Category Archives: ڕاپۆرت

كاتێك نووسین لە نماییش وێرانترە

دیدی من

مەریوان هەڵەبجەیی

وه‌ڵامێك بۆ هه‌ڵكه‌وت محه‌مه‌د

”کوڕم، گەر نەفام بوویت، هەوڵ بدە نەفاميی خۆت نەگەیەنیتە ئەندازەیەک وابزانیت دەتوانیت گەمژەیی، بە نرخی ئەقڵ بفرۆشیت.”

                                                                                                                    لە چیرۆکێکی کۆنی چینیيەوە

لە ڕۆژانی ٢٧-٣١\٣\٢٠١٧، فێستیڤاڵی سلێمانی بۆ دەقی شانۆي کوردی، لە لایەن سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان-لقی سلێمانی و بەڕێوه‌بەرایەتيى گشتيی ڕۆشنبیری و هونەر لە سلێمانی-بەشی شانۆ بەڕێوە چوو، هەموو ڕۆژێک دوو نماییش پێشکەش دەکرا و دوو پانێڵی جیاوازیش لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکەدا بەڕێوە چوو. کۆی نماییشەکان ئاستێکی لاوازیان هەبوو، جارێکی تر سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوون کە دەقی کوردی لە ئاستێکی زۆر لاوازدایە و لەوەش زیاتر، بەشێک لە شانۆی کوردی کە ئەو دەرهێنەرانە نوێنەرایەتيی دەکەن، لە چ ئاستێکی خراپدایە.

ئەم نووسینە دەربارەی ئاستی لاوازیی نماییشەکانی فێستیڤاڵەکە و چۆنێتیی بەڕێوەچوونی نییە، کە لە ئاستێکی لاواز و تاقەتپڕووکێندا بوو، چونکە قسەکردن لەسەر ئەو فێستیڤاڵە و نماییشەکانی، پێویستی بە کۆڕ و بەرنامەی تایبەت هەیە. لێرەدا بە کورتی وەڵامی یادداشتێکی پڕ لە هەڵەی هەڵکەوت محەمەد دەدەمەوە، کە هەڵەکانی زۆر زیاترن لە لاوازییەکانی دەقەکانی فێستیڤاڵەکە و بە ئاستێک ماندووکەرترە لە بینینی نماییشەکان. هەڵەکانی هێندە زۆرن، لە ئاستی نووسینی خوێندکارێکی ئامادەیيشدا نییە. سەیرە، کاکی ئەکادیمی هێشتا زمانی دایکی خۆی باش فێر نەبووە و حوکمی ئەوە دەدات لیژنەی دەق نەشارەزان و بێئاگان لە ژانری شانۆنامە، لە کاتێکدا خۆی هێندە نەخوێندەوارە، لە یادداشتە پەرشوبڵاو و بێبنەماکەیدا، جیاوازی لە نێوان شانۆنامە و شانۆدا ناکات، لە کاتێکدا دوو ڕەگەزی جیان و شانۆنامە تا ئەو کاتەی لەسەر شانۆ نماییش نەکراوە، دەقێکی ئەدەبییە، شانۆش هەڵگری کۆمەڵێک ڕەگەزی ترە. ئەم برادەرە وەک ئەوەی خۆی کوردی نازانێت، خۆزگە ماڵپەڕی دیدی منیش پێش بڵاوکردنەوە، چاوێکیان بە یادداشتەکەیدا بخشاندایە و ئەو هەڵە زۆرانەیان بۆ چاک بکردایە و پاشان بڵاویان بکردایەتەوە. ئەم ئازیزە لە خۆیەوە وشەی زۆری فڕێ داوە و نەیزانیوە سادەترین نووسین، یان یادداشت، کۆمەڵێک چوارچێوە و پڕەنسیپی خۆی هەیە و دەبێت ڕەچاو بکرێت. هەر بۆیە یادداشتەکەی پڕە لە هەڵەی زمانەوانی و دەستووری، دەستی نەپاراستووە لە هیچ هەڵەکردنێک لە بوارەکەی خۆی، کە تێیدا خۆی بە پسپۆڕ دەزانێت، تا لەبەرچاوگرتنی ئەلفوبێی نووسین.

لە سەرەتای نووسینەکەیدا، ئاماژە بەوە دەکات شانۆنامەی کوردی وەک پێویست بوونی نییە و تا کۆتایی نووسینەکەی زیاتر لە شەش جار هەمان زانیاريی سواو و بێکەڵک چەندبارە دەکاتەوە و ڕێز لە وشە و خوێنەر و سەرەتايیترین پڕەنسیپەکانی نووسین ناگرێت. لە پەڕەگرافێکی یادداشتەکەیدا، دەڵێت: ”دەقی کوردی و لاوازیی کارەکان زۆرتر دەبوو، بە جۆرێک کە وای لە لیژنەی گشتيی فێستیڤاڵ کرد، کە کۆبوونەوەی تایبەت بکەن و بڕیاری هەڵەی گەورە بدەن، بڕیارەکەش ئەوە بوو کە لابردنی خەڵاتی باشترین شانۆنامە بوو لە فێستیڤاڵەکەدا. ئەم بڕیارە پەلە و خێرایەی کە لیژنەی دەق دایان، ڕاستەوخۆ بەبێ ئەوەی خۆیان بزانن، شتێکی تەواوی فێستیڤاڵەکەی بۆ سەلماندین، چەند خاڵێکی تریشی بۆ پشتڕاست کردینەوە.”

کاک هەڵکەوت بێ ئەوەی لەگەڵ ئێمە بووبێت، زانیویەتی ئێمە لەژێر گوشاردا بووین و بە پەلە کۆ بووینەتەوە و بڕیارمان داوە خەڵات نەدەین بە دەق! هێندە شپرزە بووە، لیژنەی گشتیی فێستیڤاڵ و لیژنەی دەقی تێکەڵ کردووە، چونکە لە سەرەتاوە دەڵێت: ”لیژنەی گشتيی فێستیڤاڵ کۆبوونەوەی تایبەتی کرد و بڕیاری هەڵەی گەورەیان دا.” ئەوە باسی ئەوە ناکەم ئەم پەرەگرافە هەڵبەستراو و وەهمییەی هەڵکەوت چەند هەڵەی تێدایە و چەند ناڕوون و دەستەپاچەیە، بۆ نموونە ئەم کوردینووسینە سەیرەی کە دەڵێت: ”شتێکی تەواوی فێستیڤاڵەکەی بۆ سەلماندین، خاڵێکی تریشی بۆ پشتڕاست کردینەوە.” ئەمە ئاستی کوردیزانینی ئەم شانۆکارە ئەکادیمییەیە، کە زیاتر لە بیستودوو ساڵە دەخوێنێت و وەک خۆی دەڵێت، حەڤدە ساڵە بینەری شانۆیە و چاودێری کارەکانە، کەچی هێشتا زمانی دایکيی خۆی فێر نەبووە. لە دێڕی دواتردا بۆ چەندەمین جار دەڵێتەوە: ”شانۆنامەی کوردی بە جۆرێک لاوازە، کە هێشتا لە قۆناغی سەرەتادایە.” وەک بڵێی تووشی بیرچوونەوە بووبێت و نەزانێت لە پەرەگرافەکانی پێشوودا، چەندین جار بە شێوەی جۆراوجۆر ئەوەی دووبارە و چەندبارە کردووەتەوە. نازانێت گەر ڕێز لە وشە و خوێنەر نەگریت، ڕێزت لێ ناگرن، نازانێت لیژنەیەک هیچ دەقێک بە شاییستە نازانێت، واتە کۆی نماییشەکانی لە ئاستێکی لاواز و خراپدا بینیوە و ئەمەش دەنگێکی بەهێزە لە بەرانبەر وەهمی هەموو ئەوانەی کە پێیان وایە دەقی کورديی باڵامان هەیە و دەبێت شانازییان پێوە بکەین، نازانێت (یان نایەوێت بزانێت) ئێمە لە سەرەتاوە بڕیارمان دابوو لەسەر لاوازیی ئەو دەقانە و ئەوەی کە شاییستە نین، نەک وەک ئەوەی ئەو دەڵێت، لەژێر گوشاردا و لە دوا ساتدا ئەو بڕیارەمان دابێت. لە پەرەگرافی دواتردا دەڵێت: ”لیژنەی هەڵبژاردنی دەق، کە هەمان لیژنەی دادوەرانی هەڵبژاردنی باشترین دەق بوون…” هەڵکەوت جارێکی تر هەڵەیەکی تر و بوختانێکی تر بە دەمی ئێمەوە دەکات و باسی هەڵبژاردنی باشترین دەق دەکات، لە کاتێکدا ئێمە هیچ دەقێکمان وەک باشترین دەق دەستنیشان نەکردووە. دواتر بەردەوام دەبێت و دەڵێت: ”لیژنەی دەق نەشارەزان لە ناسینی دەقی باش و خراپ، بێئاگان لە ژانری شانۆنامە، بنەمای دەقی جیهانیی باش و پڕەنسیپەکانی شانۆنامەی بەهێز نازانن، چونکە ئەگەر وانەبێت، بۆ بێهەڵوێست بوون لە ئاست لاوازی و بێتوانایی شانۆنامەکان؟ بە جۆرێک، کە ئەوان بیانگوتایە کە شانۆنامەی کوردی لەو ئاستەدا نییە فێستیڤاڵی بۆ ڕێک بخرێت، ئەو کاتە دەیانتوانی فێستیڤاڵەکە نەکەن، یان سیستمی فێستیڤاڵ بگۆڕن.” ناڵێت بۆ نەشارەزاین و دەقی باش و خراپ چییە، ڕەنگە لەبەر ئەوە نەزان بین خەڵاتی باشترین دەقمان نەداوە! پێی وایە بێهەڵوێستین، چونکە فێستیڤاڵەکەمان ڕانەگرتووە، یان نەگۆڕیوە بە شتێکی تر. گەر خەڵاتنەدان بە دەقەکان و بە شاییستە نەزانینیان هەڵوێست نییە، ئەی چییە؟ کاک هەڵکەوت لەو وەهمەدا دەژی ئێمە دەسەڵاتی ئەوەمان هەیە ئاڕاستەی فێستیڤاڵ بگۆڕین بەو شێوەیەی خۆمان پێمان خۆشە، وەک بڵێی ئەو لەم وڵاتەدا نەژیابێت و نەزانێت بەرنامەکان چۆنن، یان خۆی دەدات لە نەزانین، وەک بڵێی ئەوە ئەو نەبووە بەرهەمەکەی لە دەرەوەی وڵات نماییش کردوو، ئەوە ئێمەش نین دەزانین بەرهەمەکانی کۆڕی شانۆى با و هیوا فایەق و لە گەنجەکانیشدا محەمەد مستەفا و دێرین حامید و زەریا سامی، شاییستەی ئەوەن ببرێنە دەرەوی وڵات و نماییش بکرێن، نەک بەرهەمەکەی ئەو، ئایا هیچمان پێ کرا لەگەڵ تۆدا؟!

لەوەش کارەساتتر، ئەوەیە کاکی ئەکادیمی لەوە زیاتر دەڕوات و ڕستەیەکی ترسناک دەڵێت: ”ئەم فێستیڤاڵە بۆی دەرخستین شتێک نییە بە ناوی شانۆی کوردی.” ئازیزم تۆ جیاوازيی نێوان شانۆنامە و شانۆ نازانیت و کوێرانە حوکم دەدەیت و دەڵێیت شتێک نییە ناوی شانۆی کوردی بێت و زەڕبێک بەسەر مێژوویەکدا دەهێنیت، باشترە بێدەنگ بیت و بڕۆیت بخوێنیتەوە و فێر ببیت. شانۆی کوردى تەنها لە دەق پێک نەهاتووە و هەر شانۆنامه‌یەکی بیانی بە ئەکتەر و دەرهێنەر و ستافی کورد بەرهەم دێت، شانۆی کوردییە.

هەڵکەوت بەردەوامە لە هەڵەکانی و لە پەرەگرافی دواتردا، جارێکی تر هەمان هەڵە دووبارە دەکاتەوە و دەڵێت: ”هەر کاتێ کەسێک بە دڵسۆزیی خۆی بڵێ شانۆی کوردی بوونی نییە، هەمووی لێێ هەڵدەستن.” هەروه‌ك چۆن بینین و قسەکردن لەسەر شانۆیەکی زۆر خراپ ئەستەم و تاقەتپڕووکێنە، بە هەمان شێوە خوێندنه‌وه‌ى یادداشتەکەی هەڵکەوت، کە پڕە لە دەستەواژەی کشتوکاڵی و میللی، وەک ”بە هەستێکی کوردانەوە دەهاتنە هۆڵەکان”! ”دەقێک یان دەقێکی نزم”! ”ژانی لەدایکبوونی دەقی کوردی” و چەندین دەستەواژەی هاوشێوەی تر، کە شاییستەی ئەوە نین لە یادداشتێکدا دەربارەی شانۆ بەکار ببرێن، تاقه‌تپڕووكێنه‌. ئەوەی تووشی سه‌رسوڕمانى زۆری کردووم بەو ئاستەوە لە بەتاڵبوون، چۆن جورئەت دەکەیت لەبارەی شانۆوە قسە بکەیت؟!

پەیامی ڕۆژی جیهانیی شانۆ بۆ ساڵی ٢٠١٧

دیدی من

ئیزابێل ئوپێرت، شانۆکار و سینەماکاری فەڕەنسی

لە فەڕەنسییەوە: فاتیح فروومەند

ئەوە بۆ ماوەی پەنجاوپێنج ساڵە ڕۆژی جیهانیی شانۆ لە وەرزی بەهاردا بەڕێوە دەچێ، ڕۆژێک، واتە بیستوچوار سەعات، لەو کاتەوەی خۆر لەسەر وڵاتی شانۆی نو و بۆنڕاکۆوە سەرهەڵدێنێت و بەسەر وڵاتانی  ئۆپێڕای پەکین  و کاتاکالیدا تێپەڕ دەبێ و لە نێوان یۆنان و سکاندینیاویدا  بۆ ماوەیەک چاوەڕاوان دەبێ؛ لە ئایسخیلۆسەوە بۆ ئیبسەن، لە سۆفۆکلەوە بۆ ستریندبێرگ، لە نێوان ئەنگێلتەرا و ئیتاڵیا، لە سارا کەینەوە بۆ پیراندێللۆ، هەروەها ئێمە لە فەڕەنساین لە نێوان ئەوانی تر، لە پاریس، شارێک  کە هەمیشە میوانداری زۆرینەی گرووپە بیانییەکانە. پاشان بیستوچوار سەعاتەکە لە فەڕەنساوە دەمانباتە ڕووسیا، لە ڕاسین و مۆلیێرەوە بۆ چێخۆڤ، دواتر بەسەر ئاتلانتیکدا تێپەڕ دەبێ، تا ئەوەی کە لە  خوێندنگەکانی کالیفۆڕنیا کۆتایی بە گەشتەکەی بهێنێ؛ ڕەنگە شانۆ لەوێ بتوانێ لەسەر دەستی خەڵکانی گەنجەوە دووبارە دروست بکرێتەوە،  چونکە  شانۆ هەمیشە لە خۆڵەمێشەکەیەوە دووبارە هاتووەتە دونیاوە. ئەمە تەنها گرێبەستێکە، کە بەردەوام و ماندوونەناسانە دەبێ لە هەڵوەشانەوەدا بێ. بۆیە زیندوو دەمێنێتەوە. شانۆ ژیانێکی چەندلایەنەی هەیە، کە بۆشایی و کات دەخاتە ناو گرفتەوە. شانۆنامە سەردەمیەکان لە سەدەکانی ڕابردوو کەڵک وەردەگرن و شانۆنامە کلاسیکەکان بە دووبارە نماییشکردنەوەیان مۆدێرن دەبنەوە.

ئیزابێل هوپێرت

زۆر ڕوونە کە ڕۆژی جیهانیی شانۆ بە شێوەیەکی گشتی، ڕۆژێکی ئاسایی وەک ڕۆژانی تر نییە. ئەم ڕۆژە کات و بۆشاییەکی مەزن دووبارە زیندوو دەکاتەوە و وەبیرهێنەری کات و بۆشاییەکی مەزنە. لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بکەم بە گوتەی شانۆنامەنووسی بەناوبانگی فەڕەنسی، ژان تاردیۆ بکەم، کە دەڵێت: “سەبارەت بە  بۆشایی، دەخوازرێت بپرسین  کام رێگە درێژترینە بۆ گەیشتن لە خاڵێکەوە بۆ خاڵێکی تر، سەبارەت بە کات، دەبێ بۆ پێوانی  بچووکترین بەشی کات، تەنانەت بچووکتر لە چرکەش وشەی ئەبەدییەت بهێنینە سەر زارمان.” سەبارەت بە بۆشایی-کات، ئەو دەڵێ: ”بەر لەوەی خەو بتباتەوە، دوو خاڵ لە ناو بۆشاییدا دەستنیشان بکە، پاشان ئەو کاتەی تەرخان دەکرێت بژمێرە، لە ناو خەیاڵدا، بۆ گەیشتن لە یەکیانەوە بۆ ئەوەی تر.”  من لێرەدا وشەی ”لە ناو خەیاڵدا” ڕادەگرم؛ وەک ئەوە وایە  ڕۆبێرت ویلسۆن و ژان تاردیۆ یەکتریان بینیبێت. با لە ڕۆژی جیهانیی شانۆدا یادێکیش بکەین لە سامۆێل بیکێت، کە لە زمانی ویینییەوە بە شێوازێکی بە پەلە دەڵێت: ”ئاه!  دەکرا چ ڕۆژێکی خۆش بێت.” کاتێک بیرم لە نووسینی ئەم  پەیامە دەکردەوە، خەیاڵی هەموو دیمەنەکانم وەبیر هاتەوە، بۆیە دەبێ بڵێم من بە تەنها نەهاتوومە ناو هۆڵی یونیسکۆوە، هەموو ئەو کەسایەتییانەی نواندنم کردوون، ئێستا لەگەڵم هاتوونەتە ئێرە، هەموو ئەو ڕۆڵانەی کە پاش تەواوبوونیان بڕیارە بەجێیان بهێڵی، بەڵام ئەمانە ئەم ڕۆڵانەن کە ژیانی ژێرزەوی بۆ تۆ ئاشکرا دەکەن، هەروەها ئامادەن بۆ یارمەتیدان یان بۆ تێکشکاندنی ئەو ڕۆڵانەی لە دواییدا دەبنە جێنشینان؛ فێدر، ئارمینت، ئۆرلاندۆ، هێدا گابلێر، مێدێ، مێرتۆی، بڵانش دۆبۆوا… هەروەها هەموو ئەو ڕۆڵانەی کە خۆشم ویستوون و بوونەتە مایەی ڕەزامەندیی بینەران، ئەوانیش ئێستا لەگەڵ من هاتوونەتە ئێرە. لێرە من خەڵکی هەموو جیهانم؛ من یۆنانیم، ئەفریقیم، سووریم، ڤینیزیم، ڕووسیم، بەڕازیلیم، ئێرانیم، ڕۆمانیم، ژاپۆنیم، ماڕسەییم، نیو یۆرکیم، فیلیپینیم، ئەرژەنتینیم، نەرویجیم، کۆریاییم، ئەڵمانیم، نەمساییم، ئینگلیزم، بەڕاستی هیی هەموو دنیام. جیهانیبوونی ڕاستەقینە لێرەیە.

لە ساڵی ١٩٦٤دا، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لارەنس ئۆلیویێە، ڕایگەیاند کە پاش سەدەیەک هەوڵ و تەقەلا، سەرەنجام توانیمان لە ئینگلیز، شانۆی نەتەوەیی بونیاد بنێین، کە زۆر زوو توانیی ببێتە شانۆی نێودەوڵەتی، لانیکەم لە ڕێگەی بەرنامەی نماییشکردنەوە . ئەو زۆر بە باشی دەیزانی کە شەکسپیر هیی هەموو جیهانە.

ڕۆژی جیهانیی شانۆ

من حەزم کرد کە لە یەکەم پەیامی ڕۆژی جیهانیی شانۆ، کە لە لایەن ژان کۆکتۆوە لە ساڵێ ١٩٦٢دا ڕاگەیاندرا، بۆ پەیامەکەی خۆم کەڵک وەرگرم . بەتایبەتی کە ئەو نووسەری گەشت بە دەوری دونیا لە هەشتا ڕۆژدایە. من بە شێوازێکی جیاواز بە دەوری دونیادا گەڕام، واتە لە ڕێگەی هەشتا شانۆیی یان بڵێین هەشتا فیلمەوە ئەم گەشتەم ئەنجام دا. بەڵێ، فیلم، چونکە من هیچ جیاوازییەک نابینم لە نێوان نواندنی سینەما و شانۆدا، هەرچەندە هەر جار ئەم قسەیە دەکەم، دەبێتە هۆی سەرسووڕماندن، بەڵام لەڕاستیدا وایە، هیچ جیاوازییەک نییە.

من لەگەڵ ئەوەی کە دەڵێم لێرە تەنیا نیم، دەشڵێم من ئەکتەر نیم، بەڵکو یەکێکم لەو کەسایەتییانەی کە دەبنە هۆی بەردەوامیی هونەری شانۆ. ئەمە بە جۆرێک ئەرکی ئێمەیە و پێداویستیی ئێمەیە. چۆن بڵێم، ئەوە ئێمە نین کە دەبینە هۆی بوونی شانۆ، بەڵکو بەر لەوە زیاتر شانۆیە کە دەبێتە هۆی بوونمان. شانۆ زۆر بەهێزە، بەرگری دەکات، لە دۆخە سەختەکاندا دەژێیت، لە جەنگەکاندا، لە شەڕەکاندا، لە سانسۆرەکاندا و لە بێپارەییدا. ئەوەندە بەسە کە بڵێین تەختەی شانۆ، ستەیجێکی ڕووتە بۆ سەردەمێکی بێپایان، کە پێویستی بە گەڕانەوەی ئەکتەرێکە. بڕیارە ئەم ئەکتەر چی بکات؟ چی بڵێت؟ ئایا قسە دەکەن؟ جەماوەر چاوەڕێن، ئێمە هەرگیز ئەمە لەبیر ناکەین، کە بەبێ بینەر و جەماوەر، شانۆ بوونی نییە. کەسێک لە ناو جەماوەردا، هەموو جەماوەرەکەیە. هەڵبەت بە هیوای ئەوەی کورسییەکان زۆر بەتاڵ نەبن! جگە لای ئۆژێن یۆنسکۆ، کە لە کۆتاییدا پیرێژنەکە دەڵێت: “بەڵێ بەڵێ، ئێمە زۆر بە شکۆوە دەمرین… دەمرین بۆ ئەوەی بچینە ناو ئەفسانەوە… لانیکەم ئێمە دەبینە خاوەنی ڕێگەی خۆمان…”

ئەوە ماوەی پەنجاوپێنج ساڵە کە ڕۆژی جیهانیی شانۆ بەڕێوە دەچێت لە پەنجاوپێنج ساڵیدا، من هەشتەمین ژنم کە داوام لێ کراوە تا پەیامی ئەم ڕۆژە ڕابگەیێنم، جا نازانم ئایا پەیام وشەیەکی گونجاوە یان نا.  ئەمانەی بەر لە من پەیامیان ڕاگەیاندووە ( بگرە کە زۆرینەیان پیاو بوون)، دەربارەی  شانۆی وێناکردن، شانۆی  ئازادی، ڕەسەنایەتی، فرەکلتووری و جوانی قسەیان کردووە،  پرسیارگەلێک بەبێ وەڵام… لە ساڵی ٢٠١٣دا، بە نزیکەیی چوار ساڵ لەمەوبەر، داریۆ فۆ گوتی: “تەنها ڕێگەچارەی ئەم قەیرانە، ڕاوکردنی ئەم جادووگەرانەیە کە بەرانبەر بە ئێمە وەستاون، هەڵبەت زیاتر بەرامبەر بە گەنجانێک کە دەیانەوێت فێری هونەری شانۆ بن، ئەوانەی کە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی نەوەیەکی نوێ لە ئەکتەر، نەوەیەک کە دەتوانێت لەم داخراوییەشدا، سوودە وێنانەکراوەکان بۆ خۆی دەربکێشێت، ئەویش لە ڕێگەی نماییشکردنێکی نوێ.”  لێرەدا چەمکی سوودە وێنانەکراوەکان هەڵدەبژێرم، چونکە فۆرمولێکی جوانە بۆ دروستکردنی پڕۆگرامێکی سیاسی، وانییە؟ لەبەر ئەوەی کە من لە پاریسم و ئەوەندەی نەماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، لێرەوە پێشنیاری خۆم ئاڕاستەی ئەوانە دەکەم کە بەتەمان بەسەر ئێمەدا حکومەت بکەن، کە ئاگەداری سوودە وێنانەکراوەکانی شانۆ ببن. بەڵام نەک ڕاوکردنی جادووگەرەکان!

ئیزابێل هوپێرت لە فیلمی مەدام بوڤاری ڕۆڵیگێڕاوە

شانۆ بۆ من ئەوی ترە، دیالۆگە، نەبوونی ڕق و کینەیە، خۆشەویستییە لە نێوان خەڵکی. زۆر سەبارەت بەوەی کە ئەمە بە واتای چی دێت، نازانم، بەڵام من بڕوام بە کۆمەڵگەیە، بە خۆشەویستییە لە نێوان بینەر و ئەکتەر، بە یەکگرتوویی نێوان ئەو کەسانەی شانۆ دەبێتە هۆی کۆبوونەوەیان، بەوەی دەینووسێت، بەوەی وەریدەگێڕێت، بەوەی ڕووناکیی پێ دەبەخشێ، بەوەی جلی لەبەر دەکات، بەوەی دەیڕازێنێتەوە، بەوەی نواندنی دەکات، بەوەی دروستی دەکات، بەوەی دەچێ بۆ شانۆ. شانۆ پارێزگاری لە ئێمە دەکات، پەناگەی ئێمەیە، من دڵنیام ئێمەی خۆش دەوێت… زیاتر لەوەی ئێمە ئەومان خۆش بوێت… دەرهێنەرێکی بەتەمەنی کۆنم دێتەوە بیر، کە هەموو شەوەکانی نماییش لە پشتی ستەیج، بەر لەوەی پەردە بکرێتەوە، بە دەنگێکی بەهێز دەیگویت: ”جێگە بۆ شانۆ خۆش بکەن.” ئەمە قسەی کۆتاییمە. سوپاس.

کەسایەتیی درامی و پەیوەندیی بە سایکۆلۆژیاوە

دیدی من

نووسینی: فه‌ڕه‌ح ته‌ها ده‌روێش
لە عەربییەوە: گۆران محمد فەقێ


سەرەتا دەمەوێت بڵێم پەیوەندیی نێوان ئاکتەرو کەسایەتیی درامی پڕۆسەیەک، یاخود کردارێکە لە ئەنجامی گونجاندنێک دێتە ئاراوە  کە لە نێوان  کەسایەتییە درامییەکانی ناو هەر شانۆنامەیەکی بیانی یان لۆکەڵی، لەگەڵ خودی ئاکتەردا لەسەر ستەیج و لەکاتی ڕۆڵبینیندا دروست دەبێت. کەواتە دەکرێت ئەم دوو پەیوەندییە دابەش بکەین بەسەر دوو ڕەهەندی تەکنیکیدا کە ئەوانیش بریتین لە؛ یەکەم خودی ئاکتەر وەک  وزەیەکی کاراو ڕەهەندێکی تەکنیکی لەم پرۆسەیەدا، دووەمیش ئەو کەسایەتییەی کە هەمان وزە، واتە ئاکتەر بەرجەستەی دەکات و ڕۆڵی تیادا دەبینیت.

لێرەدا دەکرێت بپرسین کە ئایا مەبەستمان چییە لە ئاکتەر وەک وزەیەکی کارا؟

ڕەنگە باشترین گوزارشت، یاخود نزیکترین دەربڕین بۆ ئاکتەر وەک وزەیەکی کارا، بریتی بێت لە بوونی جۆرێک لە ئاکتەر کە هەڵگری جۆرێک لە هۆشیاری بێت لە بەرامبەر چۆنێتی سوود وەرگرتن و بەکارهێنانی، یان گرنگیدانی بە کەرەستە و ئامرازە جسمانییەکانی، مەبەستم لە سوودوەرگرتنی ئاکتەره‌ لە هەرسێ کەرەستەکانی “دەنگ، جەستە، خەیاڵ.” لە کاتی نواندن و ڕۆڵبینیندا، هەڵبەت دەبێت ئەم سوودبینینە لای ئاکتەر لە ئاگاییەوە سەرچاوە بگرێت و ئامانج لێی پیشاندانی سیفات و ڕەهەندی  کاراکتەر بێت نەک خۆدەرخستن و پیشاندان و نماییشکردنی توانا فیزیکییەکانی ئاکتەر  لەسەر ستەیج و لەکاتی ئەنجامدانی جوڵە و ئاماژە دەنگی و جەستەییەکانی. واتە ئامانج لە پەنابردن بۆ ئەم وزە و کەرەستە پڕ لە ئینێرژیانە لە لای ئاکتەر دەبێت بۆ نەهێشتن و تێکشکاندنی ئەو بەربەست و ئاستەنگیانە بێت کە ڕەنگە لە ئەنجامی هەست نەکردن بە گرنگی هەر یەکێك لەو وزانە  بێنە ئاراوە و ببنە لەمپەر لەبەردەم گوزارشتی پڕمانا و سەرکەوتوو لە لای ئاکتەر لە کاتی ڕۆڵبینیندا.

هەرچی دەربارەی کەسایەتیی درامیشە لەوانەیە دوو جۆر لێكدانەوە، یاخود دوو مانا لەخۆ بگرێت کە یەکەمیان شیکرنەوەی ڕەهەندە دەروونی و سروشتی و کۆمەڵایەتیەکانی هەر کەسایەتیی درامییە لە نێو شانۆنامە و پاشانیش لەسەر ستەیج، دووەمیشیان شێوازی بەرجەستەکردنی ئەم ڕەهەند و سیفاتانەیە کە پێشتر باسمان کرد.

لەبەر ئەوە کاتێک ئاکتەر لە ماوەی مەشقکردن و ڕاهێناندا  لەبیری وازیکردن و بەرجەستەکردنی کەسایەتییە درامیەکاندا تێڕا دەمێنێت، بێگومان دەبێت تێڕامان، یان تێفکرینەکانی لە چوارچێوەی شیکردنەوە و ڕاڤەکردنی سیفاتەکانی کەسایەتییە درامییەکاندا گیر نەخوات، زیاد لە پێویست نەمێنێتەوە، بەڵکو پێویستە بچێتە قۆناغی جێبەجێکردن و بەرجەستەکردن. بەڵام سەرەتا بۆ ئەوەی بەشیوەیەکی دروست دەست پێ بکات و پێشینەیەکی سەرەتای لە لا گەڵاڵە بێت دەربارەی فۆڕم و سیفاتەکانی کەسایەتییە درامییەکە،  پێویستە چەند پرسیارێکی سانا و هاوکات سەرەکیی لە خۆی بکات، بۆ نموونە؛ ئەو کەسایەتییە کێیە کە وا بڕیارە ڕۆڵی تێدا ببینم؟  خەڵکی کوێیە؟ کێشە و ململانێی لەگەڵ کێ و لەگەڵ چیدا هەیە؟ ئایا ئاکار و ڕەفتارەکانی چۆنە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی؟

بۆیە لێرەدا و بۆ شیکردنەوە تێگەیشتن لە کەسایەتییه‌ درامییەکان بەگشتی دەکرێت سوود لە دەروونزانی کەسایەتی و بەشێک لە تێڕوانینە سایکۆلۆژییەکان  وەربگرین.

چونکە بەشێک لە دەر‌هێنەرە شانۆیی و هەروەها تیۆریستە بەناوبانگەکانی وەکو کۆنستانتین ستانسلاڤسکی، مایرهۆڵد و تەنانەت یۆجینۆ باربا لەمیانی کارو تێڕوانینە  هونەرییەکانیان  بۆ شانۆ و بە تایبەتییش هونەری نواندن لە لای ئاکتەر لە تێڕوانینێکی  دەروونزانییەوە سەرچاوەی گرتووە و، سایکۆلۆژیا و بەشێك لە زانستە مرۆڤایەتییەکان بەگشتی بەشێك لە ناوەڕۆک و هەوێنی کار و بەرهەمە هونەرەییه‌کانیان پێک دەهێنێت. هەربۆیە لێرەدا نمونەی کاراکتەری، یاخود گرێی کەسایەتی ” ئۆدیب پاشای”  نوسەری گریکی سۆفۆکلس وەردەگرین و هەوڵدەدەین بە پێی تیۆری سایکۆلۆژستی نەمساوی سیگموند فرۆید  بۆ شیکردنەوەی کەسایەتی، خویندەوە بۆ کەسایەتی  گرێی ئۆدیب بکەین.  لێرەدا و لە ڕێی ئەم هیڵکاریەوە سەرنجاتان ڕادەکێشم بەلای هۆکارەکانی  دروستبوونی، یان دەرکەوتنی گرێی دەروونی کەسایەتی ئۆدیب لەشانۆنامەکەدا .

گرێی ئۆدیب

  • ئەفسانە + نزامی کۆمەڵایەتی
  • دەسەڵات + سەپاندن
  • قەدەر+ خواوەند+مرۆڤ

بەپێی تیۆری فرۆید بۆ شیکردنەوەی کەسایەتی هەر گرێیەکی دەروونی لای تاک کە دروست دەبێت بێگومان هۆکارگەڵیک لە پێشت دروستبوونی گرێ دەروونیەکەوە خۆیان مەلازداوە، هەروەک چۆن گرێی دەروونی کەسایەتی ئۆدیب چەندین هۆکاری جۆراجۆری  وەکو قەدەر و خواوەند، دەسەڵات و سەپاندن، ئەفسانەوە بێبەریکردن، یان حەرامبوونی لە پشتەوەیە. ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە گرێی ئۆدیب دەکرێت به‌ جۆرێک لە تێگەیشتن و تێڕوانینەوە سەرچاوە بگرێت کە ئایا مرۆڤ بوونەوەرێکە خاوەنی بیرکردنەوە و بڕیاردانە، یاخود هەموو شتێکی بەسەردا دەسەپێ و چارەنووسی بەستراوە بە قەدەرێکەوە، یاخود بە‌ هێزێکەوە کە ئەم وەکو مرۆڤ هیچ دەسەڵاتێکی بەسەردا نییە و ناشکێ.

چونکە مرۆڤ ئەگەر خۆی بڕیاردەر بێت بڕیارەکانی لە سنورێکدا دیاری دەکرێن و دەسەڵاتی بەسەریاندا دەبێت ، هەروەک چۆن کەسایەتی ئۆدیب ئەگەرچی سەرەتا  جۆرێك لە بەرچاوڕوونی پێ دەدرێت لەسەر بڕیار گەلێک کە نابێت بیاندات، یان لێیان نزیک ببێتەوە، بەڵام دواجار بەهۆی توڕەیی و نەفرەتی پەرستگاوە ناچار دەبێت کە ڕازی بێت بە قەدەرێک  کە بە تیاچوونی خۆی و لەدەستدانی ژیانی کۆمەڵایەتی و تایبەتی  کۆتایی دێت.

هەربۆیە ئەم دەرئەنجامە لەلای فرۆید و بەپێی تێڕوانییە زانستییەکانی بە جۆرێک لە تۆڵەسەندوەی ناخودئاگایی ئۆدیب دادەنێت لە خودی ژیان. هەروەک چۆن فرۆید بە کاریگەرییە خودئاگا و ناخودئاگاییەکانی تاک لە هەلبژارن و بڕیارداندا ناوی دەبات.

مەبەست لە ژیانی خودئاگایی ئۆدیب بریتییە لە هەبوونی زانیاری و به‌ئاگابوونی ئۆدیب لە تەواوی ئەو چیرۆکەی کە بەشێك لە ژیانی تیادا دەسنیشانکراوە، بۆ نموونە وەک ئەوەی کە نابێت خێزانداری لەگەڵ ئافرەتێک بکات کە به‌ تەمەن لە خۆی گەورەترە، نابێت بچێتە ناو شارە دێرینەکە. ئەمجۆرە لە ئاگایی له‌ لای فرۆید بە ژیانی دەروونی و خوئاگا ناوزەند دەکرێت، مەبەستی ئەوەیە کە دەبێت مرۆڤی ئاسایی هۆشیارانە و بەئاگاییەوە گوێ لە یاسا بنچینەییەکانی ژیان و دابونەرتی خەڵکانی دەوروبەر بگرێت و بەئاگاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، یان بڕیاریان لەسەر بدات. هەرچی لایەنی دەروونی و ناوخودئاگاییشە له‌ لای ئۆدیب برییتیە لەو ئەزمە دەروونییەی کە دواجار دەیخاتە ناو (تەهلوکەیەک – هەلاکەت و زەحمەتێک) کە ناچاری دەکات ژیانی دەروونی و خودئاگایی، واتە لایەنی هۆشیاری و زانیارییەکانی دەربارەی ژیان و چارەنووسی  خۆی سەرئەنجام دەبێت ببنە قوربانی سزا دەروونییە ناخودئاگاییەکانی و بە جۆرێک هەموو هەوڵەکانی ئۆدیب سەبارەت بە ژیانی خودئاگایی خۆی، واتە سەبارەت بە تێڕوانینه‌کانی دەربارەی ژیان و ململانێ کۆمەڵایەتییەکانی تەواو پێچەوانە دەبنەوە و بە دۆڕاندن و لەدەستدانی دەسکەوتنەکانی لە ژیان کۆتایی دێت.

هەربۆیە سیگمۆند فرۆید لە تاقیگە ئیشگرە تایبەتەکەی خۆیدا بەشێک لە نەخۆشە دەرونییەکانی لە ڕێگەی تێگەیشتن و شیکردنەوەی  ئەو تەنگەژە و ئەزمە دەروونیانەوە چارەسەر دەکرد کە بووبووونە مایەی دروسکردنی گرێی دەروونی لای کەسەکە، یاخود  لای نەخۆشەکە.

هەربۆیە بەشێك لە کار و ئەرکی ئاکتەر، یاخود ئاکتەری داهێنەر دەبێت بەهەمان شێوەی دەروونناوسێک، یاخود بە وێنەی سایکۆلۆژستێک لە کاتی شیکردنەوەی گرێ دەروونییەکانی هەر کاراکتەر و کەسایەتیەک پشت بەو زانیاریانە ببەستێت کە لە خودئاگایی کاراکتەرەکەوە سەرچاوەیان گرتووە و پاشان بیانکاتە هەوێنێک بۆ دۆزینەوە و درککردن بە زانیارییە ناخودئاگاییەکانی کەسایەتییەکە لە کاتی ڕۆڵبینیندا. واتە دەبێت لە میانی ئەم پڕۆسە دوولایەنەوە ئاکتەر هۆشیاری خودی خۆی وەکو (بەرجەستەکارێک- ئاکتەر)  تێکەڵ بە زانیاری و خودئاگایی ئەو کەسایەتییە  درامییە بکات کە بەنیازە ڕۆڵی تیادا ببینێت. لەبەر ئەوە مەرج نییە هەمیشە خویندنەوە و ڕۆچوونە ناو دێڕ و دیالۆگەکانی شانۆنامەیەک بەس بێت بۆ گەیشتن له‌ گرێی دەروونی کاراکتەر و کەسایەتییەکان، بەڵکو لەپاڵ ئەمەدا دەبێت  ئاکتەر پرسیارگەلێک بوروژینێت دەربارەی ئەوەی کە ؛ ئەم کەسایەتییە کێیە، لە چ ژینگەیەک و لە کوێوە هاتووە، جۆری ململانێ و گڕی دەروونی چییە؟

چونکە لەم کەناڵەوە ئاکتەر دەتوانێت جۆرێک لە خوگونجاندن و هاوکات پردی پەیوەندی لە نێوان سیفاتە سروستی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان،  واتە ڕەهەندەکانی کەسایەتی دروست بکات لەگەڵ  توانستە فیزیکییەکانی خۆی وەکو ئاکتەر لەسەر ستەیج و لە کاتی بەرجەستەکردن، یاخود نواندندا.

کەواتە دەتوانین بڵێین پەنابردن بۆ شیکردنەوەی لایەنی دەروونی کەسایەتییه‌ درامییەکانی ناو هەرشانۆنامه‌یەک لە ڕێی بەکارهێنانی زانستی دەروونناسییەوە، بێگومان دەبێتە کلیلێک بۆ کردنەوەی دەرگای داهێنان  بە ڕووی ئاکتەر لە کاتی  ئەنجامدانی پرۆسەی نواندن و ڕۆڵبینیندا. هەربۆیە دەبێت تۆی ئاکتەر بزانیت کە کار و پیشەت لە شانۆدا بەتەنها بریتی نییە لە بەرجەستەکردنێکی سەرپێیی کەسایەتییەک،  یان پیشاندانی  هەندێک سیفاتی دیاری کاراکتەرێک لە ڕیی گۆڕینی چینی دەنگ و ئەنجامدانی هەندێک جوڵەی دیار و زیادەڕۆ و  باو لەسەر تەختەی شانۆ، تەنانەت نابێت لە هەوڵی  پیشاندان و نمایشکردنی توانستە (ڤۆكاڵی – دەنگی)  و (جەستەیی – فیزیکیەکانت) بیت لەسەر ستەیج  وەکو ئامانج لەبری نواندن، بەڵکو دەبێت بە هاوئاهەنگیی کار لەسەر کەشفکردن و پاشان پیشاندانی گرێ و باری دەروونی و سایکۆلۆژی ئەو کاراکتەرە بکەیت کە بەنیازیت بەرجەستەی بکەیت، هەڵبەت بە سود وەرگرتن و پەنابردنت بۆ هەندێک ئامراز و کەرەستەی  یارمەتیدەری  وەکو؛ ئاماژەی دەنگی و فیزیکی.  لەپاڵ ئەمانەشدا دەکرێت زانستی دەروونزانی زۆر هاوکار بێت لە شیکردنەوە و بەرجەستەکردنی، یان دەربڕین و نواندن لەو شانۆنامانەدا کە زیاتر ڕیالیستی و سایکۆلۆژی و وەهمخولقێنن، واتە ئاکتەر زیاتر پێویستی بە ڕۆچوونە ناو کاراکتەر و “ژیان لەگەڵ دەرووندا” هەیە.

وتووێژ لەگەڵ ئاریەن منووشکین سەبارەت بە دوایین بەرهەمی گرووپی شانۆی خۆر

دیدی من – ژورنال لا تراس

لە فەڕەنسییەوە: فاتح فروومەند

شانۆیی ژورێک لە هیند کاری بەکۆمەڵی گرووپی شانۆی  خۆرە و لە دەرهێنانی ئاریەن منووشکینە، کە سەبارەت بە  کارەساتەکانی ئێستاکەی جیهانە، بە فۆڕمێکی کۆنی شانۆی هیند بە ناوی  Theru Koothu نماییش دەکرێت. لەگەڵ ئەوەی نائومێدی هیچ کات نەبووەتە ژانری سەرەکیی کارەکانی گرووپی شانۆی خۆر، ئەم جارەش گرووپەکە لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی نماییشێکی کۆمێدی پشتگیری لە هێزی زیندووی شانۆ دەکەن بەرامبەر بە نەهامەتی و نیگەرانیی جیهانی ئەمڕۆ. بەرهەمێکی سەرنجڕاکێش کە نابێت لەکیسی خۆمانی بدەین.

ئەمەی خوارەوە وتووێژە لەگەڵ دەرهێنەر لە گرووپی شانۆی خۆر، ئاریەن منووشکین:

cd13efc7b6c1b3b8569064d9fcf4a077

لە نوێترین بەرهەمی تۆدا پرسیارەکان چین؟

بە دڵنیاییەوە ئەم نماییشە پرسیارێک ئاڕاستە دەکات کە شەو  و ڕۆژ لەگەڵمدایە. چۆن دەبێت ئەمڕۆ کارەساتی جیهانی بووبێتە شتێک کە ناتوانین لێی تێبگەین؟ چۆن دەبێت باس  لەم کارەساتە بکەین  بەبێ ئاماژەدان بە کارەساتێکی تر، واتە بەبێ زیادکردنی کارەساتێک بەسەر کارەساتێکی تر، خەمێک بەسەر خەمێکی تر، نەهامەتییەک بەسەر نەهامەتییەکی تر، ئازارێک بەسەر ئازارێکی تر؟ چۆن دەکرێت بەرهەمێکی هونەری، شانۆییەک بەدی بهێنین کە بە زووترین کات سنوورەکانی ئەم کارەساتانە لە رێگەی ناسینەوەی هێڵەکان یان سەرچاوە ئاڵۆز و لە زیادبوونەکانی بەرتەسک بکرێتەوە. بە کورتی بڵێم لە رێگەی هێزەکانمانەوە. ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە شانۆ و ئەدەب و هەموو فۆڕمەکانی تری هونەر لەخۆ دەگرێت. ئێمە  لایەنی ژیانەوە و زیندوویی شانۆمان هەڵبژاردووە، واتە پێکەنین لەپێناو بەرەوڕووبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێیەک کە هەموومانی لە ئامێز گرتووە.

سەرەتا و سەرچاوەی دروستبوونی ئەم نماییشە چی بوون؟

دەقەکە لە ماوەی پڕۆڤەکاندا دەنووسرا، واتە نزیکەی هەموو دەقەکە لە ئیمپڕۆ و ئیرتیجالەوە بەدەست هاتووە. یەکەم قۆناغی دروستبوونی ئەم کارە گرووپییە، لە جانیوەریی ٢٠١٦ لە شاری پۆدۆتشیری هیندستان دەستی پێ کرد. ئەم نماییشە لە درێژەی کارەکانی  خوێندنگەی گەڕۆکی شانۆکەمان بە هاوکاری دە ئەکتەر و هەروەها ئەو کەسانەی دواتر لەمیانەی پڕۆڤەدا بە گرووپەکە زیاد بوون، ئەنجام درا. من ویستم هەموو ئەندامانی گرووپی خۆر، ئەکتەر، موزیسیەن، تەکنیسیەن و تا دوایی، لەگەڵ خۆم بەرم بۆ هیندستان و توانیمان هەموو کۆ بکەینەوە و ئەم گەشتە رێک بخەین. یەکێتیی فەڕەنسییەکان لە شاری پۆدۆشێری، کۆمەڵگەی فەڕەنسییەکانی ئاگەدار کرد و ئەوانیش بە خۆشحاڵییەوە شوێنی مانەوەیان لە بەر دەست داناین. لە پاش هێرشەکەی نۆڤمبەری ٢٠١٥وە سەبارەت بەم گەشتە دوودڵ ببووم، ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی بکەومە حاڵەتێکی تووڕە و سەرلێشێواو. سەبارەت بەم پەرێشانییە قسەم نەکرد و پێداگریم کرد لەوەی بڕۆین. وا تێگەیشتم کە ڕەنگە  بە دوورکەوتنەوەمان  باشتر و دادپەروەرانەتر بتوانین لەسەر ئەم خەم و ئازارانەمان کار بکەین. ئێمە زۆر لێکتر نزیک ببووینەوە و ماندوونەناسانە کارمان کرد. هەر ئەمە بووە هۆی ئەوەی وزە و توانای ژیان و بەتایبەتی ژیانی شانۆ دووبارە و سەرلەنوێ زیندوو ببێتەوە.

463732729318d7efa97f9157f24217e6

هیندستان وڵاتێکی زۆر تایبەتە لە بواری شانۆدا، ئایا ئەم نماییشە دەربارەی هیندستانە؟

نماییشەکە لە هیندستان ڕوو دەدات لە ژوورێک لە هیندستان، بەڵام دەربارەی هیندستان نییە. لە ناو ژوورێکدا دەکرێت گەشتێکی زۆر بکردرێت، تەنانەت دەکرێت هەموو دونیا لە ناو ئەم ژوورەدا کۆ بکرێتەوە. لە هەمان ژووردا دەتوانین بەرەوڕووی گەشتێکی زۆری خەیاڵ و میتافۆڕ و خەون و کابووسەکان ببینەوە، هەموو شتێک جگە لە بێشەرمی و دەستلەکارکێشانەوە. ئاشکرایە کە هیندستان وڵاتێکە وەک دایکێکی هەمیشەیی، کە سەرچاوەیەکی گەورەی سرووش و داخوازییە. کلتووری هیندستان پێویستییەک دەنوێنێت هاوکات لەگەڵ جووڵە و ئاماژە جوانەکانی ژیانی ڕۆژانە. بینینی ئەم رووە لە هیندستان شانسێکی گەورەیە، چونکە ڕووە تاریک و ناحەزەکەشی هەیە کە پڕە لە کارەسات و نەهامەتی. ئەم نماییشە بە جۆرێک ڕێزلێنانێکیشە لە فۆڕمێکی شانۆیی هیندستان بە ناوی Theru Koothu، کە من پێشتر زۆر بە خراپی لێی تێگەیشتبووم، بەڵام ئەم جارە بە ناسینی ڕاستەقینەی ئەم فۆڕمە شانۆییە، تووشی سەرسووڕمان بووم.

 

 Theru Koothu چ جۆرە شانۆیەکە؟

شانۆیەکی نەریتی تامیلی زمانێکی هیندیی زۆر کۆنە، کە بە شێوەیەکی گشتی بۆ چینی خوارەوە نماییش دەکرێت، بە جۆرێک ئامۆزای کاتاکالییە، بەڵام لە ویلایەتی تامیل لە باشووری هیندستان سەری هەڵداوە. لەگەڵ ئەوەی کاتاکالی خاوەنی دەقی زۆر ڕەسەنە، ئەم نماییشە گشتگیرە و لە گوندەکان نماییش دەکرێت کە شەو دادێت دەست پێ دەکات تا پارشێو و بەرەبەیان درێژەی دەبێت. من بە سەربەستی و زیندوێتیی ئەم فۆڕمە تووشی سەرسووڕمان بووم کە بینیم زۆر جدی چیرۆکە حەماسییەکانی مەهاباراتا و ڕامایانا دەگێڕێنەوە. لە نماییشەکەمان فۆڕمی شانۆیی Theru Koothu   بە هەموو هێز و شکۆکەیەوە پێشان دەدرێت. هەروەها ئەم فۆڕمە وەک هێزێکی تایبەت ڕۆڵێکی گرنگی لە هونەری  شانۆشدا هەیە، واتە بنەما و سەرچاوە ڕەسەنەکانی شانۆمان وەبیر دەهێنێتەوە و گاڵتە بە تەوژم و گۆڕانکارییەکانی ئێمە دەکات. بە دڵنیاییەوە لە ساڵی ٢٠١٦دا نمایشی Theru Koothu ناتوانێت هەموو شتێک چارەسەر بکات، بەڵام ئەم شانۆیە وەک بەردی سەرچاوەیەک وایە کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ سەرڕێژبوونی ڕووبارێک.

2-unechambreeninde_tds-rmichele-laurent 

خاڵی دەستپێکی شانۆکەتان چییە؟

گرووپێکی شانۆ لە هیندستان دەکەونە ناو داوێکەوە، بەڕێوبەرەکەیان ون دەبێت، ئەو کە پاش هێرشەکان (مەبەستی هێرشەکانی پارساڵە) هێزی تێدا نامێنێت و تووشی پەرێشانی دەبێت، بڕیار دەدات گرووپەکەی بەجێ بهێڵێت. ئەوان هەرچی پارەی گەشتەکە بووە خەرجیان کردووە و چاوەڕێیان لێ دەکرێت پڕۆژەیەک بۆ سبەی ڕابگەیێنن؛ گەڕان بەدوای شانۆ لە ناو شانۆدا.

لە بەرامبەر ئەم دنیا ئاڵۆزەدا، شرۆڤەکان بەردەوام لە زیاد بووندان و زۆرجار ئیدۆلۆژییەک  دەبێتە هۆی نابینابوون

بۆ وەستانەوە لە بەرامبەر ئەو ئایدۆلۆژییانەی کە باون، هەوڵم بە پارێزگاریکردندا لە ڕاستگۆییەکی ڕۆشنبیرانە، چونکە ئایدۆلۆژییە باوەکان لەمێژەوە سێبەریان بەسەر بەرهەمە هونەرییەکاندا داگرتووە. پێداگریکردن لەسەر شرۆڤەکردنێکی گشتگیر بۆ نەهێنانەوەی بەهانە، زۆر جار دەتوانێت بمانخاتە حاڵەتێکی لایەنگرانەوە. لە دنویای ئەمڕۆکەدا، توندوتیژی و خراپە لە کردارە بەردەوام و داڕشتراوەکان و لەوە پێش داڕشتراوەکاندا دەردەکەوێت. ئێمە لە بەرامبەر دونیایەکداین کە رۆژێک لێی تێدەگەین و رۆژێکی تر لێی تێناگەین، چونکە بەهرە و تواناکانمان لە شرۆڤەکردندا بەرەو لاوازی دەڕوات، لەبەر ئەوەی کە دژ بەوە دەوەستێتەوە کە هەوڵمان بۆپ یشاندانی دەدا. من لە پاش ‌هێرشەکانی پارساڵ بە زیادبوونی جۆرە زمانێک کە بەتاڵە لە دڵسۆزی و هاوخەمی (یان ئەگەر هەیبێت هاوخەمییەکی هەڵبژاردەیە)، تووشی سەرسووڕمانێکی سەیر بووم. ئێمە ئێستاش هەوڵ دەدەین لە بەرامبەر شینگێڕانێکی هەمیشەیی خۆڕاگر بین. دەبێت هەست بە بەختەوەری و شادمانی بکەین ئەگەر بکرێت! جیهانی ئەمڕۆ سەبارەت بە گلەیی و سکاڵا و بێزارییەکانمان  هیچی پێ ناکرێت،  نۆستالژیاکانیشمان هەروەتر، ئەوانیش لاوازمان دەکەن. لەم شانۆییەدا ئێمە ویستمان لە ڕێگەی پێکەنینەوە  بەسەر ترس و دڵەڕاوکێکانماندا زاڵ بین.

7250696-une-journee-au-soleil-avec-ariane-mnouchkine

بۆچی پێکەنین؟

ئێمە بۆ قسەکردن لەسەر ترسێک کە دونیای ئێمەی داگیر کردووە، کۆمێدیامان هەڵبژارد وەک جۆرێک لە ئەنتی بیوتیک (Anti-biotique). ئێمە تەنانەت خۆمان بە خۆمان پێدەکەنین، بە ناکامی و شکستەکانمان، بە ترسەکانمان، هەڵبەت ئەوە بە مانای ئینکاریکردن لە ڕەواکان نییە. من وا بیر ناکەمەوە کە ترس تەنیا هەستێکە و بەس، بەڵگەی ڕەوا هەیە بۆ ئەوەی بترسی، کەواتە دەبێت هەم لەگەڵی بژیت و هەمیش دەرمانی بکەیت. هەروەها ئەم نماییشە خۆراک دەبەخشێتە خەم و خەیاڵەکانمان، ئەم نماییشە قورسترین کارێک بووە کە تا ئێستا کردومانە. زۆر جار کۆمێدیا لە ماوەی پڕۆڤەدا دەردەکەوێت. لەم نماییشەدا هەموو شتێک زۆر بە وردی و کتومت کاری  لەسەر کرا. کارکردنی  کۆمێدیا زۆر لە تراژێدیا قورسترە. لە کۆتاییدا ئەمەی دەبێتە هۆی پێکەنین، بابەتێکی تراژیکە کە خۆی لە پشت کۆمێدییەکەوە حەشار داوە. دەکرێت بڵێین شانۆییەکەمان دەبێت کارەساتەکان بخاتە ناو ڕەهەندێکی شانۆیی و کۆمیک. ئێمە دەبێت لە ڕێگەی هێزەکانی کۆمێدیاوە ڕاست و ناڕاست لێک جیا بکەینەوە. من ئارەزوو ناکەم بەڵێن بدەم و بڵێم شانۆییەکەمان پێکەنینهێنەرە، بەڵام هیوادەرام وا دەربچێت. بە هەرحاڵ، ئێمە خۆمان کە زۆر پێدەکەنین. هێزی ژیانەوەی شانۆ دژ بە نائۆمێدی و وێرانی دەوەستێتەوە و پارێزگاری دەکات لە هەست و سۆزە جوان و نەرمونیانەکانی مرۆڤ. وەک هەمیشە، متمانەم بە هەست و سۆزەکانمان هەیە و گرەو دەکەم  بینەرەکانیش هەمان هەست و سۆز و پێکەنینیان لا دروست دەبێت، چونکە ڕەنگە ئەوانیش وەک من لە تووڕەییدا بن. ئێمە دڵی پێکەنینمان نییە، تەنیا لەبەر ئەوەی هۆکارێک بدۆزێنەوە بۆ بەدی هێنانی نمایشێکی کۆمێدی، بەڵکو ئەوە دڵمانە کە پێویستی بە پێکەنینە. بۆیە وەک هەمیشە گرەو دەکەم دڵی ئێمەش وەک دڵی بینەران وایە.

داریۆ فۆ، شانۆنامەنووسی تەنزی سیاسی و کۆمەڵایەتی

دیدی من – بی بی سیی فارسی

لەفارسییەوە: خەنسا محەمەد

داریۆ فۆ، شانۆنامەنووس و ئەکتەری ئیتاڵی، کە بە هۆی تەنزی تاڵی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ناوبانگی هەیە، لە تەمەنی 90 ساڵیدا و لە بەرواری ١٣/١٠/٢٠١٦ لە میلان کۆچی دوایی کرد.

ئەو کە یەکێک لە ناسراوترین نوەسەرانی ئیتاڵیایە لە مەیدانی نێودەوڵەتیدا، لە ساڵی 1997 توانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب وەربگرێت. لە شاکارە بەناوبانگەکانی کە وەرگێڕدراونەتە سەر نزیکەی 30 زمانی دونیا، دەتوانین بە مەرگی لەناکاوی ئانارشیستێک، پاسەوانی جادە و ڕێگەی ئاسن ناویان بەرین. یەکێک لە کاریگەرترین بەرهەمی نهێنی کۆمیدیایە ،کە شانۆنامەیەکی مۆنۆدرامایە و بۆ ماوەی 30 ساڵ بە نواندنی خۆی لە سەرانسەری جیهاندا تەماشاکەرانی شەیدای خۆی کرد.

_91910011_64e61e81-7c93-4e1a-a0b9-4f83bbfaf5d5

هەروەها فرانکا ڕامای هاوسەریشی ئەکتەر بوو، لە زۆربەی شانۆکاندا لەگەڵیدا بوو. ئەو سێ ساڵ پێش ئێستا و لە تەمەنی 83 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ماتیۆ ڕێنتسی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کە خودی خۆی چەندین جار بووەتە ئامانجی ڕەخنە توند و زبرەکانی داریۆ فۆ، بە ناونیشانی گەورەی شانۆ، فەرهەنگ و کۆمەڵگەی شارستانیی ئیتاڵیایادی داریۆ فۆی کردەووە و گوتی: “تەنزی ئەو، لێکۆڵینەوەکانی، کارەکانی لە ستەیجدا، ڕەوشتی هەمەچەشنەی چالاکییە هونەرییەکانی، هەموو ئەمانە سپاردە و میراتی ئیتاڵیەکی مەزنە لە جیهاندا.”

داریۆ فۆ لە ئاداری 1926 لە سەن جیانۆ، شارێکی بچووکی کەناردەریای ماجورەوە هاتووەتە دونیاوە و هونەری چیرۆک و داستان گێڕانەوە لە باپیریەوە فێر بوو، کە فرۆشیارێکی گەڕۆک بوو و بۆ ڕاکێشانی کڕیار پەنای دەبردە بەر گێڕانەوەی چیرۆکی سەرنجڕاکێش.

لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانیی دووەمدا بانگ کرا بۆ خزمەتی سەربازی ناچاری، بەڵام لە سەربازی هەڵات و لە چەند مانگی کۆتایی جەنگدا لە کوخێکی نهێنیدا دەژیا.

من ڕاستی دەنووسم و ئەوەیش دەمکوژێت

تێڕوانینێک لە شانۆنامەکانی سارا کەین

دانا ڕەئووف

سارا کەین ١٩٧١- ١٩٩٩، کە لەم ماوەیەدا کۆی بەرهەمەکانی بە وەرگێڕانی خاتوو باران لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاو کراوەتەوە، بە بێ هیچ گوومانێک یەکێکە لە شانۆنامەنووسە پڕ بایەخ و گەورەکانی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی بیستویەکی شانۆی بەریتانی. کەین، کە لەساڵی ١٩٩٣ـدا یەکەم دەقی تەقینەوەکان و دواتریش ئەڤینی فایدرا و ڕزگاربوو خرانە سەر شانۆ، کەوتە بەر ڕەخنەیەکی هێندە رەق و بێبه‌زه‌یییانه‌، ناچار بوو دەقی دواتری تینووێتی، لە ژێر ناوێکی خواستراودا بڵاو بکاتەوە. هەموو ڕەخنە توندەکەیش سەبارەت بەو توندوتیژییە کۆنکرێتییە بوو، کە کەین لە دەقەکانیدا بەڕوونی خستبوونییە ڕوو: هێزێکی بێبه‌زه‌یی و دڕندە، سێکس، دیدێکی سادیزم و توڕەیییەکی بێ ئەندازە، ڕەوش و ستراکتور و ئەتمۆسفێری شانۆنامەکانی سارا کەین پێک دەهێنێت. هەرچەندە توندوتیژی نامۆ نەبووە بە شانۆی ئینگلیزی و هەمیشە تێڕوانین و دیدێکی توندوتیژ بەشێکی گرنگی دەقە شانۆیییەکانی شانۆی بەڕیتانی، بەتایبەتیش لە سەرەتاکانی نەودەکانی سەدەی ڕابردوودا، پێک دەهێنێت، بەڵام ئەو توندوتیژییەی کەین لە دەقەکانیدا باسیان لێ دەکات فۆرمێکی جودا و تان و پۆیەکی کلاسیکی لەخۆ دەگرن. ئەو توندوتیژییە دڕندەئاسا و کێوییەی لای کەین هەن، نەژادێکی دێرینیان لە کلتووری ئەوروپیدا هەیە و بەئاسانی لە دەقەکانیدا گاریگەریی چیرۆکەکانی ئنجیل، میتۆلۆژیای گریکی، شەکسپیر و زمان و وێنە مەجازییەکانی شیعرەکانی ت، س ئلیۆت… هتد بەدی دەکرێن. کەین توانیویەتی ئەو زمانە ئەدەبییە بەرزەی ئەوان بدۆزێتەوە، کە لە زمانەکەی خۆیدا لە ستراکتورێکی مۆدێرندا هێزێکی تری بە ده‌قه‌کانی کەین بەخشیوە. بۆ نموونە تینووێتی وەکو نۆتەی مۆسیقا و کۆڕاڵ بۆ چوار دەنگ نووسراوە، کە بە سی، ئێم، بی، ئەی ئاماژەیان بۆ کراوە، چۆن ئەم چوار دەنگە لە کۆڕاڵێکدا کۆ دەکەینەوە، کە هەر یەکێکیان کارەکتەر و دەنگی تایبەت بە خۆیان هەیە و لەنێو خودی دەقەکەدا گەمە بە تۆن و وشە و پێگەی خۆیان دەکەن. هەندێک جار تەنها لە پەیڤێکدا بۆ خۆیان، جارجارێکیش بۆ یەکتر و لە بەشێکی تریشدا ڕووبەرووی بینەران دەبنەوە. تینووێتی وەک کۆرسێکی شانۆیی بەرجەستەی هەلاهەلابوونی دەروونی مرۆڤ دەکات، کەین لەم دەقەیدا پێداگری لەو ڕاستییە بۆ خۆی، وەک شانۆنامەنووسێک، دەکات و دەڵێت “من ڕاستی دەنووسم و ئەوەیش دەمکوژێت”. ئەم شانۆنامەیە دەقێکی خودگەرایشە، کە پرسە ئێکستێنتالیزمییەکان دەخاتە ڕوو، ئەمەیش ڕەگ و ریشەیەکی قووڵی لە کۆمەڵگەی ئەوروپیدا هەیە. کەین گرنگییەکی زۆری بە فۆڕم داوە، بە بێ ئەوەی ناوەڕۆک پشت گوێ بخات و لە فۆرمەوە چۆتە نێو دونیابینی و وێناکردنە توندوتیژەکەی سیستەم و کۆمەڵگەوە. لەم ڕووەوە دەڵێت: “لە دەقی شانۆییدا فۆڕم زۆر لە ناوەڕۆک گرنگترە، هەموو هونەرێکی باشیش لە فۆڕمدا یان لە ناوەڕۆکدا یاخییە، باشترین هونەریش ئەوەیە، کە لە فۆڕم و ناوەڕۆکیشدا یاخییە. زۆرجار فۆڕم دەبێتە هۆی ئەوەی سانسور بخرێتە سەر بەرهەمە نوێ و یاخییەکان… من لەو بڕوایەدام، ئەگەر تەقینەوەکان دەقێکی ڕیالیزمی سۆشیالیزم بوایە، بەو شێوە خراپە ڕەخنەی لێ نەدەگیرا. فۆرم خودی ناوەڕۆکە.”

13230129_10208417023036634_3047144083265161128_n

شانۆ دڕندەئاساکەی کەین بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە چەمکە ناتورالیزمییەکانەوە نییە، بەڵکوو دیمەنەکانی جۆرە ڕیالیزمێکی میتافۆرن، کە لەنێوان ڕیالیزم و شیعردا کار دەکەن و بنەما و ستراکتورێکی سمبۆلیش لەخۆ دەگرن. کەین بە دەقەکانی ئەو هەستەمان لا دروست دەکات، کە ئێمە لە زەمەن و دونیایەکی میتۆلۆژیدا دەژین، کە هێزێکی خواوەندی هەیە و هیچ خودگەراییەک لە ئاست ئەو هێزەدا نییە. ئەوەی کەین باسی دەکات تەنها گەڕانەوە و گێڕانەوەیەکی تری میتۆلۆژیا و چیرۆکە دێرینەکان نییە، بەڵکو هێزی ئەو زمانە تەواو درکپێکراوەیە، کە بۆ نموونە لە بێکێت نزیکمان ده‌کاته‌وه‌. ئەوەی کەین دەینووسین، مۆرکێکی سیاسیی و هاوکات خودگەراییی قووڵ لەخۆ دەگرن؛ ئەو لە فۆرمێکی بچووکدا، بۆ شتە بچووکەکانی دەنووسی تا باسی شتە گەورەکان بکات. دەکرێت بە شێوەیەکی گشتی دەقەکانی کەین لەم سێ خاڵەدا چڕ بکەینەوە: تووڕەکردن، بەرجەستەکردنی توندوتیژی و سێکس، هه‌روه‌ها تێکشکاندنی فۆڕمە تەقلیدییەکانی دراماتیک. کەین یەکێکە لەو شانۆنامەنووسە ده‌گمه‌نانه‌ی، کە وەک نووسەرێکی کلاسیکی و هاوکات مۆدێرنیش ئاماژەی بۆ کراوە.

شانۆ بۆ کەین هەر شانۆ نەبووە، بەڵکو شانۆ ئەو هێزەیە دەتوانێت گۆڕانکارییەکی سەراپاگیر دروست بکات، کەین ئەوەی دووپات کردۆتەوە، کە شانۆ هێزێکی سەربەخۆ نییە، کە تەنها کاریگەری و دەسەڵاتی بەسەر کۆمەڵەوە هەبێت، بەڵکو بەشێکی گرنگە لە خودی کۆمەڵ، ڕەهەند و دیدی هاوڵاتییە سەبارەت بەو دونیایەی لە شانۆدا ڕەنگ دەداتەوە. کەین گوتویەتی “ئەگەر شانۆ بتوانێت ژیانی مرۆڤ بگۆڕێت، مانای وایە دەتوانێت کۆمەڵیش بگۆڕێت، بەتایبەتی ئێمە هەموومان بەشێکین لەم کۆمەڵگەیە”. شانۆ میتافۆرێکی گونجاوە و وا ده‌کات قووڵتر هه‌ست به‌ شته‌کان بکه‌ین، هاوکات بۆ کۆمەڵیش: ڕێگای چوونە دەرەوە بە ئاسانی نادۆزێتەوە. کەین خۆی دەقەکانی بە “شانۆی ئەزموون” ناوزەند کردووە، بە مانای نەماییشەکان، کە لەسەر دەقەکانەوە ڕۆ دەنرێن، دەبنە ئەزموونێکی ژیان یان ئەزموونێک بۆ ژیان، نەک تەنها چێژێکی هۆشمەند و گەمەیەکی شانۆیی. هەر بۆ نموونە ڕزگاربوو ڕووداوێکە بۆ بیرخستنەوەی ئەو شتانەی، کە لە ژیاندا ڕوویان نەداوە، بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگا لە ڕوودانیان بگرین. خۆی دەڵێت “هەندێک جار لە فەنتازیدا پێویستە بچینە ناو دۆزەخەوە، بۆ ئەوەی بتوانین لە واقیعدا ڕێگای چوونە ناوەوەی ئەو دۆزەخە بگرین”. دەقەکانی کەین نەماییشێکی ئایینین سەبارەت بە گوناهـ، ئازارچێشتن و ئاشتبوونەوە، هەروەها باسی ئەو سیستەمە دەکات، کە هێدی هێدی خۆشەویستی دەکوژێت، هەموو ئەمانەیش لە فۆڕمێکی گرۆتیسکدا دەخاتە ڕوو. ئەو لە هەوڵی ئەوەدا بوو، شتێک بەرجەستە بکات، کە لەسەر شانۆکان نەدەبینران، لە ڕزگاربووـدا تەنها باسی توندوتیژی و رق و کوشتن ناکات، بەڵکو لە پشت ئەم هەستە بەهێزانەوە بەرجەستەی ئەو ناسکی و سۆز و خۆشەویستی و ژیانە دەکات، کە هەر لەسەرەتاوە دەشێوێنرێن و لەتوپەت دەکرێن. خۆشەویستی چەمکێکە، کەین بەردەوام کاری لەسەر کردووە؛ خۆشەویستییەکی وەڵام نەدراوە و یەک لایەنی، نائامادە یان بێ وەفایییەکی دڕندەئاسا. کەین هۆشیارە سەبارەت بەو بەها و پرنسیپە مەسیحییانەی کۆمەڵگە و شارستانییەتی ئەوروپی لەسەر ڕۆ نراوە، دەقەکانیشی ڕووبەرووی ئەم پرنسیپانە ده‌بنه‌وه‌ و بە دیدێکی ڕەخنەیییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و دەیانخاتە ژێر پرسیارەوە.

کەین چوار دەقی لە دوای خۆی بەجێ هێشت، هەروەها ڕەشنووسی دەقێکی تەواونەکراو و سیناریۆی کورتەفیلمێکیش بە ناوی پێست‌ـەوە، بەم چەند بەرهەمە کەمەیش ناوی خۆی لە مێژووی شانۆی جیهانیدا تۆمار دەکات. ئەم نووسەرە گەنجە رەچەشکێن بووە و هەر لەسەرەتاوە بەتوندی ڕەخنەی لە دراما و شانۆی ئینگلیزی گرتووە، هەستی کردووە شانۆ ڕۆڵ و پێگەی خۆی لە دەست داوە، لە پێش هەموو کەسێکیشەوە دەبێت شانۆنامەنووسەکان بەها و ڕۆڵی شانۆ بگەڕێننەوە و وەک ئامڕازێک بۆ گۆڕانکاری، سەرەتا لە خودی مرۆڤ و دواتریش لە ستراکتوری کۆمەڵدا، بەکاری بهێنن. کەین بەو ئاراستەیەدا کاری دەکرد، کە دەقەکانی کاریگەرییەکی زۆریان بەسەر خۆیەوە هەبێت، چونکە بە گەیشتنە ئەو ئامانجە، لەوانەیە بە هەمان شێوە کاریگەری بەسەر خەڵکی تریشەوە هەبێت. لە تەقینەوەکان‌ـدا، کە بۆ یەکەم جار لەساڵی ١٩٩٥ لەسەر شانۆی ڕۆیاڵ کۆرت نەماییش کراوە، ڕاپۆرتێکی شەڕی بۆسنە و یۆگۆسلافیای جارانمان بە هەموو وردەکارییەکانییەوە بۆ دەنووسێت، بەڵام چیرۆکێکی خۆشەویستیشمان بۆ دەگێڕێتەوە. ئیان‌ـی ڕۆژنامەنووس لە ژووری هوتێلێکدا لاقەی کچە هاوڕێکەی خۆی دەکات، دواتر هوتێلەکە بەر تۆپێک دەکەوێت، ئەفسەرێک دێتە ژوورەوە، لاقە‌ی ئیان دەکات و چاوەکانی دەخوات. ئیان‌ـی کوێر لە برسێتیدا منداڵێکی ساوا دەخوات. تەقینەوەکان بە هەموو پێوەرێک خوێندنەوەیەکی نوێ و مۆدێرنی دراما و تراجیدیای گریکییە، کە سەرلەنوێ لە شەڕی یۆگۆسلافیاـدا و لەنێو جەرگەی ئەمرۆی ئەوروپادا ڕوودەداتەوە. کەین لەم شانۆنامەیەیدا بە زمانێکی شانۆیی و پڕ لە وێنە و وێنەی شیعری، وێنای توندوتیژییەکی بێبەزەیی و دڕندەئاسای مرۆڤی هاوچەرخی ئەوروپا دەکات.

کەین لە دوووەم هەوڵیدا، ڕاستەوخۆ دەگەڕیتەوە بۆ سەر میتۆلۆژیای گریکی و لە ئەڤینی فایدراـدا دەیبەستێتەوە بە نامۆبوون و بەتاڵی و وێرانبوونی دەروونی مرۆڤی ئەمڕۆوە. هیپۆلیتۆس ژیانی بە تەماشاکردنی تیڤی و گەمەکردن بە خۆیی و ئامێرە ئەلکترۆنییە گرانبەهاکان بەسەر دەبات و زۆر خەمساردانە گەمە بە چارەنووسی مرۆڤ دەکات و هۆگری هەموو شتێکە، کە لە دەرەوەی ویژدان و رێساکانەوە بێت. فایدرا، کە زڕ دایکی هیپۆلیتۆس‌ـە، عاشقی ئەم زڕکوڕەی خۆی دەبێت. لێرەوە رێچکەی ڕووداوەکان دەگۆڕێت و لە کۆمەڵێک دیمەنی پر لە پارۆدۆکساڵدا، بێ بەزەیی و نامۆبوون و گەڕان بەدوای خودی خۆ و مرۆڤبووندا بەرجەستە دەبێت. کەین لەساڵی ١٩٩٥ـدا خۆی کاری ریژی بۆ ئەم دەقەی کردووە و لەسەر شانۆی گەیت نەماییش کراوە. سێیەم دەقی کەین ڕزگاربووـە، ڕوودواوکانیشی لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی سمبۆلیدا ڕوو دەدن، شوێنێک بۆ ئەوە دامەزراوە تا ئەو کەسانە بخاتە پەراوێزەوە، کە لەگەڵ کۆمەڵگە و سیستەمە توتالیتارەکاندا ناگونجێن. کارەکتەری تینکەر، کە سەرەداوی گەمەکەی بە دەستەوەیە، کەسێکی پڕ لە ڕاز و نیازە و هەر ئەویش سزادەرە. تینکەر سمبۆلی باوکسالارییە، ئەو خودایەی دونیا ڕادەگرێت یان هەر دەسەڵاتێکی تر، کەین ئەم کارەکتەرەی لە فۆرمێکی گرۆتیسکدا وێنا کردووە. گراهەم دێتە ئەم شوێنەوە و بە دوای براکەیدا دەگەڕێت، کە بەهۆی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانەوە مردووە. گراهەم بە شێوەیەکی بەهێزی ڕێپێنەدراو عاشقی براکەیەتی، جلەکانی ئەوی پێیە، لە ئەنجامیشدا ڕەگەزە نێرینەکەیشی. ئەم دەقە یەکێکە لەو کارانەی بەچڕی و بە شێوەیەکی قووڵ کاری لەسەر مەسەلەی جێندەر و سێکس و ڕەگەزی مرۆڤایەتی کردووە و واقیع و ئەندێشە بە شێوەیەک تێکەڵاو دەبن، کە واقیعێکی تر و لەنێو بنەمایەکی دەروونی سەختەوە دەستەبەر دەکات. دوا دەقی کەین، سایکۆس ٤٨:٤، ئاماژەیەکە بۆ کات: کازیوە یان بەرەبەیان، ئەو کاتەی مرۆڤ ئەو هێز و ئازایەتییەی تیایە، کە دەستی دەچێتە خۆی، ئەو کاتەی جەستە ئەو هێز و وزەیەی تیایە رۆح بگەیەنێتە ئاستی ئارامی. بێگوومان باسی ئەو مرۆڤانە دەکات، کە لە کێشە و قەیرانێکی دەروونی سەختدا دەژین و بە تەواوی هاوسه‌نگی نێوان گیان و جەستە لە دەست دەدات. سایکۆس ٤٨:٤  بەچڕی باسی ئەو ڕەوشە دەروونییە ئاڵۆزەی ناوەوی ئەو کەسانە دەکات، کە ئەو سنوورانەی واقیع لە فۆڕمە جیاوازەکانی فەنتازیا جیا دەکاتەوە، بەتەواوی بوونی بۆ نامێنێت، بەو شێوەیەیش مرۆڤ ناتوانێت جیاوازی لە نێوان ژیان و خەونەکانیدا بکات. کەین ناونیشانی دەقەکەی لە کتێبێکەوە سەبارەت بە ئامارەکانی خۆکوشتن وەرگرتووە؛ لەو کتێبەدا ئەوە بەڕوونی خراوەتە ڕوو، کە زۆربەی ئەوانەی خۆیان دەکوژن لە کاتژمێری ٤:٤٨ خولەکی بەرەبەیاندا ئەو کارە دەکەن. ئەمەیش یەکێکە لە دیاردە کوشوندەکانی نەخۆشیی خەمۆکی، ئەو جۆرە کەسانە بەشەو باش دەنوون، بەڵام لەنێوان کاتژمێری ٣ بۆ ٤ـی بەرەبەیاندا خەبەریان دەبێتەوە و لە ترسێکی قووڵدا دەژین، هەست دەکەن ژیان بێمانایە و ئەو پرسیارانە لە خۆیان دەکەن، من کێم و بۆ لەم ژیانەدام. کەین لەم ڕەشنووسەیدا وەک کامۆ کێشە فەلسەفییە قووڵەکانی مەرگ و خۆکوشتن چارەسەر دەکات: خۆکوشتن کێشەیەکی فەلسەفییە و کامۆ بە یەکێک لە کێشە قووڵە فەلسەفییەکانی مرۆڤی دادەنێت؛ لەوێدا مرۆڤ ئەو بڕیارە دەدات، کە ژیان شایەنی ئەوەیە بۆی بژیت یان بەجێی بهێڵیت؟ کەین، لە ڕێگای مەرگەوە چارەنووسی خۆی دەهێنێتە دی، کە خۆشی دەکوژێت، ئەم قسەیەی کامۆ لە ژیان و چارەنووس و مەرگی خۆیدا بەرجەستە دەکات. لەم دوا بەرهەمەی کەین کارەکتەرێک بوونی نییە، بەڵکوو تەنها زمانێکی شیعری و وێنەکانن؛ مەنەلۆژێکی درێژە و بەر لە کۆتاییهێنان بە ژیانی خۆی نوسیوویەتی و زیاتر وەک شیعرێکی درێژ، نەک شانۆنامە ناوزەند کراوە. دەقەکە گوزارشت لە کێشە دەروونییەکانی کەین خۆی دەکات و هێندە ڕەشە، کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٢ـدا نەماییش کراوە، بەشێکی زۆری بینەران چوونەتە دەرەوە و بەرگەی بەردەوامبوون و گوێگرتن و تەماشاکردنی نەماییشەکەیان نەگرتووە. سایکۆس ٤٨:٤ گوزارشتێکی راستگۆی ئەم نووسەرەیە سەبارەت بە ماناکانی ژیان و ڕامان لەم پرسیارە: ژیان چ مانایەکی هەیە؟ کەین گەیشتبووە ئەو باوەڕەی، کە ژیان هیچ مانایەکی نییە، نەشی دەتوانی بە بێ مانایی ژیان قاییل بێت، ئەوەی دەشینووسی هەوڵێک بوو بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو بێ مانایییەی لە ژیاندا هەستی پێ دەکرد.

سارا کەین ده‌یویست بینەر تووشی خورپە بکات، بەڵام لە ڕێگەی موڕاڵەوە نا، بەڵکو ئەو خورپەیەی مرۆڤ دەخاتە سەر ئەژنۆ، شانۆیش دەبێت لە دیدێکی فیزیکییەوە ئەو خورپەیە بە بینەرەکانی بگەیەنێت و بینەران تووشی ڕاچڵەکین و ڕامان و بیرکردنه‌وه‌ له‌ به‌خۆداچوونه‌وه‌دا بکات. دەقەکانی کەین ڕەنگدانەوەی ئەو وزە ناوەکییە بەهێزەی مرۆڤە، کە ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت هەستی پێ بکەین، ئێمە دەکاتە مرۆڤ: هەستی وەک رق، حەز، ترس. لە دەقەکانیدا بەبێ ئەوەی مەسەلەکانی موڕاڵ بکاتە ئامڕاز، بەرجەستەی ئەو ڕەوشانە دەکات، کە مرۆڤ لە بارێکی نائاسایی و لێوانلێو له‌ خراپه‌کاریدا، چ کاردانەوەیەکی دەبێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕەوشە دەکات.

کەین لە ٢٠\٢\١٩٩٩ـدا، لە تەوالێتی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ڕۆژهەڵاتی لەندەن، بە قەیتانی پێڵاوەکانی کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت. ئەمەیش دوای ئەو هەوڵەی تری دێت، کە بە خواردنی ژمارەیەکی زۆر حەب، بە به‌ په‌رجوو لە مردن ڕزگار کرابوو. کەین حەزێکی گەورەی بۆ ژیان هەبوو، بەڵام برینێک لە رۆحیدا بووە، کە هەرگیز نەیویستووە ساڕێژ بکرێت، بۆیە لە تەمەنی بیست و هەشت ساڵیدا، دەگاتە ئەو بڕیار و بڕوایەی، کە تەمەنی گەیشتۆتە دوا چرکەکانی ژیان و چیتر ئەو کاری بەسەر ژیانەوە نەماوە.

سەرچاوە:
کۆی بەرهەمەکانی سارا کەین بە کوردی، وەرگێڕانی لە سویدییەوە باران، بڵاوکراوەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ٢٠١٦

کۆی بەرهەمەکانی سارا کەین بە سویدی و هەندێک لە پرۆگرامی نەماییشکردنی دەقەکانی

تێبینی: ئەم نووسینە پێشتر لە ڕۆژنامەی ڕەخنەی چاودێر بڵاو بووەتەوە

پینتەر، نووسەری زمانی چیا

دیدی من– وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

هارۆڵد پینتەر (١٩٣٠-٢٠٠٨) شانۆنامەنووس، سیناریۆنووس، دەرهێنەر و ئەکتەری بەڕیتانیی خاوەن خەڵاتی نۆبڵە. یەکێکە لە بەناوبانگترین درامانووسەکانی بەڕیتانیای نوێ، ئەو توانی بۆ ماوەی زیاتر لە ٥٠ ساڵ دراما بنووسێت. لە بەناوبانگترین شانۆنامەکانی پینتەر بریتین لە ئاهەنگی جەژنی لەدایکبوون (١٩٥٧)، گەڕانەوە بۆ ماڵ(١٩٦٤)، خیانەتکار(١٩٧٨).

دەرکەوتنی پینتەر وەک شانۆنامەنووسێک لە نووسینی شانۆنامەی ژوور (١٩٥٧)ـەوە، دەست پێدەکات. شانۆنامەی دووەمی ئاهەنگی جەژنی لەدایکبوون لە پاش هەشت نماییش وەستێنرا، بەڵام لەلایەن ڕەخنەگری بەناوبانگ هارۆڵد هۆبسن ەوە لەبارەیەوە نووسرا. کارە شانۆیییەکانی سەرەتای ئەم شانۆنامەنووسە بە کۆمیدیای هەڕەشە ئامێز دادەنرێن، بەڵام کارەکانی وەکو خاکی بێ خاوەن و خیانەتکار وەک شانۆنامەی یادەوەری ناسراون. پینتەر زیاتر لە ٥٠ خەڵات و ڕێزلێنانی وەرگرتووە لە نێویاندا لە ساڵی ٢٠٠٥ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەب پێبەخشرا.

پینتەر پاش ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠١ تووشی شێرپەنجە دەبێت، بەڵام بەردەوام دەبێت لە نماییشکردنی شانۆیی هەم وەک ئەکتەر و هەم وەک دەرهێنەر. دواهەمین نماییشی پینتەر لە ساڵی ٢٠٠٦ دەبێت، کە بریتییە لە دواهەمین شریتی کراپ_ی ساموێل بیکێت. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٨ بەهۆی شێرپەنجەی جگەرەوە گیان لەدەست دەدات.

21pint_CA0.600

جگە لە دەرکەوتنی وەک شانۆنامەنووسێک، پینتەر  وەک نووسەرێکی سیاسی و چالاکوانی مەدەنیش کاری کردووە. ئەو لە کۆتا ٢٥ ساڵی تەمەنیدا زیاتر لە بارەی کێشە سیاسییەکانەوە نووسین و چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە. ئەو فەرمانبەر دەبێت لە دەزگای پێن و لەگەڵ شانۆنامەنووسی ئەمریکی، ئارسەر میلەر، لە ساڵی ١٩٨٥ سەردانی تورکیا دەکەن تاوەکو لە ڕەوشی نووسەرە زیندانییەکان بکۆڵنەوە. لەوێ زیندانییەکان و خێزانیەکانیان دەبینێت. هەموو ئەم سەردانە و ئەو زانیارییەی پینتەر لەم سەردانەدا دەستی دەکەوێت لە ساڵی ١٩٨٨ شانۆیی زمانی چیا_ی پێدەنووسێت.

پینتەر بە هەموو شێوەیەک لە دژی جەنگی کەنداو دەبێت، هەروەها دژی کەمپینی ناتۆ دەبێت بۆ بۆمباراکردنی یوگوسلاڤیا لە جەنگی کۆسۆڤۆدا. ئەو دژی جەنگی ئەفغانستان و داگیرکردنی عێراقیش دەبێت. پینتەر سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیا تۆنی بلەیر بە گەمژە ناودەبات و کارکردنی سەرۆکی ئەمریکاش، جۆرج بۆش، بەراورد دەکات بە کارکردنی نازییەکانی ئەڵمانیا.

Harold-Pinter-photo

لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠٥دا، ئەکادیمیای سویدی ئاشکرای کرد، کە بڕیاریان داوە خەڵاتی نۆبڵی ئەو ساڵە بۆ ئەدەب پینتەر وەریبگرێت. ئەکادیمیای سویدی لەبارەی کارەکانی پینتەرەوە گوتیان: “ئەو لە شانۆنامەکانیدا شتێک لە چەنەبازییەکانی ژیاندا دەدۆزێتەوە و هەوڵ دەدات بچێتە ناو ئەو ژوورە داخراوانەی ستەمیان تێدا دەکرێت.”

ئەو دەربارەی هەقیقەت و ئەوەی هەقیقەت نییە دەڵێت: “هیچ جیاوازییەکی بەهێز لە نێوان ئەوەی ‘هەقیقەتە’ و ئەوەش کە ‘هەقیقەت’ نییە، نییە، هەروەها لە نێوان ئەوەی کە دروستە و ئەوەشی کە چەوتە. مەرج نییە شتەکان چەوت یان ڕاست بن. دەکرێت هەردووکیان بێت، واتە ڕاستیش بن و چەوتیش.

پێم وایە ئەم وتانە ئێستاش وتەی بەجێن و بەکاردێن بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت لە ڕێگای هونەرەوە. من وەک نووسەر ئەم وتانە بەڕاست دەزانم، بەڵام وەک هاوڵاتی دەبێت بپرسم چی ڕاستە و چی ڕاست نییە.”

Pinter460x276

سەرچاوە: ویکیپیدیا، نۆبل پرایز

تەنیا فۆتۆی پیاوێکی وەک ساموێڵ بیکێت ناگریت، بەڵکو شتێکی پێشکەش دەکەیت

لارا مارڵۆو

دیدی من – وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد

لە دوانیوەڕۆیەکی یەکشەممەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٥، ساموێڵ بیکێت لەسەر مێزی کافتریایەک دانیشتبوو و سەیری بۆشایی دەکرد، بە نیگایەک کە جۆن کاڵدەر، بڵاوکاری بەرهەمەکانی بیکێت، بە تێڕوانینێکی بێسنووری ‌غەمباری پیاوێک کە چاوی بڕیوەتە خەمە قووڵەکانی جیهان، باسی دەکات.

جۆن مینیهان ھەموو ئەو ساتانەی لە یادە کە لەگەڵ بیکێت بەسەری بردووە، بەڵام ھیچ یادەوەرییەک وەک ئەو ڕۆژە ڕوون نین بۆی کە تێیدا وێنەی بیکێت‌ـی لە کافتریای پێتیت لە سەینت جاکویس گرتووە.

“من کافتریایەکی ئاساییم لە پاریس دۆزیبۆوە، بەڵام بیکێت نەدەھاتپ ئەوێ. منی برد بۆ سەینت جاکویس کە پڕ بوو لە گەشتیاری یابانی و فڕۆکەوانی ئەمەریکی، کە جێگەیەکە ھیچ پێشبینی ئەوەی لێ ناکەیت بیکێت‌ـت لێ ببینیایە.”

لەوێ باسی نرخی خواردنەوە، کتێبەکەی ئیۆن ئۆبرین (وڵاتەکەی بیکێت)، کاری فۆتۆگرافەرە ھەنگارییەکان، براسای و کێرتێس‌ـیان دەکرد. مینیهان دەڵێت: “بێکێت پێی وتم، سبەینێ وەرەوە و کامێراکەشت بهێنە.” مینیهان بەپەلە گەڕاوەتەوە ھۆتێلەکەی و لە ڕێگە لەبەردەم شووشەی پەنجەرەی کتێبفرۆشییەک وەستاوە و فۆتۆکەی خۆی گرتووە، دڵخۆش بەوەی کە دەزانێت بەیانی فۆتۆی بیکێت دەگرێت.

“کاتی یەکربینینمان کاتژمێر ٣:٠٠ـی عەسر بوو، بەڵام من کاتژمێر ٢:٠٠ ڕۆشتم، تا جێگەیەکی چۆڵ لە نزیک پەنجەرەکەوە بگرم. سام بە پێکەنینەوە ھاتە ژورەوە چونکە ھۆکاری ھەڵبژاردنی جێگەکەی دەزانی.”

دوو کاتژمێر قسەیان کرد، مینیهان وتی: “چارەک بۆ پێنجە، پێم وانییە خەونەکەم ڕوو بدات. لەپڕ، سام پێی وتم: ‘دەتەوێت لێرە فۆتۆیەکم بگریت؟'”

“من فۆتۆکە دیزاین دەکەم چونکە چیرۆکێکم دەوێت: ئەمە بیکێت‌ـە لە پاریس، بەڵام چاوەکانی لە شوێنێکی ترن. بە دەستی جگەرەیەکی تر دەکوژێنێتەوە. تەنها سێ فرەیمم ھەیە لێرەدا. ڕوناکی سروشتی وا دیار نەدەما و ڕوناکی دەستکرد ھەڵ کرا. فیلمەکەم چاک کرد و دەمتوانی فۆتۆکە ببینم، زۆر سەرنجڕاکێش بوو.”

خاوەنی ئەم کافێیە دەڵێت کە سەدان کەس پەیوەندییان پێوە دەکەن بۆ پرسیارکردن لەو جێیەی بیکێت فۆتۆی لێ گرتووە.

مینیهان دەڵێت: “کاتێک من فۆتۆی کەسێک دەگرم، من فۆتۆکە دروست دەکەم. خاوەنی ئەو وێنەیە گوگڵ، گێتی یان ھێچ جێیەکی تر نییە. خاوەنی وێنەکە جۆن مینیهان‌ـە، چونکە من نوسەری ڕۆحی ئەو کەسانەم کە فۆتۆیان دەگرم.”

فۆتۆ: جۆن مینیهان لە ١٤\٣\٢٠١٦ لە پاریس، پێنج ڕۆژ پێش یادی ٧٠ ساڵەی لەدایکبوونی. ئاندریو مکڵیش فۆتۆکەی گرتووە.

سەرچاوە: ئایرش تایمس