Category Archives: ستەیج

دەربارەی پانێڵی سینۆگرافیا لە فێستیڤاڵی سلێمانی بۆ دەقی شانۆی کوردی

دیدی من

مەولان حەمەدەمین

لە پانیلی سینۆگرافیا لە ڤیستیڤالی سلێمانی بۆ دەقی شانۆی کوردی، چەند سەرنجێکم بۆ دروست بوو، کەوا جێگەی تێرامانێکە، ناتوانین ھەڵەیەک و ناتێگەیشتنێک ھەبێت بەسەریدا ڕەت بین و لێکۆلینەوەی بۆ نەکەین. بزانین ھۆکارەکان چین، بە یەک زمان گفتو گۆ بکەین، تێکنەگەین گەر باس بێتە سەر پانێلەکە، ئەوا بێگومان زۆر چاک و پرزانیاری دروست و جوان بوو لە لێھاتوویی خۆیان باسەکەیان کورت کردەوە، گەرچی توانای چەند سەعاتێکی تر مانەوە لەسەر باسەکەیان ھەبوو، لە بەرانبەریشدا گوێگریش بە ھەمان نەفەس لە گوێگرتندا بوون، کێشەیان لە تێگەیشتن و مانەوەدا نەبوو، بەڵکو توانای مانەوەی زیاتریشیان ھەبوو.

پۆستەری فێستیڤاڵ

باشە، کە ئێمە لە دەربرین و دەرخستنی زانیارییەکان و گوێگرتن و تێگەیشتن کێشەمان نەبێت، ئەی بۆچی نماییشەکانمان پر لە ھەڵەی سینۆگرافیایە؟ ئەوەی ئەم پرسیارە وەلام دەداتەوە، پرسیارێکی ترە، کە بە کۆمەڵ دەیانپرسی پێناسێکی دروستی سینۆگرافیامان دەوێت، بۆ زیاتر چەسپاندنی شرۆڤەکان، پێویستە پێداچوونەوەیەک بۆ ھەڵەکان بکەین، وەک توێژینەوەیەک بیخەینە بەرباس، بەدوای ئەو ھۆکارانەدا بگەڕێین کە ھەڵەکانی پێ ئەنجام دەدەین. بەگشتی تاکی ئێمە ھەمیشە بەدوای کورتکردنەوەی شتەکانەوەیە، حەز دەکەین بۆ ھەر شتێک چەند وشەیەک پێناس بێت، وەک ئەوەی بڵێین دەرھێنەر واتا ”سید العمل”، لە ھەڵگرتنی شرۆڤەی زۆر بۆ ئەم چەمکە وای کردووە پەرتبوونێک دروست بێت لە کاتی کاری دەرھێناندا، دەرھێنەر بە ئاسانی خۆی بۆ کۆ نابێتەوە و پێچەوانەی ماناکەی ئاڕاستەیەک وەردەگرێت، بۆیە بەگشتی بەدوای پێناسێکی تر یان لە کورتکراوەی ویستی ئەواندان داوای دەکەن ئێمە لە تێگەیشتنی ئەم چەمکەدا کێشەمان نییە، کێشەمان لە بیرکردنەوەیە لەم چەمکەدا لە کاتی کارکردندا، کە جۆری بیر کردنەوەمان ھەڵەی تێدایە و دەبێت ئێمە عەقلی یەکتر بخوێنینەوە، کەسی بەرانبەر ھەرگیز دان بە ھەڵەدا نانێت لەبەر ئەوەی بەھەڵەی نازانێت و گەر بیزانیایە ھەڵەیە، بێگومان خۆی نەدەخستە ناو ھەڵەوە، بۆیە دەبێت بەدوای ئەو ھۆکارانەدا بگەڕێین کەوا لە بیر کردنەوەدا بەر یەک دەکەوین.

ئەوەی من سەرنجم داوە، سێ جۆر بیرکردنەوە ھەیە، کەوا دوانیان ھەڵە دروست دەکەن: یەکێکیان دەکەوێتە سەر ھێلێکی دروست، ئەو کاتەی دەرھێنەر بیر لە شوێنێکی ڕازاوە بۆ نماییش دەکاتەوە، بۆ ئەوەی نماییشی تێدا بکات، واتا ئەو شوێنەی لە خەیاڵیدایە ھەولی نماییشی بۆ بدات (شوێنێکی ڕازاوە). مەبەستم لەم وشەیە، ھەمان ڕازاندنەوەی شوێنێکە بۆ ئاھەنگ یان بۆ ھەر بۆنەیەکی تر، لەبەر ئەوەی پەیوەندیی تۆکمەی بە نماییشەوە نابێت، بۆچی دەکەوێتە بازنەی ھەڵەی سەرەتا دەبێتە ھۆی ئەوەی دیالۆگ بەسەر شێوە و ژمارە و چۆنێتیی دیکۆر و شوێنەکە دابەش بکرێت بۆ ئەوەی ئەم شوێنەی ڕازینراوەتەوە بۆ نماییش، ھەولی دیارخستنی بۆ دەدرێت، بینەر دەخرێتە حاڵەتی چاوەڕوانییەوە، تا بزانێت چیتر ماوە بەکار بێت لە سەر تەختە یان چ شتێکی پێشبینینەکراوی تر ماوە بیبینێت، بڕبڕەی پشتی کارە ھونەرییەکە دەبێت بە سینۆگرافیا و لەوێدا ئەکتەرەکان ون دەبن لەژێر ڕۆشنایی زاڵی سینۆگرافیادا و وەک ئامێرێکی بەکارھاتووی نێو سینۆگرافیاکە دێنە ھەژمار. ئەوی تریان بیرکردنەوەیە لەوەی چۆن نماییش بڕازێنینەوە بەشوین واتا پێچەوانەی خاڵی یەکەمدا، کەوا سەرەتا شوێنی ڕازاوە بۆ نماییش ھەڵدەبژێرن. لێرەدا نماییش ئامادە دەکرێت، پاشان ھەوڵی ڕازندنەوەی شوێنی نماییش دەدرێت، واتا زیاتر بۆ بە گەورەپیشاندانی نماییشە نەوەک خزمەتکردن. بەھەمان ئاست ھەڵەیە تەختەی شانۆ پڕ بکرێتەوە لە چەندین کەلوپەلی ناپێویست و بەکارنەھاتووی نێو نماییشەکە. لێرەدا ئەکتەر دەکەوێتە حالەتێک بە جلوبەرگ و بە نواندن کەسایەتیی دیاریکراوی ھەبێت، بەڵام لە ڕووی شوێنەوە ژینگەیەکی جیاوازی دەبێت و دەکەوێتە خاڵێکی بەتاڵ، ھەمیشە بەشوین خۆیدا دەخولێتەوە، بۆیە دەبینین لەم ئاڕاستە پێچەوانەی بیرکردنەوەدا، ڕەنگدانەوەی بەسەر ھەموو بەشەکانی تری سینۆگرافیادا دەبێت، خۆی بۆ ڕاست نابێتەوە، وەک ڕووناکیی شانۆ، مەبەست لێی ڕووناککردنەوەی شانۆیە، کەچی بۆ تاریککردنی شانۆ بەکار دێت، دەکرێت ساتی تاریکی بۆ مەبەستی دیاریکراو یان بەکارھێنانی ڕەنگ وەک دەرخستنی کەشی گشتی و تایبەتی کارەکتەرکان بێت، بەڵام کاتێک ئەکتەر بە بەردەوامی لە تاریکیدا دەمێنێتەوە یان لە کاتی دیالۆگی ڕاستەوخۆی لەگەل ئەکتەری بەرانبەردا مەودا و زەمانیان یەکسانە، کەچی دەکەونە ناو دوو بازنەی ڕووناکیی جیاواز لە یەک، دادەبڕێن وەک دوو جیھانی جیاواز، ھەمان ئاڕاستەی پێچەوانە لە بیرکردنەوە ڕەنگدانەوەی بەسەر کاریگەریی دەنگییەکانیشەوە دەبێت. یەکێکی تریان ئاڕستەی دروستە، کەئەو کەسانەن کەوا بیر دەکەنەوە ئەو شتانەی وابەستەی نماییشن، لە پێکھاتەی دەقن و ناتوانن خۆیانیان لێ دەرباز بکەن، دەیھێلنەوە، خۆیان ڕزگار دەکەن لەو شتە زیاد و بێکەڵکانەی خزمەت بە نماییشیان ناکات. بە کورتی وا بیر ناکەنەوە چ شێوەیک بۆ پڕوژەکەیان ھەڵببژێرن یان چ شتێک جوانە بیکەن، بەڵکو تەنها وا بیر دەکەنەوە چ شتێک ناشیرینە تا نەیکەن، گەر وابوو ئەوەی بیکەیت دروستە و جوانە.

كاتێك نووسین لە نماییش وێرانترە

دیدی من

مەریوان هەڵەبجەیی

وه‌ڵامێك بۆ هه‌ڵكه‌وت محه‌مه‌د

”کوڕم، گەر نەفام بوویت، هەوڵ بدە نەفاميی خۆت نەگەیەنیتە ئەندازەیەک وابزانیت دەتوانیت گەمژەیی، بە نرخی ئەقڵ بفرۆشیت.”

                                                                                                                    لە چیرۆکێکی کۆنی چینیيەوە

لە ڕۆژانی ٢٧-٣١\٣\٢٠١٧، فێستیڤاڵی سلێمانی بۆ دەقی شانۆي کوردی، لە لایەن سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان-لقی سلێمانی و بەڕێوه‌بەرایەتيى گشتيی ڕۆشنبیری و هونەر لە سلێمانی-بەشی شانۆ بەڕێوە چوو، هەموو ڕۆژێک دوو نماییش پێشکەش دەکرا و دوو پانێڵی جیاوازیش لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکەدا بەڕێوە چوو. کۆی نماییشەکان ئاستێکی لاوازیان هەبوو، جارێکی تر سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوون کە دەقی کوردی لە ئاستێکی زۆر لاوازدایە و لەوەش زیاتر، بەشێک لە شانۆی کوردی کە ئەو دەرهێنەرانە نوێنەرایەتيی دەکەن، لە چ ئاستێکی خراپدایە.

ئەم نووسینە دەربارەی ئاستی لاوازیی نماییشەکانی فێستیڤاڵەکە و چۆنێتیی بەڕێوەچوونی نییە، کە لە ئاستێکی لاواز و تاقەتپڕووکێندا بوو، چونکە قسەکردن لەسەر ئەو فێستیڤاڵە و نماییشەکانی، پێویستی بە کۆڕ و بەرنامەی تایبەت هەیە. لێرەدا بە کورتی وەڵامی یادداشتێکی پڕ لە هەڵەی هەڵکەوت محەمەد دەدەمەوە، کە هەڵەکانی زۆر زیاترن لە لاوازییەکانی دەقەکانی فێستیڤاڵەکە و بە ئاستێک ماندووکەرترە لە بینینی نماییشەکان. هەڵەکانی هێندە زۆرن، لە ئاستی نووسینی خوێندکارێکی ئامادەیيشدا نییە. سەیرە، کاکی ئەکادیمی هێشتا زمانی دایکی خۆی باش فێر نەبووە و حوکمی ئەوە دەدات لیژنەی دەق نەشارەزان و بێئاگان لە ژانری شانۆنامە، لە کاتێکدا خۆی هێندە نەخوێندەوارە، لە یادداشتە پەرشوبڵاو و بێبنەماکەیدا، جیاوازی لە نێوان شانۆنامە و شانۆدا ناکات، لە کاتێکدا دوو ڕەگەزی جیان و شانۆنامە تا ئەو کاتەی لەسەر شانۆ نماییش نەکراوە، دەقێکی ئەدەبییە، شانۆش هەڵگری کۆمەڵێک ڕەگەزی ترە. ئەم برادەرە وەک ئەوەی خۆی کوردی نازانێت، خۆزگە ماڵپەڕی دیدی منیش پێش بڵاوکردنەوە، چاوێکیان بە یادداشتەکەیدا بخشاندایە و ئەو هەڵە زۆرانەیان بۆ چاک بکردایە و پاشان بڵاویان بکردایەتەوە. ئەم ئازیزە لە خۆیەوە وشەی زۆری فڕێ داوە و نەیزانیوە سادەترین نووسین، یان یادداشت، کۆمەڵێک چوارچێوە و پڕەنسیپی خۆی هەیە و دەبێت ڕەچاو بکرێت. هەر بۆیە یادداشتەکەی پڕە لە هەڵەی زمانەوانی و دەستووری، دەستی نەپاراستووە لە هیچ هەڵەکردنێک لە بوارەکەی خۆی، کە تێیدا خۆی بە پسپۆڕ دەزانێت، تا لەبەرچاوگرتنی ئەلفوبێی نووسین.

لە سەرەتای نووسینەکەیدا، ئاماژە بەوە دەکات شانۆنامەی کوردی وەک پێویست بوونی نییە و تا کۆتایی نووسینەکەی زیاتر لە شەش جار هەمان زانیاريی سواو و بێکەڵک چەندبارە دەکاتەوە و ڕێز لە وشە و خوێنەر و سەرەتايیترین پڕەنسیپەکانی نووسین ناگرێت. لە پەڕەگرافێکی یادداشتەکەیدا، دەڵێت: ”دەقی کوردی و لاوازیی کارەکان زۆرتر دەبوو، بە جۆرێک کە وای لە لیژنەی گشتيی فێستیڤاڵ کرد، کە کۆبوونەوەی تایبەت بکەن و بڕیاری هەڵەی گەورە بدەن، بڕیارەکەش ئەوە بوو کە لابردنی خەڵاتی باشترین شانۆنامە بوو لە فێستیڤاڵەکەدا. ئەم بڕیارە پەلە و خێرایەی کە لیژنەی دەق دایان، ڕاستەوخۆ بەبێ ئەوەی خۆیان بزانن، شتێکی تەواوی فێستیڤاڵەکەی بۆ سەلماندین، چەند خاڵێکی تریشی بۆ پشتڕاست کردینەوە.”

کاک هەڵکەوت بێ ئەوەی لەگەڵ ئێمە بووبێت، زانیویەتی ئێمە لەژێر گوشاردا بووین و بە پەلە کۆ بووینەتەوە و بڕیارمان داوە خەڵات نەدەین بە دەق! هێندە شپرزە بووە، لیژنەی گشتیی فێستیڤاڵ و لیژنەی دەقی تێکەڵ کردووە، چونکە لە سەرەتاوە دەڵێت: ”لیژنەی گشتيی فێستیڤاڵ کۆبوونەوەی تایبەتی کرد و بڕیاری هەڵەی گەورەیان دا.” ئەوە باسی ئەوە ناکەم ئەم پەرەگرافە هەڵبەستراو و وەهمییەی هەڵکەوت چەند هەڵەی تێدایە و چەند ناڕوون و دەستەپاچەیە، بۆ نموونە ئەم کوردینووسینە سەیرەی کە دەڵێت: ”شتێکی تەواوی فێستیڤاڵەکەی بۆ سەلماندین، خاڵێکی تریشی بۆ پشتڕاست کردینەوە.” ئەمە ئاستی کوردیزانینی ئەم شانۆکارە ئەکادیمییەیە، کە زیاتر لە بیستودوو ساڵە دەخوێنێت و وەک خۆی دەڵێت، حەڤدە ساڵە بینەری شانۆیە و چاودێری کارەکانە، کەچی هێشتا زمانی دایکيی خۆی فێر نەبووە. لە دێڕی دواتردا بۆ چەندەمین جار دەڵێتەوە: ”شانۆنامەی کوردی بە جۆرێک لاوازە، کە هێشتا لە قۆناغی سەرەتادایە.” وەک بڵێی تووشی بیرچوونەوە بووبێت و نەزانێت لە پەرەگرافەکانی پێشوودا، چەندین جار بە شێوەی جۆراوجۆر ئەوەی دووبارە و چەندبارە کردووەتەوە. نازانێت گەر ڕێز لە وشە و خوێنەر نەگریت، ڕێزت لێ ناگرن، نازانێت لیژنەیەک هیچ دەقێک بە شاییستە نازانێت، واتە کۆی نماییشەکانی لە ئاستێکی لاواز و خراپدا بینیوە و ئەمەش دەنگێکی بەهێزە لە بەرانبەر وەهمی هەموو ئەوانەی کە پێیان وایە دەقی کورديی باڵامان هەیە و دەبێت شانازییان پێوە بکەین، نازانێت (یان نایەوێت بزانێت) ئێمە لە سەرەتاوە بڕیارمان دابوو لەسەر لاوازیی ئەو دەقانە و ئەوەی کە شاییستە نین، نەک وەک ئەوەی ئەو دەڵێت، لەژێر گوشاردا و لە دوا ساتدا ئەو بڕیارەمان دابێت. لە پەرەگرافی دواتردا دەڵێت: ”لیژنەی هەڵبژاردنی دەق، کە هەمان لیژنەی دادوەرانی هەڵبژاردنی باشترین دەق بوون…” هەڵکەوت جارێکی تر هەڵەیەکی تر و بوختانێکی تر بە دەمی ئێمەوە دەکات و باسی هەڵبژاردنی باشترین دەق دەکات، لە کاتێکدا ئێمە هیچ دەقێکمان وەک باشترین دەق دەستنیشان نەکردووە. دواتر بەردەوام دەبێت و دەڵێت: ”لیژنەی دەق نەشارەزان لە ناسینی دەقی باش و خراپ، بێئاگان لە ژانری شانۆنامە، بنەمای دەقی جیهانیی باش و پڕەنسیپەکانی شانۆنامەی بەهێز نازانن، چونکە ئەگەر وانەبێت، بۆ بێهەڵوێست بوون لە ئاست لاوازی و بێتوانایی شانۆنامەکان؟ بە جۆرێک، کە ئەوان بیانگوتایە کە شانۆنامەی کوردی لەو ئاستەدا نییە فێستیڤاڵی بۆ ڕێک بخرێت، ئەو کاتە دەیانتوانی فێستیڤاڵەکە نەکەن، یان سیستمی فێستیڤاڵ بگۆڕن.” ناڵێت بۆ نەشارەزاین و دەقی باش و خراپ چییە، ڕەنگە لەبەر ئەوە نەزان بین خەڵاتی باشترین دەقمان نەداوە! پێی وایە بێهەڵوێستین، چونکە فێستیڤاڵەکەمان ڕانەگرتووە، یان نەگۆڕیوە بە شتێکی تر. گەر خەڵاتنەدان بە دەقەکان و بە شاییستە نەزانینیان هەڵوێست نییە، ئەی چییە؟ کاک هەڵکەوت لەو وەهمەدا دەژی ئێمە دەسەڵاتی ئەوەمان هەیە ئاڕاستەی فێستیڤاڵ بگۆڕین بەو شێوەیەی خۆمان پێمان خۆشە، وەک بڵێی ئەو لەم وڵاتەدا نەژیابێت و نەزانێت بەرنامەکان چۆنن، یان خۆی دەدات لە نەزانین، وەک بڵێی ئەوە ئەو نەبووە بەرهەمەکەی لە دەرەوەی وڵات نماییش کردوو، ئەوە ئێمەش نین دەزانین بەرهەمەکانی کۆڕی شانۆى با و هیوا فایەق و لە گەنجەکانیشدا محەمەد مستەفا و دێرین حامید و زەریا سامی، شاییستەی ئەوەن ببرێنە دەرەوی وڵات و نماییش بکرێن، نەک بەرهەمەکەی ئەو، ئایا هیچمان پێ کرا لەگەڵ تۆدا؟!

لەوەش کارەساتتر، ئەوەیە کاکی ئەکادیمی لەوە زیاتر دەڕوات و ڕستەیەکی ترسناک دەڵێت: ”ئەم فێستیڤاڵە بۆی دەرخستین شتێک نییە بە ناوی شانۆی کوردی.” ئازیزم تۆ جیاوازيی نێوان شانۆنامە و شانۆ نازانیت و کوێرانە حوکم دەدەیت و دەڵێیت شتێک نییە ناوی شانۆی کوردی بێت و زەڕبێک بەسەر مێژوویەکدا دەهێنیت، باشترە بێدەنگ بیت و بڕۆیت بخوێنیتەوە و فێر ببیت. شانۆی کوردى تەنها لە دەق پێک نەهاتووە و هەر شانۆنامه‌یەکی بیانی بە ئەکتەر و دەرهێنەر و ستافی کورد بەرهەم دێت، شانۆی کوردییە.

هەڵکەوت بەردەوامە لە هەڵەکانی و لە پەرەگرافی دواتردا، جارێکی تر هەمان هەڵە دووبارە دەکاتەوە و دەڵێت: ”هەر کاتێ کەسێک بە دڵسۆزیی خۆی بڵێ شانۆی کوردی بوونی نییە، هەمووی لێێ هەڵدەستن.” هەروه‌ك چۆن بینین و قسەکردن لەسەر شانۆیەکی زۆر خراپ ئەستەم و تاقەتپڕووکێنە، بە هەمان شێوە خوێندنه‌وه‌ى یادداشتەکەی هەڵکەوت، کە پڕە لە دەستەواژەی کشتوکاڵی و میللی، وەک ”بە هەستێکی کوردانەوە دەهاتنە هۆڵەکان”! ”دەقێک یان دەقێکی نزم”! ”ژانی لەدایکبوونی دەقی کوردی” و چەندین دەستەواژەی هاوشێوەی تر، کە شاییستەی ئەوە نین لە یادداشتێکدا دەربارەی شانۆ بەکار ببرێن، تاقه‌تپڕووكێنه‌. ئەوەی تووشی سه‌رسوڕمانى زۆری کردووم بەو ئاستەوە لە بەتاڵبوون، چۆن جورئەت دەکەیت لەبارەی شانۆوە قسە بکەیت؟!

 فێستیڤاڵی سلێمانى بۆ ده‌قی شانۆی کوردی بۆی سه‌لماندین

دیدی من

هه‌ڵکه‌وت محه‌مه‌د

زۆر ده‌مێکه‌ گفتوگۆی بێئه‌نجام له‌سه‌ر بابه‌تێکی گرنگ ده‌کرێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ  شانۆنامه‌ی کوردی  بوونی هه‌یه‌؟ وه‌ک هه‌ر شانۆنامه‌یه‌کی جیهانى، هه‌موو بنه‌ما و پرەنسیپ و مه‌رجه‌ گرنگه‌کانى شانۆنامه‌یه‌کی ته‌واوی تێدایه‌ یان نا؟

دیاره‌ زۆرێک له‌ گه‌نجانی چالاک و ئه‌کادیمی، شانۆکاری خوێنده‌وار و به‌ئاگا، له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌ق سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ شانۆنامه‌ى کوردی وه‌کو پێویست هێشتا بوونی نییه‌. ئه‌م بۆچوون و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ زۆر ده‌مێکه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر کراوه‌، له‌ ڕابردوویشدا شانۆکاره‌ کورده‌ ئه‌کادیمییه‌کان و پسپۆرانی ئه‌م بواره‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ هه‌نده‌ران خوێندنیان ته‌واو کردووه‌، زۆرێکیشیان ئێستاش له‌وێ ده‌ژین، ئه‌و بۆچوونه‌یان هه‌بووه‌، که ‌شانۆنامه‌ی کوردی زۆر لاوازه‌، تا ئیستاش ناتوانرێت وه‌ک شانۆنامه‌یه‌کی ته‌واو تۆکمه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت، چونکه‌ ته‌واوی بنه‌مایه‌کی بەده‌قبوونی تێدا نییه‌!

ئه‌م بۆچوونانه‌ش  له ‌لایه‌ن نووسه‌رانی شانۆنامه‌کانه‌وه‌ په‌سه‌ند نه‌کراون و جێگه‌ی باوه‌ڕ نه‌بوون، هه‌ندێکیان به ‌ئاستی گه‌شکه‌گرتن تووڕه‌ ده‌بوون، هه‌ندێکی تر ده‌تۆران، هه‌ندێکی تریش سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌قه‌کانى ئه‌مان سه‌رده‌می گریگ و ڕۆمان و فه‌ڕەنسا و سه‌رده‌می ئیلیزابێت و نووسه‌رانی ئیسکه‌ندیناڤییان تێپه‌راندووه‌. ئه‌م  باوه‌ڕبه‌خۆبوونه‌ بێبنه‌مایه‌یش ئه‌وانی  خستووەته‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌وه‌  و ده‌ست و بیری به‌ستبوونه‌وه‌، که‌ نه‌توانن بۆ نووسین و بابه‌تی باشتر و به‌پێزتر تۆکه‌مه‌تر هه‌وڵ بده‌ن، ئه‌وان سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌  هێشتا بیر و هزری خه‌ڵک و ته‌نانه‌ت هونه‌رمه‌نده‌ ده‌رهێنه‌ره‌کان له‌ ئاست به‌رهه‌مه‌کانى ئه‌واندا نییه‌ و ناتوانن لێی تێبگه‌ن. به ‌باوه‌ڕی، ئه‌وان  ده‌قی شانۆنامه‌کان به‌ زمانێکی به‌رزی ئه‌ده‌بی نووسراون و باگراوندێکی فه‌لسه‌فی و ژیاریی به‌رزی له‌ پشته‌وه‌یه‌. ته‌نانه‌ت یه‌کێک له‌و نووسه‌رانه‌ له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا گله‌یی ئه‌وه‌ی ده‌کرد، که‌ ده‌بوایه‌ شانۆنامه‌کانى وه‌ربگێڕدرێنه‌ سه‌ر زمانه‌ جیهانییه‌کان.

ئه‌وه‌ی سه‌یره‌، من له‌ ڕابردووه‌وه‌ تاکو ئیستا، به ‌درێژایی حەڤدە ساڵ، هیچ شانۆییه‌کی وام نه‌دیوه‌ که‌ شانۆنامه‌که‌ کوردێک نوسیبێتی و توانیبێتی هه‌موو بنه‌ماکانی ده‌قی تۆکمه‌ و پته‌وی له‌خۆ گرتبێت. هه‌رچه‌ندە نووسه‌رانی شانۆنامه‌ له‌ باشووری کوردستان که‌من، له‌ ‌په‌نجه‌کانى ده‌ست تێپه‌ڕ ناکات، که‌ ئه‌مه‌ش بۆ خۆی بابه‌تێکی تر و کێشه‌یه‌کی تری ناو بواری شانۆیه‌ له‌ کوردستان.

له ‌ماوه‌ى ڕابردوودا و به ‌هه‌وڵی سه‌ندیکاى هونه‌رمه‌ندانى کوردستان لقی سلێمانى، به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی هونه‌ر له‌ سلێمانى، به‌شی هونه‌ری شانۆ، فێستیڤاڵی سلێمانى بۆ ده‌قی شانۆی کوردییان ساز دا، که‌ ئه‌م فێستیڤاڵه‌ به‌ یه‌که‌م فێستیڤاڵ داده‌نرێت که‌ سه‌راپای ده‌قی کوردی بێت و ژانى له‌دایکبوونه‌که‌ی به‌ شانۆنامه‌ى کوردی بووبێت.

به گوته‌ی خۆیان، زیاتر له‌ ده‌ مانگی ڕه‌به‌قه‌ سه‌رقاڵی گوتوبێژی ته‌واو و سه‌رنجی که‌سانى پسپۆر و گرنگن، که‌ ئاستی فێستیڤاڵه‌که‌ چۆن بێ؟ چی بکرێت باشه‌؟ له ‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه،‌ ئاستی ئه‌و شانۆنامانه‌ی که‌ دیاری کراون بۆ نماییش، ده‌بێ به‌رز بێ، به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی به ‌ناو که‌سی شاره‌زا و کامڵدا تێپه‌ڕ بێت و تا بتوانرێت  بیسه‌لمێنن که‌ شانۆنامه‌ی کوردی بوونی هه‌یه‌.

دوابه‌دوای ده‌ستپێکردنی نماییشه‌کانى فێستیڤاڵ، که‌ ڕۆژی دوو نماییش پیشان ده‌دران و به‌ ئاماده‌یی بینه‌رێکی ئێجگار زۆر خوێنگه‌رم، که‌ به ‌تاسه‌وه‌ به‌ره‌و هۆڵه‌کانى نماییش ده‌هاتن، تا بتوانن له‌ ناو هۆڵه‌کاندا که‌مێک چێژ و مه‌عریفه‌ وه‌ربگرن، شانازییه‌ک به‌وه‌وه‌ بکه‌ن که‌ فیستیڤاڵه‌که‌ گرنگه‌ بۆ ئێستای کوردستان.

به‌ڵام هه‌ر له ‌سه‌ره‌تاوه‌ بینه‌ر هه‌ستی به‌و مه‌ترسی و گومانه‌ و سه‌رلێشێواوییه‌ کرد که‌ کاره‌کان به‌پێی پێویست نین، بینه‌ر سه‌بری زۆر بوو، ئارامتر خۆی پیشان ده‌دا، ڕۆژانه‌ گه‌رمتر و به‌ هه‌ستێکی کوردانه‌وه‌ ده‌هاتنه‌وه‌ هۆڵه‌کانی شانۆ، ده‌یانگوت به‌ڵکو ئه‌م  نماییشه‌ باشتر بێ له‌چاو ئه‌وانی تر، که‌ پیشان دران.

جۆری شانۆنامه‌کان و بابه‌تی شانۆنامه‌کان، جۆری داڕشتن و بینا و ته‌کنیکی شانۆنامه‌کان، ئاستی بێمه‌عریفی و نازانستی و بێئاگایی و ناکارامه‌یی ئه‌وان له‌ نووسینی  شانۆنامه‌دا، به ‌ته‌واوه‌تی له‌ نماییشه‌کاندا ڕه‌نگی دابووەوە‌. من ڕاسته‌وخۆ ڕیژیسۆران تۆمه‌تبار ناکه‌م به‌ ئاستنزمی و بێبه‌هره‌یی و بێئاگایی ئه‌وان له‌ پیشه‌که‌ی خۆیاندا، هه‌ر وه‌ک نووسه‌رێکی که‌ به ‌شانۆنامه‌یه‌ک به‌شدار بوو له‌ فێستیڤاڵه‌که‌دا، لافی ئه‌وه‌ی لێ ده‌دا که‌ ده‌رهێنه‌ران ناتوانن و توانای ئه‌وه‌یان نییه‌ ئه‌م شانۆنامه‌یه‌ی ئه‌و، به‌ باشی و وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت، بیخاته‌ سه‌ر شانۆ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، من گومانی ته‌واوم لا دروست بووه‌، له‌ پیشه‌مه‌ندی و به‌هره‌داریی هه‌ندێک له‌ ده‌رهێنه‌ره‌ به‌شداربووه‌کان، چونکه‌ ده‌رهێنه‌ری به‌ئاگا هیچ کات هه‌ڵه‌ی واناکات، ده‌قێ یان ده‌قێکی نزم بخاته‌ سه‌ر شانۆ، چونکه‌ ده‌رهێنه‌ر چه‌ند توانای به‌رزیش بێ وه‌ک ده‌رهێنه‌ر، چه‌ند هه‌وڵی زۆر بدات بۆ ئه‌و شانۆنامه‌یه‌، ئه‌و باخه‌ هیچی لێ سه‌وز نابێت. مێژووی هونه‌ری شانۆش گه‌واهیی ئه‌و ڕاستییه‌ن، که‌ ڕیژیسۆره‌ جیهانییه‌کان، هه‌رگیز به‌ شانۆنامه‌ى لاواز مه‌زن نه‌بوون، به‌ڵکو مه‌زنیی ئه‌وان به‌ کارکردن بووه‌ له‌سه‌ر شانۆنامه‌ مه‌زنه‌کان و جیهانییه‌کان، گه‌ردونی و ئه‌به‌دییەکان. ئه‌مه‌ش‌ با‌به‌تێکی ترە و کێشه‌یه‌کی تری شانۆکاره‌ کورده‌کانه‌، ده‌کرێ له‌ ئایینده‌دا باشتر و وردتر قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌م.

پۆستەری فێستیڤاڵی سلێمانی بۆ دەقی شانۆی کوردی

به ‌هه‌رحاڵ، شانۆکاران و بینه‌ر و هونه‌رمه‌ندان، تا کۆتا ڕۆژی نماییش له‌گه‌ڵ فێستیڤاڵدا به‌ڕێیان کرد، که‌ ڕۆژ به ‌ڕۆژ ناڕه‌زایی و هاواری ئه‌وان بۆ شکستی فێستیڤاڵ و لاوازیی ده‌قی کوردی و لاوازیی کاره‌کان زۆرتر ده‌بوو، به ‌جۆرێک که‌ وای له‌ لیژنه‌ی گشتیی فێستیڤاڵ کرد، که‌ کۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌ت بکه‌ن و بڕیای هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ بده‌ن، بڕیاره‌که‌ش ئه‌وه‌ بوو که‌ لابردنی خه‌ڵاتی باشترین شانۆنامه‌ بوو له‌ فێستیڤاڵه‌که‌دا. ئه‌م بڕیاره په‌له ‌و خێرایه‌ی که‌ لیژنه‌ی ده‌ق دایان، ڕاسته‌وخۆ به‌بێ ئه‌وه‌ی به ‌خۆیان بزانن، شتێکی ته‌واوی فێستیڤاڵه‌که‌ی بۆ سه‌لماندین، چه‌ند خاڵێکی تریش بۆ پشتراست کردینه‌وه‌:

  1. شانۆنامه‌ی کوردی به‌ جۆرێک لاوازه،‌ که‌ هێشتا له‌ قۆناغی سه‌ره‌تادایه‌ و هه‌نگاوه‌کان خێرا نین بۆ دروستبوونی ده‌قی تۆکمه ‌و ته‌واو.

  2. لیژنه‌ی هه‌ڵبژاردنی ده‌ق، که‌ هه‌مان لیژنه‌ش دادوه‌رانی هه‌ڵبژادرنی باشترین ده‌ق بوون، نه‌شاره‌زان له ‌ناسینی ده‌قی باش و خراپ، بێئاگان له‌ ژانری شانۆنامه‌، بنه‌مای ده‌قی جیهانیی باش و پرەنسیپه‌کانی شانۆنامه‌ی به‌هێز  نازانن، چونکه‌ گه‌ر وانه‌بێت، بۆ بێهه‌ڵویست بوون له‌ ئاست لاوازی و بێتوانایی  شانۆنامه‌کان؟ به ‌جۆریک که‌ ئه‌وان بیانگوتایه‌ که‌ شانۆنامه‌ی کوردی له ‌ئاست ئه‌وه‌دا نییه‌ فێستیڤاڵکی بۆ ڕێک بخرێت، ئه‌وکات ده‌یانتوانی فیستیڤاڵه‌که‌ نه‌که‌ن، یان سیستمی فێستیڤاڵ بگۆرن، له‌ شانۆنامه‌ی کوردییه‌وه‌ بۆ شانۆنامه‌ی جیهانی. ده‌کرێت وانه‌بێ و ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی فێستیڤاڵێکی لۆکاڵی بکرێت و کۆمه‌ڵێک هونه‌رمه‌ند و شانۆکار له‌ شوێنه‌ جیاجیاکانى کوردستان بانگێشت بکه‌ن و دواتر له‌بری ئه‌مه،‌ ئه‌مانیش بانگێشتی فێستیڤاڵ بکرێنه‌وه‌. من ناچمه‌ ئه‌و ورده‌کاری و یاریکردنه‌ی فێستیڤاڵه‌وه‌، چونکه‌ له‌ ڕابردوودا گوتارم له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌  نووسیوه‌، به‌ ناونیشانى بانگهێشتم بکه‌ تا بانگهێشتت بکه‌م، بانگهێشتم نه‌که‌ی بانگهێشتت ناکه‌م.

  3. ده‌رهێنه‌ره‌کانی به‌شداربووی ئه‌م فیستیڤاڵه‌، فێستیڤاڵ توانا و به‌هره‌ی ئه‌وانی خسته‌ گومانه‌وه،‌ که‌ گه‌ر ده‌قێک توانای ئه‌وه‌ی نه‌بێ کاری خۆت وه‌ک ده‌رهێنه‌ر، مه‌ودای کارکرن و خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ت به‌هێز و فراون بکات، چۆن کاری تێدا ده‌که‌یت؟ بۆ ئه‌کته‌رانی فێستیڤاڵ، کارەکته‌رێکی لاواز هه‌رچه‌ند هه‌وڵی ته‌واوه‌تی بده‌یت، چه‌ند خۆت شینومۆر بکه‌یته‌وه‌، چه‌ند هاوار بکه‌یت و بقیژێنی، ناتوانی یارییه‌کی ته‌واو باش وه‌ک ئه‌کته‌ر له ‌ناو ئه‌و که‌سایه‌تییه‌دا بکه‌یت. ئه‌ی باشه‌ چۆن بڕیار ده‌ده‌ی کار بکه‌یت و ڕازی بیت به‌وه‌ی نواندن بکه‌یت له‌ که‌سایه‌تییه‌کی لاواز و ناکامڵدا؟ به‌ڵگه‌ش زۆره‌، هه‌ندێک ئه‌کته‌رانی ناو کاسته‌کان زوو یان دره‌نگ هه‌ستیان به‌ لاوازیی ده‌ق و بێبنه‌مایی ده‌ق و  ناته‌واویی که‌سایه‌تیی ناو شانۆنامه‌کان کرد، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو زۆر له‌سه‌رخۆ و به ‌هێمنی و ئاقڵانه‌ لێی کشانه‌وه‌.

  4. ئه‌م فێستیڤاڵه‌ ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رخستین که‌ شتێک نییه‌ به ‌ناوی شانۆی کوری، باشتر وایه‌ هه‌ر زوو له‌و نه‌خۆشییه‌ سامناکه‌ ده‌رباز بین، که‌ له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ به‌رۆکی وڵاتانی عه‌رەبیی گرتووه‌ و ئێستاش به‌ قووڵی به‌ ئیسقان و مۆخی شانۆکارانی خۆماڵیدا چووەته‌ خواره‌وه‌. هه‌ر کاتێکیش که‌سێک له‌ دڵسۆزیی خۆی بڵێ ”شانۆی کوردی بوونی نییه‌”، هه‌مووی لێی هه‌ڵده‌ستن و ده‌یانه‌وێت به ‌کۆمه‌ڵ هێرش بۆ ئه‌و که‌سه‌ به‌رن، چونکه‌ شته‌ ڕاسته‌که‌ی گوتووه‌. جاری واش هه‌یه‌ ده‌ڵێن ”تۆ ده‌ته‌وێت مێژووی دێرینی شانۆی کوردی له‌ناو به‌ری”.

  5. ئه‌م فێستیڤاڵه‌ ئه‌وه‌ی سه‌لماند، که‌ بینه‌ر به‌ئاگایه‌، بینه‌ر ده‌زانێ کامه‌ کاری باشه‌ و کامه‌ کاری خراپ، بینه‌ر هۆشیاره‌ و زیاتر له‌وان، بینه‌ر کاری جیدی و تۆکمه‌ و پیشه‌مه‌ندی حه‌ز لێیه‌.

دواجار له ‌ماوه‌ی پێنج ڕۆژدا بینه‌ر شوێنی شیاوی نه‌بوو بۆ دانیشتن، زۆربه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی و به ‌پێوه‌ ده‌یانویست نماییشه‌کان ببینین، به‌ڵام هۆشیاریی ئه‌وان، دڵسۆزیی ئه‌وان، نه‌یهێشت نماییشه‌کان بوه‌ستێت، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتنی تیشکی خۆرێکی تره‌، دروستکردنی نه‌وه‌یه‌کی شانۆکاری پیشه‌مه‌ند، ئه‌و شانۆکارانه‌ش نه‌وه‌یه‌کی گه‌نج و چالاکن، که‌ ئێستا به‌ دید و فه‌نتازیا و خه‌ونێکی تره‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن، تاوه‌کو شانۆیه‌کی پڕ چێژ و هونه‌ر و پیشه‌مه‌ند له‌دایک بێت، شانۆیه‌ک، جیاواتر له‌ شانۆی  نه‌وه‌ی ڕابردوو.

لۆگۆی فێستیڤاڵ

پەیامی ڕۆژی جیهانیی شانۆ بۆ ساڵی ٢٠١٧

دیدی من

ئیزابێل ئوپێرت، شانۆکار و سینەماکاری فەڕەنسی

لە فەڕەنسییەوە: فاتیح فروومەند

ئەوە بۆ ماوەی پەنجاوپێنج ساڵە ڕۆژی جیهانیی شانۆ لە وەرزی بەهاردا بەڕێوە دەچێ، ڕۆژێک، واتە بیستوچوار سەعات، لەو کاتەوەی خۆر لەسەر وڵاتی شانۆی نو و بۆنڕاکۆوە سەرهەڵدێنێت و بەسەر وڵاتانی  ئۆپێڕای پەکین  و کاتاکالیدا تێپەڕ دەبێ و لە نێوان یۆنان و سکاندینیاویدا  بۆ ماوەیەک چاوەڕاوان دەبێ؛ لە ئایسخیلۆسەوە بۆ ئیبسەن، لە سۆفۆکلەوە بۆ ستریندبێرگ، لە نێوان ئەنگێلتەرا و ئیتاڵیا، لە سارا کەینەوە بۆ پیراندێللۆ، هەروەها ئێمە لە فەڕەنساین لە نێوان ئەوانی تر، لە پاریس، شارێک  کە هەمیشە میوانداری زۆرینەی گرووپە بیانییەکانە. پاشان بیستوچوار سەعاتەکە لە فەڕەنساوە دەمانباتە ڕووسیا، لە ڕاسین و مۆلیێرەوە بۆ چێخۆڤ، دواتر بەسەر ئاتلانتیکدا تێپەڕ دەبێ، تا ئەوەی کە لە  خوێندنگەکانی کالیفۆڕنیا کۆتایی بە گەشتەکەی بهێنێ؛ ڕەنگە شانۆ لەوێ بتوانێ لەسەر دەستی خەڵکانی گەنجەوە دووبارە دروست بکرێتەوە،  چونکە  شانۆ هەمیشە لە خۆڵەمێشەکەیەوە دووبارە هاتووەتە دونیاوە. ئەمە تەنها گرێبەستێکە، کە بەردەوام و ماندوونەناسانە دەبێ لە هەڵوەشانەوەدا بێ. بۆیە زیندوو دەمێنێتەوە. شانۆ ژیانێکی چەندلایەنەی هەیە، کە بۆشایی و کات دەخاتە ناو گرفتەوە. شانۆنامە سەردەمیەکان لە سەدەکانی ڕابردوو کەڵک وەردەگرن و شانۆنامە کلاسیکەکان بە دووبارە نماییشکردنەوەیان مۆدێرن دەبنەوە.

ئیزابێل هوپێرت

زۆر ڕوونە کە ڕۆژی جیهانیی شانۆ بە شێوەیەکی گشتی، ڕۆژێکی ئاسایی وەک ڕۆژانی تر نییە. ئەم ڕۆژە کات و بۆشاییەکی مەزن دووبارە زیندوو دەکاتەوە و وەبیرهێنەری کات و بۆشاییەکی مەزنە. لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بکەم بە گوتەی شانۆنامەنووسی بەناوبانگی فەڕەنسی، ژان تاردیۆ بکەم، کە دەڵێت: “سەبارەت بە  بۆشایی، دەخوازرێت بپرسین  کام رێگە درێژترینە بۆ گەیشتن لە خاڵێکەوە بۆ خاڵێکی تر، سەبارەت بە کات، دەبێ بۆ پێوانی  بچووکترین بەشی کات، تەنانەت بچووکتر لە چرکەش وشەی ئەبەدییەت بهێنینە سەر زارمان.” سەبارەت بە بۆشایی-کات، ئەو دەڵێ: ”بەر لەوەی خەو بتباتەوە، دوو خاڵ لە ناو بۆشاییدا دەستنیشان بکە، پاشان ئەو کاتەی تەرخان دەکرێت بژمێرە، لە ناو خەیاڵدا، بۆ گەیشتن لە یەکیانەوە بۆ ئەوەی تر.”  من لێرەدا وشەی ”لە ناو خەیاڵدا” ڕادەگرم؛ وەک ئەوە وایە  ڕۆبێرت ویلسۆن و ژان تاردیۆ یەکتریان بینیبێت. با لە ڕۆژی جیهانیی شانۆدا یادێکیش بکەین لە سامۆێل بیکێت، کە لە زمانی ویینییەوە بە شێوازێکی بە پەلە دەڵێت: ”ئاه!  دەکرا چ ڕۆژێکی خۆش بێت.” کاتێک بیرم لە نووسینی ئەم  پەیامە دەکردەوە، خەیاڵی هەموو دیمەنەکانم وەبیر هاتەوە، بۆیە دەبێ بڵێم من بە تەنها نەهاتوومە ناو هۆڵی یونیسکۆوە، هەموو ئەو کەسایەتییانەی نواندنم کردوون، ئێستا لەگەڵم هاتوونەتە ئێرە، هەموو ئەو ڕۆڵانەی کە پاش تەواوبوونیان بڕیارە بەجێیان بهێڵی، بەڵام ئەمانە ئەم ڕۆڵانەن کە ژیانی ژێرزەوی بۆ تۆ ئاشکرا دەکەن، هەروەها ئامادەن بۆ یارمەتیدان یان بۆ تێکشکاندنی ئەو ڕۆڵانەی لە دواییدا دەبنە جێنشینان؛ فێدر، ئارمینت، ئۆرلاندۆ، هێدا گابلێر، مێدێ، مێرتۆی، بڵانش دۆبۆوا… هەروەها هەموو ئەو ڕۆڵانەی کە خۆشم ویستوون و بوونەتە مایەی ڕەزامەندیی بینەران، ئەوانیش ئێستا لەگەڵ من هاتوونەتە ئێرە. لێرە من خەڵکی هەموو جیهانم؛ من یۆنانیم، ئەفریقیم، سووریم، ڤینیزیم، ڕووسیم، بەڕازیلیم، ئێرانیم، ڕۆمانیم، ژاپۆنیم، ماڕسەییم، نیو یۆرکیم، فیلیپینیم، ئەرژەنتینیم، نەرویجیم، کۆریاییم، ئەڵمانیم، نەمساییم، ئینگلیزم، بەڕاستی هیی هەموو دنیام. جیهانیبوونی ڕاستەقینە لێرەیە.

لە ساڵی ١٩٦٤دا، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لارەنس ئۆلیویێە، ڕایگەیاند کە پاش سەدەیەک هەوڵ و تەقەلا، سەرەنجام توانیمان لە ئینگلیز، شانۆی نەتەوەیی بونیاد بنێین، کە زۆر زوو توانیی ببێتە شانۆی نێودەوڵەتی، لانیکەم لە ڕێگەی بەرنامەی نماییشکردنەوە . ئەو زۆر بە باشی دەیزانی کە شەکسپیر هیی هەموو جیهانە.

ڕۆژی جیهانیی شانۆ

من حەزم کرد کە لە یەکەم پەیامی ڕۆژی جیهانیی شانۆ، کە لە لایەن ژان کۆکتۆوە لە ساڵێ ١٩٦٢دا ڕاگەیاندرا، بۆ پەیامەکەی خۆم کەڵک وەرگرم . بەتایبەتی کە ئەو نووسەری گەشت بە دەوری دونیا لە هەشتا ڕۆژدایە. من بە شێوازێکی جیاواز بە دەوری دونیادا گەڕام، واتە لە ڕێگەی هەشتا شانۆیی یان بڵێین هەشتا فیلمەوە ئەم گەشتەم ئەنجام دا. بەڵێ، فیلم، چونکە من هیچ جیاوازییەک نابینم لە نێوان نواندنی سینەما و شانۆدا، هەرچەندە هەر جار ئەم قسەیە دەکەم، دەبێتە هۆی سەرسووڕماندن، بەڵام لەڕاستیدا وایە، هیچ جیاوازییەک نییە.

من لەگەڵ ئەوەی کە دەڵێم لێرە تەنیا نیم، دەشڵێم من ئەکتەر نیم، بەڵکو یەکێکم لەو کەسایەتییانەی کە دەبنە هۆی بەردەوامیی هونەری شانۆ. ئەمە بە جۆرێک ئەرکی ئێمەیە و پێداویستیی ئێمەیە. چۆن بڵێم، ئەوە ئێمە نین کە دەبینە هۆی بوونی شانۆ، بەڵکو بەر لەوە زیاتر شانۆیە کە دەبێتە هۆی بوونمان. شانۆ زۆر بەهێزە، بەرگری دەکات، لە دۆخە سەختەکاندا دەژێیت، لە جەنگەکاندا، لە شەڕەکاندا، لە سانسۆرەکاندا و لە بێپارەییدا. ئەوەندە بەسە کە بڵێین تەختەی شانۆ، ستەیجێکی ڕووتە بۆ سەردەمێکی بێپایان، کە پێویستی بە گەڕانەوەی ئەکتەرێکە. بڕیارە ئەم ئەکتەر چی بکات؟ چی بڵێت؟ ئایا قسە دەکەن؟ جەماوەر چاوەڕێن، ئێمە هەرگیز ئەمە لەبیر ناکەین، کە بەبێ بینەر و جەماوەر، شانۆ بوونی نییە. کەسێک لە ناو جەماوەردا، هەموو جەماوەرەکەیە. هەڵبەت بە هیوای ئەوەی کورسییەکان زۆر بەتاڵ نەبن! جگە لای ئۆژێن یۆنسکۆ، کە لە کۆتاییدا پیرێژنەکە دەڵێت: “بەڵێ بەڵێ، ئێمە زۆر بە شکۆوە دەمرین… دەمرین بۆ ئەوەی بچینە ناو ئەفسانەوە… لانیکەم ئێمە دەبینە خاوەنی ڕێگەی خۆمان…”

ئەوە ماوەی پەنجاوپێنج ساڵە کە ڕۆژی جیهانیی شانۆ بەڕێوە دەچێت لە پەنجاوپێنج ساڵیدا، من هەشتەمین ژنم کە داوام لێ کراوە تا پەیامی ئەم ڕۆژە ڕابگەیێنم، جا نازانم ئایا پەیام وشەیەکی گونجاوە یان نا.  ئەمانەی بەر لە من پەیامیان ڕاگەیاندووە ( بگرە کە زۆرینەیان پیاو بوون)، دەربارەی  شانۆی وێناکردن، شانۆی  ئازادی، ڕەسەنایەتی، فرەکلتووری و جوانی قسەیان کردووە،  پرسیارگەلێک بەبێ وەڵام… لە ساڵی ٢٠١٣دا، بە نزیکەیی چوار ساڵ لەمەوبەر، داریۆ فۆ گوتی: “تەنها ڕێگەچارەی ئەم قەیرانە، ڕاوکردنی ئەم جادووگەرانەیە کە بەرانبەر بە ئێمە وەستاون، هەڵبەت زیاتر بەرامبەر بە گەنجانێک کە دەیانەوێت فێری هونەری شانۆ بن، ئەوانەی کە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی نەوەیەکی نوێ لە ئەکتەر، نەوەیەک کە دەتوانێت لەم داخراوییەشدا، سوودە وێنانەکراوەکان بۆ خۆی دەربکێشێت، ئەویش لە ڕێگەی نماییشکردنێکی نوێ.”  لێرەدا چەمکی سوودە وێنانەکراوەکان هەڵدەبژێرم، چونکە فۆرمولێکی جوانە بۆ دروستکردنی پڕۆگرامێکی سیاسی، وانییە؟ لەبەر ئەوەی کە من لە پاریسم و ئەوەندەی نەماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، لێرەوە پێشنیاری خۆم ئاڕاستەی ئەوانە دەکەم کە بەتەمان بەسەر ئێمەدا حکومەت بکەن، کە ئاگەداری سوودە وێنانەکراوەکانی شانۆ ببن. بەڵام نەک ڕاوکردنی جادووگەرەکان!

ئیزابێل هوپێرت لە فیلمی مەدام بوڤاری ڕۆڵیگێڕاوە

شانۆ بۆ من ئەوی ترە، دیالۆگە، نەبوونی ڕق و کینەیە، خۆشەویستییە لە نێوان خەڵکی. زۆر سەبارەت بەوەی کە ئەمە بە واتای چی دێت، نازانم، بەڵام من بڕوام بە کۆمەڵگەیە، بە خۆشەویستییە لە نێوان بینەر و ئەکتەر، بە یەکگرتوویی نێوان ئەو کەسانەی شانۆ دەبێتە هۆی کۆبوونەوەیان، بەوەی دەینووسێت، بەوەی وەریدەگێڕێت، بەوەی ڕووناکیی پێ دەبەخشێ، بەوەی جلی لەبەر دەکات، بەوەی دەیڕازێنێتەوە، بەوەی نواندنی دەکات، بەوەی دروستی دەکات، بەوەی دەچێ بۆ شانۆ. شانۆ پارێزگاری لە ئێمە دەکات، پەناگەی ئێمەیە، من دڵنیام ئێمەی خۆش دەوێت… زیاتر لەوەی ئێمە ئەومان خۆش بوێت… دەرهێنەرێکی بەتەمەنی کۆنم دێتەوە بیر، کە هەموو شەوەکانی نماییش لە پشتی ستەیج، بەر لەوەی پەردە بکرێتەوە، بە دەنگێکی بەهێز دەیگویت: ”جێگە بۆ شانۆ خۆش بکەن.” ئەمە قسەی کۆتاییمە. سوپاس.

کەسایەتیی درامی و پەیوەندیی بە سایکۆلۆژیاوە

دیدی من

نووسینی: فه‌ڕه‌ح ته‌ها ده‌روێش
لە عەربییەوە: گۆران محمد فەقێ


سەرەتا دەمەوێت بڵێم پەیوەندیی نێوان ئاکتەرو کەسایەتیی درامی پڕۆسەیەک، یاخود کردارێکە لە ئەنجامی گونجاندنێک دێتە ئاراوە  کە لە نێوان  کەسایەتییە درامییەکانی ناو هەر شانۆنامەیەکی بیانی یان لۆکەڵی، لەگەڵ خودی ئاکتەردا لەسەر ستەیج و لەکاتی ڕۆڵبینیندا دروست دەبێت. کەواتە دەکرێت ئەم دوو پەیوەندییە دابەش بکەین بەسەر دوو ڕەهەندی تەکنیکیدا کە ئەوانیش بریتین لە؛ یەکەم خودی ئاکتەر وەک  وزەیەکی کاراو ڕەهەندێکی تەکنیکی لەم پرۆسەیەدا، دووەمیش ئەو کەسایەتییەی کە هەمان وزە، واتە ئاکتەر بەرجەستەی دەکات و ڕۆڵی تیادا دەبینیت.

لێرەدا دەکرێت بپرسین کە ئایا مەبەستمان چییە لە ئاکتەر وەک وزەیەکی کارا؟

ڕەنگە باشترین گوزارشت، یاخود نزیکترین دەربڕین بۆ ئاکتەر وەک وزەیەکی کارا، بریتی بێت لە بوونی جۆرێک لە ئاکتەر کە هەڵگری جۆرێک لە هۆشیاری بێت لە بەرامبەر چۆنێتی سوود وەرگرتن و بەکارهێنانی، یان گرنگیدانی بە کەرەستە و ئامرازە جسمانییەکانی، مەبەستم لە سوودوەرگرتنی ئاکتەره‌ لە هەرسێ کەرەستەکانی “دەنگ، جەستە، خەیاڵ.” لە کاتی نواندن و ڕۆڵبینیندا، هەڵبەت دەبێت ئەم سوودبینینە لای ئاکتەر لە ئاگاییەوە سەرچاوە بگرێت و ئامانج لێی پیشاندانی سیفات و ڕەهەندی  کاراکتەر بێت نەک خۆدەرخستن و پیشاندان و نماییشکردنی توانا فیزیکییەکانی ئاکتەر  لەسەر ستەیج و لەکاتی ئەنجامدانی جوڵە و ئاماژە دەنگی و جەستەییەکانی. واتە ئامانج لە پەنابردن بۆ ئەم وزە و کەرەستە پڕ لە ئینێرژیانە لە لای ئاکتەر دەبێت بۆ نەهێشتن و تێکشکاندنی ئەو بەربەست و ئاستەنگیانە بێت کە ڕەنگە لە ئەنجامی هەست نەکردن بە گرنگی هەر یەکێك لەو وزانە  بێنە ئاراوە و ببنە لەمپەر لەبەردەم گوزارشتی پڕمانا و سەرکەوتوو لە لای ئاکتەر لە کاتی ڕۆڵبینیندا.

هەرچی دەربارەی کەسایەتیی درامیشە لەوانەیە دوو جۆر لێكدانەوە، یاخود دوو مانا لەخۆ بگرێت کە یەکەمیان شیکرنەوەی ڕەهەندە دەروونی و سروشتی و کۆمەڵایەتیەکانی هەر کەسایەتیی درامییە لە نێو شانۆنامە و پاشانیش لەسەر ستەیج، دووەمیشیان شێوازی بەرجەستەکردنی ئەم ڕەهەند و سیفاتانەیە کە پێشتر باسمان کرد.

لەبەر ئەوە کاتێک ئاکتەر لە ماوەی مەشقکردن و ڕاهێناندا  لەبیری وازیکردن و بەرجەستەکردنی کەسایەتییە درامیەکاندا تێڕا دەمێنێت، بێگومان دەبێت تێڕامان، یان تێفکرینەکانی لە چوارچێوەی شیکردنەوە و ڕاڤەکردنی سیفاتەکانی کەسایەتییە درامییەکاندا گیر نەخوات، زیاد لە پێویست نەمێنێتەوە، بەڵکو پێویستە بچێتە قۆناغی جێبەجێکردن و بەرجەستەکردن. بەڵام سەرەتا بۆ ئەوەی بەشیوەیەکی دروست دەست پێ بکات و پێشینەیەکی سەرەتای لە لا گەڵاڵە بێت دەربارەی فۆڕم و سیفاتەکانی کەسایەتییە درامییەکە،  پێویستە چەند پرسیارێکی سانا و هاوکات سەرەکیی لە خۆی بکات، بۆ نموونە؛ ئەو کەسایەتییە کێیە کە وا بڕیارە ڕۆڵی تێدا ببینم؟  خەڵکی کوێیە؟ کێشە و ململانێی لەگەڵ کێ و لەگەڵ چیدا هەیە؟ ئایا ئاکار و ڕەفتارەکانی چۆنە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی؟

بۆیە لێرەدا و بۆ شیکردنەوە تێگەیشتن لە کەسایەتییه‌ درامییەکان بەگشتی دەکرێت سوود لە دەروونزانی کەسایەتی و بەشێک لە تێڕوانینە سایکۆلۆژییەکان  وەربگرین.

چونکە بەشێک لە دەر‌هێنەرە شانۆیی و هەروەها تیۆریستە بەناوبانگەکانی وەکو کۆنستانتین ستانسلاڤسکی، مایرهۆڵد و تەنانەت یۆجینۆ باربا لەمیانی کارو تێڕوانینە  هونەرییەکانیان  بۆ شانۆ و بە تایبەتییش هونەری نواندن لە لای ئاکتەر لە تێڕوانینێکی  دەروونزانییەوە سەرچاوەی گرتووە و، سایکۆلۆژیا و بەشێك لە زانستە مرۆڤایەتییەکان بەگشتی بەشێك لە ناوەڕۆک و هەوێنی کار و بەرهەمە هونەرەییه‌کانیان پێک دەهێنێت. هەربۆیە لێرەدا نمونەی کاراکتەری، یاخود گرێی کەسایەتی ” ئۆدیب پاشای”  نوسەری گریکی سۆفۆکلس وەردەگرین و هەوڵدەدەین بە پێی تیۆری سایکۆلۆژستی نەمساوی سیگموند فرۆید  بۆ شیکردنەوەی کەسایەتی، خویندەوە بۆ کەسایەتی  گرێی ئۆدیب بکەین.  لێرەدا و لە ڕێی ئەم هیڵکاریەوە سەرنجاتان ڕادەکێشم بەلای هۆکارەکانی  دروستبوونی، یان دەرکەوتنی گرێی دەروونی کەسایەتی ئۆدیب لەشانۆنامەکەدا .

گرێی ئۆدیب

  • ئەفسانە + نزامی کۆمەڵایەتی
  • دەسەڵات + سەپاندن
  • قەدەر+ خواوەند+مرۆڤ

بەپێی تیۆری فرۆید بۆ شیکردنەوەی کەسایەتی هەر گرێیەکی دەروونی لای تاک کە دروست دەبێت بێگومان هۆکارگەڵیک لە پێشت دروستبوونی گرێ دەروونیەکەوە خۆیان مەلازداوە، هەروەک چۆن گرێی دەروونی کەسایەتی ئۆدیب چەندین هۆکاری جۆراجۆری  وەکو قەدەر و خواوەند، دەسەڵات و سەپاندن، ئەفسانەوە بێبەریکردن، یان حەرامبوونی لە پشتەوەیە. ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە گرێی ئۆدیب دەکرێت به‌ جۆرێک لە تێگەیشتن و تێڕوانینەوە سەرچاوە بگرێت کە ئایا مرۆڤ بوونەوەرێکە خاوەنی بیرکردنەوە و بڕیاردانە، یاخود هەموو شتێکی بەسەردا دەسەپێ و چارەنووسی بەستراوە بە قەدەرێکەوە، یاخود بە‌ هێزێکەوە کە ئەم وەکو مرۆڤ هیچ دەسەڵاتێکی بەسەردا نییە و ناشکێ.

چونکە مرۆڤ ئەگەر خۆی بڕیاردەر بێت بڕیارەکانی لە سنورێکدا دیاری دەکرێن و دەسەڵاتی بەسەریاندا دەبێت ، هەروەک چۆن کەسایەتی ئۆدیب ئەگەرچی سەرەتا  جۆرێك لە بەرچاوڕوونی پێ دەدرێت لەسەر بڕیار گەلێک کە نابێت بیاندات، یان لێیان نزیک ببێتەوە، بەڵام دواجار بەهۆی توڕەیی و نەفرەتی پەرستگاوە ناچار دەبێت کە ڕازی بێت بە قەدەرێک  کە بە تیاچوونی خۆی و لەدەستدانی ژیانی کۆمەڵایەتی و تایبەتی  کۆتایی دێت.

هەربۆیە ئەم دەرئەنجامە لەلای فرۆید و بەپێی تێڕوانییە زانستییەکانی بە جۆرێک لە تۆڵەسەندوەی ناخودئاگایی ئۆدیب دادەنێت لە خودی ژیان. هەروەک چۆن فرۆید بە کاریگەرییە خودئاگا و ناخودئاگاییەکانی تاک لە هەلبژارن و بڕیارداندا ناوی دەبات.

مەبەست لە ژیانی خودئاگایی ئۆدیب بریتییە لە هەبوونی زانیاری و به‌ئاگابوونی ئۆدیب لە تەواوی ئەو چیرۆکەی کە بەشێك لە ژیانی تیادا دەسنیشانکراوە، بۆ نموونە وەک ئەوەی کە نابێت خێزانداری لەگەڵ ئافرەتێک بکات کە به‌ تەمەن لە خۆی گەورەترە، نابێت بچێتە ناو شارە دێرینەکە. ئەمجۆرە لە ئاگایی له‌ لای فرۆید بە ژیانی دەروونی و خوئاگا ناوزەند دەکرێت، مەبەستی ئەوەیە کە دەبێت مرۆڤی ئاسایی هۆشیارانە و بەئاگاییەوە گوێ لە یاسا بنچینەییەکانی ژیان و دابونەرتی خەڵکانی دەوروبەر بگرێت و بەئاگاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، یان بڕیاریان لەسەر بدات. هەرچی لایەنی دەروونی و ناوخودئاگاییشە له‌ لای ئۆدیب برییتیە لەو ئەزمە دەروونییەی کە دواجار دەیخاتە ناو (تەهلوکەیەک – هەلاکەت و زەحمەتێک) کە ناچاری دەکات ژیانی دەروونی و خودئاگایی، واتە لایەنی هۆشیاری و زانیارییەکانی دەربارەی ژیان و چارەنووسی  خۆی سەرئەنجام دەبێت ببنە قوربانی سزا دەروونییە ناخودئاگاییەکانی و بە جۆرێک هەموو هەوڵەکانی ئۆدیب سەبارەت بە ژیانی خودئاگایی خۆی، واتە سەبارەت بە تێڕوانینه‌کانی دەربارەی ژیان و ململانێ کۆمەڵایەتییەکانی تەواو پێچەوانە دەبنەوە و بە دۆڕاندن و لەدەستدانی دەسکەوتنەکانی لە ژیان کۆتایی دێت.

هەربۆیە سیگمۆند فرۆید لە تاقیگە ئیشگرە تایبەتەکەی خۆیدا بەشێک لە نەخۆشە دەرونییەکانی لە ڕێگەی تێگەیشتن و شیکردنەوەی  ئەو تەنگەژە و ئەزمە دەروونیانەوە چارەسەر دەکرد کە بووبووونە مایەی دروسکردنی گرێی دەروونی لای کەسەکە، یاخود  لای نەخۆشەکە.

هەربۆیە بەشێك لە کار و ئەرکی ئاکتەر، یاخود ئاکتەری داهێنەر دەبێت بەهەمان شێوەی دەروونناوسێک، یاخود بە وێنەی سایکۆلۆژستێک لە کاتی شیکردنەوەی گرێ دەروونییەکانی هەر کاراکتەر و کەسایەتیەک پشت بەو زانیاریانە ببەستێت کە لە خودئاگایی کاراکتەرەکەوە سەرچاوەیان گرتووە و پاشان بیانکاتە هەوێنێک بۆ دۆزینەوە و درککردن بە زانیارییە ناخودئاگاییەکانی کەسایەتییەکە لە کاتی ڕۆڵبینیندا. واتە دەبێت لە میانی ئەم پڕۆسە دوولایەنەوە ئاکتەر هۆشیاری خودی خۆی وەکو (بەرجەستەکارێک- ئاکتەر)  تێکەڵ بە زانیاری و خودئاگایی ئەو کەسایەتییە  درامییە بکات کە بەنیازە ڕۆڵی تیادا ببینێت. لەبەر ئەوە مەرج نییە هەمیشە خویندنەوە و ڕۆچوونە ناو دێڕ و دیالۆگەکانی شانۆنامەیەک بەس بێت بۆ گەیشتن له‌ گرێی دەروونی کاراکتەر و کەسایەتییەکان، بەڵکو لەپاڵ ئەمەدا دەبێت  ئاکتەر پرسیارگەلێک بوروژینێت دەربارەی ئەوەی کە ؛ ئەم کەسایەتییە کێیە، لە چ ژینگەیەک و لە کوێوە هاتووە، جۆری ململانێ و گڕی دەروونی چییە؟

چونکە لەم کەناڵەوە ئاکتەر دەتوانێت جۆرێک لە خوگونجاندن و هاوکات پردی پەیوەندی لە نێوان سیفاتە سروستی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان،  واتە ڕەهەندەکانی کەسایەتی دروست بکات لەگەڵ  توانستە فیزیکییەکانی خۆی وەکو ئاکتەر لەسەر ستەیج و لە کاتی بەرجەستەکردن، یاخود نواندندا.

کەواتە دەتوانین بڵێین پەنابردن بۆ شیکردنەوەی لایەنی دەروونی کەسایەتییه‌ درامییەکانی ناو هەرشانۆنامه‌یەک لە ڕێی بەکارهێنانی زانستی دەروونناسییەوە، بێگومان دەبێتە کلیلێک بۆ کردنەوەی دەرگای داهێنان  بە ڕووی ئاکتەر لە کاتی  ئەنجامدانی پرۆسەی نواندن و ڕۆڵبینیندا. هەربۆیە دەبێت تۆی ئاکتەر بزانیت کە کار و پیشەت لە شانۆدا بەتەنها بریتی نییە لە بەرجەستەکردنێکی سەرپێیی کەسایەتییەک،  یان پیشاندانی  هەندێک سیفاتی دیاری کاراکتەرێک لە ڕیی گۆڕینی چینی دەنگ و ئەنجامدانی هەندێک جوڵەی دیار و زیادەڕۆ و  باو لەسەر تەختەی شانۆ، تەنانەت نابێت لە هەوڵی  پیشاندان و نمایشکردنی توانستە (ڤۆكاڵی – دەنگی)  و (جەستەیی – فیزیکیەکانت) بیت لەسەر ستەیج  وەکو ئامانج لەبری نواندن، بەڵکو دەبێت بە هاوئاهەنگیی کار لەسەر کەشفکردن و پاشان پیشاندانی گرێ و باری دەروونی و سایکۆلۆژی ئەو کاراکتەرە بکەیت کە بەنیازیت بەرجەستەی بکەیت، هەڵبەت بە سود وەرگرتن و پەنابردنت بۆ هەندێک ئامراز و کەرەستەی  یارمەتیدەری  وەکو؛ ئاماژەی دەنگی و فیزیکی.  لەپاڵ ئەمانەشدا دەکرێت زانستی دەروونزانی زۆر هاوکار بێت لە شیکردنەوە و بەرجەستەکردنی، یان دەربڕین و نواندن لەو شانۆنامانەدا کە زیاتر ڕیالیستی و سایکۆلۆژی و وەهمخولقێنن، واتە ئاکتەر زیاتر پێویستی بە ڕۆچوونە ناو کاراکتەر و “ژیان لەگەڵ دەرووندا” هەیە.

گفتوگۆ لەگەڵ شانۆکار دانا ڕەئووف

دیدی من

شاخه‌وان سدیق


”ده‌قی خۆماڵی هه‌میشه‌ ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی له‌ دروستكردن و بونیادنانی شانۆدا گێڕاوه‌.“ 


شانۆ یه‌کێکه‌ له‌ هه‌ره‌ زیندووترین هونه‌ره‌کانى دونیا و ڕۆژانه‌ له‌ شاره ‌گه‌وره‌کانى دونیادا چه‌ندین نماییشى جیدى به‌ چه‌ندین شێواز و ڕێبازى جیاجیاوه‌ پێشکه‌ش ده‌کرێت. له‌ باشووری کوردستانیش تا ڕاده‌یه‌کى باش گرنگى به‌م بواره‌ دراوه‌، هه‌ر بۆیه‌ به‌ پێویستمان زانى له‌گه‌ڵ شانۆکار دانا ڕئووف، ده‌رباره‌ى گرنگیی شانۆ، ئه‌م دیداره‌ ساز بدەین.


ساڵانی ڕابردوو کۆمه‌ڵێک نماییش کران، که‌ زیاتر نماییشی شانۆی کلاسیکی بوون و ده‌قه‌کانیان زیاتر ده‌قی وه‌رگێڕاو بوون، ئه‌م کارانه‌ له‌ سه‌ره‌تادا بینه‌رێکی زۆریان هه‌بوو، به‌ڵام ورده‌ورده‌ ئه‌م بینه‌ره‌ نه‌ما تا ئه‌وکاته‌ی کۆڕی شانۆی با ده‌قی خۆماڵییان دروست کرد، ده‌قێک که‌ پێشتر نه‌بووه‌ و خۆیان دروستیان کرد، به‌ستیانه‌وه‌ به‌ بابه‌ته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه‌ و‌ ده‌قه‌کانیان باسکردن بوو له‌ ئه‌مڕۆ و ئێستای ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆمان. ئه‌م کارانه‌ بینه‌رێکی زۆریان هه‌بوووه‌ و بۆ چه‌ند ڕۆژێکی زۆر نماییش کران، هه‌ست ناکه‌ی تۆرانی بینه‌ری ئێمه‌ پێوه‌ندیی هه‌بووه‌ به‌وه‌ی که‌ ئه‌و ده‌قه‌ وه‌رگێڕاوانه‌ پێوه‌ندییان نه‌بووه‌ به‌ ئێستای کۆمه‌ڵگەی ئێمه‌وه‌؟ هه‌ست ناکه‌ن بینه‌ری ئێمه‌ شانۆیه‌کی ده‌وێت بیبه‌ستێته‌وه‌ به‌ واقیعی ژیانی خۆیانه‌وه‌؟

پێش هه‌موو شتێک، ده‌قی وه‌رگێڕاو و شانۆی کلاسیکی، سه‌رچاوه‌یه‌کی گرینگ و پێویستی هه‌موو شانۆ و بزووتنه‌وه‌یه‌کی شانۆییه‌، به‌بێ شانۆی کلاسیکی یان هه‌ر ده‌قێکی تری وه‌رگێڕاو شانۆ که‌لێنێکی گه‌وره‌ی تێدایه‌، ئه‌و که‌لێنه‌یش هه‌رگیز به‌ ده‌قی خۆماڵی پڕ ناکرێته‌وه‌. له‌ هه‌موو دونیادا شانۆ ته‌نها شانۆی خۆماڵی نییه‌ و شانۆ پرۆسه‌یه‌کی پێکه‌وه‌به‌ستراوه‌ و شتێکه‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تی پێکه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، ئه‌مه‌یش هۆکارێکی زۆر ساکاری هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شانۆ هه‌میشه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ مرۆڤ و خه‌ون و هیوا و ئازاره‌کانی مرۆڤ و پێوه‌ندییه‌کانی مرۆڤ به‌ یه‌کترییه‌وه‌. ئه‌گه‌ر نماییشکردنی ده‌قی وه‌رگێڕاو و کلاسیکی بینه‌ری له‌ شانۆ ته‌کاندبێته‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌بێ هیچ گومانێک هه‌ڵه‌ی ئه‌و ده‌قه‌ وه‌رگێڕاوه‌ یان کلاسیکییه‌ نه‌بووه‌ و نییه‌، به‌ڵکو هه‌ڵه‌ی ئه‌و که‌سانه‌یه‌، که‌ نماییشی ده‌که‌ن. شانۆنامه‌ تازه‌ و مۆدێرنه‌کان، له‌ پاڵ ده‌قه‌کانی شانۆی کۆنی گرێکی، شه‌کسپیر، مۆلییر، ستریندبێرگ، چێخه‌ف، برێشت، پینته‌ر… و هه‌زاره‌های تریش، که‌ به‌رده‌وام له‌سه‌ر شانۆکانی دونیا نماییش ده‌کرێن، نه‌ک هه‌ر بینه‌ریان له‌ شانۆکان نه‌ته‌کاندووەته‌وه‌، به‌ڵکو وزه‌یه‌کی گه‌وره‌بوون بۆ شانۆ، شانۆکاره‌کان و بینه‌ریان بێشوومار له‌ ده‌وری خۆیان کۆ کردووەته‌وه‌. ده‌بێ ئێمه‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خۆمان بکه‌ین، چۆن و بۆچی ئه‌و هه‌موو ده‌قه‌ کلاسیکییه‌ تا ئێستا به‌ به‌رده‌وامی پێشکه‌ش ده‌کرێن. گرفته‌که‌ ئه‌وه‌ نییه‌، که‌ ئێمه‌ ده‌قی وه‌رگێڕاو یان شانۆی کلاسیکی پێشکه‌ش ده‌که‌ین، گرینگ ئه‌وه‌یه‌ چی هه‌ڵده‌بژێریت و چۆنی پێشکه‌ش ده‌که‌یت. هه‌ر ئێستا، که‌ من وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی تۆ ده‌ده‌مه‌وه‌، هه‌ر کۆڕی شانۆی بایش نماییشێکی گه‌لێک سه‌رکه‌وتوویان له‌ شانۆی جیهانی و ده‌قێکی وه‌رگێراوه‌وه‌ پێشکه‌ش کردووه‌، که‌ ئه‌ویش مارا/سادە. له‌ ماوه‌ی ئه‌م سی چل ساڵه‌ی ڕه‌وت و بزووتنه‌وه‌ی شانۆی کوردیدا، له‌ چه‌ند هه‌لومه‌رجی جیاوازی وڵات و شاره‌که‌ماندا نماییش کراوه‌، بۆ نموونه‌، که‌ ئێمه‌ له‌ هه‌شتاکاندا و له‌ کاتی جه‌نگی عێراق و ئێران و له‌ تیپی شانۆی ئه‌زموونگه‌ری مارا/سادمان نماییش کرد، هه‌مان ئه‌م نماییشه‌ی ئێستا نه‌بوو، هه‌روه‌ها که‌ کۆمه‌ڵێک براده‌ری تر و له‌ که‌لاوه‌کانی ئه‌وسای ئوتێل حسیب ساڵح، دوای شه‌ڕی عێراق و ئێران مارا/سادیان نماییش کرد، هه‌مان نماییشه‌که‌ی ئێمه‌ نه‌بوو. که‌واته‌ گرفته‌که‌ ده‌قی وه‌رگێراو یان شانۆی کلاسیکی نه‌بووه‌ و نییه‌، به‌ڵکو هه‌ڵبژاردن و چۆنیه‌تیی نماییشکردن و چاره‌سه‌ره‌ هزری، هونه‌ری و ئێستاتیکییه‌کانه‌. که‌ له‌ دونیایشدا به‌ به‌رده‌وامی ده‌قی کلاسیکی نماییش ده‌کرێت، له‌ فۆرم و شێواز و ستایله‌ کلاسیکییه‌که‌یدا نماییش ناکرێت، گه‌ر وا بوایه‌ شانۆ ده‌مێ بوو مردبوو. کاری شانۆکار و شانۆ ئه‌وه‌یه‌ پرسیاره‌کانی ئه‌مڕۆ و هه‌ناسه‌یه‌کی نوێ له‌و ده‌قانه‌دا بدۆزێته‌وه. گرینگ نییه‌ چی نماییش ده‌که‌یت، کلاسیک، مۆدێرن یان ده‌قێک خۆتان له‌ کاتی پرۆڤه‌ و به‌کاری ڕاگوزاری و هاوبه‌ش ده‌ینووسن، گرینگ ئه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌وای ئه‌مڕۆ و ئه‌م ساته‌ هه‌ناسه‌ بدات و بژی. کاری شانۆ و شانۆکار ڕازاندنه‌وه‌ و دروستکردنی مۆزه‌خانه‌ نییه‌ له‌سه‌ر شانۆکان، هاوکات وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاریش نییه‌، به‌ڵکو ورووژاندنی پرسیاره‌کانه‌، ده‌رخستنی ڕاستییه‌کانه‌ و بێزارکردنی بینه‌رانه‌.

من له‌و بڕوایه‌دا نیم کۆڕی شانۆی با یان هه‌ر شانۆیه‌کی تر چ له‌ کوردستان یان له‌ هه‌ر سووچێکی تری ئه‌م دونیایه‌دا بتوانێت پشت بکاته‌ ئه‌و کلتووره‌ دێرین و گه‌وره‌یه‌ی شانۆی جیهانی و ته‌نها خۆی ده‌قی خۆی به‌رهه‌م بهێنێت. له‌و کاته‌دا زۆر که‌موکوڕیی تێدا ده‌بێت، نه‌ شانۆ گه‌شه‌ ده‌کات، نه‌ تواناکانی ئه‌کته‌ر و نه‌ دیدی ڕیژیسۆر. نووسینی ده‌قی خۆت و به‌ کاری هه‌ره‌وه‌زی و پرۆسه‌یه‌کی ڕاگوزاری، له‌ قۆناغ و ڕه‌وشێکی دیاریکراودا ئه‌زموونێکی باش و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و زۆربه‌ی شانۆکاره‌کانی دونیایش، بۆ نموونه‌ ئاریان موشکین و پیته‌ر برووک، کاری وایان کردووه‌، به‌ڵام پشتکردنه‌ شانۆی جیهانی و ده‌قی وه‌رگێڕاو و کلاسیکی و ته‌نهاوته‌نها خۆت به‌ کاری هه‌ره‌وزی ده‌قی تایبه‌ت به‌ خۆت به‌رهه‌م بهێنیت، ئه‌وا بێگومان تێنه‌گه‌یشتنێک هه‌یه‌. ده‌کرێت شانۆنامه‌نووسێک به‌ به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ گرووپێک کار بکات و ئه‌و گرووپه‌ ته‌نها ده‌قه‌کانی ئه‌و شانۆنامه‌نووسه‌ به‌کار بهێنن و نووسه‌ره‌که‌یش له‌ پرۆسه‌یه‌کی گه‌شه‌کردوودا، له‌ دیدی ڕیژیسۆره‌وه‌ ده‌قه‌کانی نووسێت. ئه‌م جۆره‌ کارانه‌یش نموونه‌یان له‌ شانۆی جیهانیدا زۆره‌ و ئه‌زموونێکی گه‌لێک ده‌وڵه‌مه‌نده‌. مولیر بۆ ئه‌و شانۆیه‌ی ده‌نووسی، که‌ خۆی کاره‌کانی تێدا پێشکه‌ش ده‌کرد، چێخه‌ف به‌ ته‌واوی خۆی ته‌رخان کردبوو بۆ شانۆی هونه‌ری مۆسکۆ، داریۆ فۆ نموونه‌یه‌کی تری دانسقه‌یه‌، که‌ خۆی نووسه‌ر، ئه‌کته‌ر و ڕیژیسۆر بوو. ئێستایش زۆر شانۆنامونووس هه‌ن، که‌ پێوه‌ندییان به‌ شانۆیه‌که‌وه‌ یان ڕیژیسۆرێکه‌وه‌ هه‌یه‌ و پێکه‌وه‌ کار ده‌که‌ن، ئه‌و ده‌ینووسێت، ڕیژیسۆره‌که‌یش له‌گه‌ڵ ئه‌کته‌ره‌کانی تاقی ده‌که‌نه‌وه‌ و له‌ گه‌شه‌یه‌کی دراماتۆرگیی گرینگدا چ ده‌قه‌که‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چێت و چ دیدی ڕیژیسۆر و هه‌روه‌ها ئه‌کته‌ره‌کانیش.

دیمه‌نێك له‌ شانۆیی مارا ساد

نه‌بوونی ده‌قی کوردییه‌ وای کردووه‌ شانۆکاره‌کان ده‌قی وه‌رگێڕاوی ئه‌ورووپی به‌کار بهێنن بۆ به‌رهه‌مهێنانی کارێکی شانۆیی یان چی؟ هه‌ست ناکه‌ی بینه‌ری ده‌قی شانۆیی کوردی زیاتر بێت؟

ئه‌ده‌بی کوردی بنه‌ماکانی له‌سه‌ر شیعر ڕۆناوه‌، شیعری کلاسیکی کوردی له‌ مه‌وله‌وییه‌وه‌ بۆ شێرکۆ بێکه‌س، سامانێکی گه‌وره‌ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و ڕۆڵێکی گه‌وره‌یشی له‌ پارێزگاریکردن و گه‌شه‌ی زمانی کوردیدا گێڕاوه‌. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ژانره‌کانی تری ئه‌ده‌ب، ڕۆمان و ته‌نانه‌ت کورته‌چیرۆک و ده‌قی شانۆیی ئه‌و مێژووه‌ درێژه‌یان نییه‌ و تا ڕاده‌یه‌ک به‌ ئه‌ده‌بی کوردی نامۆن. خۆ ئه‌گه‌ر کورته‌چیرۆک له‌ حه‌فتاکانه‌وه‌ هه‌ندێک هه‌نگاوی جیدیی نابێت، ئه‌وه‌ ڕۆمان له‌ کۆتایی هه‌شتا و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانه‌وه‌ زیاتر ده‌رکه‌وتوه‌ و بره‌وی به‌ ئه‌ده‌بی کوردی داوه‌. نووسینی ده‌قی شانۆیی تا ئێستا نه‌بووه‌ به‌ کلتوور و نه‌یتوانیوه‌ وه‌ک ژانرێکی سه‌ربه‌خۆ ده‌ربکه‌وێت و خۆی بسه‌پێنێت، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندین هه‌وڵی زۆر جیدی هه‌ن و به‌ر له‌ ڕۆمانیش چه‌ندان قه‌ڵه‌می به‌پێز و به‌توانا ده‌قی شانۆییان نووسیوه‌، بۆ نموونه‌ عه‌بدلڕه‌حیم ڕه‌حیمی هه‌کاری، پیره‌مێرد، ئه‌لف با هه‌وری و تا ده‌گاته‌ ئه‌نوه‌ر قادر ڕه‌شید، فه‌تاح خه‌تاب، ئه‌حمه‌د سالار، دڵشاد مسته‌فا و تا دوایی، که‌ جێگەپه‌نجه‌یان دیاره‌ و هه‌نگاوی گرینگ و پێویستیان ناوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا نووسینی ده‌قی شانۆیی نه‌بووه‌ به‌ کلتوور و نه‌یتوانیوه‌ جێگەی خۆی بگرێت. هیچ که‌سێکیش تا ئێستا سه‌د له‌ سه‌د خۆی بۆ ئه‌م ژانره‌ ته‌رخان نه‌کردووه‌. به‌ ڕای منیش یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کان گه‌شه‌نه‌کردن و بێهێزیی شانۆی کوردییه‌، که‌ نه‌یتوانیوه‌ چ له‌ ڕووی ڕیژی و چ له‌ ڕووی دراماتۆرگییه‌وه‌ بره‌و به‌ توانای ئه‌و شانۆنووسانه‌ی خۆمان بدات، ئه‌وه‌ی ئه‌وان نووسیویانه‌ له‌سه‌ر شانۆکان به‌رجه‌سته‌ی بکات. کاری شانۆنووسه‌کانی ئێمه‌ به‌و پرۆسه‌ هاوبه‌ش و هاوکارییه‌ گرینگه‌ی نێوان ڕیژیسۆر/شانۆنامه‌نووس، شانۆنامه‌نووس/ئه‌کته‌ردا نه‌ڕۆیشتوه‌ و سوودیان له‌ ئه‌زموونی یه‌کتری وه‌رنه‌گرتووه‌ و به‌رکه‌وتنێکی قووڵ و تێگه‌یشتنێکی دوولایه‌نه‌ بۆ پرۆسه‌که‌ نه‌بووه‌. بێگومان له‌م بارودۆخه‌یشدا شانۆکاره‌کان به‌ ده‌قی وه‌رگێڕدراو هه‌وڵی پرکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌یان داوه‌.

له‌ لایه‌کی تریشه‌وه،‌ ده‌قی خۆماڵی هه‌میشه‌ ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی گێڕاوه‌ له‌ دروستکردن و بونیادنانی شانۆدا، ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت ده‌قی سه‌رکه‌وتوو، هاریکاریی نێوان شانۆ، ڕیژیسۆر و شانۆنامه‌نووسه‌کان دروست ده‌کات، نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. چێخه‌ف ڕۆڵێکی بێهاوتا و گرینگی له‌ دروستکردنی شانۆی هونه‌ریی مۆسکۆدا بینیوه‌، ستانیسلاڤسکی هه‌رگیز به‌بێ چێخه‌ف نه‌یده‌توانی ئه‌و شانۆیه‌ دروست بکات، که‌ ڕۆڵێکی گرینگی له‌ مێژووی شانۆی جیهانیدا بینیوه‌. شانۆی هونه‌ریی مۆسکۆ چێخه‌ف ده‌کات به‌ شانۆنامه‌نووسێکی پله‌ یه‌ک، به‌ هه‌مان شێوه‌ چێخه‌فیش شانۆی هونه‌ر ده‌کات به‌ شانۆیه‌کی هونه‌ری، که‌ ناوبانگه‌که‌ی سنووره‌کانی هه‌موو دونیا ده‌به‌زێنێت.

بێگومان له‌م باره‌یشدا بینه‌ر زیاتر له‌ شانۆکان کۆ ده‌بنه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌کی ئاسانتر خۆیان له‌سه‌ر شانۆکان و له‌ نێو ئه‌کته‌ره‌کاندا ده‌دۆزنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌یبینن ڕاسته‌وخۆتر په‌یوه‌سته‌ پێیانه‌وه‌، ڕیژیسۆریش به‌ شیوه‌ و فۆڕم و ڕێگەیه‌کی تر هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی دیمه‌نه‌کان ده‌دات و ئه‌و ته‌کنیکه‌ی به‌کاری ده‌هێنێت زیاتر له‌ واقیعی ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆمانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ وه‌رده‌گرێت. ده‌مه‌وێت سه‌رله‌نوێ ئه‌وه‌یش دووپات بکه‌مه‌وه‌، که‌ ئه‌وه‌ی پێشکه‌ش ده‌کرێت، بۆ ئه‌وه‌ی شتێکی زیندوو و نزیک له‌ واقیعی مرۆڤی هاوچه‌رخ و مۆدێرنی خۆمانه‌وه‌ بێت، ده‌بێت به‌ هه‌وای ئه‌مڕۆ بژی و هه‌ناسه‌ بدات. ده‌بێت شانۆی کلاسیکی، مۆدێرنی وه‌رگێراو و ده‌قی خۆماڵی له‌ جووڵه‌یه‌کی دیالێکتیکیدا یه‌کتر ته‌واو بکه‌ن و سوود له‌ ئه‌زموونی یه‌کتر وه‌ربگرن.

”نووسینی ده‌قی شانۆیی نه‌بووه‌ به‌ کلتوور و نه‌یتوانیوه‌ جێگەی خۆی بگرێت.“

ئه‌مڕۆ ساردوسڕییه‌کی زۆر له‌ ناو دونیای هونه‌ریی ئێمه‌دا له‌ ڕووی نه‌بوونی ڕه‌خنه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت ڕه‌خنه‌ی هونه‌ری و شانۆیی. به ‌جۆرێ ئه‌و هه‌موو کار و نماییشه‌ تێده‌په‌ڕێت که‌س ته‌نها دوو دێڕی له‌سه‌ر ناڵێت، تۆ ئه‌مه‌ بۆ که‌مته‌رخه‌میی هونه‌رمه‌ندان ده‌گێڕیته‌وه‌، که‌ گرینگی به‌ بواری نووسین ناده‌ن یان ئه‌مه‌یش وه‌ک هه‌موو کێشه‌کانی تر په‌تای نه‌بوونی نووسه‌ری ڕه‌خنه‌ی هونه‌رییه‌؟

ده‌بێت ئێمه‌ ئه‌وه‌ باش بزانین، ڕه‌خنه‌ی شانۆیی یان ئه‌ده‌بی له ‌خۆوه‌ دروست نابێت، هه‌ر بۆ نموونه‌، گه‌ر تۆ ڕۆمانی کوردیت نه‌بێت و هیچ ڕۆمانێک نه‌که‌وێته‌ بازاڕه‌وه‌، ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییشت نابێت و که‌س قسه‌ له‌سه‌ر ڕۆمان ناکات. شانۆیش هه‌مان هاوکێشه‌یه‌، ئه‌گه‌ر نماییشی باش پێشکه‌ش نه‌کرێت و شانۆ نه‌بێت و هیچ ڕێپرتوارێکی شانۆیی له‌ئارادا نه‌بێت، بێگومان ڕه‌خنه‌ی شانۆیشمان نابێت. بزووتنه‌وه‌ی شانۆی کوردی سسته‌ و ڕێپۆرتوارمان نییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ڕێزیشت له‌ پرسیاره‌که‌تدا ئاماژه‌ت پێ کردووه‌، ڕاست نییه‌. له‌م یه‌ک دوو ساڵه‌دا، چ له‌ هه‌ولێر و چ له‌ سلیمانی کۆمه‌ڵێک کاری باش پێشکه‌ش کراون و له‌سه‌ریشیان نووسراوه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ شوێنه‌ گشتیه‌کاندا دانیشتن و گفتوگۆیشیان له‌سه‌ر کراوه‌. هه‌ندێک قه‌ڵه‌می باشیشمان هه‌یه‌، که‌ له‌ شانۆ ده‌گه‌ن و ئه‌وه‌ی ده‌ینووسن، له‌ خودی پرۆسه‌ شانۆییه‌که‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتووه‌. من بۆ نموونه‌ چه‌ند ناوێک ده‌ڵێم، که‌ به‌ڕاستی هه‌وڵی جیدییان له‌م بواره‌دا هه‌یه‌: حه‌مه‌سوار عه‌زیز، حەیده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان و هه‌ندێک ته‌قه‌لای ڕه‌خنه‌یی نیهاد جامییش.

له‌م ڕۆژانه‌دا، که‌ له‌ سلێمانی مارا/ساد نماییش کرا، چه‌ندین گوتاری ڕه‌خنه‌یی جیدییشی به‌دوای خۆیدا هێنا، هه‌روه‌ها ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر، که‌ شوان عه‌توف کارێکی مۆنوداراما، هاوکات شانۆنامه‌ی سێ خوشکی چێخه‌ف هه‌ر له‌ سلێمانی نماییش کران، به‌ هه‌مان شێوه‌ کۆمه‌ڵێک گوتاری ڕه‌خنه‌ییان بەدوای خۆیاندا هێنا. کاری جیدی هه‌میشه‌، کاردانه‌وه‌ی جیدییشی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌.

ڕه‌خنه‌گری شانۆیی به‌هایه‌کی گرینگی هه‌یه‌ و ڕۆڵی ئه‌و ته‌نها ئه‌وه‌ نییه‌، وه‌ک ڕاوێژکارێکی به‌سه‌لیقه‌، ڕێنمایی بینه‌ر بکات، تا کارێکی باش ببینن و کارێکی خراپ نه‌بینن. هه‌روه‌ها کاری ڕه‌خنه‌گریش ئه‌وه‌ نییه‌، دوای بینینی نماییشێک خاڵه‌ باش و خراپه‌کان ده‌ستنیشان بکات. ڕه‌خنه‌ی شانۆیی زۆر له‌وه‌ گرینگتر و پرۆسه‌یه‌کی ئاڵۆزتریشه‌. هه‌موو فۆرمه‌کانی هونه‌ر، شانۆ، مۆسیقا، وێنه‌کێشان و تا دوایی، به‌بێ ڕه‌خنه‌ و ڕۆڵی ڕه‌خنه‌، به ‌ڕای من له‌ژێر هه‌ره‌شه‌دایه‌. هونه‌ری مۆسیقا و وێنه‌کێشان به‌ ته‌واوی له‌م بواره‌دا فه‌رامۆش کراون و هیچ شتێک له‌سه‌ر پێشانگا و کۆنسێرته‌ مۆسیقییه‌کان ناوترێت و نانووسێت، به‌ڕاستی ئه‌مه‌ کاره‌ساته‌.

شانۆ هونه‌رێکی گرانه‌، هونه‌رێکه‌ به‌ ئاسانی ناگه‌یته‌ دوا ئه‌نجامه‌کان، ڕه‌خنه‌گری شانۆیش ده‌بێت ئه‌م ڕاستییه‌ بزانێت، ئه‌و توانا و جورئه‌ته‌ی هه‌بێت، په‌رده‌ له‌سه‌ر نه‌ک ته‌نها هه‌ڵه‌کان، به‌ڵکو له‌سه‌ر توانای هونه‌رمه‌نده‌کانیش هه‌ڵماڵێت. باشترین ڕه‌خنه‌گره‌کانی شانۆیش ئه‌وانه‌ن، که‌ ڕۆژانه‌ له‌ هۆڵی پرۆڤه‌کاندا داده‌نیشن و چاودێریی پرۆسه‌ی داهێنان و هه‌نگاو به‌ هه‌نگاوی کاری ئه‌کته‌ر و ڕیژیسۆر ده‌کات. ڕه‌خنه‌گر چاوی سێیه‌م و خوێنه‌ری سێیه‌می نماییشه‌که‌یه‌، دوای ئه‌کته‌ر و ڕیژیسۆر، ئه‌و نماییشەکه‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئاستی گه‌شه‌ و ته‌واوی پرۆسه‌ پراکتیکی و کرده‌ییه‌که‌ شی ده‌کاته‌وه‌ و توانای کردنه‌وه‌ی کۆده‌کانی هه‌یه‌. من له‌و بڕوایه‌دام، هه‌ندێک یان چه‌ند ڕه‌خنه‌گرێکی دیاریکراو تا ئاستێکی باش ئه‌و توانایه‌یان هه‌یه‌. بێگومان بینه‌ر یاخود ڕیژیسۆر و ئه‌کته‌ره‌کان چه‌ند هاوڕان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گر ده‌ینووسێت، ئه‌وه‌ شتێکی تره‌ و گرینگیش نییه‌.

به‌رگی كتێبی تیۆره‌كانی ده‌رهێنانی شانۆیی

ڕه‌خنه‌گری شانۆیی تا چه‌ند پێویستی به‌ تیۆری شانۆ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرێکی باش بێت؟ ئایا بنه‌مایه‌کی تیۆری بۆ ڕه‌خنه‌گر پێویسته‌؟

ڕه‌خنه‌گرێکی باشی شانۆیی ده‌بێت له‌ شانۆ بزانێت و له‌ هونه‌ری شانۆ بگات، شانۆ ئه‌ده‌ب نییه‌ و ئه‌و که‌سه‌ی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی ده‌نووسێت به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان پێوه‌ندی به‌ شانۆوه‌ هه‌بێت. کاتی خۆی ئه‌و که‌سانه‌ی ڕه‌خنه‌ی شانۆییان ده‌نووسی که‌سانی پسپۆر نه‌بوون، به‌ڵکو زیاتر ئه‌و که‌سانه ‌بوون، که‌ سه‌رقاڵی ئه‌ده‌ب و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بوون، وه‌ک کارێکی ئه‌ده‌بی باسی ناوه‌ڕۆک و بنه‌ما هزرییه‌کان و ده‌قه‌ شانۆییه‌که‌یان ده‌کرد، نه‌ک لایه‌نه‌ کرده‌ییه‌که‌ و ئێستاتیکای شانۆ. له‌ هه‌شتاکانه‌وه‌ ئه‌م ڕێچکه‌یه‌ گۆڕاوه‌ و ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌ ده‌نووسن، به‌شێکن له‌ شانۆ و کاره‌ شانۆییه‌کان. من خۆم، به‌رله‌وه‌ی بنووسم، چ وه‌ک ئه‌کته‌ر و چ وه‌ک ڕیژیسۆر کارم کردووه‌، ئه‌زموونی شانۆ و لایه‌نه‌ کرده‌یی و پراکتیکییه‌که‌م گواستووەته‌وه‌ بۆ نێو گوتاره‌ ڕه‌خنه‌یی و شانۆییه‌کان.

تیۆری شانۆیی و شیکردنه‌وه‌ی ده‌ق و تێگه‌یشتن له‌ پێکهێنه‌ره‌کانی تری نماییشی شانۆیی، ڕه‌خنه‌گر له‌ نماییش و سروشتی کاره‌که‌ زیاتر نزیک ده‌کاته‌وه‌ و دیده‌ ئێستاتیکییه‌که‌ی له‌ ڕاڤه‌ی ریژیسۆر و خوێندنه‌وه‌ی نماییشه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت. ئێمه‌ نامانه‌وێت ڕه‌خنه‌گر ڕیژیسۆ و ئه‌کته‌ر بێت، به‌ڵام پێویسته‌ له‌ کاری ڕیژیسۆر و ئه‌کته‌ر بگات، زانیاری له‌ مێژووی شانۆدا هه‌بێت و له‌ بنه‌ما دراماتۆرگییه‌کانی ده‌ق/نماییش بگات.

ڕه‌خنه‌یش چه‌ندین ڕێباز و ته‌وژمی تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌ و ده‌بێت ڕه‌خنه‌گر بزانێت له‌ چ بنه‌مایه‌کی فه‌لسه‌فی، ده‌روونی، جوانکاری یان هه‌ر ڕیبازێکی تره‌وه‌، نماییشه‌کان ده‌خوێنێته‌وه‌. ئه‌مه‌یش پێویستی به‌ ڕۆشنبیرییه‌کی قووڵ و گشتگیر و هه‌مه‌لایه‌ن هه‌یه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕه‌خنه‌گرێکی باش به‌بێ بنه‌مایه‌کی تیۆری نابێت به‌ ره‌خنه‌گرێکی باش و هه‌رگیز ناتوانێت کۆد و سیمبۆله‌کانی نماییش بدۆزێته‌وه‌ و نووسینه‌کانیشی بریتی ده‌بێت له‌ داڕشتن و وشه‌ڕیزکردن.

مارا/ساد لە نێوان خوێندنەوە و نمایشدا، بەشی چوارەم

دیدی من

ڕزگار حەمە ڕەشید

(نمایشی مارا ساد بەرهەمی کۆڕی شانۆی با، بە هاوکاری بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆ و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی؛ نوسینی پیتەر ڤایس، وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، دەرهێنانی هیوا فایەق، لە  ٦/١١/٢٠١٦ و ڕۆژانی دواتر لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرا. )

پانتایی گشتی نمایش:

 دیکۆر و سینۆگرافیای ئەم کارە لەلایەن هونەرمەند “شیروان خان” ەوە دیزاینی بۆ کرابوو. هەرچەند ڕوناکی کەمترین ئامادەیی هەبوو، بەڵام سەرباری ئەوەش، ئەو دیزاینەی شیروان سەرنجی بینەرانی بەلای خۆیدا ڕادەکێشا.

   لە نمایشی مارا ساد دا سەر شانۆ دابەشکرابوو بەسەر چەند پانتاییەکی سەربەخۆدا، بە جۆرێک ئەگەر هەر یەك لەو پانتاییانە بە جیا وەر بگرین دەتوانین وەك ڕووبەرێکی سەربەخۆ ئاماژەیان بۆ بکەین، بەڵام بە هەمووشیان ڕووبەرێکی گشتی و فراوانی نمایشەکەیان پێکدەهێنا.

لای ڕاستی شانۆکە بە پەردەیەکی شینی تەنك جیا کرابووەوە، لەودیو پەردەکەوە کۆمەڵێك قەرەوێڵە دەبینران و کرابووە شوێنی ژیانی نەخۆشەکان. ئەو ڕووبەرە نیمچە داپۆشراوە بیرهێنانەوەیەکی بەردەوام بوو بۆ بینەران کە ئێرە نەخۆشخانەیەکی دەروونییە و ئەوانەی چیرۆکەکانمان بۆ دەگێڕنەوە نەخۆشەکانن. لە نێوان پێرفۆرمانس و ژیانی ڕاستەقینەی نەخۆشخانە زیندانئاساکەدا، تەنیا ئەو پەردە شینە زۆر تەنکە هەیە کە زۆر جار هەستت بە تێکەڵبوونی هەردوو جیهانەکە دەکرد. جگە لەوەی لە ساتی یەکەمەوە وەك شێوازێکی هۆشیارانە بۆ سوود بینین لە تەکنیکی “پێش- نمایش” بە دەنگە دەنگێکی هێمن ئامادەکارییەکی لە کۆ نەستی بینەرەکاندا دروستدەکرد، بە جۆرێك تا کۆتایی نمایشەکە ئەوەیان بیر نەچێت نەخۆشەکان لەو گۆشەیەدا ژیان بەسەر دەبەن، تەنانەت ئەو کاتانەش کە ئەو گۆشەیە لە تاریکییەکی تەواودا بوو، یان هیچ کردارێکی تێدا ئەنجا نەدەدرا.

“پێش- نمایش” تەکنیکێکی زیرەکانەیە، مێشکی بینەران ئامادە دەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو، جگە لەوەی یارمەتی بەرەو پێشبردنی نەخشە و پیلانەکانی دەرهێنەر دەدات. لەم نمایشەدا، جگە لە دروستکردنی ئەتمۆسفێری خەستەخانەکە لەودیوی پەردەکەوە، هەر لە سەرەتادا دوو جاریش ڕوناکی دادەگیرسا و ساد هاواری لە جێبەجێکاری ڕوناکی دەکرد بیکوژێنێتەوە چونکە هێشتا ئامادە نین. ئەمەش دیسان وەك “پێش- نمایش” ئامادەکارییەکی باشە بۆ وریا کردنەوەی بینەران لە ڕووبەڕوو بوونەوەی تەکنیکی شانۆ لەناو شانۆ و یارمەتییان دەدات لە یاریەکانی نمایش نزیکتر ببنەوە.

بەشی سەرەوەی لای ڕاستی شانۆ تەرخان کرابوو بۆ جامخانەیەکی گەورە بە ڕەنگی سەوز و لە ناویشەوە مەقسەلەیەکی جێگیر کە بەردەوام لەبەر چاوی بینەراندا بوو. بەشی سەرەوەی لای چەپی شانۆش تەرخان کرابوو بۆ پلیکانەیەك و لەسەریەوە پەیژەیەك بەرەو بالکۆنییەك و لەوێشەوە دەچووە سەر دەرگایەك کە ئاشکرا نەبوو ئۆفیسی دکتۆرەکەیە، شوێنی خۆگۆڕینی سادە، یان تەنیا پارچە دیکۆرێکی ستەیجی نەخۆشخانەکەیە. حەوزێکیش لە ناوەڕاستی پێشەوەدا بە شێوەیەکی لاکێشەیی گەورە دروست کرابوو هەندێک جار بۆ سزادانی نەخۆشەکان بەکار دەهات، جارێك، لەو کاتەدا ساد باسی ماسیگر دەکات، هەموو دەستەکان (مجامیع) لە بەردەم حەوزەکەدا دەچنە سەر دەم و وای پێشان دەدەن ماسی دەگرن. لە کۆتاییشدا کۆردی بەو حەوزەدا دەپەڕێتەوە تا مارا بکوژێت. لە ڕاستیدا حەوزەکەش و مەقسەلەکەو سەبەتەی کەللە سەرەکان پێشتر لە نمایشی تری مارا ساد دا بەکار هێنراون و لێرەدا دووبارە بوون، بەڵام وەك پێویستیش نەخرابوونە خزمەت ئەم نمایشەوە.

 پەیوەندی بینەر و نمایش:

برووك لە پانتایی بەتاڵدا باسی ئەوە دەکات کە تەنیا شتێكی هاوبەش لە نێوان هەموو شێوازە شانۆییەکاندا ئەوەیە کە هەموویان پێویستیان بە بینەرە. زۆربەی شانۆکارانی ئەم نەوەیە بۆ برەودان بە پەیوەندی نێوان نمایش و بینەران فۆکەس دەخەنە سەر چەمکی “هۆگربوون”” intimacy ” و “بەشداری بینەران” . لەم ڕووەوە گرووپە شانۆییەکان ڕێچکەی جیاواز جیاواز تاقی دەکەنەوە تا باشترین ڕێگەی گەیشتن بە بینەرەکانیان بدۆزنەوە، دیارە ئەمەش پەل دەهاوێت بۆ دووبارە خوێندنەوەی جوگرافیای شانۆ و پرسیارە گرنگەکانی ئەو نێوەندە سۆسیۆ- ڕۆشنبیرییە لەو ساتە مێژووییەدا. بە درێژایی مێژووش ئەم گەڕان و لێکۆڵینەوانە شێوازە کارکردنی تایبەت بەو قۆناغانەیان هێناوەتە ئاراوە. ئاخۆ هێنانی بینەران بۆ سەر تەختەی شانۆ، دابەزاندنی شانۆ بۆ ناو هۆڵەکە، گەمارۆدانی بینەران بە نمایش، یان دوورخستنەوەیان لە یەك باشترین ڕێگای گەیشتنە بەو هۆگربوون و بەشداری پێکردنە؟  شانۆی خاوەن ستەیجی بەرز یارمەتی دروستکردنی ئەو دوورییە دەدات لەنێوان ئەکتەر و بینەراندا، ئەکتەرەکان لە ڕوناکیدا نواندن دەکەن و بینەرەکان لە تاریکییەوە تەماشا دەکەن. دواتر لە هەندێك شانۆی سەدەی بیستدا ئەوەی پێی دەگوترێت “دیواری چوارەم” ڕوخێندرا و لەو ڕێگایەوە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆتر و گەرموگوڕتر لەنێوان ئەکتەر و بینەرەکانیدا دروست دەکرا. ئێستاش پرسیاری گرنگی شانۆ هێشتا ئەوەیە ئاخۆ پەیوەندی لەگەڵ بینەرەکانیدا چۆن ببەستێت، یان چۆن کاریگەرییان لەسەر دابنێت. لە نمایشی مارا ساد دا جگە لە چەند ساتێکی کەم، ئەو دوورییەی نێوان بینەر و ئەکتەر پارێزرابوو. شێوازی گێڕانەوەو ڕیتمی هونەری و دایەلۆگەکان هۆکاری گرنگ بوون بۆ دروستکردنی ئەو ئاوێتە بوون و لێک نزیکبوونەوەیە، بەڵام هاتنی مارا بۆ ناو بینەران و داوای ساد لە بینەران بۆ کچێکی خۆبەخش ، جۆرێك لە پچڕانی دروست دەکرد، چونکە تێکڕای نمایشەکە لەسەر وەهماندن Illusion بنیاد نرابوو، بەڵام وەهماندن بە شێوازی شانۆ لەناو شانۆ، وەك ئەوەی دەقەکەی پێنوسراوە و نمایشەکەیشی لەسەر بینا کراوە.  شانۆ لەناو شانۆش بە خۆی دوو ئاستی وەهماندن بەسەر کارەکەدا دەسەپێنێت ( ١/ خودی نمایشەکە  ٢/  نواندن و بەرجەستەکردنی چیرۆکی دووەمی ناو نمایشەکە) هەندێك دەرهێنەر  بە مەبەستی کاریگەریدانان لەسەر بینەر، یاری وەهماندنەکە دەبەنە ئاستی سێیەم. لەو حاڵەتەدا جگە لە گەمەی دەربڕینی کارەکتەرەکان لەناو شانۆکەدا و شانۆی ناو شانۆکەدا، ئەکتەرەکان وەك خۆشیان ئامادەییان دەبێت. لە مارا ساد دا یاری وەهماندنەکە وەك گەمەی شانۆ لەناو شانۆ کاری پێکرابوو، وەك تێکستەکەی ڤایس خۆی. بینای ئاستی سێیەمی وەهماندن وەك گەمەیەکی شانۆیی لەم نمایشەدا کاری پێ نەکرابوو، بۆیە بینەر هەستی بە پچڕانێك دەکرد لەو ساتاندا کە پێشتر باسم کردن. جگە لەوەی دایەلۆگی کۆتایی دکتۆر : با کتێبی مێژوو داخەین و بگەڕێینەوە بۆ ئێستا کە ساڵی ١٨٠٨ە…. چونکە ئێمە لە چاخێکی تازەداین، ئەمڕۆ جیاوازە لەگەڵ دوێنێ، ئیمڕۆ نە چەوسێنەر ماوەو نە تاوانی گەورەو نا بەجێ…هتد)  گۆڕینی ئەو مێژووە بۆ٢٠١٦  نەك خزمەتی بە نمایشەکە نەکرد، بەڵکو وەك کۆنکلوژن و دەرەنجامی نمایشەکەی لێهات. وەك ئەوەی هەموومان هاوڕا بین لەسەر ئەوەی ئێستا نە چەوسێنەر ماوەو نە تاوانی گەورە. کە من دڵنیام ئەوە نە گوتاری دەرهێنەرەو نە هی بەشداران.

ساتە زۆر تایبەتەکانی نمایش:

١/ ئەو دیمەنەی مارا قسەی بۆ کۆمەڵەی نیشتمانی دەکرد و توانیبووی جڵەوی دەسەڵات بەسەریاندا بگرێتە دەست و زۆرینەی دەنگەکان بەلای خۆیدا ڕا بکێشێت، بە جۆرێك وردە وردە کۆنترۆڵی هەموویانی دەکرد و دەیکردنە هاو بۆچوونی خۆی، ساد لای مەقسەلەکەوە بێ جووڵە وەستابوو تەماشای دەکرد، وەك ئەوەی بەهێز بوون و سەرکەوتنی مارا کۆتایی بە جیهانەکەی ساد بهێنێت. جگە لە خوێندنەوەی ماناکانی ئەو ساتە، لە ڕووی ئیستاتیکیشەوە وێنەیەکی شانۆیی زۆر سەرنجڕاکێش بوو، بە جوانی کار لەسەر ڕێکخستنی دووری کرابوو.

٢/  جەللادەکەی لای مەقسەلەکەوە کاتێك سەری قوربانییەکانی  دەپەڕاند دەمامکێکی بەستبوو. دواتر لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی نیشتمانی و سەرکردەکاندا، هەموویان دەمامکیان بەستبوو. وەك دەلالەتێکی ئایکۆنی ” کە لەم نمایشەدا زۆربەی ئاماژەکان بە خوێندنەوەیەکی سیمۆلۆجی، بە دەلالاتی ئاکۆنی بارکرابوون” ، ئەمەش گواستنەوەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ بەستنەوەی مەدلوولی ڕستەکان بە وێنە کردەییە شانۆییەکەوە، ئەویش لەو گۆشەیەی دەقەکەوە کە باس لە شۆڕشگێرەکان دەکات چۆن بوونەتەوە بە جەللاد.

٣/ بینینی ئاکام تایەر لەم نمایشەدا ئاسوودەییەکی زۆری دەبەخشییەوە، نەك تەنیا لە بەرزی ئاستی ئەدای کارەکتەری ساد دا، کە بە بڕوای من توانرابوو تواناکانی بتەقێنرێنەوەو بەتەواوی بخرێنە خزمەتی ئەم نمایشەوە، بە تایبەتیش کاتی لێدانەکە، بەڵکو توانایەکی مەعریفی بەرزیشی نمایش دەکرد، ئەدای ئەکەترێکی هۆشیار بە وردەکاری هێڵە فەلسەفیەکانی کارەکتەرەکە.

٤/ ئامادەیی نەوا ( پیانۆژەنەکە) لە سەرەتاوە تا کۆتایی توانیبووی ڕیتمی نمایشەکە دەستنیشان بکات و کۆنترۆڵی پانتایی گشتی شانۆکە بکات. نەوا لەم کارەدا بە دەنگ و پیانۆ ژەنین و نواندن وەك ڕۆحی نمایشەکە دەبینرا.

٥/ هەرچەندە لەم کارەدا تەها محەمەد بەشێکی زۆری قورسایی کارەکتەرەکەی کورت کردبووەوە بۆ دەنگێکی بەرز و تا ڕاددەیەك هاوار کردن، کە ئەمە زۆر زیانی بە نواندن و بەرجەستەکردنی کارەکتەری “مارا” گەیاندبوو، بەڵام لە گۆڕینی کارەکتەرەکاندا، لە مارا وە بۆ نەخۆش، توانای ڕاستەقینەی تەها دەبینرا، بە تایبەتیش ئەو کاتەی تووشی ترس دەبوو وە خۆی تێکەڵی نەخۆشەکانیتر دەکرد.

٦/ سیمۆن “نوا” وەك ئەکتەرێکی وریا لەناو دەستەکاندا( مجامیع)، بەتایبەتی ئەو کاتەی پاڵیان پێوە دەنان بگەڕێنەوە لای قەرەوێڵەکان، زۆر بە نەرمی بە بزەیەکی جوانەوە دەیویست بەرەو بینەرەکان بڕوات، کە سستەرەکانیش ڕێگرییان لێ دەکرد، بێزاری خۆیی پیشان دەدا و لە هەمان کاتدا تەماشای بینەرەکانی دەکرد و بۆیان پێدەکەنی. زۆر زیرەکانە و بە وریایی ئەکتەرێکی لێهاتووەوە حاڵەتە دەروونییە زۆر شڵەژاوەکانی کارەکتەرە نەخۆشەکەی بەرجەستە دەکرد

٧/ جاك- رۆ ” تاهیر عەبدولواحید” وەك پێشتر باسمانکرد، بە جووڵە گرژەکانی و هاوارەکانی هەوڵیدەدا کارەکتەری قەشەیەکی ڕادیکاڵی هەڵگەڕاوەی تووڕە بەرجەستە بکات. یەکێك لە ساتە زۆر سەرنجڕاکێشەکانی ئەو کاتە بوو دەستی دەخستە پشتیەوە و بە شێوەیەکی تێکەڵ لەنێوان کارەکتەری نەخۆشێك و کارەکتەری جاك رۆ بەرەو پێشی شانۆکە دەگەڕایەوە بۆ تەواوکردنی دایەلۆگەکانی.

٨/ حیکایەتخوان: (شاد شەوکەت) جەستەیەکی ئامادە بۆ کارکردن، هەرچەندە هەندێجار لە دایەلۆگەکانیدا پەلەی دەکرد و بینەر فریای ووشەکانی نەدەکەوت، بەڵام بە جەستە توانیبووی سەر تەختەی شانۆ داگیر بکات، بەتایبەتی لەو شوێنەدا کە یەکێك لە نەخۆشەکان بەملاو بەولادا هەڵیدەدات، زۆر هونەریانەو ەك ئەکتەرێکی بەتوانا ئەو ساتانەی بەرجەستە دەکرد.

بەگشتی نمایشەکە و ئەکتەرەکان ووزەیەکی زیندوویان پێشکەش کردین، هیوادارم ستافی ئەم کارەش لە گەڕان و پرسیار و ڕاڤە و ڕاهێنانەکانیان شانبەشانی هونەرمەندە چالاکەکانی تری ئەو بوارە بەردەوام بن و هەمیشە دۆزینەوەی تازەترمان پێشکەش بکەن.

تەواو

خوێنەر و کتێب: دەتەوێت ببیتە خوێنەر و بینەر و دەرهێنەری نماییشنامەیەک؟

دیدی من – خوێنەر و کتێب

کتێب: دکتۆرا

نووسەر: برانسیلاڤ نوشیچ

خوێنەر: بەرهەم ئەنوەر

لە ساڵی ١٩٣٦دا، نوسەری یۆگسلاڤی برانسیلاڤ نوشیچ کۆمیدیای دکتۆرا دەنوسێت، منیش دوای ٨٠ ساڵ و بۆ دووەمین جار و وەک یەکەمین کتێبی ساڵی نوێ، شانۆنامەکە دەخوێنمەوە. هەڵبەت لەو جۆرە شانۆییانەیە، کە خوێندنەوەیان نەک ماندووکەر نییە، بەڵکو چێژبەخشیشە.

جەنگ و دەرئەنجامەکانی، چەندە مایەی ماڵوێرانییە بۆ چینێک، هێندەیش سەرچاوەی ژیان و خۆشگوزەرانیی گرووپێکە. لە سەردەمێکدا کە هێشتا ئەورووپا بە دەست وێرانکارییەکانی یەکەم جەنگی جیهانییەوە دەناڵێنێت و دەنگۆی بەرپابوونی دووەم جەنگی جیهانییش وەک با دەگاتە گشت جێیەک، ڕێی تێدەچێت هەندێک هەلپەرست دۆخی دۆزەخیی وڵات بەکار بهێنن بۆ بەرژەوەندی ئابووریی خۆیان. ناکرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ زەمەنی نوسینی ئەم دەقە، قسە لەسەر جەوهەری شانۆنامەکە بکەین، نەک لەبەر ئەوەی دەقێکە لەبارەی جەنگەوە نوسراوە، هەرگیز، بەڵکو لەبەر ئەوەی فەزای دوای جەنگ هەوێن و دروستکەری ئەم چیرۆکانەیە.

شانۆییەکە چیرۆکی بۆرژوازێکی تازە هەڵکەوتووی نێو سیستەمێکی گەندەڵ و دوور لە یاسا دەگێڕێتەوە. سیستەمێک بە هۆی ناجێگیریی دۆخی سیاسی و ئەمنی، لە قەیرانی قووڵدایە و تەژییە لە بۆشایی یاسایی. کاکی بۆرژوازی هەلپەرستیش (جیفوتا تسفیوفتش) ئەم بۆشاییە یاساییانە بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی خۆی بەکار دێنێت. ئامانجی سەرەکیی جیفوتا تسفیوفتش گەیشتنە بە دەسەڵات و نزیکییە لە وەزیران و فەرمانڕەوا باڵاکان. بەم شێوەیە…

جیفوتا تسفیوفتش بیر لەوە دەکاتەوە دکتۆرانامەیەکی فەلسەفی بۆ کوڕە نەزان و هیچلەباردانەبووە تاقانەکەی (میلاراد) بەدەست بهێنێت. بە ناوی خوێندنەوە (لە ڕاستیدا بۆ سەفا و گەڕان) کوڕەکەی دەنێرێتە دەرەوەی وڵات، هەمان کات کوڕێکی زیرەک و هەژار (فیلیمیر) پەیدا دەکات و بە ساختە هەمان ناو و نازناوی کوڕەکەی خۆی بۆ دروست دەکات و بۆ بە دەستهێنانی بڕوانامە دەینێرێتە دەرەوە. واتە فیلیمیر بە ناوی میلارادەوە و لە جێی ئەو دەخوێنێ!

برانسیلاڤ نوشیچ

بۆ جیفوتا تسفیوفتش ئامانجی سەرەکیی ئەم بڕوانمە ساختەیە (دکتۆرا لە بواری فەلسەفە) بۆ ئەوەیە کوڕەکەی (میلاراد) بە ساختە، بکاتە زانا و ببێتە مامۆستای زانکۆ، تا بەو هۆیەوە بیانووی داخوازیکردنی کچی وەزیرانی هەبێت. کە دەبیستن هێڵێکی شەمەندەفەر لێ دەدرێت، ڕاستەوخۆ، دەنێرنە خوازبێنی کچی وەزیری سکەی قیتاران، تا لە بەرانبەردا چەند هەزار مەترێک هێڵی شەمەندەفەر (وەک جیازی) وەربگرن و بکرێت بە ناویانەوە! بەڵام بێئاگان لەوەی فیلیمیر، کە بە ناوی کوڕەکەی ئەمانەوە لە دەرەوەی وڵات خوێندویەتی و بڕوانامەی بۆ هێناونەتەوە، ئێستا ژنی هێناوە و منداڵێکیشی لێ هەیە. واتە بەڕێز جیفوتا تسفیوفتش ئێستا بووەتە باپیرە. میلارادی کوڕیشی، تەنیا بە ناو، ژنێک (کلارا)ی فریبۆرگی هەیە و بووەتە باوکی بیبیکی چوار ساڵان!

بابەتی چیرۆک لەم شانۆیەدا بە ڕادەیەک سەرنجڕاکێشە، نادیدەگرتنی ئەستەمە. دڵی ئەم نماییشنامەیە، چیرۆکە، بەڵام جوانییەکەی لەوەدایە وەزیفەی چیرۆک (وەک ژانرێکی سەربەخۆ) ونە و ئەو ئەرکە بە شانۆ بەخشراوە. لەگەڵ ئەوەیشدا هێڵی درامیی شانۆییەکە لە هەڵکشانێکی لەسەرخۆ و بەردەوامدایە و لە لوتکەی ڕووداوەکاندا ئەوەی جیفوتا تسفیوفتش بە ساختە بونیادی ناوە، دەڕمێت.

ئەم نماییشە بە ئەندازەی ئەوەی کۆمیدییە، ڕەخنەییە. لێدانە لە وەهمی باوکسالاری و داماڵینی ماسکی بۆرژواکانە. خستنەڕووی ئەو ناشرینی و سوکایەتییەیە، کە بەرانبەر بەها پیرۆزەکان دەکرێت؛ جیفوتا تسفیوفتش وەک نوێنەری سەرمایەداری گاڵتەی بە فەلسەفە و خوێندن دێت. فیلیمیر وەک نوێنەری زانستخوازان، لە بەردەم پارەدا چۆک دادەدات. کلارا لەپێناو ساماندا خۆشەویستی و هاوسەرگیری دەکات، تەنانەت منداڵیشی دەبێت. ئەم نماییشە زۆر هونەرمەندانە تەمی پێش چاومان ڕادەماڵێت و گەندەڵیی یاسایی و کۆمەڵایەتی و خێزانیمان پێشان دەدات. لێرەدا هیچ کەسایەتییەکی پاک و ئازا و بێگوناه نییە. هەموان لە دۆخی تایبەتیدا هەلپەرست و تەماحکارن. هەموان کەم و زۆر هەڵگری ئەو خەسڵەتە ناشیرینانەن کە فەزای قێزەونی جەنگ بەسەر کۆمەڵگاکاندا دەیسەپێنێ! هەر ئەمەیش شانازیی شانۆی ڕیالیزمە.

شانۆیی دكتۆرا

لایەنێکی دیکەی داهێنەرانە لەم شانۆنامەیە چوارپەردەییەدا، دوانەی کارەکتەرسازی/دیالۆگە. لێهاتوویی نوشیچ لەوەدایە گونجاندنێکی سەرنجڕاکێش لەنێوان پاراستنی تایبەتمەندی کەسایەتییەکان و دیالۆگی نێوانیان، بۆ بەرەوپێشچوونی ڕووداوەکان، دروست دەکات. ئێمە لە ڕێی دیالۆگە پوخت و مانادارەکانەوە بە سروشتی کارەکتەرەکان  ئاشنا دەبین، هەر ئەمیش چیرۆک بەرەو پێش دەبات. لە ڕاستیدا هەر ئەم تەکنیکەیشە، شانۆ وەک ژانر لە چیرۆک و حیکایەت جیا دەکاتەوە.

سەیرە، دەتوانیت، دەکرێت لە کاتی خوێندنەوەی دەقەکەدا، بەدەم پێکەنینەوە، نماییشەکەی لە خەیاڵتدا بەرجەستە بکەیت! ئەم تایبەتمەندییە شانۆنامەکەت لا دڵگیرتر دەکات و زیادتر وابەستەی چیرۆک و دیالۆگ و کەسایەتییەکانت دەکات. بیهێنە پێش چاوت، تۆ بە نماییشێک پێدەکەنیت کە (بە هۆی دەقێکەوە) لە خەیاڵی خۆتدا ڕوو دەدات! تۆ چیتر تەنها خوێنەرێکی ئاسایی نیت، بەڵکو دەرهێنەر و بینەری شانۆییەکەیشیت. ئەم لێهاتووییەی خۆت دڵخۆشت دەکات. هەڵبەت ئەمەیش لە توانایی و هێزی نووسەر و تۆکمەیی دەقەوە سەرچاوە دەگرێت.

مارا/ساد لە نێوان خوێندنەوە و نمایشدا، بەشی سێیەم

 

دیدی من

ڕزگار حەمە ڕەشید

(نمایشی مارا ساد بەرهەمی کۆڕی شانۆی با، بە هاوکاری بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆ و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی؛ نوسینی پیتەر ڤایس، وەرگێڕانی شێرزاد حەسەن، دەرهێنانی هیوا فایەق، لە  ٦/١١/٢٠١٦ و ڕۆژانی دواتر لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایشکرا. )

لاقەکردنی نەخۆشێك لەلایەن سادەوە:

   لە یەکێك لە ساتەکانی نمایشدا، ساد دەڵێت: “پڕ بە دڵ حەز دەکەم کچێك لە باوەش بگرم”، دواتر کچێك لەناو دەستەکاندا هەڵدەبژێرێت و داوای لێدەکات لەو کاتەدا کە ئەم باسی شۆڕش دەکات، ئەو کچە بە قامچییەك بکەوێتە وێزەی ( کە بەڕای من ئەمە یەکێك بوو لە ساتە زۆر جوان و تایبەتەکانی نمایشەکە) دواتر و لە نزیکی کۆتایی نمایشەکەدا ساد هەمان ئەو کچە دەفڕێنێت بۆ ژێر زەمینەکە. لێرەوە دەمەوێت باسی ئەوە بکەم کە کرداری لاقەکردنەکە بە کێشەیەکی نا ئاساییدا تێدەپەڕێت. ئێمە ساد دەبینین وەك هەڵۆ هەڵدەکوتێتە سەر کچەکە و دەیڕفێنێت، کچەکە زۆر بەرگری دەکات و لە ژێرزەمینەکەشەوە گوێمان لە دەنگی هاواری ناڕەزایەتیەکانیەتی. کەچی دواتر کە دێتە دەرەوە سوپاسی مارا دەکات و یەکەم کەسیشە گۆرانیەکە دەڵێتەوە: خێری شۆڕش دەبێت چی بێت گەر نێر و مێ تێکنەئاڵێن. دیارە ئەگەر پرۆسەکە بە شێوەیەکی  ئاسایی تێبپەڕیایە، دەمانتوانی بیر لەوە بکەینەوە ئەمە دەشێت ئەو کچە منداڵە ١٤ ساڵانەیە بێت کە ساد لە نەخۆشخانەکە ( وەك ئەوەی لە مێژووی ڕاستەقینەی ژیانی ساد دا هەیە) کردوێتی بە دۆستی خۆی. واتە پەیوەندی سێکسی نێوان ساد و دۆستەکەی. بەڵام هەمیشە لاقەکردن پەرچەکرداری زۆر دوژمنکارانەی بەدوای خۆیدا دەهێنێت نەك سوپاسگوزاری و بڕوا هێنان. ئێمە چۆن لە ساد تێدەگەین و خوێندنەوەی بۆ دەکەین و چیرۆکەکانی دەبیستین، ئەوە تێڕوانینی ساد خۆیەتی، بەڵام کرداری لاقە کردنەکە نەك سیکسکردن، کەسێکیتر تێوە دەئاڵێت کە لەناو دەستەی خەڵکەوە فڕێنراوە ( مجامیع) و یەکێکە لە نەخۆشەکان.

 سەماکە وەك ساتێک بۆ پشووی بینەران:

لە ڕووی هونەرییەوە سەماکەی کۆردی و دۆبریێ ساتەوەختێکی ئیستاتیکی گرنگە بۆ نمایشێکی دوو سەعاتی، پشوویەك بە بینەرەکانی دەدات و لێیان دەگەڕێت هەناسەکی تازەبوونەوە بدەن، بەڵام سەمای فلامینگۆ بۆ کارەکتەری کۆردی چ ئەکتەر و چ بینەران دوور دەخاتەوە لە باکگراوندی ئایینی کەرەکتەرەکە، ئەمەش دابڕانێکی قووڵە لە سەرجەم هێڵە درامییەکانی داڕشتنی تایبەتمەنێتیەکانی و هۆکاری ڕاکێشانی ئەو کارەکتەرە مێژووییە، لەناو چەندەها کارەکتەری گرنگیتردا، بەو پیشاندانە وردانەوە کە بریتین لە ژیانی ئەو لەناو نەخۆشخانەکەدا و ڕابردووی ئەو لە ژیانی دێر و کەنیسە و سرووتە ئایینیەکاندا. خەواڵوویی کارەکتەرەکە زۆر نزیکە لە بەرجەستەکردنی کاریگەری ئایین لەسەر زیهنییەتی ئەو کەسانەی دوای کەوتوون. ئەوەی مارا دەکوژێت کەسێکی ئایینیە نەك نەیارێکی سیاسی، بەڵام ئەوانەی تلیاکی عەقیدەیان دەرخواردی کۆردی داوە و خستوویانەتە سەر ڕێگای کوشتنی کەسێك، نەیارە سیاسییەکانن. کۆردی گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی بە کوشتنی مارا، سەرجەم کێشە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان چارەسەر دەکرێن، کۆردی: مارا، من هاتووم تۆ بکوژم تا هەموو خەڵك ئازاد بن. گەیشتنی کۆردی بەم فاکتە ڕەهایە، پەیوەندی بەو ئامادەییەوە هەیە مرۆڤی دیندار هەیەتی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە دنیاییەکانی خۆی، بۆ مسۆگەر کردنی ژیانێکی باشتر لەو دیو پەردەی ژیان خۆیەوە. ئەم کارەکتەرە، وەك ئەوەی لە دەقەکەدا هەیە، بەشداری هیچ چالاکییەکی دەستەکان ( مجامیع) ناکات و کاتەکانی خۆی بە خەوتنەوە بەسەر دەبات، عاشقی دۆبریێیە، بەڵام ناهێڵێت هیچ پەیوەندییەکی جەستەیی لە نێوانیاندا دروست ببێت، پێیوایە لە ژیانەکەیتر دەتوانن بەیەك بگەن وبەختەوەر ببن. گۆڕینی ئەم ڕوخسارە بە کچێکی دنیایی و سەماکەر، تا ڕاددەیەک تێگەیشتنەکانمان بۆ ئەو کارەکتەرە و گرنگی بوونی ئەو هێڵە مەعریفییەی نمایشەکەمان لێ ئاڵۆز دەکات.  لە دیزاینی کارەکتەرەکەدا و ئامادەیی جەستەیی کۆردی لەسەر ستەیجەکە و جووڵانەوەکانیدا، ئەوەی جێگای سەرنج و دەستخۆشییە جووڵە ڕێکەکانیەتی. بە درێژایی نمایشەکە ئێمە کۆردی دەبینین بەسەر کۆمەڵێك هێڵی ڕێکدا هەنگاو دەنێت، یان بە جووڵانەوەکانی  کۆمەڵێك هێڵی ڕێك دروست دەکات. سەرەتا دەیبینین بە شێوەیەکی تەریب بە بینەران ڕاکشاوە، دواتر بە هەمان شێوە بەرز دەکرێتەوە و دەهێنرێتە پێشەوە بۆ ناساندن، ئیتر لە هەموو پاڵکەوتنەکانیدا ئەو شێوە تەریبەی وەر گرتووە و هەموو جارێکیش کە بە ئاگای دەهێننەوە، بە چالاکییەکەوە کە لە کەسی خەتوو ناوەشێتەوە، هەنگاو بۆ پێشەوە دەنێت و هەنگاوەکانیشی لە کۆمەڵێك هێڵی ڕێك زیاتر نین. هێڵی ڕێکیش وەك ئاشکرایە هێمایە بۆ فەرمان بەجێهێنان، هاوشێوەیی، ڕێکوپێکی و پاراستن و دووری لە ترس و دڵەڕاوکێ. زۆر جاریش هێڵی ڕێك هێمایە بۆ سپیریچوالیزم. هەموو ئەو تایبەتمەندێتیانەش فۆرمی ڕاستەقینەی کارەکتەری کۆردین بە نواندنی نەخۆشێکی دەروونی کە خۆیی لەناو ئەو کارەکتەرەدا تواندۆتەوە، دواجاریش بە نواندنی خوێندکارێکی شانۆ لە سەرەتاکانی کارکردنیدا وەك ئەکەرێك ( دیە عەلی ) بۆ بەرجەستەکردنی هەردوکیان. وەك لەسەرەتادا باسمان کرد، ئەو وردەکارییە لە جیاکردنەوەی شێوازی جووڵانەوە و ڕۆیشتنەکانی سەر شانۆ، یەکێکە لە خاڵە پرشنگدارەکانی ئەم نمایشە کە هەست دەکەیت ئەکتەرەکان بە یارمەتی دەرهێنەر ( هیوا فایەق) تایبەتمەندێتییەکانی کارەکتەرەکانیان لەسەر هەڵچنیوە.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم وەك چۆن باسی هێڵە ڕێکەکانی کۆردیمان کرد، دەربارەی هەندێك لە کارەکتەرەکانی تریش قسە لەسەر هێڵی جووڵانەوەکانیان بکەین لە پانتایی نمایشەکەدا، چونکە وا دەردەکەوێت هەر یەکەیان و شێوازێکی تایبەتییان بۆ دەستنیشانکراوە، ئەمەش ڕێگایەکی دروستە بۆ گەیشتن بە کارەکتەرەکە.

مارا زۆربەی کات لەناو بانیۆکەیدا دانیشتووە، بە درێژایی نمایشەکە سێجار شوێنی بانیۆکە دەگۆڕدرێت ( لە سەرووی لای ڕاستەوە بۆ ناوەڕاستی لای چەپ و دواجاریش بۆ خوارووی لای ڕاست) ئەم سێ جووڵەیەی مارا و بانیۆکەی شێوەی سێگۆشەیەك دروست دەکات. وەك دەزانین سێگۆشە لە هەزاران ساڵ پێش زایینەوە بە چەندین دەلالاتی فیکری و ڕۆحی و کۆمەڵایەتی بار کراوە، بەڵام هەر کاتێك قسە دێتەوە سەر سێگۆشە، ناتوانین خۆمان لە ژمارە سێ بدزینەوە، چونکە سێگۆشە لە زۆربەی زمانەکاندا پەیوەستە بە ژمارە سێ وە. زۆربەی وانەکانی تەسەووفیش ژمارە سێی لەخۆ گرتووە.  لە کۆنەوە وەزیفەی ژمارەکان بەم جۆرە جیا کراونەتەوە، ژمارە ١ بریتییە لە هێز، دەسەڵات، نێر، ڕەچەشکێن و ئاکتیڤ، بەڵام بیرکەرەوە و فەلەسوف نییە، بەڵکو شەڕکەر و هێرشبەرە. ژمارە ٢ فێمینیانە، هێزێکی مێینەی ئاشتیخوازە، تاکتیک و دیبلۆماسییەت بەکار دەهێنێت بۆ فەراهەمکردنەوەی ئاشتی. لێرەوەیە ژمارە ٣ بریتییە لە فەزیلەت و حیکمەتی ڕاستەقینە، بۆیە سێگۆشەش لەناو ئەو مێژووە ڕەمزییەدا هەمان ئەو مەدلوولانە هەڵدەگرێت و لێرەوەیە ئەو سێگۆشەیەی بە مارا و بانیۆکەی دروستدەکرێت شوێنی مارایە وەك شۆڕشگێڕێك و حەکیمێکی شۆڕشی فەرەنسی، بەو شێوەیەی خۆی بانگەشەی بۆ دەکات.  ئەوەی لێرەدا گرنگە باسی بکەین شێوە نواندنی کارەکتەری مارایە لەلایەن هونەرمەند ( تەها محەمەد)ەوە. جیاوازی مارا و ساد، لە جیاوازی ئەدا کردنیاندا تا ڕاددەیەك هێڵەکانی گوتاری نمایشمان بۆ دەکێشن، مارا لە شێوە جووڵانەوەکانیدا بە کردنەوەی زۆری جەستە و جووڵانەوە  فراوانەکانی و بە تۆنی دەنگدا شێوازێکی کلاسیکی نواندنمان پیشاندەدات، بە پێچەوانەی شێوە نواندنی کارەکتەری سادەوە لەلایەن هونەرمەند ( ئاکام تاهیر)ەوە، کە پڕە لە جووڵانەوەی ئازاد و مۆدێرن. لێرەوە ئەگەر بە کورتی ئەو خاڵە بووروژێنم، لە سیاقی ئەدای کارەکتەری مارا و ساد دا وەك دوو جەمسەری گرنگی ململانێ فیکرییەکە لەم نمایشەدا، دەبینین مارا نوێنەرایەتی شێوازێکی کۆنی بیرکردنەوە دەکات کە بریتییە لە شۆڕش و بەردەوامیدان بە شۆڕش، تا پاککردنەوەی دەسەڵات لە گەندەڵکاران و بازرگانەکانی شۆڕش، لە نمایشەکەدا ئەمە وەك شێوە کلاسیکییەکەی بیرکردنەوە پیشاندراوە. بەڵام ساد، وەك کارەکتەری سەر تەختەی شانۆ، نەك نوێنەرایەتی فۆرمی خودی ساد ناکات، بەڵکو بەشێوەیەکی زۆر مۆدێرن و لە فۆرمێکی گەنجانەی پڕ وزەدا ئامادەییەکی چڕی لەسەر شانۆ هەیە و تێکڕای ڕوبەرەکەی داگیر کردووە و بەکار هێناوە.  ئەم دوو شێوازەی بەرجەستەکردن، تای تەرازووی هەڵسەنگاندنی حەقیقەت لە نێوان مارا و ساد دا بەلای ساد دا دەشکێنێتەوە، هەرچەندە خودی دەقەکەش و گفتوگۆی ستافی نمایشەکەش جۆرێك لە بێلایەنییان ڕاگەیاندووە، بەڵام دابەشکردنی جۆری ئەدای کارەکتەرەکان ئەو بەد گومانییە دروست دەکات.

هەر لە درێژەی هێڵەکانی جووڵەی کارەکتەرەکاندا دەبینین زۆرجار ساد بە هێڵی بازنەیی و نیو بازنەیی پانتایی ستەیجەکەی بە جووڵەی ئازاد پڕ دەکردەوە و گوزارشتی لە خۆی دەکرد.  بازنە لە زۆربەی کەڵچەرە جیاوازەکاندا هێمایە بۆ خۆر، لەو دیوەیەوە کە سەرەتا و کۆتایی نیە، ئەمەش بەشێکە لە تایبەتمەندێتییەکانی ساد، جگە لە مەدلوولە زۆرەکانیتری. هەروەها جاك رۆ ( تایەر عەبدولواحید) بەردەوام بە هێڵی چەماوە و جووڵەی نێگەتیڤ و  جەستەیەکی تووڕە گوزارشتی لە یاخیبوونەکانی کارەکتەرەکە دەکرد لە ئایین و دەسەڵات و شۆڕشگێڕە گەندەڵەکان، جگە لە  بەکارهێنانی ئێکس لە فۆرمی جووڵە وەستاوەکانیدا بۆ گوزارشت کردن لە خواستی ڕەتکردنەوەو یاخیبوونی کارەکتەرەکە.

ماویەتی

کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌رەجوانه‌کانی یۆتۆبۆری داهاتی چالاکییه‌ هونه‌رییه‌کانی به‌خشییه‌ نه‌خۆشخانه‌ی سۆزی ده‌روونی له سلێمانی

 

دیدی من ڕاگەیاندنی گشتیی کۆمەڵەی هونەرەجوانەکانی یۆتۆبۆری

 

 

ڕۆژی ٢٩\١٢\٢٠١٦، نوێنه‌رانی کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌کانی یۆتۆبۆری نه‌خۆشخانه‌ی سۆزی ده‌رونییان له‌ شاری سلێمانی به‌سه‌ر کرده‌وه‌، که‌ تاکه‌ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونییه‌ له‌ عێراقدا.

به ‌ئاماده‌بوونی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی نه‌خۆشخانه‌که‌، بڕی په‌نجاوحه‌وت هه‌زار و دووسه‌د و په‌نجا کرۆنیان وه‌ک دیاری به‌خشییه‌ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌، که‌ به ‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌که‌ توشی گرفتی چاره‌سه‌رکردن ببووەوە.

This slideshow requires JavaScript.

شایانی گوتنه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌ کۆمه‌کی مانگانه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌رەجوانه‌کانی یۆتۆبۆری  ‌و داهاتی چالاکییه‌ هونه‌رییه‌کانی له‌ وڵاتی سوید کۆ کراوه‌ته‌.

وه‌ک نه‌ریتی هه‌میشه‌یی کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌کانی یۆتۆبۆری، که ‌له‌ ڕابردوو کۆمه‌کی نه‌خۆشخانه‌ی هیوای کردووه،‌ له ‌ئایینده‌شدا ئه‌و یارمه‌تییه ‌به‌رده‌وام ده‌بیت و بڕیاره‌ هه‌ر یه‌که‌ له کۆمه‌ڵه‌ی که‌مئه‌ندامان و خانه‌ی بێسه‌رپه‌رشتانیش به‌ هه‌مان شیوه‌ هاوکاری بکرێن.