Category Archives: بینەر و شانۆ

مارا/سادی هیوا فایەق لە نێوان شانۆ و ناشانۆدا

دیدی من

سەردەشت مەحموود

لەبری سەرەتا

قسەکردن لەسەرە هەر بەرهەمێکی شانۆیی بێ پەیڕەوی کردن لە قوتابخانەیەکی شانۆیی یاخود چەند قوتابخانەیەکی شانۆیی، سەرلەبەری دەچێتە بواری هەستی تاکەکەس بەرامبەر بەرهەمی هونەری و وەک کارڵ گۆستاف یۆنگ دەڵێت: ”هەستکردنی تاک بەرامبەر بە هونەر جیاوازە.” بۆیە من نیشانەی پرسیار دەخەمە سەر ئەو نووسینانەی کە پێشووتر لەسەر ئەم کارە شانۆییە نووسراون و نیشانەی پرسیاری گەورەتریش لەسەر ستافی ئەم کارە شانۆیەیە کە وەری دەگرن و شانازی پێوە دەکەن.

مارا/ساد وەک نماییش دەبێت تەماشا بکرێت و ناشتوانین لە خوێندنەوەمان بۆێ بگەڕێینەوە بۆ سەر دەقەکەی پیتەر ڤایس (تەنیا لە حاڵەتی گەڕانمان بۆ بونیادی درامیی کردار و بونیادی مێژوویی کارەکتەر نەبێت، کە ئەویش وابەستەی بونیادی کردار و ڕووداوی ناو نماییشە)، غەدرێکی مەزنە ئەگەر لە ڕوانگەی پیتەر ڤایسەوە بڕوانینە نماییشی مارا/سادی کۆڕی شانۆی با لە سلێمانی و ئەوان بە جێبەجێکاری پلانی نووسەر لەقەڵەم بدەین، بە دوور و نزیک، تەنیا لەڕوی بونیادی درامی و بونیادی مێژوویی کارەکتەرەوە نەبێت، ئەم کارە هیچ نزیکییەکی نییە لە شانۆی دۆکیۆمێنتاریی و پیتەر ڤایسەوە .

15181261_1191801637581134_2634603750137578164_n

یەکەم: دەرهێنان لە نێوان ئاڕتۆ و گرۆتۆڤسکی‌دا

دەرهێنەر وەک دڵی نماییش، لە ڕوانگەی ئاڕتۆوە زۆر نزیک ببووەوە لەو توندوتیژییە گەردوونییەی کە ئاڕتۆ داوای دەکات، ئەو لەبچووکترین ساتەوەختی جوڵاندنی هەر کارەکتەرێکدا لەسەر تەختەی شانۆ و هێنانەناوەی هەر کارەکتەرێک و بردنەدەرەوەی لە بەرچاوی ئێمە، ڕەچاوی ئەو ئەتمۆسفیرە توند و تیژەی کردبوو کە لە ڕوانگەی سادیزمییەوە پێویستە و نووسەر بە دەرخستنی ساد وەک دەرهێنەری یەکەمی ناو نماییش، ئەو ئەتمۆسفیرە سادیزمەی سەپاندووە بەسەر تەختەی شانۆدا، بەڵام هیوا چیی کرد؟ سادەترین ڕەخنە ئەوەیە بگوترێت بۆچی کەشی سادۆماسۆتوشی کوژرابوو لە ناو نماییشدا؟ ئێمە دەرهێنەرێکمان هەیە و ئەم دەرهێنەرە ئەتمۆسفیری سەپاوی دەق دەگۆڕێت بۆ ئەتمۆسفیری تەواو درامی، هەندێک جار وەک نوێنەرێکی سەرسەختی ئاڕتۆ خۆیمان پیشان دەدات و تەواو دەمان گەڕێنێتەوە بۆ ئەو توندوتیژییە گەردوونییەی کە ئاڕتۆ داوای دەکات: “ترۆپکی ئەم گۆڕانکارییە دیمەنی لێدانی ساد بوو لە لایەن یەکێک لە کچە نەخۆشەکانی ناو نەخۆشخانەکەوە.”  ڕەنگە بڵێن چۆن گۆڕیویەتی ئەوە کەشێکی تەواو سادیزمییە؟ ئەگەر بە وردی سەرنجتان دابێت، کچەکە بە سەماوە لە ساد دەدات و هەندێک لە ئەکتەرەکانی دواوە چێژ لە لێدانەکە نابینین، بەڵکو دەترسن لێی! خودی ئەو سەمایە ئاماژەیە بۆ ئاگاییەکی زۆر قووڵ بە کردار و جەستە، ئا لێرەوە هیوا دەمانباتەوە لای گرۆتۆڤسکی؛ ”جەستە ئەفسووناویترین پارچەی شانۆیە، ئێمە توانیمان واز لە دیکۆر و ڕووناکی و ئاراییشت و جلوبەرگ بهێنین، بەڵام ناتوانین واز لە ئەکتەر بهێنین”. گرۆتۆڤسکی وای گوت، ئەم گوتە کورتە پوختەی ئەوەیە کە گرۆتۆڤسکی دەیەوێت بۆ شانۆ، بەڵام هەمووی نییە. هیوا لەهەندێک شوێنی نماییشە دوو کاتژمێرییەکەیدا، زۆر هۆشیارانە ئێمەی دەخستە بەرامبەر ئەکتەر و جەستە، ئێمە تەنیا ئەکتەرمان دەبینی، بەڵام بە داخەوە ئەمە کەم بوو، ئەگەر شیاو بێت بڵێم زۆر کەم بوو. دیمەنەکانی لێدانی ساد، کوشتنی مارا، سەرپەڕاندنەکان، نوێژی قەشە و کوشتنی سمۆرە و ڕووبەڕووبونەوەی بەرەکان نموونەی ئەو دیمەنانەن کە ئەکتەر یەک پارچەی نماییش بوو، زۆریش بە ئاسانی دەکرا سەرجەم دیمەنەکان بەو جۆرە بن. ڕەنگە دەرهێنەر ویستبێتی ئەوە بسەلمێنێت دەکرێت نماییشێکی دوو کاتژمێری بکرێت لە باشووری کوردستان، بەڵام بە ڕای من دەکرا کورتتر بکرێتەوە، ئەمە لە ڕوانگەی ڕازیکیردنی دڵ و تەمبەڵیی بینەرەوە ناڵێم، بەڵکو بۆ زیاتر یەکپارچەکردنی نماییش گونجاوتر بوو.

لاوازترین دیمەنەکان ئەودیمەنانە بوون کە ئێمە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی نماییشێکی ئەدەبی دەبووینەوە، بەتایبەت گفتوگۆی نێوان ساد و مارا. ئارتۆ گوتی ”ئەگەر شانۆ دەیەوێت زیندوو بێت، با خۆی لە ئەدەب بەدور بگرێت”، دەکرا دەرهێنەر بە ڕەچاوکردنی ئەو بونیادە کراوەیەی کە نووسەر بەخشیویەتی پێی، ئەو دیمەنانەی لەو چەقبەستووییە دەربکردیایە. بۆ نموونە دەکرا یەکێک لە شێتەکان سەماکاری بالێ بێت و لە کاتی ئەو گفتوگۆیەدا سەمای بالێی بە ناڕێکی بکردایە. هەروەها بۆ زۆر دیمەنی دیکەش.

15151938_1195556007205697_3735889388995305523_n

کردەی دەرهێنان کردەیەکی گشتییە، واتە دەرهێنەر ناکرێت تەنیا چاوی لە ساتەوەختێکی نماییش بێت و ئەو ساتەوەختە لە ناو گشتهێڵی نماییشدا نەبینێت، ئەوە گرانترین بەشی دەرهێنانە. لەم کارەدا لە هەموو بەشێک زیاتر بارگرانی خستبووە سەر دەرهێنەر و دەرهێنەریش لە هەموو بەشەکان کەمتر سەرکەوتوو بوو تێیدا، بۆیە ئێمە لە بەرامبەر ئەو جیاوازییە گەورەیەدا بووین لە نێوان دیمەنێک بۆ دیمەنێکی دیکە. هەروەها چەندین حاڵەتی ئەتمۆسفرکوژ دانرابوون لە ناو نماییشدا، کە ئەوپەڕی هەڵە بوون: یەکەم، سەمای تانگۆکە، ڕەنگە ئەو وەک پارچەیەک لە پیشاندانی جوانی بۆ پشووی مێشکی بینەر و چاوی ئەمەی کردبێت، دروست ئەمە ئەو خاڵەیە کە زۆرینەی نماییشە شانۆییەکان بە دەستییەوە دەناڵن؛ تۆ کەشێکی توندوتیژت دروست کردووە، بهێڵە با بگاتە ناخی من، پانتایی هۆڵ ڕێگرە، ئەدای هەندێک ئەکتەر ڕێگرە، هەندێک پارچەی دیکۆر ڕێگرە، هەندێک جۆری ڕوناکیت ڕێگرە، تۆش بەم سەما ناپێویستەی کە من دەپرسم لە خۆم ”دوو شێت، لە نەخۆشخانەیەکدا، چۆن توانییان ئەو سەمایە بکەن؟” چ پێویستییەک بوو؟ لە کوێوە ئەم گۆرانییە ئەرژەنتینییە هات؟ لە کاتێکدا تۆ ئاقڵانە بە هۆی پیانۆیەکەوە پاساوی موزیکت هەیە بۆ هەمووی. پیشاندانی جەلادەکە لە پشتەوە و لە پاڵ کوشتارگەکەدا، هەموو ئەوانە پڕ ناکاتەوە. دووەم، حیکایەتخوان لە ساتەوەختێکدا دێت ڕووبەڕووی بینەر و ئەو بارودۆخەی سەر تەختەی شانۆ بە ئێستا دەشوبهێنێت و لە کۆتاییدا دەڵێت ”چارەمان چییە؟” دروست ئەمە ئەو هەڵە کوشندەیە کە لاوازترین دەرهێنەرەکان بۆ ڕازیکردنی دڵی بینەر دەیکەن، ئەمە دوو جار هەڵەیە، یەک، تۆ لە ترسی حاڵینەبوون کردارێک دەکەیت لە دەرەوەی هەموو بونیادەکانی ناو دەق و نماییش و کارەکتەری یەکەم و دووەمی ئەو ئەکتەرە، دوویش، ئەوە ئەوپەڕی بێڕێزییە بە بچووکترین مافی بینەر، ئەویش بیرکردنەوەی ئازادە و سەپاندنی بیرۆکەیە بەسەریدا.

کۆتایی شانۆییەکە و پەلاماردانی سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەکە و هێنانی سمۆرەیەکی پەڕۆ و دانی ڕەنگێکی ناڕوون لە دەست لەبری خوێن و چەندانی دیکە، ئەو شەرمنییە دەرهێنەرییانەن کە زۆر گرفتی بۆ نماییش و ئەکتەر دروست کردبوو .

دووەم: ئەکتەر لە نێوان ڕازیکردنی بینەر و بونیادی قووڵی کارەکتەردا

ئەکتەر لەم نماییشەدا یەکسان نەبوو، ئێمە ئەو پاساوە بە ڕوونی دەبینین کە زۆرێک لە نەخۆشەکان یەکەم جارە دێنە سەرتەختەی شانۆ و کەمئەزموونن، دەزانین بۆ گەنجێکی وەک شاد، ئاکام، دییە،  زانیار و ڕۆژە ئەو کارەکتەرانە گەلێک سەختن، بەڵام هەر بە ڕاستی ئەوە ئەو گەنجانە نەبوون تا ئەوپەڕی وزە و تا ئەوپەڕی توانستی خۆیان و بگرە زیاتر لەوە توانیان پیشان داین؟ ئەو کچەی لە ناو نەخۆشەکاندا لە مارای دا و ئەو کچەی ڕۆڵی سیمۆنی دەبینی، بۆ ساتەوەختێکیش بێت، وەک ساتەوەختی جێهێشتنی مارا و بەتەنیامانەوەی سیمۆن، دیلی ئەفسوونی ئەکتەریان کردین، بەڵام ئیدی ئەمانە هەموو بینەرێک نایزانن و پاساو نییە بۆ ئەو هەڵە کوشندەیەی کە بەگشتی، جگەلە ئاکام و ڕۆژە لەڕۆڵی ساد و سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەدا، سەرجەمی ئەکتەرەکان و ستافی نمایشیی تێکەوتبوو، ئەویش ئەو پارادۆکسە زۆر سەیرەی لە بونیادی کارەکتەردا هەبوو؛ ئێمە کۆمەڵێک نەخۆشمان هەیە کە لە سەرەتادا وا دەردەکەون بە ئەستەم بە پێوە بوەستن، دواتر هەر لە خۆوە وەک کۆمەڵێک مرۆڤی تەواو ئاسایی دەردەکەون، دەچنە پێستی کۆمەڵێک کارەکتەرەوە، دواتر دەچنەوە پێستی کۆمەڵێک نەخۆش، هەندێک جار لە ئێستەی ئێمەدا دەژین و هەندێک جار لە فەڕەنسا و هەندێکجار خەو دەیباتەوە و لەسەر تەختەی شانۆ و دواتر کە پێویست بوو، سەمای تانگۆ دەکات بێ ئەوەی بخەوێت، هەندێک جار وەک فەیلەسووف دەدوێن، یەکێکیان نەخۆشیی هاری هەیە و تەنیا یەک جار هار دەبێت و تا دوایی. ئایا باشتر نەبوو ئەکتەرەکان خۆیان یەکلایی بکەنەوە کە ئەوان نەخۆشن و نواندنی کەسانێکی ساغ دەکەن، یاخود ساغن و نواندنی کەسانێکی نەخۆش دەکەن؟ ئەمە یەک دونیا جووڵەی بێپاسا و چەندین حاڵەتی لادانی لە هێڵی نماییش و پچڕانی ئەو شتەی کە پیتەر بروسک پێی دەڵێت ”پەیوەندیی وزەی نێوان وەرگر و ئەکتەر” دروست کردبوو. بەڵام بەگشتی ڕۆژە و ئاکام جیا بوون لەمە، ئەویش بە هۆی ڕوونیی کارەکتەرەکەیانەوە بوو.

15110938_1191791220915509_1242943657088597803_o

من سادم و ڕۆڵی ساد دەبینم؛ ساد چۆنە؟ ڕەهەندە مێژووییەکانی چین؟ سادیزم چییە؟ کەسێک سادیزمی هەبێت چۆنە؟ چێژ لە ئازار چییە؟ ترۆپکی ڕەحەتبوون چییە لای ساد؟ ئەمانە و زۆر پرسیاری ڕوونی تر، دەکرێت ئاکام لە خۆی کردبێت، بۆیە ئێمەی ڕووبەڕووی ئەو کارەکتەرە یەکپارچە زۆر جوانە کردەوە، کە لە بچووکترین ساتدا لە خۆی دای نەبڕاندین، تەنانەت کاتێک نەخۆشکان سروودی شۆڕشیان دەگوتەوە، ئەم بە جووڵەی پەنجەکانی دەستی لەگەڵیان بوو. ڕۆژەش هەروەها، ئەویش دەزاێت کێیە، ڕوونە لای ئامانجی چییە لەسەر تەختەی شانۆ، کە تووڕە دەبێت دەزانێت بۆچی توڕە بووە، دەزانێت ئەو کێیە و بەرگری لە کێ دەکات، بەڵام هەرگیز ئەو نەدەوبو بەو مەنەلۆگەی کۆتایی ڕازی ببێت، کە سەرلەبەری نواندنی خۆی و نماییشی خستە ژێر پرسیارەوە.

ئایا تەنیا لەبەر ئەوەی خاوەنی دەنگێکی باس و غەمگینە، ئیدی ئەوە پاساوی ئەوەیە کە تەها ڕۆڵی ژان پۆڵ مارا وەربگرێت و ئیدی ئەو تەنیا وەک ئامێرێکی  ئێم پی سری بە دەنگی نواندنمان بۆ بکات؟ ئایا نەدەکرا مارا هێندە لاواز نەبێت؟

15095542_1195555990539032_2197655238312718348_n

سێیەم: شانۆ چییە و ناشانۆ چییە؟

لە هەموو کۆمەڵگەیەکی تۆتالیتاریی سەربازیدا، لە ڕۆماوە بیگرە هەتا هەولێر، ئەوەی گەشەد ەکات شتێکە پێی دەگوترێت ناشانۆ، ئەم ناشانۆیە خەسڵەتی زۆری هەیە، لەوانە هزرکوژە، ئامانجی کاتبەسەربردنە، شانۆیەکی سادە و بێگرێیە، دەیەوێت بە سادەترین شێواز بینەر لە خۆی ڕازی بکات و بینەر لێی حاڵی ببێت. نماییشەکانی هەفتەی خۆشیی ڕۆمانییەکان و بەزمی بەزمی هەولێر، باشترین نموونەی ئەم جۆرەن لە شانۆ. ئەمانە هیچ مەترسییەکیان نییە، وەک دوژمنێکی ئاشکرا وەهان و تۆ دەتوانیت بە ئاسانی بەرگری لە خۆت بکەیت لەو جۆرە شانۆییانە، بەڵام ترۆپکی مەترسیی ئەم جۆرە شانۆییە ئەو کاتە سەر هەڵدەدات کە وەک کارێکی جدی خۆی نماییش دەکات، کە بە داخەوە لەم ساڵانەی دواییدا زۆرمان لەو کارە شانۆییانە بینی. ئەم کارانە وەک شانۆیەکی جدی و سەرکەوتوو خۆیان نماییش کرد و لەگەڵ خۆنماییشکردنیاندا کۆمەڵێک پەتای کوشندەیان گواستەوە بۆ شانۆ، سەرەکیترین پەتا پەتای پۆپۆلاریزم و فەیسبووکە؛ پۆپۆلاریزم زیاتر لە نەخۆشیی ئایدز دەچێت، تۆ ئاگات لە خۆت نییە و تووشی بوویت و لە ناخەوە دەتکوژێت، فەیسبووک تەواو ئەم دەردەی تۆخ کردەوە، بە داخەوە لە شانۆیەکی جدیی وەک مارا/ساددا بەشێک لەم دەردە بینرا، ئەوان پەیجێکیان لە فەیسبووک بۆ ڕیکلام نا، بۆ پڕکردنەوەی تەمبەڵیی بینەر و ترس لە تێنەگەشتنی بینەر دانا، ئەوان لە ترسی حاڵینەبوونی بینەر و لە نەبوونی بڕوایان بە خود، مەزنترین چەکی دەستی خۆیان کە، هۆڵ و نماییشە، گۆڕییەوە بە فەیسبووک و هاتن کارەکتەر بە کارەکتەر و ڕووداو بە ڕووداو تەمبەڵیی بینەریان پڕ کردەوە و جوانترین سیحری شانۆ (کەشفکردنی ئیدراک) لای بینەر کوشتیان و پێش گەشتمان بە هۆڵ هیچ سەرسووڕمانێکی هزرییان بۆمان نەهێشتەوە و پێیان ”گوتین دێن ئەمە دەبینن”! ئەمە لە کاتێکدا ئەوان دەیانتوانی لە ناو هۆڵدا لە نماییشدا ئیدراکمان بکەنەوە .

7250696-une-journee-au-soleil-avec-ariane-mnouchkine

بەگشتی

من ناتوانم سەبارەت بە چەمکی پانتایی بدوێم، چون دڵنیام ئەوان لە ناچاریدا لەو هۆڵەدا بوون، بەڵام دیکۆر دەکرا هەر نەبێت، دەشکرا بچووکتر بکرێتەوە. ترۆپکی هۆشیاریی کارەکتەری میوزیکژەن و چۆنێتیی بەکارهێنانی بوو، بەڵام هەمدیس ئەویش هەندێک جار دەچووە لایەنی کڵێشەداری و زیادەڕۆیی ڕێککاریی وێنەی کێشانیان بە زەویدا، کە لەگەڵ نەخۆشیی دەروونی و ئەوهەمووە و ڕێککارییە نایەتەوە .

فۆتۆ: پەڕەی تایبەتی شانۆیی مارا/سادی بەرهەمی کۆڕی شانۆی با لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک

بینەر و شانۆ: سێ خاڵ دەربارەی شانۆیی مارا/سادی بەرهەمی کۆڕی شانۆی با

دیدی من

شانۆیی: مارا/ساد

نووسەر: پیتەر ڤاییس
بەرهەم: کۆڕی شانۆی با

دەرهێنەر: هیوا فایەق

بینەر: حەمە قادر

یەکەم: دەبێت پیرۆزبایى لە هیوا فایەق بکەین، نەک تەنیا لەبەر مارا/ساد، بەڵکو لەبەر ئینتخاب. لە زەمەن و شوێنێکدا کە هونەرمەندان بەردەوام لە نێوان پارە و هونەر، ئۆفیس و ستەیجدا دەکەونە بەردەم دووڕیان. هەڵبژاردنەوەى هونەر و ستەیج هەمیشە پیرۆزبایى دەوێت. مارا/ساد بەرهەمى ئەو ئینتخابەیە، ئەو یەکلابوونەوە مەترسیدارەى کە وا دیارە هیچ کەس، تەنانەت هاوکۆڕەکانى هیوا فایەقیش ناتوانن و نایانەوێت بیکەن. ئینتخابێک کە ئەگەر هەبێت هەمیشە شتێک زیاتر لە بەرهەمى هونەرییش دەوەستێت. بە هەمان شێوە کە شانۆیی ساڵى سفر بەر لەوەى حیکایەتى ئێمە بێت، حیکایەتى شوان کەریم خۆیەتى، بڵیتکڕی هانۆڤەرسلێمانى و مارا/سادیش بەر لەوەى حیکایەتى ئێمە بێت، حیکایەتى دەرهێنەر خۆیەتى.

15109585_1191792724248692_5882649079903424374_n

دووەم: لە دەقى پیتەر ڤایسدا، نازانم بۆچى دەبێ مارکیز دى ساد و ژان پۆڵ مارا بکرێنەوە بە گژ یەکدا. شۆڕش لە جەمعیترین و ماکرۆترین ئاستیدا، دواجار هەر ئینتخابێکى فەردییە و ئینتخابییە فەردییەکان دەبنەوە بە کردەى جەمعى. وەڵامى هاوڕێیەکم (ئاوات پووری) بۆ ئەم پرسیارەم کە تا ئاستێک قەناعەتپێکەر بوو، ئەمەیە کە ڤایس دەیەوێت ساد وەک تاکەکەسێکى ئینقلابى (کەسێک کە دەرفەتى ئەوەى نادرێتێ بیرکردنەوەى خۆى ڕەوانەى ئینتخابێکى جەمعیتر بکات) ئەم جارە دەرفەتى قسەى دەدرێتێ و لە بەردەم شۆڕشێکدا کە سەرى خواردووە، مافى سنگدەڕپەڕاندن و گوتاردان و قسەى دەدرێتێ. بەڵام ڤایس هەق بە مارا دەدات یان ساد؟ پرسیارێکە بۆ هەموان، پرسیارێک کە زۆر جار لە خۆدزینەوەى موئەلیفەوە دێت بۆ لابەلابوونەوە و دووبارەکردنەوەى ئەوەى کە “هەموان ڕاست دەکەن”، “ڕەنگە کەس ڕاست نەکات”، “کەس نازانێت ڕاستى لاى کێیە” و چەند دێڕێکى لەم جۆرە، کە ئەخیرەن ڕێژەگەراییەکى پۆست‌مۆدێڕنیستى بەرهەم دەهێنێتەوە. خۆدزینەوە لە حوکمدان، ئەگەرچى وەک دروستکردنى مەودایەک ئارامهێنەر دەردەکەوێت (کەسێک کە حوکم نادات هیچ نادۆڕێنێت و کەسێک کە هیچ نادۆڕێنێت هەموو شتێک دەباتەوە و کەسێک کە بیەوێت بێ دۆڕاندن هەموو شتێک بباتەوە، دڕندەترین کەسەکانن)، بەڵام جۆرێک ترسنۆکی ئەنتى سادیشى تێدایە. ساد خۆى بەرهەمى ئینتخاب بوو، ئینتخابێک کە بەرەو نزیک سی ساڵ زیندان بردى. لەم نێوەندەدا ڤایس لە کوێیە؟ لە بەینى مارا و ساد؟ هەروەها ئەگەر پرسیارەکە زیاتر بکشێنین، ئەى هیوا فایەق لە کوێیە؟ کەسێک کە دەیەوێت شانۆنامەیەک دەقاودەق بخاتەوە سەر شانۆ لە کوێیە؟ ئەو لە دەر-هێنان-دایە، بەڵام ئایا دەر-هێنان، کردەیەکى بێلایەنانەیە؟

15129647_1191813747579923_8506955974330754871_o

دەتوانىت لە یوتیوب سێرچ بکەیت و چەندین دەرهێنانى گەورەوگرانى مارا/ساد ببینى، دەتوانى. بەڵام ئەوەى سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەى دەقێک بۆ نماییش دەکاتەوە پێویستى لاى کەسێک، دوورکەوتنەوەیە لە بێلایەنى (نەک لەبەر ئەوەى لە ئێستامان دەدوێت، تەقریبەن شاکارە ئەدەبییەکان هەموویان لە هەموو زەمەنێک دەدوێن) و کردنى دەرهێنانە بە کردەیەکى ڕادیکاڵ. کردنى میزانسن و کۆمپۆزشنە بە کردەیەکى سیاسى و ئەمەش دیسانەوە ناوەڕۆک دەکاتەوە قوربانى فۆڕم، فۆڕمێک کە لە خۆیدا ناوەڕۆکیشە. بەڵام دەرهێنەر لانیکەم لە ئاستێکدا ئینتخابێکى خۆى کردووە، ئەوەى لە بەرهەمى ڤایسدا گرنگە بەخشینى سەر ستیجە بە ساد، ساد خۆى خراوەتە ژێر ستەیج، هەمیشە و لە مێژوودا خراوەتەوە ژێر شوێنى پیشاندان. نەک هەرئەمەش بەڵکو کردنى ساد بە دەرهێنەر (لانیکەم دواى چەند دەرهێنەرێکى تری ناو دەقەکە) خۆى کردەیەکى ڕادیکاڵ.  بەڵام بۆچى ساد لە کاتى دەستدرێژیدا دەخرێتەوە ژێر ستەیج؟ دەستدرێژى، ساتێکى سادییانە، کە نیشاندانەوەى بە ئاشکرا تەنیا وەفایەکە بۆ ڕۆحى ساد، ڕۆحێک کە ڕەنگە تەنیا پیشاندانی بوێت، واتە لێگەڕێی لە زیندانەکەى بێتە دەر و لە سەر ستەیج و بە ئاشکرا و لە ژێر ڕووناکیدا کارى خۆى بکات. بۆچى هیوا فایەق لە کاتى دەستدرێژیدا ساد دەباتەوە ژێر ستەیج؟ پرسیارێک کە وەڵامەکەى ئاسانە؟ قبووڵنەکردنى ئەکتەر، کەسوکارى ئەکتەر، قبووڵنەکردنى کۆمەڵگە، وەستاندنى نماییش و … هەر شتێکى تر. بەڵام ئەگەر ساتێک بوەستین، بە ڕاستى ساد چییە جگە لەم ڕیسک و مەترسییە؟! لانیکەم بۆ ئێمە لە ئێستادا کەسێکى پاڵتۆ لەبەر نییە، بۆرژوایەکى فەڕەنسى نییە، بەڵکو ڕۆحى ڕیسک و مەترسییە، ڕیسکێک کە دەرهێنەر نایەوێت بیکات، ناتوانێت بیکات و بەم جۆرە مارا/سادى هیوا فایەق دەبێتەوە بە نماییشێکى موحافیزکار. شانۆییەک کە گرنگییەکەى نەک بەردەوام بیرخستنەوەى برێشتییانە بۆ هاوچەرخبوون لەگەڵ ئێمە ( کە زۆر جار زیاد لە پێویستە)، بەڵکو وەفاداربوونە بە ڕۆحى پیشاندان و نەشاردنەوە، کە هەمان ڕۆحى سادییە. داى دەخەن؟ با دای بخەن. توڕە دەبن؟ با ببن. قبووڵى ناکەن؟ با نەیکەن.

سێیەم: ڕەنگى دیکۆر و خستنەپاڵى دوو ڕەنگى شینى کاڵ و سەوزى کاڵ، دژە لەگەڵ فەزاى سادۆمازۆخیستى نماییشەکە. بۆچى ئەو پەڕۆ سوورە لەبرى ساد، لە ملى مارادایە و بۆچى لایتى شینى مۆرباو (وەک ڕەنگێکى سارد) هەڵبژێردراوە بۆ فەزایەکى پڕتەنگەژەى ئینقلابى و خوێناوى و سادۆمازۆخیستی؟ تەئکیدى زۆر لە سەر سپى (بەو بارگە ڕەمزییەى هەیەتى) لەم نماییشە خوێناوییەدا کە ساد دەری هێناوە، دروستە؟ ساد دەرى هێناوە؟ بەڵێ، ڕەنگە باشترین نماییشى مارا/ساد ئەوە بێت دەرهێنەر بە خێرایى خۆى ون بکات و لێگەڕێ ساد دەری بهێنێت، چونکە لانیکەم ڕەنگە ساد لە ئێستادا مافى ئەوەى هەبێت لە سەر ستەیج نماییشێک دەربهێنێت. ڕەنگە ڤایس‌یش تەنیا ئەمەى ویستبێت.

بینەر و شانۆ: دەربارەی شانۆیی مارا/سادی بەرهەمی کۆڕی شانۆی با

دیدی من

شانۆیی: مارا/ساد
نووسین: پیتەر ڤایس
وەرگێران: شێرزاد حەسەن
دەرهێنان: هیوا فایەق
سەرنجی بینەر: سەرکەوت جەبار

شانۆیی مارا/ساد، شانۆیی پارادۆکسه‌کانی ناو ناخی مرۆڤه‌، مرۆڤێک دوور له‌ مێژوو، دوور له‌ هه‌ر شتێکی دیکه‌. شانۆییه‌کی پرسیارکه‌ر و له‌ هه‌مان کاتیشدا گومانکار، گومان له‌ مێژوو و شۆڕش و پاڵه‌وان و زۆر شتی دیکه‌ش، شانۆییه‌ک تیڕوانێکی دیکه‌ ده‌خاته‌ ڕوو به‌رامبه‌ر پاڵه‌وان و شۆڕشگێڕ، به‌رامبه‌ر شۆڕش.

14716065_1168577886570176_1732256508826040917_n

پاڵه‌وانه‌کان کێن؟ چۆن دروست بوون؟ کێ دروستی کردن؟ کۆردی پاڵه‌وان نییه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ندێک که‌س وا تێیگه‌یشتبوون، کۆردی به‌ردوام خه‌وتووه‌، که‌سی خه‌وتوو ئاگای له‌ مرۆڤه‌کانی چوارده‌وری نییه،‌ ئاگەداری بارودۆخی ژیانی ناو گه‌له‌که‌ی نییه‌، چونکه‌ خه‌وتووه‌ و که‌سێکی خه‌واڵووه‌، به‌ڵکو کۆردی له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌ی شۆڕشیان ده‌وێت، ده‌کرێته‌ پاڵه‌وان بۆ کوشتنی مارا. چوارده‌وری کۆردی وه‌همی بوون به‌ پاڵه‌وان و ڕزگارکردنی مرۆڤ له‌ ناو کۆردیدا ده‌ڕوێنن. کۆردی که‌سێکه‌ ئاگەداری ژیانی خه‌ڵکی و ئه‌وانه‌ی شۆڕشیان ده‌وێت نییه‌، ئه‌و به‌رده‌وام خه‌وتووه‌ و پاشانیش عاشقه‌، کۆردی له‌و وه‌همه‌دا ده‌ژی و پێی وایه‌ ئه‌گه‌ر مارا بکوژێت، خه‌ڵکی ئازاد ده‌بن، به‌ڵام دوای کوشتنی ماراش، ژیان وه‌ک خۆی وایه‌ و دواتریش مارا زیندوو ده‌بێته‌وه‌ و پیته‌ر ڤایس خه‌ونی مرۆڤ بۆ گۆڕانی بارودۆخی ژیانیان تێک ده‌شکێنێت و کاره‌کته‌ره‌کانی له‌ نه‌خۆشخانه‌که‌دا ده‌هێڵێته‌وه‌. تێگه‌یشتن له‌ کۆردی وه‌ک که‌سێکی وه‌هماوی، ڕێگه‌ی تێگه‌یشتن له‌ ده‌قه‌که‌مان بۆ ده‌کاته‌وه‌. یه‌کێک له‌ زیره‌کییه‌کانی هیوا فایه‌ق ئه‌وه‌یه‌، ئه‌کته‌رێکی گه‌نج و منداڵکاری بۆ ئه‌و ڕۆڵه‌ هه‌ڵبژاردووه‌ و کۆردی وه‌ک پاڵه‌وان دێته‌ پێشچاو، که‌ ڕاستییه‌که‌ی وا نییه‌. پیته‌ر برۆک له‌ ساڵی ١٩٦٧ئه‌م ده‌قه‌ی بردووەته‌ سه‌ر شانۆ و خانمێکی ٣٠ ساڵانه‌ی بۆ ئه‌و ڕۆڵه‌ هه‌ڵبژاردووه‌.

14937185_525662380966473_3942228127251914338_n
کۆردی هه‌م عاشقه‌ و هه‌م پاڵه‌وان، جارجار خه‌وتووه‌ و ده‌شیه‌وێت مارا بکوژێت. هیوا فایه‌ق زۆر زیره‌کانه‌ ئه‌م پارادۆکسانه‌ی مرۆڤ ده‌خاته‌ سه‌ر شانۆ؛ ئه‌وانه‌ی داوا له‌ کۆردی ده‌که‌ن تا مارا بکوژێت، تینووی ئازادی و سه‌ربه‌ستین، به‌ڵام که‌سیان ناتوانن مارا بکوژن. چونکه‌ هه‌ست به‌و مه‌ترسییه‌ ده‌که‌ن که‌ دێته‌ ڕێیان. مرۆڤ ته‌ماحکار و خۆپه‌رسته‌، ئه‌م ته‌ماحکاری و خۆپه‌رستییه‌ی مرۆڤ زۆر باش هیوا فایه‌ق کاری تێدا کردووه‌. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به‌ سه‌ربه‌ستی بژین، که‌چی ناوێرن مارا بکوژن، ئه‌وان ترسنۆک و ترساون، که‌چی داوای ئازادیش ده‌که‌ن. جگه‌ له‌ ساد، کاره‌کته‌ره‌کانی ناو شانۆییه‌که‌ پڕن له‌ پارادۆکس.

15032881_1184894674938497_4768820992561691846_n

کۆردی پاڵه‌وان نییه‌، به‌ڵکو کچێکی بچکۆله‌ی عاشقه‌، به‌ڵام دوای وه‌همێک ده‌که‌وێت، که‌ پێی وایه‌ پاڵه‌وانه‌. که‌واته‌ پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌، بۆچی هیوا فایه‌ق ئه‌م کاره‌کته‌ره‌ی کردووه‌ به‌ پاڵه‌وان بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ڕزگار بکات؟ من پێم وایه‌ هیوا فایه‌ق ده‌یه‌وێت گاڵته‌جاڕی به‌ شۆڕش و ئه‌وانه‌ی شۆڕش ده‌که‌ن، بکات؛ ئه‌وانه‌ی دوێنێ شۆڕشگێڕ بوون، ئه‌مڕۆ جه‌للادن. ئه‌وانه‌ی دوێنی به ‌ناوی شۆڕشی کورده‌وه‌ خه‌باتیان ده‌کرد، ئێستا بوون به‌ مافیا و خه‌ڵکی سڤیل ده‌کوژن. هیوا فایه‌ق له‌ ڕێگه‌ی کاره‌کته‌ری کۆردییه‌وه‌ مێژووی شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا جێ ده‌هێڵێت و به‌ چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی تونده‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ شۆڕشی کورد و به ‌شێوه‌یه‌ک ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی شانۆوه‌ دادگایی جه‌للاده‌کانی ئێستا بکات. لێره‌وه‌ هێزی شانۆ و کاریگه‌ریی ده‌رهێنان ده‌رده‌که‌وێت، که‌ به‌ بڕوای من یه‌کێکه‌ له‌و باشترین ده‌رهێنانه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌دا بینیومە. زیره‌کییه‌کی دیکه‌ی هیوا فایه‌ق، هه‌ڵبژاردنی ده‌قه‌که‌یه‌. ده‌قێک پڕ له‌ گومانکردن ده‌رباره‌ی شۆڕش و شۆڕشگێڕان. هیوا فایه‌ق وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ بینه‌ره‌کانی بڵێت: ”شتێک به‌ ناوی شۆڕش له‌ ناو مێژووی ئێمه‌دا نییه‌.” کاره‌کته‌ره‌کانی ناو شانۆییەکە زۆر باش پێمان ده‌ڵێن بۆچی شۆڕشیان کردووه‌. له‌ ڕاستیدا من پێم وایه‌ ئێمه‌ شۆڕشمان نه‌کردووه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌، هه‌وڵێکی چه‌ته‌گه‌رانه‌ بووه‌، بۆ هێنانه‌دیی کۆمه‌ڵێک خه‌ونی خۆیان. ئه‌گه‌ر شۆڕشگێڕێک، کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادی و سه‌ربه‌ستی شۆڕش نه‌که‌ن، چیتر ئه‌وه‌ شۆڕش نییه‌ و به‌ڵکو بریتییه‌ له‌ چه‌ته‌یی. بارودۆخی خه‌ڵکی ئێستا باشتر نییه‌ له‌ پێش شۆڕش، پێش شۆڕش ئازادی نه‌بوو، ئێسته‌ش ئازادی نییه‌. پێش شۆڕش خه‌ڵکی برسی بوون، ئێستاش خه‌ڵک برسین. ئه‌مه‌شمان به‌باشی له‌ شانۆییه‌که‌وه‌ پیشان درا. ئێمه‌ پێویسته‌ گومان له‌و شۆڕشه‌ بکه‌ین، که‌ پێشتر کراوه‌، چونکه‌ ئه‌گه‌ر شۆڕشێک کرا و کۆمه‌ڵێک مرۆڤ بوونه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و بوونه‌ مافیا و خه‌ڵکی سڤیلیان چه‌وسانده‌وه‌، ئه‌وه‌ شۆڕش نییه‌ و به‌ڵکو هه‌وڵێکی چه‌ته‌گه‌رییه‌.