە بۆ کارەکانی ڕەستاک پەیوەندیمان لەگەڵ زۆر کەسدا هەیە، بەڵام بڕیاردەری سەرەکیی هەموو کارەکان لە کۆتاییدا سیامەک سپهرییە و هەموو ڕێگەکان دەچنەوە سەر ئەو. بە بڕوای من بەڕێوەبەریی گرووپێکی گەورەی وەک ڕەستاک، کارێکی ئاسان نییە، کە سیامەک بە شاییستەبوونی تەواوەوە لەئەستۆی گرتووە.

”ڕەستاک لە دوای ئێمەش زیندووە.”
گرنگترین شتێک کە لە ڕۆژی یەکەمەوە لە نێوان هەموو ئەنداماندا هەبوو، دڵسۆزی و هاوڕێیەتی بوو، کە بووە هۆکاری دروستبوونی ڕەستاک. ئەمە ڕاستە کە نزیکەی پازدە ساڵ بەسەر لەدایکبوونی ڕەستاکدا تێدەپەڕێت، بەڵام لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا ژمارەی چالاکییەکانی گرووپ زیاتر بووە، وا هەست دەکەم هۆکاری سەرەکیی سەرکەوتنی ڕەستاک، هەر ئەم ماوە زۆرەی پێکەوەبوون بێت لە دەوری یەکتر. وا بیر دەکەمەوە ڕەستاک لە دوای ئێمەشەوە درێژە بە ژیانی خۆی دەدات، چونکە ئەو ئامادەباشییەی کە لە ئەنداماندا دەیبینم و ئەو ئیمەیڵانەی لە دایکوباوکی منداڵانی تەمەن یەک ساڵەوە پێمان دەگات و دەڵێن ”منداڵەکانمان بەرانبەر موزیک و گۆرانییەکانی ئێوە کاردانەوەی ئەرێنی پیشان دەدەن”، دڵنیایی منی لەم لایەنەوە زیاتر کردووە.

بە وێنە: کۆنسێرتی گەشتێکی موزیکی لە یۆنانەوە تا کوردستان

دیدی من

فۆتۆ: بیار ڕەشید

ڕۆژی سێشەممە، بەرواری ٤\٤\٢٠١٧، لە زانکۆی ئەمەریکی لە عێراق-سلێمانی لە باشووری کوردستان، کۆنسێرتێک بە ناونیشانی گەشتێکی موزیکی لە یۆنانەوە تا کوردستان بەڕێوە چوو، کە تیایدا سێ ژەنیاری یۆنانی و سێ ژەنیاری کورد بەشدار بوون.

ژەنیارە یۆنانییەکان بریتی بوون لە کۆنستانتینۆس، گیانیس پۆڵیۆس و ماتیۆس، کە بەشی یەکەمی گەشتەکە لە ژەنین و گوتنی چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری یۆنانی و موزیکە جیهانییەکان پێک هاتبوو، لە لایەنیانەوە.

ژەنیارە کوردەکان بریتی بوون لە هەژار زەهاوی، ئەرتان تەکین و ئەیووب عەلی، کە بەشی دووەمی گەشتەکە لە ژەنین و گوتنی چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردی پێک هاتبوو، لە لایەنیانەوە.

دواتر و لە بەشی سێیەم و کۆتایی گەشتەکەدا، هەردوو لایەن، ژەنیارە یۆنانی و کوردەکان، موزیکی گەلەکانیان ئاوێتەی یەک کرد و چەند بەرهەمێکیان پێشکەش کرد، کە لە ڕووی ئاواز و موزیکەوە لە یەکتر نزیک بوون.

هەژار زەهاوی سەبارەت بەم جۆرە لە موزیک و ئاوێتەکردنە، بۆ ئامادەبوان گوتی: ”ئاوێتەکردنی موزیکی گەلان و ژەنین و گوتنیان پێکەوە، دەکرێت هەم کارێکی گران و هەم کارێکی ئاسان بێت، بەڵام ئەوەی گرنگە، ئەوەیە چۆن بە وردییەوە ئاوازە لێکچووەکان دەدۆزیتەوە و ئاوێتەی یەکتریان دەکەیت.”

جێگەی باسە ئەم کۆنسێرتە، لە ڕۆژانی پێشووتردا لە شاری هەولێری باشووری کوردستان، لە چەند شوێنێکی جیاواز بەڕێوە چوو.

لە ڕۆژی ٣ی نیسانیشدا وۆرکشۆپێک بۆ ئەو ژەنیارە یۆنانیانە سازکرا کە تیایدا کۆنستۆنتینۆس وتی: “سوپاستان دەکەم، سەرەتا سوپاسی زەهاوی دەکەم، پاشان سوپاسی سەرۆکی بۆردی زانکۆی ئەمەریکی لە عێراق-سلێمانی. من زۆر دڵخۆشم کە ئەمڕۆ لێرەم. یۆنان هەمیشە پردێکی کلتووری بووە لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا، ئەمەش زۆر بە باشی لە موزیکەکەیدا ڕەنگی داوەتەوە. کەم کۆمەڵگە هەیە کە پێگەی موزیک تیایدا پێگەیەکی گرنگ نەبێت. لە بەڵگەکانمدا پشت بە دوو نموونە دەبەستم، کە دوو کەسی جیاواز باسیان لێوە کردووە: یەکەمیان ئالان لوماکسە، کە موزیکناسێکی ئەمەریکییە، کاری لەسەر موزیک و گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی تەواوی دنیا کردووە و نووسیونییەتیەوە، هەروەها کاری لەسەر هەموو ئەو تایبەتمەندییانە کردووە کە ئەو موزیکە فۆلکلۆرییانە هەیانە. هەوڵی داوە ئەمە وێنەدانەوەیەک بێت بۆ کۆمەڵگەکەی. “

ئەو بەردەوام بوو: “دوو ڤۆکاڵ لە ناوچەی یۆناندا هەن، یەکەمیان ئەناتۆڵیانە، دووەمیشیان ڕۆژئاواییە. بۆ ئەوانەی شارەزاییان لە موزیکدا هەیە، ئێمە لە بەشەکەی ئەناتۆڵیاندا چارەکەتۆنمان هەیە، کە لە سنووری ٦٠٠ کیلۆمەتردا ئەم چارەکەتۆنە کاڵ دەبێتەوە، ئەمە بۆ وایە؟ ئێمە هێشتا لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکەین و نازانین هۆکارەکەی چییە. کەسی دووەمیان کە دەمەوێت لەبارەیەوە بدوێم، ئەلفرێد تۆماتییە، کە لێکۆڵەرێکی فەڕەنسییە، لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەوە کردووە کە دەنگ چۆن دروست دەبێت لە قوڕگی مرۆڤدا. دەنگ شتێکە کە نابینرێت، بەڵکو دەبێت وێنای بکەین. هەوا هەڵدەمژین، بەڵام هەمیشە لەو کاتەدا دەنگ دروست دەکەین کە هەناسە دەدەینەوە. ئەوەی ئەلفرێد تۆماتی دۆزیویەتییەوە شتێکی زۆر گرنگە، هەموو ئەو قسانەی کە دەیکەین یاخود ئەو دەنگانەی دروستی دەکەین، ناتوانین دروستیان بکەین ئەگەر نەتوانین ببیستین. ڕەنگە ئەمە سادە بێت بەلاتانەوە، بەڵام وانییە. من ناتوانم بە ئینگلیزییەکی ئەکسێنتی ئۆکسفۆردییانە قسەتان لەگەڵ بکەم، چونکە گوێیەکانم وەک هەمان شێوەی یەکێک کە بەڕیتانییە ڕانەهاتووە. ئەمە مانای ئەوە نییە کە من ناتوانم ئەمە بکەم، بەڵکو پەیوەندی بەوەوەیە کە ناتوانم گوێم لەوە بێت. ئێستا دێینە سەر ئەوەی ئەمە چ پەیوەندییەکی بە موزیکەوە هەیە؛ کاتێک تۆ دەنگێک دەردەکەیت، ئەگەر ئۆ بێت یاخود ئا، بۆ گوێگری نەتەوەیەکی جیاواز، جیاواز ئەو دەنگە وەردەگرێت. هەر زمانێکی جیاواز لە دنیادا پێگەی خۆی هەیە. “

لەبارەی دەنگەکانی موزیکەوە کۆنستانتینۆس وتی: “لە موزیکی یۆنانیدا ئەو ڤاوڵانەی هەن بریتین لە ئا، ئێ، ئی، ئۆ، ئو، لە زمانەکانی تردا جیاوازن. بۆ نموونە لە فەڕەنسا ئیو هەیە، ئەمەش بە هەمان شێوە لە گۆرانی و شێوازی گوتنی ئاوازی یۆنانیدا دەیبینین. “

 

”موزیکی کلاسیک، لوتکەی شیعرییەتە لە ئەلفوبێی موزیکدا. بناغەی مۆسیقای نەتەوەیی ئێمە، مۆسیقای کەنیسەیە.” نموونەیەکی ئەو پارچە موزیکە دەهێنێتەوە و دەڵێت: ”ئەمە مەقامی ئێمەیە. ئەوەی گرنگە بۆ ئەم موزیکە، هەر بۆ زانیاریتان موزیکی بیزەنتین بە هیچ جۆرێک بە نۆتە نانوسرێت، بەڵکو سیستەمێکی تایبەتی خۆی هەیە. ئێستاش دەچمە سەر ستایلی ئەناتۆڵیا، کە ئێمە بەکاری دەهێنین، تەواو کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەو کاتەی کە یۆنان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئاسیای بچووکدا بوو، یاخود ئاسیای بچووک دەستی بەسەردا گرتبوو. ترابزۆن یەکێکە لەو ناوچانەی کە ئەم ستایلەی زۆر تێدا بەکار هاتووە و لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، کە تا ساڵی ١٩٢٢ش ئەو ناوچەیە بەشێک بووە لە وڵاتی یۆنان، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی داگیرکارییەوە ناوچەیەکی تورکیایە.”

This slideshow requires JavaScript.

خوێندکارێکی زانکۆی سلێمانی بە گۆڕینی ناوی کۆلێجەکەی ناڕەزایەتیی خۆی دەردەبڕێت

دیدی منلاوک ئەبوبەکر

College of Fine Arts“، ئەو دێڕەیە کە لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە، بە تابلۆی ناونیشانی کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانییەوە هەڵواسراوە، بەڵام لە ڕۆژی ١٦\١\٢٠١٧، لە لایەن خوێندکارێکی کۆلێجەکەوە، بۆ ماوەی بیست خولەک گۆڕدرا بۆ “College of Fuck Arts“.

بینای كۆلێجی هونه‌ر له‌ زانكۆی سلێمانی
فۆتۆ: ئه‌حمه‌د ئه‌ی. غه‌ریب

چیا جەمال، خوێندکاری بەشی موزیکە لە کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی و بە گوتەی خۆی، دوای هەستکردن بە “دۆخی خراپی ژیانی زانکۆیی لە زانکۆی سلێمانی بەگشتی و سیستمی بەڕێوەبردن و مامەڵەکردنی کۆلێجەکەی بەتایبەتی”، ئەو ناڕەزایەتییەی دەربڕیوە.

چیا لە وەرزی خوێندنی ئەمساڵی ٢٠١٦-٢٠١٧دا، خوێندکاری قۆناغی دووەمە؛ بۆ دیدی من باسی لە یەکەم ساڵی خوێندنی لە زانکۆی سلێمانی کرد، کە هۆکار بووە بۆ ئەم ناڕەزاییدەربڕینەی: “خوێندکار کاتێک دێتە زانکۆ، کۆمەڵێک هیوا و ئومێدی زۆری هەیە و زانکۆ بەو ڕووبەرە دەزانێت کە ئەو هیوا و ئومێدانەی تێدا پەخش بکات، بەڵام بە داخەوە لێرە وا نییە؛ ژینگەی زانکۆ بەگشتی و سیستمی بەڕێوەبردن و چۆنێتیی مامەڵەکردنی کۆلێجەکەم، وایان کرد کە هەموو ئەو هیوا و ئومێدانە هەر زوو نەمێنن. هەر بۆیە لەدوای کۆتاییهاتنی یەکەم وەرزی خوێندنم لە زانکۆی سلێمانی، پلانم بۆ کۆمەڵێک چالاکیی ڕەخنەیی دانا، کە لە کۆلێجەکەم ئەنجامیان بدەم. یەکەم چالاکییشم ئەم ناڕەزاییدەربڕینە بوو.”

دەربارەی سیستمی بەڕێوەبردن و چۆنێتیی مامەڵەکردنی کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی لەگەڵ خوێندکارانیدا، کە هۆکارێکی سەرەکیی ترە بۆ ناڕەزاییدەربڕینەکەی، چیا گوتی: “لە کۆلێجی هونەردا دژایەتیکردن و ناکۆکییەکی قووڵ لەنێوان مامۆستاکاندا هەن، کە کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر خوێندکارانی کۆلێجەکە، تەنانەت هەندێک لە ناکۆکییەکان کەسین و لەسەر کۆمەڵێک شتی زۆر سەرەتایین. لەلایەکی ترەوە، زۆرینەی مامۆستاکان بیروڕایان لەگەڵ شێوازە هونەرییە کلاسیک و کۆنەکان دێتەوە، بەڵام خوێندکاران خوازیاری شێوازی نوێن و دەیانەوێت کارەکانیان بەو جۆرە بێت، ئەمەش وای کردووە کە زۆرینەی کاری خوێندکاران بوەستێت. هەروەها مامۆستایان بە چاوێکی کەم سەیری خوێندکاران دەکەن، بەتایبەت ئەو خوێندکارانەی لە قۆناغی پێشوودا خوێندکاری پەیمانگە و سەندیکا هونەرییەکان بوون. تەنانەت خودی خۆم، کە خوێندکاری بەشی موزیکم و ژەنیاری ئامێری گیتارم، تا ئێستا بەشەکەم مامۆستای پسپۆڕی ئامێری گیتاری تێدا نییە و لە کاتی داواکردنی سەرپەرشتیارێکدا بۆ پڕۆڤەکردنم، بە ‘بڕۆ خۆت تەمرین بکە’ وەڵامیان دامەوە. لەگەڵ هەبوونی دنیایەک کێشەی تر.”

هەموو ئەمانە، وایان لە چیا کردووە کە پلانی کۆمەڵێک چالاکی دابنێت و پێیان لە بەرانبەر ئەو دۆخەدا بوەستێت: “دوای هەستکردن بەم دۆخە، هەستام بە دابەشکردنی چەند لاپەڕەیەکی بەتاڵ بەسەر خوێندکاران و مامۆستایانی کۆلێجی هونەردا، کە لەگەڵیدا بە هەر یەکێکیانم دەگوت ‘دەربارەی دۆخی ژیانی زانکۆییت لە کۆلێجەکەت، ئەو ئامانجانەی بۆی هاتوویەتەتە زانکۆ و کۆلێجی هونەر و ئەو ڕەخنە و ڕا و سەرنجانەی هەتە، لێرەدا بینووسە’. دواتر بە تەماشاکردنی نووسینەکان، سەرەڕای هەبوونی کۆمەڵێک ڕای ئەرێنی، زیاتر هەستم بەوە کرد کە دۆخی ژیانی زانکۆیی و سیستمی بەڕێوەبردن و مامەڵەکردنی کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی لەگەڵ خوێندکارانیدا، لە چ دۆخێکی خراپدایە. هەر بۆیە بەو نووسینانە، تابلۆیەکم دروست کرد و تێیدا وشەی “Fuck”ی زمانی ئینگلیزیم نووسی. بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت و بە هەڵزنان بەسەر دیوار و پەنجەرەکانی کۆلێجدا، خۆم گەیاندە تابلۆی ناونیشانی کۆلێجی هونەر و تابلۆکەم لە شوێنی وشەی “Fine”ی ئینگلیزی دانا.”

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا چالاکییەکی وا دەچێتە خانەی هونەرەوە، هەروەها ئایا بەکارهێنانی وشەیەکی دوور لە دابونەریتی کۆمەڵایەتیی زانکۆ و کۆمەڵگەی باشووری کوردستان کارێکی دروستە، چیا گوتی: “ئەوەی بۆ من گرنگە، شۆککردن و وەستاندنی خوێندکارە لە بەرانبەر ئەو دۆخەی کە هەیە، نەک ئەوەی ئەم چالاکییە هونەر بێت یان نا؛ هیچ بۆم گرنگ نییە. ئەوەی بۆم گرنگە، هەبوونی ئازادیی ڕادەبربڕین و ناڕەزاییدەربڕینە لەو دۆخەی کە من لەجیاتیی خوێندکاران و مامۆستایانی دیکە کردوومە. هەروەها بەکارهێنانی ئەو وشەیە، نابێت خوێندنەوەیەکی ڕووکەشیی زمانەوانیی بۆ بکرێت، بەڵکو من لەپشتییەوە دەڕوانم و مەبەستم لێی ئەو دەلالەتەیە، کە دەزگایەک تێک دەدرێت و خراپ دەکرێت، لە کاتێکدا دەبێت هونەر بەرهەم بهێنێت.”

دوای دانانی، چیا جەمال لە سەروو تابلۆکە، کە دەکاتە ستارەی سەربانی کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی، بۆ ماوەی بیست خولەک دادەنیشێت و کۆمەڵێکی زۆر لە خوێندکارانی کۆلێجەکە کۆ دەبنەوە. دواتر بە زوویی تابلۆکە لە لایەن چەند بەرپرسیکی یەکەی کارگێڕیی کۆلێجەکە لێ دەکرێتەوە و بە گوتەی چیا، لەژێر کاریگەریی خۆیدا پێیان داوەتەوە.

دوابەدوای کۆتاییهاتنی، هەواڵی ڕووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەیەوە و چەندین ڕای جیاواز دەربارەی گوتران؛ دیدی من بۆ زانینی ڕای بەرپرسانی باڵای کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی لەسەر ناڕەزاییدەربڕینەکەی خویندکارەکەیان، پەیوەندیی کرد بە د. ڕێبوار سەعید، ڕاگری کۆلێجەکە، کە بە گوتەی چیا، لە کاتی پێدانەوەی تابلۆکەی، پێی گوتووە “ئەمە ئینتاجەکەتە؟” ڕاگری کۆلێجی هونەر ئامادە نەبوو لەسەر ڕووداوەکە بۆ دیدی من بدوێت و تەنیا گوتی: “ڕێکاری یاسایی دەگرینە بەر.”

ڕێبوار سەعید

یەکێک لە مامۆستایانی کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی، کە پاڵپشتی چیایە و بە هۆکاری تایبەتیی خۆی نەیویست ناوی بهێنرێت، سەبارەت بە گرنگیی کارەکەی خوێندکارەکەی، تایبەت بۆ دیدی من گوتی: “لە دوو لایەنەوە، ناڕەزاییدەربڕینەکە گرنگە: یەکەم، چیا خۆی خوێندکاری بەشی موزیکە و ژەنیاری ئامێری گیتارە، بەشەکەشی مامۆستای پسپۆڕی ئامێری گیتاری تێدا نییە. لێرەدا چیا کۆژانێکی هەیە و بە خاتری، ناڕەزایی دەردەبڕێت. دووەم، هەلومەرجێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، دەروونی، ئەکادیمی و تا دوایی خراپ لەم هەرێمە دەگوزەرێت، چیا دێت و لەبری هەموان بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت و بەرانبەر دەزگایەک کە بەرانبەر ئەو هەلومەرجە خراپە بێهەوڵوێست و بێدەنگە، ناڕەزایی دەردەبڕێت. ئەمە هێنانی فۆڕمێکی زۆر نوێی ناڕەزاییدەربڕینە و بەرهەمی زانکۆکانی ئەنگلۆسەکسۆنە، کە لەو جۆرە زانکۆیانەدا، وەک زانکۆکانی ئەم ناوچەیە بەشەکان جیا نەکراونەتەوە و تەواوی بەشەکان پێکەوە لکێندراون و دەخویندرێن، ئەوەش وا دەکات کە خوێندکار تەنیاوتەنیا لە خەم و خەیاڵی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا نەبێت و بۆ بەرژەوەندیی گشتی تێبکۆشێت.”

لەبارەی هونەریبوون و گونجانی چالاکییەکەی چیا لەگەڵ ژینگەی کۆمەڵایەتیی باشووری کوردستاندا، ئەو مامۆستایە گوتی: “ئەم جۆرە کاری هونەرییە لە ڕۆژئاوادا نزیکەی سەد ساڵ پێش ئێستا کاری پێ کراوە و بە جۆرێک لە ژینگەی ئەواندا تێپەڕیوە، کە سواوە، بەڵام بە داخەوە کە لێرە تازەبەتازە تابۆیە و کارکردن پێی قەدەغەیە. لە کاتێکدا باشترین ڕێگەیە بۆ ناڕەزاییدەربڕین و کەشفکردنی ئەو واقعەی هەیە و پیشاندانی بەوانەی بەرپرسن، کە چ دۆخێکیان بەدی هێناوە.”

لە ئەگەری ئەوەی خوێندکار چیا جەمال لە لایەن یەکەی کارگێڕیی کۆلێجەکەیەوە ڕووبەڕووی سزا ببێتەوە و هەڵوێستی مامۆستا پاڵپشتەکانی چی دەبێت، ئەو مامۆستایە گوتی: “بۆ کۆلێجێک بە ناوی کۆلێجی هونەر، شەرم و حەیاچوون دەبێت گەر سزای خوێندکارێکی بدات کە چالاکییەکی هونەریی بە خاتری کۆلێجەکەی ئەنجام داوە. لە ئێستادا ئێمە پاڵپشتی چیاین، بەڵام ئەوەی گرنگە، پاڵپشتیی میدیایە و قسەکردنی بەردەوامیەتی لەسەر ڕووداوەکە، تا لە ڕێیەوە کۆدەنگیی ڕای گشتی دروست ببێت و هەموو ئەوانە بناسرێن کە دژی ئەم فۆڕمەی کارکردنی هونەری و ناڕەزاییدەبڕینن، لە کاتێکدا خۆشیان کەسانی ئەکادیمی و هونەرین.”

ڕۆز محه‌مه‌د

ڕۆز محەمەد، خوێندکاری بەشی شێوەکاری لە کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی، کە هاوکات یەکێک لەو خوێندکارە بەشداربوانە بووە کە لە نووسینی بەشی پشتەوەی تابلۆی چالاکییەکەی چیا بەشدار بووە، دەربارەی ئاڕاستەکردنی ناڕەزاییدەربڕینەکە ڕای جیاوازە: “من وەک خوێندکارێکی کۆلێجی هونەر و یەکێک لەو خوێندکارانەی کە بە ڕایەک لە پشتی تابلۆکە بەشدار بووین لە نووسین دەربارەی ئەو لایەنانەی لە ناو کۆلێجدا بەدڵمان نەبوون، بەڵام لە دەرئەنجامدا بەشێک لە چالاکییەکە بۆ خۆیشی بووە یەکێک لەوانە. چونکە لە دیدی منەوە ڕەهایی بوونی نییە، بەتایبەت لە کاری هونەری و ڕەخنەییدا، بەڵام ئەم کارە زۆر بە ڕەهایی هەموو سیستمی ڕەت کردووەتەوە. ڕاستە کە ناڕەزاییەکان بۆ مامۆستا و بەڕێوبەرانی زانکۆ و سیستمکەیەتی، بەڵام لەپاڵ هەموو ئەمانەدا، خودی خوێندکار خۆی بەشێکە لەو وێرانەیەی بەسەر دۆخی زانکۆ هاتووە، چونکە لە ئێستادا کۆلێجی هونەر خاوەنی چەند کەسایەتییەکە کە زۆر دڵسۆزانە کار بۆ خوێندکار دەکەن و یارمەتیی دەدەن.”

ڕۆز بەردەوام دەبێت و خوێندکاریش بە بەشێک لە هەبوونی کێشەکانی کۆلێج و زانکۆکەی دەزانێت: ”ئەوەی دەبینێرێت، خەمساردیی خوێندکار و خۆشنەویستن و گرنگینەدانە بە زانکۆ و بەشەکانیان، کە زۆرینە ئامانجیان تەنیا بەڕێکردنی چوار ساڵی خوێندن و وەرگرتنی پارچە نووسراوێکە بە ناوی بڕوانامە و دامەزراندنیان لە شوێنێک و درێژەدان بە ڕۆتینی ژیان، نەک ئامانجیان فێربوون و ئەزموونکردن و لە کۆتاییدا خزمەتکردن بە کلتوور و کۆمەڵگە بێت وەک هونەرمەندێک. بۆیە پێویستە هێندەی بە ڕەخنەگرتن لە سیستم سەرقاڵین، سەیرێکی خۆمان بکەین لە کوێدا بەشداری ئەو خراپی و چەقبەستووییەین، چونکە ملکەچبوون و خەمساردیی خوێندکارە هێز دەداتە ئەو دەسەڵاتەی سیستم، کە بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان بهێنن.”

بەڵام سەرەڕای ئەم ڕاجیاییەش، هێشتا ڕۆز چالاکییەکەی چیا بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت: “دەستخۆشیم بۆ چیا، کە دەکرێت بڵێم هەڵوێستەیەکی بوێرانەی هەبووە، چونکە تا ڕادەیەک ترسی خوێندکار لە نمرە یان دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی دەزگاکە، هەندێک خوێندکاری ناچار بە چەقبەستوویی و ملکەچبوون کردووە، بەڵام لێرەدا سنوور و ملکەچبوونەکان شێکندران؛ ئەوەی چیا کردوویەتی دەنگێکی نای زۆر جدییە، کە زۆریک لە مامۆستاکانیش ئەو بوێرییەیان نەبووە و تەنانەت لە کاتی پشتگیریکردنی چیاشدا ناوی خۆیان بە شاردراوەی هێشتووەتەوە.”

وەک خوێندکارێکی بەشی شێوەکاری، ڕۆز دەربارەی هونەریبوونی چالاکییەکە دەڵێت: “پرسیارێک دێتە پێشەوە: بۆچی دەبێت وشەیەکی وەک “Fuck”ی زمانی ئینگلیزی بەکار بێت، لە کاتێکدا رەنگە سڕێنەوەی ناوی کۆلێج و لۆگۆکەی، هەمان پەیامی بگەیاندایە؟ بەڵام ئەم وشەیەیە کە وای لە بینەر کردووە بڵێن ناڕەزایەتییەکی بوێرانەیە، لە کاتێکدا ناو کۆمەڵگە و کلتووری ئێمە پڕە لە وشەی ناشیرین. لە دیدی منەوە، ئەرکی هونەرمەندە کە لەپاڵ هەر کارێکیدا هەوڵ بۆ ئەوەش بدات ناشیرینی و ناڕێکیەکی کۆمەڵەگە ڕێک بکاتەوە، نەک خۆیشی ببێتە درێژەپێدەری. وێرای هەموو ئەمانە، چیا کارێکی هونەریی بەئەنجام گەیاندووە و خوێندکارێکە لە قۆناغی ئەزموونکردندایە، کە ئەوەش مافی هیچ کەسێک نییە هەوڵی شکاندنی کارەکەی بدات یان بە هۆی زبریی بەرکەوتنی کارەکە لەگەڵی، هەوڵی ناشیرینکردنی بدات.”

بۆ پرسیاری ئەوەی کە ئایا دەبێت هەڵوێستی خوێندکاران لە ئەگەری سزادانی چیا لە لایەن یەکەی کارگێڕیی کۆلێجەکەیەوە، چی بێت، هەروەها گەر ئەو ئەگەرە ڕوو بدات، چ کاریگەرییە جێ دێڵێت، ڕۆز گوتی: ”وەک خوێندکارێک، لەپاش بیستنی ئەوەی کە هەوڵێک هەیە بۆ سزادانی چیا، زۆر بە هەڵوێستێکی ناشیرینی دەبینم، کە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ کەسایەتییە بەرپرسەکانی کۆلێج یەک ناگرێتەوە، لە کاتێکدا کە خۆیان هونەرمەندن. هەڵوێستێکی وا پرسیار لەسەر کەسایەتیی هونەریی خۆیشیان دروست دەکات. گەر پاڵپشتیی ڕاگر و هونەرماندانی ناو کۆلێج بۆ چالاکییەکی هونەریی خوێندکارێک بەم جۆرە بێت، دەبێت ئیتر چ گلەییەک لە چینەکانی تر و کەسایەتیەکانی تری ناو کۆمەڵگە بکەین؟ ئەوکات پێوستمان بە تابلۆی زۆر زیاتری هاوشێوەی تابلۆکەی چیا دەبێت.”

توانا حەمە

توانا حەمە، کە دەرچووی بەشی موزیکە لە کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی، دەربارەی وشەی “Fuck”ی زمانی ئینگلیزی لە کارەکەی چیا جەمالدا، بۆ دیدی من گوتی: “بێجگە لەو مانا سێکسییەی هەیەتی، مانایەکی تری وشەکە لێدان و خراپکردنە. نەزانییە گەر ترس بەرانبەر ئەم وشەیە هەبێت و بە تابۆ و قەدەغە بزانرێت، لە کاتێکدا ئێمە ڕۆژانە گوێمان لێ دەبێت و تەنانەت خۆشمان بەکاری دەهێنین. ئەوەی ئەو خوێندکارە دەیڵێت، ئەو واقعەیە کە هەیە؛ “Fuck”کردن ئەوەیە کە خوێندکار نەتوانێت لە کۆلێجەکەیدا بڵێت لەل، “Fuck”کردن ئەوەیە کە لەو کۆلێجەدا بە هونەر دەکرێت، نەک “Fuck”ەکەی چیا. ئەسڵەن “Fuck”ەکە تەواو هونەرییە، بەوەی لە پێشەکیدا کاری بۆ کراوە و چیا لە ڕێی پرسیارکردن دەربارەی دۆخی زانکۆ و کۆلێجەکەی، کارەکەی بەرهەم هێناوە. بۆیە گرنگە هەموو سەرنج بخەینە سەر ئەو وشەیەی لە ناڕەزاییدەربڕینەکەدا بەکار هاتووە و ئاسایی پیشانی بدەین، تا کۆی کارەکە ئاسایی وەک کارێکی هونەری و فۆڕمێکی ناڕەزاییدەربڕین ببینین، نەک لەبری ئەوەی دەستخۆشیی لێ بکرێت، لە لایەن یەکەی کارگێڕیی کۆلێجەکەیەوە هەوڵی سزادانی بدرێت.”

ئەحمەد نەبەز

شێوەکار ئەحمەد نەبەز، کە دەرچووی بەشی شێوەکارییە لە کۆلێجی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین، دەربارەی هونەریبوون و گرنگیی کارەکە بۆ دیدی من گوتی: “کارەکە کارێکی تەواو هونەرییە، کە تەنیا بە گۆڕینی وشەیەک، تەواوی سیستەمی هونەری دەخاتە ژێر پرسیارەوە. لە کاری هونەریی هاوچەرخدا، زمان و تێکست بە ئامادەییەکی هزری، دەبنە بەشێکی گرنگ لە کاری هونەری و گەیاندنی پەیام، بەتایبەتییش پەیامی ناڕازیبوون و کارکردن لەسەر دیوە نەرێنییەکان. ئەم کارەش زۆر بە باشی ئامانجی خۆی پێکاوە و زۆر بە ڕوونی بێزاری بەرامبەر سیستەم و داتەپانیمان بۆ دەخاتە ڕوو. هەروەها ئەوەی گرنگە، ئەوەیە کە دەکرێت ئەم کارە بۆ هەموو کۆلێژەکانی هونەر لە باشووری کوردستاندا بەکار بێت.”

کۆمەڵەی ٦٨، کە کۆمەڵەیەکی کلتووریی خوێندکارییە و لە زانکۆی سلێمانیدا هەوڵ و چالاکییەکانی ئەنجام دەدات، بە بەیاننامەیەک پشتیوانیی خۆی لە چیا جەمال ڕاگەیاندووە، کە کۆپییەکی بۆ دیدی من نێردراوە و لە بەشێکیدا هاتووە: ”کۆمەڵەی ٦٨، وەک کۆمەڵەیەکی خوێندکاری لە زانکۆی سلێمانی، کە یەکێک لە ئامانجەکانی دروستکردنی ئاگایی و هۆشیاریی تاکی خوێندکاری باشووری کوردستانە بە ئەرک و ماف و ئازادییەکانی، لەگەڵ ئەوەی تەواوی ناڕەزاییدەربڕینەکە بە کارێکی هونەری و فۆڕمێکی نوێ لە ئازادیی ڕادەربڕین و ناڕەزاییدەربڕین دەزانێت، پشتیوانیی خۆی بۆ چیا جەمال دەردەبڕێت و دەنگی دەخاتە پاڵ ئەم هەوڵەی هۆکاری فراوانکردنی ئەو پانتاییەی ئازادیی ڕادەربڕینە، کە لە ڕووبەری زانکۆی سلێمانیدا تەسک کراوەتەوە و هەوڵ دەدرێت ئەم ناڕەزاییدەربڕینەی خوێندکار چیا جەمالیش، پەک بخرێت و باجی لەپێناودا بدرێت.”

لە کاتێکدا لە ئێستادا ئەگەری سزادانی چیا جەمال هەیە لە لایەن یەکەی کارگێڕیی کۆلێجەکەیەوە، بەڵام چیا بێباکە و دەربارەی ئەوە بۆ دیدی من گوتی: “لە کاتی پلاندانان بۆ ناڕەزاییدەربڕینەکە و ئەنجامدانیشی، چاوەڕێی سزا بووم. بۆیە کە لە ئێستادا ئەگەری وا هەیە، زۆر لام ئاساییە. ئەمەی کردوومە، سەرەتای کۆمەڵێک کارە، کە دوای ئەنجامدانی یەکەمیان، ئیتر کار لەوانی تردا دەکەم و ناوەستم.”

چیا جەمال، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٤ی شاری سلێمانیی باشووری کوردستانە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی هەر لە سلێمانیدا تەواو کردووە. ژەنیاری ئامێری گیتارە و لە ڕابردوودا چالاکیی هونەریی هەبوون، یەکێکیان کتێبی یادگارییەکانی کاروان عوسمانە، کە کتێبێکە تێیدا بەشێک لە نۆتەی گۆرانییەکانی موزیسیان و گۆرانیبێژی باشووری کوردستان، کاروان عوسمانی لەخۆ گرتووە. لە ئێستادا چیا خوێندکاری قۆناغی دووەمی بەشی موزیکە لە کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی

چیا جەمال، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٤ی شاری سلێمانیی باشووری کوردستانە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی هەر لە سلێمانیدا تەواو کردووە. ژەنیاری ئامێری گیتارە و لە ڕابردوودا چالاکیی هونەریی هەبوون، یەکێکیان کتێبی یادگارییەکانی کاروان عوسمانە، کە کتێبێکە تێیدا بەشێک لە نۆتەی گۆرانییەکانی موزیسیان و گۆرانیبێژی باشووری کوردستان، کاروان عوسمانی لەخۆ گرتووە. لە ئێستادا چیا خوێندکاری قۆناغی دووەمی بەشی موزیکە لە کۆلێجی هونەری زانکۆی سلێمانی

زانکۆی سلێمانی یەکەمین زانکۆی کوردییە، لە ساڵی ١٩٦٨دا دامەزراوە و مێژوویەکی دێرینی لە ئەکادیمیا و چالاکیی باشووری کوردستاندا هەیە، کە هەمیشە بە سەرتۆپی دەنگە نوێ و جیاوازەکان ناسراوە. بەڵام لەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ی باشووری کوردستان، ساڵ دوای ساڵ پرسیار دەربارەی دۆخی خراپی ئەکادیمی و چالاکیی ئەو زانکۆیە هەبوون، کە لەگەڵ مێژووەکەیدا یەکی نەگرتووەتەوە. لە ئێستاشدا و دوای ڕوودانی ئەم ڕووداوە هەرە نوێیە لە زانکۆکەدا، ڕەنگە دیسان ئەو پرسیارانە بە جۆرێکی تر سەرهەڵبدەنەوە و نیشانەیەکی تری پرسیار بخەنەوە سەر زانکۆی سلێمانی.

هەر جارە و زاراوەیەک: زاراوەی پێشڕەو/ئاڤانگارد لە موزیک و هونەرەجوانەکاندا

دیدی من

توانا حەمە

 

ڕیشەی ئەم زاراوەیە، بۆ سەدەی حەڤدە لە فەڕەنسا دەگەرێتەوە. ئەو فەرماندەیەی لە پێشی لەشکری سەربازانەوە دەرۆیشت، پێیان دەگووت ”ئاڤانگارد”، کە بە واتای پێشڕەو دەهات. ئەم زاراوەیە زادەی مۆدیرنەیە، ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی لە خودی مۆدیرنە یان مۆدێرنە لە هونەردا بڕوانرێت، دەتوانرێت بە پێشرەو یان ئاڤانگاردی بوون گوزارشتی بۆ بکرێت.

چەمکی ئاڤانگارد

لە نیوەی سەدەی نۆزدەوە هاتووەتە ناو هونەر، بەتایبەت بەو دەستەیە لە هونەرمەندان دەگوترا، کە کارەکانیان لە خزمەت بزاوت و گەشەسەندنی هونەری نوێدا بوون و پێشرەوییان دەکرد. بەوانە دەگوترا ”ئاڤانگارتەکان” یان ”هونەرمەندی ئاڤانگارد”. هەر چەندە وشەکە فەڕەنسییە و گوزارشتە بۆ تاک یان یەک کەس، بەلام لە هونەردا کۆیە و زیاتر بۆ گرووپێک لە هونەرمەندان بەکار دەهێنرێت. ئەم زاراوەیە ڕۆژ دوای ڕۆژ لە ناو کایە هونەری و فەرهەنگییەکاندا زیاتر جێی خۆی گرت و لە لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ ئەکادیمەییەکاندا زیاتر بەکار دەبرا و بایەخی پێ دەدرا.

توانا حەمە

هەر لەهەمان ڕۆژگاردا ئەم زاراوەیە لە ناو کایە سیاسییەکانیشدا گەشەی سەند، پارتە سیاسییە رادیکاڵەکان و بزووتنەوە سۆسیالستی و ئەنارشیستییەکان و گرووپە کودەتاچییەکان بە ئاڤانگارد ناوزەند دەکران. بە پێجەوانەوە، بزووتنەوە ڕاستگەراکان دژی ئەم زاراوەیە دەوەستان و بە گرووپی ئاژاوەگێر ناویان دەبرد. لە هونەریشدا بە هەمان شێوە، جەماوەری قوتابخانە سوننەتی و کلاسیکییەکان دژ بە قوتابخانە نوێ و بزاوتە ئاڤانگاردەکان بوون.

لە موزیکدا ئاڤانگارد بۆ ئەو کەسانە بەکار دەبرا، کە وێڵی ئەزموونی نوێ و دۆزینەوەی نوێ و شکاندنی یاسا کلاسیکییەکان بوون. بە واتایەکی دی، دەتوانرێت بگوترێت موزیکی ئەزموونی لەگەڵ موزیکی ئاڤانگارد لە تەواوی هونەرەجوانەکاندا هاوواتا بوو.

بەکار‌هێنانی زاراوەی ئاڤانگارد لە ئەدەبیاتی موزیکدا بۆ ساڵی ١٨٦٠ دەگەرێتەوە، بەتایبەت لە کارەکانی ڤاگنەر و پەیڕەوانی ئەودا ڕەنگی دەدایەوە. هەر بۆیە لە لایەن ڕەخنەگران و نووسەرانەوە کارەکانی ئەوان بە هونەری ئایندە لە جێی هونەری ئێستا و هاوچەرخ ناودێر دەکرا. تەنانەت ئەم گوزارشتە لە ناو نووسینەکانی شۆمان و خودی ڤاگنەریشدا بەرچاو دەکەون. دواتر لە لێکۆڵینەوە و تیۆرەکانی تیۆرستی ناسراوی ئەڵمانی پیتەر بێرگردا زاراوەی ئاڤانگارد بۆ هونەری ئەو ڕۆژگارە پێشنیار کرا (پیتە بێرگر (١٩٢٥-٢٠١٦)، ئاوازدانەر و ڕابەری ئۆرکێسترای فەڕەنسا بوو، بە یەکیک  لە بناغەدانەرانی شێوازی سوریالیزم  لە موزیکدا هەژمار دەکرێت).

پیتەر بێرگر 

 پیتەر بێرگر

پیتەر بێرگر بە ڕیشەیەکی مێژوویی ئەوەی خستە ڕوو، کە هەمیشە ئەزموونی هونەرمەندان لە دەورانی خۆیاندا، دەبێتە ڕێبەری هونەرمەندانی ئاییندە. جگە لەوە ئەو دەڵێت: “تا هونەرمەندان خۆیان بەدوور بگرن لە خاوەنکارەکانیان، واتە دەربار و کڵێساکان،  زیاتر ئازادانەتر کار بکەن، مرۆڤەکان زیاتر هەستەوەر دەبن بەکارەکانیان. بۆیە هەمیشە هونەرمەندانی ئاڤانگارد مەترسیی ئەوەیان لەسەرە کە وەرگرەکانیان ئامادەگیی ئەزموونی نوێی هونەری ئەویان نەبێت و پێشوازی لە کارەکانیان نەکەن. دەرئەنجام هونەرمەندانی ئاڤانگارد توشی هەستەوەری دەبن و زیاتر دوورەپەرێز دەبن و کەمتر بەشداریی کاییە فەرهەنگییەکان دەکەن.” بێرگر هونەرمەندی ئاڤانگارد بە کەسانی رەخنەگر لە بار و گوزەرانی کۆمەڵایەتی دەناسینیت. ئاڤانگارد باوەڕی هونەرمەند ئەوە پیشان دەدات، کە هونەرمەندی ئاڤانگارد خۆی بەدوور دەگرێ لە کۆمەڵی بورژوا، یاخود بە تەواوەتی لە بۆرژوا دوور دەکەوێتەوە. بۆیە لە بواری ئاوازداناندا، ئاوازدانەری ئاڤانگارد دژی سیستەماتیککردنی موزیک دەوەستنەوە و سیستەمی فەڕمیی فێرکار و تیۆری مەحکوم دەکەن. هەتا ئەو جێگەیەی ئایینە رادیکالەکان وەک بوودی و بزاوتی سوریالیزمیش بە سەرمەشقی کڵێشەسازی دەزانێت. لە دیدگای بێرگروە، ”ئاڤانگارد ئەو کەسەیە کە ڕەخنەگرانە بڕوانێت و نەک خۆی قوتابخانە بسازێنێ، واتە نەهیی لێ بکات، هەرچەندە نەشتوانێ ئەوە بسەلمێنێ”. زۆر جار جیاوازیی هزر لە هونەرمەندانی ئاڤانگاردا دژ بە سیستەماتیککردنی و لەقاڵبدانی هونەر دەگاتە بڕواکانی پیر بولز (پیر بولز (١٩٢٥-٢٠١٦)، ئاوازدانەر و ڕابەری ئۆرکێسترای فەڕەنسا بوو، بە یەکیک  لە بناغەدانەرانی شێوازی سوریالیزم لە موزیکدا هەژمار دەکرێت)، کە لە ساڵی ١٩٦٦دا پێشنیار دەکات و دەڵێت: “پێویستە ئیدی تەواوی تەلار و هۆڵەکانی ئۆپێرا و موزیک دابخرێت.” پاشان لە ساڵی ١٩٨٠دا رای گەیاند ئەو بە تەواوەتی لە گوزارشتی جێگیربوونی موزیک بەدگومانە. لێرەدا دەگەینە ئەو بڕوایەی کە ئاڤانگارد ئەو زاراوەیە کە زادەی مۆدێرنەیە.

پیتەر بێرگر

 پرسیارێک دیتە گۆڕی: لە هونەری موزیکی کوردیدا ئاڤانگاردەکانمان کێن؟ ئایا ئێمە هونەرمەندی ئاڤانگاردمان لە موزیکدا هەیە؟ یاخود ئەم چەمکە بە مانا لاساییکەرەوکەی نا بەڵکو بە مانا پێشکەوتنخواز و سەردەمییەکەی تا هەنووکە لە هونەرەجوانەکانی کورددا بونی نییە؟ وروژاندنی ئەم پرسیارانە و دەیانی دیکە، لە لای موزسیان و هونەرمەندی کورد ئامانج و هۆکاری شیکاریی ئەم زاراوەیە بوو.

پیر بولز

سەرچاوە:

بابک احمدی، موسیقی شناسی فرهنگ تحلیلی مفاهیم، چاپ اول، نشر مرکز، تهران، ١٣٨٩، ١٠٣

گوتارێکی نادر دەوڵەتشاهی لە ماڵپەری پیک ایران

لە سلێمانی یەکەم دیدار بۆ موزیک ساز دەکرێت

دیدی من – ئاراس عەبدولڵا، لاوک ئەبوبەکر

بڕیارە لە ڕۆژانی ١٥-١٧/١٢/٢٠١٦، لە شاری سلێمانی دیدارێکی موزیکی بە ئامادەیی سەدوپەنجا موزیسیان، لە ژێر ناونیشانی دیداری سلێمانی بۆ موزیکی کوردی ساز بکرێت. دروشمی دیدارەکە “بەرەو دیالۆگێکی بونیادنەرانە بۆ موزیکی کورد”ە و وەک ئەندامێکی لیژنەی ئامەدەکاری دیدارەکە دەڵێت، ”مەبەست لە سازکردنی دیدارەکە جووڵاندنی دۆخی چەقبەستووی گفتوگۆ و وتوووێژە دەربارەی موزیکی کوردی”.

توانا حەمە، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری دیداری سلێمانی بۆ موزیک، سەبارەت بە مەبەستی سازکردنی دیدارەکە بۆ دیدی من گوتی: “ئەم دیدارە بە مەبەستی جووڵاندنی دۆخی چەقبەستووی گفتوگۆ و ووتوێژ دەربارەی هونەری موزیکی کوردی، بۆ بەرەوپێشچوون و هەنگاونان بۆ کاری داهاتوو لەم بوارەدا و جیاکردنەوە و پۆلێنبەندیی بوارەکانی کاری موزیکی کوردی، وەک میژووی موزیکی کوردی، دانانی موزیک، دیاری کردنی فۆڕمە موزیکییە کوردییەکان، لێکۆڵینەوە و تا دوایی ساز دراە. هەروەها بۆ ئەوەی ئەم دیدارە بکرێتە خاڵی دەستپێک بۆ دروستکردنی گفتوگۆییەکی ئەکادیمی لەو بوارانەی کە ئاماژەی پێ درا.”

توانا حەمە

هەروەها دەربارەی سازکردنی دیدارێکی لەم جۆرە لەو دۆخەی کە ئەمڕۆ باشووری کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، گوتی: “گەرچی دۆخی باشووری کوردستان لە بارێکی دژواردایە، بەڵام بەستنی پانێڵ و دیدار بۆ موزیک پێویستییەکی هەنووکەییە و ڕەوتی گەشەپێدانی هونەر نابێت لە بزاوت بکەوێت.”

دیدارەکە لە چەند پانێلێک پێک دێت کە تەواویان دەربارەی موزیکی باشووری کوردستانن، بە گوتەی توانا حەمە  ئامانج لێییان ”خستنەڕووی گرفتەکان و کۆکردنەوەی ئەو بۆچوونە جیاوازانەیە کە لەو بوارانەدا تا ئێستا هەن و بە شێوەی هاوبەش لە باشووری کوردستاندا ڕاوێژ و گفتوگۆی زانستییان لەسەر نەکراوە”، هەروەها ”هەوڵدان بۆ دروستکردنی هێڵی گشتی بۆ شێوازی کارکردن لە پسپۆڕییە جیاوازەکانی موزیکی کوردی” و ”موزیک وەک یەکێک لە کاییە گرنگەکانی کلتوور و هێما و پیناسەکانی شارستانێتیی گەلی کورد بناسرێت”.

پۆستەری دیداری سلێمانی بۆ موزیک

پێنج پانێل لەم دیدارەدە ئامادە کراون و لە لایەن کەسانی پسپۆڕەوە پێشکەش دەکرێن، کە ناونیشانەکانیان بریتین لە:

– مێژووی موزیكی كوردی لە باشووری كوردستان

– فۆڕمە موزیكییە دێرینەكانی باشووری كوردستان

– ڕۆڵی میدیا لە ئاڕاستەكردنی موزیكی كوردیدا

– ڕۆڵی پەروەردەی موزیک

– گرفتە هەنووكەییەكانی موزیكی كوردی

هۆڵی پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ لە شاری جوان لە شاری سلێمانی شوێنی ئەنجامدانی دیدارەکەیە و بڕیارە یەکەم ڕۆژی دیدارەکە، کە ڕۆژی پێنجشەممە، بەرواری ١٥/١٢/٢٠١٦ دەکات، کاتژمێر ٣:٠٠ی عەسر دەست پێ بکات و ڕۆژانی دوایی، کە هەینی و شەممە، بەروارەکانی ١٦-١٧/١٢/٢٠١٦ دەکات، کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی بۆ ١:٠٠ی نیوەڕۆ و ٢:٠٠ی نیوەڕۆ بۆ ٥:٠٠ی ئێوارە بەڕێوە بچێت.

ئاگرەکانی نەینەوا، کۆنترین پارچەموزیکی وڵاتی دووئاوان

دیدی من – پێگە تایبەتیی حەسەن ناسڕ لە یوتیوب

لە عەرەبییەوە: لاوک ئەبوبەکر

کۆمەڵێک شوێنەواری زۆر کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتی پێش زایین و هیی شارستانێتیی ئاشوورییەکانن، لە ناوچەی نەمروود دۆزراونەتەوە، کە بەشێکیان نۆتەی موزیکین و شوێنەوارناسە بەڕیتانییەکان بۆ مۆزەخەنەکانی خۆیانیان بردوون.

ئاگرەکانی نەینەوا، یەکێکە لەو پارچەموزیکە ناودارانەیە، کە هیی شارستانێتیی ئاشوورییەکانە و درەنگ ناوبانگی دەرکرد.

ئەم پارچەموزیکە لەسەر پارچەقوڕێکی کۆن لە ناوچەی نەمروود لە نەینەوای نشینگەی شارستانێتیی ئاشوورییەکان، کە شاری موسڵی ئێستای وڵاتی عێراق دەکات، لە لایەن شوێنەوارناسانەوە دۆزراوەتەوە.

پارچەموزیکەکە بە شێوەنووسینی بزماری، کە لەو سەردەمەدا کاری پێ کراوە، نووسراوەتەوە. بۆ ئەوەی وەبگێڕدرێتە سەر زمان و شێوەنووسینی ئەمڕۆیی، لە لایەن تەها باقڕ و کۆمەڵێک پسپۆڕی دیکەی شێوەنووسینی بزمارییەوە کار لە کۆدەکانیدا کراوە و بە زمانی موزیکیی ئەم سەردەمە نووسراوەتەوە.

3035

بەپێی قسەکانی نووسەر حوسام سەففان، پارچەموزیکی ئاگرەکانی نەینەوا لە چوار پارچە پێک دێت:

پارچەی یەکەم: پەسنی گەورەیی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری دەکات و سوپا سیستەماتیکەکەی پیشان دەدات.

assurnasirpal_ii_killing_lions-1539b883741213f046b

پارچەی دووەم: نیشانەی یەکدەستی و پلانداریی هێزەکانی دوژمنە بۆ لاوازکردنی  ئیمپراتۆریەتەکە.

پارچەی سێیەم: ئەو جەنگە کۆتایینەهاتوانە پیشان دەدات کە لە نێوان سوپای ئاشووری و سوپای هاوپەیمانانی دوژمندا ڕووی داوە.

ps089241_l

پارچەی چوارەم: وێرانکارییەکان پیشان دەدات، هەروەها ئەو خەم و کەسەرانەش کە نەینەوای بە ئاگر گرتەوە.

سەففان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە سەرەڕای ئەوەی کە ئەم داستان موزیکییە کۆنترین داستانی موزیکیی ناسراوە تا ئەمڕۆ، بەڵام هێشتا لە وڵاتی دووئاواندا یەکەم و کۆتا نییە و هیی تریش هەن.

cyrus-takes-bavel

جێگەی باسە ژەنیاری ناسراوی ئێرانی حسێن عەلیزادە، بەشێک لەم پارچەموزیکەی ژەندووە و بووە بە یەکێک لە پارچەموزیکە ناودارەکان. لێرەوە گوێبیستی بن:

ئەحمەد کايا، کوردزمانێک کە ڕێگە نەدرا بە زمانى کوردى گۆرانى بچڕێت

ديدى من – بى بى سى فارسى

ئامادەکردن و وەرگێڕانى لە فارسييەوە: سەليم جەمال

ساڵى ١٩٩٩، گۆرانيبێژى ناودارى کورد ئەحمەد کايا، بوو بە خاوەنى خەڵاتى باشترين گۆرانيبێژى ساڵ لە وڵاتى تورکيا، بەڵام ئەو مەڕاسيمەى کە لە شارى ئیستانبووڵ بەڕێوە چوو، بووە هۆى ئەوەى کە ژيانى ئەحمەد کايا بخرێتە ژێر مەترسى و بەرەو نەمان بچێت. بۆچى؟ چونکە کايا نيازى وا بوو بە زمانى کوردى گۆرانى بچڕێت، واتە بە زمانى دايکى.

لە خوارەوە چەن گوتەیەکی گوڵتەن کايا هاوسەرى ئەحمەد کايا دەخەينە بەر ديدى خوێنەران، کە دەربارەی ئەو ڕووداوانەن کە لە شەوى مەڕاسيمەکەدا ڕوويان دا:

”سەرەتاى مەڕاسيمى بەخشينى خەڵات، بە نۆشينى مەى لە ئێوارەخوانێکدا دەستی پێ کرد و دواتر خەڵاتەکەيان بە کايا بەخشى. مەڕاسيمێکى پڕ لە جۆش و خرۆش و شادى بوو، کە لە هۆڵێکى جوان و بە ئامادەبوونى کەسى شاييستە، بەڕێوە چوو.

بەڵام ئەحمەد کايا لە کاتى بەدەستهێنانى ئەو خەڵاتە، چەند گوتەيەکى پێشکەش کرد کە هەموو ئامادەبوانى ئەو مەڕاسيمەى هێنايە شۆک، لە هەمان کاتدا ئەو گوتانە بە خاڵى نەرێنى و مەترسى بۆ سەر ژيانى پەسن دەکران: ‘من وەک کوردزمانێک بڕيارم داوە لە ئەلبوومى داهاتوومدا گۆرانیيەک بە زمانى کوردى بڵێم و ڤيديۆکليپێکى تايبەتيش بۆ ئەو گۆرانیيە بەرهەم بهێنم. من ئەوە دەزانم کە ميدياگەلێکى بەهێز بوونيان هەيە ئەو گۆرانیيە بڵاو بکەنەوە، گەر بڵاويشى نەکەنەوە نازانم چۆن دەيانەوێت ئەو پاساو و ڕێگریيانە بۆ خەڵکى ڕوون بکەنەوە.”’

دواى ئەو گوتانەى کە کايا درکاندنى، دۆخى هۆڵەکە ڕاستەوخۆ گۆڕانکاریی بەسەردا هات. گوڵتەن کايا، هاوسەرى کايا، کاردانەوەى توند و دژوارى ئامادەبوانى ئەو مەڕاسيمەى بە باشى لە يادە و دەڵێت: ”لەناکاو هەموو ئەو خاتوون و پياوە بەڕێزانە وەک دێوێکيان لێ هات و هەرچى چەقۆ و چەتاڵى بەردەميان هەبوو ئاڕاستەى ئێمەيان کرد، جنێويان بە ئێمە دا و هووهايان لە ئێمە دەکرد. لە ماوەى پێنج خولەک کەشى مەڕاسيمەکە گۆڕانکاريیەکى تەواوى بەسەردا هات، هەموو ئەو خاتوون و پياوە شايیستانە بوون بە کەسى توندئاژۆ و دەيانەويست ئازار بە ئێمە بگەیەنن، گۆڕانکاريیەکى باوەڕپێنەکراو بوو، کە دەشێت بە شێواز و ژانرى بەرهەمەکانى کافکا بشوبهێندرێت. خەڵکى بە هاوارەوە بانگەشەى ئەوەيان دەکرد کە ”هيچ شتێک بە ناوى کورد بوونى نييە”، دواتر لەپڕ تێگەيشتم قسەوباسى سەرەکى لەسەر وشەى ”کورد”ە، کە ئەحمەد کايا سور بوو لەسەر کوردبوونى خۆى.”

لە ساڵانى ١٩٩٠ەکاندا، وڵاتى تورکيا بەگشتى ڕێگر بوو لە ناساندنى زمان و شوناسى کورد لە وڵاتەکەى، هەروەها هێنانە گۆى زمانى کوردى لە لايەن گۆرانيبێژێک، بە خيانەت لەقەڵەم دەدرا.

لە شەوى بەخشينى خەڵاتەکە، ئەحمەد کايا لەسەر تەختەى شانۆ گۆرانيیەکەى پێشکەش کرد و دواتر گەڕايەوە شوێنى خۆى. لەو بارەيەوە گوڵتەن کايا زياتر زانياریى دا: ”کاتێک کە  ئەحمەد کايا لەسەر تەختەى شانۆ گەڕايەوە شوێنى دانيشتنى خۆى، سووکايەتیی پێ کرا لە لايەن ئامادەبوانى ئەو مەڕاسيمە و هەندێکيش دەيانەويست هێرشى بکەنە سەر. ئەوان بە هاوارەوە دەيانگوت ”جوداخواز، خيانەتکار، ئەم پياوە لە وڵات فڕێ بدەنە دەرەوە!” هەروەها دەيانگوت ”شتێک بە ناوى کورد بوونى نييە”، من و کايا واقمان وڕما بوو! دواتر ئەحمەد کايا لە شوێنى خۆى وەڵامى ئەو ڕۆژنامەنووسانەى دايەوە کە چاوەڕوانى کاردانەوەى ئەو بوون و ڕاى گەياند: ‘ئێوە دەبێت لەو واقعە تێبگەن کە کوردەکان بوونيان هەيە و ناتوانن نکۆڵى لەمە بکەن.”’

maxresdefault-1

سەرئەنجام ئەحمەد کايا و هاوسەرى ناچار بوون شوێنى مەڕاسيمەکە جێ بهێڵن و لە ژێر چاودێرى هێزە ئەمنيیەکان ڕەوانەى ماڵەوە بکرێن.

”ڕۆژ لە دواى ڕۆژ ڕق و کينەى خەڵکى تورکيا بەرامبەر بە کايا زياترى لێ هات؛ لە هەر شوێنێک کە پۆستەرى ئەويان ببينيايە، ڕاستەوخۆ لێيان دەکردەوە و لەگەڵ ديسکى گۆرانيیەکانى پارچەپارچەيان دەکرد، ئەلبوومەکانيشى لە فرۆشتن بێبەرى ببوو. نيازيان وا بوو بەگشتى ئەحمەد کايا بسڕنەوە. ئێمە پەيام و فاکسگەلێکمان بە دەست دەگەيشت کە هەڕەشەى کوشتنيان لە کايا دەکرد. لە يەکێک لەو نامانەدا نووسرابوو: چ جۆرە مەرگێکت پێ شياوە؟ لەسێدارەدانت بە زنجير؟ يان بە شێوەيەکى تر؟”’

ئەحمەد کايا لە مانگى يەکى ساڵى ١٩٩٩ بۆ سازکردنى کۆنسێرتگەلێک لە ئەورووپا، وڵاتى تورکياى جێ هێشت. دواى تێپەڕبوونى ماوەيەک بەسەر گەشتەکەى بۆ ئەورووپا، ميدياکانى تورکيا گەشتى ئەويان بە هەڵهاتن لە وڵاتى تورکيا ناوزەند کرد.

لە ئەمڕۆدا لە وڵاتى تورکيا بە سەدان ئاواز و گۆرانيیەکانى ئەحمەد کايا هێشتاکەيش جێى سەرنج و باسن.

لە ديدى گوڵتەن کايا، تەنيا يەک گۆرانى هەيە کە دەتوانێت گێڕەرەوەى ڕووداو و ڕاستييەکانى شەوى مەڕاسيمى بەخشينى خەڵاتەکە بێت، گۆرانيیەک کە ئەحمەد کايا دەيەويست بە زمانى کوردى بيڵێت. ئەويش گۆرانى کاروان‌ە، کە لە شيعرەکەيدا هاتووە: “ڕۆژێک من هەر دەگەڕێمەوە.” ئەو ئەم هۆنراوەيەى بە دڵێکى تژى لە غەم و پەژارە نووسيوە.

ئەحمەد کايا لە ساڵى ٢٠٠٠، لە تەمەنى ٤٣ ساڵيدا بە هۆى جەڵتەى دڵ لە پاريسى پايتەختى وڵاتى فەڕەنسا کۆچى دوايى کرد. هەڵبەتە ئەم هەواڵ و بۆچوونە بە گوتەى کاربەدەستانى وڵاتى تورکيا و ڕۆژنامەنووسەکانى خراونەتە ڕوو، کە مەرگى ئەو ئاسايي بووە، بەڵام تا ئێستاش زۆرێک لە خەڵکى و هەوادارانى ئەحمەد کايا لەو بڕوايەدان کە ژەهريان دەرخواردى ئەو داوە و تيرۆريان کردووە.

دوای بڵاوکردنەوەی دوایین ئەلبوومی لیۆنارد کۆهن گوتی: “من ئێستا ئامادەی مردنم”

دیدی من

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال،  پرژە نەجمەدین

لیۆنارد کۆهن، کە لە تەمەنی 82 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، چەند هەفتەیەک پێش مردنی ئەلبوومێکی بڵاو کردەوە. ئەلبوومەکەی، دەتەوێت تاریکتر بێت، پاش بڵاوبوونەوەی لە ٢١ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا، بووەتە یەکێک لە سەرکەوتووترین ئەلبوومەکان و پڕفرۆشترین لە ١٠ وڵاتی جیاوازی دونیادا.

کۆهن بە نیۆیۆرک مەگەزینی گوت: “چەند کارێکم هەن دەیانکەم. گوێ بە کارەکانم بدەن. پاش ئەوە من ئامادەم بۆ مردن.”

گۆرانیەکانی کۆهن لەلایەن دیدی من-ەوە دەکرێنە کوردی

ئەو جگە لەوەی گۆرانیبێژێکی گەلێک بەناوبانگە، هەروەها یەکێکە لە گۆرانینووس و شاعیرە بلیمەتەکانی ئەم سەردەمە. کۆهن بۆ ماوەی شەش دەیە گۆرانیی گوت و هاوشانی بۆب دیلان و پاوڵ سایمن لەو ماوەیەدا ناوی دەرکردووە.

چواردەیەم ئەلبوومی کۆهن، کە کۆمەڵێک گۆرانی قەشەنگی لەخۆ گرتووە، بە یەکێک لە قووڵترین ئەلبوومەکانی ئەو هونەرمەندە دادەنرێت، هەروەها دەکرێت ئەوە بڵێین کە تێمای سەرەکیی کارکردنی کۆهن لەم ئەلبوومەدا بریتییە لە مردن، وەک لە گۆرانییەکانی جێهێشتنی مێزەکە و  ڕێگەی خۆت بگرەدا دەیبیستین.

leonard-cohen-1

کۆهن لە ساڵی ١٩٨٠کاندا

شەوی پێنجشەمەی ٧ی نۆڤەمبەر لەسەر لاپەڕەی تایبەتی کۆهن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسرا: “بە پەژارەیەکی قووڵەوە ڕای دەگەیەنین، کە شاعیری ئەفسانە و گۆرانینووس و هونەرمەند لیۆنارد کۆهن کۆچی دوایی کردووە.”

کۆهن بە گۆرانیی هالێلویا بەناوبانگە، کە تیایدا لە پادشا دەیڤدی ناو ئینجیل دەپاڕێتەوە و هێڵێکی تەریبیش لە نێوان عەشقی فیزیکی و ئارەزوو بۆ پەیوەندیی ڕۆحی دەکێشێت، کە ئەم گۆرانییە چەندین جار لە لایەن هونەرمەندانی ترەوە گوتراوەتەوە بە شێوەی جیاواز.

leonard-cohen-2

کۆهن لە یەکێک لە نمایشەکانیدا لە ساڵانی ١٩٧٠کاندا

لە هەمووی گرنگتر لە ژیانی کۆهندا ئەوەیە، کە ئەو هەرگیز ئەلبوومێکی نەگەیشتووەتە ئەوەی ببێتە یەکێک لە ئەلبوومە یەکەمەکانی جیهان تا تەمەنی حەفتا ساڵیی خۆی و دوایین ئەلبوومیشی یەکێکە لە باڵاترین و پڕفرۆشترینەکانی ئەمساڵ.

تێمای گۆرانییەکانی کۆهن بریتین لە باسکردنی خۆشەویستی بە هەموو مانیفێستەکانیەوە، ئایین، متمانە، باوەڕ و چەندین بابەتی گرنگی ترن.

leonard-cohen-3

کۆهن ئەو کاتەی هالێلویا دەڵێت، ئەم گۆرانیەی زیاتر لە ٢٠٠ جار وتراوەتەوە

پاش ئەوەی لە دوایین ساڵەکانی تەمەنیدا لە لایەن بەڕێوەبەری کارەکانیەوە دزییەکی گەورەی لێ کرا و ملیۆنان دۆلاری لێ دزرا، کۆهن ناوبانگەکەی دیسانەوە گەشەی کردەوە بەوەی هەستا بە گەشتێکی هونەری لە ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٠، کە تیایدا ئەم هونەرمەندە توانی کەسایەتیی خۆی و سامانەکەشی پەرە پێ بداتەوە و ئەلبوومەکەی ساڵی ٢٠١٢ی، بیرۆکە کۆنەکان، کە لە تەمەنی ٧٧ ساڵی بڵاوی کردەوە و بووە یەکەم ئەلبوومی لە ژیانیدا کە گەیشتبێتە بەرزترین ئاست.

کەيهان کەلهووڕ بە هۆى ئەلبوومى هاونيازەوە خەڵاتێکى مەزنى بەدەست هێنا

ديدى من – شالپلاتن کريتيکى ئەڵمانى

لە فارسييەوە: سەليم جەمال

خەڵاتی ئەنجوومەنى ڕەخنەگرانى موزيکیی جيهان لە بەشى موزيکى جيهان، بەخشرايە ئەلبوومى هاونيازى کەيهان کەلهووڕ، موزيسيان و کەمانچەژەنى ناودارى کورد و ئاينوور دۆگان، گۆرانيبێژى ئەو ئەلبوومە. هەروەها لە ماوەى ڕابردوودا و لە ساڵى ٢٠١٣، ئەلبوومى KulaKulluk Yakisir miى کەيهان کەڵهووڕ، بە بەشدارىی ئێرداڵ ئەرزينجان موزيسيان و باغلەمەژەنى وڵاتى تورکيا، ئەو خەڵاتەيان بەدەست هێنا.

ئەو خەڵاتە بە هۆى ئەلبوومى پڕفرۆشى هاونياز بەخشراوەتە کەيهان کەلهووڕ، کە موزيکەکەى  لە فۆرم و ژانرى موزيکى فۆلکلۆر و نێودەوڵەتيدايە.

kayhan4

ستێفان فرانزن، يەکێک لە ئەندامانى لێژنەى داوەران، لە ماڵپەڕى ئەو ئەنجوومەنە موزيکیيە ڕای گەياند: “کۆمپانياى هارمۆنيا مۆندى لەگەڵ لەيبڵ لێتيتوود، زنجيرەيەک ئەلبووميان بەرهەم هێنا، تاکو ئەو هونەرمەندانەى کە لە ڕێگەى زمان و ديدى شاعيرانەيان گفتوگۆ لەگەڵ تەواوى خەڵکى دونيا دەکەن، لەبارەى ئاشتى و نا بۆ نەژادپەرستى، بيانناسێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانياى ناوبراو بە هۆى ئەلبوومى هاونيازى کەيهان کەلهووڕ، بەرەو سەرکەوتنێکى مەزن هەنگاوى ناوە.”

هاونياز ناوى کۆتا ئەلبومى فەڕمىی کەيهان کەلهووڕە، کە کارى موزيک و ژەنيارييش هەر لە ئەستۆى خۆيدا بووە. هەروەها ئاينوور دۆگان، گۆرانيبێژ و موزيسيانى کورد، وەک گۆرانيبێژ لەو ئەلبوومەدا بەشداریی کرد. هەڵبەتە ئەم ئەلبوومە لە سەرەتاى هاوینى ساڵى ٢٠١٦ لە دەرەوەى وڵات بەرهەم هێنراوە.

kayhan-kalhor-aynur-cemil-qocgiri-salman-gambarov-hawniyaz

کەيهان کەلهوڕ، ئەلبومى هاونيازى بە شێوەى موزيکىی ئاوێتەیی بەرهەم هێناوە، کە پێکهاتەيەکە لە موزيکى فۆلکلۆرى کوردى بە شێوەزارى کرمانجى. لەو ئەلبوومەدا سەلمان قەمبەرەف ژەنيارى ئازەرى بە ئامێرى پيانۆ و جەميل گۆچگيرى ژەنيارى تەنبوور، هاودەمى کەيهان کەلهووڕ بوون.

ئەنجومەنى ڕەخنەگرانى موزيکیی جيهان، لە ساڵى ١٩٨٠ لە وڵاتى ئەڵمانيا دامەزرێندراوە، بۆ لێکۆڵينەوە، ڕێکخستن و هەڵبژاردنى ناوازەترين موزيک، بە بەرزترين کواليتى.  ئەم ئەنجوومەنە لە ١٥٦ کەسى لێزان پێک هاتووە، وەک ڕەخنەگرانى موزيک، نووسەران، موزيکناسان و سەرنووسەران، کە لە ئەڵمانيا، نەمسا و سويسرا بە شێوەيەکى چالاک کاريگەریيان هەيە لەسەر هەڵسەنگاندنى بەرهەمەکانى موزيک.

کورتەیەک لە ژیاننامەی لیۆنارد کۆهن

دیدی من – ویکیپیدیا
لە ئینگلیزییەوە:  شلێر ڕەشید

لیۆنارد کۆهن لە ٢١/٩/١٩٣٤ لە پرۆڤانسی کەبەک، مۆنتریال لە ناوچەیەکی ئینگلیزیزمان، لە خێزانێکی جوولەکە، لە کەنەدا  لەدایک بووە. لە ٧/١١/٢٠١٦  لە لۆس ئەنجلۆس، كاڵفۆرنیا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا  ماڵئاوایی لە ژیان و گوێگرانی کرد.

کۆهن سەر بە خێزانێک بووە لە چینی مام ناوەندی بووە، دایکی کچی تالمودیک‌ی نووسەر بووە.  لە خێزانێکی بە بنەڕەت پۆڵەندی بووە و کۆچیان کردووە بۆ کەنەدا. ساڵی ١٩٤٨ لە خوێندنگەی ناوەندی وانەی موزیکی خوێندووە و ئامێری گیتاری ژەنیوە. شیعرەکانی گارسیا لۆرکای بە لاوە گرنگ بووە. لە ١٩٥١ چووەتە زانکۆی مگێڵ و بووە بە سەرۆکی یەکێتیی دیبەیتەکان و لە پێشبڕکێی شیعردا لە شیعری چۆلەکەکان و یادداشتەکان دەربارەی جوتیارێک سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.

کاریگەریی ولیەم بۆتلەری مامۆستای زانستە سیاسییەکانی لەسەر بووە لە زانکۆی مگێل،  بۆتلەر مامۆستا و هاوڕێی بووە. کۆون کاریگەر بووە بە واڵت ویتمان و هێنری میڵەر.

کۆهن  دوای دەرچوونی لە زانکۆ یاسای خوێندووە لە زانکۆی مگێڵ، هەروەها لە زانکۆی کۆڵەمبیا  وانە گشتییەکانی خوێندووە. ئەو ئەزمونی دەرچوونی خۆی  بە ”عاتیفەی بێ جەستە، خۆشەویستی و نەگەیشتن بە لوتکە” پەسن دەکات.

لە ئەنجامی ئەمە لە ساڵی ١٩٥٧ نیو یۆرک بەجێ دەهێڵێت و دەگەڕیتەوە بۆ مۆنتریاڵ و لە جۆرەها کاری نامۆ کار دەکات. تیشکی خستووەتە سەر نوسینی ڕۆمان و شیعر، ڕۆبەرت ویڤەری  ڕەخنەگر دانی بەوەدا ناوە کە لەوانەیە کۆکۆهنون باشترین شاعیری لاوی ئینگلیز بێت لە کەنەدا لە کاتی ئێستادا.

2aefbadc61e03519ee36b7af87aee56d

بابەتەکانی لەسەر دادپەروەریی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، بەتایبەت دوا ئەلبوومی لەسەردیمۆکراسییە، دان بە کێشە سیاسیەکاندا دەنێت و هەروەها بە هیوای چاکسازییە. لە جەنگەوە بۆ دژ بە پشێوی، لە قیژەی ئۆتۆمبیلەکانی فریاکەوتنی شەو و ڕۆژ، ئاگری بێ ماڵ، خۆڵەمێشی هۆمۆسێکسواڵەکان، دیموکراسی بەرەو ئێمە  دێت، تاوەرێک لە گۆرانی، دەوڵەمەندەکان لە ژووری خەوی هەژارەکان جێی خۆیان دەکەنەوە، نیشتمانەکان دەبینم هەڵدەستنەوە و دەکەون، بەڵام خۆشەویستی تاکە فاکتەرە بۆ مانەوە لە ژیان و دەنگم دەبیستی، بەم ناوانەڕا جەنگ بابەتی هەمیشەییە لە کارەکانی کۆهن‌دا.

ئەکادیمیای شاعیرانی ئەمەریکی بە شێوەیەکی فراوان تێبینیی ئەوەیاندا کە کۆهن لە پێگەیەکی بەرزدایە لە گۆرانی و موزیکی ڕۆک و ئاوازدانان ونووسینی شیعری گۆرانی و ڕۆماننوسین.

لە ساڵی ٢٠١١ خەڵاتی شازادە ئاستوریاسی ئەدەبی و گڵن گۆڵدی پێ بەخشرا.

کۆهن کەسێکی  سەرکەوتوو بوو لە تێکەڵکردنی شیعرو خەیاڵ و موزیک،  بەو تێکەڵکردنە موزیکێکی نامۆی بەرهەم دەهێنا، شیعر و گۆرانییە هەڵبژاردەکانی لە ١٩٩٣ بڵاو کرایەوە، کە زیاتر لە ٢٠٠ شیعر و چەندین هەڵبژاردە لە ڕۆمانەکانی و نزیکەی ٦٠ شیعری لیریک بوو. هەندێک کەس پێیان وا بوو کە کۆهن لە پێناوی موزیکدا وازی لە  ئەدەب هێناوە، هەوادارانی  کۆهن بەردەوام باوەشیان واڵا بووە وەک ئەوەی کە پیاوی ڕێنیسانسە و لە سنوورێکی هونەرێکی مەودادرێژدایە.

rs-leonard-cohen-24e35ee0-a201-4122-a346-9c596e9a61a3
یەکەم ئەلبومی گۆرانیی کۆهن  لە ساڵی ١٩٦٧ بڵاو کرایەوە. گۆرانییەکانی  لە ژوورەوە  و باڵندەی سەر تەلەکان‌ی بەدوادا هات لە ساڵی ١٩٦٩. هەروەها گۆرانییەکانی ڕق و خۆشەیستی لە ساڵی ١٩٧١ و تۆماری پیاوی ژنەکان لە ساڵی ١٩٧٧.

لە ١٩٧٩ بە گۆرانیی کلاسیکییەوە گەڕایەوە، دەنگە موزیکییەکەی تێکەڵ بە دەنگی جاز کردبوو لەگەڵ کاریگەریی گۆرانی ڕۆژهەڵاتی و دەریای سپیی ناوەڕاست لە ساڵی ١٩٨٤ گۆرانیی هێلەلویای گوت، هەروەها گۆرانیی من پیاوی تۆم لە ساڵی ١٩٨٨. لە چوار ساڵی کۆتاییی ژیانیدا  سێ ئەلبوومی بەرهەم هێنا. لە ساڵی ١٩٩٢ گۆرانیی بۆ داهاتوو دانا وشەکانی ڕەشبینی بوون و ئاماژەی بۆ تێکەولێکە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان دەکرد.

leonard_cohen-54661a6a60851-l
کۆهن لە ساڵی ٢٠٠١  بە دە گۆرانیی نوێوە گەڕایەوە بۆ ناو موزیک سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێنا لە کەنەدا و ئەوروپا. یازدەیەمین ئەلبومی ناوی ئازیزم هەزەر بوو لە ساڵی ٢٠٠٤. لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٨ و ٢٠١٠  سێ ئەلبوومی بەرهەم هێنا.  لە چوار ساڵی کٶتایی ژیانیدا، دوا بەرهەمی  سێ هەفتە پێش مردنی بوو.

lc-greece-typing

سەمام  لەگەڵ بکە لە گەڵ سووتانی  کەماندا
سەمام لەگەڵ بکە لە نێوەندی ترسدا تا ئەو کاتەی سەلامەت  دەبم
بەرزم  بکەوە وەک لقی زەیتوون و ببە بە کۆتری ماڵەکەم

سەمام لەگەڵ بکە تا کۆتایی خۆشەویستی
سەمام لەگەڵ بکە تا کۆتایی خۆشەویستی

ئاه…  لێم گەڕێ با جوانیت ببینم  کاتێک کە گەواهیدەران ڕۆیشتن
لێم گەڕێ با هەست بە  جووڵەکانت بکەم  وەک ئەوەی کە لە بابل دەیکەن
لەسەرخۆ  سنوورەکەیم پیشان بدە

سەمام لە گەڵ بکە تا کۆتایی خۆشەویستی
سەمام لە گەڵ بکە تاکو کۆتایی خۆشەویستی

سەمام لەگەڵ بکە تا زەماوەند، بەردەوام بە، سەمام بۆ بکە
سەمام لەگەڵ بکە، بە گەرمی و بە درێژی
ئێمە هەردووکمان  لە ژێر خۆشەویستیماندا سەرکەوتووین

سەمام لەگەڵ بکە تا کۆتایی خۆشەویستی
سەمام لەگەڵ یکە تاکو کۆتایی خۆشەویستی

سەمام لەگەڵ بکە بۆ ئەو منداڵانەی کە داوا دەکەن لەدایک بن
سەمام لەگەڵ بکە لە نێوەندی پەردەکانەوە کە ماچەکانمان دیار بوون
ئێستا  چادرێک هەڵدە بۆ پەناگە، سەرەڕای  پچڕانی دەزوو
سەمام لەگەڵ بکە تا کۆتایی خۆشەویستی
سەمام لەگەڵ بکە لە نێوەندی ترسدا تا ئەو کاتەی سەلامەت  دەبم
دەستم لێ دە بە دەستی ڕووتی یان بە دەستکێشەوە

سەمام لەگەڵ بکە تا کۆتایی خۆشەویستی
سەمام لەگەڵ بکە تا کۆتایی خۆشەویستی
سەمام لەگەڵ بکە تا کۆتایی خۆشەویستی